Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

وه‌رزی بارینی تفه‌نگ …. به‌ندی عه‌لی

Closed
by April 25, 2011 هۆنراوە

ئه‌م به‌هاره
له‌به‌هاره‌کانی تر ناچێت
ئه‌م ئازاره‌ش
له‌ئازاره‌کانی تر ناچێت
ئه‌م به‌هاره
شه‌قامه‌کانی ئه‌م شاره
چنراون به‌تۆڕی بوغزو
گۆڕه‌پانه‌ گشتیه‌کانی
چێنراون به‌تۆوی تفه‌نگ
ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌یانیانێ
قژی سه‌وزی دره‌خته‌کان ئه‌شواته‌وه
دڵۆپه‌ مرواریه‌کانی شه‌ونم نیه‌
فرمێسکی پاساریه‌کانه
بۆ مه‌رگی زه‌ڕنه‌قووته‌کان
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌و ئێوارانیش به‌ئاسمانا
گوزه‌ر ئه‌کات
سروه‌باکه‌ی جاران نیه
هه‌ڵاوی گه‌رمی نه‌فه‌سی عیزره‌ئیله‌و
زه‌نگی کۆتایی دوا وانه‌ی
قوتابخانه‌ی ژین لێ ئه‌دات
ئه‌م به‌هاره
له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌خماخه‌یه‌کا
دڵم وه‌ک شه‌قشه‌قه‌ی مناڵ
دێته‌ له‌رزین
چونکه‌ ئه‌ترسم گشت جارێ
له‌هه‌ر په‌ڵه‌ هه‌ورێکه‌وه‌
ڕێژنه‌بارانێ له‌تفه‌نگ بێته‌خوارێ

به‌ندی عه‌لی .. به‌هاری 2011

Previous
Next