Skip to Content

Sunday, October 6th, 2024
فڕین وه‌ك نه‌فره‌ت

فڕین وه‌ك نه‌فره‌ت

Closed
by April 25, 2011 ئەدەب

یه‌كێك له‌ كاره‌ دیار و گرنگه‌كانی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌، بوونی توانای سه‌رسامكردنه‌، هه‌ر تێكستێك توانای سه‌رسامكردنی كه‌م بوو، یان لاواز بوو، ناتوانێت به‌رده‌وامی به‌ ژیانی خۆی بدات. هه‌میشه‌ ئه‌و تێكستانه‌ی توانای سه‌رسامكردنیان زۆره‌ خوێنه‌ر زیاد له‌ جارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ریان. بێگومان ئێمه‌ باس له‌ جۆرێك سه‌رسامكردن ده‌كه‌ین، كه‌ بێ‌ بنه‌ما نه‌بێت، به‌ڵكو له‌ پێناو جۆرێكی تری ژیانكردن و پێشكه‌شكردنی شێوازێكی نوێی گێڕانه‌وه‌ و رێگایه‌كی تری بیركردنه‌وه‌دا بێت. نه‌ك جۆرێك سه‌رسامكردنی بێ‌ بنه‌ما و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بێت وه‌ك له‌ هه‌ندێك تێكستی نێو ئه‌ده‌بی ئێستای كوردیدا ده‌یبینین.
ئه‌وه‌ی ئۆرهان پامۆك له‌ رۆمانه‌كانیدا پێشكه‌شی ده‌كات (به‌تایبه‌ت رۆمانی به‌فر) ته‌نها دووباره‌ نووسینه‌وه‌ی مێژوو و خستنه‌ڕووی واقیعی توركیا نییه‌، به‌ڵكو نووسینه‌وه‌و رامانی دووباره‌ی پامۆكه‌ له‌و واقیع و پنته‌ جۆراوجۆرانه‌ی نێو توركیا، كه‌ چاوی پامۆك و دنیابینی ئه‌و به‌رهه‌می دێنێته‌وه‌. هاوكات ئه‌وه‌ی (ئیتالۆ كالفینۆ) له‌ سێینه‌كه‌یدا پێشكه‌شی ده‌كات (مه‌به‌ست له‌ رۆمانه‌كانی ڤیسكۆنتی دووله‌ت بوو، سواره‌ی نادیار، بارۆنی سه‌رداره‌كانه‌) ته‌واو جیاوازه‌ له‌و واقیعه‌ به‌رجه‌سته‌یه‌ی نێو ژیانی ئاسایی، به‌ڵام ئه‌وه‌ش جۆرێكی تری دنیابینی كالفینۆیه‌ بۆ ژیان و هه‌موو لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی تری نێو ئه‌م گه‌ردوونه‌.
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م نووسینه‌یه‌ قسه‌كردنه‌ له‌سه‌ر رۆمانی (جه‌مشید خانی مامم، كه‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبرد)ی به‌ختیار عه‌لی، ئه‌م رۆمانه‌ی به‌ختیار به‌ دیدێكی تر جۆرێكی تری ژیان ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ من به‌ شایه‌نی له‌سه‌ر وه‌ستانم زانی و هاوكات بۆ ئه‌وه‌ش قسه‌ له‌سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی تری ئه‌م تێكسته‌ نوێیه‌ی به‌ختیار بكه‌م به‌تایبه‌ت ئه‌و شتانه‌ی كه‌ من لاموایه‌ بونیادی گێڕانه‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستاوه‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك و ناونیشانی رۆمانه‌كه‌وه‌
 ناوه‌ڕۆكی رۆمانی (جه‌مشید خانی مامم، كه‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبرد) ناوه‌ڕۆكێكه‌ ناكرێت كورت بكرێته‌وه‌ بۆ چه‌ند رسته‌ و په‌ره‌گرافێك، بۆیه‌ له‌ توانای ئه‌م نووسینه‌ی ئێمه‌دا نییه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، به‌ڵام ره‌نگه‌ له‌ به‌شه‌كانی دواتری ئه‌م نووسینه‌دا به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ جۆر به‌ جۆره‌كانی چۆنێتی ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه‌ روون بێته‌وه‌. به‌ڵام من لێره‌دا نامه‌وێت ته‌واوی ئه‌و رۆمانه‌ له‌ چه‌ند رسته‌ و په‌ره‌گرافێكدا كورت بكه‌مه‌وه‌. بۆیه‌ له‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی نادوێم.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج له‌ ناونیشانی زۆرێك له‌ رۆمانه‌كانی “به‌ختیار عه‌لی” بده‌ین، ده‌بینین به‌ختیار له‌ به‌كارهێنانی ناونیشاندا له‌و نووسه‌رانه‌یه‌، كه‌ به‌ ورده‌كارییه‌كی زۆره‌ ناونیشان هه‌ڵده‌بژێرێت و هه‌وڵ ده‌دات وشه‌كان هه‌م تۆنێكی مۆسیقی ببه‌خشن و هه‌م گوزارشتكه‌ریش بن له‌ سیمه‌ی سه‌ره‌كی تێكسته‌كه‌. ناونیشانه‌كانی (مه‌رگی تاقانه‌ی دووه‌م، ئێواره‌ی په‌روانه‌، دواهه‌مین هه‌ناری دونیا، شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان، غه‌زه‌لنووس و باغه‌كانی خه‌یاڵا و كۆشكی باڵنده‌ غه‌مگینه‌كان) ته‌واو سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ن، كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ گرنگی تایبه‌تی به‌ ناونیشان ده‌دات و هه‌ندێكجار ناونیشانی فره‌ره‌هه‌ند له‌نێو ناونیشانی تێكسته‌كانیدا ده‌دۆزینه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ده‌توانین ئاماژه‌ بۆ رۆمانی (شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان) بكه‌ین، كه‌ ناونیشانێكی فره‌ره‌هه‌نده‌ و له‌ یه‌ك كاتدا گوزارشت له‌ چه‌ند شتێك ده‌كات.
ناونیشانی رۆمانی (جه‌مشید خانی مامم، كه‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبرد)، یه‌كێكه‌ له‌و ناونیشانانه‌ی به‌ختیار كه‌ ناونیشانێكی درێژه‌ و هه‌م له‌ رووی هونه‌رییه‌وه‌ وه‌ك ناونیشانی رۆمانه‌كانی تری نییه‌، كه‌ ناونیشانی رۆمانه‌كانی تری له‌ (3) وشه‌ تێپه‌ڕ ناكه‌ن و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م ناونیشانه‌ له‌ (9) وشه‌ پێكهاتووه‌ ، به‌ڵام به‌ختیار هه‌وڵیدا چاره‌سه‌ری درێژی ئه‌م ناونیشانه‌ بكات، كه‌ تێیدا (جه‌مشید خانی مامم) وه‌ك ناونیشانی سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وتووه‌‌و ئه‌وه‌ی تر له‌ ناونیشانه‌كه‌ به‌ فۆنتی بچووكتر‌و وه‌ك روونكردنه‌وه‌ی ناونیشانه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ خراوه‌ته‌ڕوو. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ختیار ته‌نها ناونیشانی (جه‌مشید خانی مامم)ی بۆ ناوی ئه‌م رۆمانه‌ هه‌ڵبژاردایه‌ ئه‌وسا هیچ هێمائامێزی و گرێیه‌كی هونه‌ری له‌ نێو ئه‌م ناونیشانه‌دا نه‌ده‌بوو و سه‌رنجی خوێنه‌ری بۆ لای خۆی رانه‌ده‌كێشا، به‌ڵام زیادكردنی (كه‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبرد) بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نادیاری و هێمائامێزی له‌و ناونیشانه‌دا به‌ده‌ر بكه‌وێت و ئه‌و كه‌موكوڕییه‌ هونه‌ریانه‌ی كه‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌می ناونیشانه‌كه‌دا هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا درێژه‌ی ناونیشانه‌كه‌ به‌ سودی تێكسته‌كه‌ ته‌واو بووه‌، نه‌ك به‌ زیانی ناونیشانه‌كه‌.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ چه‌ند رۆمانێكی (عه‌تا محه‌مه‌د)یشدا هه‌یه‌ و لای ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی به‌خیتار چاره‌سه‌ری درێژی ناونیشانه‌كه‌ كراوه‌، به‌تایبه‌ت ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ رۆمانی (خواجه‌ نه‌سره‌دین، كه‌ له‌ پێناو پێكه‌نینێكدا ده‌كوژرێت) و رۆمانی (فه‌هره‌ست-پێڕستی كه‌سایه‌تییه‌ ئه‌ندێشه‌ییه‌كانی جه‌میل سائیب) بده‌ین كه‌ دوو رۆمانی نوێی عه‌تان.
به‌گشتی ناونیشانی ئه‌م رۆمانه‌ش وه‌ك به‌شێكی زۆری ناونیشانی رۆمانه‌كانی تری به‌ختیار، ناونیشانێكی سه‌رنجڕاكێشه‌‌و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كرێت، كه‌ نووسه‌ر ناونیشانه‌كه‌ی له‌ هه‌ناوی تێكسته‌كه‌وه‌ هه‌ڵێنجاندووه‌و وه‌كو رۆمانه‌كانی (غه‌زه‌لنووس و باغه‌كانی خه‌یاڵ و ئێواره‌ی په‌روانه‌) پاڵه‌وانی رۆمانه‌كه‌ ده‌ركه‌وتنی له‌ ناونیشاندا هه‌یه‌، واته‌ ئه‌مه‌ بۆ سێیه‌م جاره‌ له‌ رۆمانه‌كانی به‌ختیاردا پاڵه‌وان له‌ ناونیشاندا ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ لای عه‌تا له‌ رۆمانی (خواجه‌ نه‌سره‌دین، كه‌ له‌ پێناو پێكه‌نینێكدا ده‌كوژرێت) پاڵه‌وان ده‌ركه‌وتنی له‌ ناونیشاندا هه‌یه‌.

له‌نێوان دۆنكیشۆت و جه‌مشید خاندا
پاڵه‌وان یه‌كێَكه‌ له‌ توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی و هه‌ر نووسه‌ره‌و به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌زیفه‌ به‌ پاڵه‌وانه‌كانی ده‌به‌خشێت و هه‌ندێك نووسه‌ر هێنده‌ به‌ گرنگی و خۆرسكییه‌وه‌ پاڵه‌وان ده‌خولقێنن كه‌ زۆرجار ناوبانگیان له‌ نووسه‌ره‌كه‌ زیاتر بڵاو ده‌بێـته‌وه‌. ده‌توانین لێره‌دا دوو نموونه‌ی دیار بخه‌ینه‌ڕوو، كه‌ ئه‌وانیش (دۆنكیشۆت)ی پاڵه‌وانی رۆمانی (دۆنكیشۆت)ی سێرڤانتس و (زۆربا)ی نیكۆس كازانتزاكیسی پاڵه‌وانی رۆمانی زۆربایه‌. لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ گرنگی ته‌نها له‌ خولقاندنی پاڵه‌وان و كردارچاكی پاڵه‌واندا نییه‌ تا لای خوێنه‌ر جێی خۆی بكاته‌وه‌، به‌ڵكو گرنگی له‌وه‌دایه‌ تا چه‌ند نووسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پاڵه‌وانه‌كانیدا هه‌بووه‌ و ئه‌و رۆحه‌ی پێبه‌خشیون تا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا خوێنه‌ردا دروست بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری رۆمان و چیرۆكی كوردی بكه‌ین به‌تایبه‌ت له‌ پێش راپه‌ڕیندا، ده‌بینین وه‌ك پێویست گرنگی به‌ پاڵه‌وان نه‌دراوه‌ و تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به‌ غیابی ئه‌م ره‌گه‌زه‌ گرنگه‌ له‌نێو ئه‌ده‌بیاتی گێڕانه‌وه‌یدا ده‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌ پاش راپه‌ڕین گرنگی زیاتر به‌م ره‌گه‌زه‌ دراوه‌ و یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ گرنگییه‌كی تایبه‌تی پێداوه‌ (به‌ختیار عه‌لی)ه‌. ئه‌و به‌هۆی خولقاندنی فیگۆری وه‌كو (په‌روانه‌، محه‌مه‌د دڵشوشه‌، سه‌ریاس، خه‌ندانی بچكۆله‌، جه‌لاده‌تی كۆتر، دالیا سیراجه‌دین و غه‌زه‌لنووس) به‌شێك له‌و كه‌لێنه‌ گه‌وره‌یه‌ی نێو ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌ی پڕكردۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا پاڵه‌وانی نێو ئه‌و تێكستانه‌ پێویستیان به‌وه‌یه‌ زیاتر له‌گه‌ڵا خوێنه‌ردا بژین، یان ته‌مه‌ن درێژتربن. 
له‌ رۆمانی (جه‌مشید خانی مامم، كه‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبرد)دا دیسان به‌ختیار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گرنگیدان به‌ رۆڵی پاڵه‌وان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان پاڵه‌وانێكی تێكشاو و دۆنكیشۆت ئاسا. پاڵه‌وانێك، كه‌ هه‌میشه‌ ده‌دۆڕێت و ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، هاوكات پاڵه‌وانێكه‌ مه‌حبوب. بێگۆمان من نامه‌وێت بڵێم به‌ختیار هاتووه‌ پاڵه‌وانێكی (به‌ته‌واوی هاوشێوه‌ی) دۆنكیشۆتی خولقاندووه‌، به‌ڵكو من ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی به‌ختیار له‌م رۆمانه‌دا زۆر جیاوازه‌ له‌ فیگۆری دۆنكیشۆت له‌ رۆمانه‌كه‌ی سێرڤانتسدا، چونكه‌ دۆنكیشۆت خۆی مرۆڤێكه‌ی سه‌وداسه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ عه‌داله‌ت له‌ جیهاندا پیاده‌ بكرێت، به‌ڵام (جه‌مشیدخان) هیچ خولیایه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ی نییه‌، به‌ڵكو فیگۆرێكه‌ له‌ چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێت. بۆیه‌ به‌كارهێنانی دۆنكیشۆت وه‌كو ره‌مزێك بۆ دۆڕاندن و كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌كانی (جه‌مشیدخان) به‌كارهێنراوه‌، چونكه‌ هه‌موو كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌كی (خان) وه‌كو دۆڕاندنێك ده‌خوێنرێته‌وه‌. من لێره‌دا له‌ دوو ئاستدا قسه‌ له‌م حاڵه‌ته‌ ده‌كه‌م.
ئاستی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆمانووس پێیوایه‌ دۆنكیشۆت فیگۆرێكه‌، كه‌ له‌ هه‌موو كولتوورێكدا  به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان بوونی هه‌یه‌ و ده‌كرێت له‌نێو تێكستی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كدا بیدۆزینه‌وه‌، یان ده‌كرێت له‌ ژیانی واقیعی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كیشدا ببینرێته‌وه‌. ئاستی دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد خۆی وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك دۆنكیشۆتێكی گه‌ردوونییه‌، چونكه‌ دۆڕاوی هه‌موو شه‌ڕه‌كان و دۆڕاوی هه‌موو هاوكێشه‌ سیاسی و ئابووری و جوگرافی و كولتوورییه‌كانه‌. بۆیه‌ لاموایه‌ جه‌مشیدخان له‌م دوو ئاسته‌دا له‌ هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی كۆپی دۆنكیشۆتی كولتوورێكی تر بێت.
دواجار ده‌كرێت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌ین گرنگیدانی به‌ختیار به‌ ره‌گه‌زێكی گرنگی ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی كه‌ (پاڵه‌وان)ه‌. خاڵێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، كه‌ ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی كوردیش پاڵه‌وان نه‌مر و زیندووی تێدا بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌نێو ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا هه‌یه‌ ته‌نها ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ن، كه‌ له‌ تێكسته‌ شیعرییه‌كانی وه‌ك (مه‌مو زین) هه‌یه‌ و به‌ نه‌مری ماونه‌ته‌وه‌. ده‌نا ده‌قی گێڕانه‌وه‌ی په‌خشانی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست خاوه‌نی پاڵه‌وانی نه‌مر و زیندوو نییه‌.

شوناسگۆڕكێی پاڵه‌وان
له‌م به‌شه‌دا كه‌ باس له‌ (شوناسگۆڕكێی پاڵه‌وان) ده‌كه‌م مه‌به‌ستم له‌و لێكچوونه‌ نییه‌، كه‌ له‌نێوان جه‌مشیدخان و دۆنكیشۆتدا ده‌بینرێت یان ئه‌و هێڵانه‌ی كه‌ ئه‌م دوو پاڵه‌وانه‌ی نێو دنیای گێڕانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ گرێده‌دات، چونكه‌ لاموایه‌ ئه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ چه‌ند هێڵێكی باریكی پێكه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی ئه‌م دوو بوونه‌وه‌ره‌ خه‌یاڵییه‌ هیچی تر نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ من گرنگه‌ له‌باره‌یه‌وه‌ بدوێم گۆڕینی شوناسی پاڵه‌وانه‌ له‌بوونه‌وه‌رێكی قاره‌مانه‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی مه‌زڵوم و له‌ مرۆڤێكی پیاده‌ڕه‌وه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی باڵدار و دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌مان دۆخ.
یه‌كێك له‌و لایه‌نه‌ هونه‌ریانه‌ی له‌م رۆمانه‌دا سه‌رنجی راكێشام شوناسكۆڕكێی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه‌. له‌ چه‌ند شوێنێكی رۆمانه‌كه‌دا (جه‌مشیدخان) شوناسی ده‌گۆڕێت و شوناسێكی تر وه‌رده‌گرێت، یان پێی ده‌به‌خشرێت. یه‌كێك له‌و جارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌  جه‌مشیدخان له‌نێو به‌ره‌كانی جه‌نگی عێراق ئێراندا به‌ (كورده‌ باڵداره‌كه‌) ناوبانگ ده‌رده‌كات و ناوی راسته‌قینه‌ی خۆی ون ده‌كات. جاری دووه‌م ئه‌و كاته‌ ده‌بێت، كه‌  خان له‌ یه‌كێك له‌ فڕینه‌كانیدا ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ و لای گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ ده‌گیرسێته‌وه‌. پاشان جه‌مشیدخان (وه‌ك هه‌موو جاره‌كانی تر) هیچ شتێكی له‌ بیر نامێنێت و ته‌واوی زاكیری له‌ ده‌ست ده‌دات، ته‌نها وشه‌ی (خان) نه‌بێت، بۆیه‌ له‌وێ‌ نازناوی (مه‌زڵوم خان)ی به‌سه‌ردا ده‌بڕدرێت و ناوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی ون ده‌كات. ئێمه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی جه‌مشید له‌ چه‌ند شوێنێكی تردا نازناوی تر وه‌رده‌گرێت وه‌كو (قاچاخچییه‌ باڵداره‌كه‌) ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌ ده‌بێت كه‌ جه‌مشید له‌نێوان توركیا و یۆناندا به‌ كاری قاچاخچێتییه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بێت و سه‌دان مرۆڤ به‌قاچاخ ره‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كات. هاوكات ئه‌و كاته‌شی كه‌ ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كه‌ی داده‌مه‌زرێنێت و ده‌بێته‌ نووسه‌رێكی نێو ئینته‌رنێت چه‌ندین ناوی جۆراوجۆر هه‌ڵده‌بژێرێت، كه‌ دیارترینیان (ج. گه‌رمیانی)ه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ وه‌ك جه‌مشید خۆی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات ئه‌و بۆته‌ (خانی خانانی ئینته‌رنێت). دواتریش ده‌بێته‌ مه‌یمونه‌ باڵداره‌كه‌ و له‌ كۆتایشدا به‌ پیاوه‌ باڵداره‌كه‌ ناوبانگ ده‌رده‌كات.
گۆڕانی ته‌واوی ئه‌م شوناسانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و ژیانه‌ جۆراوجۆرانه‌ی كه‌ جه‌مشید تێیاندا ژیاوه‌ و له‌ هه‌موو كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌كیشدا زاكیره‌ی له‌ ده‌ستداوه‌. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ته‌نها دوان له‌و ناوانه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر شیكردنه‌وه‌.
گۆڕینی شوناسی (جه‌مشیدخان) له‌ مرۆڤێكی زیندانی كراوه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی باڵدار و به‌خشینی نازناوی (كورده‌ باڵداره‌كه‌) پێی یه‌كێكه‌ له‌و خاڵانه‌ی ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی تریشی بۆ بكرێت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستكاریكردنی ته‌واوی فیگۆری راسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌ له‌ بونه‌وه‌رێكی پیاده‌ڕه‌وه‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی باڵدار، یان له‌ بوونه‌وه‌رێكی زه‌مین نشینه‌وه‌ بۆ بوونه‌وه‌رێكی ئاسمانی. واته‌ ئه‌وه‌ی به‌ختیار به‌سه‌ر (جه‌مشیدخان)یدا دێنێت ده‌ستكاریكردنی ته‌واوی بوونییه‌تی له‌ مرۆڤێكی ئاساییه‌وه‌ بۆ مرۆڤێكی سوریالی. هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆتایشدا خان مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ ببێته‌وه‌ به‌ مرۆڤێكی زه‌مین نشین.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌كانی تری ئه‌م نووسه‌ره‌ ده‌بینین (به‌ختیار عه‌لی) له‌ رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)شدا گه‌مه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه‌ ده‌كات، به‌ڵام به‌ دیوێكی تردا. له‌م رۆمانه‌دا سی سه‌ریاس هه‌ن، كه‌ یه‌كێك له‌ فیگۆره‌ دیاره‌كان بۆ كوڕه‌كه‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت، كه‌ ناوی (سه‌ریاس)ه‌، به‌ڵام توشی دوو سه‌ریاسی تریش ده‌بێت (لێره‌دا ده‌رفه‌تی ته‌واومان نییه‌ بۆ چوونه‌ نێو ورده‌كاری رووداوه‌كانی ئه‌و رۆمانه‌وه‌). ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ به‌ختیار له‌ رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا) هه‌وڵی دابه‌شكردنی شوناسی پاڵه‌وانه‌كه‌ ده‌دات، یان دروستتر بڵێین هه‌وڵی كه‌رت كه‌رتكردنی شوناسی (سه‌ریاس)ی پاڵه‌وان ده‌دات و وه‌كو پرۆژه‌یه‌ك له‌سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه‌وه‌ نووسه‌ر زۆر به‌ وردی كاری له‌سه‌ر كردووه‌.
بێگومان ونكردنی شوناسی راسته‌قینه‌ی پاڵه‌وان له‌ رۆمانی (جه‌مشیدخان) و كه‌رت كه‌رتكردنی سه‌ریاس له‌ رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)دا ئاماژه‌یه‌كی جوان و هونه‌رییه‌ بۆ ونكردنی شوناسی تاكی كورد و كه‌رتكه‌رتبوونی تواناكانی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت له‌ ئێستادا تاكی كورد له‌ دۆخێكی ته‌واو ناجێگیر و بێ‌ شوناسی، یان شوناسگۆڕكێیدایه‌ و هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تواناكانی كه‌رت كه‌رت بێت و وه‌ك پێویست نه‌توانێت تواناكانی كۆبكاته‌وه‌، تا له‌ بوارێكدا بیانخاته‌گه‌ڕ. به‌ختیار له‌ لاپه‌ڕه‌ (26)دا ده‌نوسێت: ” ده‌بێت بڵێم ئه‌و (مه‌به‌ست له‌ جه‌مشیدخانه‌) خۆی به‌ سه‌مبولی مرۆڤێك ده‌بینی، كه‌ ژیان یاری پێده‌كات”. ئه‌م رسته‌یه‌ش ته‌واو گوزارشتكه‌ره‌ له‌و دۆخه‌ی تاكی كورد كه‌ له‌به‌رامبه‌ر ژیاندا تا ئاستێكی زۆر بێ‌ ئیراده‌یه‌ و هاوكات هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژیان یاری پێده‌كان، له‌ كاتێكدا ژیان گۆڕه‌پانێكه‌ و مرۆڤ یاریكه‌ره‌ له‌نێویدا، نه‌ك یاریپێكراو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت نووسه‌ر لێره‌دا مه‌به‌سته‌كه‌ی زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌، كه‌ بیه‌وێت گوزارشت له‌ تاكی كوردی بكات، به‌ڵكو ئه‌و دیسان لێره‌دا گوزارشت له‌ رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌كات، كه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌رده‌وام یاری پێكراوه‌ و ئه‌مه‌ش له‌ لاپه‌ڕه‌ (44)دا به‌ته‌واوی روون ده‌بێته‌وه‌. له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا ده‌نووسێت:
“كه‌ ئێرانییه‌كان جه‌مشید خانیان گرت، نه‌یانكوشت. جه‌مشید خانێكی مردوو سودی بۆ ئێران چییه‌؟.. ئێرانییه‌كان هه‌مان یارییان به‌ مامه‌ جه‌مشیدم كردبوو، كه‌ عێراقییه‌كان كردیان”.
لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین “جه‌مشید خان” گوزارشكه‌ره‌ له‌ رۆحی نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه‌ له‌نێوان زلهێزه‌كان به‌ درێژایی مێژوو یاری پێكراوه‌ به‌تایبه‌تیش له‌نێو ئه‌م وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ بیسته‌كانه‌وه‌ كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه‌. بۆیه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌نێو گۆڕه‌پانی جیهاندا یاریكه‌ر نییه‌، به‌ڵكو تا ئێستا یاریپێكراوه‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌یان هه‌لی یاریكردنیشی بۆ ره‌خساوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ یاریكه‌رێكی دۆڕاو بووه‌. بێگومان هه‌ر ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر شوناسی تاكی كورد هه‌بووه‌، كه‌ به‌ختیار زۆر به‌جوانی له‌م رۆمانه‌دا گوزارشتی لێكردووه‌، چونكه‌ كاتێك ئێرانییه‌كان جه‌مشیدخان ده‌گرن به‌رگی ئاخوندی له‌به‌ر ده‌كه‌ن و وه‌كو پیاوێكی رۆحانی پیشانی ده‌ده‌ن له‌كاتێكدا ئه‌و بێجگه‌ له‌سه‌ربازێكی عیراقی كه‌ دیله‌ لای ئێرانییه‌كانه‌ هیچی تر نییه‌.
یه‌كێكی تر له‌و شوناسانه‌ی كه‌ (جه‌مشید) وه‌ردیده‌گرێن ئه‌وكاته‌ ده‌بێـت، كه‌ ده‌كه‌وێت لای گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و له‌وێ‌ به‌ (مه‌زڵوم خان) بانگی ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها پاشناوی (خان)ی بیر ماوه‌. نووسه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناوه‌ بۆ جه‌مشید به‌ مه‌به‌ست ده‌كات و دیسان ده‌یه‌وێت ئه‌م فیگۆره‌ لاواز و بێ‌ جورمه‌ نێو تێكسته‌كه‌ی له‌ دوو ئاستدا بخاته‌ڕوو كه‌ ئاستی یه‌كه‌م گوزارشكه‌ربێت له‌ تاكی كورد وه‌كو تاكێكی مه‌زڵوم به‌ده‌ست سیستمه‌ سیاسی و ئیدارییه‌ دواكه‌وتوه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه‌ و ئاستی دووه‌میش وه‌كو نوێنه‌ری رۆحی نه‌ته‌وه‌ی كورد پیشانی بدات، كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زڵومه‌، ئه‌گه‌رچی له‌نێو مێژوویه‌كی دووردا خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی گه‌وره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردن بووه‌ و خانی ناوچه‌كه‌ بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا مه‌زڵومترین نه‌ته‌وه‌ی سه‌رم زه‌مینه‌یه‌. به‌ كورتی تا زیاتر له‌م رۆمانه‌ وردبینه‌وه‌ ئاسته‌كانی شوناسگۆڕكێی پاڵه‌وان زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت و ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان مه‌به‌ست بوو، كه‌ له‌سه‌ری بوه‌ستین.
 
فڕین وه‌ك نه‌فره‌ت
فڕین یه‌كێكه‌ له‌ خه‌ونه‌ دێرینه‌كانی مرۆڤ، به‌ درێژایی مێژووی بوونی به‌شه‌ری، مرۆڤ بیری له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ چۆن بتوانێت بفڕێت. له‌سه‌ره‌تاكاندا هه‌وڵه‌كان سه‌ره‌تایی بوون و هیچ كام له‌و هه‌وڵانه‌ش به‌ ئاكام نه‌گه‌یشتن، ئیتر له‌وێوه‌ مرۆڤ هه‌وڵیدا له‌نێو تێكسته‌كاندا مرۆڤی فڕیوو بخولقێنێت و نیشانی بدات و به‌شێك له‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی بهێنێته‌ دی، یان له‌رێی تابلۆ هونه‌رییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ بكات. پاش ئه‌وه‌ش له‌شێوه‌ی فیلم، یان دروستتر بڵێم فیلمی ئه‌نیمه‌یشنه‌وه‌ به‌شێك له‌و خه‌ونانه‌ وه‌ك واقیع به‌رجه‌سته‌كران. هاوكات له‌گه‌ڵا ئه‌مانه‌شدا بیر له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئامێرێك دروست بكرێت جێی فڕین بگرێته‌وه‌ و مرۆڤ بتوانێت سودی لێوه‌ربگرێت، لێره‌وه‌ پێده‌چێت دروستكردنی فرۆكه‌ هه‌وڵێكی مرۆڤ بێت بۆ هێنانه‌ دی خه‌ونی فڕینی مرۆڤ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ڕێی ئامێرێكه‌وه‌ كه‌ دروستكراوی خۆیه‌تی ده‌گات به‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی، كه‌ له‌سه‌ره‌تای بوونه‌وه‌ هه‌وڵی بۆ داوه‌.
له‌م رۆمانه‌ی به‌ختیاردا پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی (كه‌ جه‌مشید خانه‌) هه‌ڵده‌فڕێنێت. (خان) بوونه‌وه‌رێكه‌ به‌هۆی بێكێشی و بی جورمییه‌وه‌، كه‌ له‌ زیندانه‌كانی به‌عسدا توشی بووه‌ توانای فڕینی بۆ دروست بووه‌ و ده‌توانێت چه‌ندین كاتژمێر به‌ ئاسمانه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ په‌ته‌وه‌ نه‌به‌سترێته‌وه‌ با بۆ شوێنێكی نادیاری ده‌بات. من لاموایه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی به‌ختیار یه‌كێكه‌ له‌و هه‌وڵه‌ جوانانه‌ی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی زۆر وه‌رده‌كارانه‌تر چۆته‌ نێو خه‌ونه‌ دێرینه‌كه‌ی مرۆڤه‌وه‌، كه‌ خه‌ونی فڕین بووه‌. ئه‌گه‌رچی پێشتر و له‌ كۆتایی هه‌شتاكاندا “ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل” له‌ چیرۆكی (فڕینه‌كانی نازم ره‌شه‌ قوماش) هه‌وڵێكی هه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ هه‌ڵبفڕێنێت، به‌ڵام له‌و چیرۆكه‌دا پاڵه‌وانه‌كه‌ ته‌نها به‌خه‌یاڵا ده‌فڕێت و چ شتێكی بووێت و كوێی بووێت بۆی ده‌چێ‌، به‌ڵام ته‌نها به‌ خه‌یاڵا، نه‌ك وه‌ك جه‌مشیدخان به‌ به‌رچاوی كه‌سوكار و مرۆڤی تره‌وه‌ بفڕێت. هاوكات عه‌تا محه‌مه‌د له‌ رۆمانی (ئافاته‌كانی بنه‌ماڵه‌ی مێخه‌ك)دا هه‌وڵی هه‌ڵفڕاندنی هه‌ردوو پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ی هه‌یه‌ (مه‌به‌ست له‌ سلێمان و مه‌ستووره‌یه‌)، كه‌ له‌ باشووره‌وه‌ به‌ هۆی فڕینه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌وه‌ سلێمانی. به‌ڵام له‌م رۆمانه‌شدا فڕین ته‌نها رێگایه‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ (سلێمان و مه‌ستووره‌) به‌ زێدی خۆیان كه‌ سلێمانییه‌، نه‌ك رێگایه‌كی به‌رده‌وام بێت بۆ گه‌شتكردنی پاڵه‌وانه‌كان، یان بونیادی رۆمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرابێت.به‌ڵام فڕینه‌كانی (جه‌مشید خان) رێگای به‌رده‌وامی سه‌فه‌ره‌كانه‌ و ئه‌و ناتوانێت تاكۆتایی رۆمانه‌كه‌ ده‌ستبه‌رداری فڕینه‌كانی بێت.
له‌م به‌شه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م فڕینه‌كانی نێو ئه‌م رۆمانه‌ له‌ دوو ئاستدا بخوێنمه‌وه‌، كه‌ ئاستی یه‌كه‌میان فڕینن له‌پێناو رزگاربووندا له‌ ده‌رد و مه‌ینه‌تی، دووه‌میشیان فڕینێكی سه‌پێنراوه‌ كه‌ دواتر وه‌ك نه‌فره‌ت ده‌رده‌كه‌وێت. ئاستی یه‌كه‌م ئه‌و فڕینانه‌ له‌ خۆده‌گرێت كه‌ (جه‌مشید خان) به‌ خواست، یان به‌ بێ‌ خواستی خۆی ده‌فڕێت. وه‌كو یه‌كه‌م فڕینی (خان) له‌ گرتووخانه‌وه‌، كه‌ فڕینێكی خۆویست نه‌بووه‌ و یه‌كه‌م فڕین بووه‌، هاوكات فڕینی جه‌مشیدخان بۆ لای (سافیناز)ی دڵبه‌ری، كه‌ ئه‌و فڕینه‌یان به‌ خواستی خان خۆی بووه‌ و له‌پێناو رازیكردنی دڵی ئه‌و خاتوونه‌دا بووه‌، هاوكات فڕینه‌كانی له‌ نێوان یۆنان و توركیا بۆ ده‌ركردنی كۆچكه‌ره‌كان و دوا فڕینیش، كه‌ هه‌ڵدێت له‌ ده‌ست وڵات و ده‌یه‌وێت چیتر نه‌بێته‌ بوونه‌وه‌رێگی گاڵته‌جاری نێو ژیان، یان وه‌كو مه‌یمون و لیبۆك نه‌بێته‌ جێی گاڵته‌ی به‌رپرسانی وڵات. ئاستی دووه‌م ، كه‌ فڕینه‌ به‌ بێ‌ ویستی (جه‌مشید خان) ته‌واوی ئه‌و فڕینانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ (خان) له‌ لایه‌ن سوپای عێراق و ئێران و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و هاوكات به‌رپرسانی كورده‌وه‌ هه‌ڵفڕێنراوه‌ و وه‌كو جاسووس و لیبۆك ته‌ماشا كراوه‌. له‌م ئاسته‌دا فڕین له‌وه‌ ده‌رده‌چێت، كه‌ وه‌ك خولیا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌گۆڕێت بۆ نه‌فره‌ت.
وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا خستمانه‌ڕوو فڕین خه‌ونێكی دێرینی مرۆڤ بووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م رۆمانه‌دا زاڵه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ فڕین بۆته‌ نه‌فره‌تێك و ته‌واوی ژیانی (جه‌مشید خان)ی ره‌ش كردووه‌، وه‌كو ته‌وقێكی ئه‌به‌دی كراوه‌ته‌ ملی بێهێزی خانه‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكی زۆری فڕینه‌كانی (خان) ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ ببێته‌ قوربانی و ئه‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی مرۆڤ، كه‌ فڕینه‌ له‌پێناو مرۆڤكوژی زیاتر و بێباوك كردنی منداڵی زیاتردا به‌كار ده‌هێنرێت. خان خۆیشی ته‌واو له‌ فڕینه‌ نه‌فره‌تیانه‌ بێزار ده‌بێت و تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ گریان ده‌كات و هه‌ر به‌ گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت:
“ئیتر به‌هۆی منه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆر ده‌كوژرێن…به‌هۆی منه‌وه‌ منداڵی زۆر هه‌تیوو ده‌بێت و دایكانێكی زۆر كه‌ من نایانناسم جگه‌ریان ده‌سوتێت. من رۆژێك له‌ رۆژان  نه‌مویستووه‌ له‌ شه‌ڕدا به‌شدار بم” 
ئه‌م رسته‌یه‌ی كۆتایی (خان) ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و خه‌ونه‌ی سه‌ره‌تای مرۆڤ، كه‌ ته‌نها ویستوویه‌تی بۆ ئه‌وه‌ بفڕێت چێژ له‌ ژیان وه‌ربگرێت و فڕین وه‌كو رێگایه‌كی ئاسانی گه‌شتكرن و گه‌ڕان سه‌یر بكات، به‌ڵام هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌به‌ و بوونی ئه‌و خه‌ونه‌ به‌ هۆكارێك بۆ مرۆڤكوژی زیاتر، جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه‌ ده‌بێته‌ خه‌ونێكی نه‌فره‌تی هیچ واتایه‌كی تر له‌ خۆیاندا جێ‌ ناكه‌نه‌وه‌. واته‌ لای كورد ئه‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی مرۆڤ كاتێك دێته‌ دی ده‌بێته‌ خه‌ونێكی نه‌فره‌تی و ده‌یه‌وێت لێی رزگار بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ دوا لاپه‌ڕه‌كانی كۆتاییدا جه‌مشیدخان ده‌یه‌وێت ببێته‌وه‌ به‌ مرۆڤێكی ئاسایی و زه‌مین نشین و چیتر بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ نه‌فڕێت. 

له‌بوونێكی لاوازه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كی لاواز
ده‌مه‌وێت له‌ ده‌سپێكی ئه‌م به‌شه‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ چه‌ند بۆچوونێكی به‌ختیار عه‌لی له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری، كه‌ له‌ وتارێكدا خستوویه‌تیه‌ڕوو. به‌ختیار له‌و وتاره‌دا له‌مه‌ڕ تێگه‌یشتن له‌ یاده‌وه‌ری ده‌نووسێت: راسته‌ یاده‌وه‌ری هه‌میشه‌ شوێنگه‌ی وێنه‌كانی رابردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ یاده‌وه‌ری (هه‌رده‌م) وه‌زیفه‌یه‌كی كۆنزه‌رفاتیڤانه‌ی هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ نییه‌ مرۆڤی نوێگه‌ر‌و داهاتووپه‌رست یاده‌وه‌رییان نییه‌. ئیشكردنی یاده‌وه‌ری دیارده‌یه‌كی مرۆڤانه‌یه‌، مرۆڤێك نییه‌ بێ یاده‌وه‌ری‌و ئایدیۆلۆژیا‌و مه‌زهه‌بێكی فیكریش نییه‌ بێ یاده‌وه‌ری. به‌و پێیه‌ی به‌ختیار ده‌یخاته‌ڕوو مرۆڤ ئه‌و بونه‌وه‌ره‌یه‌، كه‌ به‌یاده‌وه‌رییه‌وه‌ ده‌ژی‌و خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی له‌گه‌ڵا بوونه‌وه‌ره‌كانی تردا بوونی یاده‌روه‌رییه‌. ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، كه‌ قسه‌ له‌ یاده‌وه‌ری كوردی بكه‌ین. به‌ختیار له‌ هه‌مان وتاردا له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌نوسێت: “یاده‌وه‌ری كوردی به‌ جه‌وهه‌ر ئه‌رشیفێكی فه‌ردییه‌، كه‌ ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ له‌ مێژوو هه‌ڵده‌گرێت، كه‌ نزیكه‌ له‌ خۆیه‌وه‌. واته‌ كاتێك قسه‌ له‌ یاده‌وه‌ری كوردی ده‌كه‌ین، زۆربه‌ی كات زه‌حمه‌ته‌ بتوانین له‌سه‌ر یاده‌وه‌رییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ساف‌و خالیس بدوێین، به‌ڵكو به‌رده‌وام تێكه‌ڵاوی یاده‌وه‌رییه‌كی فه‌ردی، به‌ یاده‌وه‌رییه‌كی مێژوویی قسه‌ ده‌كه‌ین”. لێره‌وه‌ ده‌چینه‌ نێو به‌كاربردنی چه‌مكی یاده‌وه‌ری له‌م رۆمانه‌دا.
(جه‌مشید خان) به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ زیندانه‌كانی به‌عسدا ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر دراوه‌ كێشی به‌ شێوه‌یه‌كی ترسناك داده‌به‌زێت و تا وایلێدێت (وه‌ك نووسه‌ر له‌ وه‌سفه‌كانیدا باسی ده‌كات) وه‌ك په‌ڕه‌ی كاغه‌زی لێدێت، یان هێنده‌ كێشی كه‌م ده‌كات، له‌كاتی رۆشتنی ئاسایدا ده‌بێت دوو كه‌س له‌ملاو لاوه‌ بیگرن بۆ ئه‌وه‌ی با نه‌یبات. لێره‌وه‌ ئێمه‌ وێنه‌یه‌كی (جه‌مشید خان)مان لا دروست ده‌بێت، كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی بوونی وه‌كو مرۆڤێك ته‌واو لاواز بووه‌، بۆیه‌ با ده‌توانێت بیفڕێنێت و هه‌ر ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵفڕینی له‌ زیندانه‌كانی به‌عس. به‌ڵام جه‌مشید له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ده‌بیته‌ خاوه‌نی ئه‌م بوونه‌ لاوازه‌، هاوكات خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌كی لاوازیشه‌، یان ده‌توانین بڵێین مرۆڤێكه‌ بێ‌ یاده‌وه‌ری، چونكه‌ له‌ هه‌موو كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌كی دوای فڕیندا هیچی بیر نامێنێت، یان ته‌نها چه‌ند وشه‌یه‌كی زۆر كه‌می بیر ده‌مێنێت، كه‌ زۆرجار بۆی نابنه‌ ناسنامه‌. بۆیه‌ (سالارخان) كه‌ برازای (جه‌مشیده‌) و گێڕه‌ره‌وه‌ی رووداوه‌كانیشه‌، له‌ لاپه‌ڕه‌ كۆتاییه‌كانی رۆمانه‌كه‌دا ته‌واوی به‌سه‌رهاتی خۆی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی بۆ ده‌نووسێت، كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌كو تاكه‌ ڕێگا ده‌رده‌كه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی (جه‌مشید) چیتر وه‌كو مرۆڤێكی بێ‌ یاده‌وه‌ری نه‌مێنێته‌وه‌.
له‌ ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری لای ئه‌م فیگۆره‌ی به‌خیتار دوای هه‌موو كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌یه‌ك، ئاماژه‌یه‌كه‌ ده‌كرێت بیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ له‌ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری لای مرۆڤی كورده‌وه‌. ئێمه‌ له‌ پێشه‌وه‌ ئاماژه‌مان بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ (جه‌مشید خان) له‌ دوو ئاستدا گوزارشتكه‌ره‌ له‌ كورد، كه‌ ئاستی یه‌كه‌میان وه‌كو تاكی كوردی و ئاستی دووه‌م وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی كورد. لێره‌شدا ئه‌م بێ‌ زاكیره‌ییه‌ی (خان) ته‌واو گوزارشتكه‌ره‌ له‌و رۆحی بێ زاكیره‌ییه‌ی هه‌م تاكی كورد وه‌ك تاكێكی نێو كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌م نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی رۆژهه‌ڵات.
ئه‌گه‌ر له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی كورد وردبینه‌وه‌، هه‌میشه‌ پاش هه‌موو نسكۆ و شكسته‌كان ئیتر ته‌واوی زاكیره‌ی له‌ ده‌ستداوه‌ و بیری له‌و  نسكۆ و شكستانه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، یان ببنه‌ وانه‌ بۆ داهاتوو، به‌ڵكو هه‌ر زوو له‌ یادی كردووه‌. لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌موو كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌كانی (جه‌مشید خان) و له‌ ده‌ستدانی یاده‌وه‌ری وه‌كو ئه‌و نسكۆیانه‌ وایه‌، كه‌ هه‌م به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورددا هاتووه‌ له‌ مێژووی سه‌د ساڵی رابردوودا ده‌توانین بیبینینه‌وه‌، هه‌م گوزارشتكه‌ریشه‌ له‌و بێ‌ زاكیره‌ییه‌ی تاكی كورد، كه‌ زۆرجار وه‌كو تاكێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دوێنێی بیر نییه‌.
شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵا یاده‌وه‌رییدا یه‌كێكی تره‌ له‌ خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌كانی تاكی كوردی و ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری سیمای شاره‌كانی كوردستان بكه‌یت زۆرجار نایناسینه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ خاوه‌نی تاكێكه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ یاده‌وه‌ری دابڕێت ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵا هاموشۆی كردوون، یان تێیدا ژیاوه‌ ئاماده‌یه‌ زوو ده‌ستبه‌رداری بێت. رووخاندنی گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاره‌كان و نه‌مانی هیچ ئاسه‌وارێكی كولتووری به‌ سیمایانه‌وه‌، یان رووخاندنی سینه‌ماكان و ئه‌و شوێنانه‌ی وه‌كو یاده‌وه‌ریی به‌شێكی زۆر تاكی كورد ده‌رده‌كه‌ون نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵا یاده‌وه‌رییه‌كانیدا بكات و بیانسڕێته‌وه‌. لێره‌وه‌ ده‌كرێت بڵێین ئه‌م پاڵه‌وانه‌ی به‌ختیار به‌ دیوێكی تردا گوزارشتكه‌ره‌ له‌و رۆحه‌ی مرۆڤی كورد، كه‌ به‌رده‌وام شه‌ڕ له‌گه‌ڵا یاده‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌كات و یاده‌وه‌ری نامێنێت، یان ده‌توانین بڵێین هه‌میشه‌ خۆی به‌ كۆچه‌ری ده‌زانێت، بۆیه‌ ئینتیمای بۆ ئه‌و شوێنه‌ نییه‌، كه‌ به‌شێكی زۆری یاده‌وه‌ری تێیدا سه‌وز بووه‌.
به‌گشتی په‌ڕینه‌وه‌ی (جه‌مشید خان) له‌بوونێكی لاوازه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كی لاواز، ته‌واو كێشانی وێنه‌یه‌كی نوێی دۆخی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌ كه‌ هه‌م بۆته‌ خاوه‌نی بوونێكی لاواز و هه‌م یاده‌وه‌رییه‌كی لاوازیشی هه‌یه‌. بۆیه‌ لاموایه‌ ئه‌م ئیشكردنه‌ی به‌ختیار له‌م تێكسته‌دا له‌سه‌ر چه‌مكی یاده‌وه‌ری وه‌كو رۆحی تێكسته‌كه‌ ده‌رده‌كه‌وێت و لای من خاوه‌نی گرنگییه‌كی تایبه‌تییه‌.

به‌رله‌كۆتایی
سوڕی ژیانی جه‌مشید خان، ئه‌گه‌ر وه‌كو سوڕی ژیانی تاكێكی كوردی سه‌یری بكه‌ین، كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیابێت، كه‌ (خان) تێیدا ژیاوه‌  سوڕێكی ته‌واو نییه‌، به‌ڵكو چه‌ندین كه‌موكوڕی تێدا ده‌دۆزرێته‌وه‌. یه‌كێك له‌و كه‌موكوڕیانه‌ی من ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ختیار قۆناغێكی هه‌ستیاری ژیانی ئێمه‌ی فه‌رامۆش كردووه‌، كه‌ قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆیه‌ له‌ پاش راپه‌ڕین.
ونبوونی جه‌مشیدخان بۆ ماوه‌ی (10) ساڵا، له‌ دوای هه‌ڵهاتنی له‌ده‌ست جه‌ندرمه‌كانی تورك و هه‌ڵفڕینی نیشانه‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ نووسه‌ر خۆی له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ نه‌داوه‌ و به‌ته‌واوی ویستوویه‌تی له‌م رۆمانه‌دا بیكاته‌ ده‌ره‌وه‌. وه‌ك ده‌زانین  ئه‌م (10) ساڵه‌ قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆیه‌ له‌ كوردستان. بۆیه‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ماوه‌یه‌ زیاتر وه‌كو فه‌رامۆشكردنێكی  خۆكردی به‌ختیار ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ختیار نه‌یویستبێت تاكی كوردی له‌و شه‌ڕه‌وه‌ بگلێنێت، چونكه‌ كه‌مو زۆر هه‌موومان پریشی ئه‌و شه‌ڕه‌مان به‌ركه‌وتووه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌م رۆمانه‌دا هه‌بێت فه‌رامۆشكردن و و باسنه‌كردنی ئه‌و قۆناغه‌یه‌ له‌ ژیانی (جه‌مشید خان)، كه‌ لاموایه‌ ده‌بوو نووسه‌ر ئه‌و قۆناغه‌ی پشتگوێ‌ نه‌خستایه‌. له‌ كاتێ:دا له‌ رۆمانه‌كانی تردا و به‌تایبه‌ت له‌ رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا و شاری مۆسیقاره‌ سپییه‌كان)دا هه‌ست به‌ وێنه‌ و تاڵاوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كرێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا ئه‌م رۆمانه‌ ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ گێڕدراوه‌ته‌وه‌، هاوكات وه‌كو ئه‌زموونێكی تایبه‌ت و سه‌ركه‌وتووی به‌ختیار عه‌لی ده‌رده‌كه‌وێت له‌ بواری نووسینی تێكستی كورتدا، كه‌ پێشتر ئه‌م نووسه‌ره‌ ئه‌زموونی له‌م چه‌شنه‌ی نه‌بووه‌.
ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ دواجاردا ئاماژه‌ی بۆ بكه‌م ئه‌وه‌یه‌ به‌ختیاریش وه‌كو ئیتالۆ كالفینۆ شێوازێكی نوێی ژیانكردنی پێشكه‌ش كردین، كه‌ وه‌كو رۆمانه‌كانی (ڤیسكۆنتی دووله‌ت بوو و بارۆنی سه‌رداره‌كان) دنیایه‌كی سه‌رسامكه‌ر و نوێیه‌ بۆ خوێنه‌ری كورد، چونكه‌ چه‌نده‌ كرده‌ی سه‌رسامكردن له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا گرنگه‌، ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه‌ چی له‌پشت ئه‌و كرده‌یه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ و نووسه‌ر ده‌یه‌وێت چ په‌یامێك بگه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌ر. بۆیه‌ به‌ نه‌فره‌ت بوونی خه‌ونه‌ دێرینه‌كه‌ی مرۆڤ كه‌ خه‌ونی فڕین بووه‌، یه‌كێكه‌ له‌و خاڵه‌ به‌هێزانه‌یه‌، كه‌ به‌ختیار له‌ پشت فڕینی جه‌مشید خانه‌وه‌ له‌گه‌ڵا لاوازی یاده‌وه‌ری كوردی كاری له‌سه‌ر كردووه‌.

 
په‌راوێزه‌كان:
1-بڕوانه‌ به‌ختیار عه‌لی ،جه‌مشید خانی مامم، كه‌ هه‌میشه‌ با له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبرد- رۆمان، له‌ بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی ئه‌ندێشه‌، سلێمانی (2010).
2-بڕوانه‌ به‌ختیار عه‌لی، له‌ودیوكورسییه‌كانه‌وه‌ چی ده‌بینیت-لێكۆڵینه‌وه‌، گۆڤاری هه‌نار ژماره‌ (29) له‌بڵاوكراوه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی یۆنیۆ (2008).

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.