ڕاستییه‌ک بۆ مێژوو …. حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
ئاخروئۆخری پایزی 1987 بوو، به‌نده له ناوه‌ندیی به‌ختیاری کچان له‌شاری سلێمانی وانه‌بێژ بووم. ئه‌م قوتابخانه‌یه، نزیکه‌ی سه‌د مه‌تر پشتی به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتیی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی که‌وتوبوو. قوتابخانه‌یه‌کی دوو قات بوو؛ زه‌مینی و قاتی یه‌که‌م.. ئه‌و ڕۆژه به‌نده له به‌شی سه‌ره‌وه وانه‌م هه‌بوو.. له ناوه‌ڕاستی وانه‌دا زه‌نگێکی دوورودرێژ لێدرا. هاوکات کارگوزارێک له ده‌رگه‌ی پۆله‌که‌ی دا‌و وتی: (بێئهرک هه‌مووتان بێنه خواره‌وه.) منیش پێش قوتابییان که‌وتم به‌پلیکانه‌کاندا داگه‌ڕاین و چووینه حه‌وشه ته‌نگه‌به‌ره‌که‌ی قوتابخانه‌وه. له‌وێ ته‌واوی قوتابییان به‌دوو ڕیز به‌رانبه‌ر به یه‌ک وه‌ستان. هه‌وا سارد، زه‌وی ژێرپێمان زوقم. چاومان له هه‌ناسه‌ی خۆمان بوو کاتێ با له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبردن و ته‌فروتوونای ده‌کردن.
ته‌واوی مامۆستایانیش له‌پێش ڕیزی قوتابییاندا وه‌ستابوون. له که‌شێکی ساردی به دڵه‌ڕاوکێ ئاوسدا، ئێمه گوێمووچی هه‌واڵێک، یان چاوه‌ڕوانی به‌سه‌رهاتێکی کوتوپڕی نه‌خوازراو بووین. له‌به‌ر ده‌روازه‌ی قوتابخانه‌یشدا ئوتومبیلێک به مه‌فره‌زه‌یه‌ک چه‌کداره‌وه وه‌ستابوو. له‌پڕ به‌رپرسێکی به‌عس له‌وانه‌ی (قطعتین)ی سه‌وزیان ده‌پۆشی په‌یدابوو. له ناوه‌راستی هه‌ردوو ڕیزهکدا وه‌ستا. دوای به‌یانی باش، له قوتابییانی پرسێ: هه‌مووتان له عاره‌بی تێده‌گه‌ن؟ له مامۆستا و له قوتابی که‌سێک وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه. ئه‌مجا خۆی وه‌ڵامیدایه‌وه، وتی: (السکوت من الرضا). پاشان به زمانه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ری رۆیشت و ئاوای وت:
((هاتووم بڕیارێکی گرنگی ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشتان پێ ڕابگه‌یه‌نم. چاک گوێم بۆ ڕادێرن. بێگومان هه‌ر یه‌که له‌ئێوه خزم و ناسیاوتان له دێهات هه‌یه. به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک پێتان ده‌کرێت ئه‌م هه‌واڵه‌یان پێ ڕابگه‌یه‌نن، که سه‌رکردایه‌تی بڕیاری کاربڕی داوه و لێبڕاوه به‌هاری داهاتوو هیج گوندێک به‌پێوه نه‌هێڵێت. بۆیه بۆ پارێزگاری له ژیان و ماڵی خۆیان، وا چاکه ئه‌و گوندنشینانه‌ی تاکو ئێستایش له دێهات ژیان ده‌گوزه‌رێنن، به‌زووترین کات خۆیان بگه‌یه‌ننه نزیکترین شار. ئه‌وان ژیانیان پارێزراو ده‌بێت. وه‌لێ هه‌ر که‌سێک تاکو به‌هاری داهاتوو له‌گوند مابێت، ئه‌وا خۆی له ئه‌نجامه‌کان به‌رپرسیار ده‌بێت!))
به‌رپرسه به‌عسییه‌که ئه‌مه‌نده‌ی گوت و لێیدا ڕۆی. ئه‌و خه‌ڵکه‌شی له دڵه‌ڕاوکێ و مه‌راقدا جێهێشت. دیاره ئه‌و به‌رپرسه هه‌ر به‌ته‌نیا سه‌ری له‌م ناوه‌ندییه نه‌داوه، به‌ڵکو ده‌قی ئه‌م بڕیاره‌ی به‌گوێی زۆر قوتابخانه‌ی دیکه‌دا داوه. ئه‌م هه‌واڵه‌یش ئه‌گه‌رچی ڕووی ده‌می له جه‌ماوه‌ری جووتیار بوو، وه‌لێ هه‌رده‌بێت به سه‌رکردایه‌تیی حزبه کوردستانییه‌کان گه‌یشتبێته‌وه، که گومانی تێدا نییه، هه‌ر یه‌که له‌وان له شارێکی وه‌ک سلێمانیدا، ده‌یان ئه‌ندام و دۆست و ههوادایان هه‌بووه. وێڕای ئه‌وه‌ی به‌عس له‌سه‌ر ئه‌وه پهکینهدهکهوت پێوه‌ندی له‌ته‌ک سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشی کورددا گرێ بدات و ئه‌م نامه‌یه‌یان پێ بگه‌یه‌نێت.
جێی باسه به‌رێوه‌به‌ری ناوه‌ندیی به‌ختیاریی کچان له‌و ده‌مه‌دا خاتو (شلێر عیززه‌ت تاهیر) بوو، که خانمێکی به‌ڕێز و میهره‌بان بوو. یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ریش خاتو (پرشنگ خه‌لیل ئه‌سڵی) بوو. له پشوودا شلێر خان منی بانگکرده لاوه و پرسی: به رای تۆ حکوومه‌ت ده‌توانێت گونده‌کان کاول بکات و بڕیاره‌که‌ی جێبه‌جێ بکات؟ منیش رێک ئاوام وت: ((تاکو ئێستا به‌عس هه‌ر بڕیارێکی ده‌رکردبێت و له چاکه‌ی خه‌ڵک بووبێت، جێبه‌جێی نه‌کردووه، به‌ڵام هه‌ر بڕیارێکی خراپی ده‌رکردبێت، جێبه‌جێی کردووه.)) دیاره وێرای مامۆستایان، سه‌دان قوتابی له‌وێدا ئاماده‌بوون. ته‌مه‌ندرێژ بن ئێستا له ژیاندان و دڵنیام له‌به‌نده باشتریش ئه‌م ڕووداوه‌یان له‌یاده.
ده‌مه‌وێت بڵێم، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م بڕیاره‌دا، ده‌بوو لایه‌نه‌کان بیریان له چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌و هه‌موو گوندنشینانه بکردایه‌ته‌وه و له خه‌می ئه‌و ده‌یانهه‌زار که‌سه‌دا بوونایه. ته‌نیا چاره‌سه‌ریش هه‌ر ئه‌وه‌یه ڕێیان پێ بدانایه هه‌رچی زووه، سه‌ری خۆیان ده‌ربکه‌ن و ڕوو له شاره‌کان بکه‌ن. بڕیارێکی له‌م جۆره، له خۆیدا به‌رپرسیاره‌تییه‌کی ویژدانی و میژووییشه. بۆیه سه‌رانی حزبه‌کان، ناتوانن ئه‌ستۆپاکی خۆیان بسه‌لمێنن و له ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و جینۆسایده‌ی، که به‌ئه‌نفال ناسرا ده‌ربچن و خۆیانی لێ بدزنه‌وه.