پیاوه بچکۆلانه‌کان …. پۆڵا سه‌عید
پێته‌ر سلۆته‌ردایک له په‌ڕتووکی “تۆ ده‌بێت ژیانت بگۆڕیت”دا ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر تۆ جیهانت پێناگۆڕدرێت، ئه‌وا خۆت بگۆڕه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه مرۆڤ چلۆن توانای خۆگۆڕیینی تێدا دروستده‌بێت؟ به‌شێکی گه‌وره‌ی تاکی کورد پێیانوایه له‌سه‌ر ڕێگای نیشتیمان گۆڕییندان، لێ پرسیار له‌ناو ئه‌م پرسیاره‌دا دیسانه‌وه بریتییه له چلۆن گۆڕیینێک؟ ئه‌م تاکانه نه توانای گۆڕیینێکی ئیدیاڵیی ڕیالیستیانه‌یان هه‌یه، نه درک به‌وه‌ش ده‌که‌ن، که وه‌ک پێویستییه‌کی بنچینه‌یی له‌پێش نیشتیمان‌دا خودی خۆیان پێویستیان به گۆڕیینی خۆیان و ژیانیانه. ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی درێژه من له شه‌قامی کوردییدا ده‌یبینم بێجگه له ڕادیکاڵیه‌تێکی ڕاست، بێجگه له نه‌توانینی گۆڕیینی نیشتیمان، بێجگه له نه‌بوونی توانای گۆڕیینی خود هیچ شتێکی تر نییه. بۆچیی تاکی کورد چ له بۆشاییدا ده‌سوڕێته‌وه و چ زه‌میینیش له‌ژێر پێیدا نه‌ماوه؟ وه‌ڵام: چونکه هه‌تا بێت بچووک و بچووکتر ده‌بێته‌وه. شه‌قامی کوردیی پڕه له پیاوی بچووک، سه‌کۆی سیاسیی کورد پڕه له پیاوی بچووک، پیاوانگه‌لێکی بچووک، که درک به بچووکیی خۆیان ناکه‌ن و ده‌شترسن له‌وه‌ی، که بزانن.
هه‌موو تاکێک له بچووکییه‌وه ده‌ست پێده‌کات، مرۆڤی بچووک کاتێک گه‌وره ده‌بێت، که درک به شوێنه لاوازه‌کانی خۆی ده‌کات. مرۆڤه گه‌وره‌کان چیدی نایانه‌وێت به بچووکیی بمێننه‌وه، پیاوه گه‌وره‌کان کاریان له بچووکیی خۆیاندا کردووه و ده‌که‌ن، بچووکه‌کانیش نه ئاماده‌ی بینینی خاڵه لاوازه‌کانی خۆیانن و نه ئاماده‌شن بگۆڕێن. با من لێره‌دا وه‌ک ڤیلهێلم ڕایش له بچووکیی خۆمه‌وه ده‌ستپێبکه‌م. من ساڵانێکی درێژ به هه‌ڵه دوای بۆچوونی خه‌ڵکانێک که‌وتبووم نه‌ک هی خۆم، ساڵانێکی درێژ خه‌ڵکییم تاوانبار ده‌کرد، سیاسییه‌کان، ڕۆشنبیره‌کان. ساڵانێکی درێژ فڵان سه‌رۆک، فڵان سه‌ردارم به سه‌رۆک و سه‌ردارێکی زۆردار، دیکتاتۆر …هتد. ده‌زانیی، پێموابوو، که هۆکاری نابه‌خته‌وه‌ریی من ئه‌وانن، هۆکاری نه‌بوونی ئازادیی له ژیانم و ژیانی کۆمه‌ڵدا ئه‌وانن. من له ستالین و هیتله‌ر و سه‌ددامه‌وه ته‌ماشای ئه‌مانم ده‌کرد، لێ هه‌روه‌کوو چلۆن هۆکاری نه‌بوونی ئازادیی له تاکه‌کانی ئه‌ڵمان، ڕووس، کورد و عه‌ره‌بدا هیتله‌ر، ستالین و سه‌ددام حسین نه‌بوو، به‌ڵکوو خودی تاک خۆی بوو، ئاوهاش هۆکاری نه‌بوونی ئازادیی، به‌خته‌وه‌ریی، ژیان له ژیانی ڕۆژانه‌دا، دیموکراسیی …هتد. نه مه‌سعود بارزانییه نه جه‌لال تاڵه‌بانیی، به‌ڵکوو خودی تاکی کورد خۆیه‌تی. هه‌ڵسوڕێنه‌ری کۆیله‌کردنم خودی خۆمم و هیچ که‌سی تر، گه‌وره‌ییی له درککردن به‌م ڕاستییه‌دایه، ئیدی لێره‌وه مرۆڤی بچووک، پیاوی بچووک هه‌ست به بچووکیی خۆی ده‌کات و هه‌وڵی گۆڕیینی خۆی ده‌دات. تاک لێره‌دا ئه‌گه‌ر توانای گۆڕیینی باشووری کوردستانیشی نه‌بێت ئه‌وا لانیکه‌م توانای گۆڕیینی خۆی هه‌یه، ئیدی تاک لێره‌وه ده‌ست به گۆڕیینی ژیانی خۆی ده‌کات، له بچووکییه‌وه بۆ گه‌وره‌یی، له نابه‌خته‌وه‌رییه‌وه بۆ به‌خته‌وه‌ریی. گه‌وره‌ییی له پێزانینی به‌های خوددایه نه‌ک له سیاسییه‌کدا، کۆی گه‌وره‌ی پیاوه بچووکه‌کان پیاوه گه‌وره‌کانی وه‌ک “هیتله‌ر، ستالین، مۆسۆلۆنیی، سه‌ددام حسین” به‌رهه‌مدێنن. پیاوه بچووکه‌کانی ناو پیاوه بچووکه‌کان هیتله‌ر و ستالین پاشاکان باشتر له نیچه و فرۆید و کانت ده‌ناسن. تاکی کوردی بچووک هاووڵاتییه‌کی ساده و ساکار بێت یان سیاسییه‌کی گه‌وره‌ی خاوه‌ن ده‌سته‌ڵاتی گه‌وره هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. ئه‌و تاکه‌شی، که هه‌وڵ بۆ ئازادکردنی نیشتیمان و پیاوه بچووکه‌کانی ده‌دات، ده‌بێت تاکێک بێت، که پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خودی خۆی ناسیبێت. که له بچووکییه‌وه ده‌ستیپێکردبێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه یان ئه‌وه‌تا هێشتا کۆیله‌ی چه‌ند که‌سێکه یان لانیکه‌م یه‌کێک له په‌ته‌کانی ملی خۆی نه‌بینیوه و هێشتا “که‌سێک، ئیدیۆلۆگییه‌ک، سیاسه‌تێک” به‌دوای خۆیدا ڕایده‌کێشێت. تاکی کورد هه‌تاوه‌کوو پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆی نه‌ناسێت ناتوانێت ببێته ڕابه‌ری ئازادیی، چونکه ئه‌و پیاوه بچکۆلانه‌یه هانیده‌دات، که خۆی ئازاد بکات، ئه‌و چیدی نایه‌وێت کۆیله و پیاوی بچووک بێت، به‌ڵام ئه‌م تاکه ڕابه‌ره هه‌رئاوها ئاسان بۆی ناچێته‌سه‌ر. تاک ده‌ترسێت له پیاوه بچکۆلانه‌کان، ده‌ترسێت له‌وه‌ی، که هانیانبدات بۆ ئازادیی، ده‌ترسێت له‌وه‌ی، که پیاوه بچکۆلانه‌کان ئه‌م له‌ناو ئه‌واندا و ئه‌وانیش له‌ناو ئه‌مدا به‌دی بکه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ک، که پیاوه بچکۆلانه‌کان تاکی ڕابه‌ری ئازادیی له‌ناو خۆیاندا بکووژن و خۆشیان له‌ناو تاکی ڕابه‌ری ئازادییدا بکووژن، ئیدی له‌وه به‌دواوه هیچ هێزێک توانای ڕزگارکردنی هیچکامیانی نه‌بێت. هه‌ربۆیه ڕزگارکه‌ری ئه‌م پیاوه بچکۆلانانه هیچ ڕابه‌رێکی ئازادیی نین، به‌ڵکوو خودی پیاوه بچکۆلانه‌کان خۆیانن. ئه‌وان ده‌بێت خودی خۆیان، خۆیان ڕزگاربکه‌ن. ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی کۆیلایه‌تیی ئه‌وه‌یه، که هه‌ڵسوڕێنه‌ری کۆیلایه‌تیی له‌ناو خودی تاک خۆیدایه نه‌ک له‌ناو سیاسیی و سه‌رۆکه‌کاندا. خه‌تاباری گه‌وره و سه‌ره‌کیی کۆیله‌بوونی تاک خودی خۆیه‌تی و هیچ که‌سێکی تر. بچووکیی پیاوه بچکۆلانه‌کان له‌وه‌دایه، که ئاماده نین، پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆیان ببینن و هه‌میشه هۆکاری خراپی شێوازی بوون و ژیانیان له ده‌ره‌وه‌ی خۆیاندا ده‌بینن نه‌ک له‌ناو خۆیاندا، هه‌میشه خه‌ڵکانێکی تر تاوانبار ده‌که‌ن نه‌ک خودی خۆیان.
له‌م نیشتیمانه هه‌تککراوه‌ی ئێمه‌دا، ژماره‌ی پیاوه بچکۆلانه‌کان سه‌د هێنده‌ی پیاوه گه‌وره‌کانن. پیاوه بچکۆلانه‌کانی ئێمه سیاسییه‌کانن، ڕۆشنبیره‌کانن، نووسه‌ره‌کانن، فه‌یله‌سووفه‌کانن. هاووڵاتییه‌کی ساده‌ی بچووک شانسێکی گه‌وره‌ی هه‌یه، که ڕۆژێک له ڕۆژان ببێته پیاوێکی گه‌وره، ژنێکی گه‌وره، لێبه‌ڵێ ئه‌م سیاسیی و ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفانه‌ی، که من له دووره‌وه ته‌ماشایان ده‌که‌م، به‌و شانسه ناگه‌ن. ئه‌م پیاوه بچووکانه، که کۆیه‌کی گه‌وره‌یان له خۆیان پێکهێناوه، ڕۆژانێک خاوه‌نی پۆستی گه‌وره‌ی وه‌زاره‌ت، پارت، پارێزگار، ئاسایش، هه‌نووکه له په‌رله‌مان و بنکه ڕۆشنبیریی و میدیاکاندا ده‌ژیین، ئه‌مانه له‌وێدا ده‌مێننه‌وه له شوێنی جارانی خۆیاندا، له چه‌قیی پیساییدا، درێژه به ژیانی لومپێن له کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆسیالیستیی، ئیسلامیی، فاشیستدا ده‌ده‌ن. ده‌ژیین له‌ناو دیوانێکدا، که زه‌ویی و سه‌قف و دیواره‌کانی به شیاکه سواغدراوه، لێ ئه‌م کۆ گه‌وره‌یه له پیاوه بچکۆلانه‌کان شانازیی به خۆیان و به‌وه‌وه ده‌که‌ن، که به‌رهه‌میانهێناوه، ئه‌مانه ته‌نها خه‌وشی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییان به‌سه هه‌تاوه‌کوو جه‌نگێکی تر لایانده‌بات، هه‌تا ڕووخانێکی تر و هاتنی ئاغایه‌کی تر. ئه‌و پیاوه بچکۆلانانه‌ی، که درک به هه‌بوونی پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆیان ده‌که‌ن و ئاماده نین مامه‌ڵه بکه‌ن، ئه‌وانه‌ن، که نایانه‌وێت خۆیان بده‌نه ده‌ست پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆیان، چونکه نایانه‌وێت ڕاستیی ڕاسته‌قینه له‌سه‌ر خۆیان ببیستن، ئه‌و پیاوه بچکۆلانانه ئه‌گه‌ر سیاسیین، سه‌رۆکن، ڕۆشنبیرن، فه‌یله‌سووفن ده‌یانه‌وێت وه‌ک پیاوێکی بچکۆلانه‌ی گه‌وره بمێننه‌وه. ڕاستیی ڕاسته‌قینه‌ی بوونی تاک وا له‌ناو درککردن به پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خوددا، گه‌وره‌یی تاک وا له‌ناو پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی خوددا نه‌ک له پۆست و سه‌رۆکایه‌تیی و سه‌رمایه‌دا. پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خود تاک گه‌وره ده‌کات، که دوای مه‌رگیشی درێژه به ژیانی ناوه‌که‌ی ده‌دات، تاک له‌دوای مه‌رگی له‌ناو ناوه‌که‌یدا درێژه به ژیان له‌ناو شانازیی و شکۆی کرده، به‌رهه‌م و وته‌کانیدا ده‌دات.
ڕادیکاڵانه‌تر دیوێکی تری پیاوه بچکۆلانه‌کان، بریتییه له‌وه‌ی، که پیاوه بچکۆلانه‌کان هه‌میشه قوربانین. له نیشتیمانی ئێمه‌دا کام ڕۆژ هه‌یه له ده‌می سیاسییه‌که‌وه، سه‌رۆکێکه‌وه، ڕۆشنبیرێکه‌وه، شاعیرێکه‌وه، فه‌یله‌سووفێکه‌وه به تاک نه‌گووترێت پیاوی بچووک؟ (تێبینی: مۆدێلێکی نوێ له‌ناو ئێمه‌ی کورد له باشووردا بریتییه له “ناسک و هه‌ست ناسک”، سیاسییه‌کان، سه‌رۆکه‌کان، ڕۆشنبیره‌کان به تاک ده‌ڵێن: که‌سێکی ناسک و هه‌ست ناسکه. واتای ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه زۆر بێ‌چاو و ڕووانه بریتییه له: پیاوی بچووک.). وه‌ک ڤیلهێلم ڕایش ده‌ڵێ: ناوت ده‌نێن پیاوی بچووک و به‌د. ئه‌م ناوه تۆ خۆت له خۆت نه‌ناوه، به‌ڵکوو سه‌رۆک و پیاوانی ده‌وڵه‌ت و فه‌یله‌سووفه‌کان لێیان ناویت. ئه‌م سه‌رۆک و سیاسیی و فه‌یله‌سووفانه ئاینده‌ت پێده‌ده‌ن، لێبه‌ڵێ هه‌رگیز پرسیار له ڕابردووت ناکه‌ن. تۆ میراتی ڕابردوویه‌کی تۆقێنه‌ریت. لێره‌وه من پێتده‌ڵێم پیاوی بچووک ئه‌و زه‌میینه‌ی ژێر پێت به دینامیت کێڵڕاوه، سیاسیی و سه‌رۆک و فه‌یله‌سووفه‌کان ئاینده‌ت ده‌ده‌نێ و ناویان ناوه ئازادیی، ڕۆژێک دادێت زه‌میین له‌ژێر پێتدا نامێنێت، به قیژه‌ی ترسناکه‌وه ڕۆده‌چیت به‌ناو هیچدا بێئه‌وه‌ی هیچ زرمه‌یه‌ک نیشانه‌ی که‌وتنه سه‌رزه‌وییت بێت. ئه‌ی پیاوی بچووک دوای پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆت بکه‌وه، گوێ له پیاوه بچکۆلانه‌که‌ی ناو خۆت بگره. به‌رده‌کانی ده‌ستت فڕێبده و ده‌ستبکه به خاوێنکردنه‌وه‌ی زه‌میین له دینامیتی ڕق و تۆڵه و ده‌سته‌ڵات. ڕایش ده‌ڵێ: پیاوی گه‌وره ده‌زانێت که‌ی و چلۆن ئه‌و پیاوێکی بچکۆلانه‌یه، لێ پیاوی بچووک نازانێت، که ئه‌و بچووکه و ده‌شترسێت له‌وه‌ی، که بزانێت.
24.04.2011