
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کۆندەلیزا ڕایس وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا
ئایا چی ڕووی دەدا گەر موبارەک گوێی لە کۆندەلیزا رایس بگرتایە ؟
چاوپێکەوتنێک لەگەڵ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا
تسایت / شەش ساڵ پێش ئێستا ئێوە وەکوو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی قاهیرەتان کرد و لەوێ لێدوانێکی زۆر گرنگ و ڕوونتان دا ، لەکاتێکدا زۆر بە ڕوونی ڕاشکاوانە بە سەرۆک موبارەکتان ووت :
( لەگەڵ گەلەکەی خۆتان دیالۆگ بکەن و بائەوانیش زۆر بەئازادانە بڕیاری خۆیان بددەن )
ئایا گەر ئەو بەقسەی ئێوەی بکردایە ، تا ئێستاش هەر لەسەر دەسەڵات دەمایەوە؟
کۆندەلیزا ڕایس / دیارە ئێمە ناتوانین ئەوە بزانینین چی ڕووی دەدا . لێ ئەو شەش ساڵە واتە لە 2005 وە ئەوەمان فێردەکات ، کە موبارەک شانسی خۆی لە دەستدا . ئەو دەیتوانی لەکاتێکی هێمن و ئاساییدا ئەو کێشانە چارەسەربکات ، کەلەم دواییانەدا بەشێوەیەکی ترسناک تەقینەوە. بۆ نموونە ئەو دەیتوانی سیاسەتێکی حەکیمانە دابرێژێت ، بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی ڕەوتە ئیسلامیەکان بگرێت.
تسایت / لێدوانەکەی ئێوە ، خاڵێکی وەرچەرخانی دوو لایەنەی پێوە دیاربوو. لەلایەکەوە ئێوە دیمۆکراتیزەکردنی دەوڵەتان بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ووڵاتەیکرتووەکانی ئەمریکا دادەنێنن . لەلایەکی ترەوە نیشانەی کۆتایی پێهاتنی سیاسەتی کۆنی ئەمریکا لە ناوچەی ناوەراستی ناڤین بوو، کە بریتی بوو لە :
( ئارامی و سەقامگیربوون لەسەر حیسابی دیمۆکراتی دابمەزرێنن، چونکە دەبێت یەکێکیان بکرێتە قووربانی و هەردووکیان پێکەوە جێ بەجێ ناکرێت)
ئەنجامەکانی ئەم دواییە ڕاستی بۆچوونەکانتان دەسەلمێنن . ئایا ئێوە پێخەمبەر نین؟
کۆندەلیزا ڕایس / ( بە پێکەنینەوە ) هەر ئەو کات مرۆڤ دەیتوانی هەست بە گەردەلوولی غەزەبی خەڵکی بکات. فەرمانڕەواکان لە گەلەکانی خۆیان دابڕابوون . ئەوان بەهەموو شێوەیەک دژی هەموو ریفۆرمی سیاسی و ئابووری دەوەستانەوە ، کە دەکرا باری ژیانی هاوڵاتییان باشتر بکات. ئێمە لە ئەمریکا توانیمان جۆرە ریفۆرمێک دابڕێژین ، کە بۆ ماوەیەکی درێژ سیستەمی دیۆکراتییمان ببپارێزێت، هەروەها بە شێوەیەکی بەردەوامی دیالۆگ لە نێوان گەل و دەسەڵات دا هەبێت. لێ لەهەمان کاتیشدا ئێمە نازانین ، چ بڵێسەیەک دەبێتە هۆی داگیرساندنی ئاگرێکی گەورە.
تسایت / سەرۆک بووش ساڵی 2005 لەکاتی پێشکەشکردنی ووتاری خۆی لەکاتی هەڵبژاردنەیەوە بۆ سەرۆک کۆمار بۆ جاری دووەم ، بەشێوەیەکی توندتر و ڕاشکاوانە ڕایگەیاند :
( ئازادی لە وڵاتی خۆمان دا پێویستی بە سەرکەوتنی ئازادییه لە وڵاتانی تردا )
مانایەکی تری ئەم قسەیە ئەوەیە، ئایدیالیزم وەکوو سیاسەتێکی واقیعیانە بەرجەستە بکرێت . ئاسایشی ئەمریکا پێویستی بەوە هەیە کە ( هەرچی فەرمانڕەوای دیکتاتۆرە لە جیهاندا نەمێنێت ) دیمۆکراتریزەکردنی جیهان وەکوو بەرژەوەندیەکی نەتەوەیی بۆ ئەمریکا حیساب بکرێت . لێ بە شێکی زۆری دیکتاتۆرەکانی جیهانیش ، دۆستی رۆئاوان. ئایا ئەمە هەلوومەرجێکی دژاو ناخوڵقێنێت؟
کۆندەلیزا ڕایس / دیارە ئەم هەلوومەرجە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا گۆڕانکاری تێدا بکرێت . لێ ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە هیچ دەست پێنەکەین . ئەمڕۆ پرۆسەی دیمۆکراتیزەکردن بەشێوەیەکی فەوزاویی و ناڕێکوپێک و تووندوتیژانە دەستی پێکردووە. دەبوایە پێشتر بیر لە ڕێکخستن بکرایاتەوە . گەر ئێستا بیر لە ڕێکخستن و نەخشەداڕێژی بکرێتەوە ، ئەوا کات بەسەرچووە. بە دڵنییایەوە ئێستا بە جارێک ئەم کارە زۆر زەحمەتە .
تسیات / لەو شوێنانەی کە سیستەمی دیموکراتی لە قۆناغی سەرەتاییدایە بۆ ئەمریکا باش نەبووە. وە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لەم شووێنانەدا، نەیانتوانی ئاشتی و پرۆسەی دیمۆکراتی بپارێزێت . لە کەرتی “غەزە” پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد ، بەڵام تەنها یەک جار بەردەوام بوو. لە لووبنان بە نیوەوناچڕی پرۆسەی هەڵبژاردن دەستی پێکرد ، بەڵام بوو بە هۆی کووشتنی سەرۆک وەیزران ڕەفیق ئەل حەریری و زاڵبوونی حیزب الله لە لوبنان . لە ڤێنزوێلا پرۆسەی هەڵبژاردن ، دوژمنێکی ئەمریکای هێنایە سەر دەسەڵات .
کۆندەلیزا رایس / دیارە پێش هەموو شتێک ، ئێمە زۆر دەمێک نییه کە پرۆسەی دیموکراتیزەکردنمان لە ناوچەی رۆهەڵاتی ناڤین دەست پێکردووە. دووەم شتیش نابێت گۆرانکارییه مێژوویەکان لەسەر حسابی ئەمڕۆ پێوان بکرێت( واتە نابێت بەپێی عەقڵیەتی ئەمڕۆمان ، حوکمی ڕووداوە مێژوویەکان بکەین ،،،،وەرگێڕ) . ڕاستە لە کەرتی ” غەزە” بزووتنەوەی حەماس دەسەڵاتی گرتە دەست ، لێ نابێت ئەوەشمان لە بیربچێت ، کە بزووتنەوەی “فەتح” یش ئەلتەرناتیفێکی باوەڕپێکراو نەبوو. بائێمە باسی پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لە ئەمریکا بکەین . با باسی دوو رووداوتان بۆ بکەم ، بۆ نموونە لە هەرێمی بیرمینگهام و ئەلاباما Birmingham, Alabama کەخۆم لەوێ گەورە بووم هیچ کاتێک پێش 40 ساڵ کەس نەیدەتوانی بیر لەوە بکاتەوە کە دوو ڕەش پیست ( کۆلین پاول ، کۆندەلیزا ڕایس) ببنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا . لەبەر ئەوە نابێت گۆڕانکاریە مێژووییەکان لەسەر حسابی ئەمڕۆ هەڵسەنگێنین .
تسایت / لێ بەڕێزتان وەکوو وەزیرێکی دەرەوە ، دەبێت پشت بە سیاسەت ببەستن ، نەک هەلوومەرجە مێژووییەکان .
کۆندەلیزا ڕایس / با جارێکی تر مێشکی خۆمان بە ڕووداوە مێژووییەکان مەشغول بکەین . ئایا ساڵی 1945 ، ئا لەو کاتەی کە جۆزێف ستالین لەبەردەم دەرگای ئەوروپادا ڕاوەستابوو، بەم شێوەیەی ئەمڕۆ دەرکەوتبوو، کە چارەنووسی ئەمریکا بە ئەوروپاوە بەستراوەتەوە ؟ ڕاستە تۆ دەتوانیت ڕۆژانە کاری سیاسەت بکەیت ، لێ دەبێت تۆ بگەیتە ئەو ئاستەی کە بڕیارێکی تەواو بددەیت ، کە دەرئەنجامەکانی ئەو بریارە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت تا بەرهەمەکەیت دەست دەکەوێت .
تسایت / سەرۆک بۆش لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند : ( ئازادی دەبێت لەلایەن هاوڵاتییانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و هەر خۆشیان دەتوانن پارێزگاری لێ بکەن ) . بە واتایەکی تر مەبەستی ئەوە بوو کە ئازادی ناتوانرێت وەکوو شمەکێک هەناردەی دەوڵەتانی تر بکرێت . ئایا ڕۆئاوا دەتوانێت چ ڕۆڵێک لەم پرۆسەیەدا ببینێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / پێش هەموو شتێک دەبێت ئێمە پرەنسیبەکانی خۆمان بپارێزین . دووەم شتیش پێویستە ئێمە یارمەتی تەنها ئەو کەسانە بددەین کە داوای ماڤی ئازادی خۆیان دەکەن ، وە ئامادەشن بۆ کارکردن لەو پێناوەدا ، لەهەمانکاتیشدا بەرپرسیاری خۆیان لە بەرامبەر ئەو ماڤەدا وەردەگرن . بۆ نموونە ئێمە دەتوانین لە ڕێگای ئەنستیتووتە نیشتمانیه کانمانەوە بۆ دیمۆکراتی ، هەزاران کەسی چالاکڤان ڕابهێنیین . ئێمە لە زۆر بواری فێکردن و پێگەیاندندا توانییمان سەرمایەگووزاری بکەین ، کە لە توانایدایە بۆچوونی سیستەمی عەلمانی و مرۆڤانە لە جیهاندا پەرەبستێنێت . ئێمە دەبێت لەسەر گەشەسەندنی ئابووری و بازاڕی ئازاد پێکەوە کاربکەین . دیموکراتی هیچ مانایەکی نییه ، گەر نەتوانێت هەلی کارێکی گونجاو بۆ کەسێک دابین بکات . ئێمە زۆرجار لەسەر لایەنێکی خراپ ، ڕەگەزی سەقامگیربوونی دەوڵەتانمان دیاری دەکرد. با زیاتر بۆتان ڕوون بکەمەوە: کاتێک ئەو دەوڵەتانەی کە لە پرۆسەی دیموکراتیزەبووندان ، هەتاماوەیەکی درێژ دۆستی ئەمریکا نامێننەوە. لێ نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت ، ئەو رژێمە دیکتاتۆریانەی کە دۆستمان بوون ، کە زۆر لە دەنگی شەقامەکانیان دەترسان ، بەدوو شێوە زمان قسەیان دەکرد . لەلای ئێمە دەهاتن خۆیان بە دۆستی نزیکی ئێمە دادەنا ، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیاندا دەهاتن ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی ئێمە دەکرد و خۆیان بە دۆستی ئێمە دانەدەنا ( واتە بەرگێکی تریان لەبەر دەکرد) . وە ئەمەش زیانێکی زۆری بە سیاسەتی ئێمە لە ناوچەکەدا لێداین.
تسایت / لەیەکێک لە ووتارەکاندا کەلەم چەند ڕۆژەی پێشوودا لە ڕۆژنامەی ( واشنتون پۆست ) بڵاوتان کردۆتەوە ، باسی ئەوەتان کردووە کە لە سەرەتادا موبارەک گوێی بۆ ئاگادارکردنەوەکەی ئێوە گرت، لێ پاشان دەستی کردەوە بە سیاسەتی ( چەوساندنەوە و لێدان و ئازاردانی گەلەکەی ) ئایا لەم جۆرە حاڵەتانەدا، زلهێزێکی وەکوو ئەمریکا دەبێت چ جۆرە هەڵوێستێک وەربگرێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / هەڵبژاردنەکان ساڵی 2005 لە میسر ، هەڵبژاردنێکی تەواو پاک و ئازادانە بوو. لێ کاتێک خۆپیشاندانەکان دەستی پێکرد ، ئەمریکا دەسەڵاتی بەسەر بارەکە نەما و لە کۆتاییدا دەرئەنجامێکی زۆر خراپی لێ کەوتەوە . لە زۆر شوێندا بۆ نموونە لە وڵاتی یەمەن ، پرۆسەی دیموکراتیزەکردن هیچ گەرەنتیەکی نییه . لەهەمان کاتیشدا ڕێکخراوی قاعیدە لەم وڵاتەدا زۆر بەهێزە. هەندێک حکومەت هەیە کە بەتەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتدا نییه .
تسایت / چ ئامۆژگاریەک دەدەیتە مەدام کلینتۆن کە ئێستا جێگای تۆی گرتۆتەوە ؟
کۆندەلیزا ڕایس / من لەم ساتوکاتەدا ناتوانم هیچ ئامۆژگاریەک پێشکەشی ئەو بکەم . ئەو دەبێت زیاتر پشت بە زانیاریەتایبەتییەکانی خۆی ببەستێت. وەمن لەو باوەڕەشدام کە زانیاری و سیاسەتێکی باش پەیڕەو دەکات. لێ حکومەتی ئۆباما زۆر باش دەکات ، کاتێک پڕەنسیپەکان دەپارێزێت و داوا لە فەرمانڕەواکان دەکات ، کە گوێ بۆ داخوازیەکانی گەلەکانیان بگرن .
تسایت / لە ئێران ساڵی 1978 ، سەرۆک جیمی کارتەر فشارێکی زۆری خستە سەر شای ئێران ، لە کۆتاییشدا بە تەنها جێی هێشت و ساڵی 1979 خومەینی هاتە سەرحوکم .
کۆندەلیزا ڕایس / ساڵی 2011 جیهان جۆرێکی ترە لەو کاتەی پێشتر زۆر جیاوازە. هەروەها رۆژهەڵاتێکی ناڤینی ترمان هەیە کە جیاوازە لە پێشتر. ئەمڕۆ بزاڤە عەلمانیەکان زۆر بەهێزترن تا ئەوکات ، وە ئێمە نابێت بە پێوانەیەکی هەڵە سیاسەت بکەین .
تسایت / ئایا یەکێکی وەکوو موبارەک چ سزایەک دەبێت بدرێت؟ لەکاتێکدا ئەو یەکێک بوو لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆهەڵاتی ناڤین ، سەرۆکایەتی بلۆکێک( بەرە) یەکی دژ بە ئێران و ئیسلامی توندڕەو بوو، هەروەها گەرەنتیەکیش بوو بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.
کۆندەلیزا ڕایس / ئێمە ناتوانین ئەو سزا بددەین
تسایت / ئەی پێویستە چ هەڵوەستەیەک بکەین ؟
کۆندەلیزا ڕایس / ئێمە دەبێت هەمووکاتێک ڕاستییەکان بە هاوڕێکانمان بڵێین . گەر ئەوان بۆ ماوەیەکی زۆر ، ئامادەنەبوون ریفۆرم بکەن ، ئەوا دەکەونە بارێکی ئاڵۆزو مەترسیدارەوە. ئەمەریکاش ئامادەنییه پشتگیری ڕژێمێک بکات ، کە لەلایەن گەلەکەیەوە خۆشەویست نییه ، وە ناتوانێت چیتر بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات.
تسایت / ئێوە لە ڕۆژنامەی واشینتۆن پۆستدا لە ووتارەکەتاندا نووسیوتانە ، چۆن ئەو ئاڵۆزیانەی کە لە نێوان ئایدیالیزم و بەرژەوەندی نەتەوەییدا چارەسەر دەکرێت. تێیدا هاتووە :
( ئەمریکا پێویستە پشتگیری ئەو هێزە دیموکراتییانە بکات ، کە زۆر لەگەڵ گەلەکانیان دۆستن و داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ دەکەن ، نەک ئەوانەی کە داواکاریەکانی ئێمە جێبەجێدەکەن ) لە دوا ئەنجامی ئەم ووتارەتاندا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ، کە بەرژەوەندیەکانی ئەوان لە بەرژەوەندیەکانی ئێمە گرنگترن . ئایا ئەمە ئایدیالیزمێکی توندڕەوانە ناگەیەنێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / نەخێر . چونکە لەماوەیەکی درێژتردا بەرژەوەندیەکانی ئێمە ، لەلایەن ئەو حکومەتانەی کەلە لایەن گەلەکانیانەوە شەرعین ، باشتر دێتە جێبەجێکردن . حکومەتە ناشەرعیەکان پێدەچێت بۆ ماوەیەکی کەم بەرژەوەندیەکانی ئێمە جێبەجێبکەن ، لێ گەر ئەو حکومەتانە هەلی کار بۆ گەلەکانیان دابین نەکەن ، یان لەلایەن گەلەکانیانەوە هەڵنەبژێرابن و شەرعیەتیان نەبێت ، ئەوا بە دڵنییایەوە زیان بە بەرژوەندیەکانی ئێمە دەگەیەنێت.
تسایت / با چاو بە ناوچەیەکی تردا بگێڕین و بچینە لای ڕژێمی تزاری نوێی رووسیا ( فلادیمیر پووتین) . ئەو نەیارانی خۆی شاربەدەری سیبیریا دەکات و لەوێ لەسەرماندا ڕەقییان دەکاتەوە ، ئەو هیچ گوێ ناداتە دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگای مەدەنی . بەڵام لەهەمان کاتیشدا ئەمریکا دێت لەگەڵیدا پەیماننامەی “نیو ستار »New Start ( ئەم پەیماننامەیە بۆ کەمکردنەوەی مووشەکە دوور هاوێژەکانی نێوان رووسیا و ئەمریکا مۆرکراوە. مەبەستی سەرەکیش کەمکردنەوەی سیاسەتی پڕچەکدارکردنە ،،،،،وەرگێڕ). هەروەها ئەمریکا پێویستی بە رووسیایە ، بۆئەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت . چۆن سەیری ئەم پرسە دەکەیت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / ئێمە دەتوانیین لە بوارەکانی ماڤی مرۆڤ و سەپاندنی دەوڵەتی یاسا و کۆمەڵگای مەدەنی فشاری خۆمان بکەین . لەگەڵ ئەوەشدا زۆرگرنگە کە رووسەکان تێبگەیەنێنین ، کەئەمانە هەموو لە بەرژەوەندی رووسیایە. ڕووسەکان لەناوچەکانی قەوقازدا ڕووبەڕوی ترسی ئیسلامییه توندڕەوەکان بوونەتەوە، لەبەرئەوە هیچ بەرژەوەندی و سوودێک لەوە نابینن کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی . لەلایەکی تریشەوە ، کاتێک رووسیا ئەو پەیماننامەیە مۆردەکات ، کەئامانجی کەمکردنەوەی چەکدارییه ، لەبەرئەوە نییه کە حەزێک یان ئاواتێکی ئێمە بهێنێتە دی . بەڵکە ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەوانیشە. بە بڕوای من سیاسەتی ماڤی مرۆڤ لەبەرامبەر کەمکردنەوەی چەککداری ، ئەلتەرناتیڤێکی باش نییه .
تسایت / بۆچی ئەلتەرناتیڤێکی خراپە ؟
کۆندەلیزا ڕایس / ئەوان بۆ خۆشیان ئەم ڕاستییه باش دەزانن ، گەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی ، ئەوا ئاسایش و ئارامی هەموو ناوچەی رۆهەڵاتی ناڤین تێکدەدەن و بەدبەختی و کارەسات بۆ ئەم ناوچەیە دەهێنن . لەهەمان کاتیشدا ئەم چەکەی ئێران ، هەڕەشەی بۆ ئەوان زیاترە تا بۆ ئێمە .
تسایت / پێشتر بە خێرایی سەرنجتان دەربارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دەربڕی . هەر لەبەر ڕۆشنایی قسەکانی بەڕێزتان ( لە بەشێکی زۆری قۆناغەکانی مێژوودا ) زۆر زەحمەتە بەرژەوەندی و داواکاری دوو لایەن پێکەوە یەکبگرێت بەتایبەت لەم کاتەی ئێستادا . بەڵام ئێوە چی دەکەن لەکاتێکدا مەلیکی بەحرەین لەسەر دەسەڵات نەمێنێت ؟ وڵاتی بەحرەین شوێنی سووپای پێنچەمی کەشتیگەلی ئەمریکایە ، کە هەر ئەم سووپایەش بۆ ئەوەدانراوە کە ڕێگا لە هێرشی ئێران بگرێت . یان چی لە عەرەبساتنی سعودیە دەکەن ، لەکاتێکدا ئەم دەوڵەتە بە دواهەمین کۆڵەکەی سیاسەتی رۆهەڵاتی ناڤینی ئەمریکا دەژمێرێت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / من لەکاتی ئێستادا ناتوانم هیچ ئامۆژگاریەک پێشکەشی حکومەتی ئەمریکا بکەم .
تسایت / بەڵام ئایا ناتوانن بۆچوونی خۆتمان پێ بڵێیت ؟
کۆندەلیزا ڕایس / پێویستە واشینتۆن زۆر بە ووردی چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوەو ڕۆژانە چاودێری ڕەوشەکە بکات و بەپێی ئەو شێوەیەی کە حکومەت دەیبینێت ، هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری پێویست بدات . دیارە من بەو شێوەیەی ئەوانی نابینم، چونکە من ئێستا لە دەرەوەی بازنەی حکومەت دام . هەر لەبەر ئەوە ناتوانم هیچ جۆرە ئامۆژگاریەک بددەم بە حکومەت . لێ ئەوەی کەمن بە ڕوونی دەیبینم ، ئەویش مەسەلەی پڕەنسیبە. ئالەم هەلوومەرجە ئاڵۆزەی ئێستادا دەبێت زۆر بیرمان لەوەبێت ، کەبەشێوەیەکی گونجاو ، قۆناغی ئازادی ڕێکبخرێت و نەهێڵرێت بەرەو هەڵدێر بڕوات . بە واتایەکی تر پێویستە دۆستەکانمان تێبگەیەنین ، کەئەوان پێویستە لەسەر شانیان کە زۆر بە جدی و هێمانانە هەڵسوکەوت لەگەڵ شەقامی ناڕەزایی خەڵکی بکەن و داخوازیە سیاسی و ئابووریەکانیان جێ بەجێبکەن . وە لەسەر شانی ئێمەش پێویستە کە پشتگیریان بکەین و هاریکاری و یارمەتییان بددەین ، بۆئەوەی ئەم کارە بەباشی جێ بەجێبکەن .
تسایت / واتە لەڕووی پڕەنسیبەوە بەڵی بەڵام نابێت تەداخول بکەین
کۆندەلیزا ڕایس / نەخێر ، نابێت ئێمە تەداخول بکەین . ئەوە کاری ئێمە نییه ئێمە بچین هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشە ئاڵۆزانە بددەین کە ڕووبەڕوی فەرمانڕەواکانی ئەم ناوچەیە بوونەتەوە . ئەوە دەبێت خۆیان هەوڵی چارەسەرکردنی بددەن بەڵام نەک لە ڕێگای توندوتیژی و تەقەکردن و بەکارهێنانی چەک لەدژی خۆپیشاندەران لە شەقامەکاندا . ئەوان دەبێت بە شێوەیەکی جددی بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەنەوە . لێ ئێمە دەتوانین یارمەتییان بددەین ، لەو شوێنانەی کە دەتوانرێت یارمەتییان بددەین ، بۆ نموونە : ناردنی چاودێرانی نێودەوڵەتی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان ، یارمەتیدان و فێرکردنی ئەو خەڵکانەی کەدەیانەوێت ، دەستوورێکی نوێ دابڕێژن . ئێمە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەتوانین لەم بوارانەدا یارمەتییان بددەین .
تسایت / لەم بارەیەوە ئەوروپیەکان باشترین ئەزموونیان هەیە ، بەڵام ئایا ئێوە لە مێژووی خۆتاندا چەند دەستوورتان دڕاندووەو پاشان دانەیەکی نوێتان نووسیوەتەوە !
کۆندەلیزا ڕایس / ( بە پێکەنینەوە) دیارە پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم : لەو کاتەی کە بڵێسەی ئاگرەکە تازە داگیرسابێت ، بە دڵنییایەوە لەم جۆرە کاتانەدا هەروا ئاسان نییه چارەسەر بدۆزیتەوە. ئەو پەیامەی کەمن لە لێدوانەکەی قاهیرەمدا و هەروەها لێدوانەکەی بوش لەکاتی ووتاری بوونەوەی بە سەرۆک کۆمار لە ساڵی 2005 دا هەمان شت بوو ، ئێمە دەمانویست ئەم ڕستەیە بڵێین :
تکایە : ئاڵای ڕیفۆرم بەرزبکەنەوە ، پێش ئەوەی کاتەکەتان بەسەر بچێت.
سەرچاوە:
Er hat eine Chance verpasst. www. Zeit.de. 27.2.2011.
چەند دێڕێک دەربارەی کۆندەلیزا رایس Condoleezza Rice /
Condoleezza Rice لە 14 نۆڤێمبەری 1954 لە Birmingham, Alabama لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایک بووە. باوکی قەشەی مەسیحی بووە . لەهەمانکاتیشدا مامۆستای مۆسیقابووە ، هەربۆیە لە منداڵیەوە رایس خولیای جیهانی مۆسیقا بووەو بۆتە بەشێک لە ژیانی . لە ساڵانی هەشتادا ، وەکوو رووسیا ناسێک لە ژووری ( ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی) کاری کردووە. لە کاتی ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤێت و ڕووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا ، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. هەرلەبەرئەوەشە ، ئەم ژنە لە ئەڵمانیادا ، جێگای رێز و شایستەیەکی زۆری هەیە. لە ساڵی 2001 وە تا 2005 ، راوێژکاری جۆرج بۆش بوو بۆ ئاسایشی نیشتمانی . لە 2005 تا 2009 یەکەمین ژنە ڕەش پێست بوو ، کەبووە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا . هەتاوەکوو ئەمڕۆش لە زۆر بوارە جیاجیاکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ، ئەم ژنە پرس و ڕای پێدەکرێت و خاوەنی بۆچوونی تایبەتی خۆیەتی . دیارە جگە لەبواری سیاسی ، لە بواری نەوتیشدا بەتایبەت نەوتی ئاسیای ناوەڕاست ، شارەزایی و زانیاریەکی زۆری هەیە . هەرلەبەرئەوە لە ساڵانی نەوەتەکاندا ، ئەندامی بەڕێوبەرایەتی کۆمپانیای ئەمریکی Chevron Corporation .
جێگای ئاماژەیە ئەم کۆمپانیایە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە بواری نەوت و گازدا. دیارە کۆندەلیزا رایز جگە لە بواری سیاسی و نەوت دا ، لە بواری خوێندنیش چالاکە. ئەمڕۆ ئەو مامۆستای زانستە سیاسییەکانە ، لە زانکۆی Stanford University.
سەرچاوە/
www..wikipedia.org/wiki/Condoleezza_Rice