Skip to Content

Thursday, August 11th, 2022

به‌رده‌كان …. ته‌یب قادر

Closed
by April 29, 2011 ئەدەب

وه‌ك به‌ردێك كۆن بوومه‌
ئیتر بژیم یان بمرم
به‌قه‌د په‌ڕۆیه‌كی به‌كار هاتوو
به‌كه‌ڵك ڕۆیشتن نه‌ماوم
كه‌ له‌ شه‌ودا شوێنێكت نه‌بێ بۆ گۆرانی گوتن
بوون سودی دوكه‌ڵێكی سوریشی نییه‌
نیو كیڵۆ با له‌من قورستره‌
چاره‌گێك سه‌هۆڵ له‌من گه‌رم تره‌
به‌ پێڵاوێكی وه‌ستاو و
سێبه‌رێكی مۆر
چ سه‌عاتێك رێگای ڕۆیشتنم ده‌دا
تا له‌م ته‌مه‌ ره‌ق ره‌قه‌ ده‌رچم
دڵم له‌ ته‌نه‌كه‌یه‌كی قڵپه‌وه‌بوی زبڵ ده‌چێ
جوانی چییه‌ كه‌ هه‌بێ و باخێك نه‌بێ پیاسه‌یه‌كی
نه‌رم
نه‌رمی به‌نێودا راكێشی ؟
ئه‌ی ژیان سه‌عاته‌كانت خراپ ئیشده‌كه‌ن
كه‌ تۆ كرێی خۆت ده‌به‌ی كه‌ عومری منه‌
بۆچی سه‌یركردنی من ده‌بڕی و
باخچه‌كانت ده‌شكێنی ؟
بۆچی توێنییه‌تی من درێژ ده‌كه‌یته‌وه‌و
ئاوت له‌ سه‌راب ده‌ڕژێنی ؟
من له‌ ناو ئه‌م كابۆیه‌ وشكه‌ و
ئه‌م كراسه‌ ڕه‌قه‌دا جێگام نابێته‌وه‌
دوو سێ ڕۆژێكی تر به‌ڕه‌ڵا بوونم
وه‌ك فه‌خفورییه‌كی شكاو
هیچ
هیچ
نییه‌
دوو سێ رۆژ پێش ئێستا
مشتێك سێبه‌ر و عه‌لاگه‌یه‌ك شه‌وی سپی سپیم بۆ بێنه‌
تا ده‌ستم به‌ ئاگر ته‌ڕبێ و
ده‌نك ده‌نك جۆ بقرتێنم و
قل قل چۆڵیم تف كه‌مه‌وه‌

   

Previous
Next