Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
سامانی بنەماڵەی موبارەک چەندە، …؟

سامانی بنەماڵەی موبارەک چەندە، …؟

Closed

سامانی بنەماڵەی موبارەک چەندە، سەرچاوەکەی چییه، چارەنووسی چی لێ دێت؟

بەپێی هەندێک سەرچاوە سامانی بنەماڵەی موبارەک دەگاتە نزیکەی 40 ملیار دۆلار . واتە تەنها 14 ملیار دۆلار کەمترە لە سامانی دەوڵەمەندترین کەسی جیهان . بەم شێوەیەش موبارەک یەکێکە لە پیاوە دەوڵەمەندەکانی جیهان . لێ ئایا چەندە ئەم خەمڵاندن و ڕاپۆرتانە ڕاستن ؟ ئەگەر ڕاست بێت ، خێزانی موبارەک چۆن ئەم سامانەیان کۆکردۆتەوە ؟ پرسیاری گرنگیش ئەوەیە ، ئایا ئەم سامانە زۆرە لە کوێیه ؟ وە چارەنووسی چی لێدێت ؟

کاتێک سەرۆکی میسری موحەمەد حوسنی موبارەک لەسەرەتاکانی ساڵانی هەشتای سەدەی پێشوو بوو بە سەرۆک ، زۆر حەزی دەکرد لە میدیاکاندا بەناوی ( سەرۆکی هەژاران) باس بکرێت . لێ ڕووداوەکانی ئەم دواییه‌ی میسر  شتێکی ترمان پێدەڵێن ، بەتایبەت زۆربەی میدیاکانی جیهان تیشکی خۆیان خستۆتە سەر بڕی سامانی بنەماڵەی موبارەک ، هەندێک سەرچاوە بە زیاتر لە 40 ملیار مەزندەی دەکەن . ئەگەر ئەم قسانە ڕاست بێت ، ئەوا بنەماڵەی سەرۆکی میسری ، دەوڵەمەندترین بنەماڵەی جیهانن . بەپێی دوایین راپۆرتی گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی ، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان خاوەنی 54 ملیار دۆلارە.  تۆ واز لەوە بێنە کە ژمارەی ڕاستەقینەی  سامانەکە چەندە ، بەڵام قسەی گرنگ لێرەدا لەسەر ئەوەیە ، چۆن یان بە چ شێوەیەک بنەماڵەی موبارەک ئەم برە سامانە زۆرەیان کۆکردۆتەوە ؟

سەرۆکی دەوڵەت دەتوانێت ساڵانە  ملیارێک بۆ دوو ملیار دۆلار کۆبکاتەوە /
بەپێی بۆچوونی توێژەری میسری دکتۆر عمر کامل ،  تەنها سامانی جەمال موبارەک ( کوڕی حوسنی موبارەک) بە 17 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت .  جێگای ئاماژەیە دکتۆر عومەر کامل ، مامۆستای زانکۆی زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی لایبزیگی ئەڵمانی . لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی دویتچە ڤێلەی ئەلمانی ووتی :
( لەدیمەنێکی  تەلەڤزیۆنی  میسری کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی یەکەمی حوسنی موبارەک  ، باس لەوە دەکات کە چۆن کاتێک لەیەکێک سەفەرەکانی بۆ دەرەوەی وڵات دەگەڕێتەوە،  لەگەڵ خۆیدا ئامێرێکی کارەبایی هێنابوو . لە فرۆکەخانە سووربوە لەسەر ئەوەی کە گومرگری ئەو ئامێرە بدات ، هەرچەندە ئەوکاتە مووچەیەکی کەمی وەرگرتووەو نەیدەتوانی ئەم برەپارەیەی گوومرگ بدات ، بەڵام ئەو هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی کە گوومرگی خۆی بدات ویاسا بەسەر خۆشیدا بسەپێنێت. بەڵام لە ساڵانی دوایی ، موبارەک و خێزانەکەی پەردەیەکی گەورەیان بەسەر سامانی خۆیاندا داوەو کەس نازانێت چۆنەو چەندە . ) . ئەوان ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەژین ، کەسیش نازانێت سامانی سەرۆکی میسری و ژنەکەی ( سوزان موبارەک ) و هەردوو کووڕەکەی ( جەمال و عەلائ)  لەماوەی ئەم 30 ساڵەدا چەندە؟ .
پسپۆری میسری ئەحمەد نەجار  دەڵێت : ( بەشێکی زۆری سامانی بنەماڵەی موبارەک ، بەڕێگای ناشەرعی کۆیانکردۆتەوە)  پاشتر ووتی ( ئەم سامانە بەوە دەپێورێت ، کە  بڕی ئەو بۆندو کارە بازرگانیانەی کە موبارەک و بنەمالەکەی بەشداربوون تیێدا، لەوانە ” کڕینی  قەرزەکانی میسر ، کڕینی زەویوزار ،هەروەها قازانجێکی زۆریان لە بەرنامەی ( تایبەتیکردن ، خصخصة) کەرتی ئابووری میسر کرد. بەڵام لەهەمان کاتیشدا کارێکی ئاسان نییه بڕی سامانی ئەم بنەماڵەیە بەتەواوەتی بزانین ).
دانییل تیلیسکلاف ، بەڕێوبەری پەیمانگای بازلی سویسری حکومی و ئەندامی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ،   پێی وایە کە بڕی 40 ملیار دۆلار پێدەچێت ڕاست بێت .  دانییل تیلیسکلاف بۆ بۆچوونەکەی خۆی ، پشت بەوە دەبەستێت ، کاتێک  سەرۆکی پێشووی نەیجیری سانی ئاباتشا،  توانی لە ماوەی سەرۆکایەتی خۆیدا لەنێوان ساڵانی 1993 و 1998 دا ، بڕی 5 تا 6 ملیار دۆلاری کۆبکاتەوە. هەربۆیە بە دووری نازانێت کە سەرۆکی میسریش ساڵانە توانیبێتی بڕی 1 بۆ 2 ملیار دۆلار کۆبکاتەوە.
ئەم سامانەی لەکوێ بوو ؟
دکتۆر عومەر کامل پێی وایە ، منداڵەکانی موبارەک زۆر بەئاسانی توانییان ئەم سامانە زۆر کۆبکەنەوە ، ئەویش لەڕێگای کڕینی  ئەو زەوییانەی کە بۆ سووپای میسری دانرابوو ، توانییان بە نرخێکی زۆر هەرزان ئەم زەووییانە بکڕن و  پاشان ببن بە خاوەنی . پاشتر دکتۆر عومەر کامل ووتی:
 ( باشترین نموونەش بۆ ئەم قسانەم ،  ئەو ناوچەیەیە کەلە شاری ئیسماعیلیه‌وە نزیکە ، کە پێشتر تەنها ناوچەیەکی سەحراوی و خراپ بوو ، ئێستا بۆتە ناوچەیەکی ئابووری گرنگ . هەروەها نرخی زەویش لەم ناوچەیەدا ، بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزبۆتەوە )
لەلایەکی ترەوە پسپۆری ئابووری ئەحمەد نەجار ، کەلە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە قاهیرە  قسەمان لەگەڵ کرد ، ئەو پێی وابوو کە سامانی جەمال موبارەک  ، لەڕێگای کڕینی ئەو سەنەدانەی قەرزی میسری لە سالانی هەشتای سەدەی پێشوەوە کۆکردۆتەوە.
پاشتر نەجار گووتی :
 ( سامانی جەمال موبارەک لەڕێگای کڕینی سەنەداتی قەرزەکانی مسیر وە بوو. ئەم سەفقەیە کەسەرۆکی میسری موبارەک ئەوکاتە  پێشکەشی کوڕەکەی کرد . گاڵتەجاری لەوەدایە کەئەمەشی بە نیشتمان پەروەری و قووربانی بۆ وڵات حساب دەکرد ، چونکە بەقسەی ئەوان لەوکاتەدا میسر لەتوانیدا نەبووە پارەی قەرزەکانی بداتەوە . ئالەوکاتەدا قەرزەکانی میسر لە بازاڕەکانی جیهان دا بە 35% نرخی ئەسڵی خۆی دەفرۆشرا . لەوکاتەدا جەمال موبارەک ئەم  سەندە مالییانەی کڕی ، چونکە دڵنییابوو کەلە 100%  قازانجێکی خەیاڵی لێدەکات .  دیارە لەمەشدا نفوزی سیاسی باوکی  رۆڵی زۆری هەبوو ، هەر لەڕێگای باوکیەوە دەیتوانی ئەم سەفقە بازرگانییەی دەستبکەوێت . بەدڵنییایەوە تەنها لەڕێگای ئەم سەفقەیەوە دەتوانیت چییایەک لە سامانی زۆرت دەستبکەوێت.  )
ئەی سامانی بنەماڵەی موبارەک لە کوێیه؟
UBS یەکێکە لە بانکە گەوەرەکانی سویسرا ، هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە  بنەماڵەی موبارەک ، بەشێک لە سامانەکەیان لەم بانکە دانابێت ، لێ  بانکەکە ئەم قسانە ڕەت دەکاتەوە . بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی رۆژنامەوانی ، بەشێکی زۆری سامانی بنەماڵەی موبارەک لەدەرەوەی وڵات دانراوە. پسپۆران پێشبینی دەکەن ، کەسویسرا  ئەو وڵاتە بێت کە بنەماڵەی موبارەک ، بەشێکی زۆری سامانی خۆیانیان لێ دانابێت. ، بەتایبەت لەهەردوو بانکی ( یو بی ئێس، کردیت سویس) . بەڵام ئەم بڕە پارەیە ناگاتە 3.8 ملیار دۆلار ، چونکە ساڵی 2009  بانکی ناوەندی سویسری ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە ، تێیدا باسی لەوە کردووە ، ئەو برە پارەیە( واتە 3.8 ملیار دۆلار) زۆرترین ڕێژەیە کە  ئەو کەسانەی هەڵگری ناسنامەی( پاسپۆرتی ) میسریان هەیە و لە بانکی سویسرا پارەیان  داناوە. لی هەردوو دەزگای مالی (( یو بی ئێس، کردیت سویس) ئامادەنەبوون هیچ زانیاریەک دەربارەی بڕی سامانی بنەماڵەی موبارەک بدەن. هەندێک سەرچاوەی تر پێیان وایە لەوانەبێت لە بەریتانیا بێت ، چونکە منداڵەکانی موبارەک و ژنەکەی ، خاوەنی سامانێکی زۆرن لە بەریتانیا و هەڵگری ناسنامەی ( پاسپۆرتی) بەریتانیشن .
ئایا چارەنووسی سامانی موبارەک چی لێ دێت ؟
بەشێکی زۆری پسپۆران پێیان وایە ، چارەنووسی سامانی سەرۆکی میسری حوسنی موبارەک بەشێویەکی سەرەکی  پەیوەستە بە مانەوەی لەسەر کورسی حوکم . چونکە  هەتا ئەوکاتە سەرۆک بێت ناتوانرێت سامانەکەی هەڵپەسێنرێت یان دەستبەسەر بێت . تاکە ڕێگای گوونجا ، بەپێی  بۆچوونی دانییل تیلیسکلاف ، بەڕێوبەری پەیمانگای بازلی سویسری حکومی  ، ئەوەیە ( کە بانکە تایبەتییەکان دەتوانن دەست بەسەر ئەو برە پارەیەدا بگرن ، ئەگەر هاتوو بەڵگەیان بەدەستەوە بوو ، کەئەم پارەیە لەڕێگای ناشەرعیه‌وە بەدەستهاتووە. )
بەپێی بۆچوونی ئەم پسپۆرە ئەڵمانییه ، ناتوانرێت دەست بەسەر سامانی بنەماڵەی موبارەک دا بگیریت ، تەنها ئەوکاتەی کە حکومەتێکی نوێ دروست بێت و لێکۆڵینەوەیەکی دادوەری ( قضائی) دابنێت و بەڵگەی رەسمی  ئامادە بکات ، کە تێیدا ئەوە بسەلمێنێت ، کە ئەم سامانە زۆرەی بنەماڵەی موبارەک بەشێوەیەکی ناشەرعی  کۆکراوەتەوە .

a.abdulla@araspress.comسەرچاوە:

سایتی دویتچە ڤێلەی ئەڵمانی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.