خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی جێگای به‌تاڵی سلووچ
نووسه‌ری ئه‌م ڕۆمانه مه‌حموود ده‌وڵه‌تئابادیی گه‌وره نووسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاته، ساڵی 1940 له ده‌وڵه‌تئابادی سه‌بزه‌وار، سه‌ر به‌شاری خوراسان له‌دایك بووه.
خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌و شاره‌دا ته‌واو كردووه، ته‌مه‌نی چوار ساڵان بووه كه پاڵه‌وانانی ڕۆمانی (كه‌لیده‌ر) كوژراون و به‌نێو شاردا گێڕاویانن. له منداڵییه‌وه هۆگرییه‌كی زۆری به‌گێڕانی كۆته‌ڵ و نه‌قڵ گێڕانه‌وه و حه‌كایه‌ت و ئه‌فسانه و بیبی جان بووه.
له ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا ده‌ستی به‌نووسینه‌وه‌ی كتێبه كۆنه‌كان و ده‌ستنووسی قه‌دیمه كردووه. زۆر شه‌یدای شانۆ بووه، ساڵی 1961 یه‌كه‌مین چیرۆكی به‌ناوی (ئه‌دبار) نووسیوه. وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: من یه‌كجار زۆرم نووسیوه، به‌ڵام زۆر كه‌مم بڵاوكردۆته‌وه.
ساڵی 1974 له سۆنگه‌ی ڕۆڵگێڕانی له شانۆیی (له قووڵاییدا)ی مه‌كسیم گۆركی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵان له لایه‌ن ڕێژیمی شاوه كه‌وتۆته به‌ندیخانه.
ساڵی 1986 ڕۆمانی ده به‌رگیی (كه‌لیده‌ر) ته‌واو ده‌كات. هه‌ندێك له‌و باوه‌ڕه‌دان (كه‌لیده‌ر) هاوشێوه‌ی ڕۆمانه‌كانی نووسه‌ری گه‌وره‌ی كوردی توركنووس یه‌شار كه‌مال، باشترین وێنه‌ی ئه‌ده‌بی لادێیی فارسییه. بڕێكی تریش ده‌ڵێن (كه‌لیده‌ر) سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدان و خوڵقاندنی ڕۆمانی فارسییه.
زۆربه‌ی ڕۆمان و ده‌قه شانۆیییه‌كانی بۆ زمانی ئینگلیزی، فڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی، چینی، سویدی و عه‌ره‌بی وه‌رگێڕراون.
ده‌وڵه‌تئابادی خۆی ده‌ڵێت: ئێمه چیرۆكنووسانی ئێرانیی به‌ره‌ی دووه‌م (1920 – 1970) هه‌موو له تاریكخانه‌ی سادقی هیدایه‌ته‌وه هاتووینه‌ته ده‌رێ، بزورگی عه‌له‌وی، ده‌وڵه‌تئابادی، هۆشه‌نگی گوڵشێری، ئه‌حمه‌دی مه‌حموود و ….. هتد.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ن كه پاش سادقی هیدایه‌ت هه‌ر كامیان به‌شێوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ریی ئه‌ودان و هه‌ر یه‌كه‌یان لایه‌نێكی كاری چیرۆكی ئه‌ویان درێژه پێ داوه، به‌وته‌ی زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران و توێژه‌رانی چیرۆك، ده‌وڵه‌تئابادی باشترین نووسه‌ری ئێرانییه، كه توانیبێتی ئه‌ده‌بی لادێیی بنووسێت.
ده‌وڵه‌تئابادی له‌م ڕۆمانه‌یدا برێخت ئاسا به‌زرنگی و هۆشیاری و ته‌یار به‌جیهانبینییه‌كی كراوه و ڕوون باس له‌و ڕووداوانه ده‌كات، كه تیژتێپه‌ڕ ده‌گوزه‌رێن بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستیان پێ بكه‌ین. مه‌رج نییه ڕووداوه‌كه گه‌وره بێت، ڕه‌نگه تابڵێی ڕووداوێكی بچووك و ئاسایی بێت، به‌ڵام كه خوردی ده‌كاته‌وه و له‌سه‌ری ده‌دوێت، ته‌نانه‌ت ڕووداوێكی گه‌وره‌ش هێنده‌ی ئه‌و ڕووداوه بچووكه په‌لوپۆی لێ نابێته‌وه و قسانی له‌سه‌ر ناكرێت، ئیدی ئه‌و نووسینه ده‌بێته دڵۆپێك له ده‌ریایه‌ك و كه به‌خۆماندا ده‌چینه‌وه سه‌یرمان پێدا دێت، چۆن ئه‌م شته بچووك و ورده ناوه‌ڕۆك به‌ڕێژه‌وه سه‌رنجی بۆ خۆی كێش نه‌كردووین!
بۆیه له هه‌سته‌كان و له ڕۆشنبیری و دنیابینیی خۆمان ده‌كه‌وینه گومانه‌وه و تێده‌گه‌ین ئێمه‌ی تیره‌ی مرۆڤ چه‌ند دڵڕه‌قین و ناكرێت هێند هه‌سته‌كانمان له قاڵب دابێ و دیلمان كردبن و تاخۆمان ڕووداوه‌كه‌مان به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت هه‌ستی پێ نه‌كه‌ین.
ئه‌لفرێد دیمۆسێ (1810 – 1857)ی مه‌زنه نووسه‌ری فڕه‌نسی، له چیرۆكێكدا باس له كابرایه‌ك ده‌كات هیچ كات گوێ له ژنه‌كه‌ی ناگرێ و ڕۆژانه خواردنی ئه‌و لێدان و ئازار چێشتنه به‌ده‌ست مێرده‌كه‌یه‌وه، چه‌ندێك ده‌یهه‌وێت و ده‌كۆشێت بۆ جارێكیش بێت پیاوه‌كه‌ی گوێی بۆ ڕادێرێت و لێی بگات، بێ سوود ده‌بێت.
ڕۆژێك كابرا دێته‌وه ماڵێ به‌ره‌و ڕووی ته‌رمی بێ گیان و سارد و سڕی ژنه‌كه‌ی ده‌بێته‌وه، ئینجا كابرا هه‌ستده‌كات چ ئینسانێكی گه‌وره‌ی له‌ده‌ست چووه و بۆشایییه‌كی هێند گه‌وره ده‌كه‌وێته ژیانییه‌وه، هیچ شتێك له توانایدا نییه پڕی بكاته‌وه، ئیدی تا له ژیاندا ده‌بێت به‌ده‌ست ده‌ردی قه‌درنه‌زانینی ژنه‌كه‌ی و له‌ده‌ستدانییه‌وه ده‌تلێته‌وه. ئای چ ماڵوێرانییه‌كه!!
له ڕۆمانی (جێگای به‌تاڵی سلووچ)دا نزیك به‌هه‌مان ڕووداو دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش له‌ده‌ستدانی كه‌سێكه (سلووچ)، كه چ جێگه‌یه‌كی به‌تاڵ له ژیان و چاره‌نووسی ژنه‌كه‌یدا (مێرگان) جێده‌هێڵێت.
ده‌ستپێكی ڕۆمانه‌كه به‌ڕوودانی كاره‌ساتێك ده‌ست پێده‌كات “مێرگان كه سه‌ری له‌سه‌ر سه‌رینه‌كه هه‌ڵێنا، سلووچ دیار نه‌بوو”. سلووچ مێردی مێرگانه. نازانین بۆ سه‌ری هه‌ڵگرت و چۆنی دڵهات ژنه‌كه‌ی و دوو كوڕ و تاقه كیژه‌كه‌ی جێهێڵێت “شه‌وانی ڕابردوو سلووچ له‌گوێ ته‌ندووره‌كه ده‌خه‌وت. مێرگان نه‌یده‌زانی بۆ له‌وێ ده‌خه‌وێ؟ ته‌نیا ده‌یدی ده‌ڕواته سه‌ر ته‌ندووره‌كه و ده‌خه‌وێ. شه‌وانه زۆر دره‌نگ ده‌هاته‌وه بۆ ماڵێ، یه‌كسه‌ر ده‌ڕۆیی بۆ به‌ر هه‌یوان و گوێ ته‌ندووره‌كه، له‌ژێر میچی قوڕاویی هه‌یوانه‌كه و له قه‌راغ ته‌ندووره‌كه هه‌ڵده‌كورما”.
ئیدی سلووچ له‌پڕ سه‌ر هه‌ڵده‌گرێ و ناگه‌ڕێته‌وه، بۆ كوێ ده‌ڕوات؟ له‌داخی چی و كێ سه‌ری هه‌ڵگرت؟ بۆ به‌كه‌سی نه‌گوت؟ چۆنی دڵهات خێزانه‌كه‌ی جێهێڵێت؟ ئایا له‌ده‌ست هه‌ژاری و نه‌داری، یاخۆ له‌ده‌ست خراپیی مێرگان هه‌ڵات؟ یاخود پیاوه‌تیی نه‌مابوو و هه‌ستی به‌وه‌ستانی په‌یتا په‌یتای ژیانی كردووه؟.
مێرگان به‌دوایدا سه‌ر به‌ماڵ به‌ماڵی گونددا ده‌كا و له هه‌واڵی ده‌پرسێت، مخابن كه‌س سلووچی نه‌بینیبوو. مێرگان بڕوا ناكات سلووچی مێردی ئه‌وه‌ی كردبێت “به‌ڕاستی سلووچ ڕۆیشتووه؟ ڕۆیشتووه بۆ كوێ؟ ئه‌ی هاجه‌ر؟ ئه‌ی كوڕه‌كان؟ عه‌باس و ئه‌براو؟ سلووچ ڕۆیشتووه! بۆ كام به‌قوڕێ گیراو چووه؟ ئێمه‌ی به‌سه‌ر كێدا به‌جێ هێشتووه و ڕۆیشتووه؟! ها!”.
ئه‌مجا مێرگانی لێقه‌وماو و ته‌نیا باڵ وریا ده‌بێته‌وه و به‌خۆ ده‌زانێ چی له‌ده‌ست چووه و مۆته‌كه‌ی چ بۆشایییه‌كی گه‌وره و ڕۆح ده‌رهێنه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كات و ناخی ده‌كرۆژێت، سواری كۆڵی بووه و تاهێزی تێدایه وزه‌ی له‌به‌ر ده‌بڕێ و ده‌ست له بیناقاقای ژیانی گیر ده‌كات. چ تاریكییه‌ك به‌ری چاوه زیته‌كانی ژیانی ده‌گرێت. ناكرێ سلووچ به‌م ئاوایه له خوتو خۆڕایی پشتیان تێ بكا و كۆڵه‌كه‌ی ساپیته‌ی قورسی ژیانیان بكێشێته‌وه و به‌سه‌ریاندای بڕووخێنێت.
ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌تا به‌ردێكی بۆ جێ نه‌هێشتوون بینێنه ژێر سه‌ریان، ئه‌وه‌تا كه‌ندوویه‌ك كه هیچ پێویستییه‌كیان پێ نه‌بووه به‌نیوه‌چڵی جێی هێشتووه “جا بۆ ده‌ستی لێ هه‌ڵنه‌گرێ؟ وه‌ختێ به‌رهه‌م و ده‌غڵ و دان نه‌بێ، كه‌ندوو به‌كاری چی دی؟ بۆچی ده‌بێ؟ ته‌ندوور بۆچی؟ بۆ كێ؟ بۆ كام ته‌شت و هه‌ویر؟”.
مێرگانی ته‌نیا باڵ گێژ و وێژ ده‌سووڕاوه، حاڵی خراپ و په‌رۆش و په‌شێو بوو. له‌به‌ر خۆیه‌وه به‌كوڕه‌كه‌ی گوت:
“- خۆشم نازانم، نازانم، به‌ڵام پێموایه شتێكی لێ به‌جێده‌ما. به‌جێی ده‌هێشت؟
– وه‌ك چی؟
مێرگان قیژاندی به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌یدا:
– چووزانم؟ من چووزانم؟ نازانم، كفنه‌كه‌ی به‌جێده‌هێشت، كفنه‌كه‌ی!”.
چه‌نده ئه‌سته‌م و له دڵگرانه نزیكترین كه‌ست هیچت بۆ جێنه‌هێڵێ و سه‌رهه‌ڵگرێت. شتێك، ته‌نیا شتێك ئاماژه به‌بوونی بكات ده‌ست نه‌كه‌وێت!، ئیدی مێرگان وه‌ختێك به‌خۆدا دێته‌وه ڕاسته‌وخۆ به‌ره‌و ئه‌ركه له ژماره نه‌هاتووه‌كانی ماڵه‌وه ده‌بێته‌وه، ده‌بێت خه‌مێك له منداڵه‌كان بخوات.
به‌رده‌وامی دان و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ژیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی مێرگان، مێرگان خۆی لێ نه‌بان ده‌كات و چ وه‌ڵامێكی پێ نییه.
سبه‌ینێ كه عه‌باس بێ‌دار ده‌بێته‌وه، داوای نان ده‌كات. ئا له‌م خاڵه‌وه بڕیاری “- گوێت لێنییه؟ نان! ده‌مهه‌وێ بچم بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چیلكه و چاڵی په‌مۆ.
دوای مشت‌ومڕ و وڵامدانه‌وه، مێرگان ته‌سلیم ده‌بێ و دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێ، كه هه‌موویان ده‌یزانن.
– ده‌ی چبكه‌م؟ خۆم بكه‌م به‌نان؟ نییه! خۆت نابینی نییه؟”
وێڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییانه‌ش قه‌رزار به‌ری ده‌ركه‌یان لێ ده‌گرن و داوای قه‌رزی سلووچ ده‌كه‌ن، مێرگان ده‌یهه‌وێ دان به‌قه‌رزداریی مێرده‌كه‌یدا نه‌نێت، به‌ڵام بێ سووده:
“- چیت له كه‌لله‌دایه؟ پێت وایه ده‌توانی ماڵی من بخۆی؟ من هه‌قی خۆم له گه‌رووی گورگ ده‌رده‌كێشم، جا تۆ چیت؟
– ئه‌گه‌ر ده‌توانی فه‌رموو ده‌ریكێشه. خۆ من له گیانم بێزارم”.
ته‌نیا كارێك له‌و گونده‌دا به‌ئاسانی ده‌ستده‌كه‌وت، قومارچێتی بوو. عه‌باس و ئه‌براوی برای ڕۆژ تا ئێوارێ لاسكه په‌مۆیان كۆ ده‌كرده‌وه، كه‌چی عه‌باس به‌تۆپزی به‌شی براكه‌شی ده‌برد و به‌قوماری ده‌دا. كه له قوماریش ده‌دۆڕێت، دێته‌وه ده‌كه‌وێته گیان هاجه‌ری خوشكی و به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌زانێت دایكی مه‌نجه‌ڵه مسه‌كانی له‌كوێ شاردۆته‌وه، خوری شۆری ده‌كات.
كوڕ و كاڵی گوند به‌مه‌به‌ستی كاركردن ڕوو له شار ده‌كه‌ن، كۆمه‌ڵێك ورده بورژوای دێیه‌كه‌ش ده‌ست له‌ناو ده‌ستی یه‌ك ده‌كه‌ن و زه‌ویی گوندییه‌كان هه‌رزانكڕ ده‌كه‌ن. ئه‌و به‌شه زه‌ویی خۆی نافرۆشێت، كه‌چی به‌زۆر لێی ده‌ستێنن، تاكو پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی مه‌زرای بسته دابنێن، ترومپاو تراكتۆریش دێننه گونده‌وه، له‌و نێوه‌دا مێرگان چاوی ته‌ماحی پڕ له ئاڵۆشی پیاوانی گوندی به‌سه‌ره‌وه‌یه و ده‌رزی ئاسا جه‌سته‌ی ده‌ئاژنن. وه‌لێ چی بكات؟ ناتوانێت به‌ته‌نێ و دوور له كۆمه‌ڵگه بژێت ” هێندێ جار پیاو ناچاره بژێویی خۆی له ده‌ستی دوژمنه‌كه‌ی وه‌رگرێ. ده‌ستێ كه بۆ وه‌رگرتنی هه‌قده‌ست درێژ ده‌كرێ، هه‌ر ئه‌و ده‌سته نییه، كه بۆ یارمه‌تی وه‌رگرتن به‌رز ده‌بێته‌وه”. ئیدی به‌چاوی بێ خاوه‌نییه‌وه له‌و خێزانه بێ ده‌ره‌تانه ده‌ڕوانن و چون هه‌ژار و نه‌داران هیچ یاسایه‌ك نه‌یانپارێزێ و موڵكی ئه‌وانی ده‌ستڕۆیشتوو بن، گه‌لێك چاوی برسی مرخیان لێیان خۆش كردووه.
ئه‌وه‌تا كه بۆ وه‌رگرتنی حه‌قده‌ستی عه‌باسی كوڕی به‌رابه‌ر به‌حوشتره‌وانییه‌كه‌ی ده‌چێته لای سه‌رداری خاوه‌نكار، سه‌ردار له‌بری حه‌قده‌ست مرخی لێ خۆش ده‌كات و پێی ده‌ڵێت، بڕۆ له ژوورێ گۆزه ئاوه‌كه‌م بۆ بێنه، هه‌ر هێنده‌ی مێرگان وه‌ژوورێ ده‌كه‌وێت، به‌زۆر به‌عه‌رزیدا ده‌دا و په‌لاماری ده‌دات، لاقه‌كوته و هه‌وڵ و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان، ته‌سلیم، ته‌واو.
له‌ولاشه‌وه عه‌لی گه‌ناو، كه خودان گه‌رماوی گونده‌كه‌یه له‌كاتی تووڕه‌بووندا ژنه‌كه‌ی ده‌داته به‌ر پێڵاو، لاقی ده‌شكێنێ و پشتی له زگی نه‌رمتر ده‌كات، ئیدی ژنه‌ی بێچاره له ئینسانی ده‌كه‌وێ و به‌ره‌ڵا ده‌كرێت.
عه‌لی گه‌ناوی زرته زه‌لام به‌واده و به‌ڵێنی كار دۆزینه‌وه بۆ كوڕه‌كانی مێرگان، ده‌چێته داخوازیی هاجه‌ری ته‌مه‌ن سێزده ساڵی كچی مێرگان.
هاجه‌ری منداڵ، كه مه‌مكی هێنده‌ی قله گوێزێكه، ده‌ڕازێننه‌وه و بۆ عه‌لی گه‌ناوی زرته‌بۆزی ده‌به‌ن. وه‌ك شێرێك به‌رخۆله‌یه‌كی به‌چنگ هێنابێت، عه‌لی گه‌ناو هه‌ڵمه‌ت ده‌باته سه‌ر هاجه‌ری منداڵۆكه و دڕندانه په‌لاماری ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نیا هه‌لێك بێ و به‌ده‌ستی هێنابێ، قیژه و قیژه و قیژه!…
قیژه قیژی شێواوی هاجه‌ری منداڵۆكه له گه‌ڕه‌ك به‌رزده‌بێته‌وه:
” – وه‌ی دایه.. دایه گیان وه‌ی.. دایه گیان وه‌ی ی ی.. ئه‌ی هاوار..!
مێرگان ده‌رپه‌ڕی بۆ كۆڵان. هاجه‌ر ده‌رپێكه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرتبوو و ده‌فڕی. چون جوڕه‌یه‌ك له چنگ واشه‌یه‌ك ده‌رپه‌ڕیبێ. عه‌لی گه‌ناو به‌دوایه‌وه بوو. هه‌ڵده‌هات و به‌ڕێوه خه‌ریكی به‌ستنه‌وه‌ی دۆخینه‌كه‌ی بوو. هاجه‌ر خۆی كرد به‌باوه‌شی دایكی‌دا. عه‌لی گه‌ناو لێ نه‌ده‌گه‌ڕا، ده‌بوو ئه‌مشه‌و ئاڵۆشی دڕندانه‌ی له جه‌سته‌ی ئه‌و قوربانییه‌دا به‌تاڵكاته‌وه.
مه‌چكی هاجه‌ری گرت و ڕایكێشا. هاجه‌ر وه‌ك چه‌ققه به‌دایكییه‌وه نووسابوو و به‌ری نه‌ده‌دا، مێرگان و هاجه‌ر پێكه‌وه كێشرانه ده‌رێ. هاجه‌ر لاقی له زه‌وی چه‌قاندبوو و ده‌یزیڕاند:
– نایكه‌م خودایه! نایكه‌م نا! نایكه‌م، من شوو ناكه‌م.. خودایه..!
ئیتر خه‌ریك بوو پشووی ڕاده‌وه‌ستا. هه‌ناسه‌ی به‌حاڵ ده‌رده‌هات. ڕه‌ش و شین داگه‌ڕابوو. ئه‌براو خۆیدا به‌سه‌ر ده‌ستی عه‌لی گه‌ناودا.
– چییه كاكه بۆ واده‌كه‌ی! دیلت گرتووه ده‌یبه‌ی.
عه‌لی گه‌ناو به‌ده‌سته زه‌لام و قورسه‌كه‌ی ده‌می كچه‌كه‌ی گرت و له حه‌وشه چووه ده‌رێ. ده‌نگی هاجه‌ر له له‌پی عه‌لی گه‌ناودا كپ بوو بوو. به‌ڵام هه‌روا به‌بن باخه‌ڵی ئه‌و زه‌لامه‌وه قاچه‌فرتێی ده‌كرد و بردیه ژوورێ. مێرگان به‌دوای عه‌لی گه‌ناودا ده‌پاڕاوه:
– عه‌لی گیان… عه‌لی گیان… به‌قوربانی ئه‌و قه‌د و باڵایه‌ت بم. عه‌لی گیان… گوناحه ڕوحمێكی پێ بكه… به‌زه‌یییت پێیدا بێ منداڵه… عه‌لی گیان… عه‌لی گیان…!”.
قوربانیی یه‌كه‌م له‌م گونده‌دا ئافره‌تانن، خێر له خۆ نه‌دیو، مێرگان پیاوه‌كه‌ی جێیهێشتووه، زارا به‌قه‌یره‌یی ماوه‌ته‌وه، ڕوقیا له‌دوای لێدانه‌كه‌ی عه‌لی گه‌ناو به‌دار ده‌ڕوا و تێكشكاوه، هاجه‌ری منداڵۆكه به‌سێزده ساڵی دراوه به‌زرته‌بۆزێك…
وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌مبه‌ر ئه‌و زوڵمه‌ی لێیان كراوه، نه‌یانتوانیوه ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه، ئینجاش سنووری حه‌ز و ئاره‌زوو و ئاواته‌كانی مرۆڤ له‌بن نایه‌ن. مرۆڤه‌كان چه‌نده به‌سته‌زمانن، نه ده‌ورووبه‌ر نه سروشت، كه‌س به‌زه‌یی پێیاندا نایه‌ته‌وه، له‌وه گه‌ڕێ كه لێكدیش ناگه‌ن و هه‌زاران ئاواتی په‌نهان له ناخیاندا هه‌ناسه‌یان له‌به‌ر ده‌بڕێ و زینده به‌چاڵ ده‌كرێن. بڵێی مێرگان جار جار دڵی پێوه نه‌بێ گۆزه‌كه‌ی ماڵی سه‌ردار (ئه‌وی ده‌ستدرێژی كرده سه‌ر) پڕ بكات له ئاو و بۆی ببات؟ بۆ! دڵی پێوه بوو.
“مێرگان وابوو. نه‌یده‌توانی خۆشه‌ویستیی خۆی به‌ئاسانی ده‌ربڕێ. عاده‌تی نه‌بوو. ڕه‌نگه هۆی ئه‌وه بوو، كه ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی هه‌لی ده‌ویست”، ئه‌و عاشقی سلووچ بوو، تازه به‌بیریدا ده‌هاته‌وه ئه‌و عاشقی سلووچ بوو، ئێستاكێ بیری چووه‌ته‌وه. تازه ئه‌مانه لای كێ بدركێنێت؟ كێ گوێی لێ ده‌گرێ و لێی ده‌گات؟
مه‌گین مرۆڤ كه‌می ئاوات و حه‌ز له دڵدایه، ئینجاش له‌گه‌ڵ خۆیدا بیانباته گۆڕه‌وه؟
ماڵی خاڵیی مێرگان به‌ده‌ست ئه‌و میوانه چاو له‌ده‌رانه‌ی به‌ده‌وری مێرگاندا دێن، جمه‌ی ده‌هات. ئه‌وه‌تا دووشه‌ممه و سه‌ردار له ماڵیان زۆرانبازیی ده‌ست شكاندنه‌وه ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ بدۆڕێنێت سه‌ر به‌ماڵی مێرگاندا نه‌كات. له‌و نێوه‌دا هه‌واڵی ئه‌وه ده‌ده‌نه مێرگان گوایا له ناوچه‌یه‌كی دووردا سلووچیان بینیوه له كانه‌كان كرێكاری كردووه. ئیدی له وزه‌ی مێرگاندا نامێنێ و توانای چاوه‌ڕوانیی له‌ده‌ست ده‌دات.
عه‌باسی كوڕی، كه به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه ترساوه و تێكچووه، له‌سه‌ر ته‌ندووره‌كه، شوێنی پێشووی سلووچ، جێده‌هێڵن و هاوشان له‌گه‌ڵ براكه‌ی و كوڕه‌كه‌ی و موراددا پشت له گوند ده‌كه‌ن….
له‌وه ده‌كات ڕۆمانه‌كه به‌شی دی هه‌بێت، یاخود وه‌ڵامی هه‌ندێك پرسیار بۆ خوێنه‌ر جێدێڵێت؟.
* *
ناكرێت ڕۆڵی به‌رچاوی “ئه‌مین گه‌ردیگلانی”ی وه‌رگێڕی كارامه و خودان فه‌رهه‌نگی نایابی “ڕێژگه” له‌بیر بكرێت، له وه‌رگێڕانێكی وه‌ك ئه‌م ڕۆمانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت زمانی كوردی چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌پیته، وه‌رگێڕ هونه‌ری نواندووه و تابڵێی به‌كوردییه‌كی ڕه‌وان و به‌ئاب و تاب ڕۆمانه‌كه‌ی كورداندووه.
Ojeen_sabah@yahoo.com
* مه‌حموود ده‌وڵه‌تئابادی، شوێنی به‌تاڵی سلووچ، وه‌رگێڕانی: ئه‌مین گه‌ردیگلانی، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریان، هه‌ولێر، 2006. 428 لاپه‌ڕه.