گفتووگۆ له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر مورادی ئه‌عزه‌می
نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر مورادی ئه‌عزه‌می:
ئه‌و بواره‌ی بۆ ره‌خنه‌گرانی فارس هه‌ڵكه‌وتووه بۆ ره‌خنه گرانی كورد نییه، به‌ڵام ئاستی ره‌خنه‌ی كوردی له دوای ره‌خنه‌ی فارسیه‌وه نییه
ئارام سدیق
نووسه‌ر و ره‌خنه‌گر (مورادی ئه‌عزه‌می) دانیشتووی شاری شنۆیه و ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌شی كوردی چیرۆكه‌كانی نۆیه‌مین فیستیڤاڵی بانه بوو. له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵا گۆڤاری (هه‌نار)دا ئاماژه به گرنگی چیرۆك له ژیانی مرۆڤدا ده‌دات و هاوكات پێی وایه كه ره‌خنه له فیستیڤاڵی چیرۆكی بانه پاشه‌كشه‌ی كردووه و كه‌وتۆته په‌راوێزه‌وه..
*رای به‌ڕێزتان له‌سه‌ر فیستیڤاڵی چیرۆكی بانه به گشتی و هاوكات نۆیه‌مین فیستیڤاڵی چیرۆكی بانه به‌تایبه‌تی چییه؟
-دیاره فیستیڤاڵ كۆبوونه‌وه‌یه‌كه بۆ پێشكه‌ش كردن و خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی و هاوكات پێشبڕكێكردن. له كۆتاییدا فه‌لسه‌فه‌ی فیستیڤاڵ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و به‌شداربوانه ئاستی خۆیان ده‌بیننه‌وه له ئاستێكی ئه‌ده‌بیدا و هاوكات به‌رده‌وامی ئه‌و دڵگه‌رمییه تا به‌ره‌و پێشه‌وه بچن. دیاره فیستیڤاڵی چیرۆكی بانه جوڵه‌یه‌كی ئه‌ده‌بییه، كه ساڵانه رێكده‌خرێت، ئه‌گه‌رچی ماوه‌ی سێ ساڵه رێكنه‌خرا، دیاربوو هۆكاری تایبه‌تی هه‌بوو. ئه‌م فیستیڤاڵه فه‌زای ئه‌ده‌بی ده‌خاته‌گه‌ڕ، به‌وه‌ی نووسه‌ره‌كان خۆیان ئاماده بكه‌ن و له دونیای ئه‌ده‌بی دانه‌بڕێن و به‌رده‌وام كار بكه‌ن و له فیستیڤاڵه‌كانی تردا به‌رهه‌می باشتر پێشكه‌ش بكه‌ن. واته یه‌كێك له داكه‌وته‌كانی فیستیڤاڵی چیرۆكی بانه هاندانی چیرۆكنووسانه بۆ نووسینی چیرۆك و باش و باشتر. هاوكات جێگایه‌كه بۆ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خولیای ئه‌ده‌بی و دنیای چیرۆكیان هه‌یه تێیدا كۆده‌بنه‌وه و ئاگایان له یه‌كتری هه‌بێت.
* ئه‌گه‌ر باس له چیرۆك بكه‌ین گرنگی چیرۆك له چیدایه كه فیستیڤاڵێكی له‌م چه‌شنه‌ی بۆ ساز ده‌كرێت، گرنگی چیرۆك له ژیانی مرۆڤ به گشتی و تاكی كوردیدا له چیدایه؟
-چیرۆك به‌شێكی گرنگی پانتایی ئه‌ده‌بییه له‌نێو حه‌وزه‌ی گێڕانه‌وه (ریوایه‌ت). ئه‌ده‌بیاتێك كه ده‌گێڕێته‌وه و حیكایه‌ت ده‌كات. ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رده‌وام و سه‌رتاسه‌ری له‌ژیانی هه‌موو مرۆڤه‌كاندا هه‌یه. له‌سه‌ره‌تادا كه مرۆڤ له ئه‌شكه‌وتدا ده‌ژیا و پاش راوكردنی نێچیر و گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌شكه‌وت مرۆڤ پێی خۆش بوو كه ئه‌و رووداوانه له ژیانی رۆژانه‌دا بگێڕێته‌وه كه له‌و رۆژه‌دا به‌سه‌ری هاتووه له كاتی نێچیر گرتن. لێره‌وه دیاره، كه چیرۆك به‌رهه‌می ئه‌و خولیایه‌ی مرۆڤه بۆ گێڕانه‌وه ئه‌گه‌ر چیرۆك وه‌كو لقێك له لقه‌كانی ئه‌ده‌بی ریوایی پۆلێن بكه‌ین. ئه‌گه‌ر له كۆندا ده‌رده‌سه‌ری و ده‌غده‌غه‌ی گشتی له چیرۆك و حیكایه‌ته‌كاندا خرابێته‌ڕوو ئه‌وا له ئێستادا ئه‌وه گۆڕاوه بۆ باسكردن له چیرۆكی ژیانی تاكه‌كان و كێشه‌كانی ده‌روونی و زه‌یینییه‌كانی تێدا ده‌خرێته‌روو، بۆیه چیرۆك به‌رهه‌می ئه‌و قۆناغه‌یه.
ئێستا كاركردنی چیرۆكی چییه و بۆ چیرۆك ده‌نووسین؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه وه‌ڵامی پێویسته. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه واقیعیه‌ت له به‌رانبه‌ر مێژوودا كه لایه‌نێك له رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه، به‌ڵام چیرۆك دێت ئه‌و كاره‌ی كه چیرۆك كردوویه‌تی كامل و به‌هێزی ده‌كات، چونكه مێژوو به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك له كه‌سه‌كان و سیاسییه‌كان ده‌نوسرێته‌وه، به‌ڵام چیرۆك له به‌رانبه‌ردا دێت ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه مێژوو باسی نه‌كردوون و به سپێتی هێشتونیه‌تییه‌وه چیرۆك دێت باسیان ده‌كات. ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه مێژوو بۆی گرنگ نه‌بووه، چیرۆك دێت و باسی ده‌كات. له كۆتاییدا دووباره كردنه‌وه‌ی ته‌جروبه‌كانی زه‌ینی خۆیه‌تی كه مرۆڤ نه‌یتوانیوه له جێگایه‌كدا بیدركێنێت و باسی بكات باسی ده‌كات. یان ده‌توانین بڵێین چیرۆگ روایه‌تی خودی خوده. یانی ئه‌و ده‌روونه‌ی ئینسان، كه ونه له بن ناخود ئاگا و مه‌ودای خۆنیشاندانی نییه، له چیرۆكدا ده‌رده‌كه‌وێت. ده‌رفه‌تێكیشه بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه به زه‌ینی عه‌ینی مرۆڤ به‌سه‌ری كردونه‌ته‌وه له‌سه‌ر شانی كه‌لام بۆ خه‌ڵكانی تر بگێڕدرێته‌وه.
* ئه‌گه‌ر باس له ره‌خنه‌ی چیرۆك بكه‌ین له‌م فیستیڤاڵه‌دا له چاو فیستیڤاڵه‌كانی تر گرنگی ئه‌وتۆی پێنه‌درا. ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه تاكی ئێمه نایه‌وێت، یان كه‌متر گوێی له ره‌خنه بێت؟ یان چی تر؟
– واقیعیه‌ت ئه‌وه‌یه، كه له پۆلینكردنی عه‌قڵانییه‌تی به‌شه‌ری زه‌ینی مرۆڤ ئاوا پۆلێن ده‌كرێت كه له‌سه‌ره‌تادا به زه‌ینییه‌تێكی وێنه‌یی ده‌گه‌ین و دواتر ده‌گه‌ینه قۆناغێكی تر، كه چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌یه، له‌گه‌ڵا كێشه‌یه‌كی رووبه‌ڕووبوه‌وه‌ی زه‌ین، كه پله‌یه‌ك له گه‌شه‌كردن گه‌یشتبیت، كه بتوانین ئه‌و كێشه‌یه‌ی له‌گه‌ڵی رووبه‌ڕووه لایبدات و بگاته قۆناغێك كه كێشه بخوێنێته‌وه و ته‌رحی بكات. واته عه‌قڵانییه‌تی ره‌خنه پێویسته مرۆڤ چه‌ند دانه له بۆچوونی دژ وه‌ربگرێت و له كۆی ئه‌و بۆچوونانه شتێكی نوێ وه‌ده‌ربخات. له راستیدا عه‌قڵانییه‌تی ره‌خنه‌یی له‌و قۆناغه‌دا به‌رهه‌م دێت، كه هێشتا ئاوه‌ز و عه‌قڵانییه‌تی به كۆمه‌ڵی ئێمه‌ی كورد به‌و جێگایه نه‌گه‌یشتووه تا وه‌ریبگرێت. دوو دانه یان زیاتر بیروبۆچوونی دژ وه‌ربگرێت و خۆی هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكات.
ئه‌م فیستیڤاڵه‌ی به‌ڕێوه‌چوو له‌سه‌ر چیرۆك چه‌ند هۆكار هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌م خوله‌دا وه‌ك پێویست ره‌خنه ئاماده‌یی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ فیستیڤاڵه‌كانی پێشتر له‌و خولانه‌دا له‌سه‌ر هه‌ر چیرۆكێك ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن پێشكه‌ش ده‌كرا و ره‌خنه به هێند وه‌رده‌گیرا. به‌ڵام له‌م فیستیڤاڵه‌دا زیاتر گرنگی به ده‌قه‌كان درا وه‌ك له ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن له‌سه‌ر ده‌قه‌كان و ده‌توانین بڵێین ره‌خنه به ته‌واوی خرایه په‌راوێزه‌وه. بێگوه‌مان ده‌توانین ئه‌مه بگوازینه‌وه بۆ ئه‌و سه‌لیقه‌یه‌ی كه له نێو فیستیڤاڵه‌كه‌دا هه‌یه و ده‌یبات به‌ڕێوه و ئه‌و سه‌لیقانه ویستویانه له‌م خوله‌ی فیستیڤاڵدا به‌مجۆره كار بكه‌ن، نه‌ك ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ره‌خنه سه‌ركوت بكه‌ن.
من دڵنیام له ساڵانی داهاتوودا به‌م شێوه‌یه به‌ڕێ,ه ناچێت، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ڕێوه‌به‌رن، یان وه‌كو لیژنه‌ی زانستی فیستیڤاڵ كار ده‌كه‌ن و چه‌ند ساڵه ئاماده‌ییان هه‌یه له فیستیڤاڵدا دژ به‌م شێوه مامه‌ڵه‌كردنه بوون له‌گه‌ڵا ره‌خنه بۆیه له فیستیڤاڵه‌كانی تردا پێده‌چێت ئه‌و كه‌موكوڕییه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه.
*له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م فیستیڤاڵه‌دا كاری ره‌خنه‌یی زۆر كه‌مه، بۆیه وه‌زیفه‌ی ئه‌م فیتسڤاڵه‌یه كه په‌ره به‌م بواره بدات و كه ئه‌مه‌ش ناكات كه‌لینه‌كه زۆر به گه‌وره‌یی ده‌رده‌كه‌وێت، له دیدگای تۆوه هۆی لاوازی ره‌خنه‌ی ئێمه بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه، یان كه‌می ره‌خنه‌گر له‌نێو بزاوتی رۆشنبیری كوردیدا هۆكاری چییه؟
-كێشه‌ی سه‌ره‌ه‌تا له پێناسه كردنی ره‌خنه‌دایه. له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی ئێمه‌دا كه باس له ره‌خنه ده‌كرێت پێناسه سونه‌تییه‌كه‌ی كه له زه‌ینییه‌تی كۆمه‌ڵگه‌دا چه‌قی به‌ستووه خۆی نمایش ده‌كات، كه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ره‌خنه ئه‌وه‌یه كه كه‌سایه‌تی نووسه‌ره‌كه ببینیته‌وه و یان پێیدا هه‌ڵبڵێیت یان بیكوتێت، یان له كۆتاییدا ئه‌وه‌یه كه كه‌مێكیش ئاوڕ له ده‌ق بداته‌وه. یان ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌گر بیه‌وێت زۆر مۆدێرن بیر بكاته‌وه ئه‌و پێناسه‌یه‌یه كه ره‌خنه پردێنه له‌نێوان ده‌ق و خوێنه‌ردا. كاتێك كه به‌و شێوه‌یه چاو له ره‌خنه ده‌كرێت، ره‌خنه تووشی خه‌ساری زۆر ده‌بێت پێناسه‌ی یه‌كه‌م له ئێستادا كاركردنی نییه، به‌ڵام پێناسه‌ی دووه‌م یه‌كێك له پێناسه‌كانی نێو چه‌ندین پێناسه‌ی تری ره‌خنه‌یه. له ره‌خنه‌دا چه‌ندین كاركرد هه‌یه و ره‌نگه یه‌كێك له كاركرده‌كان ببێته پردی نێوان ده‌قی شیاو و خوێنه‌ر. به‌ڵام ئه‌وه ته‌واو ئه‌ركی ره‌خنه نییه. وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌یه‌كی كورتم پێدا تا ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به شێوه‌یه‌كی دروست و زانستی له وه‌زیفه‌ی ره‌خنه تێنه‌گه‌یشتووه.
له‌لایه‌نێكی تری كه‌می ره‌خنه‌گر له‌م به‌شه‌ی كوردستان (مه‌به‌ست رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه) نووسه‌ره‌كان ده‌غده‌قه‌ی تریان هه‌یه به‌ده‌ر له‌كاری ره‌خنه‌یی، بۆیه كه‌متر ده‌په‌رژێنه سه‌ر خوێندنه‌وه و راهێنانی خۆیان له‌سه‌ر تیۆری و ده‌قه‌كان له ستیم و جه‌ریانی ئه‌ده‌بدا بن و به‌رده‌وام له‌به‌رده‌ستیان بن و بیخوێننه‌وه. بۆیه به‌شێوه‌یه‌كی پرۆفیشناڵا و حرفه‌یی كار ناكه‌ن و له راستیدا نووسه‌ره‌كانی ئێمه نووسین هیچ ده‌ورو كاریگه‌رییه‌كی له به‌ڕێوه‌چوونیاندا نییه ته‌نها وه‌كو خولیایه‌كه كه له په‌راوێزی ژیانێكی رۆژانه‌ی زۆر بزێودا ئه‌زموون ده‌كرێت. لایه‌نێكی تر كه خه‌سارێكه بۆ ره‌خنه و له‌مپه‌ره بۆ گه‌شه‌كردنی ره‌خنه لای ئێمه ره‌خنه‌كان مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه‌یان نییه. و ته‌نها گۆڤارێك كه پێشتر هه‌بوو بۆ ئه‌و بواره گۆڤاری سروه بوو كه ئه‌ویش داخرا و ئێستا ته‌نها گۆڤاری (مهاباد) هه‌یه كه بوارێكی زۆر كه‌مه. ئیتر ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ته‌نها سایت و ماڵپه‌ره‌كانه كه ئه‌ویش ناتوانێت جێگایه‌ك بێت بۆ گه‌شه‌كردنی ره‌خنه و عه‌قڵانییه‌تی ره‌خنه‌یی، چونكه فه‌زای مه‌جازی فه‌زایی خێراییه و ساده‌گۆییه، نه‌ك فه‌زای قووڵبوونه‌وه. بۆیه به‌ڕووكه‌شی جوڵه‌ده‌كرێت و شته‌كان تێده‌په‌ڕن.
خاڵێكی تر كه گرنگه ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه كاری ره‌خنه‌گر كارێكی زۆر گرانتره له كاری نووسنی ده‌قێكی چیرۆك یان شیعر. ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان كه‌شێك كه شاعیره یان چیرۆكنووسه له‌گه‌ڵا ره‌خنه‌گرێت ده‌بینین كه چیرۆكنووسێك ده‌كرێت ته‌نها ئاگاداری ئه‌و چیرۆكانه بێت كه ده‌نوسرێن و بڵاو ده‌بنه‌وه و ئیتر ئه‌و له فه‌زای خۆیدا كار ده‌كات. چه‌ند رۆژێك یان چه‌ند كاتژمێرێك زیاتر له‌گه‌ڵا ده‌قێكدا ده‌مێنێته‌وه و ئیتر كۆتایی پێدێت و ده‌قه‌كه ده‌خولقێت. به‌ڵام ره‌خنه‌گر به‌و شێوه‌یه ناتوانێت كار بكات، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه كار بكات زوو له ناو ده‌چێت. ره‌خنه‌گر ده‌بێت به‌رده‌وام ئاگاداری ئه‌و چیرۆكانه بێت كه ده‌نوسرێن و بڵاو ده‌بنه‌وه، كه هه‌م ده‌قه‌كانی وڵاتی خۆی ده‌گرێته‌وه و هاوكات ده‌قه‌كانی وڵاتانی دراوسێ و ده‌وروبه‌ریش ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌بێت له پێشینه‌ی كلاسیكی ده‌قی شیعر و چیرۆك ئاگادار بێت، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه پێویستی به ئاگاداری هه‌یه له بواره‌كانی تری هونه‌ری وه‌كو (شێوه‌كاری، سینه‌ما، مۆزیك) هه‌روه‌ها ئاگاداری تۆره‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی جیهانی و تیۆره ره‌خنه‌ییه جیهانییه‌كان بێت و زانسته‌كانی مرۆڤناسیش شاره‌زا بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵا ده‌قدا پته‌وتر بێت و بیخوێنێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه بواری ره‌خنه‌یی بوارێكی زۆر چه‌توونه و هێزێكی ته‌واو زۆری ده‌وێت و خولیایه‌كی خه‌لاق و چالاكی ده‌وێت، كه ئه‌وه‌ش سه‌خته و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش ئه‌و مه‌ودا و ده‌رفه‌ته ده‌ڕه‌خسێنێت، بۆیه ره‌خنه‌گرمان زۆر كه‌مه. به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌م هه‌موو ئاسته‌نگانه‌دا كه له‌گه‌ڵا ره‌خنه‌گره فارسه‌كان رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه ئاستی ره‌خنه‌یی ئێمه به‌و شێوه‌یه نییه كه له خواره‌وه بێت، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك جێگادا له ئاستێكی به‌ره‌وسه‌رتریشه، به‌ڵام چونكه به كوردی ده‌نووسین و مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه‌مان كه‌مه و نییه. ئه‌و ئارامی و هێمنییه‌ی ره‌خنه‌گری فارس هه‌یه‌تی من نیمه، ئه‌و ئیمكاناته‌ی له‌به‌رده‌ستی ئه‌ودایه له‌به‌ر ده‌ستی مندا نییه بۆیه ره‌خنه‌گری فارس له ساڵێكدا، یان له دوو ساڵدا كۆی كاره ره‌خنه‌ییه‌كانی كۆده‌كاته‌وه و ده‌یكاته كتێب، كه له باری ئابوورییه‌وه كۆمه‌كی زیاتری ده‌كات و هه‌م له بواری مه‌عریفیشه‌وه ده‌ناسرێت. كه ره‌خنه‌گری كوردی ئه‌و بوارانه‌ی بۆ ناڕه‌خسێت.