
گوێ(نه)گرتن …. سیروان ره‌حیم
له بابه‌تی ئاخافتن و پێكه‌وه قسه‌كردندا، یان روونتر له بواری دیالۆگدا، ئه‌وه‌ی له وه‌ڵاتی ئێمه و ده‌وروبه‌رمان زۆرتر سه‌رنجم راده‌كێشێت شێوازی گوێگرتنه. لای ئێمه گوێگرتن گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی نییه. ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه زۆرن مه‌به‌ستیانه ته‌نها شتی خۆیان بڵێن و ئیتر بۆیان گرنگ نییه گوێ له به‌رانبه‌ر بگرن. له لای ئێمه سروشتی گوێنه‌گرتن به‌جۆرێك سه‌خته كه هه‌ڵكردن له ته‌كیدا ئازاربه‌خشه. گۆڕینی ئه‌و ره‌وشه كات و كاری ده‌وێت. پێویستی به په‌روه‌رده‌ی له‌باری نه‌وه‌كانه. ئه‌وانی تر جۆری گوێگرتن ئه‌وه‌نده پێویسته بۆیان، تا بتوانن به شێوه‌یه‌كی ورد له مه‌به‌ستی به‌رانبه‌ر بگه‌ن. یان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن شتی نێوان رسته‌كان و مه‌به‌ستی ئه‌ودیوی قسه‌كانیش تێبگه‌ن. به‌ڵام له لای ئێمه نه‌ك هه‌ر ناكرێ به‌و جۆره ورده گوهداری قسه و مه‌به‌ست بكرێت، به‌ڵكو هه‌میشه نیوه‌ی مه‌به‌ست حاڵی ده‌بن. تۆ سه‌رنج له مرۆڤه‌كانی ئێمه و ده‌وروبه‌رمان بده، به‌رده‌وام له كاتی قسه‌كردندا له ئاماده‌یی ته‌واو دایه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی خۆی ده‌رببڕێت، به‌ڵام كاتێك نۆره‌ی گوێگرتن دێت، وه‌كو پشو بدات، یان وه‌كو مۆڵه‌تی حه‌سانه‌وه‌ی وه‌رگرتبێت، شل و شاوانه گوێ له به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ده‌گرێت. گوێگرتنێك به‌رانبه‌ره‌كه‌ی هان نادات بۆ به‌رده‌وامی و بۆ جوانكاری ده‌ربڕین و تۆكمه‌بوون له پای رسته‌سازیدا. ئه‌ڵه‌مانه‌كان قسه‌یه‌كیان هه‌یه، به‌م جۆره‌یه: “ئه‌و ده‌توانێت باش گوێ بگرێت”. ئه‌م په‌سنه هیچی كه‌متره نییه له‌وه‌ی بگوترێ فڵان كه‌س ده‌توانێت باش قسه بكات، یان فڵان كه‌س به ده‌م و دووه. به‌ڵام جێگه‌ی داخێكی گرانه، ئێمه كه‌متر ئه‌و هونه‌ره‌مان تێدایه. هونه‌ری گوێگرتن. ئه‌وه‌یش هۆكاری په‌روه‌رده‌یی و دیرۆكی خۆی هه‌یه. له هه‌موو ئاسته‌كاندا ئێمه كه‌متر گوێ ده‌گرین. به‌شێكی زۆر له كێشه و ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵات له ئێسته‌دا هۆكاره‌كه‌ی گوێ نه‌گرتنه له یه‌كتر. سیاسی و سه‌ركرده‌كان گوێ له كه‌س ناگرن. ئه‌ندامانی خێزان گوێ له یه‌ك ناگرن. هاوڕێكان گوێ له یه‌ك ناگرن و هاوپیشه و ئه‌وانی تریش به هه‌مان جۆر. بێگومان نه‌هامه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه، وه‌كو گوتم، نه‌هامه‌تییه‌كه په‌یوه‌ندی ریشه‌یی به كو‌لتور و به په‌روه‌رده‌وه هه‌یه. په‌یوه‌ندییه‌ك ده‌بێت له بنه‌ڕه‌ته‌وه بگۆڕێت. با ته‌ماشایه‌كی هه‌موو ئه‌و دانیشتن و كۆبوونه‌وانه بكه‌ین له وه‌ڵاتی ئێمه، میوانداری و دیداره‌كانمان، له زۆرینه‌یاندا ته‌له‌فزیۆن خامۆش نابێت و ده‌نگی بڵنده. واتای راسته‌وخۆی ئه‌م كاره چییه؟ گوێ گرتن له یه‌كتر بۆ كه‌م كه‌س گرنگه. كاتێك كه‌سێك قسه بۆ من ده‌كات و منیش چاوێكم له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن بێـت، كه‌واته نیوه‌ی وزه‌ی گوێگرتنی بۆ ته‌رخان ده‌كه‌م. چونكه له بنه‌ڕه‌تدا گوێگرتن به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی نییه لامان، بۆیه چه‌قی وه‌رگرتن و حاڵی بوونم بۆ كه‌سی قسه‌كه‌ر ته‌رخان ناكه‌م. یان به زۆری ده‌زانم ئه‌وه‌نده وزه‌ی گوهداریی بده‌مێ. بۆیه له زۆرینه‌ی رهوشهكاندا نیوه‌ی كاتی ئه‌و دانیشتنانه به فیڕۆ ده‌ڕوات. بابه‌تی گوێنه‌گرتن له یه‌كتر، به‌رده‌وام ده‌مخاته رامانه‌وه، رامان سه‌باره‌ت به كو‌لتور و په‌روه‌رده‌ی خۆمان. بۆیه له ده‌رفه‌تی تردا دێمه‌وه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. به‌ڵام لێره‌دا به قسه‌یه‌كی فه‌یله‌سوفی گریگ، دێموكریتۆس (460-370 به‌ر له زانین) كۆتایی به‌م نووسینه دێنم. ئه‌و بیرمه‌نده ده‌رباره‌ی گوێنه‌گرتن گوتویه‌تی:
“شێوازێكه پڕ له بێ په‌روایی و بێ شه‌رمی، هه‌موو شتێك بڵێیت و نه‌خوازی گوهداریش بكه‌یت”.