یادی هەڵەبجە….. هێرۆ مەولوودی
Closed
ئاسمان
ئەمرۆ بە تەمە، هەوری بارانی هەیە
زەوى
دڵی پڕ ماتەمە و مەیلی گریانی هەیە
شارەزوور
ئەی دایكە قژ سووتاوەكەم
لە مێژە
خوێنت
دڵی رێبوارانی دەشتی قاقر دادەخورپێنێ
ئەستێرەى رزگاریت
لە پشت پرچی ئاڵۆزاوی كیژانت خۆ دەنوێنێ.
بۆ تاساوى؟!
شەو شینی رۆژ دەگێرێ
كراسە رەشەكەی بەرى
بە ئەستێرە گەشەكانی ئاسمان دەنەخشێ.
پێم بڵێ
ئەم شەو ئەستێرەكان بۆ وا كزن؟
مانگ بۆ هۆرەی تەنیایی دەچڕێ؟
چیاكان بۆ رومەتیان داڕنیوە؟
شەقامەكان بۆ وا كپن؟
شەو زرینگاوە
بەڵام دڵ ناسرەوێ
لە ژێر تیشكى تاوێنەرى مانگ
لە سەر تەختی خەیاڵ خۆ رادەكێشێ
هێور هێور
چاوەكانی دەبەستێ و
خەونی رێبوارێك دەبینێ.
رێبوارەكە
_كوردستانە_
بۆ خنكانی
_هەڵەبجەی _سووتاو
وەكو گڕكان
بە سەر سیمای نەیاراندا
ئاگر دەپڕژێنێ.
gelarezan@yahoo.com