Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
له‌قه‌فه‌زام …. نه‌به‌ز گۆران

له‌قه‌فه‌زام …. نه‌به‌ز گۆران

Closed

هیچ باش نیم
سه‌رم داویه‌تی له‌ سپیه‌تی و
دڵیشم له‌ گریان

گه‌ر تۆ بڕۆی
ئه‌بمه‌ دێوانه‌
كێواو كوێو گۆرانی غه‌ریبی ئه‌ڵێم.

گه‌ر تۆ لێره‌ نه‌بی
ئه‌ڵێی چۆله‌كه‌ی بێ‌ باڵم
ئه‌ڵێی خانه‌قایه‌كم بێ‌ زیكر.

گه‌ر تۆ لێره‌ بی
وه‌ك سنه‌وبه‌ر سه‌وزم
وه‌ك به‌یانی تازه‌م
وه‌ك گونده‌كه‌مان ساده‌م
وه‌ك گۆزه‌یه‌كی پڕ له‌ئاو
گه‌نجم.

هیچ باش نیم
وێران بووم وه‌ك نیشتیمان
ئه‌ڵێی دیوارێكی ڕوخاوم
ئه‌ڵێی دڵته‌نگی ئێواره‌م
ئه‌ڵێی خۆمم.

مه‌یلم به‌ره‌و پیری ئه‌چێ
باز ئه‌یه‌م به‌سه‌ر گه‌نجیا
باز ئه‌یه‌م به‌سه‌ر پێكه‌نینا
تا ئه‌گه‌مه‌ تامی ته‌نیایی
تائه‌گه‌مه‌ تامی بێتاقه‌تی
تا ئه‌گه‌مه‌ گریان.

ژورێكم هه‌یه‌
له‌نهۆمی سه‌ره‌وه‌ی ژیان
نزیك له‌ ئاسمان
ئه‌وه‌نه‌ دوورم له‌زه‌ویه‌وه‌
بۆنی فرینم لێدێ
بۆنی ئه‌ستێره‌م لێدێ‌
بۆنی بێ‌ تۆیم لێدێ‌.

هاورێیانێكم هه‌یه‌
ئه‌ڵێی شیعرن
پێم ئه‌ڵێن تۆ گه‌وره‌ی
منیش ئه‌ڵێم
ژیان هه‌رمێیێكه‌ ده‌ستم نایگاتێ‌

گه‌رتۆ بمری
ئه‌بمه‌ ده‌روێش
زیكری دوریت ئه‌كه‌م.

ئه‌زانم
شه‌قه‌ی باڵی ئازادی نایه‌
ئه‌زانم
ده‌نگی تفه‌نگێ
به‌رزتره‌ له‌ده‌نگی مناڵێ‌
پڕبوه‌ له‌برین ئه‌م وڵاته‌
پڕبوه‌ له‌جه‌نگ ئه‌م شاره‌
پڕبوه‌ له‌ دڵته‌نی ئه‌م ژیانه‌
پڕبوه‌ له‌بێ تۆیی ئه‌م دڵه‌.

ئه‌زانم
بێ‌ تۆیی یانی
ڕوتبونه‌وه‌ی دره‌ختێك به‌ده‌ستی پایز
یانی
ده‌ست هێنان به‌شانو ملی غه‌ریبیا
یانی
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆمناڵی له‌عورمی پیریا.

لێره‌ ئه‌بم
ئه‌ڵێی داربه‌ڕوم
ڕه‌گو ریشه‌كانم له‌م قه‌فه‌زه‌دان
له‌م نیشتیمانه‌دان.

نیشتیمان به‌بێ‌ یار
له‌سێوێكی گه‌نیو ئه‌چێ‌.

یار له‌هه‌ر شوێنێ بێ‌
ئه‌وێ نیشتیمانی دڵه‌.

دڵی من ئاواره‌یه‌
نیشتیمانی من ئاواره‌یه‌
چونكه‌ یار لێره‌ نیه‌.

به‌ بینینی تۆ
مه‌یلی مناڵی ئه‌كه‌م.

تاتۆ دێیته‌وه‌
ئه‌بمه‌ دێوانه‌
سه‌یركه‌ چه‌ن خه‌مگینه‌ ئه‌م شاره‌ بێ‌ تۆ
چه‌ن شكاوه‌ ئه‌م دڵه‌ بێ‌ تۆ.

ئه‌ی یار
له‌و كانیاوه‌ی دڵت
مشتێ‌ خۆشه‌ویستیم به‌رێ‌
با ببمه‌ شاعیر.

ده‌ستێك به‌رز كه‌وه‌و
پڕمكه‌ له‌گۆرانی
وه‌ك مێوێك
بئاڵێ‌ به‌ژیانمه‌وه‌
وه‌ك نیگارێك
نه‌خشیكه‌ ئه‌م ته‌نیایه‌.

من له‌قه‌فه‌زام
یاریش له‌ غه‌ریبی
 له‌نێوانم من و یارا … گریان هه‌یه‌
                                دووری هه‌یه‌
                             دڵته‌نگی هه‌یه‌
له‌نێوان من و یارا …. خه‌ون هه‌یه‌.

ده‌مه‌و عه‌سرانێك دێ
من و ئه‌و ده‌بینه‌ یه‌ك
وه‌ك جۆگه‌یه‌ك ئاو
تاو ئه‌و په‌ڕی ته‌ربوون ئه‌چین.

  
  ” سلێمانی “
  “2011 ”

Previous
Next