
بۆ هه‌تا هه‌تایه… ده‌رچوون له سووڕی نووسین و چوونه ناو سووڕی مانا
سه‌ره‌تای نووسین ده‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ی به یه‌كجاره‌كی جێ‌مان دێڵن ئه‌سته‌م ودژواره ، خۆشحاڵم به‌وه‌ی به‌م دێڕه‌ی پێشه‌وه سه‌ره‌تای ئه‌م نووسینه‌م تێپه‌ڕاند . عاده‌ته‌ن ئه‌م جۆره نووسینانه مۆركێكی زێده‌ڕۆیی و عاتیفی له‌خۆ ده‌گرن ! موحافیزكارانه ده‌نووسرێن ! به‌ڵام من لێره‌دا ئه‌و ئازادی زمانه ده‌ده‌مه خۆم كه ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی هه‌موو ئه‌زموونی شیعری خۆی بۆ ته‌رخان كرد و ساڵه‌های ساڵ خه‌ونی پێوه ده‌بینی و به هۆیه‌وه دووچاری ده‌سخۆشی و ته‌شه‌ری ئاشنا و بێگانه بوو ! سه‌یره .. هه‌ولێرییه‌كان له زۆربه‌ی بواره‌كانی ژیاندا هێمن و موحافیزكارن ! به ته‌نها له شیعر نه‌بێت : چه‌توون و نوێخوازن . شاعیرانی هه‌ولێر زۆربه‌یان سه‌عات یانزه و نیوی پێشنیوه‌ڕۆ بیانبینه كه‌سی عادین و ئاماده‌ن گه‌رمترین گفتوگۆ له باره‌ی باشی و خراپی برنجی بایه‌ع و شته‌كانی دیكه‌ی ژیانی رۆژانه دامه‌زرێنن ! كه‌چی كه ئێواره داهات ته‌قسی ئه‌فراندنیان ده‌ست پێده‌كات ، باپیرانیان : نالی و بۆدلێر زیندوو ده‌بنه‌وه ! وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆڵه سه‌ندن بێت له رۆژیان ، شه‌و پڕ ده‌كه‌ن له بۆن و به‌رامه‌ی ئاڵه‌ت و به‌هاراتی نوێخوازی .هه‌ر یه‌كه و له كونجێكی ماڵه‌كه‌یدا كه دیوارێكی نێوانه له‌گه‌ڵ ئه‌و دراوسێیانه‌ی (سه‌رییان بچێ .. نوێژیان ناچێ ) ، هه‌رچی كۆت و پێوه‌ندی زمان هه‌یه ورد و خاشی ده‌كه‌ن ! به‌م خه‌سڵه‌ته‌شه سه‌رفراز و نوێخوان ، لۆكاڵ و ناوچه‌یی نین . هه‌ولێر له سه‌نحاریبه‌وه تا ده‌گاته ( ع .ع .پیرباڵ ) هه‌روا بووه ، شاعیرانی له رۆژ دا پۆشته و په‌رداخن ، چه‌شنی بۆدلێر كه نه‌یده‌ویست ده‌وروبه‌ری بچووكترین ده‌رفه‌تی ره‌خنه‌گرتنیان بۆ بڕه‌خسێت ! به‌ڵام له شه‌ودا یاخی ده‌بن و گرێبه‌ستییان له گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه جیڕ به جیڕ ده‌كه‌ن . وزه‌ی ئه‌و ساوارهی نیوه‌ڕۆیان نۆشی ده‌كه‌ن ئێواران به سه‌مایه‌كی باخۆسییانه هه‌زمی ده‌كه‌ن ! بۆ شاعیران رۆژی هه‌ولێر زۆر سه‌خته ! هیچ نه‌یكوشتووم ئه‌و ته‌سبیحه بنێشتانه نه‌بێ كه هه‌ندێ له شاعیران رێوڕه‌سمی ئینتیما كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پێ ته‌واو ده‌كه‌ن ! خۆشبه‌ختانه چه‌ندین ته‌سبیحی بنێشت و سه‌ده‌ف و به‌ره‌دار و قهزوانم دیوه شه‌وان هاشم سه‌ڕاجی شاعیر پچڕاندوویه‌تی و به سرووشێكی زناكییانه هه‌وای داوه .
له‌م جه‌نجاڵیی و لێكدژییه سوریالی و ئه‌سته‌مانه‌ی نێوان : كاسبی و شیعر ، شاعیر و ئه‌وانی تر ، ته‌سبیح وخه‌یاڵ ، بایه‌ع و به‌هره ، ئیتر ژیان به گشتی : ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی شاعیرێكی تا سه‌ر ئێسقان نوێخوازه ، چونكه ئه‌گه‌ر شاعیرانی هاوه‌ڵی كاریان بۆ ئه‌وه كردبێت له ئه‌زموونی شیعری خۆیاندا مامه‌ڵه‌ی تازه له‌گه‌ڵ مانادا بكه‌ن و به‌ره‌و ئاقاری دیكه‌ی فۆرمی شیعر بڕۆن ، ئه‌وا مه‌سیفی له قۆناغێكی شیعری خۆی دا هه‌ر باوه‌ڕی به مانا نه‌ما ! به شێوه‌یه‌كی ساده دیارترین خه‌سڵه‌تی مه‌سیفی له شیعردا خۆی له (جورئه‌ت) ده‌بینێته‌وه . ئیتر ده‌ستی له‌وه شۆرد هه‌مبانه بۆرینه‌ی هه‌ژار موكریانی ببێته سه‌رچاوه‌ی رسته شیعرییه‌كان ، لای ئه‌و فۆڕمخوازی گه‌یشته راده‌ی زمان په‌رستی ، له شیعردا فۆرم و زمان ته‌مه‌ن درێژترن له بابه‌ت ، چونكه گره‌وكردن له‌سه‌ر بابه‌تی مه‌زن و پیرۆز به مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قی مه‌زن به‌بێ بوونی فۆرم و زمانی شیعریی نوێ داهێنانی لێ ناكه‌وێته‌وه . مه‌سیفی ده‌یویست بگاته شیعری موجڕهد و رووت ، لای ئه‌و عه‌قڵی مرۆڤ مانا ده‌به‌خشێته دیارده و شته‌كان (عه‌قڵ : كه دوژمنێكی مێژوویی و ئه‌زه‌لیی شیعره ) لای ئه‌و ماناكان به‌رهه‌می عه‌قڵن كه به‌رائه‌ته به‌راییه‌كانی شته‌كان ده‌شێوێنن . ده‌نا ره‌نگی نارنجی مانای چییه ؟ هیچ و جوانیشه ! خۆڵ مانای چییه ؟ هیچ و جوانیشه .كه‌واته شاعیر ده‌بێته‌وه ئه‌و منداڵه‌ی كه عه‌قڵ زاڵ نییه به‌سه‌ر ده‌ست هاویشتنهكانی ، جا ئاو بێ یا ئاگر . شاعیر چه‌شنی منداڵ عه‌قڵ نابێته قه‌پانی ماناكانی . شیعره‌كانی مه‌سیفی گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ئه‌وپه‌ڕی منداڵیی ، گه‌ر شاعیرانی تر شیعره‌كانیان گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێك له به‌رائه‌تی منداڵییان بێت ، ئه‌وا مه‌سیفی جورئه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه خودی ده‌قی شیعر بكاته‌وه گغه گغی منداڵان ! لێره‌وه شیعر ده‌بێته وێنه‌كێشان ، وشه‌كان ده‌بن به ره‌نگ .به‌ڵام كام وێنه و ره‌نگ ؟ نه‌ك ئه‌و تابلۆ رییالیزمییانهی كه‌لله‌سه‌ر و پۆستاڵ و ته‌لبه‌ند و جه‌مه‌دانی تێدایه ! به‌ڵكو ئه‌و وێنه و تابلۆیانه‌ی منداڵه ههترهشچووهكانی به‌رایی مێژوو له ئه‌شكه‌وته‌كان ده‌یانكێشا ، ئه‌و منداڵانه‌ی به‌وپه‌ڕی دڵسافییه‌وه ، به گرنگی دانێكی تا راده‌ی تۆقین وێنه‌ی مامزێكییان ده‌كێشا تا ماڵیی بكه‌ن ، نه‌وه‌كا ئه‌و مامزه خواوه‌ند بێت و تۆفانییان بۆ بنێرێت ! شیعر لای مه‌سیفی هێنده گه‌وره و پیرۆز بوو تا ئه‌و راده‌یه‌ی هه‌ندێ جار زمانی شیعری له ساده‌ترین ئه‌رك داده‌بڕی كه ئامرازی گه‌یاندن بێت . لای مه‌سیفی توڕهه‌ڵدانی مانا و دژایه‌تی كردنی مانا ،پێشینه و شه‌رعییه‌تێكی مێژوویی هه‌یه ، كۆمه‌ڵی كوردی هێنده‌ی قه‌رزاری شیعره ، قه‌رزاری هیچ ژانرێكی دیكه‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری نییه ، به‌ڵام ئه‌م ده‌سكه‌وته سۆسیۆ-سیاسییه گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر شیعری كوردی هێناوه ! چونكه شیعری كوردی هه‌میشه به بابه‌ت باركراوه : ئه‌حمه‌دی خانی به شیعر داوای پێویستیی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌لی كردووه ! حاجی قادر به شیعر داوای سه‌قافه و سه‌حافه‌ی كردووه ! حه‌مدی به شیعر ئامۆژگاری شێخ مه‌حمودی كردووه ! فایه‌ق بێكه‌س به شیعر داوای په‌چه‌لادان و شه‌مه‌نده‌فه‌ری كردووه ! شێركۆ بێكه‌س به شیعر داوای هه‌ڵوێستی سیاسی له ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان كردووه ! عه‌بده‌ڵڵا په‌شێو به شیعر سه‌ركۆنه‌ی حزبه‌كان و سیاسییه‌كانی كردووه ! ئیتر به شیعر داوای هه‌موو شتێك كراوه ! هانی وه‌رزشكاران دراوه ! داوا له شاره‌وانی كراوه نرخی باینجان دابشكێنێ ! هه‌ر هه‌موویشی به شیعر و به شیعر و به شیعر ! من خۆ ده‌زانم ئه‌و شاعیره ناودار و به حورمه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ریه‌كه و له قۆناغی خۆیدا ره‌نگه ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئێجگار پیرۆز و گه‌وره‌یان ئه‌نجام دابێت و شایه‌نی ئه‌وپه‌ڕی رێز و ته‌قدیرن ، به‌ڵام من قسه‌م له‌سه‌ر ئیشكالییه‌ته‌كانی شیعره ، چونكه كه شاعیر رۆڵی مێژوونووسێك ببینێ و به شیعر رووداوێك تۆمار ده‌كات ، له‌به‌ر بوونی خه‌یاڵ وه‌ك روكنێك له ئه‌ركانه‌كانی شیعر، ئه‌وا نه تۆماری رووتی رووداوه‌كه‌مان ده‌سده‌كه‌وێت و نه شیعره‌كه‌ش .
لێره‌وه مه‌سیفی شیعر ناكاته سه‌كۆی گه‌یاندنی بابه‌ت ، له‌سه‌ر شاكیلهی (نان بۆ نانه‌وا ) كبریائی شیعر ده‌پارێزێ . بابه‌ته سوواو و دووباره‌كان ، ده‌سته‌واژه شیعرییه ئێكسپایه‌ره‌كان ،( گیانه و به‌ڵام و گه‌رچی و كه‌چی و وه‌ك ) ه‌كان توڕ هه‌ڵده‌دا . باوه‌ڕی به به‌كارهێنانی هێما و سومبوله‌كانی له چه‌شنی ( كه‌و و ئه‌سپ و داربه‌ڕوو ) نامێنێ . مه‌سیفی له شیعره‌كانی دا به تایبه‌تی له هه‌ردوو كتێبی ( جل و به‌رگ و جمكهكان و شه‌یتان ) ئه‌و ئازادییه‌ی بۆ زمان گێڕاوه‌ته‌وه كه چه‌ندین ده‌یه‌یه لێی بێبه‌ش بووه . من باشم له یاده ، له نیوه‌ی دووه‌می سالانی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی له‌گه‌ڵ چه‌ند شاعیرێكی بههرهداردا له‌لایه‌ن خوێنده‌واره تهقلیدییهكانهوه رووبه‌ڕووی چه‌ندین هێرشی كوێرانه بوونه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی شیعر حیزب بێت و مه‌سیفی ئینشیقاقی كردبێت ! هه‌ندێك خوێنده‌وار تاوه‌كو ئێستاش گرنگی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی له شیعری تازه‌ی كوردی نازانن ! ئه‌و له پێناو باوه‌ڕه فۆرمخوازییهكانیدا له شیعر ، قوربانی به هه‌موو ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌دا كه له هه‌ردوو كتێبه شیعرییه‌كه‌ی (خۆر باران و جارێكی تر خۆرباران ) به ده‌ستی هێنابوو .
مه‌سیفی گه‌نجێك نه‌بوو له پێناو خۆده‌رخستن و ناوبانگدا (جل و به‌رگ و جمكهكان) بنووسێت ، به‌ڵكو هه‌ر پێویستیشی پێ نه‌بوو ، پێشتر شیعره‌كانی (خۆر باران) ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌یان بۆ مسۆگه‌ر كردبوو كه وه‌ك شاعیرێك حسێبی بۆ بكرێت .به‌ڵام بێزاربوونی له‌و ئاژاوه به لێشاوه‌ی ئه‌وسای شیعر و ئه‌و سنووردارییه‌ی ده‌ربڕین ، ئاقاری دیكه‌ی دنیابینی و ده‌ربڕینی نیشان دا .
ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی خۆی له پێشه‌كی كتێبی شیعریی (جارێكی تر خۆرباران) دا كه له ساڵی 1984 چاپكراوه ، نووسیویه‌تی( ده‌با به خۆماندا بچینه‌وه ، هه‌ر هیچ نه‌بێ بهشكهم له ده‌رگای شاعیرانی داهێنه‌ر بده‌ین . بهشكهم شیعری ئه‌مڕۆی كوردیش ، به نه‌خشه ، خه‌تێكی به‌یانیی درووستی بۆ بكرێت … شیعری ئه‌مڕۆی كوردی : غه‌دری لێ ده‌كرێت ) . مه‌سیفی پێش بیست ساڵ و زیاتریش ئه‌م رایانه‌ی نووسیوه و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش هه‌ر راستی تێدایه ! به‌ڵێ له ئێستاشدا شیعری كوردی پێویستی به‌وه هه‌یه چاو به نه‌خشه‌كه‌یدا بگێڕدرێته‌وه ، ئه‌و بیگ برازه‌ر و برا هه‌ره گه‌ورانه‌ی شیعری كوردی كه به جه‌ماوه‌ری حیزب (نه‌ك شیعر) ده‌روازه‌ی هه‌موو په‌راوێزه‌كانی داهێنانیان له رووی نه‌وه‌ی تازه داخستووه ، پێویسته به بلدۆزه‌ری نووسین و پێداچوونه‌وه قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی خۆیانیان پێ بدرێت . به‌ڵێ ئه‌نوه‌ر راست ده‌كات (شیعری ئه‌مڕۆی كوردی غه‌دری لێ ده‌كرێت) چا نییه جاران حاجی قادر و فایه‌ق بێكه‌س خه‌می نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵییان به شیعر باس ده‌كرد ، ئێستا ئاستی شیعر و شاعیر گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی شیعر بۆ به‌خێرهاتنه‌وه‌ی مه‌سئووله‌كان بنووسرێت ! ، شیعر بۆ نه‌دوه‌ی ئافره‌تان و لاوان بنووسرێت ! ئه‌و بێده‌نگییه چییه به‌رامبه‌ر به‌و پاشه‌گه‌ردانییه؟ ئه‌م ئه‌تك كردن و سووكایه‌تی پێكردنه به‌رامبه‌ر به شیعر تا كه‌ی ؟
سه‌یریش له‌وه‌دایه ئه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره شیعرانه ده‌نووسن له وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێكی موحریجدا ده‌ڵێن : گرنگ نییه ده‌رباره‌ی چی دهنوووسی ، گرنگ ئه‌وه‌یه شیعر بێت ! باشه .. به قسه‌ی ئه‌وان بێت پێویسته گه‌لی عێراق هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌یكه‌رێك بۆ عه‌بدولره‌زاق عه‌بدولواحید دروست بكات (هه‌رچه‌نده شاعیری ده‌رباری سهداممی دیكتاتۆر و به‌عسی فاشی بوو ) چونكه (گرنگ نییه ده‌رباره‌ی چی نووسیوه ، گرنگ ئه‌وه‌یه شیعره) . سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌و شیعرانه (مرور الكرام) تێده‌په‌ڕن و كه‌س ورته‌ی لێوه نایه ! له‌م فه‌وزای مانایهوهیه مه‌سیفی ئازادی تا مه‌ست بوون ده‌داته زمان و فۆرمی شیعر . چونكه گه‌ر له هه‌موو بواره‌كانی ژیان ئازادی سنوور و تخووبی هه‌بێت ئه‌وا له شیعردا سنوور و تخووب نییه ، لێره‌وه وێنه بێ زیاده‌كانی ئه‌نوه‌ر له دایك ده‌بن :
(پیاوه به كهزییهكان كهونیان
له ئاو هه‌ڵكێشا
هه‌روه‌ها سه‌ی سپی
ته‌ماشای ساقۆی من ده‌كا
پیاوه به كهزییهكان
چه‌كیان له مانگ تاشی
پیاوه به كهزییهكان
كهونیان له سه‌ی سپی تاشی
پیاوه به كهزییهكان
ته‌مبوور قوڕیان له
ساقۆی من تاشی
ساقۆی من
ژنێكی ئالییان له ناو دایه
ژنێكی ئالی
جل و به‌رگ شیر ) – له قه‌سیده‌یه‌كی كتێبی شیعریی( شه‌یتان )
با ته‌ماشای ئه‌و بێ منهتییهی مه‌سیفی بكه‌ین به‌رامبه‌ر به هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی له شیعری كۆن و تازه‌ی كوردی دا به‌كارهاتوون :
( له بن پردی ره‌نگ بێجێ
دارستانی دا
سه قه‌بری لێده‌دا
ئه‌فسانه‌ش غاردهداته دره‌ختی
په‌لك به كرێ
بزنی ناو ژووره‌كه‌م له سه رامایه
باڵنده گۆشتیان به‌ردا
ئه‌فسانه‌ش غارده‌دا
زه‌وی لای راستی شكا
لكه هه‌نجیری پشت كۆران
تای ردێنی من
سه به‌له‌می هێسكی برد
ئاو شكا
به‌له‌م رۆیی /
ردێن له ناو كاولان
لا سییهكم كه‌ونه دیوار
خۆڵی پشتان به‌رد
قڕێژی نه‌خۆشان گیا
ژنی زگ پڕ باران
له‌شكر
له
مووی
بن
كه‌وشان ) – له قه‌سیده‌ی (جل و به‌رگ و جمكهكان )
جورئه‌تی درووست كردنی ئه‌م وێنه شیعرییانه و ئه‌م دراوسێیه‌تییه تازانه‌ی وشه‌كان هه‌ر ئه‌نوه‌ری تازه‌گه‌ر و نوێخواز ده‌یخوڵقێنێ ! ئه‌نوه‌ر هه‌قی خۆی بوو كه زۆر جاران ده‌یگوت : (متمانه‌م به نه‌وه‌كانی ئاینده‌یه) . ئه‌و ده‌یزانی ئه‌م وێنانه به كه‌ڵكی درووشمی هیچ حیزب و گرووپ و تاقمێك نایه‌ن ، ده‌شیزانی له‌ناو شاعیرانی هاوه‌ڵیدا له ده‌ره‌وه‌ی پۆل ده‌فڕێت . بۆیه ناهه‌ق نه‌بوو وه‌كو بۆدلێر چاو ببڕێته نه‌وه‌كانی داهاتوو ! ئه‌مه چ جورئهتێكه هه‌رچی پێشینه‌ی به‌كارهێنانی زمانه له شیعردا توڕی هه‌ڵده‌یت ؟! مێشكت له به‌كارهێنانه‌كانی پێش خۆت پاك بكه‌یته‌وه و گه‌ڕه‌كێكی تازه‌ی ناو زمان بدۆزیته‌وه ! ئه‌گه‌ر داداكانی شیعری ئۆرۆپی زاده‌ی بێزاربوونییان بێت له شه‌ڕه‌كان و بێ نرخ بوونی مرۆڤه‌كان ئه‌وه وێڕای ئه‌م هۆیه مه‌سیفی بێزاربوو له بێ نرخ بوونی شیعر و نه‌مانی وه‌كو په‌یامێكی پاكبوونه‌وه له ناو كورددا ، ئه‌مه‌ش ئۆباڵه‌كه‌ی ته‌واو له ئه‌ستۆی ئه‌و شاعیرانه‌یه كه سه‌رجه‌م بیر و هۆشیان لای ئه‌وه‌یه چۆن شیعره‌كانیان تێكه‌ڵ به پڕۆژه‌ی ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه ؟!
هه‌ندێ خوێنه‌ری شیعرم دیوه كه گله‌ییان له‌وه هه‌بووه له هه‌ندێ شیعره‌كانی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی ناگه‌ن . له راستیدا له گۆشه‌نیگای خه‌یاڵه‌وه شاعیر هه‌ڵه ناكا گه‌ر شیعر بباته ئاستێك خوێنه‌ر هیچی لێ ههڵنهكڕێنێت ، چونكه مه‌رج نییه شیعر به‌و ئامراز و میكانیزمانه‌ی زمان كاربكات كه خه‌ڵك قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن و به سیاقهكانی ئاشنان . شیعر مولزه‌م نییه كارئاسانی له ده‌ربڕین و مانا به‌خشین بكات . شیعره‌كانی ئه‌نوه‌ر ده‌مانبه‌نه سه‌ر هه‌قیقه‌تێك : له شیعردا پێویسته چاوه‌ڕێی هیچ ورده‌كارییه‌ك نه‌كه‌ین، ئه‌م جۆره شیعرانه داوهتێكن بۆ خوێنه‌ر تا ئازاد بێت و بزانێت كه شیعر مهرادفی ئازادییه . شیعر بریتی ده‌بێ له دره‌وشانه‌وه‌ی چه‌ند تاڵه رووناكییه‌ك و خوێنه‌ر خۆی بڕیار ده‌دا تیشكن یان تریفه ؟ بڕیار ده‌دا مانیان چییه ؟ ئه‌و شاعیرانه‌ی هه‌ڵوێستی خواوه‌ندیان به‌رامبه‌ر به شیعره‌كانی خۆیان هه‌یه و هه‌موو شتێك له شیعردا روونده‌كه‌نه‌وه و هه‌موو ورده‌كارییه‌كان ده‌به‌خشن ، ئه‌وا حسێبی خوێنه‌ری زیره‌ك ناكه‌ن ! خوێنه‌ر به نه‌زان ده‌زانن ! لای من شیعری باش وه‌كو قسه‌ی دایك وایه : دایك له قسه‌كردندا بێ ورده‌كاری دنیایه‌ك ئاماژه‌ی سۆزاویت پێ ده‌به‌خشێت ! .
لای مه‌سیفی شاعیر وێنه‌گری فۆتۆگرافی نییه دیارده و شته‌كانی واقیع به شیعر كۆپی بكات . ئه‌وكاته‌ی بۆدلێر له‌سه‌ر دیوانی (گوڵه‌كانی خراپه) درایه دادگا و به پاساوی خراپه‌كردن به‌رامبه‌ر ئه‌خلاقی كۆمه‌ڵ ودابونه‌ریت بڕیار درا شه‌ش قه‌سیده‌ی له دیوانه‌كه بسڕدرێته‌وه و 300 فره‌نك غه‌رامه بكرێ ، له‌و هه‌موو ناهه‌قییه ته‌نها ئه‌وه‌ی له دڵ ده‌رنه‌ده‌چوو كه داواكاری گشتی دادگا له مورافهعهكاندا بۆدلێری به (شاعیری واقیعی ) ناو ده‌برد ! جارێكیان مه‌سیفی پێی گوتم (كه له گۆی زه‌وی ورد ده‌بمه‌وه، هه‌ست ده‌كه‌م هێنده پیره ، گرمۆڵه بۆته‌وه و له تورهگهیهكدا شوێنی ده‌بێته‌وه ! كه كه‌ند و كۆسپ ده‌بینم هه‌ست ده‌كه‌م لۆچه‌كانی پیره عه‌رده ) ، لای ئه‌و جیهان پیاوێكی سمێڵ بابڕ بوو ، به شێوه‌یه‌ك كه لێناگه‌ڕێ شه‌ڕ و ئاژاوه‌كان كۆتاییان بێت . لای مه‌سیفی ئه‌ركی شاعیر ئه‌وه‌یه مێینه‌یی و نوێخوازی بۆ دنیا بگه‌ڕێنێته‌وه . خۆی له شیعرێكدا ده‌ڵێ :
( ئه‌گه‌ر مردم
له‌و كێوانه‌ی كه ئێواران خۆریان لێ ئاوا نابێ
به ژن دامپۆشن )
هه‌ن .. سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێویسته خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ شیعر ، نابێت دوور و نزیك په‌یوه‌ندی به كه‌سێتی شاعیره‌كه‌وه هه‌بێت . نه‌ك سوور ، به‌ڵكو شین و مۆریش ببنه‌وه ، كاتێ دێیته سه‌ر قسه‌كردن له‌باره‌ی شاعیرێك كه به كاره‌ساتێكی جه‌رگبڕ ، مردنێكی ناڕه‌وای پێ ره‌وا ده‌بینرێ ، ناكرێت یاده‌وه‌ریت له‌گه‌ڵیدا نه‌بێته تامی هه‌ر نووسینێك . سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه هه‌موو وشه‌یه‌ك له‌باره‌ی مردووه‌كانه‌وه ، بته‌وێ و نه‌ته‌وێ ده‌چێته خانه‌ی داوای لێبوردنه‌وه ، له‌وه‌ی كه باشتر و جوانتر مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵیدا نه‌كردووه ! یه‌ك به‌خۆم ویژدانم به‌رامبه‌ر ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی ئاسوده‌یه ، من هه‌میشه پێم وابووه شه‌ڕی ناو زمان كوشتنی لێناكه‌وێته‌وه ، ئه‌وه‌ی له شیعریشدا ده‌مێنێته‌وه مانا نییه ، به‌ڵكو سیاق و داڕشتنه . ده‌نا له دنیادا چ بابه‌تێك ماوه كۆن نه‌بووبێت ؟ مه‌رگ ، ته‌نیایی ، خۆشه‌ویستی ، نیشتمان .. هه‌موو بابهتهكان كۆنن و سه‌دان ساڵه له‌باره‌یانه‌وه ده‌نووسرێت ، كه‌واته چی وا ده‌كات نووسه‌ره‌كان به درێژایی مێژوو جیاوازی له خولقاندن بنوێنن ، مه‌گه‌ر داڕشتن نییه ؟ بۆچی شیعره‌كه‌ی نالی له‌باره‌ی گوێدرێژهكهیهوه نه‌مرتر و گرنگتره له‌و هه‌موو فه‌رده شیعرانه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌وه نووسراون ؟ غێر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه بابه‌تی مه‌زن قه‌ت مه‌رج نییه ده‌قی مه‌زنی لێبكه‌وێته‌وه ، ئه‌وانه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله‌وه شیعریان نووسیوه ته‌نیا پشتیان به گه‌وره‌یی و مه‌زنیی بابه‌ته‌كه به‌ستووه ، به‌ڵام چونكه داڕشتنیان جیاواز و ناوازه نه‌بووه ، بوونه‌ته دیكۆمێنتێك كه ته‌نیا نووزانهوهیان تۆمار كردووه .
ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی له ژیانی خۆیدا و له ئه‌زموونی شیعریشدا زۆر رووبه‌ڕووی دژایه‌تی بۆوه ، كار گه یشته ئه‌وه‌ی بڵێن به‌عسیه‌كان ده‌یانه‌وێت هه‌موو كورد ئه‌م جۆره شیعره بنووسن و كه‌س تێینه‌گات و ئه‌مه موئامه‌ره‌یه و ده‌ستی ناپاكانه‌ی له پشته‌وه‌یه . ئه‌م هه‌موو ههرایهیش هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیفی ئاماده نه‌بوو تا ئه‌به‌د ، كه‌و به خائین و ئه‌سپ به شۆڕش و داربه‌ڕوو به خه‌ڵكی به‌حركه بچوێنێت و ( ئه‌سپی خۆی تاو بدات ! ) و له قه‌رسیلی ئه‌و سومبوله فاشیلانه‌دا ته‌ڕاتێن بكا .
ئه‌ندێشه‌ی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی له ئه‌ندێشه‌ی كۆترێكی سپی ده‌چێت كه كه‌وتبێته ناو ریشۆڵان ، هه‌موو ره‌شن و ته‌نیا ئه‌و سپییه ، كه‌سیش نییه شایه‌تی سپی بوونی بدات ، ئه‌و كۆتره به‌س ده‌توانێت سه‌یری باڵه‌كانی خۆی بكات و متمانه‌ی به جیاوازییه جوانه‌كانی خۆی بێته‌وه ، له ناخه‌وه بێگومانه له كۆتر بوونی خۆی ، هه‌موو واقیعه‌كه‌ش پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنێت . ئای له كۆتر ، به فڕینی : ئاسمان له شێوه‌ی كڵاوێك ده‌چنێت ، كڵاوێك پڕ به‌سه‌ری خه‌یاڵ و ئاینده . ئای له واقیع : گۆڕێكه باو و رابردووی تیادا نێژراوه .
هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی ئه‌نوه‌ر مهسیفیان ده‌كرد ، ده‌یانویست كۆتره‌كه كوێر بكه‌ن و نه‌توانێت سه‌یری باڵه جیاوازه‌كانی خۆی بكات ، دڕدۆنگ بێت له ره‌شێتی ئه‌وانی دیكه و سپێتی خۆی .
لێره‌وه من ، منێك كه گرنگ نه‌بووم وه‌ك پێم وابوو ، منێك رۆژێك به دیار سه‌یر كردنی ته‌له‌فزیۆنه‌وه ده‌مرم و كه‌س تێبینیم ناكات ، منێك كه ره‌نگه له‌به‌ره‌ی ریشۆڵان بم :
شایه‌تی سپێتی ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی ده‌ده‌م .
مهخابنیش ئه‌و ئه‌نوه‌ر مهسیفیهی هه‌موو ئه‌زموونی لایه‌نگیری نووسین بوو به‌رامبه‌ر به مانا ، به مردنی بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌رچوو له سووڕی نووسین و بۆ هه‌تا هه‌تایه چووه ناو سووڕی مانا .
ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی /
• له ساڵی 1952 له گوندی (كۆڕێ ) سه‌ر به هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین له دایك بووه .
*به‌رهه‌مه‌كانی :
1. خۆر باران – شیعر 1978 .
2. جارێكی تر خۆر باران – شیعر 1984 .
3. جل و به‌رگ و جمكهكان – شیعر 1990 .
4. پیره‌مێردێك بۆ فرۆشتن – شانۆگه‌ری بۆ خوێندنه‌وه یان شیعری سینه‌ما -2003 .
5. شه‌یتان – شیعر 2003 .
6. به‌یانی فۆرمی گران – وتاری ئه‌ده‌بی .
7. ئه‌و گۆرانییه‌ی نه‌مگوت – شیعر (دوا كتێبی شاعیره ) .
• له 2 /10/2005 به رووداوی ئۆتۆمبێل له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی و دوو منداڵی ، كۆچی دوایی كرد .