Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دوژمن  لە دوای کوشتنی ئوسامە

دوژمن لە دوای کوشتنی ئوسامە

Closed

پاش کەم دەرکەوتن و بێدەنگیەکی درێژ خایەن ، ئوسامە بن لادن بە کوژراوی هاتەوە نێو هەواڵەکانی میدیای جیهانی . تیمە سەربازیە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپیراسیۆنێکی 40  دەقەدا داواکراوی ژمارە یەکی ئەمریکایان لە نێوبرد . تا ئێستا ئەمریکا چەند جارێک شێوازو چۆنیەتی بەڕێوەچوون و کوشتنی ” دووژمن ” ەکەی خۆیان گۆڕیوە . ئەم دەقە ناکۆکانەی بەرپرسانی سەربازی وحکومی لە ئەمریکا توانیویەتی خەڵکێکی زۆر لە دونیا بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات.میدیا لۆکەڵیەکان و جیهانیەکان پرسیاری سەرەکی و تەرکیزیان ئێستا لەسەر ئەوەیە : ئایا ئوسامە بە زیندویی گیرا ئینجا بە دیلی کوشتیان ، یان بەرگری کردو لەبەرگریا گولە نێوچەوانی پێکا ؟ خەڵکانێکی زۆری خۆ بە لایەنگری زانی ئوسامەو ڕێبازەکەی لە ووڵاتە جیاجیاکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بێجگە لە دانانی تازیەو بە “شەهید” ناساندنی ئوسامەو بە سیمبول کردنی ، ئەوانیش بە شێوازو ڕێگەی جیاواز بە گەرمی تێکەڵی وروژاندنی وەڵام و پرسیاری وردترن لە هەمان چوارچێوەدا.

چەند حەقیقەتێکی سەرەکی و لاوەکی لە توێ ی ئەم ئەرگیۆمێنتە جیهانیە ونەو پشت گوێ خراوە . وروژاندنی پرسیاری دیل کوشتن ، هەوڵدان  بۆخەست کردنەوە ی ئەم ڕووداوە بۆئەنجامگیریەکی ئەخلاقی و قفڵ دانی ئەرگیۆمێنتەکە بە کێشەی دیل کوشتن لەسەر حیسابی حەقیقەتە سەرەکیەکە بەڕێوە دەچێ . هەردووکیان : سوپای ئەمریکا و ڕێکخراوی (ئەلقاعیدە) بە پراکتیک باوەڕیان بە دیل کوشتن هەیە ، ئەوەی یەکەمیان بەگولە ئەوەی دووەمیان بە شمشێرو سەربڕین . لە مێژووی هەردووکیاندا زەمەنێکی دیاری کراو نەبووە کە پابەندی یەک جاڕنامەی نێودەوڵەتی ببن لە چەشنی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی جەنگ و مافی مرۆڤ . ڕەوشتەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام ، لە مێژووی وولاتەکانی ئەمریکای لاتین ، لە شەڕی کوێت ، لە داگیرکردنی عێراق و ڕووخاندنی سەدام ، لێواو لیوە لە تاوان . ڕەوشتەکانی (ئەلقاعیدە)ش سەد لەسەد بەهەمان شێوە : لە هەرکوێیەکی دونیا دەستیان بە مرۆڤ گەیشتبێت ، هەر لە کوێرە دێیەکانی سۆماڵەوە بگرە تە دەگاتە تەقاندنەوەی هێڵی شەمەندفەر لە مەدرید بە باوەڕو میزاجێکی ساردەوە قەسابی مرۆڤیان کردووە . قسەی لەسەر نیە ئوسامەش ئەم تیمەی چەک کردبا دوای ئەوە بە کامیرای ڤیدیۆ وێنەی دەگرتن هەموویانی سەردەبڕین ، ئەوە جێگەی سەرسوڕمان دەبوو ئەگەر لە سەرجەمی ئەم ڕووداوە دیل کوشتنی تیا نەبوایە بە چاوپۆشین لەوەی کامە لا بە سەرکەوتویی لەم ڕووداوە هاتەدەر .

ئەمریکا لەم ڕۆژانەی دوایی بە فەرمی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر حکومەتی پاکستان و دەزگای جاسوسی ئەم ووڵاتە دەربڕی ، گوایە چۆن ئوسامە توانیویەتی داڵدەیەک لە شوێنێکی وادا لە نێو جەرگەی ئەم وولاتە پەیدا بکات ؟ ئەم ناڕازایەتیەی ئەمریکا، ڕەنگە بتوانێ هاوڵاتیانێکی بێ ئاگا چ لە ئەمریکاو چ لە دەرەوەی ئەمریکا ڕیز بکا بە دەوری کەیسی “مەزڵوم ” بوونی ئەمریکاو بەرامبەرکێ ی لەگەڵ ” ناپاکی” دۆستەکانی خۆی لە بابەتی پاکستان . بەڵام ، بە ئاوڕدانەوەیەکی زۆر خێرا لە ڕۆڵ و لە مێژووی دەزگا هەواڵگریەکانی پاکستان  هەر لە ئامادەکردن و دروست کردنی موجاهیدەکان  بۆ شەڕی سۆڤیەت تا دروست کردنی تاڵیبان پشتگیری کردنی لۆجستی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەفگانستان ، تا ڕێکخستنی وتوێژی نهێنی لە نێوان  سەرکردەکانی تاڵیبان و ئەمریکا لە کۆتاییەکانی 2010   لە ئیمارات و دواتر زیندانی کردنی وفدەکەی تاڵیبان دوای گەڕانەوەیان لە وتوێژەکان ، هەمووی تەعبیر لە شاگردبوونێکی بێ شەخسیەت و مل کەچ بوونێکی بێ مەرجی ئەم دەوڵەتەو دەزگا جاسوسیەکەی دەکەن بۆ ئەمریکا . ئەم  نوسینە تەواو لەو باوەڕەیە : کە پاکستان  بە ئاگاداری  تەواوی ئەمریکا ، هەر لە ڕێگەی تۆڕی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئوسامە توانیویەتی وا لە ئوسامە بگەینن کە ئەوان داڵدەی دەدەن (هەروەکو چۆن داڵدی هەموو سەرکردەکانی ئێستای تاڵیبانیان داوە) دیاریش نیە ئوسامە  چەند  کرۆکی ڕاستەقینەی ئەم (دەست بەسەربوونە) ی لەبەرگی داڵدە دان قبوڵ کردووە !

تەوقیتی کوشتنی ئوسامە، کلیلی حەقیقەتی سەرەکی ئەم ڕووداوەیە . چۆن ؟ یەکەم – داگیر کردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا دووا چانسی (ئەلقاعیدە)بوو، بۆ سەرلەنوێ ئەکتیڤ کردنەوەی ڕێکخراوەکەو ڕاکێشانی خۆبەخت کەرو موجاهیدی تازە ، بۆ بەرەکانی خۆ تەقاندندوە لە نێو بازارەکانی عێراق و مەیدانی کرێکاران و قوتابخانەی  منداڵان . ئەم شێوازە بەربەریە لە عێراق فەشەلی هێنا .  ستراتیژی قاعیدە بۆ دووبارە کردنەوەی شەڕ لە گەڵ شەیتانێکی گەورەی دونیایی وەکو (سۆڤیەت لە ئەفگانستان) نەیتوانی بەرجەستە ببێ . دووەم -هەڵ ومەرجە جیهانیەکان و شۆڕشەکانی 2011  لە وولاتە عەرەبیەکان ڕەنگە تا ئەمڕۆ ئامادەبوونی هێزە سیاسیەکانی پەنای دین ی لاواز نەکردبێت. بەڵام ، بە دڵنیایی لە هەموویان زیاتر ڕێکخراوی(ئەلقاعیدە)ی وەکو تەریکترین و لاوازترین هێز نیشان دا کە کاریگەری هەبێ بەسەر ڕووداوەکان . ئەلقاعیدە وەکو ڕیكخراوێکی سیاسی لە مێژووی ئەمڕۆدا بەشە سەرەکیەکانی ئەکتیڤ بوونی ئیفلیج بووە ، ئاسۆیەکی نییە کە کەی و چۆن و لە کوێ سەردەرکاتەوە ؟ ڕەنگە هەڵ و مەرجێکی تری مێژوویی دروست بێتەوە کە ئەمریکا خۆی زیندوویان کاتەوە. بەڵام ، بەلای کەمی بۆ ئەمڕۆ سەد لەسەد سەردەمی زێڕینی 10  ساڵ لەمەوبەری یازدەی سێپتێمبەری2001   لەدەست چوو، ئێستا چیتر لەو ئاستە نین کە تەنانەت ئەمریکا بتوانێ وێنەیەکی پف کراوی ” دوژمن ” ی سەرەکیان لێ دروست بکا، بۆ ئەوەی شەرعیەت بە میلیتاریزم و تاکڕەوی خۆی بدا لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا .

 ئوسامە دەمێکە تەرمی  سیاسی خۆی بە سەرشانەوە بوو ، کوشتنە جەستەیەکەی بۆ ئەوە هەلگیرابوو کە گەورەترین بەروبوومی سیاسی لێ کۆکرێتەوە . هەروەک چۆن نەکوشتنیشی لە کۆتایی دەیەی نەوەدەکان بەروبومی سیاسی لێ کۆکرایەوە. چونکە لە کۆتایی دەیەی نەوەدەکان کە هێشتا ئوسامە لە سودان جێگیربوو، حکومەتی سودانی ویستی سەودایەکی سیاسی لە گەڵ کابینەکەی (بیل کلینتۆن) ڕێک بخا ، پوختەی سەودایەکە ئەوەبوو کە ئەمریکا هەندێ لە سزا ئابوریەکانی سەر سودان لابدات وکۆمەکی ئابووری بە سودان بکات . لەبەرامبەریشدا حکومەتی سودان ئوسامە ڕادەستی ئەمریکا بکات . بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی سودان پێش وەخت زانیاری تەوای دایە ئەمریکا لەسەر وادەو ژمارەی ئەو فڕۆکەیە ی کە ئوسامە لە سودانەوە پێ دەردەچوو . بەڵام ، ئەمریکا قبوڵی نەکرد ! چونکە ئەمریکاش وەکو ئەلقاعیدە ناتوانێ بێ ” دوژمن ” ژیانی سیاسی میلیتاریستی وئایدیۆلۆژی خۆی بەڕێوەببا. لۆژیکی ئەمریکا ئەوەبوو کە ئوسامە بە ئازادی لەم سەربۆ ئەوسەری دونیا جموجۆڵ بکا دەتوانێ زەمانەتی دروست بوونی دوژمن بکا ، نەک لە بەندیخانەیەکی ئەمریکادا . لە دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە 3  ساڵ ئەم چاوەڕوانیەی ئەمریکا لە ئوسامە ڕاست دەرچوو هێرشەکانی 11  سێپتێمبەر بووە گەورەترین دیاری ئەلقاعیدە بۆ ئەمریکا . ئەم دیاریە دونیای گۆڕی ،  دونیایەک دروست بوو تەنانەت ئازادیە شەخسیەکان لە سایەی سیستەمێکی لیبرالی  وڵاتێکی وەکو ئەمریکا هەمووی بە ناوی یاساکانی دژە تیرۆر زەوت کران و تەوژمێک لە راستڕەوترین پرنسیبەکانی ژیانی سیاسی دەستی پێکرد. دونیایەک دروست بوو، کە ” ئوسامە و جۆرج بۆش ” نوێنەرایەتی  خێرو شەڕیان دەکرد لە دونیا !

کابینەی ئۆباما وادەو بەڵێنی زۆری بە دەنگدەران دا . لەوانە : کەمکردنەوی بێکاری ، دابین کردنی خزمەتگوزاری کۆمەلایەتی ، کەم کردنەوەی بودجەی وەزارەتی بەرگری ، هێنانەوەی سوپای ئەمریکا ..هتد . بە پێچەوانەی ئەمانەی ریزکران هەر لە ژێر سایەی ئەم کابینەیەدا و لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری ، سەدان هەزار خێزانی ئەمریکی خانوەکانیان لە دەست دەدا و پۆلیس بە زۆرەملێ کەل وپەلی ماڵانی فڕێ دەدایە دەرەوە ! ئەم کابینەیە گەورەترین بودجەی لە مێژوودا بۆ بانقەکانی ئەمریکا تەرخان کرد ، کە بانقەکان و خاوەنەکانیان بەشێک بوون لە خوڵقاندنی ئەم قەیرانە. وادەو بەڵێنی نەهێشتنی ڕەیسیزم  ، چاک کردنی بارودۆخی پەناهەندە کە بە پێ ی ئامارە ڕەسمیەکان خۆی لە 11  ملیۆن دەدا نەک تەنیا باشتر بوو،بەڵكو هەندێ لە ویلایەتەکان بە تایبەتی (ئەریزۆنا) دڕندەترین یاسای دژی پەناهەندە دەردەکەن ، تا دەگاتە بەستنی ئەڵقەیەکی ئەلیکترۆنی لە قاچی پەناهەندە ، هەموو ئەمانەو بەیەکەوە لە بواری ناوخۆدا ڕێژەی جەماوەری بوونی ئۆباماو سەپۆرت بۆ کابینەکەی داگرتە خوارەوە و فشارێکی سیاسی بەهێزی لە ڕای گشتیدا بەرپا کردووە . شان بە شانی باری ناوخۆ، تەریک مانەوەی ئەمریکا لە شۆڕشەکانی 2011   ووڵاتە عەرەبیەکاندا وەکو فاکتی دەرەکی ڕۆڵیان گێڕا لە پێویستی قوڵی ئەمریکا بە ” سەرکەوتنێک ” .

ئەمریکا ئەورپا نیە بتوانێ ” سەرکەوتنێک ” لە بواری شۆڕشێک یان دەسکەوتێکی کلتوری لە کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بە دەست بێنێت ، ئەمریکا دەوڵەتی (چین) نیە بتوانێ لە کێبركێ ی کاپیتاڵی ئەمڕۆدا سەرکەوتنێک بەدەست بێنێ ، تەنیا بوارێک کە ئیمکانی بەرهەمهێنانی ” سەرکەوتن ” بۆ ئەمریکا هێشتۆتەوە بواری میلتاریزمە .
تەواو بوونی ڕۆڵی مێژوویی قاعیدە وەکو دوژمن ، مردنی سیاسی ئوسامە هەمووی یەکیان گرتەوە بۆ دابین کردنی ئەم ” سەرکەوتنە ” کە پەنجەرەیەکە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر کابینەکەی ئۆباما . ئەم پەنجەرەیە دەتوانێ بۆ زەمەنێکی کورت سەرنجەکان بۆ خۆی ببا . بەڵام ، سەر لە نوێ ئەمریکا پێویستی بە بەرهەمهێنانی ” دوژمن ” ێکی تازەیە کە شوێن ی قاعیدەو ئوسامە بگرێتەوە ، کەم نین ئەو ووڵاتانەی کە دەتوانن ببن بەو دوژمنە تازەیە :- ( ئێران ، کۆریای خاوەن چەکی ئەتۆمی ، زەبەلاح بوونی دەوڵەتی چین ) هەموو پاڵێوراوی گونجاون بۆ ئەمریکا . بەڵام ، بە لەبەرچاو گرتنی مێژووی نیوەی دووەمی سەدەی بیست و ئەم 10  ساڵەی سەدەی بیست و یەک ، پرسیارەکە ئەوەیە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی تا کەی ناچارە ئەفسانەکانی پیشەی دروست کردنی دوژمن  قبوڵ بکاو  باجی ئەم گاڵتەجاڕیە خوێناویە بدا ؟

 

 ڕزگار عومەر
orezgar@yahoo.ca

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.