
شۆڕشی تونس یاسه‌مین و دڕکه‌کانی
( مرۆڤ ته‌نها به نان ناژی … ووته‌یه‌کی مه‌سیح ):
له ئاسمانه‌وه ، له په‌نجه‌ره‌ی بچوکی فڕۆکه‌یه‌که‌وه که به‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه له نێوان تێکه‌ڵ بوونی شینایی ئاسمان و په‌ڵه هه‌وره سپیه به‌هاریه‌کان و له‌رینه‌وه‌ی شینایی ده‌ریادا، که قه‌ڵبه‌زه‌ی شه‌پۆله سپیه‌کانی له که‌ناره‌کانی قه‌رتاج و درێژایی خاکی تونسی سه‌وز ئه‌ده‌ن ، تونسی سه‌وز ئه و خاکه‌ی تیایدا زنجیره شاخه‌کان و ده‌ریا هارمۆنیای ده‌ستله‌ملانێی زه‌مین و ئاویان پێکهێناوه ، ئه‌و خاکه‌ی به که‌ناره شینه‌کان ده‌ست پێئه‌کات و به چیا‌و گردۆڵکه‌ی سه‌وزی داپۆشراو به دارزه‌یتونه‌کان بۆ ناو کێڵگه به‌پیته‌کانی گه‌نم و دانه‌وێله شۆڕ ئه‌بێته‌وه تا له بیابانێکدا کۆتایی به سنووره‌کانی خۆی دێنێت ، تونسی سه‌وز ، ئاوا له ئاسمانه‌وه پێشوازیت لێ ئه‌کات. له یه‌که‌مین دابه‌زینیشدا بۆ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ت به چایه‌کی نه‌عنای تازه له پیاڵه‌یه‌کی نه‌خشین به زه‌خره‌فه‌ی مه‌غریبی به‌خێرهاتنت ئه‌کات . من که له‌م سه‌فه‌ره‌مدا بۆ تونس وه‌کو نوێنه‌ری ی ن ک بۆ به‌شداری کردن له کۆنفراسی یورۆمێد ڕۆشتبووم که له‌لایه‌ن حیزبه دۆسته‌کانی پارتی سۆشیالیستی ئه‌وروپی و هێزه چه‌پ و پێشکه‌وتنخوازه‌کانی تونس و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕێکخرابوو له ڕۆژانی 28 و 29 ی نیسان ، له سه‌ر شۆڕشه‌کانی عه‌ره‌ب و ئاسۆکانی به‌ره‌و دیموکراسیه‌ت چوونی ، دواتر خواستی ئه‌وه‌م هه‌بوو چه‌ند ڕۆژێک له دوای کۆنفرانسه‌که ژیانی ڕۆژانه‌ی شۆڕش بژیم و، بتوانم له نزیکه‌وه له خه‌ون و خواستی نه‌وه‌ی شۆڕش تێ بگه‌م و بگه‌مه هه‌ستو ناخی میلله‌تێک که چۆن ساته‌کانی ئازادی پاش په‌نجا جوارساڵ له زینده‌گی ژێر ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆری و تۆتالیاتاری و حوکمی پۆلیسی ئه‌ژی و چۆن به‌کاری دێنێت. زه‌مه‌نێک که ئه‌شێت کۆتایی به ژیانی دوو نه‌وه له گه‌لی تونسی هێنابێت و خه‌ون و ئاواتی ئه‌وانی ناشتبێت. په‌نجاو چوار ساڵ له حوکمی سته‌م و تۆقاندن و بێده‌نگکردنی میلله‌تێک ، که له‌ساتی سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتنه‌وه ته‌نیا یه‌ک شێوازی حوکمڕانی و دوو دیکتاتۆری ناسیوه . یه‌که‌میان حه‌بیب بورقێبه‌ی ڕابه‌ری کۆدێتا که پاش سی ساڵ ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن قوتابی و ده‌سته‌ڕاستی خۆیه‌وه ، زه‌ینه‌لعابدین بن عه‌لی که‌نار خراو، ئه‌میش دوای بیست‌و سێ ساڵ له ده‌سه‌ڵاتێکی ڕه‌های پۆلیسی و مافیایی و خۆنمایشکه‌ر بۆ ده‌ره‌وه له به‌رگی عه‌لمانیه‌ت و به‌رگریکاری ده‌وڵه‌تی مۆدێرندا ، پاش گڕگرتنی جه‌سته‌ی توڕه‌و بێ هوده‌ی محمد بوعه‌زیز له ته‌قینه‌وه‌ی شۆڕشی گه‌لدا لا درا.
نرخی نان ، له هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌تێکدا پێوه‌ری تێروته‌سه‌لی و ئاستی گوزه‌رانیه‌تی . له‌هه‌روڵاتێکدا نان بۆ هه‌موو خه‌ڵک فه‌راهه‌م بێت و نرخه‌که‌شی هه‌رزان بێت به به‌راورد کردنی به که‌مترین ڕێژه‌ی داهاتی تاکه‌که‌س ، ئه‌وا ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی تێروته‌سه‌ل و خاوه‌ن ئابوریه‌کی سه‌قامگیر و دادپه‌روه‌ر دائه‌نرێت. به پێچه‌وانه‌شه‌وه له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا نان بۆ هه‌موو که‌س فه‌راهه‌م نه‌بێت و خه‌ڵکی سه‌ره‌ی بۆ بگرن و نرخه‌که‌شی گران بێت ، ئه‌وا ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه به کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی هه‌ژار وخاوه‌ن ئابوریه‌کی قه‌یراناوی و جیاکار له نێوان چینه‌کاندا دائه‌نرێت.
به‌ڵێ هێشتا له تونس‌دا نرخی نان گرانه . هێشتا زه‌حمه‌ته بۆ خێزانێک به تێر‌و ته‌سه‌لی به پێی داهاتی مانگانه‌ی نانی ڕۆژانه‌ی خۆی دابین بکات ، هێشتا لێره نان بۆ هه‌موو که‌سێک یه‌ک مانای نییه ، بۆ که‌سانێک هێشتا مانای به‌ڕێکردنی ژیانێکی پڕ له حه‌زی خه‌فه‌کراوو بێ به‌شبوونه له تێری ، هێشتا بۆ که‌سانێک به‌ده‌ستهێنانی نان ململانێیه‌کی سه‌ختی ڕۆژانه‌و ماندوو بونێکی پڕکاری پشتشکێن و ڕوشاندنی غرورو هه‌یبه‌تی ئینسانه . هێشتا که‌سانێک لێره ڕۆژانه له‌گه‌ڵ ژیاندا ئه‌جه‌نگن بۆ به‌ده‌ستهێنانی نان به مانا ساده که‌ی ، که ته‌نیا جه‌نگێکه بۆ تێرکردنی سکی برسی خێزانێکی هه‌ژارو مامناوه‌ندی تونسی . خێزانێک که هێشتا به پیاوو ژن و منداڵیانه‌وه به خه‌نده‌وه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و کێشمه‌کێشه‌ی ژیان ئه‌بنه‌وه‌و نایانه‌وێت هیچ شتێک ساته‌وه‌ختی خۆشیه‌کان و ئاهه‌نگی شۆڕ‌شیان لێ بسه‌نێته‌وه . ئه‌و خێزانانه‌ی که من به‌شدرای ڕۆژێکی نانکرینیان ئه‌که‌م ، به به‌ته‌نیشت فه‌رمانبه‌رێکی سه‌رسپی چه‌ندین ساڵی کار، کرێکارێکی لاوازی ژێر باری گران و کیژه وخوێندکارێکی زانکۆ به جلێکی ساده‌وه ، سیمای دایکێکی ماندووی له له‌چک ئالا‌و که ده‌ستی مناڵێکی ڕوته‌ڵه‌ی گرتووه ، له‌گه‌ڵ پۆلیسێکی سه‌رشه‌قامدا که ویژدانی خۆی پاش چه‌ندین ساڵ ژێرده‌سته‌یی سیسته‌مێکی داپڵۆسین له پارێزگاری کردنی شۆڕشی نوێ‌دا ئارام ئه‌کاته‌وه ، منیش وه‌ک ئه‌وان له نانه‌واخانه‌یه‌کدا سه‌ره‌بۆ نان ئه‌گرم و نان ئه‌کڕم که هێشتا گرانه . له فه‌رمانبه‌رێک ئه‌پرسم که ئایا نان دوای شۆڕش هه‌رزان بووه؟ نه‌خێر ، پێم ئه‌ڵێت ، ئێمه هێشتا له چاوه‌ڕوانیداین ، هه‌موو شتێک چاک ئه‌بێت ، بن عه‌لی ڕۆشت ، گر‌نگ ئه‌وه‌یه . ئه‌و تاکه که‌سێک نییه که هه‌مان شتم پێ ئه‌ڵێته‌وه ، ئێمه ته‌نها شۆڕشمان بۆ نان نه‌کردووه ، ئێمه شۆڕشی که‌رامه‌تمان هه‌ڵگیرساند ، ئه‌مه ڕسته‌یه‌که که هه‌موو تونسیه‌کان تیایادا پێکه‌وه شانازیان به خۆیان و میلله‌ته‌که‌یان و به وڵاته‌کایانه‌وه ده‌رئه‌بڕن و واش چاوه‌ڕوان ئه‌که‌ن که هه‌موو دنیا به‌و شێوه‌یه له ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی ئه‌وان بڕوانێت ، که شۆڕشێك بوو بۆ گێڕانه‌وه‌ی که‌رامه‌تی ئینسان ، شۆڕشێک بوو بۆ نرخدان به هه‌یبه‌تی ئینسان و یاخی بوون له کۆیله‌یه‌تی و زه‌لیل بوونی ژێر ده‌سه‌ڵاتێکی دیکتاتۆری . ئه‌مه ووتاری نه‌وه‌ی نوێ و گه‌لی تونسیه که به هه‌مان ده‌نگ له لایه‌ن ڕابه‌ره سیاسیه‌کانی نوێی شۆڕشی تونسه‌وه ، له‌و کۆنفرانسه‌دا گوێمان لێ بوو . گه‌لی تونس ته‌نها شۆڕشی بۆ نان نه‌کرد ، شۆڕشی بۆ خودی ئینسان و ئازادی و که‌رامه‌تی کرد که له‌م وڵاته‌دا پێشێل کرابوو. ئه‌وان شانازی به‌وه‌وه ئه‌که‌ن که کڵپه‌ی ئه‌و شۆڕشه‌یان بۆ گه‌لانی وڵاتانی عه‌ره‌بی دی گواسته‌وه ، بۆیه هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر هۆکارێکی سه‌ره‌کی شۆڕشی تونس باری سه‌ختی ئابوری وهه‌ژاری و گرانی نان بووبێت که گڕ له جه‌سته‌ی بوعه‌زیز به‌ر ئه‌دات و دواتر ئیمپراتۆریه‌تێکی شارراوه له پاره‌ی میلله‌ت لای بن عه‌لی و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ده‌رئه‌خات ، به‌ڵام هێشتا خه‌ڵکی خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه که ئه‌وانی دی وه‌کو گه‌لێکی تینوی ئازادی لێیان تێ بگه‌ن . گه‌لێک که توانای به‌دیهێنانی ئازادی هه‌یه، گه‌لێک که توانای هه‌یه هێنده نان دروست بکات به‌شی هه‌مووان بکات ، گه‌لێک که خاوه‌نی وڵاتێکی سه‌وز و زه‌ویه‌کی به پیت و به‌ره‌که‌ت بێت ترسی نییه له‌وه‌ی سبه‌ینێ نان هه‌رزان ئه‌بێت ، پیاوێکی دنیا دیده که پێش من نانه‌کانی خۆی ئه‌خاته بن ده‌ستی و خواحافیزیم لێ ئه‌کات و پێم ئه‌ڵێت : (خویه) برام به‌خێربێیت بۆ تونس .
هه‌ڤاله تونسیه‌کانمان له کۆنفرانس‌دا گله‌ییان له ئه‌وروپاو جیهان کرد، ته‌نانت له دۆسته سۆسیالیسته‌کانیش که سالانێک سه‌قامگیری و نه‌گۆڕی ڕژێمه سیاسیه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بیان کرده قوربانی ئازادی گه‌لان ، مانه‌وه‌ی دیکتاتۆره‌کانیان پی باشتر بوو له ترس له سیسته‌میکی نادیار یان ترس له هاتنه سه‌رکاری ئیسلامیه‌کان . گله‌یی له گوێ نه‌دان به توانا و ئیراده‌ی ئه‌م گه‌لانه بۆ دیموکراسیه‌ت و بنیاتنانی سیسته‌مێکی فره‌لایه‌نی و فره‌ڕه‌نگی که تیایدا جیاوازیه‌کان پێکه‌وه هه‌ڵبکه‌ن . به‌هه‌ر حاڵ هیچ نه‌بێت ئه‌وه خواستی تونسیه‌کانه که ئه‌خوازن له دوای ئاوابوونی خۆری دیکتاتۆریه‌ته‌وه پێکه‌وه ژیانێکی هه‌مئاهه‌نگی ئه‌و مۆزاییکه مێژژوویی و که‌لتوریه فره‌جۆریه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی تونسی پێشکه‌ش به دنیا بکه‌ن که تیایدا شوناسێکی له چه‌ندین ڕه‌گه‌ز و مێژوو‌و که‌لتوری جیاواز پێك هێناوه . کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک تێكه‌ڵ له گه‌لانی جێماوی لانکه‌ی شارستانێتی جیهان له فینیقیه‌کان و ئامازیغ و بێربێرو چه‌رخی گه‌شی دا‌هێنان و زانست و بیناسازی که له کۆشکی قه‌رتاج ی بڵنده‌وه مه‌زنی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه نیشان ئه‌دات ، تا ئه‌گاته ڕۆژانی سه‌روه‌ری فه‌تح وگه‌یاندنی شه‌وانی ئاهه‌نگ سازی وشادی موه‌شه‌حاتی ئه‌نده‌لوس و دیو ه‌خان و ته‌لاره پڕ تاقه‌کانی والیه‌کانی عۆسمانلی و مێژوویه‌ک له جێماوه‌کانی ئیستعمار ، که هه‌موو پێکه‌وه سیمایه‌ک له تێکه‌ڵ بوونی مرۆڤایه‌تی و پێکه‌وه ژیانی شارستا‌نیه‌ته‌کانیان له‌م خاکه سه‌وزه‌ی نێو باوه‌شی بیابان و چیا‌و ده‌ریادا خوڵقاندووه ، به شێوه‌یه‌ک به‌ده‌ر له‌وه‌ی تونس وڵاتێکی عه‌ره‌بی بێت ، ئه‌وان پێت ئه‌ڵێن که تونس پێش هه موو شتێک وڵاتێکی تێکه‌ڵه له گه‌لانی جیاواز که پێکه‌وه شووناسێکی ئینسانیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مێژووانه‌و به‌و ه‌فا بۆ هه‌موو ئه‌و ڕۆژگارانه پێكهێناوه که باوباپیرانیان تیایدا ژیاون و که هه‌مووش پێکه‌وه تیایدا ئینتمایان بۆ ئه‌و که‌لتورو ڕه‌نگه تایبه‌ته‌ی تونس هه‌ڵگرتووه که له زۆر شووێنی دنیادا دووباره نابێته‌وه . بۆیه که‌س له تونس‌دا بیانی نییه‌و هه‌موو پێکه‌وه خاوه‌ن هه‌ڵگری ئه‌و شوناسه‌ن ، هه‌مووش پێکه‌وه ئیراده‌یان به ئایینده‌یه‌کی گه‌شتر هه‌یه و هه‌میشه له ئاسۆکانه‌وه له شه‌پۆلی ده‌ریا ئه‌ڕوانن ، که ڕۆژانه میوانه گه‌شتیاره‌کانیان به لێشاو بۆ بهێنێت و ئه‌مانیش له‌پێشوازیدا چایه‌کی نه‌عنایان به دیاری پێشکه‌ش بکه‌ن .
تونسیه‌کان ئێستا نایانه‌وێت به ترسه‌وه له ئایینده بڕوانن ، ئه‌وان له خه‌ونێکی پڕ دێوزمه‌یی بێداربوونه‌ته‌وه ، بۆ یه‌که‌مین جار خۆیان به ئازادی له نێوان ده‌ریاو چیاکان‌دا ئه‌بیننه‌وه ، بۆیه هه‌ر که‌سێکیان ئه‌بینیت به خه‌نده‌وه پێشوازیت لێ ئه‌کات و گه‌شبینه که ڕۆژانی دوای بن عه‌لی هه‌موو به‌خته‌وه‌ریه دزراوه‌کانیان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه.
حه‌سره‌تی نێو دوکه‌ڵی جگه‌ره :
هیوادارین هه‌موو شتێک باش بێته‌وه : شۆفێرێکی ته‌کسی که ناو ئۆمبێله‌که‌ی به بۆنی دوکه‌ڵی جگه‌ره قاندراوه وام پێ ئه‌ڵێت ،کاتێک داوای لێ ئه‌که‌م گه‌شتێکی ناو تونسم پێ بکات ، پاکه‌ته جگه‌ره‌که‌یم بۆ درێژ ئه‌کات و پێم ئه‌ڵێت : جگه‌ره ناکێشیت ؟ نه‌خێر ، وه‌ڵامی ئه‌ده‌مه‌وه . له‌م سه‌فه‌ره‌دا تێبینم کرد که که‌سێکم نه‌بینی جگه‌ره نه‌کێشێت ، له پیاوو ژن و گه‌نج و پیر، بۆ هه‌ر شوێنێک ئه‌ڕۆیت ناچاریت له‌گه‌ڵ تونسیه‌کاندا هه‌وای پڕ دوکه‌ڵی جگه‌ره هه‌ڵمژیت . به شۆفێره‌که ئه‌ڵێم : بۆچی خه‌ڵکی ئێره جگه‌ره زۆر ئه‌کێشن ؟ وه‌ک ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی ئه‌و پرسیاره بووبێت ، وه‌ڵامێکم ئه‌داته‌وه که مێژووی نه‌ک ته‌نها ژیانی خۆی ، به‌ڵکو هه‌موو نه‌هامه‌تی چه‌ندین ساڵ زینده‌گی تونسیه‌کانم نیشان ئه‌دات له ژێر سایه‌ی دیکتاتۆرێکدا که ئه‌شێت ئاگاداری سرته‌و هه‌ناسه په‌نگ خواردووه‌کانی نێو سنگی هه‌موو تونسیه‌ک بووبێت . ( خویه) ، پێم ئه‌ڵێت هه‌مووی له تاو ماندووبوون ، دڵه ڕاوکێ ، په‌ژاره‌یی و خه‌م و خه‌فه‌ته . لێرده‌ا تێ ئه‌گه‌م ژیانی چه‌ندین نه‌وه له چاوه‌ڕوانییه‌کی به‌رده‌وام و نادڵنیایی له ئایینده‌و ، حه‌سره‌ت و خه‌م له ڕێگه‌ی دوکه‌ڵی جگه‌ره‌وه له خۆی دواوه‌و به بێ ده‌نگیش کۆتایی پێ هاتووه . داوا له شۆفێره‌که ئه‌که‌م له مه‌یدانی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش ، له شه‌قامی حه‌بیب بورقێبه دامبه‌زێنێت و هیوای بۆ ئه‌خوازم که ئیتر له گه‌ڵ هه‌ڵمژینی هه‌وای ئازادی‌دا ئه‌م نه‌وه‌یه واز له هه‌ڵمژینی دوکه‌ڵی جگه‌ره بهێنێت ، ئه‌ویش به گه‌شبینیه‌وه پێم ئه‌ڵێت که چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ئه‌کات.
له شه‌قامی حه‌بیب بورقێبه ، هێشتا هه‌ڵچوون و حه‌ماسه‌ت له ووتار و هاواری ئه‌و گه‌نجانه‌دا ئه‌بینم که تا ئێستا هه‌ندێکیان به هۆی جیاواز ، مه‌یدانی خۆپیشاندانیان جێ نه‌هێشتووه‌و ڕۆژانه کۆ ئه‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامێک بگه‌یه‌نن ، په‌یامی ئه‌وه‌ی که ئه‌وان به‌رگری له‌م شۆڕشه ئه‌که‌ن و هه‌رگیز ناهێڵن هیچ تاریکیه‌ک ، هیچ هێزێک ، هیج لایه‌نێک که ته‌نها بۆ گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات ئێستا جه‌نگ له‌سه‌ر میراتیه‌کانی بن عه‌لی ئه‌که‌ن ، تیشکه‌کانی خۆری ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بشارێته‌وه . ئه‌وان هه‌موو ڕۆژێک ئه‌وه بیر ئه‌خه‌نه‌وه که شۆڕشی تونس شۆڕشی هه‌موو گه‌له‌و داهاتووش ئه‌بێت بۆ هه‌مووان بێت . ناهێڵن لایه‌نێک ویست و ئیرداه‌ی خۆی به‌سه‌ر خواستی گه‌لدا بسه‌پێنێت که خواستی پێکه‌وه ژیانی ئازادیانه‌و دیموکراسیانه‌و لێ بورده‌ییه . له‌م شوێنه‌دا نه‌وه‌ی شۆڕشگێڕ داوای چاکسازی به‌رده‌وام و لادانی هه‌موو که‌لتوری پێشووی ده‌سه‌ڵات ئه‌که‌ن که له‌سه‌ر په‌رواێز خستنی توانای گه‌ل کاری کردووه . کرێکاران و هه‌ژاران داوای چاککردنی باری ژیانی خۆیان ئه‌که‌ن ، مه‌گه‌ر ئه‌وان شۆڕ‌شیان دژی گه‌نده‌ڵی و ئاشکرا کردنی هه‌موو ئه‌و ملیاراتانه نه‌کردووه که بن عه‌لی و له‌یلا ته‌رابولسی و خێزان و دار‌و ده‌سته‌کانیان له قوڕگی مناڵه‌کانی ئه‌مانیان ده‌رهێناوه‌و کۆشکه خه‌یاڵیه‌کانی خۆیان پێ بنیات ناوه ؟ له‌م مه‌یدانه‌دا تونسیه‌کان له هه‌موو شت زیاتر باس له ئازادی ئه‌که‌ن ، به‌ڵام ئازادیه‌ک که هیچ جۆره مۆدێلێکی ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا نه سه‌پێنێت که جوڵه و ژیانیان سنوردار بکات ، چونکه خه‌لکی تونس له ژێر سایه‌ی دیکتاتۆریشدا ئه‌گه‌ر له ئازادیه سیاسیه‌کان و به‌شداری له ده‌سه‌ڵات بێ به‌ش بووبن ، به‌ڵام هه‌ندێک ئازادی خودی خۆیان پاراستووه ، ئازادی جل و به‌رگ ، ئازادی هاتو چۆ ، ئازادی تێکه‌ڵ بوونی ژنان و پیاوان له شوێنه گشتیه‌کاندا . له مه‌یدانی شۆڕشدا گوێ له گفت وگۆی نێوان لاوانێک ئه‌گرم له ژن و پیاو له سه‌ر عه‌لمانیه‌ت بوونی تونس ، ژنێک که ته‌نوره‌یه‌کی ڕۆژائاوایی کورتی له به‌ردایه له‌نێو کۆمه‌ڵێک که‌سدا له پیاوو ژن که تیایاندایه حیجابی پۆشیوه به‌ده‌م دوکه‌ڵی جگه‌ره‌وه به‌رگری له عه‌لمانیه‌ت ئه‌کات و ئه‌ڵێت : عه‌لمانیه‌ت مانای کوفر نییه ، عه‌لمانیه‌ت مانای پاراستنی ئایینه‌کانه که به سه‌ربه‌ستی عیباده‌تی خۆیان بکه‌ن و تێکه‌ڵێ ده‌وڵيت نه‌بن ، مانای ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌ت بۆ هه‌مووان بێت ، دواتر ئه‌ڵێت : من خۆم که‌سێکی ئیماندارم به‌ڵام باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه که ده‌وڵه‌ت نه‌بێته ئامرازێکی دینی . به‌ڵێ ، ئه‌م ماوه‌یه ده‌رکه‌وتنی ئه‌و هێزه سیاسیه دینیانه‌ی که خۆیان ئاماده ئه‌که‌ن له‌ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی دیموکراسیه‌وه، سه‌روه‌ریه‌کانی شۆڕش له‌ناو به‌رن و تونس له سیسته‌مێکی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانیدا تێو بگلێنن ، تونسیه‌کانی تووشی جۆرێک له نیگه‌رانی کردووه ، چونکه ئه‌مان گه‌لێکن له گه‌ڵ ئاهه‌نگ و خۆشی و گۆرانیدا ڕاهاتوون که شه‌وانه له میوانداری گه‌شتیاره‌کاندا سازیان داوه . ناخوازن فه‌توای مه‌لا سیاسیه‌کان و خوتبه‌ی نوێژه هه‌ینیه‌کان ئه‌و ژیانه‌یان لێ بسه‌نێته‌وه.
کاتێک سه‌ردانی شوێنه‌واری دێرینی قه‌رتاج ئه‌که‌م ، کۆشکه بڵند و مۆزخانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌که‌یی و زانکۆناوداره‌که‌ی ئه‌بینم که لانکه‌ی زیندوو بوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و زانست و حیکمه‌ت و ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی بیری ڕۆژائاوا بوو له دوای سه‌ده تاریه‌که‌کانی ، ئه‌و شۆفێره‌ی که ئه‌مبات بۆ ئه‌وێ زیاتر ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته که شوێنه‌واری شانۆی ڕۆمانی کۆنم نیشنا بدات و پێم بڵێت ، ساڵانه لێره فێستڤاڵی قه‌رتاجی نێو ده‌وڵه‌تی ساز ئه‌کرێت و گه‌وره‌ترین ئه‌ستێره گۆرانیبژه‌کانی عه‌ره‌ب و جیهان گۆرانیان لێ ووتووه‌و شوێنی سه‌ماو که‌یف و ئازادبوونی جه‌سته‌ی گه‌نجانه . لێره‌وه تێ ئه‌گه‌م له مه‌یدانی شۆڕشدا ململانێیه‌ک به ئاشکرا ڕووئه‌دات له نێوان دوو تێڕوانین و دوو هێزدا که ئه‌شێت هێشتا بۆ داهاتوو شاراوه بن . له نێوان هێزێکدا که ئه‌یه‌وێت دوای نه‌مانی دیکتاتۆریه‌ت گه‌لی تونس به‌ره‌و ئاسۆ کراوه‌کانی ده‌ریا به‌رێت و بیخاته باوه‌شی ژیان دۆستی و ئاهه‌نگسازی و بوون به‌شێک له دنیای ئازاد ، له‌به‌رامبه‌ر هێزێکدا که ئه‌خوازێت به ناوی گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌سه‌نایه‌تی و مێژووی باپیران و سه‌روه‌ریه ئیسلامیه‌کانه‌وه ، گه‌لی تونس بخاته باوه‌شی خه‌م و داخستنی ده‌روازه‌کانی به‌سه‌رخۆیداو شاردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێی له‌ژێر چارشێوه‌کاندا . به‌ڵام که‌سانێک هه‌ن که ئه‌م ته‌وژمه به مه‌رگی تونس ئه‌زانن ، چونکه تونس ئه‌گه‌ر سه‌روه‌ریه‌کی هه‌بێت له تێكه‌ڵ بوونی هه‌موو که‌لتورو مێژووه‌کانیدایه نه‌ک تاکه ساتێکی مێژوویی ، تونس گه‌لێکه به تێکه‌ڵ بوونی له‌گه‌ڵ میوانه گه‌شتیاره‌کانیدا ئه‌ژی و ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر بڕبڕه‌ی ئابوری ئه‌م وڵاته‌یه ، به‌ڵکو له هه‌مانکاتیشدا هۆکارێکی زیندوویه‌تی تونس و ئاماده‌بوونیه‌تی له‌نێو جیهاندا، بۆیه ئێستا هه‌موویان چاویان له‌وه‌یه که گه‌شتیاره‌کان ڕووبکه‌نه‌وه ئه‌م وڵاته‌و پێکه‌وه شه‌وانی ئونسی ئه‌نده‌لوس ساز بکه‌نه‌وه . له‌گه‌ڵ خانمێکی نووسه‌ردا ئه‌که‌ومه گفت و گۆ که هه‌ر ئه‌م ڕۆژانه یانه‌یه‌کی ڕۆشنبیری پێکهێناوه ، پێم ئه‌ڵێت له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین یانه‌ی له‌م جۆره دروست کراون ، ئه‌مه گر‌نگه بۆ نه‌وه‌ی ڕۆشنبیر و خوێنده‌واری ئێمه که نه‌هێڵین ئازادیه‌کانی شۆڕشمان لێ بسه‌ننه‌وه . ئه‌م شۆڕشه به بێ ئازادیه‌کان مانای نامێنێت ، ئه‌م بزووتنه‌وه ڕۆشنبیریه‌ش له‌م ڕۆژانه‌دا له پاڵ چه‌ندین بزووتنه‌وه‌و خۆڕێکخستنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌د ه‌نیدا به‌رده‌وامه له هه‌موو بوارێکی پیشه‌یی و فیکریدا که خودنماییش کردنی هه‌موو پێکهاته‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی تونسیه وه‌کو په‌یامێک که شۆڕشی تونسی کۆرپه‌ی هه‌موویانه‌و که‌س به ته‌نیا ناتوانێت ببێته باوکی و ده‌رسی دابدات. هه‌ر ئه‌مه‌شه له سه‌رئاستی سیاسی‌دا به شێوه‌یه‌ک ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه که تا ئێستا زیاد له په‌نجا حیزب و ڕێکخراوی سیاسی خۆیان ڕاگه‌یاندووه‌و ئاماده‌ی چوونه ناو پرۆسه‌ی دیموکراسیه‌ت و بنیاتنانه‌وه‌ی شێوازی ده‌سه‌ڵاتی دهاتووی تونسن . ئه‌م خاڵه‌ی که به لای به‌شدارانی کۆنفرانسی یۆرۆمێده‌وه هه‌رچه‌نده ئه‌شێت سروشتی و مایه‌ی زیندوویه‌تی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه بێت ، که ئیراده‌و خواستی بنیاتنانه‌وه‌ی هه‌یه ، به‌ڵام وه‌ک په‌یامێک بۆ هه‌ڤاڵه تونسیه‌کانمان له هێزه دیموکرات و سۆشیالیست و پێشکه‌وتنخوازه‌کان له کۆنفرانسه‌که‌دا ئه‌وه‌بوو که هه‌مووان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و په‌نده دێرینه‌ی که ئه‌ڵێت : هێز له یه‌کێتیدایه ، بۆیه باشتره هه‌موو ئه‌و هێزه له‌یه‌ک چووانه پێکه‌وه به‌رنامه‌و فیکری خۆیان ڕێکخه‌ن و هێزێک پێک بێنن تا ببنه به‌ربه‌ست له به‌رده‌م سه‌ر‌که‌وتنی هێزه توندڕه‌وو سه‌له‌فیست و ئیخوانیه‌کان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
به‌هه‌رحاڵ تونسیه‌کان ، ناخوازن به ترسه‌وه له ئاینده‌یان بڕوانن ، حه‌ز ئه‌که‌ن گه‌ش بین بن ، پێش ئه‌وه‌ی شه‌قامی بورقێبه جێ بهێلم و ئاوڕێک له و شوێن و دام وده‌سگا سوتاوانه بده‌مه‌وه که توڕه‌یی خه‌ڵک ڕۆژانی شۆڕش گڕی تێ به‌ردان ، سه‌ربازێک له ته‌نیشت تانکێکی سه‌ربازی قه‌راغ شه‌قامه‌که‌وه که جۆره پۆشاکێکی له‌به‌ردایه تایبه‌ته به دژه خۆپیشاندان و دارێکی لاستیکی به‌ده‌سته‌وه‌یه ، زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کم بۆ ئه‌کات سڵاوێکی به‌خێڕهاتنم لێ ئه‌کات و ئه‌یه‌وێت پێم بڵێت که ئه‌و لێرده‌ا بۆ سه‌رکوتکردنی خۆپیشانداه‌ران ڕانه‌وه‌ستاوه ، ئه‌و به‌رگری له‌وان و له شۆڕش ئه‌کات . پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست له ته‌کسیه‌کی تر ڕابگرم مناڵیکی ڕووته‌ڵه‌و تۆزاوی به سه‌به‌ته‌یه‌ک گوڵی سپی و ڕه‌نگاوڕه‌نگی به‌هاریه‌وه لێم نزیک ئه‌بێته‌وه‌و گوڵه یاسه‌مینێکی ته‌ڕم پێشه‌که‌ش ئه‌کات و پێم ئه‌ڵێت : به‌ڕێز لێم بکڕه ، ئه‌مه یاسه‌مینه ، ئه‌مه گوڵی شۆڕشه ، منیش گوڵه‌که‌ی لێ وه‌رئه‌گرم و پاش ئه‌وه‌ی له جیاتی دینارێک دوو دیناری تونسی ئه‌ده‌مێ ، به ده‌موچاوێکی پڕ خه‌نده‌و خۆشیه‌وه جێم ئه‌هێڵیت و له شه‌قامه‌که ئه‌په‌ڕێته‌وه ، خه‌نده‌یه‌ک که قوڵایی دڵی منیش وه‌کو تونسیه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌ڵمژینی بۆنی یاسه‌مینه‌که‌دا پڕ له هیوای ئایینده‌یه‌کی گه‌ش ئه‌کات . ئایینده‌یه‌ک پڕ له خۆشی و پڕ له که‌رامه‌ت و سه‌روه‌ری بۆ تونسیه‌کان ، بۆ جوانیه‌کانی . هه‌ر که‌سێک سه‌یری دیمه‌نه‌کانی ئه‌م وڵاته بکات ، تێكه‌ڵاوی شینایی ده‌ریاو ئاسمانی گه‌ش و چیای سه‌وزی ، ئه‌و بیناو باڵه‌خانانه‌ی که هونه‌ری بینانسازی فینیقی و قه‌رتاجی و ئسلامی و عۆسمانی و بارۆکی ڕۆژائاواییان تێکه‌ڵ کردووه ، ناتوانێت گه‌شبین نه‌بێت به ئایینده‌ی ئه‌م گه‌له که خواستی هه‌یه بۆخۆی بژی .
شۆفێری ته‌کسیه‌کی دی به ناو کۆڵان و گرده‌کانی سیدی بوسعید دا ئه‌مگه‌ڕێنێت که تاکه شارۆچکه‌یه‌کی گه‌شتیاری تاک و ته‌نیایه له دنیادا به وشێوازه تێکه‌ڵیه که‌لتوریه‌ی ، به‌و خانوانه‌ی که هه‌موویان له ڕه‌نگی شین و سپی پێکهاتوون ، دیواری سپی وه‌ک به‌فرو په‌نجه‌ره‌و سه‌ربان و تاقه‌کانی شین وه‌کو ده‌ریا . ئه‌مه مایه‌ی گه‌شبینی و ژیان دۆستی ئه‌م گه‌له‌یه که ئه‌خوازێت نه‌هامه‌تیه‌کانی ڕابووردوو له بیر بکات . شۆفێره‌که له هه‌رشوێنێکدا شتێکی گر‌نگ هه‌بێت نیشانم ئه‌دات ، به درێژایی سه‌دان مه‌تر به ده‌وری شورایه‌کی سپی و شینی کۆشکێکدا ئه‌مسوڕینێته‌وه‌و پێم ئه‌ڵێت: ئه‌مه کۆشکی بن عه‌لی بوو ، سه‌یرکه ئه‌وه‌ی هه‌مووی به پاره‌ی میلله‌ت هه‌ڵچنی به‌ڵام ئێستا بۆته موڵکی گه‌ل ، ئه‌م بانقه گه‌وره‌یه موڵکی عیماد ته‌رابولسی بوو ، ئه‌و ئۆتێله قه‌شه‌نگه هی له‌یلا بوو، ئه‌مه‌ی لای ڕاستت ته‌لارێکی هێشتا ته‌واو نه‌کراوه ئه‌وه ش هی له‌یلا بوو ، ئه‌م باخاته ی ده‌وره دراوه به شورا، فڕۆکه‌خانه‌ی تایبه‌تی بن عه‌لی بوو ، کۆشکه‌که‌ی ته‌نیشتیشی تایبه‌ت بوو بۆ پێشوازی کردنی میوانه‌کانی ، نازانم ئه‌م هه‌موو شتانه‌ی بۆچی بوو؟ ئه‌وه پرسیاری شۆفێره‌که بوو که به‌درێژایی گه‌ڕانه‌که‌م له ژماردنی موڵکه‌کانی دکتاتۆر نه‌که‌وت ، زۆریش دڵی خۆش بوو . ئه‌و ئه‌مڕۆ تاکه که‌س نه‌بوو که ویستی به‌شداری ئه‌و دڵخۆشیه‌ی بکه‌م ، ئه‌و پێنجه‌مین که‌س بوو که بینیم دیاره وه‌کو هه‌موو تونسیه‌کانی تر ئه‌وهه‌واڵه‌ی پێ ووتم که ڕاگه‌یاندنه‌کانی خۆیان بڵاویان کردبۆوه ، که ئه‌مڕۆ پاپۆڕێکی گه‌شتیاری به هه‌شت هه‌زار گه‌شتیاره‌وه له که‌ناری تونس‌دا گیرساوه‌ته‌وه ، ئه‌مه‌ش مایه‌ی خۆشی هه‌موویانه، مانای گه‌شانه‌وه‌و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی گه‌شتیاریه له تونس که مانای ئابوری و خۆشی ئه‌وان و گه‌ڕانه‌وه‌ی تونسه بۆ دنیا . ئیدی هه‌روه‌کو گه‌نجێکی تونس پێی ووتم ، کاتێک لێم پرسی بۆ ڕۆژانه به هه‌زاران گه‌نج خۆیان ئه‌ده‌نه ده‌م مه‌ترسی ده‌ریاو به‌ره‌و ڕۆژئاوا کۆچ ئه‌که‌ن ؟ ووتی له حاڵه‌تی ئێستادا که‌س له ئایینده ی خۆی دڵنیا نییه ، ئه‌وان به دوای ژیاندا ئه‌گه‌ڕێن . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕۆژانه ئه‌و پاپۆڕانه بێنه‌وه که‌ناره‌کانمان ئیدی ژیان لێره ده‌ست پێ ئه‌کاته‌وه‌و که‌س کۆچ ناکات . دواجار ماڵئاوایی لێ ئه‌که‌م . ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌کی فێنک له باڕ و قاوه‌خانه‌یه‌کدا دائه‌نیشم که کوڕان و کچان سه‌ربه‌ستانه تیایدا دانیشتوون و گفت‌و گۆی هه‌موو شتێک ئه‌که‌ن ، ناشیانه‌وێت باوه‌ڕ به‌وه بکه‌ن که هێزێک له داهاتوودا بتوانێت ئه‌م شێوازه ژیانه‌یان لێ بسه‌نێته‌وه . له‌م شوێنانه‌و له جێگه ڕۆشنبیریه‌کانیش نه‌وه‌یه‌کی نوێ له ڕێگه‌ی ده‌نگو جه‌سته‌ی خۆیانه‌وه ته‌عبیر له شۆڕش و خه‌ونه‌کانیان ئه‌که‌ن ، له هه‌موو شوێنێکدا گوێت له‌و گۆرانیه نوێیانه ئه‌بێت که ئه‌م نه‌وه‌یه به ئازادی له شێوازی گۆارنی (ڕای ، که جۆرێکه له شێوازی گۆرانی مه‌غریبیه واته ڕا ، رئی و وه‌کو راپ وایه ) وه‌یان به راپ خواستی نه‌وه‌ی شۆڕش ده‌رئه‌بڕن . گوێ له گروپێک ئه‌گرم که به ده‌نگ و جه‌سته‌یان سه‌رزه‌نشتی بن عه‌لی دیکتاتۆر ئه‌که‌ن که پاش چه‌ندین ساڵ له حوکمی ترس وتۆقاندن له دوای خۆسوتاندنی بوعزیزو لێشآوی خۆپیشانادانه‌کان هاته سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و به هاوڵاتیانی ووت : لێتان تێگه‌ییشتم ، لاوێکی توڕه به هارمۆنی له‌گه‌ڵ سه‌مایه‌کی دیسکۆو گۆرانی گروپه‌که‌وه پێی ئه‌ڵێت : تۆ که‌ی له ئێمه تێ گه‌ییشتیت ؟ بیست‌و سێ ساڵ هه‌موومانت گێژو بێ ده‌نگ کرد، هه‌موومانت به زیندوویی کفن کرد ، ئێستاش هه‌ڵاتیت بۆ سعودیه. دواتر له شه‌وێکی د‌ره‌نگدا پاش خاوبوونه‌وه‌ی توڕيیی و هه‌ڵچوون و له‌زه‌تی جه‌سته‌ی گه‌نجان ، گۆرانی بێژێکی به‌ته‌مه‌ن به دڵیکی پڕ ئازاره‌وه ، به هێمنی و سۆزێکی خه‌ماویه‌وه کۆتایی به وشه‌وه ئارامه دێنێت و وه‌ک ئه‌وه‌ی دوا په‌یامی لێبورده‌یی تونسیه‌کان به هه‌موو دنیا ڕاگه‌یه‌نێت ، به‌م جۆره گۆرانیه‌که‌ی ده‌ستپێ ئه‌کات : ئه‌وه‌ی ڕووی دا ، تێپه‌ڕیو به‌سه‌رچوو، با له‌بیری به‌رینه‌وه، ژیانێکی تر بژین.
به‌ڵی به‌و ئومێد‌و هیوایه‌وه ، گه‌شبین وه‌کو تونسیه‌کان ، سه‌رباری گرانی نان و هه‌ژاریان ، وه‌ک ئه‌وان به خه‌نده‌وه به‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا وڵاتێکی سه‌وزو شین وسپی ، که هێمای گه‌شبینین جێ دێڵم و هیوای ئایینده‌یه‌کی گه‌شیان بۆ ئه‌خوازم ، ئه‌م گه‌له شایانی ئه‌وه‌یه ئیدی به ئارامی و ئاسوده‌یی و ئازادی بژی.
چه‌ند رۆژێک له‌گه‌ڵ خه‌ونی تونس‌دا ژیام ، ئه‌وان به‌دوای ئازادی‌دا گه‌ڕان ، به‌ده‌ستیان هێنا ، ئه‌وان شۆڕشێکیان کرد نرخی هه‌بوو ، نرخه‌که‌یان دا ، ئه‌وان له پێشدا هه‌موو خه‌ون و توڕه‌یی و ناڕه‌زایی و حه‌سره‌ته‌کانیان له بێده‌نگیدا خنکاندبوو، له دوکه‌ڵی جگه‌ره‌کانیاندا به نهێنی له ئاسمانی تونس‌دا بڵاویان ئه‌کرده‌وه ، ئاسمانێک پڕ بوو له بێده‌نگیه‌کی توڕه ، له ناڕه‌زایی ، له شۆڕشێکی هه‌میشه ئاماده بۆ گڕگرتن ، ئێستاش سه‌ره‌تای خه‌ونه‌کانیان له گۆرانیه‌کانی رایدا ئه‌ڵێنه‌وه ، بێ ده‌نگیه‌ک به گۆرانی قوڕگ و جه‌سته له خۆی ئه‌دوێت. ئه‌وان ته‌نها ئه‌یانه‌وێت ببنه به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌و جیهانه‌ی تیایدا ژیان دۆستی و ئازادی له‌سه‌رووی به‌هاکانی دیه‌وه. گر‌نگ ئه‌وه‌یه هه‌موو دڕکه‌کانی یاسه‌مین ، ئه‌وانه‌ی ئه‌یانه‌وێت ئه‌و وڵاته سپی و شینه و له هه‌ر شوێنێکی دی دنیادا ، له مه‌رگدۆستی و تاریکیدا وون بکه‌ن ، له‌و په‌یامه تێ بگه‌ن که شۆڕش موڵکی تونسیه‌کانه له‌سه‌ر زه‌وی ئه‌وان ئیلهامی ژیان له‌و سروشت و ده‌ریایه‌وه وه‌رئه‌گرن ، شۆڕش موڵکی ئه‌وانه نه‌ک موڵکی ئه‌و ووتارانه‌ی ته‌نها له ئاسمانه‌وه ئیلهام وه‌رئه‌گرن.