ئامه‌دی توڕه …سیروان ره‌حیم
وه‌ك چۆن ده‌سه‌ڵاتداره‌كان شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێنن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، نووسه‌ران ناتوانن به په‌له بنووسن، ئاخر نووسین بیركردنه‌وه ده‌خوازێـت.
شاعیر و دراماسازی ئه‌ڵه‌مانی بێرتۆڵت برێخت (1898-1956).
ده‌مه‌وعه‌سری رۆژی 4.5.2011 به كارێك گه‌یشتمه شاری ئامه‌د(دیاربه‌كر). ئامه‌دی به‌رده‌وام زیندوو ئه‌و رۆژه توڕه بوو. بازاڕ و شوێنه‌گشتییه‌كان، شاره‌وانی و كاری زۆر فه‌مانگه‌ی تر راگیرابوو. بۆ؟ له‌سۆنگه‌ی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی چوار گه‌ریلا كه له‌شه‌ڕدا به ده‌ستی هێزه‌كانی له‌شكری تورك كوژرا بوون. ئامه‌د له رۆژێكدا ته‌رمی چوار لاوی خۆی بۆ دێته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌یشی ئه‌و ناڕه‌وایی و بێدادییه په‌سه‌ند ناكه‌ن و مان ده‌گرن. ئێواره‌ی ئه‌و رۆژه، ئامه‌د بۆنی خوێنی لێده‌هات. له هه‌موو شوێنه گرنگه‌كانی شاره‌كه، له گۆرژه‌پان و سه‌ر كۆڵانه‌كان، هێزی سه‌ربازی و پۆلیس هه‌بوون، له‌وێ بوون و له ئامه‌ده‌باشیدا بوون. خه‌ڵكیش راپه‌ڕی بوون، خه‌ڵكه توڕه بوون و ژیان له‌و شاره زیندووه وه‌ستا بوو. سه‌باره‌ت به‌و رۆژه‌ی ئامه‌د زۆربه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی توركیا، له هه‌واڵه‌كانی ئه‌و ئێواره‌یه‌دا ناڕاستگۆیانه و لایه‌ندارانه هه‌واڵیان ده‌گواسته‌وه. خه‌ڵكی ئامه‌ده‌یان به گێره‌شێوێن ناوده‌برد و وایان پێناسه ده‌كرد ئه‌و خه‌ڵكه ژیان له‌و شاره ده‌شێوێنن. به ئاشكرا راینده‌گه‌یاند، له پای هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی چوار “تیرۆریست”دا خه‌ڵكی ئه‌و شاره رابوونه. ئاخر ئه‌وان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به شه‌رڤانانی ئازادیخوازی كورد ده‌ڵێن: “تیرۆریست”. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌و رۆژه و رۆژی پاشتریش (رۆژی 5.5 من هه‌ر له‌و شاره بووم) ده‌یانكرد، كارێك بوو جگه له تاوان و “غه‌در”ێكی دزێو هچیی تر نه‌بوو. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانكرد غه‌دری ده‌وڵه‌تێكه كه سه‌رده‌ستی خۆی به‌سه‌ر گه‌لی سڤیل و بێ چه‌كدا نمایش ده‌كات. ده‌نگی هه‌لیكۆپته‌ر و فڕۆكه‌گه‌لی شه‌ڕ، گێچه‌ڵ و شه‌ڕێكی ده‌روونی بوون له دژی خه‌ڵكی ئامه‌د. ئه‌و دوو رۆژه “غه‌در”ی بێ ئامانی ده‌وڵه‌تی توركی له زه‌وی و له ئاسمانی ئامه‌د ده‌بیندرا. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ره‌خنه له ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر ده‌گرێت كاتێك گه‌لانی ئازادیخوازی خۆیان بۆمبا‌باران ده‌كه‌ن و ده‌یانكوژن. نزیكه‌ی نه‌وه‌د ساڵه كۆماری “مۆدێرن”ی توركیا چنگی له جه‌سته‌ی كورد گیر كردووه. نه ده‌توانێـت ئه‌و جه‌سته‌یه له ناوببات، نه ده‌یه‌وێت ده‌ستبه‌رداری ببێت. ئه‌و چنگ له جه‌سته گیركردنه، ره‌وشێكه غه‌مگین بۆ هه‌ردوو لا. ئه‌وان خه‌ڵكێكی زۆریان له ناوچه‌كه توانده‌وه، به‌ڵام كوردیان له ده‌ست ده‌رچوو. پێده‌چێت ئه‌و له ده‌ستده‌رچوونه‌ی كورد كێشه‌ی گه‌وره‌ی ده‌روونی بۆ ئه‌و كه‌سانه دروست كردبێت كه بنه‌ماكانی سیاسه‌تی توركیا له ده‌ستیان دایه و چاوگی بڕیار و پلانگه‌لی دۆزه‌خی ئه‌و سیسته‌مه‌ن. كێ ده‌زانێ بۆ ده‌وڵه‌تی تورك هه‌موو هه‌وڵێكی ئاشتیانه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد ره‌ت ده‌كاته‌وه، جگه له‌شه‌ڕ نه‌بێت؟ ئاڵۆزی سیسته‌می سیاسی له وه‌ڵاته نایه‌ڵێت به كورتی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه. گه‌لی توركیش هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی داوا له ده‌وڵه‌ت بكات له بری شه‌ڕی كوردان، با كێشه‌ی په‌روه‌رده، هه‌ژاری، بێكاری، هاتوچۆ، و ده‌یان كێشه‌ی تری گه‌وره و بچوكی هاووڵاتیان و وه‌ڵاته‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات. به‌رده‌وام سیسته‌مه شه‌ڕخواز و سیاسه‌تڤانه بێ ئاوه‌زه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردن په‌نا وه‌به‌ر شه‌ڕ ده‌بن. هه‌مووان ده‌زانن ئه‌و رێیه‌ی ئه‌وان ده‌یگرنه به‌ر كۆڵانی بنبه‌سته، سه‌رباری ئه‌وه ملی پێوه ده‌نێن و سه‌ری پێدا ده‌كه‌ن. كه‌واته روونه، به‌ڵگه‌نه‌ویسته سه‌ری ئه‌و پیاوانه پووچ و بێ میشكه. ئه‌گه‌ر هزر و ئاوه‌زی دروست هه‌بێـت، ناشێت له وه‌ڵاتێكی فراوانی وه‌كو توركیادا شوێنگه‌ی پێكهاته و زمان و كولتوره جیاوازه‌كان بكرێته‌وه؟. هۆشێك پڕ له نه‌زانین و غایله‌ی كوشنده، ئاوه‌زێك پڕ له پلانی ترسناك، ده‌بن به سه‌رچاوه‌ی چ به‌رهه‌مێك؟. كاتێك هه‌ر شه‌ڕ و شه‌ڕ تانوپۆی پلان و بیركردنه‌وه و چاره‌سه‌ر بێت، مرۆڤه‌كان و نیشتمانه‌كه‌یان به رۆژی ره‌ش و دژوار ده‌گه‌ن. رۆژێك كه هیچ بیركردنه‌وه و هیچ ژیرێتی له پشته‌وه نییه. ئه‌وه ئه‌م رۆژه‌یه كه ئێمه له ئامه‌د ده‌یبینین و ده‌بین به گۆڤانی رووداوه غه‌مگینه‌كانی. ده‌وڵه‌تێك كه‌سانی ئازادیخواز ده‌كوژێت، ته‌رمه‌كانیان بۆ چاوشكاندن دێنێته‌وه ئامه‌د، هه‌مان ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێـت ببێت به ناوبژیوان له نێوان ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی ئه‌و زێدانه‌دا. جگه له‌وه‌یش ده‌وڵه‌تێكه ده‌یه‌وێت و پێداده‌گرێت ببێت به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپادا. له شاره‌وانی یه‌كێك له به‌شه‌شاره‌كانی ئامه‌د ئاڵایه‌كی ره‌شم بینی بۆ ئه‌و بۆنه غه‌مگینه هه‌ڵواسرابوو، له ته‌نیشت ئاڵاكه‌وه نووسرابوو: ” ده‌ست بۆ ئیراده‌م مه‌به”.
یاری كردن به ئیراده‌ی مرۆڤه‌كان و به ئیراده‌ی گه‌لان كارێكی ترسناكه. هیچ كه‌سێك، هیچ سیسته‌مێك، هیچ هێز و زلهێزێك له‌و شه‌ڕه‌دا براوه ده‌رناچن. له شه‌ڕی دژ به گه‌لان و خواست و ویستی مرۆڤه‌كان. كێ ده‌زانێ تاكه‌ی ده‌وڵه‌تی تورك گه‌مه‌ی ترسناك به ویست و خواستی گه‌لێكی گه‌وره‌ی وه‌كو كورد ده‌كات؟ كێ ده‌زانی ئه‌نجامی به‌رده‌وامی ئه‌و گه‌مه و “غه‌دره” چ كۆتایییه‌كی ده‌بێت و چ كاره‌ساتێكی لێده‌كه‌وێته‌وه؟