رێگه‌ی میلیتاری، چاره‌سه‌ر یان قو‌وڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان؟
له‌دوای 17/2و فراوانبوونی ده‌نگی ناڕه‌زایی‌و ده‌ستپێكردنی خۆپیشاندان له‌سلێمانی‌و زۆرێك له‌شارو شارۆچكه‌كانی تری كوردستان، خه‌ڵكی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌كرد (ئاكامی ئه‌م ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانه به‌چی‌و به‌كوێ ده‌گات؟) ئه‌مه پرسیارێكی ساده‌بوو، به‌ڵام له‌هه‌ناوی خۆیدا چه‌ندین مانا‌و مه‌غزای سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵگرتبوو، هه‌ریه‌كه‌و له‌لای خۆیه‌وه، پشتبه‌ست به‌كۆمه‌ڵێ بنه‌مای جیاجیا هه‌وڵیده‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه.
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پێیانوابوو كوردستانیش به‌شێكه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست‌و مه‌حكومه به‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه ته‌واوی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی گرتووه‌ته‌وه، به‌ئومێدێكی زۆره‌وه له‌ئاینده‌ی سیاسی كوردستانیان ده‌ڕوانی، ئێستاشی له‌گه‌ڵیدابێت – پێیان وانه‌بوو كه ئه‌مه سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌یه له‌كۆمه‌ڵگای كوریدا. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌دا هه‌بوو پێیانوابوو كه كوردستان جیاوازه له‌ناوچه‌كه، چونكه ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب ناچن، به‌نیگه‌رانییه‌وه ده‌یان وت: ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ی زه‌حمه‌ته گوێ له‌خه‌ڵكی بگرن‌و بچنه پای داخوازی خۆپیشانده‌ران. له‌گه‌ڵ زیاتر فراوانبوون‌و به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كاندا، پرسیاره‌كه (ئاكامی ئه‌م دۆخه به‌كوێ‌و به‌چی ده‌گات؟) به به‌رده‌وامی له‌هه‌موو ناوه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگادا ده‌وترایه‌وه. له‌ماڵ و له‌شه‌قام‌و له‌زانكۆو فه‌رمانگه‌كاندا، له‌چاوپێكه‌وتنه رادیۆی‌و ته‌له‌فزیۆنییه‌كاندا، له‌گۆڤارو رۆژنامه‌كاندا، له‌ده‌قه ئه‌ده‌بی‌و هونه‌رییه‌كاندا، له‌نوكته‌و هه‌جووه سیاسییه‌كاندا، ته‌نانه‌ت له‌خه‌ونه‌كانیشدا ئاماده‌یی هه‌بوو..!! ئاكام رووداوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناشیرین‌و نه‌خوازراو وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دایه‌وه.
به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتداری كوردستان ئه‌مجاره‌ش مه‌نتیقی هێزیان به‌سه‌ر مه‌نتیقی عه‌قڵ‌و ماف‌دا زاڵكرد. له‌بری چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی‌و ئیداریی‌و دارایی‌و سه‌ربازیی‌و..هتد، كه سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانه‌كان بوون، حه‌سمكردنی دۆخه‌كه به‌ڕێگه‌ی میلیتارییان هه‌ڵبژارد، حه‌سمكردن به‌مانای بێده‌نگكردن‌و گرتن‌و ترس‌و تۆقاندن نه‌ك شتێكی تر، به‌ڵام ئایا حه‌سمكردنی له‌م جۆره له‌توانایدا هه‌یه قه‌یرانه زۆر‌و زه‌وه‌نده‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ربكات؟ ئایا ئه‌م حه‌سمكردنه سه‌ره‌تایی قه‌یرانێكی تر نییه كه بۆ خه‌ڵكی كوردستان چه‌ند به‌رانبه‌ر له‌شه‌ڕی ناڕه‌وای ناوخۆ پڕ مه‌ترسیتر ده‌بێت؟
كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێین، ئه‌و راستییه‌ش باش ده‌زانین كه هه‌ندێجار ژانی قه‌یرانه‌كان له‌هه‌ناوی خۆیاندا گۆڕانكاری‌و وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌یان هه‌ڵگرتووه.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا مایه‌ی سه‌رسامی‌و نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه كه له‌ماوه‌ی دوو مانگی رابردووی خۆپیشاندانه‌كاندا، گوتاری سیاسی‌و ئیعلامی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ئاستی شه‌خسی‌و له‌ئاستی ناوه‌نده‌كانی بڕیاریدا (په‌رله‌مان، حكومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم) نه‌ك یه‌ك ریتم‌و ره‌زم نه‌بووه، به‌ڵكو زۆربه‌ی جاره‌كان گوتاره‌كانیان پێچه‌وانه‌ی یه‌كدی بوون، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان، له‌بناغه‌دا بیریان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه چۆن قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن، به‌ڵكو له‌بری ئه‌مه گره‌ویان له‌سه‌ر ماندووبوونی خۆپیشانده‌ران ده‌كرد، واتا له‌بری چاره‌سه‌ر، گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ رو‌وداوه‌كاندا كرد، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین سیناریۆی پڕ له‌تراژیدیاو لیپاو لیپ له‌كۆمیدیایان سازكرد، به‌ڵام هیچیان نه‌یانتوانی شه‌قام به‌خۆپیشانده‌ران چۆڵ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات نیشاندا كه خه‌ڵكی زۆر سو‌ورن له‌سه‌ر به‌دیهێنانی داخوازییه‌كانیان وه‌ك هه‌ندێكه‌س پێیانوابوو (ئه‌مانه په‌ڵپ‌و وڕك‌و بیانوو ده‌گرن!) وانه‌بوو… سه‌رئه‌نجام ده‌سه‌ڵات رێگه‌ی عه‌سكه‌ری هه‌ڵبژارد، له‌دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌م رێگه نه‌خوازراو و نه‌شیاوه، كه‌هه‌رگیز خه‌ڵكی كوردستان شایانی ئه‌وه‌نین به‌م شێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، گوتاری سیاسی‌و ئیعلامی ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه‌یه كه خۆپیشاندانه‌كانی دوو مانگی رابردوو، خۆپیشاندانێكی حیزبی ناڕه‌وا بووه، مه‌به‌ستیش لێی تێكدانی ئارامی‌و كوردستان‌و نغرۆكردنی ئه‌زموونی كوردی بووه! ئه‌مه له‌كاتێكدا پێشتر هه‌ر خۆیان چه‌ندینجار رایانده‌گه‌یاند كه داخوازی خۆپیشانده‌ران ره‌وایه!
ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتداران توانیان له‌ڕێگه‌ی ئه‌م گوتاره‌وه، كه خاڵی بوو له‌مه‌نتیقی سیاسی، بۆ ماوه‌یه‌ك درێژه به‌گه‌مه‌كه بده‌ن، بۆیه ده‌ڵێم: خاڵی له‌مه‌نتیقی سیاسی، چونكه هه‌ر ئه‌وكاته هه‌موو لایه‌ك ده‌یپرسی: ئه‌گه‌ر داخوازی خۆپیشانده‌ران ره‌وایه، بۆچی جێبه‌جێی ناكه‌ن؟ له‌دوای 19/2 ده‌سه‌ڵات كه‌زانی گوتاری (داخوازی خۆپیشانده‌ران ره‌وایه) بێخێره‌و هیچ ده‌ستكه‌وتێكی نابێت، ئیدی رایگه‌یاند دوو مانگه خۆپیشاندانی ناڕه‌وای حیزبی له‌كوردستان به‌ڕێوه‌یه، بۆیه ده‌بێت به‌ڕێگه‌ی عه‌سكه‌ریی دۆخه‌كه حه‌سم بكرێت!
ئێستا بابپرسین: ئایا بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه به‌شێوه‌یه‌كی دروست نه‌ده‌بوو له‌بری رێگه‌ی عه‌سكه‌ریی رێگه‌ی تر بگیرێته به‌ر؟ ئایا داخوازی خۆپیشانده‌ران هێند قورس‌و نامه‌قوڵ بوو و ده‌ره‌تانێك بۆ گفتوگۆ‌و چاره‌سه‌ر نه‌مابووه تابه‌م شێوه‌یه سزا نه‌درێن؟ ئایا جگه له‌وڵاته دیكتاتۆره‌كان، له‌هیچ وڵاتێكی تری دنیادا ئاوها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووناكبیران‌و خۆپیشانده‌راندا كراوه؟ وه‌ك له‌وه‌ی كه‌بینیمان له‌گه‌ڵ (رێبین هه‌ردی، هۆرێن غه‌ریب، كامه‌ران سوبحان، یادگار ره‌فیق)و ده‌یان رۆژنامه‌نو‌وس‌و مامۆستای زانكۆ‌و خۆپیشانده‌ری تردا كرا.
ئه‌مانه‌و ده‌یان پرسیاری تر ره‌وایه بكرێن. ئه‌گه‌رچی پرسیاره‌كان ساده‌ن‌و وه‌ڵامیان له‌هه‌ناوی خۆیاندا هه‌ڵگرتووه‌و له‌لای هه‌موو ئازادیخوازێك ئاشكرایه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌بری رێگه‌ی مه‌ده‌نیانه، رێگه‌ی میلیتاری توندوتیژی ناڕه‌وای گرته‌به‌ر، ناچارین له‌مه‌زیاتر خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین‌و پێمان وانه‌بێت كه ده‌سه‌ڵاتی كوردی جیاوازه له‌ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كه‌و جیهان. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و ده‌یكات ده‌بێت بیناسین كه ده‌سه‌ڵاتێكی سته‌مكاره‌و دووره له‌هه‌موو پره‌نسیپێكی دیموكراسی، چونكه ئاماده‌یه له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا سڵ له‌هیچ شێوازێكی سته‌مكاری نه‌كاته‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا زۆر مایه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌مه‌یه كه زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ر سزای ناڕه‌وای توندوتیژی ده‌سه‌ڵاتی كوردی كه‌وتوون كه‌سانی روناكبیر‌و و ئازادیخواز‌و قوربانیانی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه بوون كه مه‌به‌ستم له‌زیندانی سیاسی‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كانن!
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شداو له‌ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا، ئێستاش له‌هه‌ركاتێك زیاتر ده‌سه‌ڵاتداران زۆر میهره‌بان‌و لێبورده‌بوون له‌به‌رانبه‌ر گه‌نده‌ڵكاران‌و كۆنه‌جاش‌و ئه‌نفالچی‌و فایلیداره‌كان‌و جاش قه‌ڵه‌مه‌كاندا! كه له‌بناغه‌دا ئه‌مانه سه‌رچاوه‌ی ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانكانه، نه‌ك شتێكی تر.
ئێستا كه هۆكاری ناڕه‌زاییه‌كان نه‌ك هه‌ر ماون، به‌ڵكو چه‌ند به‌رانبه‌ر زیادیانكردووه، ده‌بێت رێوشوێنی توندوتیژی میلیتاریانه چه‌ند له‌توانای هه‌بێت ده‌نگی ناڕه‌زایی‌و خۆپیشاندانه‌كان كپ بكاته‌وه؟
ئه‌م پرسیاره‌ش ساده‌یه‌و وه‌ك پرسیاره‌كانی سه‌ره‌وه وه‌ڵام له‌هه‌ناویدا ده‌ستده‌كه‌وێت، له‌پێش ئێمه‌ش ده‌سه‌ڵاتداران ده‌زانن وه‌ڵامی دروست چییه. بۆیه ئێمه وایده‌بینین كه‌حه‌سمكردنی دۆخه‌كه به‌ڕێگه‌ی توندوتیژی عه‌سكه‌ری خراپترین‌و نه‌شیاوترین رێگه‌بوو كه ده‌سه‌ڵاتداران له‌دژی خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانبژارد، چونكه وه‌كو (مه‌ریوان وریا قانع) ده‌ڵێت (ئه‌مه شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگادا) ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا مایه‌ی تێڕامانه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جۆره شه‌ڕه، جیاواز له‌هه‌ر شه‌ڕێكی تر، له‌پێش ده‌ستپێكردنییه‌وه هه‌موو كه‌سێك، به‌ده‌سه‌ڵاتدارانیشه‌وه ده‌زانێت كێ براوه‌و كێ دۆڕاو ده‌بێت، ئێستا پیاوی عاقڵ لێمتێده‌گات ده‌ڵێم چی…