کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!
کەمجار هەیە بیر لە خۆکوشتنەکەی پۆل سیلان نەکەمەوە!
سیلان لەنێوان بادیو و دێریدا دا
بەشی سێهەم
ئازاد حەمە/ پاریس
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 41 سال بەسەر خۆکوشتنەکەی شاعیرەبیرمەند “پۆل سیلان” ەوە
لایسەرەوە بەوجۆرەی بادیو لە نووسینی “”مانیفێست بۆ فەلسەفە”” قسەلەسەر سیلان دەکات ، کە ئەوەش لەمیانەی ئەو بینینانەیەوە ڕوودەخرێن کە قسە لەسەر “”چاخی شاعیران”” دەکات، گفتووگۆێکمان لەسەر بادیو- سیلان هێنایەپێشەوە ، لێرەوە دەمانەوێت تاوێ لەسەر بینینی فەلسەفی دێریدا لەسەر سیلان بووەستین و بۆ ئەو مەبەستەش لایخوارەوە دێینەسەر گفتووگۆکردنی ئەو سێرکردنانەی دێریدا لەسەر سیلان هەیەتی ئەمەش داوامانلێدەکات کار لەسەر ئەو توێژینەوەیە بکەین کە دێریدا تایبەت بە شیعرگەرایی سیلان نووسیویەتی.
دێریدا و شیعرسازی سیلان
دێریدا لە سالی 1985 لەو سمینارەی لە ستۆکهۆلم (و دواتر لە ئۆسلۆ) (1) لەژێرناوی “شیعرگەرای سیلان” پێشکەشیکرد ، کەدواتر ،لە سالی 1986، بوو بە بەشێ سەرەکی لە باسەکانی ئەو کتێبەی بەناوی “شیبۆلیت” (ناوێ عیبرییە) چاپیکرد ، دەرفەتی لەبەردەم تێگەیشتن لە دیدی شیعری سیلان لەئاستێ تر دا کردەوە. بۆیە دەلێین ئاستێتر چونکە پێش دێریدا سیلان خوێندەوەی زۆری بۆ کرابوو بەڵام لەپاش خوێندنەوەکەی دێریدا تێگەیشتن بۆ شیعرگەرای سیلان خۆی لە زۆنی فەلسەفەیدا دیووە. لێرە نابێ ئەوەمانبیرچێت کە نزدیکبوونەوەی دێریدا لە سیلان بەشێ لەو وێنە فەلسەفیانەی تێدایە کە هایدیگەری لە هۆلدرلین نزدیککردۆتەوە. مەبەستی ئێمە لێرە بەو مانایە دێت کە دێریدا کار لەسەر شیعر وەک بوارێ هزری، شیعر وەک مژدەهێنەرێ هزری، دەکات نەک بەو مانایەی دێریدا هایدیگەر کاوێژدەکاتەوە. چونکە بۆ توێژینەوە فەلسەفیەکەی دێریدا لەسەر شیعرگەرای سیلان بابەتی بوون،کە مانای لە خوێندنەوەکانی هایدیگەر بۆ هۆلدرلین هەبووە، ئەو بایەخەی لای دێریدا نەدراوەتێ.
سەرەتا دەمانەوێت ئەوە بێژین کە، بۆ گەلێ لە شارەزایان لە فەلسەفەی دێریدا و ئەمجار لە فەلسەفەی هاوچەرخی فەڕەنسیش ئەوە ڕوونە کە دێریدا شێوازی نووسینی بەچەند قۆناغێک تێپەڕیووە. ئەلبەتە سەرەتا خۆی بە فەلسەفەێ پووختەوە سەرگەرمکردووە ، بەدلنیایشەوە دێرێدا ئەمەی لەڕێگای بایەخدان بە هۆسڕەلەوە کردووە، دواتر ووردە ووردە کەوتۆتەناو دروستکردنی پردێ لەنێوان فەلسەفە و هەریەک لە ئەدەب و لە زمانناسی و، پاش ئەمەش شوێنێکی لەناو فەلسەفە بۆ سیاسەت خستۆتەسەرپشت و لەوێڕا لەسەر باسی مافی نێودەولەتی و ڕاسیزم و گوزارەی “ئەویتر” ، ئەلبەتە لەژێر کاریگەری تێمای “ئەویتر” ی لێڤیناس ، هاتۆتەگۆ و ، ئەمەو پێش مەرگیشی بەچەند سالێ خۆی بە هەندێ واتای بایەخدارەوە سەرقالکردووە لەوانە: بەرپرسیاریەتی، میوانداری، هاوسێیەتی ، لێبووردەی، ئەلبەتە هەر لێرەدا پێویستە ئەوەش بووترێت کە دێریدا پێش دەمووەختی مردنی لەگەڕانەوەێ وورد دا بووە بۆ هەندێ واتای وەک مەرگ، مەرگ لەشێوەی هیبە(خەڵات، دیاری)، و ئاین و زەبر. ئەلبەتە ئەو درمە فەلسەفیەش کە نیچە لەپاشخۆی بڵاویکردەوە ( درمی پێوەبوون بە ڕەتکردنەوەی میتافیزیکی ئەفلاتوون) ئەمیشی گرتەوە. گەلێ لە ئاماژە (سیمتۆم)کانی ئەم درمەش لە جەستەی وتاری هزری دێریدا ئەو دەمە دەرکەوتن کە دێریدا توانی لە نووسینەکانیدا مەودا لەنێوان فەلسەفە و وێژەی پێکبێنێت. هەر لێرە بێچەندووچۆن ئەوەش دەلێین کە بایەخە زۆرەکانی دێریدا لە 1980 کان بەولاوە بە ستیفان مالارمێ، ژان ژینێ ، مۆریس بلانشۆ ، ژۆرژ باتای و ئەنتوان ئاڕتۆ و تادەگاتە سیلان بەلگەن لەسەر ئەوەی ئێمە لایسەرەوە درکانمان. ئەلبەتە هزری ئەنتی ئەفلاتوونی و باکگراووندە نیچەییەکەی دێریدا ڕۆلی خۆی لەوەدا هەبووە گەلێ لە نووسەرانی فەلسەفەی شیکردنەوەی ئەنگلۆسکسۆنی دێریدا وەک هزر ناکۆنکرێت و موریدی سوفستایەکان تەماشاکەن و ، ئەمەو خودی ئالێن بادیو لە نووسینی “”مانیفێست بۆ فەلسەفە”” دێریدا، هەروەک لیوتار و ڤیتگنشاین، بە سوفستای دەناسێنێ و پێیوایە هزریان لە ڕاسیۆنالیتێتەوە دوورە. بەڵام ئەوی ئێمە لێرە دەمانەوێت بە کورتی ووتنی لەبارەوە بێنینەپێشەوە پێوەندی بەم لایەنانەوە نییە بەلکو ئێمە لەم نووسینە کورتدا ئەو بۆچوونانە شیتەلدەکەینەوە کە دێریدا لەبارەی شیعری سیلانەوە ووتوونی ، هەروەها بەشێ لەو دیتنانەی فیلیپ لاکۆ- لابارتیش بەرباسدەخرێن کە لەبارەی سیلان و بگرە هایدیگەریش ووتراون و ئەمەو گەڕانەوەی پەیتاپەیتامان بۆ سێرکردنەکانی هایدیگەر بۆ هۆلدرلین و بێدەنگیشی لە شیعرگەرای سیلانیش لەچەند شوێنێک جێیبایەخدەبن. کەوابێ بۆئەوەی تێگەیشتنێ پانۆرارامای بەرچاوخەین بەپێویستی دەزانین سێرکردنەکانمان بەو بۆچوونانەشەوە تێهەلکێشکەین تایبەت بە هایدیگەر- هۆلدرلین هەمانە و لەوێڕا گرێیدەدەینەوە بەوی لەسەر هۆلدرلین لە ناوبراو بە “چاخی شاعیران” ی بادیو دا دەووترێت.
گشت ئەوی دێریدا لەسەر سیلانە لە نووسینی””شیبۆلێت”” بەرباسیدەخات کۆششێک بووە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو لایەنانەی بەکردەی شیعرسازی پۆل سیلانەوە تایبەت بووە کە ئەوەش جەغت لە جودایی کردەی شیعرسازی سیلان دەکات، ئەم بەجوودابوونەش سەرچاوە لە جوداوازی ئەو زمانەوە هەلدەگرێت کە لە ئەزموونی شیعرسازی سیلانا پەنهانە. ئێمە پێشئەوەی بێینەسەر گفتوگۆکردنی سێرکردنەکانی دێریدا لەمەڕ شیعری سیلان بەپێویستی دەزانین ئاماژە بە دوو سەرنجبدەین. سەرنجی یەکەمیان ئەوەیە کە چۆن ئەزموونی شیعری سیلان هزرەڤانی تێدایە کە ئەمە بادیوش خەیالیداوەتێ. هەروەها سەرنجی دووەم ئەوەیە کە چۆن شیعر لە پێوەندیدایە بە ئازارەوە. ئەوەی کە شیعر لای سیلان لەتەک ئازار دا لەپێوەندیێ نەپساودا بووە ئەمە ئەو تراژیدیا کەسییە بۆ سیلانی دروستکرد کە سیلان وەک شاعیرێ تێیژیا ،کە بەباوەڕی ئێمەش شارستانی ڕۆژئاوا لەمبارەوە بەرپرسیارە. سیلان کە قەدەرێ ڕەش هیچ کات بەرۆکی بەرنەدەدا شیعرەکانی بەوەگەیاند ئەو هەموو هزرەڤانییەی بەسەرەوە کرێت. بەڵام پێویستە لەوە بەئاگابین کە سیلان بۆئەوە نەینووسی تا بیریاری بەسەر وێنە شیعریەکانیەوە کرێت بەلکو ویستی ئەو ئازارە لە پێستی ڕۆحی ڕامالێت کە شارستانی ڕۆژئاوا بە خەڵات پێیبەخشیبوو. بۆیە گومانی ناوێت بلێین کە، ئازار ئەو خەڵاتە بووە کە سیلان بەریکەوت ئەمەش پاداشتی بە جووبوونەکەی بوو. بەجووبوونی سیلان بووە ژەهر و چوە گەروویەوە. گەرووی سیلان لەو گەرووانە نەبوو کە شیعر بکات بە دۆستی سەما و نەشئە. ئێمە کە هیچ دیۆنیزۆسیێک لە سیلانا نابینینەوە لەبەرئەوە نییە سیلان دژی خۆشی بووبێت بەلکو لەبەرئەوەیە سیلان نەیدەتوانی گوزارە لەشێتبکات لە دەروونیەوە دوورە. خواوەندی دیۆنیزۆس بۆ سیلان پێناچێ ئەو مانا و چێژەی هەبووبێت. ئەو جۆرە تراژیدیایەی سیلان و سیلانیەکان تێیژیان بۆ ولاتێ وەک ئیسرائیل بووە بە بەهانەێک بۆ دروستکردنی تراژیدیا بۆ ئەوانیتر. ئیسرائیل کە بەری تراژیدایە لەو تراژیدیایەش بەرپرسیارە فەلەستینیەکان تاهەنووکە دەیژێن. ئیسرائیل کە نوێنەرایەتی ئازارەکانی سیلان ناکات هیچ هۆشێکی بە ڕەخنەکردنی شارستانی تازەی ڕۆژئاوا نەداوە. بۆیە هەلەناکەین گەر بلێین ئیسرائیل ئەو وڵاتەیە کە لەسەر ئازەرەکانی سیلان و سیلانیەکان مشەخۆرە.
ئەوەی زۆر جێی تێڕامانە لەو نووسینەی دێریدا ،واتە “”شیبۆلێت””، ئەوەیە کە کاتێ دێریدا لە سیلان دەدوێت لە شاعیرێ دەدوێت لەتەک ئازارا زۆرترین دۆستایەتی هەبووە. دێریدا کە جووبونی سیلان دەناسێتەوە لەتەک جووبونی خۆیا یەکیناخاتەوە. بەڵام دەشکرێت بۆئەوەشبچین کە ئەوەی دێریدا و سیلانی لە “”شیبۆلێت”” دا کۆکردۆتەوە هەر هەستی بەجووبوون نییە بەلکو دەستنیشانکردنی هزریشە لە شیعری سیلانا. ڕاستە بۆ دێریدا بابەتی بەجووبونی سیلان لە “”شێبۆلیت”” جێیتێڕامان بووە بەڵام بەس ئەم لایەنە ئەم شاعیر و فەیلەسوفەی کۆنەکردۆتەوە. هەروەها ئەوەش ڕاستە کە سیلان لە شیعری “”شیبۆلیت “” دەرکی پێدەکرێت شاعیرێ جووە و دێریداش ئەو بەجووبونە دەلاوێنێتە بەڵام لەژێرلێوەوە نەک ڕاستەوخۆ. وەلی بەگشتی شێوازی نووسینەکەی دێریدا لەوە بەدوورماندەگرێت تەنیا بیر لە بەجووبوونی ئەم شاعیر و فەیلەسوفە بکەینەوە. ئەمە لەلاێ و لەلاێتریش پێدەچێت دێریدا لەناو نەوەی خۆی (فوکۆ، لیوتار ، بۆدریار)، ئەلبەتە دۆلۆزی لێدەرچێت، بۆ دۆزینەوەی تارمای فەلسەفی لە شیعرا لەزۆربەیان بەسەلیقەتر بووە. ئەم کە گرفتاری لەلاێ هایدیگەر و تاوێ نیچەش بووە لەو بوارەدا بۆ هێنانە پێشەوەی بۆنە بۆ ووتن لەسەر شیعر و فەلسەفە کارەمابووە. ئەم ،واتە دێریدا،کە ئەزموونێ باشی لە ڕەتکردنەوەی فەلسەفەی ئایدیالیزمی ئەفلاتوون هەیە و بەمەراقەوە شیعر و فەلسەفە ئاشتدەکاتەوە دەزانێ چەند سیلان بۆ ئەم قۆناغە مانادارە. بۆیە بادیو کە لە 1989 دا باس لە هزرەڤانی بەشێ لە شاعیران دەکات، بەتایبەت ئەوی خۆی دەیانخاتە ناو چاخێکەوە، دێریدا پێشتر (واتە لە 1985 دا) دەگمەنی سیلانی بەرباسخستووە. بۆیە بەباشیدەزانین هەندێ لایەنی ئەو سێرکردنەی دێریدا تایبەت بە سیلان لایخوارەوە بەبارسخەین (2). لەو بەرباسخستنەشدا جگەلەوەی بۆچوونەکانی دێریدا گفتووگۆدەکەین باس لە خاسلەتەکانی ئەو دۆزەش دەکەین فەلسەفە بە شیعر و زمانەوانیەوە دەلکێ، کە بەخۆی ئەو دۆزە بەگشتی لەژێرسایەی بیرمەندانی پۆست مۆدێرنە و پاشتازەگەری فەڕەنسی هاتنەکایەوە. وەکیتریش هەر ئەم لایەنەیە کە بادیو تاڕادەێ لە”” مانیفێست بۆ فەلسەفە””دا پێیقەلسە و ڕەتیشیدەکاتەوە.
دێریدا لە نووسینەکەیدا، کە ناوی “”شیبۆلێت”” ی لێناوە ، ئەوەمان پێڕادەگەێنێت کە سیلان لەبارەی شیعرێکەوە دەپەیڤێ بوونی نییە. ئەو شیعرەی ،بەبۆچوونی دێریدا، سیلان لێیدەدوێت “”شیعری ڕەها”” یە. ئەم شیعرە بە فیعلی بوونی نییە(3). کەواتە لێکدانەوەکانی دێریدا ئەوە بەرچاویدەکەن کە”” شیعری پووخت”” بوونی نییە. یان شیعری پووخت ئەو شیعرەیە کە سیلان دەینووسێ و ئەمەش بوونی نییە. بەڵام ئەم بوونی نییەی دێریدا جەغتی لێدەکات پێداگیرییە لەسەر دەگمەنی شیعرگەرایی سیلان. واتە سیلان باس لە شتێ دەکات بێ بوونە. بەتەبیعەتیحالیش هەرشتێ کە لە بوونا بوونی نەبوو ئەوا ئەو شتە گومڕا و تاکە.
بۆ دێریدا تێکستی “”شیبۆلێت”” هەر شیعرگەرای تێدا بەدیناکرێت بەلکو هەندێ دەرخستەی زمانەوانی و فەلسەفیشی تێدایە. ئەم لایەنە دێریدا پێدەچێت لەئاکامی سەرنجخستنەسەر واتای وەک تەنیای و بەروار پێیگەیشتووبێت. بۆیە هەلەنیە خوێنەر بۆئەوەبچێت کە دێریدا شیعرگەرایی لە گۆکردنی بەروار لای سیلان دەبینێتەوە. هەر لەو بەروارەدا، بۆ نموونە بەرواری 20 ژانڤیێ، نهێنی ژوانیش بەدیدەکات(4). ڕاستە شیعر لای سیلان زمانی تاکە هەروەها شیعر تەنیایە بەڵام تەنهایی شیعر لە جوولەدایە ڕوەو بوون. هەر ئەم شیعرە تاک و تەنیایەش خۆی لە نهێنی ژوان دا دەبینێتەوە(5). کەواتە ئەم شێوە شیعرەی سیلان نووسیویەتی ویستێ زال و باو دەکات کە ویستی گشت و زۆربە نییە.
ئەوی دێریدا لەبارەی سیلانەوە ئەنجامی دەدات نە لەوی هایدیگەر دەچێت ، کە لەبارەی هۆلدرلین و تڕاکلەوە ووتراوە، و نەش لە ڕوانینی بادیو وە نزدیکە، کە لەبارەی “”چاخی شاعیران””ەوە ووتراوە،. چونکە هایدیگەر لەمیانەی ووتنەکانی لەبارەی هۆلدرلین و تڕاکلەوە قسە لە “”نەتەوە”” دەکات کە ئەمە نە سیلان لێیدەدەوێت و نەش دێریدا. هەروەها بادیوش لەبەرئەوەی بە مەسەلەی لکانی شیعر بە فەلسەفەوە سەرقالە ،کە بۆ بادیو ئەم لکانە مانای بۆ مانەوەی فەلسەفە هەیە، خۆی لە هایدیگەر و دێریدا تەواو جیاکردۆتەوە. بەڵام نیەتی دێریدا تا ئەندازەێک لە نیەتی ئەم دوو فەیلەسوفەوە دوورە (واتە هایدیگەر و بادیو). دێریدا دەیەوێت بەهۆی سیلانەوە لەسەر ئەدەبیەتی ئەدەب و فەلسەفە قسەبێنێتەپێشەوە. هەروەک لایسەرەوەش ووتمان ئەمە بۆ دێریدا مەیسەر دەبێت چونکە لەلاێ سیەکانی لە ئەنتی ئەفلاتوونی پڕن و لەلاێتریش لە هەناوی ڕوناکبیریکەیدا نیچەگەرایی گەلێ بێچوویداناوە. کەواتە دێریدا لەوەوە نزدیکە کە باسیدەکات بەڵام خودی سیلان ، ئەوی ئەو هەموو هزرەڤانیەی بەسەرەوە دەکرێت، بۆ ئەوە شیعری نەنووسیووە کە ئەو هەموو دووریە لە بینیندا بخاتەوە کە کەسانێ وەک بادیو یان دێریدا دەیبیننەوە. ئەلبەتە بادیو لە نووسینەکەیدا لەوە بەئاگایە کە ئەو شاعیرانەی ناویان دەبات بە شاعیرانی “”چاخی شاعیران”” خۆیان نەیانزانیوە ئەوەن (واتە هزرەڤانن).
بۆئەوەی نەختێ جیاتر لەوی لایسەرەوە لێیدواین باس لەوەدەکەین کە بەجووبونی سیلان ، کە بووە هۆی بەسەربردنی بەشێ لە تەمەنی لە ئۆردوگاکانی قەتلوعامی جوو و هەروەها تێچوونی دایکوباوکیشی، تێکشانێ سەیری لە سیلانا دروستکرد کە تاڕادەێ دۆزێکی هێنانەیەپێشەوە شیعرەکانی سیلان ، لەچاو ئەو شاعیرانەی لەو کاتەدا بەو قۆناغە تێنەپەڕین، ڕەوتێ جیا وەرگرن. هەروەک لەمەوبەریش ووتمان، سیلان شیعری نە دەنووسی تا وەک هزر تێیبڕوانرێت بەلکو شیعر بۆ سیلان دەروازەێک بوو بۆ تانەگرتن لە ئازار. ئەمەش بەخۆی ڕەوتێ تەواو جیایە لە ڕەوتی شاعیرانی پێشخۆی. ئەم ڕەوتە کە ئێمە ناوی دەنێین ڕاستگۆی لەتەک خۆدا تابلێی لە پرۆسەی شیعرسازی سیلانا کاریگەربووە. ئەو ڕاستگۆیەی سیلان کە نە دێریدا باسلێوەکردووە و نەش بادیو جەوهەری شیعرگەرای سیلانە. بەڵام ئەو ڕوونکردنەوانەی لە “”شیبۆلێت”” دا ئەنجامدراون زەینی خوێنەر زۆر ڕوەو ئەوەدەبەن کە ئەرکی شیعر وەک یادکردنەوە و پیرۆزکردنی بەروار خۆی دەردەخات. ئەم ئەرکە کە لەبناغەدا ماهیەتی شیعرە (6) بۆ دێریدا مانای خۆشی بۆ واتا شیعریەکانی سیلان هەیە. بۆیە زۆر بەجێیە لێرە بووترێت : زۆرترین چەمکێک دێریدا بۆ جیاکردنەوەی شیعرگەرای سیلان ڕووناکیدەخاتەسەر چەمکی”” بروار””ە. هۆی ئەم بایەخدانەی دێریداش بەم چەمکە لای سیلان پێدەچێت بۆئەوە بگەڕێتەوە کە دێریدا پێیوابووە ئەوەندەی شیعرگەرایی سیلان لەبارەی ئەم چەمکەوە شتی پیێووتوین ئەوەندە نە شیعرگەرای مۆدێرنیتێ و نەش هی پۆستمۆدێرنیتێ شتێئەوتۆی پیێووتوین. ئەلبەتە سەرچاوەی بایەخدانەکەی دێریدا بەم چەمکە بە بۆچوونی فەیلەسوفێکی سویدی بەنێوی هانس ڕوین بۆ ترادیسیۆنی فەلسەفەی دیاردەگەری هۆسڕەل دەگەڕێتەوە (7). ئەمە ڕەنگە بەوجۆرە بێت بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە شوێنی لێووردبوونەوەیە ئەوەیە کە ئەوی سیلان بەردەستیخستین ئەو شیعرە بووە کە دەبایە نەوترایە. مەبەستی ئێمە لەم قسەیە ئەوەیە سیلان بەپێچەوانەی ئەو تەوژمە ڕوناکبیریە ڕۆشت کە ئەدرنۆ پێشبینیدەکرد. بۆ ئەدرنۆ سەخت بوو ئەوە هەرسکات کە پاش هولوکۆست بشێ و بکرێ شیعر سەردەربێنێتەوە. ئەدرنۆ وەنەبێت نەیزانیبێت دەکرێت ئەمە ببێت (یان هەبێت) بەڵام ئەو بەلایەوە گرینگ بوو هولوکۆست ڕیسواکات و وەک شمەک (کالا) ی مۆدێرنیتێش تێیبڕوانێت. هولوکۆست کە بەرهەمی ئەندێشەێ سیاسی ڕۆژئاوایی بوو ترادیسۆنی فەلسەفەی ڕۆژئاوا تابلێیت لە هێنانەدونیای بەرپرس بووە.
ئاشکرایە ئەدرنۆ بەو بۆچوونەی جوانکاری تازەگەری خستە ژێرپرسیارەوە و هیوای لە گەشەسەندنی قرتاند بەڵام داهێنانەکانی پاش هولوکۆست بەتایبەت، لەوانە ئەزموونی شیعرگەرای سیلان، توانیان شوێنێ دی بۆ گوزارەکردن بدۆزنەوە. نەک هەرئەوە بەلکو خودی سیلان لە شیعرێ بەناوی “”فوگیمەرگ””، کە تیایا ژیانی ئۆردوگا زۆرەملێکانمان بۆ وێنەدەکات ڕەخنەی ئەو دیتنەی ئەدرنۆ دەکات کە بەمجۆرەیە:””نووسینی شیعر پاش ئۆشوێتز بەربەرییە””. بەگشتیش تێزە ناودارەکەی ئەدرنۆ “”شیعر لەپاش ئۆشوێتز شیاو نییە نووسینی”” بۆ سیلان بابەتێ سەرنجڕاکێش بووە. ئەلبەتە سیلان ئەم لایەنە لە شیعرێ (8) سەرنجداردەکات، و بۆ دێریدا و تەنانەت بۆ یەکێ لە وەرگێڕەکانی شیبۆلێتیش (ئاریز فیۆرێتۆس) شوێنێ باشە بۆ گەڕان بەدووی مانای شیعر و چۆنیەتی شیعر نووسین. بۆیە دێریدا لە ئاکامی ئەو تێڕوانینەی ئەم پرسیارە فەلسەفیەی لادروستدەبێت :چۆن دەکرێت مرۆڤ هیچ بنووسێت؟ بەلام پێویستە لەسەر زاری وەرگێڕی سویدی ناوبراو (واتە ئاریز فیۆرێتۆس) دان بەوەدا بێنین هیچ لە شیعری سیلان بەتایبەت لە شیعری ناوبراو هیچێ زیندووە (9).
سەرباری ئەوی ووترا، دێریدا لە نووسینەکەیدا زەمینە بۆ قسەکردن لەسەر گەشەدان بە کردەی شیعرسازی دەکاتەوە. ئەمەش بەهۆی خوێندنەوەی چەند چەمکێکەوە دەکات ( بۆنموونە بەروار) بەڵام دێریدا چ ئەم چەمکە و چش لایەنەکانی تر لە ئەزموونی شیعرسازی سیلان بەهۆی فەلسەفەکردن بەسەر واتای زمانەوە دەکات و ، ئەمەو دێریدا لەم حالەتە شیاویێک دروستدەکات ئەمەش تەنیا بۆئەوەی بوارێک بۆ لێکدانەوەێ فەلسەفی شێوە ئەنتی میتافیزیکی بهێنێتەگۆڕێت. ئەم کارەش دێریدا دەخاتە ناو چەقی ئەو گفتووگۆیانەی لە 1980 کانا لەسەر بیری پۆست مۆدێرنە دەکرا کە گوایە ئەم بیرە پردێک لەنێوان ئەدەب و فەلسەفە دا دەسازێنێت. هەر لەم دەمووەختەشدا قسەکردنێ زۆر تایبەت بە لێکدانەوەکانی هایدیگەر تایبەت بە “جەوهەری شیعر” هاتەپێشەوە و جارێتر هایدیگەر و بینینەکانی بۆ شیعر و ئەدەب بوونەوە بە جێی تێڕامانی توێژەرەوەکان.
بەبێگومانەوە دەلێین ،ئەو کاتەی فەلسەفە لە دەرگای شیعر دەدات دوو لایەن لەگشت شتێ زیاتر جەغتیان لەسەر دەکرێت کە ئەمە چ لەلای دێریدا دەرکەوتووە و چش بادیو کە پێشتریش هایدیگەر پێوەیگلاوە کە ئەوەش مەسەلەی زمان و هزرە. ئەو هێزەی دێریدا لە تێکستی شیعری سیلانا دەیبینێتەوە لە هەناوی زمانە شیعریەکەی سیلانا خۆی مەڵاسداوە. ئەو زمانە کە دێریدا فەلسەفەی بەسەرەوە دەکات،لە 1985 و لە 1986 چاپکراوە، پێشتر هایدیگەریش ئەوەی لەگەل هۆلدرلین دا کردووە ،لە وانەکانی 1942 دا، کە دوای ئەمانیش بادیو لە نووسینی چاخی شاعیران””دا ، لە مانیفێست بۆ فەلسەفە 1989، کردوویەتی. بەڵام جۆری کارکردنەکان لەیەکەوە زۆر نزدیکنین. چونکە سیلان بۆ بادیو دەرفەتێکە بۆ قرتانی فەلسەفە لە شیعر هەرچی هایدیگەرە لە هۆلدرلیندا ئاوازی نەتەوەی دەبینێتەوە کە هایدیگەر هۆشی سیاسی خۆی پێپەروەردە دەکات ، وەلی لای دێریدا سیلان دەرگا لە پێوەندی نێوان شیعر و فەلسەفە دەکاتەوە. ئەو پێوەندیەش لەڕێگای زمانەوە دەستبەکاردەبێت.
بۆیە لێرەدا پێویستە ئەوەبووترێت کە، لایەنێ کە بۆ دێریدا لە شیعرەکانی سیلان دا سەرنجئامێزە ئەوەیە کە شیعرگەرایی سیلان پڕە لە گومڕای و لوغز. ئەم لایەنە واهەستدەکەین بادیوش ئاماژەی پێدەکات و ئەو تێڕامانەش لا خوێنەر دروستدەکات کە ئەو جۆرە شیعرانەی لوغزیان تیایە ئەو شیعرانەن دەکرێت ببن بە دۆستی هزر. یەکگرتنەوەی شیعریش بەمجۆرە لەگەل هزر و گومڕای دەکرێت بووترێت ڕێچکەێکیان لەبەردەم شیعرکاریدا کردەوە کە وەرچارخاندنێ بهێنێتە دی شایانی ئاوڕدانەوە بێت. وەکیتریش ئەوەش دەشێ بووترێت کە، هەر ئەو ئاوڕدانەوەیەشە کارێوای کرد ئەو هەموو بیریاریە بەسەر هەندێ ئەزموونی شیعرییەوە، بۆنموونە شیعری سیلان، بکرێت.
بۆنموونەش یەک لەو لوغزانەی ئێمە لە شیعری سیلانا پەیپێدەبەین کرانەوەیەتی بەسەر ئەویتر، یان ڕەفتارکردن لەتەک خۆ وەک ئەویترێک. ئەو شێوازە کە تابلێی ناسادەیە تەنیا فەلسەفە دەکارێت ووتنی لەبارەوە بێنێتەپێشەوە. ئەم جۆرە مامەلەیە لەناو شیعر بۆ گشت شاعیرێ سەرناگرێت و هەرهەموو شاعیرانیش وەک یەک گوزارەی لێناکەن. بۆییشە بابەتی ئەویتر لەتەک باسی تەنیاییا لە شیعری سیلان یەکدەگرنەوە. چونکە تەنیای سیلان تەنیایێ تایبەت بووە، هەروەها تەنیای سیلان تەنیایێ بووە کە شیعر پێویستی پێبووە. تەنانەت خۆکوشتنەکەشی نیشانەێ ڕاشکاوانەیە لەسەر تایبەتێتی ئەم تەنیایە.
هەروەک پێشتریش ووتمان ، سیلان پاش دەربازبوونی لە ئۆردوگاکانی زۆرەملێ لە 1950 ژنی هێنا و گرافیکەرێ فەڕەنسی بووە هاوسەری و کوڕێکیشی بەناوی ئیریک لێبوو بەڵام ئەم لایەنە تەنیایی و لوغزەکانی سیلانی چارەسەرنەکرد. بۆیە سیلان بۆ پایانهێنان بەو دڕامایەی شارستانیێک لێیبەرپرسیاربوو لە چرکەێکدا شیکاریکرد بەڵام بەمەرگی خۆی ئەوەی ئەنجامدا. ڕەنگە جیاوازی نێوان سیلان و شاعیرانی چاخی ناوبراو لە چەند شتێ بێت کە یەک لەوانە بۆ ئێمە، کە بادیو ئاماژەی پیێنەداوە، ئەوەیە سیلان بەسەرهاتێ تر بە شیعروە گرێدەدا کە پرسیارە نەتەوەی و مێژوویەکان نیە بەلکو ئەو قەدەرەیە کە دۆزێ سیاسی بۆیئامادەکرد، بۆیشە لەیەکێ لە دەبڕینە ناودارەکانی لەمەڕ مەرگ ،کە بەمجۆرەیە: “”مەرگە وەستاێکە خەلکی ئەلمانیایە””(10)، ئەوە بەگوێمانا دەچرپێنێ کە ئەلمانیا مەرگدۆستە. ئەم مەرگدۆستەیەی ئەلمانیا کاریگەری بەسەر شیعرنووسینی سیلانەوە بەجێدلێت و هەر ئەمەشە لەسەرێترەوە وادەکات تەحەدای تێگەیشتنی فەلسەفی ئەدرنۆ کات و شیعر بنووسێت تا بۆ ئەدرنۆی بسەلمێنێت شیاوی بۆ نووسینی شیعر ماوە.
بۆ زێتر پیێداگرتن لەسەر ئەو لوغزانەی لە شیعری سیلان دا هەن جارێتر دەگەڕینەوە لای بینینەکانی دێریدا کە لەبناغەدا بۆ لێدانی ئەو میتافیزیکە لەدایکبوون کە لە شیعری سیلان دا پەنهانە. گوومانیناوێت، دێریدا ئەو دەمە ئەو نووسینەی لەسەر “شیعرگەرای سیلان ” نووسی (1986) کە لە کارە فەلسەفیەکانی دا تائەوپەڕی بە ڕەخنەکردنی “میتافیزیکی ئامادەبوون” ەوە سەرقالبوو ، ئەو میتافیزیکەی ڕیشەی لە ئەدەب و فەلسەفەی ڕۆژئاوا داناوە. ئەوەش کە بووە هۆکارێک بۆئەوەی دێرێدا ئاوا بێتەپەیڤین دەکرێت بلێین هۆنراوەی “مێریدیان”(11) ی سیلانە. چونکە سیلان لەم هۆنراوەیەدا مەسەلەێ هەستیار دەوروژێنێت، ئەوەش ئەوەیە کە “شیعر زمانی هەیە “. ئەم تەماشاکردنە سیلانیە بۆ پێوەندی نێوان شیعر و زمان والە ئێمە دەکات لێرە بۆئەوەبچین کە جۆرە پووختکردنەوەێک لەلایەن سیلانەوە بەدیدەکرێت کە خۆی لەسەر ئەو بناغەیە دادەمەزرێنێت کە شیعر دەدوێت. واتە، شیعر زماندارە و دەپەیڤێت. شیعر شێوازی خۆی لە پەیڤین هەیە. ئەو چرکەی شیعر تیایا دەدوێت چرکەی خۆیەتی. ئامادەبوونی شیعر لە چرکەدا (واتە زەمەنی خۆی) ڕێگا لەبەردەم شیعر دەکاتەوە لە کاتی،لە چرکەی، خۆیەوە نزدیکبێت. کەواتە، شیعر، لە چرکەدا دەوترێت، پێویستی بەوەیە لەناو چرکەدا نەشونماکات. دوانی دێریداش لەسەر وەخت و دواتر بەروار ئەو ڕێگایەن دێریدا بۆ هەلوەشانەوەی زمانی شیعری سیلان دەیگرێتەبەر. لەو دەموەختەی دێریدا شیعرگەرای سیلانی شیکردۆتەوە ڕوناکبیریێ هۆسڕەلی بەسەر دێریداوە زالبووە کە ئەم ڕوناکبیریە کاریگەری خۆی بەسەر ئەو شێوەئاوڕدانەوەی دێریداوە لە سیلان هەبووە. دێریدا کە ڕەخنەی وتاری زمانەوانی میتافیزیکی هۆسڕەلی کردووە، ئەم ڕەخنەیە بۆ لێدانی واتای ئامادەبوون بووە لەو وتارە بۆیە قسەی دێریدا لە وەخت و لە بەروار گفتووگۆکردنی بەشێ لەو لایەنانەیە کە دێریدا لەسەرەتای هەشتاکانەوە کاری لەسەردەکردن (12). چونکە دێریدا لەڕێگای باس لە وەخت و بەروار لە شیعری سیلان قسەلە تاکگەرای دەکات. ئەو باسەش دواتر لای بادیو گرینگی خۆی هەبووە وەلی لە چوارچێوەێ تەواو جیاتر لە دێریدا. چونکە بادیو تاکگەرای لە شیعر دەکا بە ناسنامە بۆ کردەی شیعری. پاشان با لێرە ئەوەش بیرخەینەوە کە دێریدا لەکاتی ڕاڤەکردنی واتای وەک بەروار و وەخت و تەنانەت زمان و تاکگەرای واتای شیعریش کار بۆ لێدانی هزری فەلسەفی لەلاێ ئەفلاتوون دەکا و لەلاێتریش تێگەیشتنی بنەماخوازەکان بۆ زمان و تێکست. ئەمەش تاڕادەێکی زۆر دەمانگەڕێنێتەوە بۆ 1966 ، واتە ڕێک بۆ ئەو سمینارەی ، “”بنەما، نیشانە و یاری لە وتاری زانستە مرۆیەکانا””، دێریدا لە زانگۆی جۆن هۆپکینس لە هەمان سالدا پێشەکەشی کرد کە تیایا وتاری بنەماخوازی ڕەتدەکاتەوە، هەروەها بۆ سالی دواتریش ، واتە 1967 ، کە دێریدا بە سێ بەرهەمەوە دێتە ناو گۆڕەپانی هزری فەڕەنسی و ئەورو-ئەمەریکای (یەکەم “لەمەڕ نووسیناسی” و دووەم “دەنگ و دیاردە” و سێهەم” نووسین و جیاوازی” ) ،کە ئەمانەش جۆرە ڕوونکردنەوەێکی هێنایە مەیدان کە زمان لە بنەما میتافیزیکیەکەی بخرێت و زمانی ناو تێکست لەدەرەوەی تێگەیشتنی میتافیزیکی ببینرێت.
بەکورتی، گەڕانی دێریدا بەدووی زمان لە شیعری سیلان کۆششێکە بۆ ڕوونکردنەوەی شیعرگەرای وەک ئەزموونێ زمانەوانی. ئەم ئەزموونە کە زمان دەکات بە ئامرازی گوزارەکردن وەک دیاردەێکی تاکی ، بەدلنییایەوە لەناو دیتنە شیعریەکانی سیلانا بناغەی هەیە. ئەمەش کارێوادەکات خوێندنەوەکەی دێریدا خوێندنەوە لەپاش خوێندنەوە دروستکات و ، ئەوەش کە بۆ سیلان لە شیعرەکانیا گرینگە بووە ئەوەبووە کە ئەوە بۆ خوێنەر واڵاکات کە پێیدەکرێت و، ئەزووموونی شیعرنووسینیش وەک کردەێ زمانەوانی نیشاندات. لێرە زۆر دووریش ناڕۆین گەربلێین ئەو شیاویەی سیلان لە شیعرنووسینا دروستیدەکات ڕێگای لەبەردەم ئەو جۆرە تێگەیشتنە فەلسەفیانە کردۆتەوە نەک هەر دێریدا بگرە بادیو و فیلیپ لاکۆ-لابارت و چەندین ڕوناکبیری تری ئەورووپای بەخۆوە سەرقالکەن . چونکە بۆ سیلان ئەوە گەلێ ڕوونە کە، ئەوەی زمان لە ئێستادا هەنووکە دەکات شیعرە(13).
ماویەتی…………….
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(1). دێریدا دووجاران سەردانی ستۆکهۆلمی کردووە، یەکەمجار لە 1985 و جاری دووەم لە ئایاری 2000 .
(2). هەندێ لایەنی ئەم چەند دێڕەی لێرە تایبەت بە بینینی فەلسەفیانەی دێریدا لەبارەی سیلانەوە بەرباسدەخرێت لە هەندێ ڕوەوە سەرچاوە لەو بینینانەوە هەلدەگرێت چەند سالێ لەمەوبەر (1998) لە دووتوێی نووسینێکدا بەنێوی “”ئێپۆکی پاش بنەماخوازی: لەمیانەی خستنەڕووی بیری ژاک دێریدا”” بلاومانکردۆتەوە کە دواتر لەدوتۆی کتێبێکدا دوبارە بلاوکراوەتەوە کە ناوی “” بیری پۆست مۆدێرنیزم”” ی لەخۆگرتووە. بڕوانە ئازاد حەمە: بیری پۆست مۆدێرنیزم چاپی سوید 2001، لا 341- 337.
(3). Jacques Derrida. Schibboleth. Översättning: Aris Fioretos & Hans Ruin، Symposion، 1990.s.45.
پێمانباشە سەرنجی خوێنەر لەم پەراوێزەدا بۆ ئەوە ڕاکێشین کە، کتێبی “”شیبۆلێت “”ی دێریدا لەسالی 1990 لەلایەن دوو ڕوناکبیری زانگۆییەوە (ئاریس فیورێتوس و هانس ڕوین ) ، کە لە نێوەندی ئەکادیمی سویدی دوو پرۆفیسۆری دیاریشن ، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانس سویدی. لەم کتێبەدا نوسینێک هەیە لەبارەی سیلانەوە کە پێشتر لەلایەن هەمان ئەو دوو کەسەوە کراوە بە سویدی و لە گۆڤاری “کریز”ی سویدی ژمارە 34-35 دا بڵاوکراوەتەوە و دواتر ئەم وەرگێڕاوە کراوەبە بەشێ لە کتێبەکەی دێریدا.
وەکیتریش دەمانەوێت لێرە ئاماژە بەوەشبکەین کە گۆڤاری “کریز” یەک لەو گۆڤارە بێوێنانەیە لەماوەی ساڵانی 1975-1997 کان لە سوید دەرچووە و ،لەماوەی 22 سالی تەمەنیدا توانیویەتی بەرهەمێ زۆری بیریارانی ڕۆژئاوای وەرگێڕێتە سەر زمانی سویدی و، ئەوەی پێیدەلێن هزری فەلسەفی و ئەدەبی کۆنتنێتال و بەتایبەت ئاڕاستەی پۆستمۆدێرنە بە خوێنەرانی سویدی بناسێنێت. ئەو دوو ڕوناکبیرەی لایسەرەوەش ناوینهات لەتەک چەند ڕوناکبیرێکی تری سویدی (دانیێل بیرنبوم، سڤێن- ئولوف والنشتاین، ئاندەش ئولسون ، هۆراس ئینگداهل و ….) بەشێکن لەوانەی ئەرکی ئەو پرۆسە ڕوناکبیریە پڕئەکادیمیەیان لەئەستۆگرت.
مایەوە ئەوەش بلێین بۆ خوێنەرانی سویدیزانی ئەم بەشە نووسینەی ئێمە لەسەر سیلان باشترە بۆ سەر بەشێ لەو شیعرانەی سیلان (کە لە نووسینەکەی ئێمە یان لەوی دێریدا ،واتە شیبۆلێت، ناویانهاتووە) بگەڕێتەوە کە لە ژمارەی 35-34 ی گۆڤاری”” کریز””ی سویدی سالی 1987 بلاوکراوەتەوە کە لە وەرگێڕانی دوو ڕوناکبیری سویدیە بەناوی سڤێن- ئولوف والنشتاین و ئەویتر دانیێل بیرنبوم. لە هەمانکاتدا داوا لە خوێنەر دەکەین بگەڕێتەوە سەر ئەو نووسینەی ئەندەش ئولسۆن لە گۆڤاری “گلێنتە”ی سویدی تایبەت بە شیعرگەرای سیلان بلاویکردۆتەوە،.
Anders Olssontidskriften Glänta (4/05)
(4). بڕوانە هەمان سەرچاوە و هەمان لاپەڕەی پێشوو.
(5). بڕوانە هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا 37.
(6). بڕوانە ئەو پێشەکیەی هانس ڕوین ، وەرگێڕی کتێبەکەی شیبۆلێتی دێریدا نووسیویەتی. لەمڕوەوە بڕوانە لا 19 ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە کە دەکات هەمان سەرچاوەکەی لایسەرەوە:
Jacques Derrida. Schibboleth. Översättning: Aris Fioretos & Hans Ruin، Symposion، 1990.s.19.
(7). سەبارەت بەو خالەی کە کاریگەری فەلسەفەی هۆسڕەل لەو شیکردنەوەیە بەسەر دێریداوە دیارە لەم ڕوەوە بڕوانە ئەم لاپەڕانەی پێشەکیەکەی هانس ڕوین 17، 16، 13.
Engführun (8)
(9). هەروەک لایسەرەوەش ئاماژەی پێکراوە ، نووسینەکەی “”شیبۆلێت””ی دێریدا لەلایەن دوو وەرگێڕی سویدیەوە کراوە بە سویدی کە یەک لەوانە هانس ڕووینە و ئەویتر ئاریز فیۆرێتۆسە. هانس ڕووین پێشەکیێکی بۆ وەرگێڕاوەکە نووسیوە،کە لایسەرەوەش ئاماژەی پێکرا، بەڵام وەرگێڕی دووەم نووسینێکی لەتەک کتێبەکەی دێریدا دا بلاوکردۆتەوە بەناوی “”هیچ””ەوە کە لەشێوەی پاشەکی لەگەل وەرگێڕاوەکە چاپکراوە. بەخۆی ئەو نووسینەی فیۆریتۆس لە سالی 1988 لە یەکێ لەزانگۆکانی ئەمەریکا لە کۆنفڕانسێ لەژێرناوی “”ستینۆگرافی هیچ””ی دا پێشکەشکراوە.
لەمڕوەوە بڕوانە نووسینەکەی ئاریز فیۆریتۆس، لا 147، واتە ئەوی لایسەرەوە ئاماژەی پێکراوە کە دەکات نووسینەکەی “”شیبۆلێت”” ی دێریدا.
بەڵام لەم نووسینەی لایخوارەوە و لە ڵاپەڕەکانی 295 بەرەو 345 ئەو نووسینەی ئاریز فیۆریتۆس دەستدەکەوێت کە لەژێر ناوی “”هیچ: مێژوو و ماتریالیتێ لای سیلان”” نووسیوبەتی. ئەمەو جگەلە چەند نووسینێکی تر وەک : نووسینەکەی “”شیبۆلێت””ی دێریدا بۆ خوێنەرانی ئینگلیزی زمان و ، هەروەها تێکستێکی فیلیپ لاکۆ- لابارت بەناوی “”کەتەسترۆف”” لەژێرخانەی باسی هزر و شیعرگەرایی
Aris Fioretos (ed.). Word Traces: Readings of Paul Celan. The Johns Hopkins University Press ، 1994.
خوێنەر بۆ خوێندنەوەی تێکستەکەی “شیبۆلێت” بە ئینگلیزی و هەندێ لێکدانەوەی تری دێریدا لەسەر شیعرگەرای سیلان و شیعر دەکارێت بۆ سەر ئەم نووسینەی لایخوارەوەی دێریدا بگەڕێتەوە:
Jacques Derrida . Sovereignties in question: the poetics of Paul Celan .،ed. By Thomas Dutoit،Outi Pasanen. Fordham University Press; 3 edition، 2005.
10. Philippe Lacoue – Labarthe. Poetry as Experience. Translated by Andrea Tarnowski. Stanford University Press 1989.s.8.
(11). بۆبینینی شیعری “میریدیان” ی سیلان بگەڕێرەوە سەر ئەم سەرچاوەیەی لایخوارەوە:
Paul Celan. Selected Poems and Prose of Paul Celan. Trans. John Felstiner. New York: W. W. Norton. 2001.
(12). ئێمە لێرە داوا لە خوێنەر دەکەین بۆ ئەم سەرووتارە بەسوودەی لایخوارەوە بگەڕێتەوە کە ڤار دێر هێیدن لەسەر تێگەیشتنی فەلسەفیانەی دێریدا بۆ شیعرگەرایی سیلان نووسیوویەتی:
van der Heiden، Gert-Jan “POETIC EXPERIENCE OF LANGUAGE AND THE TASK OF THINKING: DERRIDA ON CELAN، THE”. Philosophy Today. FindArticles.com. 03 May، 2011. http://findarticles.com/p/articles/mi_7696/is_200907/ai_n32330363/
(13). Mikael van Reis. Celan och diktens dunkel. GP، 16092009