سه‌روه‌ریی یاسا و سزای یاسایی ناڕه‌وا
ئه‌وه‌ی من تێبینیی ده‌که‌م ته‌واوی هێزه سیاسییه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان و ته‌واوی ته‌ره‌ف و که‌سایه‌تییه‌کانی ناو ناوه‌ندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمه قودسییه‌تێکی گه‌وره بۆ پره‌نسیپی «سه‌روه‌ریی یاسا» قایل ده‌بن و پێداگرییه‌کی زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که ده‌بێت له هه‌موو ناکۆکییه‌کدا حوکمی یه‌کلاکه‌ره‌وه له ده‌ستی یاساکان و دادگاکاندا بێت.
من پێموایه «سه‌روه‌ریی یاسا» یان حوکمی یاساکان پره‌نسیپێکی ئه‌وه‌نده کاریگه‌ر نییه بۆ ده‌ستکۆتاکردنی ده‌سه‌ڵاتداران و ڕێگرتن له‌وه‌ی بتوانن مافه‌کانی هاوڵاتییان پێشێل بکه‌ن، تا ئه‌و هه‌موو شه‌رعییه‌ته‌ی پێ بده‌ین و ئاوا به‌بێ هیچ مه‌رجێک پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌هه‌مییه‌تی ڕه‌چاوکردنی بکه‌ین.
مه‌رج نییه هه‌ر سیسته‌مێکی سیاسیی که یاسا تیایدا سه‌روه‌ر بوو ئیتر له‌وێدا ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت ناحه‌قیی به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌دا تێپه‌ڕێنێت. به‌ڵێ ده‌کرێت سه‌روه‌ریی یاسا له زۆر حاڵه‌تدا سیسته‌مێک بێت که له‌ڕێگه‌یه‌وه سنوور بۆ به‌دئیستیفاده‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له حوکمدارێتیی خۆیان دابنرێت و ڕێگه له‌وه بگیردرێت ده‌سه‌ڵاتداران به‌بێ یاسا و به هه‌ڕه‌مه‌کیی و به مه‌زاجی خۆیان بتوانن هێرش بکه‌نه سه‌ر ماف و ئازادییه‌کانی هاوڵاتییان؛ به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا هه‌ر خودی سه‌روه‌ربوونی یاسا له هه‌ندێک وڵات‌دا بۆی هه‌یه ببێته چه‌کێک به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ مانیپۆلکردنی ده‌سه‌ڵات و شه‌رعییه‌تدان به ده‌سه‌ڵاتدارێتیی نوخبه‌یه‌کی سیاسیی سه‌رکوتگه‌ر و شه‌رعییه‌تدان به سیاسه‌ته ناحهقانهکانیان و بگره شه‌رعییه‌تدان به‌و قه‌تڵ و تاوانانه‌ی که دژ به نه‌یارانی خۆیان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. ڕێک ئه‌مه‌ی ئه‌خیره که ئێستا له هه‌رێمی کوردستاندا ده‌گوزه‌رێت و هه‌ر ئه‌مه‌شه نهێنیی ئه‌وه‌ی که سه‌رۆکی هه‌رێم و ئینجا هه‌موو پیاوانی ناو ده‌سه‌ڵات په‌یتا په‌یتا و به حه‌ماسه‌تێکی زۆره‌وه، هاوئاواز له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆشنبیرانی ناڕازیی، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن که به‌ڵێ ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و گرفت و ناکۆکیی و پێشێلکاریی و تاوانه‌کان ده‌بێت ببرێنه‌وه به‌رده‌ستی یاسا و دادگاکان و ئه‌وان حوکمی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌یان تیادا بده‌ن.
بۆ ڕۆشنترکردنهوهی ئیمکانی به‌دئیستیفاده‌ی ده‌سه‌ڵات له سیسته‌می سه‌روه‌ریی یاسا و ڕۆشنترکردنهوهی خه‌ته‌ری وه‌لائی بێمه‌رجی هاوڵاتییان بۆ سه‌روه‌ریی یاسا، که‌سێک ده‌توانێت وه‌ک نموونه یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانی حکومه‌تی هه‌رێم و مامه‌ڵه‌ی به‌ڕێز کاک فاروق ڕه‌فیق بێنێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و سزایه‌دا که به‌پێی ئه‌و یاسایه له‌سه‌ر سازدانی خۆپیشاندانی بێمۆڵه‌ت فه‌رز کرا به‌سه‌ریدا.
یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان ده‌ستی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری واڵا کردووه که بتوانن هه‌ر خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌یه‌ک که دژ به به‌ژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وان بێت قه‌ده‌غه‌ی بکه‌ن. له‌به‌رامبه‌ردا کاک فاروق ڕه‌فیق که ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌ی زۆری له شێوه‌ی حوکمڕانیی حکومه‌تی هه‌رێم و به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕگه‌ی وجوبی مۆڵهتوهرگرتنهی ناو یاسای خۆپیشاندان هه‌یه و ناچار ده‌بێت له‌پێناوی پیشاندانی ناڕهزاییهکانیدا به‌بێ مۆڵه‌ت خۆپیشاندان ساز بدات، که‌چی کاتێک به‌پێی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ناو ئه‌و یاسایه سزا ده‌درێت، ئه‌وا به‌ناوی «سه‌روه‌ریی یاسا و گرنگیی ملکه‌چبوون بۆ حوکمی یاساکان»، له‌وانه یاسای خۆپیشاندان، به پله‌یه‌ک سزادانه‌که‌ی خۆی به ڕه‌وا ده‌بینێت که ته‌نانه‌ت هیچ زه‌روره‌تێک بۆ ئه‌وه‌ش نابینێت داوای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی بۆ بکات. ئه‌م نموونه‌یه ته‌واو پیشانی ده‌دات که پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی یاسا چۆن ده‌توانێت شه‌رعییه‌ت بۆ کارهایه‌کی ته‌واو ناڕه‌وا ته‌نانه‌ت له زیهنی که‌سه هه‌ره یاخییه‌کان و بگره له زیهنی ئه‌و که‌سه یاخییهشدا که به ناڕه‌وا سزا ده‌درێت، په‌یدا بکات. به‌مانایه‌کی تر، قودسییهتوهرگرتنی پره‌نسیپی سه‌روه‌ریی یاسا له زیهنی کۆمه‌ڵگادا بۆی هه‌یه کارێک بکات هاوڵاتییان بۆ نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار په‌ڕوباڵ بکات و ته‌واو به ڕه‌زایه‌تی خۆیان بیانکاته هاوڵاتییانێکی گوێڕایه‌ڵ و زه‌لیلی به‌رده‌ستی یاسا ناحهقانهکان.
من پێموایه کاک فاروق کارێکی زۆر نادروستی کرد کاتێک به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ی که مادام له‌یاسادا هه‌یه، که‌واته ئاماده‌یه خۆی وه‌ک خه‌تاکار ڕه‌سمییه‌ت پێبدات و بچێته زیندان. ئه‌مه یه‌کێک له هه‌ره گه‌وره‌ترینی ئه‌و هه‌ڵانه‌یه که ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی ناڕازیی به ده‌سه‌ڵاتدارێتیی پارتیی ویه‌کێتیی له کاتی خۆپیشاندانه‌کانی به‌هاری ئه‌مساڵدا به‌ناوی گرنگیی گوێڕایه‌ڵیی بۆ یاسا و پێداگریی له‌سه‌ر سه‌روه‌ربوونی یاساکان کردیان. ئه‌و به‌و کاره‌ی شه‌رعییه‌تێکی گه‌وره‌ی په‌یدا کرد بۆ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی یاسای خۆپیشاندان که مۆڵه‌تدان به خۆپیشاندان ده‌خاته مه‌رجی ئه‌وه‌وه‌ی که داواکارییه‌کانی خۆپیشانده‌ران به دڵی ده‌سه‌ڵاتداران بن. ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی پشتچۆڵکردنێکی کوشنده‌ی نامه‌سئولانه و موعهرهزکردنێکی گه‌وره‌ی هه‌موو ئه‌وانه بوو که له خۆپیشاندانه‌کان و له ئیداره‌دانی خۆپیشاندانه‌کاندا به‌شدار بوون. لێره‌وه‌یه من پێموایه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ئه‌و کردی سه‌همی گه‌وره‌ی هه‌بوو له دروستکردنی ئه‌و دۆخه‌دا که ده‌سه‌ڵات بتوانێت ئاوا هه‌موو جۆره خۆپیشاندان گردبوونه‌وه‌یه‌ک به‌ته‌واویی قه‌ده‌غه بکات و مۆڵه‌تی پێ نه‌دات.
جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ریی له‌نێوان پێودانگی ”ڕه‌وا” [Legitimate] و پێودانگی ”یاسایی” [Legal]-دا هه‌یه و گرنگه ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی ئێمه ئه‌م جیاوازییه ببینن. بۆ نموونه ئه‌و ئه‌حکامانه‌ی یاسای خۆپیشاندان که سه‌باره‌ت به مه‌رجه‌کانی مۆڵه‌تپێدانه ئه‌حکامێکی یاسایین، به‌ڵام ڕه‌وا نین. من پێموایه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست پیشاندانی ناڕه‌وایی یاسای خۆپیشاندان بێت، ئه‌وا کاک فاروق ده‌یتوانی ئه‌م کاره به‌و شێوه‌یه کاریگه‌رتر بکات که ئاماده نه‌بێت ڕه‌سمییه‌ت به حوکمه‌که‌ی دادگا بدات و ئاماده نه‌بێت بچێته زیندان و ته‌نها ئه‌و ڕێگه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات بهێڵێته‌وه که بچنه سه‌ری و دژ به ئیراده‌ی خۆی ده‌ستگیری بکه‌ن. که ئه‌مه‌ی نه‌کرد، ئه‌وا من پێموایه ئه‌و ئه‌گه‌رچی خه‌تایه‌کی نییه له سه‌رکوتکردنی خۆپیشاندانه‌کاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نییه ئه‌و کاره نادروسته‌ی ئه‌و فاکته‌رێکی زه‌مینه‌سازکه‌ر نه‌بووبێت بۆ ئه‌و سه‌رکوتکردنه.
من ئه‌و پۆینهته تێده‌گه‌م که ده‌ڵێت ئه‌و چووه به‌ر دادگا و حوکمه‌که‌ی قبوڵ کرد تا پیشانی بدات که که‌س له سه‌رووی یاساوه نییه و سه‌روه‌ریی یاسا ده‌خوازێت بکوژانی خۆپیشانده‌رانیش وه‌ک ئه‌و بێنه به‌ر دادگا و سزای خۆیان وه‌رگرن. گرتنه‌به‌ری پراگماتیکییهتێکی له‌م چه‌شنه ئه‌وه پیشان ده‌دات که ئه‌و ئه‌وه نابینێت که ئه‌وه چی نرخێکی گرانه تۆ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا ده‌یده‌یت کاتێک له چوونهبهردادگایهکی ئاوادا که چاوی هه‌موو میدیاکانی له‌سه‌ره، وه‌ک ناوێکی دیاری ناو خۆپیشاندانه‌کان، ملکه‌چیی ته‌واو بۆ حوکمێک ده‌نوێنیت که داوا ده‌کات مافی موسه‌له‌می خه‌ڵک بۆ خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه به مه‌زاجی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات مۆڵه‌تی پێ بدرێت یان نه‌درێت.
که‌مبه‌هایی ئه‌و بڕه ده‌ستکه‌وته‌ی که پراگماتیکییهتێکی له‌م چه‌شنه بۆی هه‌یه بتوانێت به‌ده‌ستی بێنێت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و زهربهیهدا که ده‌یدات ئه‌و کاته زیاتر ده‌رده‌که‌وێت کاتێک ئه‌و ڕاستییه ببینین که مه‌رج نییه ئه‌وانه‌ی خۆپیشانده‌رانیان کوشت یاسا سزایان بۆ ببڕێته‌وه. ئه‌مه‌ش ڕوویه‌کی تری بێفهڕیی سیسته‌می سه‌روه‌ریی یاسایه له وڵاتێک یان له هه‌رێمێکدا وه‌ک هه‌رێمی کوردستان که دیسپۆتیزمێکی خنکێنه‌ر هاوشان به گه‌نده‌ڵییه‌کی سه‌رتاپاگیر هیچ حورمه‌تێکی بۆ په‌رله‌مانی یاسادهرکهر و دادگای قهزاوهتکهر نه‌هێشتۆته‌وه و کردوونیه‌تیه دوو کۆیله‌ی زه‌لیلی به‌رده‌ستی خۆی.
بۆی هه‌یه که‌سێک که لایه‌نگری بێمه‌رجی سه‌روه‌ریی یاسا بێت له کوردستانی ئێستادا پێیوابێت که مادام له یاسادا کوشتن سزای بۆ دانراوه، ئه‌مه ئیتر ده‌رفه‌ت ناهێڵێته‌وه ده‌سه‌ڵات بتوانێت له‌به‌رده‌م دادگادا جه‌لاده‌کانی خۆی له سزا بپارێزێت. یه‌کێک له خه‌له‌له‌کانی سیسته‌می سه‌روه‌ریی یاسا ئه‌وه‌یه که یاسا ناتوانێت ڕێگرییه‌کی کارا دروست بکات له‌به‌رده‌م به‌دئیستیفاده‌ی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له حوکمداریی خۆیان چونکه زۆر به‌ساده‌یی ئه‌وه ستراکتۆری هێز و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه که ئه‌نجامگیرییه‌کانی دادگاکان له کێشه حقوقییه جیاوازه‌کاندا دیاریی ده‌کات، نه‌ک ده‌قی یاساکان، چونکه ده‌قی هیچ یاسایه‌ک ناوه‌ڕۆکی ڕوون و بابه‌تیی نییه و ئه‌وه جۆری ته‌فسیرکردنی ئه‌و دۆخه‌یه که حوکمی تیا ده‌درێت که ناوه‌ڕۆکی دیارییکراو ده‌داته ده‌قی یاساکان. بۆ ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ئه‌مه که‌سیك ده‌توانێت سه‌یری ئه‌و حاڵه‌ته بکات که ده‌سه‌ڵات له‌م ماوه‌یه‌دا به بیانووی پاراستنی ئاسایشی مه‌ده‌نییه‌وه ئه‌و داخوازیینامانه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه که بۆ داواکردنی مۆڵه‌تی خۆپیشاندان بۆی دێت. به یاسا بێت ئه‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه به‌و بیانووه‌وه ڕه‌تیان بکاته‌وه، به‌ڵام ئایا تا چه‌ند ڕاسته خۆپیشاندان له‌ئێستادا خه‌ته‌ر بۆ ئاسایشی مه‌ده‌نیی دروست ده‌کات؟ ئه‌مه‌یان بیانوویه‌کی پووچه که به‌ناوی یاساوه تێده‌په‌ڕێندرێت.
له دۆخێکی وادایه سه‌روه‌ریی یاسا و حوکمی دادگا هه‌م ده‌توانێت سزای ناڕه‌وا به‌رهه‌م بێنێت و هه‌میش به‌رائه‌تی ناڕه‌وا. ده‌سه‌ڵات ئێستا به ڕاوه‌دوونانی ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان خه‌ریکی به‌رهه‌مهێنانی سزای ناڕه‌وایه به‌وه‌سیله‌ی سه‌روه‌ریی یاسا. وه‌ک پێشبینییه‌ک بیڵێم، من پێموایه ده‌سه‌ڵات له داهاتوویه‌کی نزیکدا به‌وه‌سیله‌ی دادگا و ده‌قی یاساکان، به‌رائه‌ت بۆ پیاوکوژه‌کانی لقی چواری پارتیی به‌پێی بڕگه‌ی یاسایی «داکۆکیی-له‌خۆکردن» و بۆ پیاوکوژه‌کانی ناو ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی یه‌کێتییش به بڕگه‌ی یاسایی «پاراستنی ئاسایش و ئارامیی»، وه‌رده‌گرێت.
کاری دروست به‌لای منه‌وه ئه‌وه‌یه که وه‌ک چۆن به‌رائه‌تی ناڕه‌وای یاساییمان پێ قبوڵ نییه، ئاوا سزای ناڕه‌وا چه‌ند یاساییش بێت، سه‌رسه‌ختیی له‌ئاستدا بنوێنین و قبوڵی نه‌که‌ین. من پێموایه له حاڵه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا پێداگریی سه‌رسه‌ختانه له‌سه‌ر «سه‌روه‌ریی یاسا» فێڵێکه که ده‌سه‌ڵات زۆر به‌ئاسانیی به‌سه‌ر هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان و سیاسه‌تمه‌داران و ڕۆشنبیره ڕه‌خنه‌گره‌کاندا تێیپه‌ڕاندووه و به‌مه‌ش هه‌موویانی خستۆته سه‌ر ته‌بلیغکردن بۆ ڕه‌وایی هه‌ر ناحه‌قییه‌ک که به یاسا تێده‌په‌ڕێندرێت. بۆیه من زه‌رووره‌تێک بۆ ئه‌وه ده‌بینم که ئیتر ئه‌م ته‌ره‌فانه ده‌ست له‌و وه‌لائه بێمه‌رجه هه‌ڵگرن که بۆ یاساکان پیشانی ده‌ده‌ن و ئه‌وه بزانن که جار هه‌یه یاخییبوون له یاسایه‌ک کارێکی ئازادییخوازانهیه، نه‌ک ملکه‌چبوون بۆی.
sirwanebdul@yahoo.com
09.05.11