Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئازدای رۆژنامه‌وانیی

مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئازدای رۆژنامه‌وانیی

Closed
by May 18, 2011 گشتی

 

 دواترین و باس و خواسی نێو رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه‌ جاریكی دیكه‌ گۆمه‌كه‌ی شه‌له‌قاند مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای راگه‌یاندن بوو، له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شدا له‌ لایه‌ن هه‌ندێ‌ كه‌نال و رۆژنامه‌نووس، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وه‌ك هه‌وڵێكی دیكه‌ی ده‌سه‌ڵات لێكدرایه‌وه‌ بۆ كۆنترۆل كردنی میدیای كوردی.
 هه‌موومان له‌وه‌ بووینه‌ته‌وه‌و گوومانێك نه‌ماوه‌ كه‌ ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادی راده‌ربڕین یه‌كێكه‌ له‌ پێوه‌ره‌كانی ئاستی دیموكراتی له‌ هه‌ر وڵاتێكدا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌میش پێناسه‌ كراوه‌، هه‌مووشمان له‌وه‌ تێگه‌یشتووین كه‌ ئه‌م ئازادییه‌ چ رۆلێكی هه‌یه‌ له‌ وشیاركردنه‌وه‌و به‌رچاو روونی كۆمه‌ڵگادا، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و به‌ تێگه‌یشتن له‌م راستیانه‌ی سه‌ره‌وه‌، پێویسته‌ له‌وه‌ش تێبگه‌ین كه‌ ده‌ست پێوه‌گرتنی ئازادییه‌كانیش هیچی كه‌متر نییه‌ له‌ به‌ده‌ست هێنانه‌كه‌ی،  وه‌ك چۆن رۆژنامه‌نووسان به‌ ده‌ست هێنانی ئه‌م ئازادییه‌ به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی خۆیان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ده‌بێت پاراستن و ده‌ست پێوه‌گرتنه‌كه‌شی به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ ئه‌ركی هه‌ره‌ له‌پێشی خۆیان بزانن.
 له‌ رابردوودا یه‌كێ‌ له‌و مه‌ترسیانه‌ی هه‌میشه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ و جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردن بووه‌، ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان خۆیان نه‌بنه‌ هۆكارێك بۆ به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ ئازادییه‌ی كه‌ به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك به‌ ده‌ست هاتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای پابه‌ندبوون به‌ بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاری رۆژنامه‌نووسیه‌وه‌، كه‌ زۆرجار به‌ ئاگاییه‌وه‌ بێت یان له‌ بێ‌ ئاگایی، هه‌ندێ‌ كه‌نال و رۆژنامه‌نووس ئه‌و ده‌وره‌ ده‌بینن.
هاوڕییه‌كی رۆژنامه‌نووسم بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌ له‌ ئوردن پرسیاری ئاستی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ رۆژنامه‌نووسێكی ئه‌و وڵاته‌ كردوه‌، وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ زۆرجار ئاستی ئازادییه‌كه‌ له‌ راده‌به‌ده‌ر به‌رز ده‌بێته‌وه‌، هه‌ندێ‌ جاریش به‌ هۆی خراپ سوود وه‌رگرتن له‌و ئازادییه‌، ده‌سه‌ڵات ناچار ده‌كرێت هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكات، به‌ قسه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ئوردنیه‌ بێت، زۆرجار سنوور به‌زاندنی ئازادییه‌كان له‌ لایه‌ن هه‌ندێ‌ رۆژنامه‌نووس یان كه‌نالی راگه‌یاندنه‌وه‌ رێك هۆكارێكه‌ بۆ سنوورداركردنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌سته‌كردنی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌رامبه‌ر ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادی بیروڕادا.
ئه‌وه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌ ترسناكه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ هه‌موومان هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، بێسه‌لمینه‌وه‌ له‌وه‌ی ده‌خرێنه‌ چ خانه‌یه‌ك و چ جۆره‌ لێدانه‌وه‌یه‌كمان بۆ ده‌كرێ‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌و هۆكارانه‌ بكه‌ین كه‌ ناوه‌ ناوه‌ مه‌سه‌له‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاسای رۆژنامه‌وانیی و جارێكی تر قسه‌كردن له‌ سه‌ر ئازادییه‌كان دێنێته‌گۆڕێ‌.
من نمونه‌ به‌و راپۆرته‌ی گۆڤاری لڤین دێنمه‌وه‌ كه‌ له‌ ژماره‌ی رابردوویدا بڵاوی كردبۆوه‌ له‌ سه‌ر هه‌وڵ و به‌رنامه‌ی تیرۆركردنی هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌میری كۆمه‌لی ئیسلامی و ئه‌مینداری یه‌كگرتووی ئیسلامی و سه‌رۆكی گۆڕان له‌ لایه‌ن یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌، لاوازترین خاڵی راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ ئاماده‌كاری راپۆرته‌كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گری نه‌خستبووه‌ڕوو، كه‌ ئه‌وه‌ی توزێك له‌ كاری رۆژنامه‌وانیی تێبگات، ده‌زانێت وروژاندنی بابه‌تێكی له‌م شێوه‌یه‌ به‌بێ‌ بشت به‌ستن و ئاماژه‌پێكردن به‌ سه‌رچاوه‌ی دیاریكراو چ كاردانه‌ویه‌كی ده‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی توزقالێكیش له‌ دونیا تێبگات ده‌زانێت پلانی تیرۆركردن، چه‌ند به‌ شێوه‌یه‌كی موخابه‌راتی و وریایی و نه‌هێنییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه‌ من به‌ پێچه‌وانه‌ی خۆیان ئه‌م شێوازه‌ی كاری رۆژنامه‌وانییه‌ی گۆڤاری لڤین و هاوشێوه‌كانی چ له‌ رابردوودا یان له‌ ئێستاو ئاینده‌دا به‌ هه‌ر مه‌به‌ستێكه‌وه‌ بێت به‌ یه‌كێ‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ركی و مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر ئازادی رۆژنامه‌وانیی و ئازادی بیرورای ده‌زانم.  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.