Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
وێنەکان ….. عومەر جەلال

وێنەکان ….. عومەر جەلال

Closed
by May 22, 2011 ئەدەب

دڵم خۆشە لەژوورەکەی منیت
خۆت نا,
وێنەکانت!

لەهەموو تەماشاکردنی وێنەکانت
پاش چەند رۆژێک,
چاوەکانم شوێنی خۆیان نادۆزنەوە!

وێنەیەکم بگرە،ئازیز
خۆتت بیر نەچێت با دەرچیت
وێنەیەکم بگرە،
با ئازارەکانم دەربچێت
نەوەک خۆم نەناسمەوە و
وێنەیەکی بێ مانا بێت

کەسێک بەدوای خۆشبەختییدا
بەسەر شکست و تەرمی مندا تێپەر دەبێت
دەیدۆزێتەوە،
من بەسەر ئاوەدانیی کەسێکدا دەرۆم
کۆڵان و پەنچەرەکان, شەقامە رەنگاورەنگەکانی دەبینم
کەچی لەتەنیایی و بیَئومێدی و رەشبینیيدا ون دەبم !

شوێنێک نییە بۆ خۆحەشاردان لەژیان
شوێنێک نییە مرۆڤی تێدا ببینیت,
شوێنێک نییە شوێنی راستەقینە بێت
کاتیَک نییە کاتی راستەقینە بێت

ئیشێکی تازەم دۆزیوەتەوە
تەنیایی!
سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبێکی نوێم
تەنیایی!
رۆژێکی نوێم دۆزیوەتە لەهەفتەدا
کاتژمێرەکانی لەکاتژمێری ئێستا ناچێت
تەنیایی!
کەسێک لێرەوە تێپەری من نەمبینیی!
کەسێک لێرەوە تێنەپەری من بینیتم

من لەهەموو سەرکەوتنێکمدا
بە شکستەوە گەراومەتەوە،
لەهەموو هەستانەوەیەکمدا
خاپوور و پارچە بووم،
لەفرینیشدا هەمیشە وەک خشۆکەکان
بەسەر زەویدا رۆشتووم

هێندە درز لەجەستەمدا درووستبووە،
هەر کەس دەستی بەر من کەوێت
بەسانایی دەتوانێت
دڵم بهێنێتە دەرێ
هەر وەک چاوم!

چ رۆژانێکی تاریکە
قاوەی تاڵ دەکێشم،
سیگاری رەش هەڵدەقورێنم،
تێزاب دەنۆشم،
با دونیا ژێرەو ژور بێت
وادەم تۆ هەیت
بوونی تۆ ئاوەدانییە بۆ من
کە بەتەنیا
بیرت لێبکەمەوە

ئاپریلی 2011

*له‌ژماره‌ 2ی گۆڤاری 23 بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.