Skip to Content

Friday, July 19th, 2024
سێبه‌ره‌کانی حیزب

سێبه‌ره‌کانی حیزب

Closed
by May 24, 2011 گشتی


“کاتێک خۆری ڕۆشنبیریی کز ئه‌بێت، کورته‌ باڵا‌کان
           خۆیان ئه‌خزێننه‌ سێبه‌ره‌کان. کارل کراوس”

ووته‌یه‌ک هه‌یه‌ ده‌ڵێت: (ڕیاکار ئه‌و که‌سه‌یه‌ کتێبی بێباوه‌ڕی (ئاتایستی) ده‌نووسێت، که‌چی نوێژو دوعا ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی باشی لێ بفرۆشێت). ڕه‌نگه‌ ئه‌م ووته‌یه‌ پێناسه‌یه‌کی باشبێت بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ دیوێکی تری ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، که‌ سێبه‌رێکی درووستکردووه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک ڕوویتر بکه‌ین، که‌ ده‌یانه‌وێت وه‌ک هێزێکی سه‌ربه‌خۆ خۆیان مانیفێست بکه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌م هێزانه‌ پێشتریش له‌که‌ناڵه‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ قسه‌یان له‌سه‌ر کراوه‌. به‌ڵام من ده‌مه‌وێت له‌ دیوێکی تره‌وه‌ و ڕوونتر قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م، ئه‌ویش میدیای ئه‌هلییه‌‌.
میدیای ئازاد یان خۆیان گووته‌نی ئه‌هلی ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م پرسیارگه‌لێکی قورسدان، ڕه‌نگه‌ توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ئاسان نه‌بێت، چونکه‌ قسه‌کردن شتێکه‌و ئیشکردن شتێکی تر، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامێکیشیان هه‌بێت ئه‌وا گومانه‌کان له‌سه‌ریان قوڵتر ده‌بێته‌وه‌. من نامه‌وێت به‌ دوای پێناسه‌و شیکردنه‌وه‌ی کارو پره‌نسیپی ڕۆژنامه‌ی ئازاددا بگه‌ڕێم ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت، پێویسته‌ میدیای ئازاد پێش هه‌موو شتێک له‌گه‌ڵ خۆیدا راستگۆ بێت و ڕاستگۆیی کۆڵه‌که‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌و بواره‌یه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی نه‌کرد ئه‌وا ناتوانێت بڕوا به‌ خوێنه‌ره‌کانی بهێنێت، که‌ ڕۆژنامه‌ یان گۆڤارێکی سه‌ربه‌خۆی ئازاده‌.
کاری میدیای ئه‌هلی له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و سیاسه‌تی فوتێکردن و گروپ و خێزانگه‌را له‌سه‌ر بچوککردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک ده‌نگی جیاواز، که‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئاوازێکی ئه‌واندا نایانه‌وێت سه‌ما بکه‌ن هه‌نگاو ده‌نێت، که‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستا میدیای ئۆپۆزیسیۆنیش که‌وتۆته‌ ناو هه‌مان گه‌مه‌وه‌، که‌ ده‌شێت سه‌رله‌به‌ری ده‌نگی سه‌ربه‌خۆ بخه‌نه‌ ژێر پرسیاره‌وه‌و ئێمه‌ له‌ مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌، که‌ قه‌یرانی بێ متمانه‌ییه‌ به‌ شێوه‌یه‌ک ئاگادار بکه‌نه‌وه‌‌ ئێمه‌ مانانیش له‌ سێبه‌ره‌کانی خۆمان سڵ بکه‌ینه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ نێو میدیای ئه‌هلیدا ده‌گوزه‌رێت هیچی که‌متر نییه‌ له‌وه‌ی له‌نێو میدیای حیزبیدا ده‌گوزه‌رێت، به‌ڵام لای حیزب به‌ ڕۆژی ڕوناک لای ئه‌مانیش له‌ سێبه‌ره‌که‌یدا، ئه‌وه‌ی میدیای حیزبی به‌ ئاشکرا ده‌یڵێت ئه‌مان به‌ نائاشکرا، ئه‌وه‌ی میدیای حیزبی به‌ ئاشکرا به‌رگری لێده‌کات ئه‌م به‌ نائاشکرا، که‌چی به‌رده‌وام دژی میدیای حیزبین‌!.
کاری میدیای ئه‌هلی ته‌نها دژایه‌تیکردنی ده‌سه‌ڵات نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خوێنه‌رو خه‌ڵکدا ناشیرینی بکات، ئه‌و ئه‌رکه‌شی نییه‌ به‌ گه‌ردبینێکه‌وه‌ به‌دوای به‌ فیلکردنی مێر‌وله‌کانه‌وه‌ بێت و مه‌سه‌له‌ گه‌وره‌کانیش به‌ فه‌رامۆشی بسپێرێت، به‌ڵکو کاری میدیای ئه‌هلی و ئازاد درووستکردنی فه‌زایه‌کی گشتییه‌، که‌ هاووڵاتیانیش به‌شداربن له‌ ده‌رخستنی کێشه‌و که‌موکوڕییه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی چاره‌سه‌رکردنییان، میدیای ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر ڕق و کینه‌ کارناکات بۆ به‌ بێ ئه‌خلاقکردن و نامرۆڤانه‌کردنی به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، که‌ ده‌شێت ده‌سه‌ڵات لێی به‌رپرسیار بێت، به‌ڵکو کار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و به‌هایانه‌ ده‌کات، بۆیه‌ به‌ڕای من ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا له‌ ژێر ناوی میدیای ئه‌هلیدا کاریان کردووه‌ چ جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵ میدیای حیزبه‌کاندا له‌ ڕووی پره‌نسیپی کارکردنه‌وه‌ نه‌بووه‌و وه‌ک چۆن میدیا حیزبییه‌کان هه‌موویان به‌ ئاوازێک ده‌خوێنن ئه‌مانیش پێکه‌وه‌ به‌ یه‌ک ئاواز ده‌خوێنن، ئاوازی حیزب به‌رگریکردنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌مانیش ده‌یانه‌وێت به‌ هه‌رنرخێک بووه‌ بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات، ڕێک وای لێهاتووه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگای حیزبه‌وه‌ ناتوانن بگه‌نه‌ ده‌سه‌ڵات میدیای ئه‌هلی ده‌که‌نه‌ په‌یژه‌یه‌ک بۆ گه‌شتن به‌ده‌سه‌ڵات، دیاره‌ مه‌به‌ستم له‌ ده‌سه‌ڵات پۆستێکی حکومییه‌، که‌ که‌مترین کار ده‌کات و موچه‌یه‌کی باش وه‌رده‌گرێت، پاش کۆتاییهاتنی پۆسته‌که‌ش به‌ موچه‌یه‌کی باش خانه‌نشین ده‌کرێن، له‌ولاشه‌وه‌ به‌رده‌وام دژایه‌تی حکومه‌ت ده‌کات و به‌ حکومه‌تێکی لاواز و بێتواناو گه‌نده‌ڵ ناوی ده‌بات.
وه‌ک له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا کاری میدیای ئه‌هلی به‌ته‌واوی خه‌ریکه‌ کورتده‌بێته‌وه‌، (ئه‌گه‌رچی تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو ئه‌مه‌یان پێوه‌ دیاره‌) بۆ بنه‌ماڵه‌چێتی و گروپچێتی، که‌ ئه‌م خاڵه‌ ترسناکه‌ میدیای ئۆپۆزیسیۆنیشی گرتۆته‌وه‌و ده‌شێت له‌ داهاتوودا نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌ربه‌خۆو بێلایه‌نی زۆر له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ قسه‌ بکه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ خۆیاندا نه‌چنه‌وه‌و زوو چاره‌سه‌ری ئه‌م کێشه‌ نه‌که‌ن و واز له‌ سیاسه‌تی فوتێکردنی کۆمه‌ڵێک ده‌م و چاو نه‌هێنن، که‌ تا دوێنی ئه‌گه‌ر له‌ گه‌نده‌ڵیدا برابه‌ش نه‌بووبن ئه‌وا سوودیان له‌و گه‌نده‌ڵییه‌‌ بینیوه‌و بێده‌نگ بوون لێی، خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مه‌ش به‌ به‌ڵگه‌ی نووسراو هه‌یه‌.
لێره‌دا پرسیارێک دێته‌ پێشێ، یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ی به‌رده‌وام جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی میدیای ئه‌هلییه‌‌ مه‌سه‌له‌ی مۆنۆپۆلکردنی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌وه‌، ئه‌ی باشه‌ سیاسه‌تی فوتێکردن و گه‌وره‌کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌و گروپه‌کانیانن‌ له‌سه‌ر بێبایه‌خکردن و بچوککردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی تر چ جیاوازییه‌کیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌کاندا؟.
به‌ کورتی ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێم: هه‌رکاتێک من بمه‌وێت ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌ هه‌ڵه‌، که‌موکورتی، پێشێلکاری و لایه‌نه‌ دزێوه‌کانی حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بگرم به‌خۆمدا ده‌چمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بزانم له‌خۆمدا هه‌ن پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌رکه‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌‌ بگرم له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌ستپێبکه‌م، من ئه‌گه‌ر نه‌توانم خۆم چاک بکه‌م، چۆن ده‌توانم داوای چاکسازی له‌خه‌ڵکانی تر بکه‌م، به‌داخه‌وه‌ ده‌یڵێم: ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی قسه‌ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له‌گه‌نده‌ڵیدا به‌شدار نه‌بووبن ئه‌وا سوودمه‌ند بوون و بۆیه‌ دژی گه‌نده‌ڵێن له‌به‌رئه‌وه‌ نییه‌، که‌ ئه‌م دادوه‌ری ده‌وێت و خوازیاره‌ ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ هه‌موو وه‌ک یه‌ک سوود مه‌ندبن لێی، ئه‌و دژیه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌یه‌کێکی تر که‌متری ده‌ستکه‌وتووه‌، ئه‌گینا هه‌زاران کێشه‌ی مه‌ترسیدارتر هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا، که‌ به‌ڕاستی هه‌ڕه‌شه‌‌ له‌ژیانی گه‌وره‌و بچوکی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ ده‌کات و ئاماده‌ نین‌ وتارێک له‌و باره‌وه‌ بڵاو بکه‌نه‌وه‌.
که‌نارگیرکردن و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی هه‌ناسه‌دانی ئه‌وانه‌ی به‌ ڕاست ده‌ڵێن ڕاست و به‌ درۆ ده‌ڵێن درۆو ڕووپامایی بۆ هیچ که‌س و لایه‌نێک ناکه‌ن و خۆیان به‌ هیچ گروپ وخێزانێکه‌وه‌ وابه‌سته‌ ناکه‌ن به‌ هیچ هێزێک بێده‌نگ ناکرێن و ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی خۆری ئه‌وان هه‌ڵدێت و قونی هه‌موو ئه‌وانه‌ وه‌ده‌رده‌خات له‌ تاریکیدا شاردوویانه‌ته‌وه‌و ڕوخساری مرۆڤه‌کان له‌ ڕۆژی ڕوناکدا جوانتر ده‌رده‌که‌ون نه‌ک خۆ خزاندنه‌ سێبه‌رو تاریکییه‌کان.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.