Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە دایک نا،لە مردن بووم

لە دایک نا،لە مردن بووم

Closed
by May 24, 2011 ئەدەب

 
1
دڕكەكانم چاند،
لە عەرد  نا
لەناو دڵم.

2
كۆیان دەكەمەوە
یەك یەك دەیان سووتێنم،
نامەكانی یار  نا
شیعرەكانم.

3
خۆر دەبینم،
لە ئاسمان  نا
لە كەلێنی تاڵەكانی پرچت.

4
دەگەڕێم
دێم و دەچم
دەسوڕێمەوە،
بە كۆڵانەكانی شاردا  نا
بەناو بێتاقەتیم.

5
كۆیاندەكەمەوە
لە تەنیشت یەكترییەوە دایاندەنێم،
دیارییەكانی یار  نا
پارچە شكاوەكانی دڵم.

6
شوێن پێكانی كەوتم،
هی یار  نا
هی جەلادێك.

7
دەیانبڕم
هەرهەموویان
بەهەرجۆرێك بێت،
تەلەكانی شەقام  نا
رێگا نەهامەتییەكانی بوون.

8
دەیان كەمەوە
واڵایان دەكەم،
پەنجەرەكانی بەختەوەری  نا
برینەكانی جەستەم.

9
جانتاكەی دەخەمە شانی
ماڵئاوایی لێ دەكەم،
دۆستە غەریبەكەم  نا
گەنجییەتییم.

10
فڕێیدەدەمە خوارەوە
لەسەر بەرزترین باڵەخانە،
لاپتۆپەكەم نا
خۆم

11
باوەشی پێدادەكەم
توند توند لە ئامێزی دەگرم،
دایكم  نا
تەنیاییم

12
تەفروتونا بوون
ئاسەواریان نەما،
هەڵچوونەكانی ناخم  نا
حەزە شیرینەكانم

13
دەیانژمێرم
لەدوای یەكتر،
سمۆرەكانم  نا
ئازارە روحییەكانم

14
خوێندمنەوە
ئەزبەرم كردن،
شیعرەكانی مەحوی  نا
نەهامەتییەكانم

15
دەبارێت
بە لێزمە
بێ وەستان
بەسەر سەرمدا،
باران  نا
دڵڕەقیت.

16
بیری دەكەم
زۆر زۆر،
خۆی نا
پێكەنینەكەی.

لە ژمارە ٣ی گۆڤاری ٢٣ بڵاوبۆتەوە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.