Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
هەڵەبجە لە بەهارێكدا …. حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ

هەڵەبجە لە بەهارێكدا …. حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ

Closed
by March 15, 2008 گشتی

  هەورامان و باڵامبۆ و شنروىَ و سورێن لە خۆسازاندا بوون بۆ پێشوازى كردن لە جەژنى نەورۆز و هێدى هێدى لە ئاسۆیان دەڕوانى بەفر و بەستەڵەك دەتوایەوە و گوڵاڵە سورەكانى كوردستان ئاڵ و واڵا تر ببوون و مژدەى سەرفرازى و ڕزگار بوونى خۆیان لە سەرما و سۆڵەى زستان بە یەكتر ڕادەگەیاند، سروشت بۆ ئاهەنگى نەورۆز خەریكى جوانكارى خۆى بوو هێشتا لە ئارایشت كردن نەبووەوە .
  سەرلەبەیانى 16ى ئازارى ساڵى1988 هەڵەبجە كەیل و سەرمەستى سیاچەمانەیەك بوو، زەڵم و سیروان لە كەف چڕین و قەڵبەزەدا بوون، پەپولەكان لە گواستنەوەى ماچى گوڵەكان شەكەت نەبوون ، هەنگێك شیلەى گوڵەكانى دەگواستەوە بۆ ماڵەكەى خۆیان ، كۆترێك هەر دەفڕى و تێر نەدەبوو لە فڕین ، مراویەك باڵى دەتەكاند و خۆى بۆ مەلەیەكى دیكە ئامادە دەكرد ، منداڵەكان لە گەمەى گەڕەك بوون و خەونى ئەرخوانیان دەبینى ، كوڕان وكچان ئۆقرەیان لێبڕابوو پەلەپەلى هاتنى ئێوارە بوون بۆ ژوانى كانى عاشقان ، پیرە پیاوەكان لەسەر سەكۆى بەرماڵاندا بە ژیانى پڕ لە ئەزموون و چەرمەسەریدا دەچوونەوە ، دایك بە نیاز بوو پاش كەمێكى تر منداڵەكەى تێر شیر بكات ، باوكێك قردێلەیەكى رەنگاو رەنگى بۆ كچە بچكۆلەكەى كڕیبوو هێشتا لە رێگاى بازاڕ بوو نەگەیشتبووە ماڵەوە ، باڵندەكان هێلانەیان چىَ دەكرد بۆ وەرزى زاوزىَ و نوىَ بوونەوە، درەختەكان چرۆیان دەكرد بۆ داپۆشینى خۆیان گەڵایان دەكردە چەترى ڕێبوارە ماندووەكانى هاوین ، چەندین كوڕ و كچ زەماوەندى بەیەكگەیشتنی خۆیان دواخستبوو بۆ وەرزى بەهار ، كات بەر لە نیوەڕۆ بوو پرشنگى هەتاو وەكو ئاڵتوون دەبروسكایەوە زەمەن ڕاوەستا و ئاسمان گریا و زەمین ناڵەو فوغانى لەودیوى كەشكەڵانى ئاسمان بوو فڕۆكەكان مەرگیان داباراندبوو ئاپوورەى مەرگ شاڵاویان هێنا بۆ گیانى پێنج هەزار خەڵكى بێ تاوان و دار و بەرد هەڵكروزاند و زەوی سوتماك كرد ، ئاخ چى مەرگەساتێك بوو ؟،  ئەو پەپولانەیان خنكاند كە هێشتا كامى دڵى خۆیان لەماچەكان نەشكاندبوو ، ئەو باڵندەیان كوشت كە هێشتا لە هێلكە نەجوقا بوو ، ئەو منداڵەیان كوشت كە هێشتا نەیدەزانى كوردە ، فڕۆكەكان هەتاویان دڵ شكاندو سیروان و زەڵمیان لە كەنارەكانى خۆیان تۆراند تا ئێستاش هەر هەر كش و مات دەكشێن، مزگەوت چۆڵ بوو لە سڵاوات و مەكتەب بێناز بوو لە منداڵان و دیوەخان خامۆش بوو لە قسەى خۆش و تەكیە بىَ دەرویش و خانەقا بىَ سۆفى كرا و چایخانەیان بىَ هاتووچۆ كرد و رێگایان بىَ رێبوار كرد ، هەموو ویژدانە زیندوەكانیان هەژاند ، نەسیم بۆنى سێوى هێنا خەڵكى هەڵەبجە وایاندەزانى نۆبەرەى بەهارو نەورۆزە بۆیە پڕ بەسیەكانیان تاسوقى خۆیان شكاند ، نالى ڕابە وابووكى شارەزور خەڵتانى مەرگ كراوە ، گۆران  ڕۆژى حەشرە لە هەڵەبجە بزانە كام ئەستێرەى گەش ئەوەندەى هیواكانى عومەرى خاوەر درەوشاوە بوون ، ئەحمەد موختار جاف سەر لە گۆڕ بێنە دەر فریاى دوا مەزەى ماچى ماڵئاواى یەكجارەكى ناكەوى ، عەبابەیلىَ و پیرانى تەریقەت نزاى ئێوەش مەفەرى دەرباز بوونى خەڵكى نەدا ، بىَ ئیزنى ئیزائیل دڕندەكانى بەغدا لەو ساڵەدا بڕیارى خنكاندنى هەڵەبجەیاندا ، گونهیان ئەوە بوو كوردبوون ، هەڵەبجە نامرىَ چونكە تەمەنى لەگەڵ مێژوودا ئاوێزان بوو ، بووە ناسنامەى نەتەوەیەكى مافخوراو ، هەموو ساڵێك بەر لە نەورۆز لەگەڵ گوڵاڵە سورەكاندا پێنج هەزار رۆحى بێگەرد دێنەوە هەڵەبجە و هەموو شەقامەكانى شار تەى دەكەن ، هەموو ساڵێك لەم كاتانەدا بەرائەتى ئەوان پشتیوانى كورد دەكەن .
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.