سیم‌كارت و گوله‌به‌ڕۆژه
له دوكانی برادرهێك دانیشتبووم, یه‌كێك هات كردی به پرته و بۆڵه, گوتی: توخوا ئه‌وه وه‌زعه, لێره سیمكارتێكیان پێ فرۆشتم و كابرا ناویشی ته‌سجیل كردم, نفوس و جنسییه و هه‌موو شتێكی لێ وه‌رگرتم, ده‌ڵێی خانیم به ناو ده‌كا, ئێستا ناتوانم نه به‌یه‌كێك رابوێرم نه به كه‌یفی خۆم گاڵته به كه‌س بكه‌م!! لێم پرسی: باشه ئه‌دی هه‌ر وا نییه؟ ئه‌گه‌ر سیم‌كارت بكڕی ناوت نانووسرێ؟ گوتی: نه‌خێر.. له بازاڕ وا نییه, به كه‌یفی خۆت سیمكارتێك ده‌كڕی و هیچ ناونووسین و نفوس و مفوسیش له‌گۆڕێ نییه.
له دوكانێكی دیكه‌ی بازاڕ بینیم كه به راستی وابوو, یه‌كێك هات سیمكارتێكی كڕی, خۆ له كارت كڕینه‌كه‌ی من ئاسانتر بوو!! دوكانداره‌كه كۆمه‌ڵێك سیمكارتی خسته به‌رده‌ستی كڕیار و ئه‌ویش به كه‌یفی خۆی دانه‌یه‌كیانی هه‌ڵبژارد, ده هه‌زاری بریمهریشی خسته ده‌ستی دوكانداره‌وه, پرسیم: ئه‌وه چۆنه؟ كابرای دوكاندار گوتی: كاكه كه‌س به كه‌س نییه, به كه‌یفی خۆت سیمكارتێك هه‌ڵگره, موهیم ئه‌وه‌یه پاره‌كه‌ی بده‌ی, ناونووسینی بۆ چییه؟ خۆ موخه‌ده‌رات نافرۆشم؟!
ئه‌وه‌شم بۆ ئاشكرابوو كه ئه‌و كه‌سانه‌ی له بازاڕ كۆمه‌ڵێ سیمكارتییان له‌سه‌ر كارتۆنێك له به‌رده‌می خۆیان داناوه, به هه‌مان شێوه‌یه و له فرۆشتندا حیسابی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن!!
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و كێشانه‌ی به هۆی مۆبایله‌وه له كوردستان دروست بوونه, كه‌م نین و گه‌یشتۆته ئاستی كوشتنی مرۆڤیش, ئه‌مه‌ش كاتی خۆی په‌رله‌مانی كوردستانی ناچار كرد كه یاسای ژماره (6)ی ساڵی (2008)ی بۆ ده‌ربكات كه به‌ناوی (یاسای فهدهغهكردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له هه‌رێمی كوردستان) بوو, مادده‌ی شه‌شه‌می یاساكه به‌م شێوه‌یه:
مادده‌ی شه‌شه‌م:
پێویسته كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن, ئه‌وانه‌ی له هه‌رێمدا كار ده‌كه‌ن ئه‌مانه‌ی خواره‌وه بكه‌ن:
یه‌كه‌م: پلیتی مۆبایلی ئه‌لكترۆنی و ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندییه ئه‌لكترۆنییه‌كان و ته‌له‌فۆنه گوازراوه‌كانی دیكه, كه له‌و كۆمپانیایه‌وه ده‌رچوون, به‌ر له جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه به ناوی ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌یه‌تی و هاوبه‌ش نییه تۆمار ده‌كرێ و ئه‌مه‌ش له ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌بێ له رۆژی تهواوبوونییهوه و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پلیتی ئه‌و كه‌سه‌ی له لایه‌تی گه‌ر له‌و ماوه‌یه سه‌ردانی كۆمپانیاكه نه‌كات.
دووه‌م: پێشكه‌شكردنی هه‌ر زانیارییه‌كی په‌یوه‌ندی به پلیتی به‌شداربوون و به‌شداربووه‌وه هه‌بێ بۆ دادگای تایبه‌ت له كاتی پێویستدا.
سێیه‌م: ئه‌و كۆمپانیایه‌ی سه‌رپێچی بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م و دووه‌م) له‌م یاسایه ده‌كه‌ن, به غه‌رامه‌یه‌ك سزا ده‌درێ كه له په‌نجا ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێ و له سه‌د ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێ.
كه‌واته یاساكه به‌كارهێنه‌ران ناچار ده‌كات كه ئه‌گه‌ر سیمكارته‌كه به‌ناوی خۆشیان نه‌بێت, نابێ به‌كاری بێنن, چجای ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ناوی نه‌كه‌ن, باشه ئێستا یاسا ئه‌و كه‌سانه له كوێ بێنێ كه به‌م سیمكارتانه خه‌ڵك تووشی كێشه ده‌كه‌ن؟! چۆن ده‌بێ كڕینی سیم‌كارت له كڕینی گوله‌به‌ڕۆژه ئاسانتر بێ, له‌كاتێكدا نه‌ك كێشه, به‌ڵكو ئه‌گه‌ری كوشتنیش به‌هۆی مۆبایل هێشتا له ئارادایه و هیچ زه‌مانه‌تێك بۆ روونه‌دانی نییه.. خوا بمانپارێزێ.
سه‌نگه‌ر زراری
sangarzrary@gmail.com