Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
ونبوونه‌كان … عومه‌ر جه‌لال

ونبوونه‌كان … عومه‌ر جه‌لال

Closed
by June 3, 2011 ئەدەب

 
له‌ دۆزه‌خێكدا ونبوومه‌
ئیمان به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانییه‌وه‌
ناتوانێت قوتارم بكات !
له‌ دڵی كچێكدا ونبوومه‌
هه‌رگیز ناتوانێت ده‌رم بێنێت,
مه‌گه‌ر ببێته‌ سۆزانیی و له‌شی به‌ كه‌سێك بفرۆشێ
وه‌ك سه‌گێك چۆن به‌دوای بۆندا مل ده‌نێت
وه‌ك ئاوێكی سه‌رلێشێواو له‌ تاڤگه‌یه‌كه‌وه‌ به‌نه‌زانی خۆی به‌رداته‌ خواره‌وه‌
وه‌ك باڵنده‌یه‌كی نابینا دوور له‌ چێژی جوانی ئاسمان
ئاوها ونبوومه‌ و خۆم نادۆزمه‌وه‌ !
ئه‌شێ له‌ نێو گه‌ڵایه‌كدا نووستبم و
پاییز به‌ وه‌رینه‌كانییه‌وه‌ ئابرووم به‌رێت ,
بۆ باخچه‌كان شرۆڤه‌م  بكات
ئه‌ترسم هه‌ورێك له‌ ته‌ك خه‌یاڵه‌كانم ونی كردبم
بارانێك به‌شه‌رمه‌وه‌ بۆنم بڵاوبكاته‌وه‌
به‌ منداڵیی یادمه‌ كتێبێكی ره‌نگاو ره‌نگ ونیكردم
كه‌ گه‌وره‌بووم عه‌شق به‌هه‌موو  ئازاره‌كانییه‌وه‌ نه‌یدامه‌وه‌ به‌ دایكم
ونبوونی من جودا له‌ ونبوونی هه‌تاوه‌ له‌ خاكدا
یه‌كه‌م ونبوونم ته‌ماشاكردنی ئاوێنه‌یه‌ك بوو ,
بۆ یه‌كه‌مین سات
به‌ سه‌رسامی خۆی ونی كردم!
ون ده‌بم و نازانم بۆ؟
ونبوونێك پڕ له‌ بۆنی سێبه‌ر
ونبوونێك خاڵیی له‌ مردن
هێنده‌ ونبوومه‌ و مه‌ستی گه‌ڕاندومیه‌تیه‌وه‌ بۆ ژیان
هه‌ندێ سات خۆم ناناسمه‌وه‌ !
به‌دوای رێگایه‌كی تاریكدا ده‌ڕۆم و ون ده‌بم,
به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رگاكانی ته‌نیایی
له‌ ژێر به‌ردێكی بێئومێدا مارێك ده‌مدۆزێته‌وه‌
ده‌مداته‌ ده‌ست مه‌رگی باوكم
به‌ دوای دوكه‌ڵی جگه‌ره‌یه‌كدا ده‌ڕۆم و ون دبم,
بۆ  دۆزینه‌وه‌ی نهێنیی فڕینه‌كان!
پارچه‌یه‌ك له‌ ئه‌ستێره‌ی شكاو ده‌مدۆزێته‌وه‌ و
ده‌مداته‌ ده‌ست ره‌شبینیی,
من هه‌میشه‌ ون ده‌بم ون
له‌ته‌ك نیشتماندا چه‌ندین جار ونبووم
ئه‌نفال بردمی و نیگاكانی نه‌دامه‌وه‌ ده‌ستی خاك
شه‌ڕی ناوخۆ له‌ شاخێكدا جێی هێشتم و خۆم خوارده‌وه‌
كۆچ به‌ته‌نیا رۆشتوو له‌ رێگا منی ونكرد و جێی هێشتم
ون ده‌بم و با ده‌مهێنێته‌ بوون !
له‌ڕه‌گه‌وه‌ وه‌ك دره‌ختێك رووتم ده‌كاته‌وه‌
باران له‌ ونبوونم بێده‌نگ ده‌بێت 
له‌ باخچه‌یه‌كدا بۆنی گیا ونم ده‌كات
به‌ده‌سته‌كانی ژیانه‌وه‌ ونده‌بم و
پێیه‌كانی مه‌رگیش نامدۆزێته‌وه‌ 
ونبوون,یانی دواكه‌وتن له‌ بینینی گه‌مه‌كانی –با- به‌هه‌نار
ونبوون ,یانی پشتكردن له‌ داكه‌ندنی به‌رگی ناكۆتا
ونبوونی ریقنه‌ی چۆله‌كه‌یه‌ك له‌ئاسمان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی
ونبوونی په‌شیمانییه‌ له‌ ئێواره‌یه‌كی بێهوده‌دا !
ونبوونی من له‌ كتێبێكی كۆنی رژاو
ونبوونی پوچییه‌ له‌ بیابانێكدا به‌دوای ئاو بگه‌ڕێت
ونبوونی من له‌بۆنی  ده‌ریا
ونبوونی سه‌رخۆشێكه‌ مه‌ست وه‌ك رۆشتنی ئاو  نابینا!
ونبوونه‌كان بۆكوێ ده‌مانبات؟
كوێ ؟ ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ونبوونمان
ونبوون به‌ده‌م جگه‌ره‌كێشانه‌وه‌,
ونبوون له‌ لێواری شیعرێكه‌وه‌ ,
ونبوون به‌ دوای بینینه‌وه‌,
بینینی ونبوون
ونمان ده‌كات ون !
زه‌نگێك خۆی ده‌شارێته‌وه‌ له‌ ترسی ونبوون
دزێك به‌ دوای ونبووندا ده‌گه‌ڕێت
كچێك له‌ قه‌یره‌یی خۆی ون ده‌كات
ئاوێنه‌یه‌ك ده‌رگا به‌ده‌رگا به‌دوای  ونبوون ده‌گه‌ڕێت
چاوشاركێكه‌, ته‌وا ده‌بێت
ونبوون خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌
له‌شوێنێكی دوور دوور _با_ ده‌یبینێت
ونده‌بین و گه‌مه‌كانی منداڵیی جێمانده‌هێلێت
ونده‌بین و نیشتمان نامانناسێته‌وه‌,
كۆم ده‌بینه‌وه‌ له‌ ونبووندا
سه‌رما له‌باوه‌شمان ده‌كات
ونبوونه‌كان دابه‌شمان ده‌كه‌ن,
ونبوون له‌ نێو ونبوون
چ ئازارێكی میهره‌بانه‌
ونبوون له‌ نێو ونبوون
دۆزینه‌وه‌ی خوده‌ له‌ بووندا
نازانین چۆن ونده‌بین !
هه‌ندێ جار له‌ته‌ك عه‌شقێكدا ده‌ڕۆین و ون ده‌بین
هه‌ندێ جاریش به‌دیار گوێگرتن له‌ مۆزیكه‌وه‌ ونده‌بین
هه‌ندێ جار سێبه‌ره‌كانمان ده‌نێرین بۆ سه‌فه‌ر و خۆمان ونده‌بین
هه‌ندی جار جلوبه‌رگه‌كانمان دیار و خۆمان ون
هه‌ندێ جار خه‌یاڵ ونمان ده‌كات
هه‌ندێ جار ژیان ونمان ده‌كات  و مه‌رگیش ناماندۆزێته‌وه‌ !
كه‌ ون ده‌بین كه‌س باسمان ناكات
كه‌ ون ده‌بین كه‌س هه‌واڵمان ناپرسێت
كه‌ ده‌ماندۆزنه‌وه‌ هه‌ر كه‌س باسمان ناكات
كه‌س هه‌واڵمان ناپرسێت
ونبوونه‌كان له‌ رۆحماندایه‌ و ونه‌
ونده‌بین و چاكه‌ سارد ده‌بێته‌وه‌ ئه‌و ده‌مانخواته‌وه‌
ونده‌بین و ئێمه‌  بارانه‌كه‌ ته‌ڕ ده‌كه‌ین به‌ جوانی
ونده‌بین و ئێمه‌ هاوار له‌ ده‌نگ ده‌كه‌ین
ونده‌بین و سه‌رما ره‌ق ده‌كه‌ینه‌وه‌
به‌ونبوونه‌كانمانه‌وه‌ ده‌چین بۆ سه‌فه‌ر
په‌رش و بڵاوی خۆمان پینه‌ ده‌كه‌ین به‌ گۆرانی

*له‌ ژماره‌ (65) ی رووبه‌ری داهێنان بلاوبووه‌ته‌وه‌ له‌ 31-5-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.