درێژتر له نامه …. دیدار مه‌سیفی
ئازیزه‌که‌م،
ده‌مێکه ده‌مه‌وێت نامه‌یه‌کی درێژ و قووڵت بۆ بنووسم که پڕ بێت له وشه‌ی میهر و موحه‌به‌ت. نازانیت چه‌نده شادمانم، که پێ ده‌نێنه قۆناغێکی تازه و ده‌بن به که‌سێکی به که‌ڵک بۆ دوارۆژ. تۆ بیرت نایه‌ت له رۆژگاره‌کانی شه‌ڕی براکوژییدا ده‌سته سپی و جوانه‌کانتم ده‌گرت و به جاده‌کاندا به دوایی ئارامی و جوانییه‌کی ره‌ها ده‌گه‌ڕام. شتێک کتومت له جوانی و به‌رائه‌تی تۆ چووبایه کاتێک گۆرانییه به ناو و ده‌نگه‌که‌ی شڤانت به نه‌غمه‌یی زارۆیانه ده‌چڕی و خۆشیێکی بێئه‌ندازه‌ت له دڵ و ده‌روونم ده‌چاند. به رانک و چۆغه‌ڵه ره‌نگ زه‌یتونییه‌که‌ت له پیاوێکی کوردی جوان ده‌چوویت که هه‌رگیز به ته‌پو تۆزی سه‌نگه‌ر له‌یه‌کترگرتن نه‌ڵێت ئامیین. سێ چوار ساڵێکی که‌م له ته‌مه‌نت گوزه‌رابوو و منیش بیست و چه‌ندانی دیکه، کاتێک له سه‌ر شۆشته‌ی جاده‌که‌دا روو به روو له به‌رامبه‌ر نووسه‌ره‌که وه‌ستاین. تۆ یه‌ک پارچه له به‌رائه‌ت و جوانی بوویت و منیش هه‌زار و یه‌ک پارچه له خه‌ون و خه‌یاڵی جۆراوجۆر. تۆ ئه‌و کاته هیچ شتێکت نه ده‌رباره‌ی شلۆقی باری سیاسی ده‌زانی، و نه له‌و ئاخاوتنه گه‌یشتیت که له نێوانی من و نووسه‌ره‌که‌دا گوزه‌را. سه‌یره، ئه‌وه‌ی یه‌که‌م بۆ منیش هه‌تا سه‌ر به نامۆیی ده‌مێنێته‌وه و هه‌رسکردنی قورسه. به‌ڵێ، ئه‌سته‌مه له‌وه بگه‌م که چۆن براکان به فیتی سیاسه‌ت و مێژوویه‌کی سه‌رکۆنه ده‌توانن بۆ سه‌ر ئێسقان ببن به دوژمن و خوێنه‌خۆره‌ی یه‌کتری. بۆیه هه‌رگیز ناخوازم من و تۆ زاده و په‌روه‌رده‌کراوی ئه‌و چیرۆکه کۆنه بین که سه‌ره‌داوی حیکایه‌ته‌کان به کرداری نگریسی کوشتن ده‌گێڕێته‌وه. هه‌نووکه له‌به‌ر سه‌رقاڵبوونی زیاتر، له رێگای چوون و گه‌ڕانه‌وه‌م له کار سه‌عاتێک به گوێ کتێب له نێو جیبه تازه و زیوینه‌که‌مدا ده‌خوێنمه‌وه. نامه‌وێت ئه‌و کاتانه‌ش به خه‌ساربده‌م که تییاندا ته‌نهام و ده‌توانم شتێک بکه‌م. پێشتر کتێبم له ئاوده‌ستیش داده‌نا، به‌ڵام که دواده‌که‌وتم هه‌رده‌م دوو ئه‌لفۆکه جوانه‌که‌م پێکه‌وه له قاڵدرمه‌کان سه‌رده‌که‌وتن و ده‌یانگووت ” بابه چ بوو ته‌واونه‌بوویت! ”
له په‌رتوکخانه‌که‌ی نزیک ماڵ کتێب له دوای کتێب به سی دی ده‌خوازم و له نێو جیبه‌که‌مدا گوێیان لێده‌گرم. سه‌یره! سه‌رده‌مانێک ناوم به خه‌واوی رۆیشتبوو، که‌چی وا له غوربه‌تدا بوویم به بێخه‌وترین که‌سی دونیا.
جاران کارێکی گه‌لێک باش و ساناترم له نێو جه‌رگه‌ی شاردا هه‌بوو، سندان له ئه‌زمه ئیقتسادییه‌که‌ی ئۆباما و ماسک له رووه‌کانی دیکه بدات. ئه‌وانه‌ی له سه‌ر شانۆ جوێن به یه‌کتر ده‌ده‌ن و خوێنه‌خۆره‌ی یه‌کترین، که‌چی له ژێره‌وه بۆ هه‌ڵلوشینی دونیا برا و دۆستی دڵسۆزن. ئه‌و کات به پاس ده‌چوومه سه‌ر کار، چونکه راگرتنی ئۆتۆمبێل رۆژانه ده – دوازده دۆلارێکی ده‌ویست. به درێژایی رێگا و له نێو پاسدا سه‌رم له کتێبه‌کاندا نقووم ده‌بوو. گه‌لێک جار شه‌ر و هه‌ڵای سه‌رخۆش یان بێهۆش و بێ پاره‌یه‌ک منیان بۆ چه‌ند ساتێك له نێو قووڵایی وشه‌کان ده‌رده‌هێنا. جارێکیان به هۆی شه‌ڕێکه‌وه که چه‌ند سه‌رخۆشێکی هه‌رزه‌کار له نێو باسه‌که‌دا به‌رپایان کرد هه‌تا دره‌نگ نه‌متوانی بگه‌ڕێمه‌وه ماڵ.
ئیشه کۆنه‌که و نێو پاس و شتی تر بۆ من زۆر خۆشتر بوون له‌و ژیانه‌ی ئێستا که به جیبێکی تازه و جوان ده‌چمه کارێکی قورس و ناخۆش. به‌م هێشتا نه‌بووه سپێده زووانه‌ی چوونم بۆ کار که ده‌که‌وێته سه‌عاتی سێ و چاره‌ک، به‌ده‌گمه‌ن ئۆتۆمبێلێک به‌سه‌ر ئۆتۆبانه سێ – چوار سایده‌که‌وه ده‌بینرێت. له چۆڵبوونی جاده‌کانیشدا، من هه‌رده‌م پێم خۆش بووه هیچ شتێک نه‌هاژۆم. به‌ڵکو شتێکی له بابه‌ت به‌ڕی ئه‌فسووناوییم له ژێره‌وه بێت هه‌رده‌م بۆ دووری دوور بمبات. چاکه، رێگایه‌که‌م به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاته، نه‌وه‌ک ده‌مبات بۆ جێگایه‌کی تا بڵێیت ناخۆش که تێدا مرۆگه‌لێک هه‌ن هه‌شت – نۆ سه‌عات و زیاتر وه‌ک فڕفڕۆک کارده‌که‌ن. که‌چی، هه‌ن هێشتاکه ناتوانن ماڵ و منداڵیان به چاکی بژیێنن. ساڵانی پێشتر له ئۆفیسێکدا له قاتی سێزده‌یه‌م به سێ به‌رابه‌ری ئه‌و پاره‌یه کارمده‌کرد و ئیشه‌که‌م ده بار و سه‌د بار زانستیانه و شیاو و ساناتر بوو.
له سه‌ر ئه‌و رێگایه و گوێگرتنم بۆ به‌سه‌رهاتی رۆمانێک، گه‌لێک جار مانگ وه‌ها ده‌بینم دوام که‌وتبێت و بمباته‌وه ئه‌و هه‌واری جاران. ئه‌و زێده‌ی به سه‌ر شاخێکه‌وه بوو و زۆر به ناڕه‌وایی نیشانی دام که چۆن دواتر بێکه‌سانه له‌به‌ر خۆم بڵێم:
{ ئه‌ی مانگ من و تۆ هه‌ردوو هاوده‌ردین
هه‌ردوو گیرۆده‌ی یه‌ک ئاخی سه‌ردین
تۆ لێل ره‌نگ زه‌رد به ئاسمانه‌وه
منیش ده‌ربه‌ده‌ر به شارانه‌وه }
لێره ته‌نها به ده‌وری مانگه‌که‌وه خوول ده‌ده‌م که گه‌لێک سپێدان به ته‌نها ئه‌و و من به ئاگایان و یه‌کتری ده‌به‌ینه نێو تاریکی. له‌و ساته‌وه‌ختانه که‌س هۆش و ئاگایی له‌وه نییه که رووی مانگ ته‌نها بۆ مرۆگه‌لی سه‌ر زه‌مین وه‌ها گه‌ش و جوان و گڵۆب ئاسایه، که‌چی بۆ خودی خۆی و له نزیکدا خاوه‌ن رووییه‌کی گه‌لێک خامۆش و کرێت و ته‌ماوییه.
ئێواره‌یه‌ک به هه‌مان ره‌وتی ئه‌و رۆژگارانه‌ی ده‌ستی تۆم ده‌گرت، جگه‌رگۆشه‌که‌مم به‌ره‌و باخچه‌یه‌کی نزیک ماڵ برد. له باخچه‌که‌دا بینایه‌کی سپی گه‌وره هه‌یه که تایبه‌ته به پرۆژه و پێشانگا زانستییه‌کان. هه‌روه‌ها هۆڵێکی سینه‌مای گه‌وره‌شی تێدایه و‌هه‌رده‌م ئه‌و فلیمانه نیشان ده‌دات که سێ ته‌وه‌ره‌یین. له‌م دواییانه‌دا ریکلامێکی گه‌وره‌یان بۆ فلیمێک ده‌کرد به ناوی{گه‌شتێک بۆ مه‌که} دواتر زوو هه‌ڵیانگرت. له ته‌ک ئه‌و بینایه هاوینان چه‌ند زانایه‌کی گه‌ردوونناسی تیلیسکۆپه گه‌وره‌کانیان به‌رامبه‌ر ئاسمان ڕاده‌گرن و به خۆڕایی رێگا به خه‌ڵک ده‌ده‌ن له چاوی تیلسکۆپه‌کانه‌وه له ئاسمان ڕابمێنن. ئه‌و ئێواره‌یه باخچه‌یه‌که چۆل بوو، و پیره‌مێرده زاناکان هه‌ر که جگه‌رگۆشه‌که‌میان بینی خه‌نی بوون و به روویه‌کی خۆشه‌وه پێشوازیان لێمانکرد. ئه‌وان زیاتر به‌و خه‌ریک بوون و ده‌یانبرده سه‌ر په‌یژه گچکه‌کانی به‌رده‌م تیلیسکۆپه‌کان هه‌تا ئه‌و به هه‌وه‌سی خۆی سه‌یری ئاسمان بکات. دوایی نۆره‌ی من هات و کاتی درێژتر به‌رامبه‌ر تیلیسکۆپه‌کان ده‌مامه‌وه. یه‌که‌م جاری ته‌مه‌نم بوو مانگ وه‌ها له نزیکه‌وه ببینم که بریتی بێت له تۆپێکی ناشیرین و بۆری روو پڕ له قۆڵت و زیپکه. ئه‌و هه‌رگیز له‌و مانگه نه ده‌چوو که تژی نێو گۆرانی کوردییه و یه‌کێکیان به باوه‌ڕه وه‌سفی یار ده‌کات و ده‌ڵێت:
{ ئه‌سمه‌ر یارم جوانه
وه‌ک مانگی تابانه }
من له جگه‌رگۆشه‌که‌م پتر به دیار تیلسکۆپه‌کان ده‌مامه‌وه. دوای بینینی رووی خه‌مناکی مانگ له نزیکه‌وه، ره‌ونه‌قی ڤینۆس و چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی دیکه هاتنه نێو چاوانم. به ڕوانین له موشته‌ری دونیایه‌ک سه‌رسامیی نیشته سه‌ر رووم و وه‌خت بوو بگریم. چونکه وێنه‌یه باوه‌که‌ی موشته‌ری که له رووپه‌ڕی رۆژنامه و گۆڤار و کتێبه‌کاندا بینیبووم، راستیه‌کی سه‌لمێندراو و زۆر نزیکه ده‌ست بوو. ئه‌ستێره‌ی موشته‌ری ئه‌ڵقه‌یه‌کی زێڕینی به ده‌وره‌وبوو و وه‌های لێکردم هه‌ستبکه‌م جگه‌رگۆشه‌که‌م بووه به زاوا.
هه‌ر که چاوم له‌سه‌ر چاوی تیلسکۆپه‌که وه‌لانا، به گاڵته‌وه به پیره زاناکه‌م گووت ” من وامزانیبوو وێنه‌ی موشته‌ری ته‌نها زاده‌ی خه‌یاڵه و هیچ راستییه‌کی تێدا نییه!”
ئه‌و له وه‌ڵامدا به پێکه‌نین و گاڵته‌وه گووتی ” به‌ڵێ، ئه‌وه‌ش راست نییه! ره‌سمه‌که‌یمان له سه‌ر چاوه پوازکییه‌که‌ی ئه‌وسه‌رییه‌وه داناوه. ”
جگه‌رگۆشه‌که‌م تازه ددانی شیری که‌وتبوو و به‌و گه‌ڕانانه بۆ ماوه‌یه‌ک بۆشیاییه پڕ له پرسیاره‌که‌ی نێو ده‌می بۆ له بیر چوو. هه‌روه‌ها منیش به جۆرێکی دیکه فڕیبووم و خۆم له بیرکردبوو، ده‌تگووت چووبوومه‌وه منداڵیی و به دیار جوانی ئه‌و مانگه تابانه وه‌ستاوم که شه‌وانی پایز له پشت چیایی سه‌فینه‌وه هێواش هێواش سه‌ر گه‌وره و زله‌که‌ی به روومدا ده‌رده‌که‌وت و روناکی ده‌کردمه‌وه.
ئه‌و ئێوارانه زۆر ده‌گمه‌ن و کورتن که شتگه‌لی وه‌ها له زه‌ینمدا دووباره و دووباره بڕوێننه‌وه. چونکه ژیان لێره جۆرێکی دیکه‌یه و هه‌تا بڵێیت پڕ ده‌سه‌ڵات و به هێز و نا میهره‌بانه. ئه‌و هه‌رگیز رێگا نادات بیر و هۆشی مرۆ بپرژێته سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی چێژێک رۆحی ده‌به‌خشن، به‌ڵام پاره و پولێک ناهێنن. بۆ نموونه، بیرکردنه‌وه له دونیایه‌کی ڕه‌وا و جوان، که تێیدا ته‌واوی مرۆڤه‌کان شادمان و سه‌رفرازبن.
له‌وه‌ته‌ی کاره قورس و تازه‌که ده‌که‌م، به‌ده‌م رێگاوه گوێم له چه‌ندان رۆمانی چاک گرتووه. له‌وانه { سیحربازه‌که‌ی پۆرتۆبیلۆ }ی پاوڵۆ کۆیلۆی به‌رازیلی که باس له کیژه قه‌ره‌جێکی رۆمانیایی ده‌کات. کیژه‌که له هه‌تیووخانه‌یه‌ک فڕێده‌درێت و دواتر له لایه‌ن ژن و مێردێکی لوبنانی به خودان ده‌کرێت که به رێکه‌وت له گه‌شتێکی وڵاتی رۆمانیا دان. کیژه‌که دوو ناوی هه‌ن- ئه‌سینا و شیرین خه‌لیل – و هه‌ر یه‌کێکیان به شێوه‌یه‌ک له خۆی ده‌دوێت و به سه‌رهاته‌کانیی نێو رۆمانه‌که ئاشکرا ده‌کات.
{ تاوان وسزا }ی فیۆدۆر دۆیستۆفسکیم گوێ لێ ڕاگرت و گه‌لێک شتی تیدابوون که له وه‌رگیراوه عه‌ره‌بییه‌که نه‌گوتراون.
کتێبێکی دیکه هی رۆماننوسی پۆست مۆدیرنیزمی ئه‌مریکایی دۆن دیلیلۆ بوو به ناوی { خاڵی ئۆمیگا } که پاش رۆمانی { پیاوی که‌وتوو } نوسراوه. له ماڵه‌وه‌ش کتێب و کتێب و به چاو { خاکی شۆڕشڤان } ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌وانی به‌ریتانی کریستۆفه‌ر دی بیلاگییه ده‌خوێنمه‌وه. ئه‌م کتێبه‌یه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی سیاسی و میژووی و فه‌رهه‌نگییه سه‌باره‌ت به هه‌ر سێ گه‌لی کورد و تورک و ئه‌رمه‌ن. دووباره کاتێک له ماڵ ده‌بم یان له قاوه‌خانه‌یه‌ک، هێواش هێواش خۆم به نووسین و خوێندنه‌وه‌ی دیکه خه‌ریک ده‌که‌م. له‌م دوایانه‌دا گه‌ڕاومه‌ته‌وه سه‌ر پرۆژه‌ی نووسینێک که زیاتر له دوازده ساڵه هه‌مه و له خۆڕا ناوم ناوه رۆمان. به‌ڵام کارکردن لێی وه‌ک ڕۆناکردنه‌وه‌ی خانوویه‌کی سه‌قه‌ت و کۆنه و ئه‌وه‌ندی ده‌که‌م نه بۆم له‌بار ده‌بێت، نه ده‌شتوانم به یه‌کجاری ده‌ست به‌رداری بم و بیسووتێنم. به‌سه‌رهاتی ئه‌م نووسینه‌م هه‌مان باس و خواسته کاتێک پێکه‌وه له به‌رامبه‌ر نووسه‌ره‌که‌دا وه‌ستاین. که دواندم ئه‌و به نیگایه‌کی خێرای بۆ رووی منداڵانه و جوانی تۆ، هی نیگه‌ران و په‌شۆکاوی من، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی کرد و رووی و گووتی ” جارێ هێشتا زووه ده‌ست بده‌نه رۆمان نووسین. ”
سه‌یره! من دوای به‌سه‌رچوونی ئه‌و هه‌موو ساڵه زۆره و پێداچوونه‌وه‌ی به کاوه‌خۆم به ره‌شنووسه‌که‌دا، گه‌یشتمه واده‌ی راستییه‌ک که ئه‌وه‌ی من و نووسه‌ره‌که سه‌باره‌ت به رۆمانه‌که گووتمان چه‌شنی ناواخنی رۆمانه‌که گردێکه له وشه‌ی راست و هه‌ڵه.
هه‌رچه‌نده له کۆدا من له‌گه‌ڵ خۆمدا کۆکم که هه‌رگیز نووسینێکی چاک له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی سه‌قه‌ت بونیاد نانرێت. ئێستاکه سه‌ره‌داوی حیکایه‌تێکی دیکه له زه‌ینمدا ده‌گوزه‌رێت و له‌وانه‌یه له داهاتوودا ئه‌گه‌ر کات و شوێن یار بێت، بۆی دابنیشم.
گه‌شتی من له‌گه‌ل ئه‌و رۆمانه به ناو رۆمانه دوور و درێژه و جۆره خه‌مناکییه‌کی تێدایه که ته‌نها خۆم به چێژه تاڵه‌که‌ی ده‌زانم. حه‌زده‌که‌م به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه، ره‌شنووسی رۆمانه‌که له سه‌ر رووی لاپه‌ڕه زه‌رده‌کان قورتار بکه‌م و بیخه‌مه نێو هه‌ناوی فلاشێکی کۆمپیته‌ر. حه‌فت – هه‌شت ده‌فته‌ری به‌رگ دڕاون و ماوه‌یه‌که له نێو جانتا‌یه‌کی قاوه‌یی له ژێر مێزی کۆمپیوته‌ره‌که‌م که‌وتوون. سه‌ره‌تا گوڕ و تینێکی بێئه‌ندازه‌م تێدا هه‌بوو بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه ئه‌ده‌بییه، بۆیه زوو داوام له ماڵه‌وه کرد که هه‌ر چۆن بێت ره‌شنووسه‌کانه‌م بۆ بنێرن. ئه‌و رۆژه‌ی به ده‌ستی که‌سێکی جوانه مه‌رگ بوو و له نێو زه‌رفێکی گه‌وره‌دا ته‌واوی لاپه‌ڕه‌کانیم به ده‌ستم گه‌یشت، نامه‌یه‌کی به ده‌ستخه‌تی ره‌حمه‌تی باوکمیشی له‌گه‌ڵ بوو و که نووسیبووی ” کوڕم، ئومێده‌وارم ئه‌و هه‌موو ماندووبوونه‌ت به فیڕۆ نه‌ڕوات! ”
ئێستا که سه‌رگوزشته‌ی ئه‌و راستییانه سه‌باره‌ت به خۆم و پرۆژه‌کانی نووسینم ده‌گێڕمه‌وه بۆ تۆ ده‌گێڕمه‌وه، ماندووم و ماندووم و زۆر زۆر ماندووم. هه‌ستده‌که‌م رۆژێک ئه‌و ماندووبوونه‌م له ژیان، قیت ده‌بێته‌وه و ماندووبوونه‌که‌ی دیکه‌م به‌ر شه‌ق ده‌دات و ده‌کوژێت. ئه‌و ماندووبوونه‌ی که ئازیزترین که‌سم له دوا نامه‌یدا وه‌ک تشتێکی بێهووده باسی لێوه کردبوو. زه‌رفه گه‌وره‌که‌ی نامه‌که له رێگای که‌سێکه‌وه به ده‌ستم گه‌یشت که کوڕێکی گه‌نج و پڕ له گوڕی شاره جوانه‌که‌ی سلێمانی بوو. ئه‌وم به هۆی هاوڕێیکمه‌وه ناسی و زۆر کۆشام که وزه سیحراوییه‌ی تێیدابوو له ئاقارێکی به‌که‌ڵک سه‌رف بێت. که‌چی، ئه‌و له پڕ به رێگایه‌کی پێچه‌وانه و دژوار دا چوو و تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بوو. دواتر زیندانی کرا و ره‌وانه‌ی ئه‌و شار سارده کرا که من له داهاتووییه‌کی دیکه‌دا بۆ ژیانێکی باشتر په‌نای بۆ ده‌به‌م. ئه‌فسووس، دوایی ئازادبوون شه‌وێک گه‌نجه جوان و ئازاکه له چاوه‌ڕوانی هاتنی پاسدا ده‌بێت که هیندییه‌کی سوور پێست و بێهۆش به ده‌رمان له پڕ دارێکی یاری به‌یسبۆڵ ده‌وه‌شێنێته سه‌ری و له نێو ساردی که‌ش و غوربه‌ته‌دا ساردیده‌کاته‌وه و ده‌یکوژێت. من له سه‌ره‌تای هاتم بۆ شاره سارده‌که کاتێک شه‌وان له وێستگه‌ی پاساندا ده‌وه‌ستام، رووداوی کوژرانی گه‌نجه جوانه‌که‌م زۆر به زیدوویی ده‌هاته‌وه پێش چاوم و له ناخه‌وه دیتا‌ساندم. جار وه‌هابوو وێستگه‌ی پاس ده‌بوو به کورسیێکی دار و له نێو به‌فردا گه‌لێک ته‌نیاتر دیار ده‌بوو له خۆم. پله‌ی گه‌رمی سی و چل ده‌چووه ژێر سفر، و من له‌گه‌ڵ کورسییه‌که ده‌مامه‌وه و رۆمانێک گه‌رمی ده‌کردینه‌وه. ته‌نها ئه‌و کاتانه نه‌بێت که دوای ئه‌وه‌ی پێنج ساڵ به‌سه‌ر سفره‌کانی هه‌زاره‌ی دووه‌م و خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌مین جارم بۆ رۆمانی (به‌فر) تێپه‌ڕیبوو. من بۆ جاری دووه‌م رۆمانه‌که‌ی پامووک ده‌خوێنمه‌وه و له نێو سه‌رمامی و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی قووڵتر نقووم ده‌بم . ناهه‌ق نه‌بووم چونکه چه‌ند مانگێک بوو له نێو به‌فرێکی ئه‌ستووری باکوری کوردستان گه‌ڕابوومه‌وه و چه‌ندان هه‌فته‌ش بوون له‌گه‌ڵ هه‌واڵی کۆچی دایکم ده‌ژییام. جاڕێكیان به خوێندنه‌وه‌ی کتێبێک مژووڵ بووم و دیتم که‌روێشکێکی کێوی هاته کن کورسییه‌که‌ی له‌سه‌ری دانیشتبووم و به خێرایی گه‌ڕایه‌وه. یه‌که‌م جارم بوو که‌روێشکی کێوی وه‌ها گه‌وره به تووکی سپییه‌و‌ه ببینم. له شاره هه‌رده‌م به‌هارییه‌که‌ی پێشتر لێی ده‌ژییام، دار و به‌رد پڕ بوو له سمۆره و زۆربه‌یان ره‌نگێکی زه‌ردی زێڕینیان هه‌بوو، یان جۆرێکی چه‌شنی قیڕ ره‌ش. ئێره جودایه و له جیاتی شاری که‌روێشکه کێوییه‌کانه. هاوینان که‌روێشکه‌کان خاکی ده‌بن و زستانانیش سپی سپی و وه‌ک به‌فر. جگه‌رگۆشه‌که‌م که گچکه‌تر بوو له باخچه‌یه‌که‌ی نزیک ماڵمان، که‌روێشکی ڕاوی ده‌نان و دوایان ده‌که‌وت. گیانله‌به‌ره کێوییه‌کانی ئێره نه له منداڵێکی وه‌ک جگه‌رکۆشه‌که‌م، نه له زه‌لامی گه‌وره گه‌وره ترسیان هه‌یه و ده‌ڕه‌وننه‌وه. ئاشتییه‌کی سه‌یر و جوانه و هه‌ردوولا مرۆڤ و گیانله‌به‌ر بۆ یه‌کتریان فه‌راهه‌م کردووه. چه‌نده باڵاتره له وژه وژ و جه‌نجاڵی ئه‌و جادانه‌ی لای خۆمان که تیایاندا شوفێری مه‌غروور و ناهۆشیار رێگا به یه‌ک منداڵ و ژن نادات به سه‌لامه‌تی ره‌ت بێت له شه‌قام بپه‌ڕێته‌وه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر کورسییه‌که ترس و سه‌رما ده‌مگرێت، و هه‌نووکه به خۆم ده‌ڵێم ئه‌رێ چۆن توانیوومه ئه‌و شه‌وه سه‌ختانه به‌ڕێ بکه‌م. ئایا من گه‌لێک قه‌رزاری کتێب نیم که به لاپه‌ڕه نووسراوه‌کانیان چه‌نده منیان فڕێدایه دونیای په‌راوێز‌ه‌وه، ده به‌رابه‌ر سپه‌ری قایمبوون بۆ پاراستنم له دژوارییه‌کان؟ وه‌ک گووتم، ئه‌و کات تازه هه‌واڵی کۆچی دایکم گه‌یشتبوو، شاره‌که‌ش ساردترین زستانی خۆی به روومدا ده‌دا.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی گه‌لێک شه‌وان وه‌ها بوون، رۆژان رووبه‌رووی پێچه‌وانه ده‌بوومه‌وه. یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک سه‌عات شه‌شی به‌یانی له ماڵ چوومه ده‌ره‌وه هه‌تا بچمه ئه‌و مه‌له‌وانکه‌یه‌ی ده ده‌قیقه‌یه‌ک به پێ له ماڵ دوور بوو. به زستان مه‌له و نێو سه‌ونا و ئاوی گه‌رم چێژێکی دیکه‌ی هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی زووتر بگه‌م به ئه‌وێ، به نێو داره بێ په‌لکه‌کاندا رێگایه‌کی قه‌دبڕم گرته‌به‌ر. هه‌ر که چوومه نێو داره‌کان خشپه‌یه‌کی گه‌وره‌م بیست، و له پڕ چاوانم له به‌رامبه‌ر دیمه‌نێکدا کرانه‌وه که هه‌تا مردن له زه‌ینم ده‌رناچێت. شوورێکی گه‌وره ڕاپه‌ڕی که کلکێکی گه‌وره‌ی قاوه‌یی و سپی و دوو شاخی مه‌زن و جوانی هه‌بوو. من شاگه‌شکه‌بووم به بینینی دیمه‌نی ڕاپه‌ڕینی ئه‌و گیانله‌به‌ره کێوییه جوانه و وامزانی بارانی پڕ به بۆنی میسک به سه‌رسه‌رمدا ده‌بارێت.
له‌و ده‌رزه‌نه ساڵه‌ی له ده‌ره‌وه‌م چه‌نده ناخۆشی و دژواریم بینیوون ئه‌وه‌نده‌ش به بینینی دیمه‌نێکی وه‌ک هی شووره جوانه‌که و شتگه‌لی دیکه خۆشی تژی دڵ و ده‌روونم بووه.
ئازیزه‌که‌م، من نامه‌وێت له‌و نامه‌یه‌دا بچمه نێو قووڵایی باسه‌کان نه‌وه‌ک جۆره نیگه‌رانییه‌ک بخه‌مه نێو دڵه جوانه‌که‌ت، یان سه‌ره داوی نامه‌یه‌که‌م به‌ره‌وه ئاقارێکدا بڕوات که هه‌ردووکمان تێیدا وێڵ و بزر بین.
به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا هه‌ر حه‌زده‌که‌م که‌مێک باسی داستانی گلگامیشت بکه‌م، که یه‌کێک بوو له کتێبانه‌ی له نێو جیبه‌که‌مدا گوێم لێیگرت. من ده‌بووایه ئه‌و داستانه‌م پێشتر به عه‌ره‌بی خوێندبایه‌وه، که‌چی دوای ئه‌وه‌ی به ئینگللیزی به گه‌لێک ده‌ق داچوومه‌وه که پێشتر خوێندبوومنه‌وه هه‌ستم به سانسۆرکردنێکی بێوێنه‌کرد که ده‌رهه‌ق به گه‌لێکیان کراون. داستانی گلگامیش به ده‌نگی جۆرج گودێل، که ئه‌کته‌رێکی به‌ناووده‌نگی شانۆیه و شت به ده‌نگی ئه‌و چێژێکی سیحراوی هه‌یه، ده‌خوێندرێته‌وه. ئه‌و داستانه پڕ بایه‌خه‌ی میزۆپۆتامیا له کن رۆژئاوواییه‌کان رێزێکی تایبه‌تی لێنراوه. به‌سه‌رهاته‌که‌ی شێوه‌یه‌که له حیکایه‌تی هابیل و قابیل، هه‌روه‌ها رووداوێکی هاوشێوه‌ش له لافاوه‌که‌ی حه‌زره‌تی نووح ده‌گێڕێته‌وه.
سه‌یره! چۆن به سه‌رهاتی برای کوژراو و برای بکوژ هه‌رده‌م له حیکایه‌ته کۆنه‌کان دووباره و دووباره بۆته‌وه. بۆیه له راستیشدا هه‌رگیزاو هه‌رگیز به سانایی بنبڕ نابێت. خۆش بوو هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نێوانی هابیل و قابیل بۆ هاوسه‌نگی بووایه، له جیاتی بنبڕ کردنی یه‌کتر. ئه‌و کات هیچ یوسفێکمان نه‌ده‌ناسی که به ده‌ستی براکانییه‌وه فڕێ درابێته نێو بیرێکی قووڵ قووڵ!
نه رۆژگارێکیش لای خۆمان براکان دوژمنیان ده‌هێنایه سه‌ر یه‌کتر و ده‌شت و ده‌ریان پڕ ده‌کرد له بۆنی فیشه‌کی بێ په‌روا ته‌قێنراو و خوێنی به هه‌ده‌ر ڕژاو.
به‌ڵی، خۆش بوو نێوانی قابیل و هابیل رێک وه‌ک نێوانی گلگامیش و ئه‌نکیدۆ بووایه. واته نه له سه‌ره‌تا برایه‌تییه‌کی وه‌ها گه‌رم، نه له کۆتایی خوێن رشتنێکی بێتام و پڕ له زوڵم. گلگامیش سه‌ره‌تا پادشایه‌کی زۆر زۆر زۆردار بوو، بۆیه خه‌ڵک ناچار ده‌بن گازانده‌یان ببه‌نه به‌ر قاپی خواوه‌ند هه‌تا به جۆرێک رزگارییان بکات. خواوه‌ند ئه‌نکیدۆ له قوڕ هاوشێوه و هاو قودره‌تی گلگامیش خه‌لق ده‌کات. سه‌ره‌تا ئه‌نکیدۆ که‌سێکی کێوی بوو، ئاشنا نه‌بوو به هه‌مبێزی ژن و چێژی خواردن. بۆیه نه‌یده‌زانی دوژمنداری چۆن ده‌کرێت، ژنێک له عه‌شتاره‌وه به دوایدا ده‌چێت و زوڵم و زۆری گلگامیشی بۆ باس ده‌کات و ده‌یخاته نێو ته‌ڵه‌که‌بازی ژیانه‌وه. له‌م داستانه گلگامیش و ئه‌نکیدۆ زۆر به روونی یه‌کتری ده‌گه‌وزێنن و دوژمنداری یه‌کتری ده‌که‌ن. به‌ڵام که گلگامیش ده‌زانێت به کوشتن ناتوانێت ئه‌نکیدۆ ببڕێنێته‌وه، ده‌یباته لای مه‌زاری دایکی و په‌یمان ده‌دات که هه‌تا سه‌ر ئه‌نکیدۆ برای پشتی ئه‌و بێت. له کۆتایی پێکه‌وه ده‌چنه شه‌ڕی جانه‌وه‌ران له شاخه دوور و داپۆشراوه‌کان به دار کاژی مه‌زن مه‌زن. له‌وێ ئه‌نکیدۆ ده‌مرێت و گلگامیش بۆ سه‌ر ئێسقان به مه‌رگی براکه‌ی بریندار ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر نێوانی قابیل و هابیلیش جۆرێک له‌و هاوسه‌نگییه‌ی تێدا بووایه که له داستانی گلگامیش هه‌یه. قابیل هه‌رگیز ته‌نیا نه‌ده‌مایه‌وه و قا .. قا .. قا .. یه‌کانی سه‌ره‌تای ناوه‌که‌شی نه‌ده‌بوون به قاقای پێکه‌نینێکی پڕ له غروور و شێتانه، و له گوێ ئێمه‌دا بزرینگێنه‌وه. له جیاتی ئه‌وه پڕ به مانای ناوه‌که‌ی هه‌موو شتێکی قابیل به براکه‌ی ده‌زانی و زوو له مانای ناوه‌که‌ی ده‌گه‌یشت، وه‌ک چۆن په‌روه‌ردگار رێز و هه‌یبه‌تی ناوه‌کانی خۆی به لاوه گرنگه. چه‌شنی که‌سێک که له قووڵایی ماناکانی وشه ده‌گات و هه‌ڵه ناکات. ئه‌گه‌ر وا نه‌بووایه قابیل تاق و ته‌نیا له‌سه‌ر گردێک ( تل ) نه‌ده‌مایه‌وه هه‌تا قا .. قا .. قا .. یه‌کانی سه‌ره‌تای ناویی و پێکه‌نینی له مردوویی ( تل ) ه‌که بنیشن و له بڕی قابیل ببێت به قاتل.
ده‌بووایه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ڕامان له ها . . ها . . ها . . یه‌کانی سه‌ره‌تای ناوی براکه‌ی بیزانیابه ئه‌وانه ئاماژه‌ن بۆ وشه‌گه‌لێکی له بابه‌ت هاوسه‌نگی، هاوگیانی، هاوسۆزی، هاوماڵی، هاوڕێیه‌تی، هاوده‌می، . . . هه‌تادوایی.
ده‌بێت چ حیکمه‌تێک له ناونانی قابیل و هابیل به‌و شیوه‌یه پڕ له لوغزه‌دا هه‌بێت؟ چ، وایکردووه که جوایه‌زییه‌کی زۆر که‌م له نێوان ناوه‌کانیاندا هه‌بێت ؟ ده‌بێت بۆ ئه‌وه نه‌بوو بووبێت که ئه‌گه‌ر هابیل هایه‌که‌ی له سه‌ر سنگ و مه‌مکی ژنێک به‌جێمابایه و قابیلیش قایه‌که‌ی هی خۆی خستبایه سه‌ر سنگ و مه‌مکی ژنێکی دیکه، که‌چی له ئه‌نجام و کۆتا دا (بیل)ی ناوه‌کانیان هه‌ر یه‌ک بووایه، سێ پیتی پته‌و و قایم وه‌ک ئه‌وانه‌ی وشه‌ی برا.
[ تێبینیه‌کی کورت: بیل، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناوێکی باوی بیانییه. فلێمێکی ناوازه و خوێناوی ده‌رهێنه‌ر ته‌ره‌نتینۆش هه‌یه به ناوی ( بیل بکوژه)، هه‌روه‌ها له باکووری ئه‌مریکا زاراوه‌یه‌کی بانکه‌کانیشه بۆ پاره و پاره کۆکردنه‌وه به‌کارده‌هێنرێت. به گشتی خه‌ڵک به ده‌ست بیل هه‌راسانه، به تایبه‌ت له کاته‌کانی بێکاریدا. ]
دیاره له به‌راییدا شته‌کان زۆر ساکار و روونتر ده‌رکه‌وتوون، بۆیه قابیل نه‌یتوانی ئیره‌یی و رقی خۆی به ره‌نگێکی ئاڵۆز بشارێته‌وه و بۆ سه‌رده‌مێکی دیکه‌ی هه‌ڵیانبگرێت. ئه‌و له خۆڕا هه‌ستێکی له ده‌روون دروست بوو بوو که په‌روه‌ردگار هابیلی له‌و خۆشتر ده‌وێت. سه‌یره! ئه‌و هه‌سته ساکاره بووه هۆی چاندنی تۆی رقێک که یه‌که‌م دڵۆپه خوێنی ڕژاند و تاوه‌کو ئێستاکه‌ش ئاسه‌واری ناسڕێته‌وه. بۆیه ده‌بینین هه‌تا زه‌مه‌ن زیاتر بگوزه‌رێت، په‌یوه‌ندی نێوان براکان به‌ره‌و ئاقار به‌رفره و ئاڵۆزکاو و نه‌سره‌وتر ده‌ڕوات. خۆشتر له‌وه ژیان بازنه‌یه و په‌یامه دروسته‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌یه که فێرمان بکات چۆن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی رژانی دڵۆپه خوێنه‌کان و بۆ ئه‌به‌د بیانسڕینه‌وه و دووباره‌یان نه‌که‌ینه‌وه.
له سه‌روه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا زۆر جار له‌گه‌ڵ جگه‌رگۆشه‌که‌م به دیار که‌ناڵه‌کانی وه‌ک بی بی سی و سی ئێن ئێن ده‌ماینه‌وه و له چاره‌ی ئۆباما و مه‌ککه‌یین ڕاده‌ماین که شار به شار ده‌گه‌ڕان و قسه‌یان بۆ خه‌ڵک ده‌کرد. من دوایی ته‌مه‌ن و خوێندنه‌وه‌ی زۆر ئینجا گه‌یشتبوومه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که که‌میک دڵم به ئۆباما خۆشتر بێت. که‌چی جگه‌رگۆشه‌که‌م به چه‌ند ساڵێکی که‌م و بێئه‌وه‌ی هیچی له من گوێ لێ بووبێت گووتی” بابه ده‌زانی ئۆباما ڕه‌زای له جۆن مه‌ککه‌یین سوکتره! ”
له‌گه‌ڵ پێشڤه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مریکا، من خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی تێزی ماسته‌ری هاوکار و براده‌رێکم بووم که پڕ بوو له شتی شاراوه و من پێشتر چتاقیانم نه‌ده‌زانی. ئه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ندازیارێکی پڕ له ئه‌زموون و له هه‌مان کۆمپانیا بوو که منیش چه‌ندان ساڵ تێیدا کارم کرد، له زانستی لاهووت ( تیۆلۆجی ) ماسته‌ری هه‌بوو. هه‌روه‌ها له یاری شه‌تره‌نج بێئه‌ندازه زانا و ئازا بوو، من له پڕ بووم به ڕکه‌به‌رێکی به‌رده‌وام بۆ ئه‌و، به‌وه زانیم چه‌نده له شه‌تره‌نجدا له پێشم.
پیاوێکی دڵپاک و پاقژ و ڕوون بوو، هه‌رچه‌نده گه‌لێک جاران ئێره‌ییه‌کی منداڵانه‌ی پێوه دیار بوو به تایبه‌ت که من باسی خه‌ونه‌کانی خۆم له‌و ولاته فره‌یه ده‌کرد. من نامه‌وێت ته‌واوی نامه‌که به باسکردنی براده‌که‌م بکوژم، ناوهێنانی ته‌نها له ده‌ریچه‌یه‌ک سه‌ری هه‌ڵدا که تێیدا ده‌مه‌ویست پتر باس له په‌یوه‌ندی نێوان قابیل و هابیل بکه‌م.
هه‌نووکه، پاش خوێندنه‌وه‌ی تێزه‌که‌ی وی و چه‌ند کتێبێکی دیکه و گه‌ڕان به نێو وتاره‌کانی ئینته‌رنێتدا، که‌مێک تووشی نائومێدی و نائارامی و بێهوده‌یی بوویم. نهێنی سه‌یرم بۆ ئاشکرا بووین و تێگه‌یشتووم که سه‌رچاوه‌ی زوڵم و تاوان هه‌ر یه‌کێکه له هه‌ر شوێنێک بیت. بۆیه ئه‌گه‌ر بته‌وێت راست بێت ده‌بیت له‌گه‌ڵیاندا رووبه‌روو ببیته‌وه و بجه‌نگیت. سه‌یره! لێره‌ش هه‌موو ئه‌و نووسین و لێکۆڵینه‌وانه ده‌چنه خانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی یاساغ.
شیکردنه‌وه‌ی به‌یانی راگه‌یاندنی گه‌وره زه‌به‌لاحی دونیا پڕه له سومبول و کۆدی شاراوه. بۆیه درۆ نییه ئه‌گه‌ر بڵێم سه‌دا شه‌ست و حه‌فتای مێژوو و سیاسه‌ت نادروستی و فێڵێکی گه‌وره‌ی تێدایه، که ئێمه نایزانین. هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه به هه‌مان ڕێژه یان که‌م و زۆر بۆ بواره‌کانی دیکه‌ش راست بێت. دونیا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شانۆگه‌رییه‌کی گه‌وره‌یه، و نهێنییه‌کان ئه‌کته‌ره هه‌ره دیاره‌کانن. به دیار هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌مگووت که ئه‌و رێکه‌وته هه‌رگیز له خۆڕا نییه. کاتێک ئۆباما کوڕی که‌سێک بێت به ناوی حوسێن که ناوی هابیلێکی دونیای ئیسلامه و سومبولی شه‌هاده‌ت و قوربانی و غه‌درێکی گه‌وره‌ی برای پشتییه. یان سومبولی مرۆڤی ئه‌سمه‌ر و ره‌ش پێست و رووت و ره‌جاڵه به ده‌ست برا سوور و سپییه سه‌رده‌سته‌که‌ی. من نه‌مده‌ویست به دوایی خوێندنه‌وه‌ی زیاتر دابچم و باوه‌ڕێکی قووڵ به‌و ڕێکه‌وته بهێنم نه‌وه‌ک زیاتر ناخم ئازار بدات. به‌ڵام که له ناوی مه‌ککه‌یین ورد ده‌بوومه‌وه و به ڕێکه‌وتێکی دیکه ئاشنا ده‌بووم، کۆد و سومبوله‌کانی به‌یانه سیاسیه‌کان زه‌ق و ترسناکتر ده‌رده‌که‌وتن. له ئیگلیزیدا پێشگری مه‌ک له پێش هه‌ر ناوێک بێت وه‌ک ئیبن و بینه‌که‌ی زمانی عه‌ره‌بییه. بۆ نموونه، مه‌کدۆناڵد ده‌کاته کوڕی دۆناڵد. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش مه‌ککه‌یین ده‌بێته کوڕی که‌یین و که‌یینیش ناوه ئینگلیزییه‌که‌ی قابیله.
سه‌یره ! ئه‌و پیره پیاوه سه‌ر سپی و پێست سپییه‌ی له به‌رامبه‌ر باراک حوسێن‌دا وه‌ستابوو ناوی جۆنی کوڕی قابیله.
هه‌ر تاکێک له ئێمه به جۆرێک تنۆکێک له خوێنی قابیلی یا شه‌به‌نگێک له رۆحی برا قوربانییه‌که‌ی تێدایه. هه‌ره‌وه‌ها له‌وانه‌یه هه‌ر تاکێک له ئێمه زۆر یان که‌م له ده‌رفه‌تێکدا رۆلی ئه‌و دوو برایه‌ی سه‌ره‌تا ببینێت که سه‌ره داوی حیکایه‌ته‌کانیان به ده‌سته.
بۆیه ئه‌وه‌ی له نێوان ئۆباما و مه‌ککیین له رۆژگاره‌کانی هه‌ڵبژاردن ده‌گوزه‌را گێڕانه‌وه‌ی جۆرێکی ئه‌و حیکایه‌تانه بوون. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا حیکایه‌تێکی روون و ئاشکرا بوو و که‌م که‌س هه‌یه نه‌توانێت برای بکوژ له هی کوژراو جیابکاته‌وه. که‌چی، سیسته‌می نوێی دونیا له‌سه‌ر کۆد و سومبولی ئاڵۆز و پڕ له نهێنی دامه‌زراوه، بۆیه هه‌رگیز حه‌ز به حیکایه‌تی روون و ئاشکرا ناکات. ناخۆشه بڵێم که شته په‌نهانه‌کان هه‌رده‌م جڵه‌وی شتگه‌لی دیار و ئاشکرایان به ده‌سته. من له خوێندنه‌وه‌یه‌کمدا رووبه‌رووی ئه‌و راستییه تاڵه بوومه‌وه که ئۆباما و مه‌ککیین له ژێره‌وه‌دا وه‌ک بران. ئه‌وه‌ی ئێستاکه دونیا ده‌یبیستێت بریتی یه له شانۆگه‌رییه‌کی مه‌زن و هه‌زاران ده‌هێنه‌ر و ئه‌کته‌ری زۆرزان و شه‌یتان تێیدا به‌شدارن.
ئازیزم، من هه‌رده‌م پێمخۆشه مرۆ زاده‌ی دونیایه‌کی روون و ره‌وا و ره‌وان بێت. بۆیه تکا بێت ئه‌و نامه‌یه‌م هه‌ر بۆ خۆشی بخوێننه‌وه و با هیچ کاریگه‌رییه‌ک له نێو دڵ و ده‌روونه جوانه‌که‌ت به جێنه‌هێڵیت.
بمێنن به خۆشی
سه‌رنج/ پار ساڵ ئه‌م نامه‌یه‌م بۆ که‌سێکی نزیکم نووسی. دواتر که منیش وه‌کی نامه فڕیم و گه‌ڕامه‌وه زێدی خۆم، دیتم نامۆیی له‌وێش حازر بوو! دێشه‌و شتێک به‌رۆکمی گرت و نامه‌یه‌که‌ی به دیدێکی تازه پێنووسمه‌وه. سه‌یر بوو، ده‌نگێک پێمیگووت ” هه‌ر خۆشت که‌سه‌که به!”