ره‌گه‌زی ناونیشان له چیرۆكی نوێ‌دا
سه‌ره‌تا
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌گه‌زی (ناونیشان) لای من بۆته خولیا، بێگومان ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و ئه‌زموونه كه‌م و كورته‌ی خوێندنه‌وه و نووسینی منه‌وه هه‌یه، كه هه‌ر بابه‌تێك ناونیشانه‌كه‌ی جوان نه‌بێت، یان سهرنجمڕانهكێشێت ناتوانم بیخوێنمه‌وه، یان ره‌نگه زۆرجار خوێندنه‌وه‌ی دوا بكه‌وێت. لای من ناونیشان ره‌گه‌زێكی گرنگی هه‌موو ده‌قێكه. له‌نێو ئه‌وانه‌شدا ئه‌م ره‌گه‌زه له‌نێو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا گرنگی زیاتری هه‌یه و به‌تایبه‌ت بۆ ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی، كه به‌لای منه‌وه بایه‌خی له هه‌ر جۆره ده‌قێكی تر زیاتره.
زۆر بۆچوون هه‌ن له‌سه‌ر گرنگی ره‌گه‌زی (ناونیشان) و بایه‌خی بۆ خوێنه‌ر، به‌ڵام له رووی تیۆرییه‌وه وه‌ك پێویست ئاوڕ له‌م ره‌گه‌زه نه‌دراوه‌ته‌وه و ژماره‌ی ئه‌و نووسه‌ر و لێكۆڵه‌رانه زۆر كه‌من كه توێژینه‌وه‌ی تایبه‌تیان له‌سه‌ر ناونیشان كردووه. هه‌روه‌ها له‌نێو ئه‌و لێكۆڵینهوانهشدا زۆر كه‌مترن ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی ته‌رخانن بۆ پیشاندانی وێنه‌یه‌كی گشتگیر له‌سه‌ر ناونیشان، به‌ڵكو سه‌رجه‌میان ته‌رخانه بۆ پیشاندانی ته‌نها وێنه‌یه‌ك، یان ره‌هه‌ندێكی ناونیشان بووه. له كاتێكدا ده‌توانرێت زۆر به فره ره‌هه‌ندی له‌م چه‌مكه بكۆڵرێته‌وه.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت تا ئێستا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ئاوڕی له ره‌گه‌زێكی گرنگی وه‌كو ناونیشان به شێوه‌یه‌كی جیدی و به‌رفراوان نه‌داوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده هه‌وڵی پچڕ بچڕ هه‌یه و من له ساڵی رابردوودا كتێبێكی دووبهشیم له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه نووسیوه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه ته‌نها وه‌كو هه‌وڵی سه‌ره‌تایی ده‌بینرێن و باسكردن له‌م ره‌گه‌زه و زۆر ره‌گه‌زی تری نێو كایه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی پێویستی به خۆته‌رخانكردنی زیاتری نووسه‌ران و ره‌خنه‌گرانه، كه تا ئێستا لای ئێمه ئه‌مه نییه. هاوكات زانكۆكانیش وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه له په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌سه‌ندنی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا جێده‌ستیان دیار بێت، كه ده‌كرا وه‌كو ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی جێده‌ستیان له‌م بواره‌دا ببینرایه. له ئێستادا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی پێویستی به هه‌نگاوی جیدی و به‌رفراوانه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و چه‌مكه په‌راوێزخراوانه‌ی نێو دنیای ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی كوردی، تا ئێستا وه‌ك پێویست ئاوڕیان لێنه‌دراوه‌ته‌وه ئاوڕیان لێبداته‌وه و ئه‌و تێكسته فهرامۆشكراوانهی نووسه‌رانی كورد بخاته به‌رده‌م ره‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی شیكاری.
من دیسان له‌م نووسینه‌شدا دێمه‌وه سه‌ر باسكردن له‌سه‌ر چه‌مكی ناونیشان لای یه‌كێك له چیرۆكنووسه دیاره‌كانی نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین و ته‌واوی نووسینه‌كه‌م هه‌وڵێكه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ره‌گه‌زی ” ناونیشان” به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لای ئه‌م چیرۆكنووسه، كه (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح)ه. هه‌ڵبژاردنی ره‌گه‌زی (ناونیشان) بۆ ئه‌م لێكۆڵینه‌وه لای ئه‌م چیرۆكنووسه له‌و خاڵه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، كه تا ئێستا له‌نێو ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ئاوڕ له چه‌مكی “ناونیشان” لای ئارام نه‌دراوه‌ته‌وه، له كاتێكدا گه‌مه‌ی هونه‌ری جوان و سه‌رنجڕاكێش له ناونیشانی چیرۆكه‌كانی ئه‌م چیرۆكنووسهدا ده‌بینین. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ده‌نگێكی دیاری چیرۆكی كوردی پاش راپه‌ڕینه. بۆیه ئه‌م نووسینه ته‌رخانه بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌كاربردنی ره‌گه‌زی (ناونیشان) لای چیرۆكنووس ئارام كاكه‌ی فه‌لاح و خسته‌ڕووی خاڵه گه‌ش و دیار و لاوازه‌كانی، بێگومان ئه‌مه به دیدێكی بێلایه‌نانه و له‌پێناو پێشكه‌شكردنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی به‌سوددا.
سنووری لێكۆڵینه‌وه‌كه
كاتێك باس له ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت ده‌ستبه‌جێ پرسیار دێته سه‌ر سنووری ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه و ئایا ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره‌ی له خۆگرتووه، یان ته‌نها له‌سه‌ر یه‌ك به‌رهه‌م كار كراوه. من له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا له‌سه‌ر كۆی به‌رهه‌مه چیرۆكییه‌كانی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح و ئه‌و تاكه رۆمانه‌شی قسه‌م كردووه و نموونه‌م له هه‌موو قۆناغه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره وه‌رگرتووه. واته سنووری لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ئێمه له‌سه‌ره‌تای ئه‌زموونی ئه‌م چیرۆكنووسه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا دوا چیرۆكی كه له كاتی نووسینی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا بڵاوی كردۆته‌وه.
گرفته‌كانی به‌رده‌م لێكۆڵینه‌وه‌كه
بێگومان له كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا كۆمه‌ڵێك گرفت دێته به‌رده‌م لێكۆڵه‌ر و ئه‌و گرفتانه‌ش هه‌ندێكیان تاڕاده‌یه‌ك ئاساییه و هه‌ندێكی تریان ده‌بنه رێگر له‌به‌ره‌وپێشچوونی لێكۆڵینه‌وه‌كه. یه‌كێك له گرفته‌كان نه‌بوونی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێشووتره له‌سه‌ر ره‌گه‌زی ناونیشان له‌سه‌ر ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره، ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نووسه‌ری ئه‌م بابه‌ته، كه ته‌رخانه بۆ (ره‌گه‌زی ناونیشان له چیرۆكی دوایی راپه‌ڕین) له‌به‌رده‌ستدا بوو به‌شێك له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه ته‌رخانه بۆ ئه‌م نووسه‌ره ئیدی لێكۆڵینه‌وه‌ی تر له‌به‌رده‌ستدا نه‌بوو. هاوكات نه‌بوونی سه‌رچاوه له‌سه‌ر ئه‌م ره‌گه‌زه له‌ده‌قی گێڕانه‌وه‌ییدا ئه‌مه‌ش گرفتێكی تر بوو. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی لێكۆڵینه‌وه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا هاته به‌رهه‌م، كه ده‌خوازێت تیشكێك بخاته سه‌ر ره‌گه‌زی ناونیشان لای ئه‌م چیرۆكنووسه و زۆرێك له‌و گرفتانه تێپه‌ڕێنێت.
ئامانجی لێكۆڵینه‌وه‌كه
ره‌نگه قسه‌كردن له‌سه‌ر ئامانجه‌كانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه له به‌شه‌كانی پێشتریشدا تاڕاده‌یه‌ك خرابێته‌ڕوو، به‌ڵام لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌شێوه‌ی چه‌ند خاڵێك بیانخه‌مه‌ڕوو، كه ئه‌مانه‌ن:
1- ناساندن و وردبوونه‌وه له ره‌گه‌زی (ناونیشان) وه‌كو چه‌مكێكی گرنگی نێو كایه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و خستنه‌ڕووی چه‌ند پێناسه‌یه‌ك بۆ ئه‌م ره‌گه‌زه.
2-تیشك خستنه سه‌ر ره‌گه‌زی (ناونیشان) له چیرۆكی كوردی دوای راپه‌ڕین به گشتی و هاوكات لای چیرۆكنووس (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح)، كه تاڕاده‌یه‌كی زۆر بایه‌خی به‌م ره‌گه‌زه گرنگه داوه.
3-باسكردنی ئه‌و لایه‌نه گه‌شانه‌ی ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره له‌به‌كاربردنی ره‌گه‌زی ناوبراودا په‌یڕه‌وی كردووه، هاوكات ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و خاڵه لاوازانهشی له دیدی ئێمه‌دا له ئه‌زموونه‌كه‌یدا دێته به‌رچاو.
4-هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامگیرییه‌ك له به‌كاربردنی ئه‌م ره‌گه‌زه له ئه‌زموونی چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین به گشتی و ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره به‌تایبه‌تی.
میتۆدی لێكۆڵینه‌وه‌كه
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك رێڕه‌وێكی ئاسایی خۆی وه‌ربگرێت، پێویستی به دیاریكردنی میتۆدێك، یان تێكه‌ڵكردنی چه‌ند میتۆدێكه، كه ئه‌مه هه‌م به‌رچاوی نووسه‌ری بابه‌ته‌كه روون ده‌كاته‌وه، هه‌م ئاسانكاریش ده‌بێت بۆ خوێنه‌ر، كه ئه‌ویش به‌رچاوی روون ده‌بێت.
ڕه‌نگه دیاریكردنی میتۆدێكی دیاریكراو بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه قورس بێت، به‌و پێیه‌ی من ته‌نها خۆم به میتۆدێكی دیاریكراوه‌وه نه‌به‌ستۆته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشتم به میتۆدی شیكاری ڕه‌خنه‌یی به‌ستووه. هاوكات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ناتوانم لافی ئه‌وه لێبده‌م و بڵێم لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واو زانستیم نووسیوه، به‌ڵام له‌ژێر چه‌تری ئه‌و میتۆدانهدا هه‌وڵمداوه چوارچێوه‌یه‌كی زانستی به باسه‌كه ببه‌خشم.
پێناسه‌ی ناونیشان
ره‌نگه پێناسه‌كردنی (ناونیشان) وه‌كو چه‌مكێكی ره‌خنه‌یی مشتومڕی زۆری له‌سه‌ر بێت، یان رای زۆر جیاجیای له‌باره‌وه بێت، بۆیه خستنه‌ڕووی هه‌ر پێناسه‌یه‌ك ده‌كرێت وه‌كو بۆچوونێك وه‌ربگیرێت، نه‌ك وه‌كو حه‌قیقه‌تێك بۆ پێناسه‌كردنی ئه‌م چه‌مكه. ره‌گه‌زی ناونیشان، یه‌كێكه له‌ره‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كانی نووسین‌و شوناسی ده‌قه‌و توخمێكی سه‌ره‌كی هه‌ر ده‌قێكه، كه نووسه‌ر ده‌ینوسێت، یان ده‌یخوێنینه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌موو ده‌قێكی مێژوویی، جوگرافی، سیاسی، ئابووری، ئه‌ده‌بی، كولتووری‌و زانستی ناونیشانی پێویسته. ئه‌گه‌ر ده‌قێك ناونیشانی نه‌بێت، وه‌كو ده‌قێكی ناته‌واو ده‌بینرێت، یان وه‌ك نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ده‌ڵێت: وه‌ك ئه‌وه وایه ئه‌و ده‌قه بێناونیشانه سه‌ری نه‌بێت. بۆیه “نه‌وزاد” ناونیشان بۆ نووسین به “سه‌ر”ی “جه‌سته”یه‌ك ده‌چوێنێت(1).
(د. جه‌میل حه‌مداوی) كه نووسه‌ر و ره‌خنه‌گرێكی مهغریببه له پێناسه‌ی ناونیشاندا له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا به‌ناونیشانی (وێنه‌ی ناونیشان له چیرۆك و رۆمانی عه‌ره‌بیدا) ده‌نوسێت:
“ناونیشان له گرنگترین توخمه‌كانی ده‌قی ته‌ریب و پاشكۆ ناوخۆییه‌كانی داده‌نرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ده‌روازه‌یه‌كی بنچینه‌ییه له خوێندنه‌وه‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی و خه‌یاڵكردن به شێوه‌یه‌كی گشتی و چیرۆكبێژی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی، هه‌روه‌ها ئاشكرایه، كه ناونیشان پله‌و په‌یژه‌و سه‌ره‌تای ده‌ق و ئاماژه‌ی یه‌كه‌میه‌تی، نیشانه‌یه‌كه، كه نوسراو، یان ده‌ق چاپ ده‌كات ناوی لێ ده‌نێت و له غه‌یری خۆی جیای ده‌كاته‌وه. هه‌روه‌ها ناونیشان له‌و توخمانه‌یه كه نزیك و دهورهدهره به ده‌قی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ پهراوێزو پێشه‌كی وه‌رگیراوه‌كان و به‌ڵگه وێنه‌ییه‌كان”(2).
هاوكات (جیرار جینێت) كه یه‌كێكه له ره‌خنه‌گره تیۆرستكارهكان، پێیوایه “ناونیشان ره‌گه‌زێكه له‌و ره‌گه‌زانه‌ی كه ده‌ق پێكدێنێت‌و هاوته‌ریبی هه‌ریه‌ك له پێشه‌كی‌و پهراوێزو وێنه‌و سه‌رنجه‌كانه، كه له ده‌قدا هه‌ر یه‌ك له‌و بابه‌تانه كاریگه‌ری خۆی هه‌یه. به‌و مانایه ئهدگارێكه له ئه‌دگاره‌كانی ده‌قبوون”(3).
له هه‌مان لێكۆڵینه‌وه‌دا (د. جه‌میل حه‌مداوی) باس له‌وه ده‌كات، ره‌گه‌زی ناونیشان ره‌گه‌زێكی پشتگوێ خراوبووه له كۆندا، نه‌ك ته‌نها له‌نێو ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ی عه‌ره‌بیدا، به‌ڵكو له‌نێو ئه‌ده‌بی جیهانیشدا وه‌كو پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی جۆراوجۆری له‌باره‌وه كراوه و (حه‌مداوی) ده‌نوسێت:
“سه‌ره‌ڕای ئه‌م پشتگوێ خستنه هه‌ندێك له خوێنه‌رانی هه‌ردوو ڕۆشنبیری عه‌ره‌ب و بیانی له كۆن و نوێ‌دا ئاوڕیان لێداوه‌ته‌وه و توێژه‌رانی بواری زانستی ( السرد) واته گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و مه‌نتیق ئاگاداری بوون و ئاماژه‌یان به ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی داوه به كورتی له ئه‌ده‌ب و سینه‌ماو بڵاوكراوه‌كاندا به پێی وه‌زیفه‌كانی زمانه‌وانی و كاریگه‌ری و وێنه‌یی، سوور بوون له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی له لێكۆڵینه‌وه قووڵه‌كاندا به زانستێكی نویی خاوه‌ن سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوه‌وه ناساندنیان، كه ئه‌ویش زانستی ناونیشانه ( علم العنوان) (TITROLOGIE) ئه‌وه‌ی كه توێژه‌ره هاوچه‌رخه ڕۆژئاواییه‌كان به‌شدارییان كرد له داڕشتن و دامه‌زراندنیدا له‌وانه: (جیرار جینیت، هنری متراند، لوسیان گوڵدمان، شارل گریفل، و روجر روفر و لیو هویك) كه ناونیشان ده‌ناسێنن به‌وه‌ی كه ” كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی زمانیه و ده‌كرێت له‌سه‌ره‌تای ده‌قدا جێگیر بكرێت له‌به‌ر خاتری دانانی و ئاماژه‌دان بۆ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به گشتی و له‌به‌ر خاتری ڕاكێشانی جه‌ماوه‌ری مهبهستكراو”(4). هاوكات (لوسیان گوڵدمان) بانگی لێكۆڵه‌ران و توێژه‌رانی ڕۆژئاوایی كرد، كه گرنگی بده‌ن به پله‌پله كارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی و ناونیشان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی ئه‌م (گۆڵدمان) ناونیشان به سوره‌یای ده‌ق ده‌ناسێنێت.
(حه‌مداوی) له پێناسه‌یه‌كی كورتدا بۆ ناونیشان ده‌نوسێت: ” ناونیشان ڕێگه‌یه‌كه بۆ ئاوه‌دانی ده‌ق”(5). پێده‌چێت مه‌به‌ستی ئه‌م رسته‌یه‌كی (حه‌مداوی) ئه‌وه بێت، كه ره‌گه‌زی ناونیشان به‌ر له هه‌ر ئه‌ركێكی تر ده‌بێت ببێته ئه‌و رێگه‌یه‌ی كه خوێنه‌ر به ده‌قه‌وه په‌یوه‌ست بكات و ماڵی ده‌ق ئاوه‌دان بكاته‌وه. واته ناونیشان راوكه‌ری یه‌كه‌م سه‌ره‌كی خوێنه‌ره بۆ نێو دنیای ده‌ق.
به‌ده‌ر له پێناسه‌كردنی ناونیشان به‌شێك له لێكۆڵه‌ره‌وان باسیان له وه‌زیفه (ئه‌رك)ی ناونیشان كردووه و (د.حه‌مداوی) له هه‌مان لێكۆڵینه‌وه‌یدا باس له‌وه ده‌كات، كه ناونیشان ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زمانه‌وانی سیمیولۆجیه به زۆری له‌سه‌ره‌تای ده‌قدایه، وه‌زیفه‌یه‌كی دیاریكردن و واتا‌و ناوه‌ڕۆكی هه‌یه، هاوكات وه‌زیفه‌یه‌كی ئاماژه پێده‌ری هه‌یه له كاتی گه‌یشتن به ده‌ق و چێژ وه‌رگرتن پێی به قبوڵكردن و كارلێككردن. هاوكات توێژه‌ری مه‌غریبی (ئیدریس ناقوری) جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه وه‌زیفه‌یه‌كی بڵاوكردنه‌وه‌و یاسایی ناونیشانه ” نیشانه‌ی ناونیشان ده‌لاله‌ت و هێما هونه‌ری و جوانییه‌كانی تێده‌په‌ڕێنێت بۆ ئه‌وه‌ی تێهه‌ڵكێش ببێت له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندی ئاڵوگۆڕی ئابووری و بازرگانی به تایبه‌تی، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه، چونكه نووسراو له ڕووی ئابوورییه‌وه به به‌رهه‌مێكی بازرگانی داده‌نرێت تاكو تیایدا بسه‌پێنرێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه و به‌م ناونیشانه به تایبه‌ت ناونیشانی به‌رهه‌م هاتووی ئه‌ده‌بی، یان هونه‌ری ئه‌گۆڕێت بۆ كاڵایه‌ك، كه بۆ ئاڵ‌وگۆڕكردن بگونجێت، ئه‌مه‌و له‌گه‌ڵ بوونی به په‌یماننامه‌یه‌كی یاسایی سه‌نه‌دو پاڵپشتێكی شه‌رعی، كه موڵكییه‌تی نووسراو، یان ده‌ق و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی و ره‌گه‌زی دیاریكراو له ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر جێگیر ده‌كات(6).
به‌ده‌ر له‌و وه‌زیفانه‌ی له‌سه‌ره‌وه بۆ ناونیشان خرانه‌ڕوو به‌شێكی تر له لێكۆڵه‌ره‌وان چه‌ند وه‌زیفه‌یه‌كی تریان دیاریكردووه، كه ئه‌وانیش: وه‌زیفه‌ی ئایدۆلۆژی، وه‌زیفه‌ی ناونان، وه‌زیفه‌ی دیاریكردن، وه‌زیفه‌ی وێنه‌یی، وه‌زیفه‌ی بابه‌تیانه، وه‌زیفه‌ی كاریگه‌ری، وه‌زیفه‌ی سروش و پێ ڕاگه‌یاندن، وه‌زیفه‌ی پێكه‌وه گونجان، وه‌زیفه‌ی لێكدانه‌وه‌یی، وه‌زیفه‌ی ده‌لاله‌ت و مانا‌و ناوهڕۆك، وه‌زیفه‌ی زمانی و سیمیائی(7). به‌شێوه‌یه‌گی گشتی چه‌مكی ناونیشان چه‌مكێكی گرنگی نێو كایه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه و پێناسه‌كردنی جۆراوجۆر له خۆ ده‌گرێت، هه‌ر بۆیه و وه‌زیفه‌ی جۆراوجۆریشی پێده‌سپێردرێت، بێگومان ئه‌م وه‌زیفانه لای هه‌ر نووسه‌ره‌و به‌شێوه‌یه‌كه، یان به‌جۆرێك به‌كار ده‌برێت.
بایه‌خی ناونیشان له چیرۆكدا
ئه‌گه‌ر بایه‌خی ناونیشان بۆ ده‌ق تا ئاستێك گرنگی هه‌بێت، یان جوانكاری ناونیشان بۆ هه‌ر ده‌قێك تاڕاده‌یه‌ك پێویست بێت، ئه‌وان جوانكاری و بایه‌خی ره‌گه‌زی ناونیشان له ده‌قی گێڕانه‌وه‌یدا به گشتی و ده‌قی چیرۆكدا به تایبه‌تی گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه. زۆرجار ناونیشان له چیرۆكدا ده‌بێته ئه‌و كلیله، كه خوێنه‌ر به‌ره‌و رووی خۆی په‌لكێش ده‌كات و له‌گه‌ڵا یه‌كه‌م سه‌رنجدا هه‌ندێك كۆدی بۆ ده‌كاته‌وه و هه‌ندێك كۆدی تریشی ده‌خاته به‌رده‌م. بۆیه مامه‌ڵه‌كردنی نووسه‌ر له‌گه‌ڵا ناونیشاندا له ده‌قی چیرۆكدا پێویستی به هه‌ستیاری زیاتره تا هه‌ر ده‌قێكی تر. هه‌ندێك له توێژه‌ران باس له‌وه ده‌كه‌ن ناونیشان ئه‌وه‌یه، كه ئاڕاسته‌ی خوێندنه‌وه‌ی گێڕانه‌وه ده‌كات و به ڕۆڵی خۆی ده‌وڵه‌مه‌نده به واتای نوێ، به ئه‌ندازه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌لاله‌ت و ڕێنماییه‌كانی گێڕانه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه. هاوكات باس له‌وه ده‌كرێت، كه ناونیشان له ده‌قی چیرۆكدا كلیلێكه نادیارییهكانی ڕووداو و ئاوازی ڕێكخستنی دارمییهكهی و گرژبوونی گێڕانه‌وه‌ی پێ چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.
(كلود دوشیه) پێیوایه ناونیشان توخمێكه له ده‌قدا به‌گشتی و هاوكات بیری خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه به‌وه‌ی ئه‌و له ده‌ستپێكردندا ئاماده‌یه له میانه‌ی ئه‌و نیشاندانهو گێڕانه‌وه‌ی كه ده‌یكاته‌وه، كار ده‌كات وه‌ك ئامڕازێكی پێكه‌وه به‌ستن و چاكسازی بۆ خوێندنه‌وه. له ڕاستیدا ناونیشان ” ئاوێنه‌یه‌كی بچووكه بۆ هه‌موو ئه‌و چینانه‌ی ده‌قی له‌سه‌ر پێكهاتووه”، ئه‌مه واتای ئه‌وه‌یه، كه نیشانه‌كه نیشانه‌ی فراوانتر له خۆ ده‌گرێت، كه ئه‌م نیشانانه به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری كار دروست ده‌كه‌ن به‌وه‌ی یاسا‌و ڕێكخستن داخوازه به چاره‌سه‌رێكی مه‌نهه‌جیانه چاره‌سه‌ر بكرێت. بنچینه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه ده‌لاله‌ت و هێمای هه‌ر نیشانه‌یه‌ك په‌یوه‌سته به په‌یوه‌ستێكی بینایی، نه‌ك كه‌ڵه‌كه بوون به ده‌لاله‌ته‌كانی تره‌وه(8).
(د. جه‌میل حه‌مداوی) لایوایه ئه‌و ناونیشانه‌ی له ده‌قێكی گێڕانه‌وه‌یدا بوونی هه‌یه هه‌ندێكجار وێنه‌یه‌كی گشتییه و ناسنامه‌ی داهێنان و سیمه‌ی گشتی ده‌ق دیاری ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌نكه مروارییه‌كانی نێو تێكسته‌كه‌ی كۆكردبێته‌وه و له‌وێدا (مه‌به‌ست ناونیشانه) خستبێتییهڕوو. زۆرجار پشت به خواستن، یان هێما بۆ دانان ده‌به‌ستێت. ئه‌م وێنه ناونیشانییه جاری وایه فراوانه و له‌گه‌ڵ ڕێبازدا تیایدا به یه‌ك ده‌گه‌ن. (د. جه‌میل) لێره‌دا نموونه‌ی ناونیشانی رۆمانێكی رۆمانوسی میسری نه‌جیب مه‌حفوز دێنێته‌وه و ده‌نوسێت: بۆ نموونه ناونیشانی رۆمانی ” زقاق المدق”ی نه‌جیب مه‌حفوز واتای (گه‌رمییه‌كی ته‌سك) له گه‌رمییه كۆنه‌كانی قاهیره ده‌گه‌یه‌نێت هه‌روه‌ك مه‌به‌ست پێی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی له‌كاتی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا. به‌ڵام درێژ بوونه‌وه‌ی سێبه‌ری ئه‌م كۆڵانه(الزقاق) وه‌ك شوێن و هه‌ستانی به ڕۆڵی مه‌ركه‌ز له جووڵه‌ی چیرۆكی و دیاریكردنی سه‌ره‌نجامی ئه‌و كه‌سه‌ی كه تیایدا نیشته‌جێ ده‌بێت وای لێده‌كات هه‌ستێت به بینینی ڕۆڵی پاڵه‌وانێتی ڕاستی له چیرۆكدا و خۆی ده‌سه‌پێنێت به‌سه‌ر ناونیشانه‌كه‌یدا (9).
له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ناونیشان بایه‌خێكی گرنگی هه‌یه بۆ هه‌موو ده‌قێك، به‌ڵام بایه‌خی ناونیشان بایه‌خی له ده‌قی چیرۆكدا زۆر زیاتره، یان ده‌توانین بڵێین وه‌زیفه‌ی زیاتره. یه‌كێك له‌و وه‌زیفانه‌ی كه ناونیشان پێویسته له ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی به گشتی و ده‌قی چیرۆكدا به تایبه‌تی بیبینێت وه‌زیفه‌ی ئیستاتیكییه. مه‌به‌ست له‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه ناونیشان به وشه‌ی جوان و هونه‌ری و موزیكی بخرێته‌ڕوو، كه ئه‌مه خاڵێك ره‌نگه بۆ هه‌موو ناونیشانێكی سه‌رنجڕاكێش دروست نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه یه‌كێكه له وه‌زیفه‌كان. وه‌زیفه‌ی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه نوێ بێت و وشه‌یه‌كی نوێ و زیندوو بێت، واته خوێنه‌ر بجوڵێنێت. به‌پێی رای به‌شێكی زۆر له ره‌خنه‌گران ئه‌و ناونیشانانه‌ی نوێ نین، یان زیندووێتیان تیا نییه، كه‌متر ده‌بنه هۆی راكێشانی سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ده‌ق. بۆ نموونه‌ی زیندوێتی ده‌توانین نموونه‌ی ئه‌و ناونیشانانه بهێنینه‌وه كه به ناوی پاڵه‌وان ده‌ست پێده‌كه‌ن، چونكه ناوی پاڵه‌وان به ته‌نها نابێته هۆی سه‌رنجڕاكێشانی خوێنه‌ر، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه هه‌موو ئه‌و ده‌قه گێڕانهوهییانهی كه به ناوی پاڵه‌وان ده‌ستیان پێكردووه ده‌قی لاواز بن، نه‌خێر به‌شێكیان ده‌قی سه‌ركه‌وتوون له نموونه‌ی (دۆن‌كیشۆت و زۆربا)، به‌ڵام ره‌خنه‌گران پێیانوایه له‌گه‌ڵا به‌كاربردنی ناوی پاڵه‌واندا باشتروایه وشه‌ی تر (واته بكرێته ناونیشانێكی لێكدراو) به‌كار بهێنرێت تا نادیاری به ناونیشانه‌كه ببه‌خشێت. خاڵی سێیه‌م كه وه‌كو وه‌زیفه‌یه‌كی گرنگ دێته ئه‌ژمار ئه‌وه‌یه كه ناونیشان (هێمائامێزی) له خۆیدا هه‌ڵگرتبێت. واته له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی پێویسته ناونیشان هه‌ندێك كۆد بۆ خوێنه‌ر بكاته‌وه، هاوكات هه‌ندێك كۆدیش لای خوێنه‌ر دروست بكات، كه وایلێبكات ناچاری بكات به دوای ده‌قه‌كه‌دا بچێت.
لێره‌دا دیسان ده‌چینه‌وه لای لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی (د. جه‌میل حه‌مداوی) له‌سه‌ر ناونیشان له ده‌قی گێڕانه‌وه‌یی عه‌ره‌بیدا و ئه‌و ده‌نوسێت:
” داڕشتنی ناونیشانی، یان هه‌ركارێكی داهێنانی به‌شێكه له نووسینی هونه‌ری به پێی ئه‌وه‌ی، كه ناونیشان له‌سه‌ر ئاستی ڕاگه‌یاندن به پله‌ی یه‌كه‌م گرنگی خۆی هه‌یه. له‌سه‌ر ئاستی فیكری به پله‌ی دووه‌م، و له‌سه‌ر ئاستی جوانی به پله‌ی سێیه‌م، وه به پێی ئه‌م سێ خاڵه ناونیشان خاوه‌ن گرنگییه‌كی تایبه‌ته به نیسبه‌ت دانه‌ر و وه‌رگره‌وه وه‌كو یه‌كه، چونكه كۆبوونه‌وه‌ی ده‌ق و پوخته‌كه‌یه‌تی”(10).
به‌ڵام من له‌گه‌ڵا ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی (د. جه‌میل)دا نیم به‌رای من ده‌بێت ئه‌و گرنگیانه‌ی كه بۆ ناونیشان له ده‌قی چیرۆكدا (د. جه‌میل) دایڕشتووه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ی لێبكرێت.
1- وه‌زیفه‌ی یه‌كه‌می ناونیشان گه‌یاندنه.
2- وه‌زیفه‌ی دووه‌می ئیستاتیكیی و جوانكارییه.
3-وه‌زیفه‌ی سێیه‌می فیكرییه.
بێگومان پێده‌چێت نووسه‌رێك وه‌زیفه‌ی سێیه‌م بهێنێته پێشه‌وه‌و ئه‌و كاری سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵبژاردنی ناونیشان مه‌به‌سته فیكرییه‌كه بێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ناونیشانێكی ئیستاتیكی و واتایی سه‌رنجڕاكێش بنوسرێت لاموایه پێویسته نووسه‌ر هه‌رسێ خاڵهكه له‌بیر نه‌كات. واته راسته هه‌ندێك ناونیشان ره‌نگه په‌یامه فیكرییه‌كه‌ی له په‌یامه جوانكارییهكهی زیاتر گرنگ بێت، به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌شدا ره‌نگه ده‌ق ئه‌وه بسه‌پێنێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ده‌قی (مه‌سخ-به‌دگۆڕان)ی كافكا هه‌ر ناوێكی تری هه‌بوایه، ئه‌وكات ره‌نگه به‌و شێوه‌یه سه‌رنجڕاكێش نه‌بوایه، یان شایه‌نی گرنگی نه‌بوایه. چۆن ناونیشانی هه‌ریه‌ك له رۆمانهكاتی تری (كۆشك، دادگایی، ئه‌مریكا)ی هه‌مان نووسه‌ر خاوه‌نی سه‌رنجڕاكێشی و زیندوێتی نین، به‌ڵام (مه‌سخ) هه‌م ناونیشانێكی نوێیه و هه‌م په‌یامی ته‌واوی ئه‌و ده‌قه‌ی له خۆیدا جێكردۆتهوه. هه‌رچه‌ند كافكا لێره‌دا وه‌زیفه‌ی گه‌یاندنی له‌پێش هه‌موو خاڵه‌كانی تر خستووه و تاڕاده‌یه‌ك ئه‌و دوو خاڵه‌ی تر بوونه‌ته قوربانی، به‌ڵام ناونیشانێك په‌یامێكی نوێی و گرنگ به خوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر بایه‌خی ناونیشان له چیرۆكی كوردیدا بكه‌ین. ده‌بینین چیرۆكی كوردیدا ئه‌و بایه‌خه گرنگه، كه پێویست بوو به‌م ره‌گه‌زه بدرێت نه‌دراوه.ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاكانی چیرۆكی كوردی وردبینه‌وه ده‌بینین ئه‌و سه‌ره‌تایه گه‌شه له‌ڕووی بایه‌خدان به‌م ره‌گه‌زه‌وه، به‌ڵام له پاشتردا هیچ گرنگییه‌كی ئه‌وتۆ بۆ ره‌گه‌زی ناونیشان دانه‌نراوه و وه‌كو ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی و گرنگ ته‌ماشا نه‌كراوه. هاوكات له حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووش‌دا به هه‌مان شێوه چیرۆكنووسانی كورد به بایه‌خه‌وه له‌م ره‌گه‌زه‌یان نه‌ڕوانیوه. هه‌رچه‌نده به به‌راورد به دوو ده‌یه‌ی په‌نجاكان و شه‌سته‌كان دوو ده‌یه‌ی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان بایه‌خی زیاتر به‌م ره‌گه‌زه دراوه. ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی دوای راپه‌ڕینه كه تاڕاده‌یه‌ك بایه‌خی زیاتریان به ناونیشان داوه، بێگومان له ناو ئه‌م چیرۆكنووسانه‌ی دوای راپه‌ڕینیشدا هه‌رچه‌نده وه‌ك پێویست بایه‌خ به ره‌گه‌زه نه‌دراوه (لێره‌دا مه‌به‌ست له‌وه به به هێنده‌ی گرنگی ئه‌م ره‌گه‌زه گرنگی پێنه‌دراوه)، به‌ڵام به چاو نه‌وه‌كانی پێشتری چیرۆكی كوردی باشتره، كه ده‌كرێت ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی گه‌ش بێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانی دواتریش زیاتر بایه‌خ به هه‌ڵبژاردنی ناونیشان بده‌ن. لێره‌دا زیاتر له‌سه‌ر له‌م بابه‌ته نادوێم، چونكه پێشتر له كتێبی ناونیشاندا به وردی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته دواوم.
سیمای ناونیشان له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا
بێگومان دیاریكردنی سیمای ناونیشان له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵام من له‌م به‌شه‌ی نووسینه‌كه‌مدا ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی كه‌م هه‌ڵوه‌سته بكه‌م، كه ببێته هه‌ندێك به‌رچاوڕوونی بۆ خوێنه‌ر. من له به‌شی دووه‌می كتێبی (ناونیشان له چیرۆكی كوردیدا) چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كم بۆ دیاریكردنی سیمانی ناونیشان له چیرۆكی دوای راپه‌ڕین ته‌رخان كردووه و لێره‌دا نامه‌وێت ته‌واوی ئه‌و بۆچوونانه دووباره بكه‌مه‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی چڕتر ئه‌و خاڵانه بۆ خوێنه‌ر ده‌خه‌مه‌ڕوو:
چیرۆكی دوای راپه‌ڕین ئه‌گه‌رچی به‌ته‌واوی له چیرۆكی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان دابڕاو نییه، به‌ڵام خاوه‌نی چه‌ند ده‌نگێكه كه زیاده‌ڕه‌وی نییه بڵێن كه به‌ته‌واوی چیرۆكیان له‌و چه‌ند قاڵبه هێنایه ده‌ره‌وه، كه له چیرۆكی پێش راپه‌ڕیندا ده‌بینرا، به‌تایبه‌ت له پێشكه‌شكردنی شێوازی نوێی گێڕانه‌وه و گرنگی نه‌دان به په‌یڕه‌وكردنی شێوه كلاسیكییه‌كانی كه‌سایه‌تی و شوێن و كات و هه‌ڵبژاردنی ناونیشان. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كۆلاژكردنی چیرۆكی منداڵان له‌گه‌ڵا چیرۆكی گه‌وراندا، كه ئه‌مه‌ش سیمایه‌كی تری جیاكراوه و دابڕاوی چیرۆكی دوای راپه‌ڕینه له‌گه‌ڵا چیرۆكی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان.
لێره‌دا دیاریكردنی سیمای ناونیشان له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كورت ده‌كه‌مه‌وه:
1- فه‌راهه‌مبوونی فه‌زای ئازادی راده‌ربڕین و نووسین، كه ئه‌مه كاریكرده سه‌ر ئه‌وه‌ی نووسه‌ران چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین وه‌كو دوو ده‌یه‌ی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان خۆیان به ناونیشانی ره‌مزی (هێمایی) نه‌به‌ستنه‌وه، بۆ خۆدزینه‌وه له سانسۆر، به‌ڵام به‌كاربردنی ناونیشانی ره‌مزی (هێمایی) شێوه‌ی هونه‌ری وه‌رگرت.
2-ره‌نگدانه‌وه‌ی كێشه‌كانی تاك له ناونیشاندا، نه‌ك كێشه نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌كان، كه ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامی گۆڕانی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه بوو، كه ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب هه‌بوو به‌گشتی و چیرۆك به تایبه‌تی، هاوكات ره‌گه‌زی ناونیشانیش به شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی تر.
3-له دوای راپه‌ڕین لای چیرۆكنووسه‌كان (به به‌راورد به پێشووتر) زیاتر گرنگی به ناونیشان دراوه وه‌كو ره‌گه‌زێكی گرنگی چیرۆك، به‌ڵام ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئاوڕی له‌م ره‌گه‌زه گرنگه نه‌داوه‌ته‌وه.
4-تێكشكانی هه‌ندێك كۆتوبه‌ند، كه ببونه بۆچوونی چه‌سپاو له‌سه‌ر ره‌گه‌زی ناونیشان، كه هه‌ر چیرۆكه و یه‌ك ناونیشانی تایبه‌تی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه له دوای راپه‌ڕیندا تێكشكێنرا به‌وه‌ی له كتێبی (تینا و چیرۆكه ئه‌ندێشه‌كراوه‌كان) (11)ی عه‌تا محه‌مه‌ددا هه‌ر (10) چیرۆكی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه به ناوی (وێنه و ئاوێنه)وه‌یه، كه ته‌نها به ژماره چیرۆكه‌كان جیا ده‌كرێنه‌وه.
5-له‌گه‌ڵا ئه‌و بایه‌خدانه‌ی هه‌ندێك چیرۆكنووس به ناونیشان له دوای راپه‌ڕین، به‌ڵام هاوكات تێبینی ئه‌وه ده‌كرێت كه تا ئێستاش به‌شێك له چیرۆكنووسان هێشتا به بایه‌خ و گرنگییه‌وه له‌م ره‌گه‌زه ناڕوانن و ناونیشانی چیرۆكه‌كانیان هیچ پێشكه‌وتنێكی ئیستاتیكی و هونه‌ری تێیاندا به‌دی ناكرێت.
6-به‌ده‌ر له‌و خاڵانه‌ی وه‌كو خاڵی به‌هێزه له گرنگیدان به ره‌گه‌زی ناونیشان ده‌بینرێت، هاوكات چه‌ندین خاڵی لاوازیش ده‌توانین له به‌كاربردنی ناونیشان له دوای راپه‌ڕیندا دیاری بكه‌ین، وه‌كو به‌كاربردنی ناونیشانی درێژ و بێده‌نگ (كپ) و هاوكات ناونیشانی ناهونه‌ری، كه هیچ خزمهتكێك به بونیادی گشتی ده‌ق ناكات.
7-ئارام كاكه‌ی فه‌لاح یه‌كێكه له چیرۆكنووسه‌كانی پاش راپه‌ڕین كه بایه‌خێكی تایبه‌تی به‌م ره‌گه‌زه داوه و ئێمه له دواتردا به شێوه‌یه‌كی ورد له‌سه‌ر بایه‌خ و گرنگی ناونیشان لای ئه‌م چیرۆكنووسه ده‌وه‌ستین.
به‌رجه‌سته‌كردنی هێمائامێزی له ناونیشاندا
یه‌كێك له خاڵه به‌هێزه‌كانی ناونیشان له دوای راپه‌ڕیندا، بوونی هێمائامێزییه لای به‌شێك له چیرۆكنووسه دیاره‌كانی دوای راپه‌ڕین، كه ئه‌مه له پێش راپه‌ڕیندا به‌و شێوه‌یه دیار نییه و به‌كه‌می ده‌بینرێت. (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) له‌و چیرۆكنووسانه‌یه، كه هێمائامێزی له ناونیشانی چیرۆكه‌كانیدا به‌رجه‌سته كردووه و له به‌شێكی دیاری ناونیشانی چیرۆكه‌كانیدا به‌دی ده‌كرێت.
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له‌و چیرۆكنوسانهی پاش راپه‌ڕینه، كه خاوه‌نی ناونیشانی جوان‌و هێمائامێزه. ئه‌م چیرۆكنووسه له‌گه‌ڵا جوانی ناونیشانهكانیدا هه‌ندێكجار له‌رێی گێڕانه‌وه‌وه، یان ره‌گه‌زی ده‌ستپێكه‌وه زیانی له نادیاری‌و هێماداری ناونیشانه‌كه‌ی داوه. له چیرۆكی “من به بووكێكی گه‌وره‌وه”(12) ی ئارام‌دا، له‌و ناونیشانه‌دا دوو ئاماژه‌ی خێرا لای خوێنه‌ر جێده‌مێنێت. یه‌كه‌میان به‌كاربردنی “من” كه “راناوی كه‌سی یه‌كه‌می تاكه”. دووه‌میش نادیارییه‌ك لهناونیشاندا هه‌یه به‌وه‌ی ئه‌و “من”ه كێیه؟ ئایا منی نێرینه‌یه، یان “مێینه” له‌كوێ به بوكێكی گه‌وره‌وه وه‌ستاوه؟ ئه‌مه‌ش دیسان پرسیاره، كه شوێنه‌كه به‌شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی چی ده‌كات؟ هه‌موو ئه‌م پرسیارانه‌و چه‌ند پرسیاری تر كه چیرۆكه‌كه خستویه‌تییه‌ڕوو چیرۆكنووس به‌و ناونیشانه سه‌رنجڕاكێشه چاره‌سه‌ری كردووه، چونكه چیرۆكه‌كه ئه‌وه‌نده پرسی چڕوپڕی له‌خۆگرتووه، مه‌گه‌ر ته‌نها ناونیشانێكی له‌مجۆره بتوانێت وه‌ك چه‌ترێك سێبه‌ر به‌سه‌ر هه‌موو تێكسته‌كه‌دا بكات.
من به بووكێكی گه‌وره‌وه، ناونیشانێكی مۆدێرنه‌و ده‌كرێت بوترێت كه هه‌ڵگری توخمی جیاوازییه و توانیویه‌تی خۆی هه‌م له دروشم و هه‌م لاسایكردنهوهیهی له ناونیشانی چیرۆكی ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكاندا به‌دی ده‌كرا قوتار بكات.
بێگومان لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه كه ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌و دوو ده‌یه دیاریكراوه به كه‌م سه‌یر بكه‌م، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه ئه‌وه بخه‌مه‌ڕوو، ناونیشان لای ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی چیرۆكی كوردی گۆڕانكاری به‌خۆوه بینیوه، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌كرێ وه‌ك هه‌نگاوی جیاكاری نێوان ئهوانو ئێستای چیرۆكی كوردی سه‌یر بكرێت.
هه‌مان نووسه‌ر له چیرۆكی “ئه‌وكوڕه‌ی له‌زۆركه‌س ده‌چێت”(13)دا له رووكه‌شدا ناونیشانێكی ته‌قلیدی به‌كارهێناوه، كه‌ناكۆكی له‌گه‌ڵ بوونیادی چیرۆكه‌كه هه‌یه، كهبونیادێكه دابه‌شكراوه به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گێڕانه‌وه‌دا، واته له‌ناواخندا چیرۆكه‌كه شێوازێكی نوێی گێڕانه‌وه‌ی په‌یڕه‌وكردووه، به‌ڵام لهناونیشانیدا، ناونیشانێكی ته‌قلیدی هه‌ڵگرتووه، بێگومان ئه‌مه‌ش له‌رووی مانای ناونیشانه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یری رووه هونه‌رییه‌كه‌ی ناونیشانه‌كه بكه‌ین، له یه‌كه‌م سه‌رنجدا پرسیاری ئه‌وه لای خوێنه‌ر دروست ده‌بێت كه ئایا ئه‌و كوڕه‌ی له زۆر كه‌س ده‌چێت كێیه؟ له چیدا له زۆر كه‌س ده‌چێت؟ ئه‌م خاڵانه‌ش جوانی ناونیشانه‌كه دهخهنهڕووو ناونیشانه‌كه ده‌كه‌نه ناونیشانێكی هێمائامێز.
بێجگه له‌و ناونیشانانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد “ئارام كاكه‌ی فه‌لاح” چه‌ندین ناونیشانی هێمائامێزو سه‌نجڕاكێشی تری هه‌یه، كه ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین، كه ئه‌وانیش: “نووسینه‌وه‌ی دڕك، ئه‌و پیاوه‌ی بوو به‌به‌رد، دیوه‌خانی ئه‌ستێره‌كان، ئاوێنه دڕندهكانو دره‌وشانه‌وه‌ی مه‌حاڵا”ن. واته به‌گشتی ئارام له‌و چیرۆكنووسانه‌یه كه هه‌وڵی به‌رجه‌سته‌كردنی ئیستاتیكاو نادیاری‌و هێمائامێزی داوه له ناونیشانی چیرۆكه‌كانیدا، كه به پێچه‌وانه‌وه له رۆمانی (چاوه‌ڕوانی)(14)دا ئه‌و حاڵه‌تانه نادۆزینهوهو ناونیشانه‌كه زیانێكی زۆری له تێكسته‌كه داوه به‌و پێیه‌ی تێكسته‌كه زۆر فره رهههندترو ده‌وڵه‌مه‌ندتره، كه له ناونیشانێكی تهقلیدیو بێده‌نگدا كۆبكرێته‌وه. بۆیه به‌رای من ناونیشانی رۆمانی (چاوه‌ڕوانی) به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌و هه‌موو فره‌ڕه‌هه‌ندییه نییه، كه ناوه‌ڕۆكی ئه‌و تێكسته له‌خۆی گرتووه.
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له‌گه‌ڵا ئه‌و ناونیشانه هێمائامێزانهدا چه‌ند ناونیشانێكی تری هه‌یه، كه به‌لای منه‌وه سه‌رنجڕاكێشن و هێمائامێزی تێیاندا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام ده‌سپێكی چیرۆكه‌كان ئه‌و هێمائامێزییه به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه و له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه ده‌بنه زیان بۆ كۆی تێكسته‌كه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجی ره‌گه‌زی (ناونیشان) بده‌ین له چیرۆكی “باوكی ناو ته‌له‌فون”(15)ی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، ده‌بینین ناونیشانێكی سهرنجڕاكێشو نوێیه، به‌ڵام خوێنه‌ر، كه ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه ده‌خوێنێته‌وه ئه‌و نادیاری‌و هێزه جادووییه‌ی ناونیشان ههڵگریهتیو چیرۆكنووس كاری بۆ كردووه، به‌تاڵا ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ش له یه‌كه‌م دێڕی دهستپێكهكهوه هه‌ستی پێده‌كه‌ین، كه چیرۆكه‌كه به‌م شێوه‌یه ده‌ستپێده‌كات:
“من باوكی ناو ته‌له‌فونم، كچێكم هه‌یه و رۆژانه به ته‌له‌فون قسه ده‌كه‌ین”(16).
ئه‌م ده‌ستپێكه ته‌واوی ئه‌و نادیارییه به‌تاڵا ده‌كاته‌وه، كه ناونیشان هه‌ڵگرییه‌تی، كه به‌سه‌رنجدان له‌م حاڵه‌ته ناتوانین بڵێین چیرۆكنووس له‌به‌كاربردنی ئه‌م ناونیشانه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه، هه‌رچه‌نده كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناونیشانه‌كه ناونیشانێكی نوێ‌و جوانه‌و چیرۆكه‌كه‌ش هه‌ڵگری چه‌ند لایه‌نێكی جیاجیایه‌و تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به فره ره‌هه‌ندی ده‌كه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه به‌چاوێكی هونه‌رییه‌وه سه‌یری به‌كارهێنانی ناونیشان بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، كه ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه یاریده‌ده‌ر نییه بۆ ناونیشانه‌كه. هه‌روه‌ها ئه‌م چیرۆكنووسه هه‌مان حاڵه‌تیشی له چیرۆكی “گرێبه‌سته له‌گه‌ڵا تاریكی”(17)یشدا دووباره كردۆته‌وه، پاڵه‌وانی ئه‌م چیرۆكه كه‌سێكی نابینایه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌وه چیرۆكنووس ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو، كه پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌ی له منداڵییه‌وه نابینایه‌و بۆ سی‌ودوو ساڵا ده‌چێت هیچ شتێكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی نه‌بینیوه. له‌م سه‌ره‌تایه‌وه خوێنه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌كات له‌به‌رده‌م پاڵه‌وانێكی نابینادایهو ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌كی زۆر سیحری ناونیشانی ده‌قه‌كه وه‌ك له‌چیرۆكی “باوكی ناو ته‌له‌فون”یشدا ئاماژه‌مان بۆ كرد به‌تاڵا بۆته‌وه، كه نووسه‌ر ویستوویه‌تی نادیارییه‌ك له ناونیشاندا به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام له ده‌ستپێكی چیرۆكه‌كه‌دا، ئه‌و سیحره‌ی ناونیشان به‌تاڵا بۆته‌وه‌و ئه‌م سه‌ره‌تایه زیانێكی زۆری له ئیستاتیكای ده‌قه‌كه داوه، یان ده‌توانین بڵێین خاڵی لاوازی ئه‌م دوو ده‌قه له ناونیشاندا كۆده‌بێته‌وه.
گه‌ڕان به دوای ناونیشانی هێمائامێزدا گرنگی تایبه‌تی له ژیانی ده‌قدا هه‌یه، كه ره‌نگه گرنگیهكهی كه‌متر نه‌بێت له كۆی لایه‌نه‌كانی تری ده‌قه‌كه.
ناونیشانی كپ (بێده‌نگ) لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح
به‌ر له‌وه‌ی بچمه نێو ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ناونیشانانه‌ی كه لای من وه‌كو ناونیشانی كپ (بێده‌نگ) دێنه ئه‌ژمار ده‌مه‌وێت ئاماژه به پێناسه‌ی ناونیشانی بێده‌نگ بكه‌م. ناونیشانی بێده‌نگ (كپ) به‌و ناونیشانانه ده‌وترێت، كه له وشه‌یه‌ك، یان زیاتر پێكدێت‌و له‌كاتی خوێندنه‌وه‌یدا هیچ سهنجڕاكێشییهكی تێدا نییه‌و زیاتر وه‌ك وشه‌یه‌كی باو دێته به‌رچاو. واته خوێنه‌ر، كه ده‌یبینێت سه‌رسام نابێت، یان وشه‌یه‌كی زۆر باوه و لای زۆر نووسه‌ری تر بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌ت به‌كارهێنراوه و هیچ بوارێكی نوێبوون و سه‌رسامكردنی تێدا به‌دی ناكرێت، كه له‌كاتێكیشدا یه‌كێك له‌خاڵه گرنگه‌كانی ناونیشان له چیرۆك‌و رۆمان‌دا ئه‌وه‌یه سه‌رسامی بخولقێنێت. له‌م به‌شه‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌و ناونیشانی چیرۆكانه ده‌ستنیشان بكه‌م، كه ناونیشانی كپ (بێده‌نگ)ن لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح.
وه‌كو پێشتر ئاماژه‌م بۆكرد ئه‌م چیرۆكنووسه خاوه‌نی به‌كاربردنی چه‌ندین ناونیشانی هێمائامێز و ئیستاتیكییه، به‌ڵام هاوكاتیش ئه‌زموونی ئه‌م نووسه‌ره به‌ده‌ر نییه له ناونیشانی درێژ و بێده‌نگ و لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك ده‌خه‌ینه‌ڕوو ده‌توانین ئاماژه به ناونیشانی چیرۆكه‌كانی”زێراب، سێوه لاسوورهی دڵا به‌شی قه‌پاڵێك ناكات، دۆزینه‌وه، جیابوونه‌وه، ده‌مامك”و رۆمانی “چاوه‌ڕوانی” بكه‌ین. ئه‌گه‌رچی چیرۆكی “زێراب”(18)و رۆمانی “چاوه‌ڕوانی” دوو ئه‌زموونی جوانی سه‌ره‌تاكانی ئارامن، به‌ڵام به‌هۆی بوونی ئه‌و بێده‌نگییه له ناونیشانهكهیاندا تێكسته‌كان له رووی هونه‌رییه‌وه لاواز‌و ته‌قلیدی دێنه به‌رچاو، له كاتێكدا كۆی چیرۆكی زێراب ره‌خنه‌گرتنه له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی تاكه‌كان به‌ره‌و داڕووخان دهبهنو خۆشیان وه‌ك زێراب دێنه به‌رچاوی مرۆڤی وشیار. هاوكات رۆمانی “چاوه‌ڕوانی”یش به‌هه‌مان شێوه خاوه‌نی زۆر لایه‌نی جوانه له رووی فیكر‌و گرێچنه‌وه.
لێره‌دا چیرۆكی (جیابوونه‌وه)(19) وه‌كو نموونه وه‌رده‌گرم، كه من لاموایه ناونیشانێكی بێده‌نگ (كپ)ه. ئه‌م چیرۆكه یه‌كێكه له چیرۆكه نوێكانی ئه‌م چیرۆكنووسه و باس له چه‌ند رووداوێكی ژیانی دوو هاوسه‌ر ده‌كات، كه پاش جیابوونه‌وه زۆربه‌ی به‌یانی له پاسدا رێكه‌وتی یه‌كتری ده‌كه‌ن و پێكه‌وه ده‌چن بۆ ئه‌و دوو فه‌رمانگه‌یه‌ی ده‌وامی تێدا ده‌كه‌ن. چیرۆكه‌كه به كه‌شێكی ته‌نزئامێز ده‌گێڕدرێته‌وه و فه‌زایه‌كی سه‌رنجڕاكێشه، به‌ڵام لاموایه بوونی ئه‌م ناونیشانه زیانی له رووه ئیستاتیكییه‌كه‌ی چیرۆكه‌كه داوه. واته من لاموایه ئه‌و ناونیشانه نه‌یتوانیوه ئه‌و په‌یامه ئیستاتیكی و تهنزئامێزییهی نێو فه‌زای چیرۆكه‌كه بگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر. راسته وشه‌ی (جیابوونه‌وه) وه‌كو چه‌مكێك هه‌ڵگری چه‌ند لایه‌نێكی سۆسیۆلۆژی و فیكرییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌و فه‌زا ته‌نزئامێزی و ئه‌و كه‌شه سایكۆلۆژییه‌ی فیگۆره‌كانی نێو چیرۆكه‌كه‌دا كورتی هێناوه.
ئه‌گه‌رچی ناونیشانی بێده‌نگ (كپ) لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌زموونی ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌م چیرۆكنووسه زۆر نییه، به‌ڵكو ئه‌و ناونیشانانه زۆرترن كه هونه‌رین و هه‌ڵگری ئیستاتیكا و هێمائامێزین.
ناونیشان له‌ناو ناونیشاندا لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح
به‌ر له‌وه بچنه نێو ناوه‌ڕۆكی ئه‌م به‌شه‌وه به پێویستی ده‌زانم روونكردنه‌وه له‌سه‌ر (ناونیشان له‌ناو ناونیشاندا) بده‌م، كه هه‌ندێك توێژه‌ر به ناونیشانی دووه‌م و سێیه‌م ناویشی ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییه له‌م به‌شه‌دا ئه‌وه‌یه، كه مه‌به‌ست له‌ناونیشان له‌ناو ناونیشاندا ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به‌ده‌ر له‌ناونیشانی سه‌ره‌كی ده‌ق، ناونیشانی لاوه‌كیش له‌ده‌قدا ئاماده‌یی هه‌بێت، ئه‌وا ده‌كرێت پێی بوترێت (ناونیشانی دووه‌م) یان لاوه‌كی، یان زاراوه‌ی (ناونیشان له ناوناونیشان)دا به‌كاربهێنرێت، كه من له‌م به‌شه‌دا وه‌ك ناونیشانی لاوه‌كی ناویم بردووه، نه‌ك ناونیشان له‌ناو ناونیشاندا، چونكه له رووكاره گشتییه‌كه‌دا من ناونیشانی لاوهكییم پی باشتر بوو، وه‌ك چۆن هاوكات ناونیشانه له‌ناو ناونیشاندا. به‌ڵام له رووه تیۆریهكهیهوه ناونیشانه له‌ناو ناونیشاندا.
به‌كارهێنانی ئه‌م جۆره له ناونیشانی لاوه‌كی له‌نێو ده‌قدا به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاونییه به‌تایبه‌ت له چیرۆكدا، به‌ڵام له رۆمان‌دا زۆرجار ده‌بینرێت كه به‌شه‌كان به‌ناونیشانی تر جیا ده‌كرێنه‌وه، یان زۆرێك له رۆمانووسان به ژماره به‌شه‌كان جیاده‌كه‌نه‌وه و په‌نا بۆ هیچ ناونیشانێكی تر نابه‌ن له‌ناوه‌ڕۆكی ده‌قه‌كه‌دا. به‌گشتی لاموایه ئه‌گه‌ر به‌كاربردنی ئه‌م جۆره له ناونیشانی لاوه‌كی له ده‌قدا ئه‌گه‌ر پێویستی ده‌قه‌كه نه‌بێت ده‌بێته زیان بۆ ده‌قه‌كه، لێره‌دا مه‌به‌ست له زیان ئه‌وه‌یه كه هیچ خزمه‌تێك به ده‌قه‌كه ناگه‌یه‌نێت. له چیرۆكی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووی كوردیدا به‌كاربردنی ئه‌م جۆره له ناونیشان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو نه‌بووه، به‌ڵام (عه‌بدوڵڵا سه‌راج) یه‌كێكه له‌و چیرۆكنووسانه‌ی له چه‌ند چیرۆكێكدا به‌كاری هێناوه ته‌نها وه‌كو ته‌كنیكێكی رووت و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یامێك به خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت یان ده‌قه‌كه پێویستی به‌و جۆره له ته‌كنیك هه‌بێت په‌نای بۆ بردووه. لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌كانم له‌رووی تیۆری نه‌مێنێته‌وه نموونه ده‌هێنمه‌وه.
عه‌بدوڵڵا سه‌راج له چیرۆكی “كه وشه‌و ره‌نگ ژوان ده‌گرن”(20)حه‌وت ناونیشانی دووه‌م، یان لاوه‌كی به‌كارهێناوه به‌ناوه‌كانی “هونه‌رمه‌ند، بێشكه، پشیله، ئه‌مڕۆش هیچ، شه‌وچه‌ره، باخچه‌ی گیانداران‌و دووڕییان” ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵا هه‌ر ناونیشانێكی لاوهكیدا ژماره‌ی به‌كارهێناوه. كاتێك خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه ته‌واو ده‌كه‌ین، ده‌بینین ناونیشانه لاوه‌كییه‌كان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به ناونیشانی سه‌ره‌كییه‌وه نییه، به‌ڵكو ده‌كرێت ئه‌و حه‌وت ناونیشانه لاوه‌كییه‌ی كه له سه‌ره‌وه ناومان هێنان وه‌ك حه‌وت “كورتیله چیرۆك” سه‌یر بكه‌ین، هه‌روه‌ها ناونیشانی سه‌ره‌كی نه‌بووه‌ته ده‌روازه بۆ ناونیشانه لاوه‌كییه‌كانی ناو چیرۆكه‌كه. هاوكات هه‌مان نووسه‌ر له چیرۆكی “خاوه‌ر”(21)یشدا چوار ناونیشانی لاوه‌كیی به‌كارهێناوه كه ئه‌مانه‌ن:”میم، ئهلف، واو، بێ”. دیسان له‌م چیرۆكه‌شدا هه‌ست به هه‌مان بۆشایی پێشوو ده‌كرێت له نێوان ناونیشانی سه‌ره‌كی‌و لاوهكیدا ته‌نها له‌م چیرۆكه‌دا ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنج بێت ئه‌وه‌یه، كه سه‌رباسی یه‌كه‌م ناونیشانی لاوه‌كی كه “میم”دا یه‌كه‌م پیتی ده‌سپێكی ده‌قه‌كه‌ش به “میم” ده‌ست پێده‌كات‌و سێ ناونیشانه لاوه‌كییه‌كه‌ی تریش به‌هه‌مان شێوه‌یه. واته دروستكردنی چوار ناونیشانه لاوه‌كییه‌كه هیچ خزمه‌تێك به بونیادی ده‌قه‌كه ناكات. لێره‌وه تێده‌گه‌ین ئه‌و گه‌مانه‌ی سه‌راج له‌ته‌ك ناونیشانی لاوهكیدا، ته‌نها بۆ خستنه‌ڕووی توانای ته‌كنیكه له چیرۆكدا، كه سه‌راج نه‌یتوانیوه ئه‌و توانایه به شێوه‌یه‌كی نۆرماڵ‌و له خزمه‌تی ده‌قدا به‌كاربهێنێ، چونكه ئه‌و ده‌قانه ئه‌و جۆره ته‌كنیكه بۆته بار به‌سه‌ریانه‌وه نه‌ك ببێته جوانكاری و به‌خشینی روویه‌كی هونه‌ری نوێ پێیان.
پاش ئه‌م نموونه‌یه له چیرۆكنووسانی نه‌وه‌ی پێش راپه‌ڕین گرنگه سه‌رنج له چیرۆكنووسانی پاش راپه‌ڕینیش بده‌ین. له‌پاش راپه‌ڕینیشدا به‌هه‌مان شێوه به‌كاربردنی ئه‌م جۆره له ناونیشانی لاوه‌كی كه‌مه، به‌ڵام لای چه‌ند نووسه‌رێك نموونه‌ی جوان و هونه‌ری به‌دی ده‌كه‌ین، كه یه‌كێك له‌و چیرۆكنووسانه (عه‌تا محه‌مه‌د)ه، به‌ر له‌وه‌ی ئاماژه به ئه‌م جۆره له به‌كاربردنی ناونیشان بده‌م لای (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح)، حه‌ز ده‌كه‌م نموونه‌یه‌ك لای عه‌تاش بهێنمه‌وه.
عه‌تا محه‌مه‌د له چیرۆكی “كتێبه‌كانی ئه‌ندێشه”(22)دا، كه یه‌كێكه له چیرۆكه‌كانی نێو كۆمه‌ڵه چیرۆكی “زاره‌كانی خه‌ون” دوو ناونیشانی لاوه‌كی به‌كارهێناوه كه “كتێبی رهشو خولقان”ه. له‌م چیرۆكه‌ی عه‌تادا هه‌ر له ناونیشانی سه‌ره‌كی چیرۆكه‌كه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، كه پێده‌چێت ئێمه رووبه‌ڕووی چه‌ند كتێبێك ببینه‌وه. عه‌تا وه‌ك زۆرجاری تر به گه‌مه‌یه‌كی فه‌نتازی ده‌ست به گێڕانه‌وه دهكاتو گێڕه‌ره‌وه كه‌سی یه‌كه‌می تاكه، له‌و چیرۆكه‌دا له‌سه‌ره‌تادا باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌وكاته‌ی له گۆڤاری “ئاینده” بووه داوای لێكراوه كه مانگانه خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێك ئاماده بكات. پاش ئه‌وه‌ی، كه له یه‌كێك له مانگه‌كاندا به‌هۆی سه‌رقاڵییه‌وه فریای ئاماده‌كردنی خوێندنه‌وه‌كان ناكه‌وێت خۆی هه‌وڵی نووسینی چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كی كتێب ده‌دات، كه به‌رهه‌می خهیاڵو ئه‌ندێشه‌ی خۆی بێت. پاشان عه‌تا باس له‌وه ده‌كات ئێستا (واته كاتێك كه ئه‌و چیرۆكه ده‌نووسێت) ده‌یه‌وێت فێڵه‌كه بۆ خوێنه‌ر كه‌شف بكات‌و پوخته‌ی دوان له‌و خوێندنه‌وانه بڵاوبكاته‌وه. ئیتر پاش ئه‌م زه‌مینه‌سازییه، كه شێوه‌یه‌كی فه‌نتازی‌و بڕواهێنه‌ره “كتێبی ره‌ش”، كه ناونیشانی یه‌كه‌می لاوه‌كییه‌و پاشان “خولقان” ده‌ست پێده‌كات. به‌ده‌ر له‌مه‌ش هه‌مان نووسه‌ر به‌كاربردنێكی جوانتری له چیرۆكی (وێنه و ئاوێنه-3) (23)دا هه‌یه، به‌ڵام لێره‌دا ئاماژه‌دان به‌مه به پێویست نازانم.
پاش خستنه‌ڕووی ئه‌و دوو نموونه‌یه له به‌كاربردنی ناونیشانی لاوه‌كی لای چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین و دوای راپه‌ڕین. ده‌مه‌وێت بچمه سه‌ر به‌كاربردنی ناونیشانی لاوه‌كی لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له چه‌ند چیرۆكێكدا ناونیشانی لاوه‌كی به‌كاربردووه، كه ده‌كرێت لێره‌دا ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین، كه ئه‌وانیش چیرۆكه‌كانی “دره‌وشانه‌وه‌ی مه‌حاڵا، گوڵه‌كانی دۆزه‌خ، ئه‌و پیاوه‌ی بوو به به‌رد و ئه‌و كوڕه‌ی له زۆر كه‌س ده‌چێت” ئێمه لێره‌دا ته‌نها یه‌ك نموونه له به‌كاربردنی ئه‌م هونه‌ره لای (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح) ده‌خه‌ینه‌ڕوو. ئه‌م چیرۆكنووسه له چیرۆكی “ئه‌و كوڕه‌ی له‌زۆر كه‌س ده‌چێت”(24)دا چیرۆكه‌كه‌ی به‌سه‌ر سێ به‌شدا دابه‌ش كردووه، یان به‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری گێڕانه‌وه‌دا دابه‌ش بووه، كه‌یه‌كه‌میان سه‌ره‌تای یه‌كه‌مه‌و ئاسایی چیرۆك ده‌ست پێده‌كات دووه‌م سه‌ره‌تا له‌ژێر ناوی (سه‌ره‌تایه‌كی تر) و سێیه‌میش له‌ژێر ناوی (سه‌ره‌تایه‌كی تازه)دا خراوه‌ته‌ڕوو. پاش خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه خوێنه‌ر هه‌ست به گرنگی ئه‌م به‌كارهێنانه‌ی ناونیشان له‌ناو ناونیشاندا ده‌كات، كه چیرۆكنووس ویستوویه‌تی له‌سێ لایه‌نی جیاوازه‌وه هه‌مان چیرۆك بگێڕێته‌وه. واته لێره‌دا هه‌ست به گرنگی ئه‌م ناونیشانانه‌ی تر، كه چیرۆكنووس به‌كاری بردووه ده‌كه‌ین، یان دروستتر بڵێم هه‌ست به دروست به‌كاربردنی ئه‌و “ناونیشانه لاوه‌كیانه” ده‌كه‌ین، كه چیرۆكنووس به‌مه‌به‌ست‌و له‌پێناو گه‌یاندنی په‌یامێكی ئیستاتیكییدا به‌كاری بردوون. ئه‌م به‌كاربردنی ناونیشان لهناونیشاندا لای ئه‌م چیرۆكنووسه وه‌ك له‌م چیرۆكه‌دا ده‌بینرێت به‌هه‌مان شێوه له‌و چیرۆكانه‌ی تریشدا به‌دی ده‌كرێت، كه ئێمه ته‌نها ئاماژه‌مان به‌ناوی چیرۆكه‌كان كردووه. بۆیه ده‌بینین ئارامیش به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو سودی له‌م جۆره له به‌كاربردنی ناونیشان و ئه‌م جۆره له ته‌كنیك بینیوه.
به‌گشتی به‌كاربردن و كاركردن له‌سه‌ر ئه‌م جۆره له ناونیشان لای نه‌وه‌ی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان به‌شێوه‌یه‌كی دروست و له‌پێناو پێویستی ده‌ق و خزمه‌تكردن به ئیستاتیكای ده‌قدا به‌كار نه‌براوه و نموونه‌ش بۆ ئه‌مه كاركردنه‌كانی (عه‌بدوڵڵا سه‌راج)ه. به‌ڵام له دوای راپه‌ڕیندا به‌شێوه‌یه‌كی جیا و له‌پێناو خزمه‌تكردنی به به‌ها جوانكارییه‌كانی ده‌قدا كار له‌سه‌ر ئه‌م لقه‌ی ره‌گه‌زی ناونیشان كراوه و به وشیارییه‌وه ناونیشانی لاوه‌كی، یان (ناونیشان له‌ناو ناونیشان)دا كاری له‌سه‌ر كراوه و وه‌ك تێبینی ده‌كرێت لای ئارام كاكه‌ی فهلاحو عه‌تا محه‌مه‌د به‌كارهێنانی ناونیشان لهناونیشاندا بۆ پێویستی جۆری گێڕانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، نه‌ك بۆ نواندنی هونه‌رو ته‌كنیك له‌سه‌ر بێبنه‌مایی وه‌ك لای سه‌راج ده‌بینرێت.
ئاسته‌نگی “ناونیشان” لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح
له‌گه‌ڵا ئه‌و هه‌موو گرنگییه‌ی ره‌گه‌زی ناونیشان له ژیانی ده‌قدا هه‌یه‌تی، به‌ڵام زۆرجار ناونیشانی ناهونه‌ری و لاواز به‌دی ده‌كرێت. هه‌رچه‌ند له‌م سه‌رده‌مه‌دا به به‌راورد به پێشووتر زۆرێك له نووسه‌ران به بایه‌خه‌وه له رۆڵی ئه‌م ره‌گه‌زه ده‌ڕوانن و زۆرجار كاتێكی زۆر ته‌رخان ده‌كه‌ن له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی ناونیشانێكی جوان و مۆسیقیدا بۆ ده‌قێك، كه ئه‌وه‌نده‌ی نووسینی ده‌قه‌كه پێوه‌ی سه‌رقاڵ ده‌بن. هاوكات له‌گه‌ڵا ئه‌م هه‌موو ههستارییهش به‌رانبه‌ر به‌كارهێنان و دۆزینه‌وه‌ی ناونیشاندا بۆ ده‌ق، به‌ڵام تا ئێستاش به‌شێك له ده‌قه‌كان ناونیشانه‌كانیان جوان نین، یان ئه‌گه‌ر به پێوانه‌ی هونه‌ری هه‌ڵبسه‌نگێنین ده‌بینین لاوازی زۆریان تێدا ده‌دۆزرێته‌وه.
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له‌و چیرۆكنووسانه‌یه كه له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له ناونیشانی چیرۆكه‌كانی سه‌رنجڕاكێش و هونه‌رین، به‌ڵام به‌شێكی تریان وه‌كو له به‌شی ناونیشانی بێده‌نگ (كپ)دا ئاماژه‌مان بۆ كرد. ناونیشانی بێده‌نگن، یان هه‌ندێكی تریان ناونیشانی درێژن. له‌م به‌شه‌دا باس له‌و ئاسته‌نگه‌كانی ره‌گه‌زی ناونیشان ده‌كه‌ین.
یه‌كێك له ئاسته‌نگه‌كانی ناونیشان لای ئه‌م چیرۆكنووسه به‌كاربردنی ئه‌و وشانه‌یه، كه وه‌كو بێده‌نگ دێنه ئه‌ژمار. وه‌كو ناونیشانی رۆمانی (چاوه‌ڕوانی)، یان چیرۆكه‌كانی (سڕبوون، دۆزینه‌وه، زێراب و جیابوونه‌وه) ئه‌م ناونیشانانه ئه‌گه‌رچی ره‌نگه چه‌مكی گرنگی نێو دنیای كۆمه‌ڵناسی بن، به‌ڵام بۆ ناونیشانی چیرۆك و به‌كارهێنانیان به ته‌نها نابنه هۆی وروژاندن و سه‌رنجڕاكێشانی خوێنه‌ر، كه یه‌كێك له ئه‌ركه گرنگه‌كانی ناونیشان سه‌رنجڕاكێشانی خوێنه‌ره به‌ره‌و ده‌ق. به‌ده‌ر له‌مه‌ش یه‌كێكی تر له ئاسته‌نگه‌كانی ناونیشان لای ئه‌م چیرۆكنووسه به‌كارهێنانی ناونیشانی درێژه، ئه‌گه‌رچی به‌كارهێنانی ناونیشانی درێژ لای ئه‌م چیرۆكنووسه زۆر نییه، به‌ڵام بوونی چه‌ند دانه‌یه‌ك ده‌بێته هۆی لاوازی له ئاست به‌كارهێنانی ئه‌م ره‌گه‌زه گرنگه‌دا بۆ ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره. لێره‌دا ده‌توانین ئاماژه به ناونیشانی چیرۆكه‌كانی (سێوه لاسوورهی دڵا به‌شی قه‌پاڵێك ناكات، حوزنی میوانێك به ته‌نیش ژیاندا ده‌ڕوات)، ئه‌گه‌رچی له‌ڕووی رسته‌وه هه‌ردوو ناونیشانه‌كه نوێن، به‌ڵام له‌ڕووی بونیاده‌وه زۆر درێژن به‌تایبه‌ت كه هه‌ردوو ناونیشانه‌كه له شه‌ش وشه پێكهاتوون. واته له رووی ئیستاتیكای ناونیشانه‌وه ئه‌م دوو ناونیشانه‌ی ئارام ره‌نگه وه‌ك لاوازترین ناونیشانی نێو ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره ده‌ستنیشان بكرێت.
ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئارام كاكه‌ی فه‌لاح ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و تایبه‌ته، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه ده‌وڵه‌مه‌ندی به ئه‌زموونه‌كه‌ی به‌خشیوه بوونی زمانی ته‌نز ئامێز و گێڕانه‌وه‌ی ته‌نزئامێزه، كه له ئه‌زموونه‌كانی (10) ساڵی رابردووی ئه‌م چیرۆكنووسهدا به‌ته‌واوی ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاوی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئارام تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌و رۆحی تهنزئامێزییهی له‌نێو بونیادی چیرۆكه‌كانیدا هه‌یه و ئه‌و ده‌نگه گاڵهتهخوازیهی، كه له هه‌ناوی رستهكانییهوه دێنه ده‌رێ له ناونیشانه‌كاندا ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت، كه ئه‌مه به‌لای منه‌وه وه‌كو ئاسته‌نگێك ئه‌ژمار ده‌كرێت و لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و رایه‌ی كه ئارام له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵا ره‌گه‌زی ناونیشاندا نه‌یتوانیوه به مامه‌ڵه‌كردن و هه‌ڵبژاردنێكی ورد و به سه‌رنجه‌وه ناونیشان بۆ چیرۆكه‌كانی هه‌ڵبژێرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه تاڕاده‌یه‌ك ته‌نز به‌سه‌ریاندا زاڵه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌مێك ته‌نز له ناونیشانه‌كانی چیرۆكه‌كانی ئه‌م چیرۆكنووسهدا هه‌ست پێبكرێت هه‌ر دوو چیرۆكی (من به بوكێكی گه‌وره‌وه) و (باوكی ناو ته‌له‌فون)ه، كه به‌شێوه‌یه‌كی كاڵا هه‌ست به بوونی ته‌نزئامێزی له‌م ناونیشانانه‌دا ده‌كه‌ین.
ئه‌گه‌رچی ئاسته‌نگه‌كانی به‌كاربردنی ره‌گه‌زی “ناونیشان” لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح زۆر نین، به‌ڵام ئاسته‌نگی دیار و وردن و هاوكات ده‌كرێت نووسه‌ر له ئه‌زموونه‌كانی داهاتوویدا به ورده‌كاری زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا هه‌ڵبژاردنی ناونیشاندا بكات. به‌ڵام له شێوه گشتییه‌كه‌یدا ئه‌م چیرۆكنووسه توانیویه‌تی تا ئاستێكی زۆر له هه‌ڵبژاردنی ناونیشاندا سه‌ركه‌وتووبێت، بێگومان به ره‌چاوكردنی ئه‌و تێبینیانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه خستمانه‌ڕوو.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناونیشان لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح
له‌م به‌شه‌ی نووسینهكهماندا هه‌وڵ ده‌ده‌ن چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیاری به‌كاربردنی ناونیشان لای ئارام كاكه‌ی فه‌لاح بخه‌ینه‌ڕوو، كه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه به وردبوونه‌وه له ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره بۆمان ده‌ركه‌وتووه و لێره‌دا بهخاڵا ده‌یانخه‌مه‌ڕوو:
1-له ناونیشانی ئه‌و چیرۆكانه‌ی تا كاتی نووسینی ئه‌م باسه بڵاوبونه‌ته‌وه ئه‌م چیرۆكنووسه ناوی كاراكته‌ری له ناونیشانی چیرۆكه‌كانیدا به‌كار نه‌هێناوه، كه ئه‌مه له‌لایه‌كه‌وه نیشانه‌ی به وریاییه‌وه به‌كارهێنانی ناونیشانه و له‌لایه‌كی تره‌وه نیشانه‌یه‌كی به‌هێزی ئه‌م ره‌گه‌زه‌یه لای ئه‌م چیرۆكنووسه.
2- هه‌ره‌وه‌ها ره‌نگ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و وه‌كو بوویه‌كی گرنگ له ناونیشانی چیرۆكه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره‌دا ئاماده‌یی نییه ته‌نها له ناونیشانی “سێوه لاسوورهی دڵا به‌شی قه‌پاڵێك ناكات”دا وه‌ك ده‌بینین ره‌نگی (سوور) به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌كار نه‌هێنراوه، هه‌ر بۆیه ره‌نگدانه‌وه‌شی له چیرۆكه‌كه‌دا نییه
3-ئاماژه‌دان بۆ زه‌مه‌ن له‌ناویشاندا لای ئارام به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو نییه و ته‌نها له چیرۆكی (سه‌عاتی سفر)دا ده‌بینرێت، كه ئه‌م بایه‌خ نه‌دانه‌ی چیرۆكنووس به زه‌مه‌ن له‌كاتێكدا له‌نێو زۆرێك له چیرۆكه‌كاندا زه‌مه‌ن ئاماده‌یی هه‌یه.
4- یه‌كێكی تر له تایبه‌تمه‌ندییه‌كان كه ئه‌ویش په‌یوه‌ندی ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره‌وه هه‌یه ئه‌ویش بوونی زمانێكی ته‌نزئامێزه له گێڕانه‌وه‌دا كه ئه‌م زمانه ته‌نزئامێزه به‌شێوه‌ی به‌رچاو و دیار ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌به‌كاربردنی ره‌گه‌زی ناونیشاندا لای ئه‌م چیرۆكنووسه نه‌بووه، یان ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆر كه‌می هه‌یه. وه‌ك له پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد، كه من لاموایه پێویست بوو كه ئه‌و زمانی تهنزئامێزییهی له بونیادی چیرۆكه‌كاندا هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له ناونیشانی چیرۆكهكانیشدا ئاماده‌ییان هه‌بوایه.
5-ئه‌م چیرۆكنووسه له هیچ كام له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان (پیت و ژماره و بهروار)ی له‌ناونیشانی چیرۆكه‌كانیدا به‌كار نه‌هێناوه، كه ئه‌مه‌ش خاڵێكی تایبه‌تمه‌ند و دیاری مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌م چیرۆكنووسهیه له‌گه‌ڵا ئه‌م ره‌گه‌زه‌دا.
ئه‌گه‌ر زیاتر له به‌كاربردنی ناونیشان له ئه‌زموونی ئه‌م چیرۆكنووسهدا وردبینه‌وه ره‌نگه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تریش بدۆزینه‌وه، به‌ڵام به‌رای من ئه‌م پێنج تایبه‌تمه‌ندییه‌ی له‌سه‌ره‌وه خرانه‌ڕوو گرنگترین و دیارترین پێنج تایبه‌تمه‌ندی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌م چیرۆكنووسهیه له‌گه‌ڵا ره‌گه‌زی ناونیشاندا.
ئه‌نجام
له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی چیرۆكی كوردی خه‌ریكه له‌سه‌ده‌یه‌ك نزیك ده‌بێته‌وه، به‌ڵام گه‌شه‌كردنی چیرۆكی كوردی له دوو ده‌یه‌ی حه‌فتاكان و هه‌شتاكانه‌وه ده‌ست پێده‌كات، ئه‌گه‌رچی له‌و دوو دهیهیهشدا تێبینی زۆر هه‌یه به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له پێوانه‌ی هونه‌ریدا هه‌ڵیان بسه‌نگێنین، به‌ڵام به‌به‌راورد به ده‌یه‌كانی پێشووتر ده‌توانین ده‌نگی تۆكمه‌ی چیرۆكنووسان ببیستین. به‌ڵام له دوای راپه‌ڕین ئه‌زموونی چیرۆكنووسی كوردی گه‌شه‌ی زیاتری به خۆوه بینی، كه ئه‌مه‌ش هه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر فه‌راهه‌مبوونی ئازادی چاپه‌مه‌نی و هه‌م بۆ ئه‌و تێكه‌ڵییه‌ی نووسه‌رانی كورد به كولتووره جۆراوجۆره‌كان له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا، كه ئه‌مه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیركردنه‌وه و روانینی چیرۆكنووسان داناوه. بۆیه ده‌بینین پاش راپه‌ڕین به‌ره‌وپێشچوونی چیرۆكی كوردی ده‌بینین، به‌ڵام لاموایه ده‌بوایه ئه‌و به‌ره‌وپێشچونانه زۆر زیاتر بوایه له‌وه‌ی ئێستا ده‌بینرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه واقیعی زۆر كایه‌ی تری نێو ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه.
ئارام كاكه‌ی فه‌لاح له‌نێو چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕیندا جێگه و سه‌نگێكی دیاری هه‌یه، به‌و پێیه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانیدا خاوه‌ن تایبه‌تمه‌نی و دنیابینی خۆیه‌تی، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی روانینی تایبه‌تی هه‌یه بۆ گێڕانه‌وه و چۆنێتی گێڕانه‌وه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌وه‌ی له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا خرایه‌ڕوو بۆ خستنه‌ڕووی كاركردنی ئه‌م نووسه‌ره بوو له‌سه‌ر ره‌گه‌زێكی دیاری چیرۆك به گشتی و ره‌گه‌زێكی فه‌رامۆشكراوی نێو چیرۆكی كوردی به تایبه‌تی. ئه‌وه‌ی له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا بۆمان روون بویه‌وه له‌م چه‌ند خاڵه‌دا چڕیان ده‌كه‌مه‌وه:
1-ناونیشان وه‌كو ره‌گه‌زێكی گرنگی چیرۆك له زۆرێك له چیرۆكه‌كانی (ئارام كاكه‌ی فه‌لاح)دا به بایه‌خه‌وه هه‌ڵبژێردراوه و تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به سه‌ركه‌وتن ده‌كرێت له هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی چیرۆكه‌كانیدا.
2- له‌گه‌ڵا ئه‌و سه‌ركه‌وتن و مامه‌ڵه هه‌ستیاره‌ی چیرۆكنووس له‌گه‌ڵا ناونیشاندا كردویه‌تی، به‌ڵام ئه‌زموونی ئه‌م چیرۆكنووسه به‌ده‌ر نییه له ناونیشانی ناهونه‌ری و درێژ و بێده‌نگ، كه ئه‌مانه وه‌كو خاڵی لاوازی به‌كاربردنی ره‌گه‌زی ناونیشانه لای ئه‌م چیرۆكنووسه.
3-بوونی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌ك له هه‌ڵبژاردنی ناونیشانه‌كانی چیرۆكه‌كه‌دا (وه‌ك له به‌شی پێشتردا له پێنج خاڵدا خراوه‌ته‌ڕوو)، كه ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونی چیرۆكنووسی ئه‌م نووسه‌ره‌ن.
4-گه‌یشتن به‌و خاڵه‌ی كه چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین زیاتر بایه‌خیان داوه به ره‌گه‌زی ناونیشان و ئه‌و لقانه‌ی كه سه‌ر به‌م ره‌گه‌زه‌ن و له به‌شی (ناونیشان له‌ناو ناونیشان)دا ئه‌م حاڵه‌ته به‌ته‌واوی روون بۆته‌وه.
5- له‌گه‌ڵا ته‌واوی ئه‌و خاڵه گه‌شانه‌ی كه له ئه‌زموونی چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕیندا ده‌بینرێت، به‌ڵام هاوكات تا ئێستاش هه‌ست به‌وه ده‌كرێت به‌شێكی زۆری چیرۆكنووسانی ئه‌م دوو ده‌یه‌ی دوای راپه‌ڕین وه‌كو پێویست و به گرنگییه‌وه له ره‌گه‌زی ناونیشان ناڕوانن، هه‌ر ئه‌م خاڵه‌شه بۆته هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و چڕ له‌باره‌ی ئه‌م ره‌گه‌زه‌وه نه‌كرێت و ره‌نگدانه‌وه‌ی دیاری له‌ناو ره‌خنه‌ی كوردیدا نه‌بێت.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1-نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، ئه‌زموونی خوێندنه‌وه، لێكۆڵینه‌وه‌و ره‌خنه، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م، سلێمانی (2006).
2-د. جه‌میل حه‌مداوی، صوره العنوان فی الروایه العربیه، سایتی عراق الكلمه، له‌م لینكه‌وه وه‌رگیراوه:
http://www.iraqalkalema.com/article.php?id=1970
3- ئارام سدیق، ناونیشان له چیرۆكی نوێ‌دا-به‌رهه‌مه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د وه‌كو نموونه، گۆڤاری رامان ژماره(153)
4- د. جه‌میل حه‌مداوی، صوره العنوان فی الروایه العربیه..
5-هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو..
6- هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو..
7- هه‌مان سه‌رچاوه
8- هه‌مان سه‌رچاوه
9- هه‌مان سه‌رچاوه
10- هه‌مان سه‌رچاوه
11- عه‌تا محه‌مه‌د “تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشكراوه‌كان”، چیرۆك، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، ساڵی (2007)، سلێمانی.
12- ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م- كۆمه‌ڵه چیرۆك، له بڵاوكراوه‌كانی پرۆژه‌ی كتێبی یانه‌ی قه‌ڵه‌م ،سلێمانی (2010).
13- هه‌مان سه‌رچاوه
14- ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، چاوه‌ڕوانی- رۆمان، چاپی دووه‌م، له‌بڵاوكراوه‌كانی پرۆژه‌ی كتێبی یانه‌ی قه‌ڵه‌م، سلێمانی (2009).
15- ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م- كۆمه‌ڵه چیرۆك..
16- هه‌مان سه‌رچاوه
17- هه‌مان سه‌رچاوه
18- ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، زێراب- كۆمه‌ڵه چیرۆك، بنكه‌ی سارا، سوید (1991).
19- ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، جیابوونه‌وه- چیرۆك، گۆڤاری كۆنسیپت، سلێمانی (2011).
20-عه‌بدوڵڵا سه‌راج، لاكێشه رووناكه‌كان و ئه‌وانی تر-كۆبه‌رهه‌م، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس (2007).
21- هه‌مان سه‌رچاوه
22-عه‌تا محه‌مه‌د، زاره‌كانی خه‌ون، چیرۆك، له‌بڵاوكراوه‌كانی چاپخانه‌ی ره‌نج-سلێمانی (2002).
23- عه‌تا محه‌مه‌د “تیناو چیرۆكه ئه‌ندێشكراوه‌كان”، چیرۆك..
24- ئارام كاكه‌ی فه‌لاح، بلیتێك بۆ جه‌هه‌نه‌م- كۆمه‌ڵه چیرۆك..