چیرۆكی كوردیی دوای راپه‌رین..
ئه‌گه‌رچی له شرۆڤه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا زۆر بڕوام به قۆناغبهندیو كات‌و شوێن نییه ، چونكه داهێنانو ستاتیكای ده‌ق، كه به‌رهه‌می خهیاڵاو تێفكرینی مرۆڤه ، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بووبێت ، پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی زانستاییانهو به‌بایه‌خه‌وه موتاڵا بكرێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر سه‌رده‌مه‌و جۆرێك له نه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بۆیه ناكرێت كاریگه‌ریی ئه‌و سهردهمو زه‌مانه له‌سه‌ر نووسهرانو دواجاریش ده‌قه‌كانیان فه‌رامۆش بكرێت..
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ره‌نگه هه‌ندێجار ناچاربین كه ده‌قی ئه‌ده‌بیی په‌یوه‌ست بكه‌ین به كات‌و سه‌رده‌مێكی دیاریكراوه‌وه.
قسه‌كردن له‌باره‌ی چیرۆكی كوردیی دوای راپه‌ڕینه‌وه ، (راپه‌ڕین وه‌ك قۆناغێكی نوێی كوردهواری) پێویستیی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ئهكادیمییو زانستی ورد‌و فره‌و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه. كه‌ئه‌مه نییه ، یان كه‌مه، ئێمه ناچارین بیروبۆچوونی تایبه‌تی خۆمان له‌م باره‌یه‌وه بخه‌ینه روو، كه‌ڕه‌نگه هه‌ندێجار بۆچوونه‌كانمان كه‌متر زانستیی بن.
دیارترین جیاوازی له‌نێوان نه‌وه‌ی چیرۆكنووسانی دوای راپهڕینو چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین، دهستهبهركردنو هاتنه‌ئارای كه‌شی ئازادی نووسین‌و بیركردنه‌وه بوو كه له‌پێش راپه‌ڕین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه شك نه‌ده‌برا، هه‌رئه‌مه‌ش جۆرێك له جیهانبینیو تێڕوانینی نوێی بۆ ژیان‌و بۆ مرۆڤ‌و بۆ ده‌ق له‌لای نه‌وه‌یه‌ك له نووسه‌ران (له‌ناویشیاندا چیرۆكنووسان) هێنایه ئارا.. كه راسته‌وخۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو به‌سه‌ر ده‌قه‌كانه‌وه..
نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو جۆرێك له جیاوازی تێروانین‌و تێفكرین سه‌باره‌ت به وه‌زیفه‌و سروشت‌و پێكهاته‌و فۆرم‌و ناوه‌رۆكی چیرۆكی له‌لای ههردوونهوه دروستكرد.
چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین ره‌خنه‌یان له چیرۆكنووسانی پێشخۆیان ده‌گرت كه‌ئه‌وان نه‌یانتوانیوه وه‌زیفه‌ی هونه‌ری چیرۆك به‌باشی ئادا بكه‌ن، هه‌واش نه‌یانتوانیوه مامه‌ڵه‌یه‌كی داهێنه‌رانه له‌گه‌ڵا ژانرێكی گرنگی وه‌كو هونه‌ری چیرۆكدا بكه‌ن.
ته‌نانه‌ت ئه‌م جیاوازییانه له‌نێوان هه‌ردوو نه‌وه‌دا هێنده زهقو دیاربوو كه چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین له ناوه‌ڕاستی ساڵی (1998) دا وه‌ك هه‌وڵێك بۆ نوێبوونه‌وه‌ی چیرۆكی كوردیی ، له سلێمانی (یانه‌ی چیرۆك) یان دامه‌زراند، كه خۆم یه‌كێك بووم له‌وان. (هه‌وڵده‌ده‌م له‌كاتێكی تردا بهوردیو به‌درێژی باسی یانه‌ی چیرۆك بكه‌م).
به‌ڕای من چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین توانیان هه‌ندێ گۆڕان‌و نوێبوونه‌وه له‌چیرۆكی كوردییدا بكه‌ن، ئه‌م گۆڕانانه‌ش زیاتر خۆیان له به‌كارهێنانی زمان‌و ته‌كنیك‌و تێڕوانین بۆ كێشه‌كانی مرۆڤدا دهبینییوه.
چیرۆكی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێ چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین هه‌نگاوێك چووه پێشه‌وه‌و تا راده‌یه‌ك رزگاریبوو له‌وه‌ی كه چیرۆك بریتییه له ساده‌گۆیی، یان هه‌ر ته‌نها پانتاییه‌ك بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌تێك، یان روداوێك.. به‌ڵكو چیرۆك وه‌ك كارێكی هونه‌ری ته‌ماشاكرا، كه نه‌هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت بینووسێت، نه‌هه‌موو كه‌سێكیش وه‌كو یه‌ك چێژی لێده‌بینێت، یان ده‌توانێت لێی تێبگات.
ئه‌م تێڕوانینه‌ش ئه‌وه نه‌بێت هه‌ڵچوونێك بێت‌و له‌ناكاوو له‌خۆڕا په‌یدا بووبێت، به‌ڵكو وه‌كو له‌سه‌رێدا ئاماژه‌م پێكرد، بۆ تێفكرینی به‌شێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین ، سه‌باره‌ت به گۆڕینی وه‌زیفه‌ی چیرۆك ده‌گه‌ڕایه‌وه ، نه‌ك شتێكی تر.
چیرۆك له‌لای به‌شێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین بریتیی بوو له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و چهقبهستووییو قاڵبهندییهی كه له‌رابردوودا له چیرۆكی كوردییدا هه‌بوو، سه‌باره‌ت به زمانی گێڕانه‌وه‌و مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵا كات‌و شوێن‌و گرێ‌و پاڵه‌وان‌و كارهكتهرو فلاشباكو فهنتازیاو فرهدهنگییو سه‌ره‌تاو كۆتایی‌و ته‌نانه‌ت ناونیشان‌و بابهتو.. هتد.
زمان ، له‌لای هه‌ندێ چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین ، هه‌ر ته‌نها ئامرازێك نه‌بوو بۆ گێڕانه‌وه‌ی روداو، به‌ڵكو وه‌ك ئامانجێك له ده‌قدا به‌كارهات. كه‌ئه‌مه له رابردوودا نه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت زۆركه‌م بووه‌و وه‌ك خه‌وشێك له‌ده‌قدا دراوه‌ته قه‌ڵه‌م ، نه‌ك وه‌ك لایه‌نێكی ستاتیكیو دره‌وشاوه‌یی ده‌ق.
كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێم ، ده‌بێت دانبه‌وه‌شدا بنێین كه هه‌ندێ چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین هێند به‌چڕی گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵا زماندا كردووه ، دواجار له زمانی واقیعی چیرۆك لایانداوه‌و گۆڕیویانه به زمانی مه‌جازی شیعریی. له‌مه‌ش زیاتر هه‌وڵیان داوه له‌ڕێگه‌ی زمانه‌وه جۆرێك له زه‌خره‌فه‌و هێڵكاریو رهنگو وێنه‌ی ئه‌ندازیاریی له ناو روداوه‌كاندا دروستبكه‌ن، كه سه‌رئه‌نجام جۆرێك له ئاڵۆزی‌و ناڕۆشنییان له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا هێناوه‌ته ئارا، بۆیه خوێنه‌ر ناتوانێت چێژ له‌م جۆره چیرۆكه وه‌ربگرێت .. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له ره‌خنه‌گرانیش ئه‌م هه‌وڵه به خاڵێكی نه‌گه‌تیڤ له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ت، (گه‌مه‌ی زمانی شیعری له چیرۆكدا) من له‌لایه‌ك جۆرێك له زیاده‌ڕه‌وی له‌لای هه‌ندێك له چیرۆكنووس بهدیدهكهمو پێموایه چۆن ناكرێت زمانی چیرۆك هێنده ساده‌و سانا بكرێته‌وه‌و ببێته سادهگۆییو فره‌وێژی بێخێر‌و خاڵیی له هونه‌ری گوتن‌و نووسین، ههرئاوهاش ناكرێت زمان له چیرۆكدا هێند به‌ئاڵۆزی به‌كار بهێنرێت كه دواجار ببێته رێگر له‌به‌رده‌م تێگهیشتنو چێژوه‌رگرتن له‌كۆی پێكهاته‌ی چیرۆكه‌كه.
ئه‌م جۆره چیرۆكنووسانه زۆر منه‌تیان به‌خوێنه‌ر نییه، به‌ڕاشكاوانه دهیڵێنو ده‌یڵێنه‌وه: گرنگ نییه چه‌ند كه‌س چیرۆكه‌كانمان ده‌خوێننه‌وه، یان چه‌ندكه‌س چێژیان لێده‌بینن !
ئه‌مانه قه‌ره‌بووی ئه‌مه به‌وه ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن: له‌كۆی هه‌زاران خوێنه‌ر ، چه‌ند خوێنه‌رێكی جدییامان به‌سه ، با له‌په‌نجه‌ی ده‌ستیش تێپه‌ڕ نه‌كات !
سۆنگه‌ی ئه‌م بیركردنه‌وانه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌مان پێیان وایه چیرۆك كاڵایه‌كی هه‌رزان نییه له بازاڕادا هه‌ڕاج بكرێت.. چیرۆك هونه‌ره ، قه‌دری هونه‌ریش له‌لای هونه‌رمه‌نده، نه‌ك حه‌شاماتێك له‌خه‌ڵكی..
به‌ڕای من ئه‌م بۆچوونانه چه‌ند راستبن هه‌ر نیوه‌یان راستن، چونكه سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌قه زیندووه، یان كاریگه‌ره كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت.. به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی ده‌قیش له رێگه‌ی فره خوێنه‌ره‌وه به‌ده‌ست دێت..
بۆیه وایده‌بینم كه ئه‌م جۆره چیرۆكنووسانه تووشی جۆرێك له زیاده‌ڕۆیی بوونه، له به‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا له‌پێش هه‌ر خوێنه‌رێك ، جۆرێك له غه‌دریان له ده‌قه‌كانی خۆیان‌و خودی هونه‌ری چیرۆك كردووه.
جگه له‌زمان ، له‌سه‌رده‌ستی هه‌ندێك چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین ، ته‌كنیكه‌كانی تری وه‌ك وهسفو گێڕانه‌وه‌و فهنتازیاو.. گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات..
له‌پێش راپه‌ڕێن ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتیی چیرۆكی كوردیی له‌شێوه‌ی هێڵێكی ئاسۆیی درێژده‌بووه‌وه ، سه‌ره‌تاو ناوهڕاستو كۆتایی هه‌بوو. ده‌قنووس له‌سه‌ره‌تاوه وه‌سفی شوێنێك ، یان شتێكی ده‌كرد، پاشان گرێیه‌كی دروستده‌كرد ، له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه، كه‌زۆرجار جیانه‌ده‌كرایه‌وه له وه‌سف درێژه‌ی به روداو‌و حه‌كایه‌ته‌كه ده‌دا، له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌شدا هه‌رخۆی گرێكه‌ی ده‌كرده‌وه..
چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین پێیانوابوو ئه‌م جۆره له‌چیرۆك هه‌رگیز ئاستیی حه‌كایه‌تی تێنه‌په‌ڕاندووه، زۆر تهقلیدیو ساده‌ن، خاڵیین له هونه‌ره‌كانی چیرۆكی هاوچه‌رخ..
بێگومان من وایده‌بینم كه ئه‌م تێڕوانینه ئه‌گه‌ر راستیش بێت، ئه‌وا بۆ هه‌موو چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین راست نین، چونكه به‌شێك له چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین ، وه‌ك حسێن عارف، عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، محه‌مه‌د موكری، شێرزاد حه‌سه‌ن، حه‌مه‌كه‌ریم عارف، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، جه‌لیل كاكهوهس، سه‌ڵاح عومه‌ر، محمد ره‌شد فه‌تاح و زۆری تر ئه‌م بابه‌ته‌یان تێبپهڕاندووه.
له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه له رابردوودا، هه‌ندێك له چیرۆكنووسان له ده‌قه‌كانیاندا جیاوازییان نه‌كردووه له‌نێوان وهسفو گێڕانه‌وه‌دا.. جیاوازییان نه‌كردووه له‌نێوان زه‌مه‌نه جیاجیاكانی چیرۆكدا.. فه‌نتازیا له‌رابردوودا ئه‌گه‌ر هه‌بووبێت له‌چیرۆكی كوردیدا ئه‌وا پانتاییه‌كی كه‌می هه‌بووه‌و به‌جوانیش مامه‌ڵی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه.. قوڵبوونه‌وه به ناخ‌و سایكۆلۆژیای پاڵه‌وان‌و كاره‌كته‌ره‌كاندا له‌ئاستێكی نزم‌و ساده‌و ساكاردا بووه.. به‌شێك لهچیرۆكنووسانی كورد له‌ڕابردوودا له ده‌قه‌كانیاندا هه‌میشه پاڵه‌وانی سۆپهرمانیان به‌رهه‌مهێناوه، كه‌ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵا كه‌سایه‌تی تاكی كوردییدا..
ئه‌مانه‌وه چه‌ندین ره‌خنه‌و سه‌رنجی تر له‌سه‌ر ته‌كنیك‌و پێكهاته‌كانی تری چیرۆك، چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین هه‌یانبوو له به‌شێك له چیرۆكنووسانی پێش خۆیان..
لێره‌دا پرسیارێك ره‌وایه بكرێت ئه‌وه‌یه: ئایا چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین كه ئه‌م ره‌خنانه له نه‌وه‌ی پێشخۆیان ده‌گرن، خۆ‌یا توانیویانه به‌شێوه‌یه‌كی زانستیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا ته‌كنیك‌و پێكهاته‌كانی تری چیرۆكدا بكه‌ن؟ ئایا توانیویانه ئه‌و كه‌لێن‌و بۆشاییانه‌ی كه هه‌بووه‌و هه‌یه له چیرۆكی كوردیدا پڕبكه‌نه‌وه؟
ئێمه وایده‌بینین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ئاسان نین‌و پێویستییان به سه‌لماندنی زانستیی‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی ورد هه‌یه.. كه هیوادارین لێكۆڵهرانو ره‌خنه‌گران كاری له‌سه‌ر بكهنو وه‌ڵامێكی زانستیی ئه‌م پرسیارانه بده‌نه‌وه..
به‌كورتیی بڵێم: له‌سه‌ر ده‌ستیی هه‌ندێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین، چیرۆكی كوردیی له‌ڕوی ته‌كنیك‌و بابه‌ته‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، به‌ڵام گۆڕان ده‌بێت سیفه‌تی به‌رده‌وامی هه‌بێت، ناكرێت له‌شوێنێكدا رابووه‌ستێت.
samadahmd@yahoo.com