
کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و گوڵه‌گه‌نمه‌کانی سه‌رشانی …. ئیبراهیم ئیسماعیل‌پوور
ئاماژه: هه‌موو ده‌زانین کهئوستووره مێژوو نییه و ناتوانین به‌تیۆرییه مێژووییه‌کان بیخوێنینه‌وه. ئوستووره له‌خۆیدا هه‌ڵگری مانایه‌کی نه‌گۆڕ و راسته‌وخۆ نییه. ته‌نیا شێوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه‌یه که ده‌توانێ مانایه‌کی سه‌رده‌میانه‌ی پێ ببه‌خشێت. ئێمه‌ین که ئوستووره ده‌خه‌ینه چوارچێوه‌ی دیالۆگه‌وه و وه‌کوو دارێکی به نهشهوشنه دهیرازێنینهوه و لق و پۆیی پێ ده‌به‌خشین. مێژوو نه‌بوونی ئوستووره به‌مانای ئه‌وه نییه که هه‌رکه‌س ده‌توانێ له‌سه‌ری بدوێ و خۆی به پسپۆڕی ئه‌م بواره بزانێ. هه‌ر ئه‌مه ده‌خوازێت که بۆ شیکاری و باس له سه‌ر ئوستووره دوو خاڵی گرینگ وه‌به‌رچاو بگرین، 1ـ ئوستووره ئه‌شێ ئوستووره‌ناس کاری له‌سه‌ر بکات و به مێتۆده تایبه‌ته‌کان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکرێت. ئوستووره‌یه‌ک ده‌توانێ ببێته رۆژه‌ڤی رۆشنبیران و زانایانی گه‌لێک، که له کێڵگه‌ی بیری ئوستوورهناسێکدا به‌رهه‌م هاتبێ و به به‌رده شۆرکراوی خرابێته به‌رده‌ستی زانایانیتر. که وابوو ئه‌مه کاری شاعیر و مێژووناس و که‌سانی ئایینی و … هتد نییه. 2ـ به پێی ئه‌وه‌ی که ئوستووره ره‌نگدانه‌وه‌ی هۆگریه شوناسیهکانی نه‌ته‌وه‌کانه و له بیری شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێ، رۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌یی و بیروڕای گشتی ده‌توانن له‌درێژخایه‌ندا گۆڕانکاری به‌سه‌ر بێنن. رۆشنبیران له چه‌مکه ئوستوورهییهکاندا گۆڕانکاری پێک دێنن و ده‌یانکه‌نه هه‌وێنی چه‌مکی به‌رگری و به پێی پێویستی نه‌ته‌وه‌که‌یان هه‌موو نوێ کاری یه‌کی دڵخوازی به‌سه‌ردا دێنن و ده‌یخه‌نه به‌رده‌م رای گشتی. ئه‌مه رای گشتییه که بڕیار ئه‌دات ئاخۆ وه‌ری ده‌گرێ یان به سه‌ندووقی فه‌رامۆشی ده‌سپێری. که وابوو هه‌رجۆره مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ئوستوورهکانماندا به‌ده‌ر له‌م چوارچێوه‌یه کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی نابێ و هه‌وڵی دژبه‌رانی ئوستووره ساغه‌که بێ‌ئاکام ده‌مێنێته‌وه.
کورد به‌هۆی باوه‌ڕ به خۆنه‌بوون و خۆ به‌که‌م زانین تا ئێستا دایمه چاوی له‌وه بووه که گه‌لانی باڵاده‌ست و ده‌ورووبه‌ری ددانی پێدابنێن. ئه‌م گه‌له نه‌یتوانیوه جارێک له جاران ببێته ئاوێنه‌ی باڵانوێنی خۆی و به چاوێکی خۆماڵیانه و دڵسۆزانه له قه‌ڵافه‌تی خۆی رابمێنێ و پێناسه‌یه‌کی کوردانه‌ی له خۆی هه‌بێ. ئه‌مه مێژوویه‌کی دوور و درێژی هه‌یه و تا ئێستاش هه‌ر قیره و به که‌وای سپی کورده‌وه نووساوه. ئه‌م دیارده ناله‌باره به‌زه‌قی به هه‌موو لایه‌نه‌کانی فه‌رهه‌نگ و شارستانیه‌تی کورده‌وه دیاره. ئه‌م گه‌له نه‌یوێراوه و نه‌یانهێشتووه به زمان و قه‌ڵه‌م و که‌ره‌سه‌کانی تر خۆ ده‌ربڕێ و باسێک له خۆی بکا. هه‌رکه‌س له ده‌ره‌وه‌ی جه‌غزی کوردبوونه‌وه سه‌ری کێشاوه‌ته ناوه‌وه، گۆڕه‌پانی بۆ نووسین و باسکردن و مێژوونووسین و پێناسه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خاڵی دیوه و به بیروبۆچوونی خۆی ئه‌م کارانه‌ی بۆ کورد کردووه. هه‌ر له یه‌که‌م کتێبی مێژوویییه‌وه وه‌بگره تا ده‌گاته یه‌که‌م فیلمێک که ساڵه‌کانی 1926 و 1927 له سه‌ر کورد دروستکراوه و وێده‌چێ کاری ئه‌رمه‌نیه‌کانی روسیه‌ی ئه‌وکات بێ و هه‌روه‌ها هه‌موو روونکردنه‌وه مێژوویی و تیشک خستنه سه‌ری ده‌قه ئه‌فسانه‌ییه کۆنه‌کان و له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌ش ده‌توانین ئاماژه به ده‌یان شتی تر بکه‌ین که هه‌رکام به جۆرێک جێگه په‌نجه‌ی ناکوردێکی پێوه دیاره. وه‌کوو نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاو ده‌توانین ئاماژه به مه‌زن زانینی ئه‌و هونه‌رمه‌ند و شاعیرانه بکه‌ین که تا هونه‌رمه‌ند و شاعیرانی گه‌لانی تر باسیان نه‌کردن، ئێمه به مه‌زن و گه‌وره‌مان نه‌زانین. تا عه‌ره‌به‌کان ددانی خێریان به مامۆستای گۆرانی و مه‌قامی کوردی عه‌لی مه‌ردانی مه‌زندا نه‌هێنا، ئێمه وه‌کوو لووتکه نه‌مانناسی. تا شه‌جه‌ریانی گۆرانیبێژ و گه‌وره هونه‌رمه‌ندی فارس باسی مامۆستایی و مه‌زنبوونی سه‌ید ئه‌سکه‌ری کوردستانی نه‌کرد، ئێمه تا ئه‌و راده رێزمان لێ نه‌گرت. تا وێنه‌ی شاملووی شاعیرمان له‌گه‌ڵ مامۆستا شێرکۆ بێکه‌س نه‌دی، به مه‌زنبوونی شێرکۆمان نه‌زانی. بۆ به‌ڵگه هێنانه وه بۆ مه‌زنایه‌تی که‌ڵه پیاوێکی مێژووی هه‌نووکه‌یی کورد چاومان بڕییه ده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌یه‌کی کێبه‌رکێی ده‌نگ و ره‌نگی ناوه‌ندی، له تاران. ئێمه ئێستاش بۆ ناسینی خۆمان په‌نا ده‌به‌ینه‌به‌ر ئاسه‌واری رۆژهه‌ڵات ناسه‌کان و له دێڕهنووسراوهکانی ئه‌واندا خۆمان ده‌بینینه‌وه. سه‌یرتر له‌وه ئه‌وه‌یه که بۆ ناسینی ئه‌و زمانه‌ی که خۆمان ده‌یزانین و قسه‌ی پێده‌که‌ین، دیسان په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر ئه‌وان. هه‌میشه چاومان له‌وه بووه که‌سێک له ده‌ره‌وه‌ی جه‌غزی کوردبوونه‌وه لێمان بڕوانێ و مهوجوودیهتمان به حه‌ق بناسێنێ. که له‌م بواره‌ش دا ده‌توانین ئاماژه به رۆژهه‌ڵاتناسان و به‌شێک له نووسه‌رانی رووسی بکه‌ین که له سه‌ر کورد شتیان نووسیوه. له لایه‌کی تره‌وه ره‌نگه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر به‌قه‌د کورد کاره‌سات و فاجعه‌ی ئه‌زموون نه‌کردبێ. ئاخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته چیمان کردووه؟ ئه‌و کاره‌سات و فاجعه گه‌ورانه‌مان نه‌کردووه‌ته فاکته‌ری دروستکردنی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تیمان. ئه‌وه تا ده‌بینین به درێژایی مێژوو سینگ به سینگ، کراسی عوسمان و هۆلۆکاست و کوشتاری بێبه‌زه‌ییانه‌ی ئه‌رمه‌نیه‌کان و مه‌زڵوومیه‌تی فه‌له‌ستین و کۆکوژیه‌کانی جیهانی و ئیفلیجکردنی هێرۆشیما و ده‌یان کاره‌ساتی جه‌رگبڕی تری جیهان بۆ به‌ره‌کانمان ده‌گێڕینه‌وه. به‌ڵام قه‌ت جارێک له‌جاران باسی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و شه‌هیدکردنی کۆمار و پاکتاوکردنه‌کان و ده‌یان کاره‌ساتی دڵته‌زێنی ترمان بۆمنداڵانمان نه‌گێڕاوه‌ته‌وه. ئێمه ناکوردتر و عه‌ره‌بتر له هه‌موو خه‌ڵکانی ناوچه بێده‌نگی کۆنفرانسی ئیسلامی سه‌رده‌می کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌مان به ئاسایی و یاسایی زانی. ئێستاش هه‌ر تاکێکی کورد هه‌موو کاره‌ساته‌کانی جیهانی عه‌ره‌ب ده‌زانێ و خۆی وه‌کوو تاکێکی موسوڵمان لهجهرگهی ئه‌و کاره‌ساتانه‌دا ده‌بینێ. به‌ڵام موخابن ته‌نیا له ساڵرۆژی کاره‌ساته کوردیه‌کاندا شته‌کانمان بیر ده‌که‌وێته‌وه و هه‌روه‌کوو پێشتریش باسمان کرد، جه‌نایه‌تی جه‌نایه‌تکاران ده‌پۆشین. تراژدیا له مێژووی ئێمه دایمه ده‌گاته لووتکه. دوژمنانمان کاره‌ساتمان به‌سه‌ر دێنن و به سه‌دان شێوه، کوشتن و بڕین و ته‌جاوز پێکردن شاڵاومان ده‌که‌نه سه‌ر، که‌چی ئێمه زۆر حه‌کیمانه له‌سه‌ر ئه‌وانی لاده‌به‌ین و تهبرهئهیان ده‌که‌ین. ئێستاش کوردێک حازر نه‌بووه له‌به‌رچاوی راگه‌یه‌ندراوه گشتییه‌کاندا ئاماده بێت و باس له ته‌جاوزێک بکا که پێی کراوه. ئه‌مانه و سه‌دان نموونه‌ی تری ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنن که ئێمه خۆمان نه‌خستۆته پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌بوونه‌وه و کارێکی جیددیمان بۆ نه‌کردووه. ئه‌م پێشه‌کییه کورته‌م له‌به‌ر ئه‌وه هێنایه گۆڕێ که به ئاسانی بچمه ناو باسی نه‌ورۆزه‌وه. ره‌نگه که‌س له‌وه لاری نه‌بێ که نه‌ورۆز جه‌ژنی زۆربه‌ی گه‌لانی ناوچه‌که‌یه. له هیندوستانه وه‌ربگره تا ده‌گاته تورکیا. که به‌شێک له گه‌لانی هیندی و گه‌لانی به‌لووچ و لوڕ و فارس و کورد و تورکمان و ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش له خۆ ده‌گرێ. ره‌نگه له که‌سیش ئاشکرا نه‌بێ که کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی ناوداری ئه‌م ناوچه‌یه له که‌یه‌وه خاوه‌نی جه‌ژنی نه‌ورۆزه و له که‌یه‌وه رێزی لێده‌گرێ و وه‌کوو جه‌ژنێکی مه‌زن چاوی لێده‌کات. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه ده‌زانین که تیشکی ئاگری نه‌ورۆز به‌شێک له ژیانی کوردانه. ئه‌م ئاگره پیرۆزه‌مان به‌داستانی حه‌ماسی کاوه و زوحاکه‌وه گرێ داوه. له‌ده‌یان سه‌ده له‌وه‌پێشه‌وه سینگ به‌سینگ ئه‌م چیرۆکه‌مان پاراستووه که: قاره‌مانێکی کورد به ناوی کاوه له سه‌رده‌مێکی پڕ له جه‌ور و سته‌مدا و له زه‌مانی پاشایه‌تی مرۆخۆرێکی وه‌کوو زوحاکدا قۆڵی لێ هه‌ڵماڵیوه و تاج و ته‌ختی ئه‌م پاشایه‌ی تێک داوه و به‌سزای خه‌یانه‌ته‌کانی گه‌یاندووه و ئه‌م مهزنایهتییهی وه‌کوو میراتێک بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی به‌جێ هێشتووه. به‌ڵام کاتێ ویستوومانه وه‌کوو تیۆری و ده‌ق به‌ڵگه‌یه‌کمان بۆ نه‌ورۆز هه‌بێت. دیسان وهرگهڕاوینهتهوه سه‌ر تیۆری و ده‌قی نووسه‌رانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی که که‌ڵه‌شێری خۆی به له‌په‌وه لێناوه و کیان و ده‌سه‌ڵاتی پێک هاوردووه و چی تر بۆ ناسین و به ئامانج گه‌یشتنه‌کانی، حه‌وجێی به نه‌ورۆز نه‌ماوه. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که به پێچه‌وانه‌ی ئێمه جوگرافیای فه‌رهه‌نگی خۆی له ناسنامه فه‌رهه‌نگیه‌کان ئاخنیوه و بوون و نه‌بوونی نه‌ورۆز ره‌نگه چ شوێنێکی کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و نه‌بێ. هه‌ربۆیه نووسه‌ری به‌ناو بانگ و خامه‌ره‌نگین ئه‌حمه‌دی شاملوو به نووسینی وتارێکی سه‌رده‌میانه له نه‌ورۆز هه‌ستاوه. ئه‌م نووسه‌ر و شاعیره گه‌وره‌یه‌ی فارس به ده‌رککردنی ئه‌م راستییه که ئیتر ئه‌وان بۆ تازه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه و ئوستووره‌کانیان ده‌توانن هه‌ر جێگۆڕکێیه‌ک به قاره‌مانه‌کانیان بکه‌ن و ته‌نانه‌ت بۆ زیندوو راگرتنی نه‌ورۆز وه‌کوو فه‌رهه‌نگ و دووباره وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته فه‌رهه‌نگییه، خائین و چه‌واشه‌کار بکه‌ن به قاره‌مان و گهلخۆشهویست و مرۆڤه رزگاریده‌ره ئوستوورهییهکهش به خائین ناوبه‌رن، ئه‌م کاره‌ی له‌گه‌ڵ نه‌ورۆزدا کردووه و خوێندنه‌وه‌یه‌کی نائاسایی و پیچه‌وانه‌ی له نه‌ورۆز بووه. له‌م پێچه‌وانه خوێندنه‌وه‌ی شاملوودا، کاوه پیاوێکی خه‌یانه‌تکار و گهلفرۆش بووه و به گژ پاشای عادڵ و گه‌ل خۆشه‌ویست، زوحاکی دادپه‌روه‌ردا چووه و له ئاکامدا تانج و ته‌ختی پاشای کوردانی تێک داوه و ده‌سه‌ڵاتی به نه‌ته‌وه‌کانی تر به‌خشیوه. ئه‌مه هه‌ر وه‌کوو باسمان لێ کرد و له کاتی خۆشی‌دا له گۆڤاری ئه‌ده‌بستانی چاپی تارانیشدا له‌گه‌ڵ چاپی وتاره‌که‌ی شاملوودا هاتبوو، هیچ له راستییه‌که‌ی داستانی کاوه‌ی ئاسنگه‌ر و زوحاکی نه‌ده‌گۆڕی. شاملووش مه‌به‌ستی تێکدانی بارهماناییهکهی نه‌ورۆز وه‌کوو سیاسیه‌ت نه‌بوو. به‌ڵکوو ته‌نیا ئامانجی ئه‌و وه‌گه‌ڕ خستنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌فسانه‌ی نه‌ورۆز بوو. هاتبوو له ترسی بۆژۆبوونی باسه‌که روواڵه‌تێکی تری پێ به‌خشیبوو. شاملوو ده‌یزانی که ئه‌مه له‌سه‌ر گه‌لی فارس وه‌کوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست هیچ شوێنێکی نه‌رێنی دانانێ و ته‌نانه‌ت ده‌بێته کۆڵه‌که‌یه‌کی ئه‌ستووریش و ده‌ردێته بن هه‌نگڵی فه‌رهه‌نگه‌که‌یان. ئه‌م کاره‌ی ئه‌حمه‌دی شاملوو له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له زاری گرووپێکی ئایینی شیرین دێ و ده‌بێته بنێشته‌خۆشکه‌ی سه‌ر زاریان و ده‌یکه‌نه گۆپاڵی ده‌ستی دژ به نه‌ورۆز و که‌له‌پووری کوردی‌یان. ئه‌مه له حاڵێکدایه که ئه‌وان هیچ کام له به‌رهه‌مه‌کانی تری شاملوویان پێ باش نیه و ته‌نانه‌ت خۆشی به که‌سێکی باش ناودێر ناکه‌ن. بۆ ئه‌وان که باسی نه‌ته‌وایه‌تی له پله‌ی دووهه‌م و سێهه‌مدایه و ئامانجی سه‌ره‌کییان پیاده‌کردنی یاسا و نه‌ریتی شه‌ریعه‌تی سوننه‌کانه، نه‌ورۆز به تێکده‌ری ئه‌م بیرۆکه‌یه ده‌زانن و ته‌نیا رێگای گه‌یشتن به‌و ئاواتانه له لابردنی جه‌ژن و فه‌رهه‌نگه خۆماڵیه‌کاندا ده‌بینن. هه‌ربۆیه زۆر به خه‌ستی کاری بۆ ده‌که‌ن و له جه‌ژن و ئائینه‌کانی نه‌ورۆزدا به‌شدار نابن و ته‌نانه‌ت به‌شداربوانی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سێزده‌به‌ده‌ر به جاهیل ناو ده‌به‌ن. پێیان وایه هه‌رکه‌س به‌ره‌وپیری نه‌ورۆزه‌وه چوو بێئه‌خلاق و دۆڕاو و خائینه. ئه‌م بیرۆکه‌یه فڕی به‌سه‌ر ئه‌و راستیه‌وه نییه که کورد وه‌کوو یه‌کێ له نه‌ته‌وه یاساغه‌کانی ناوچه‌که پێویستیه‌کی زۆری به باری مانایی سیاسی نه‌ورۆز هه‌یه و بۆ لابردنی کێشه سیاسی و شوناسیهکانی خۆی له نه‌ورۆز وه‌کوو هه‌ڵگری باری سیاسی و شوناسی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. ئه‌م راستییه‌شیان له‌به‌رچاو نییه که ئێمه‌ی کورد ره‌نگه نه‌توانین بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، یاخۆ لانی که‌م که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست له سه‌رمان، هیچ شتێکی تر له‌م حاڵه‌ته‌دا بکه‌ینه ئاڵترناتیوی نه‌ورۆز. ئه‌بێ ئه‌وه‌مان له بیر نه‌چێ که ئێستا نه‌ورۆز له باکووری کوردستان رۆڵێکی زۆر گرینگ و حه‌یاتی ده‌گێڕێ و بۆ دروستبوونی شوناسی کورد و جیابونه‌وه‌ی له نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست یه‌که‌م شته. نه‌ورۆز ده‌توانێ هێمای یه‌کگرتوویی خه‌ڵک بێت. ئێمه له باتی باس له دنیای فانتزی کردن و بیرکردنه‌وه له یۆتۆپیای عه‌داڵه‌تی سه‌نته‌ری هه‌رگیز رووناکی نه‌دیوی جیهانی مهتافیزیک و ملکه‌چ کردن بۆ مێژووی به چه‌واشه راگوێزراوی به سه‌ردا داسهپاوماندا ده‌توانین بیر له ئه‌مری واقعی نه‌ورۆز بکه‌ینه‌وه و به کرده‌وه بیسه‌لمێنین که هه‌رده‌م له جووڵانه‌وه و ئاڵوگوڕ پێکهێناندا بین و هه‌ر ساڵ به نووسینی جه‌ژنه پیرۆزه به تیشکی ئاگر ره‌مزی مانه‌وه‌مان له گیرفانی که‌وای مرادخانی مێژووی هه‌رده‌م زیندوومان بخه‌ین. له باتی به حهرامزانینی نه‌ورۆز و یاساغکردنی، ده‌بێ ژیرانه ئوستوورهکه بۆ خۆمان دروست که‌ینه‌وه و به خوێندنه‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه نه‌ورۆز بکه‌ینه‌وه به ره‌مزی ده‌گژ زاڵم راچوون و شوناسێکی کوردانه. چی تر گوتاری زاڵ به سه‌ر خۆماندا به‌رهه‌م نه‌هێنینه‌وه و نه‌ورۆز به جۆرێک بکوردێنین که بۆ هه‌ر تاکێکی کورد فام بکرێ و له جێی پشتبه‌ستن به ده‌قی شاملوو و نووسه‌رانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، پشت به نووسه‌ران و شاعیران و ئوستوورهناسانی خۆماڵی و ده‌قه به‌رهه‌م هاتووه‌کانی گه‌له‌که‌مان ببه‌ستین. بۆ کورداندنی نه‌ورۆز پێناسه‌یه‌کی نوێمان پێویسته. کورد ئه‌شێ خۆی فه‌رهه‌نگه‌که‌ی پێناسه بکاته‌وه و بۆ باسی نه‌ورۆزیش هه‌ر خۆی به موئهلیفهکانی نه‌ورۆزدا بێته‌وه. خراپه‌کانی لێ ههڵوهژێرێ و خاڵه باشه‌کانی زه‌ق بکاته‌وه. تا ئه‌و راده‌یه که نه‌ورۆز ببێته به‌شێکی به‌رچاو شوناسی نهتهواویهتیمان. به روانگه‌یه‌کی پراگماتیستیانهوه بڕوانینه نه‌ورۆز. وه‌کوو نه‌ته‌وه هه‌رچی خێر و بێری بۆمان نه‌بوو بیخه‌ینه پشت گوێ و به گیان و دڵ ئه‌وه‌ی تری بپارێزن. ئه‌وه‌ش حاشا هه‌ڵنه‌گره، ئێمه‌ش بۆمان هه‌یه پاش به ئاکام گه‌یشتنی پرۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه‌بوونی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتمان، هه‌ر ئه‌و کاره له‌گه‌ڵ نه‌ورۆز و ئه‌فسانه‌کانی ترماندا بکه‌ین که نووسه‌ر و شاعیری گه‌وره ئه‌حمه‌دی شاملوو کردی. به‌ڵام ئێستا ته‌نیا جه‌ژنێک که ده‌توانێ هه‌موو کوردان پێکه‌وه گرێ بدات و له بن سێبه‌ری خۆی کۆیان کاته‌وه، جه‌ژنی نه‌ورۆزه. هه‌ربۆیه ده‌توانین بیکه‌ینه هه‌وێنی دروستکردنی به‌ره‌به‌یانێکی گه‌ش و لێک نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی بێ ئه‌م لا و لا. نه‌ورۆز به‌شێک له کولتووری ئێمه‌ی کورده که هه‌رده‌م ده‌توانین بیخه‌ینه بازنه‌ی دیالۆگه‌وه و به که‌یفی دڵمان ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر بێنین. تا به‌و شێوه ده‌ردێ که ده‌توانێ ببێ به هۆکاری رزگاریمان. ره‌نگه چاک وابێت که نه‌ورۆز له حاڵه‌تی عاده‌تی و ئاساییه‌که‌ی ده‌ربێنین و بۆ حاڵه‌تێکی مانادارتر و بهرگریانهتر و ئیختیاری تری بگوێزینه‌وه. وه‌کوو باسی کۆتایی ده‌بێ بڵێم: به هۆی ئه‌وه‌ی که بارودۆخی کورد له ناوچه‌که‌دا له هه‌موو گه‌لانی تر جیاوازه. ئه‌شێ نه‌ورۆز و کولتووریش جیاواز بێت. هه‌ر ئه‌مه ده‌خوازێ که ئێمه روانگه‌یه‌کی جیاواز له گه‌لانی ترمان له نه‌ورۆز هه‌بێت. له ئه‌فسانه‌ی نه‌ورۆزی کورددا زوحاک پاشایه‌کی زاڵم و مێشکخۆره و به نیشانه‌ی مرۆخۆری و دڕنده‌یی دوو ماری له سه‌رشانه و کاوه‌ش مرۆڤێکی رزگاریده‌ره که له سه‌رشانی دوو گوڵه گه‌نم به نیشانه‌ی خۆشه‌ویستی ژیان و عه‌شق بۆ ئازادی رواوه.