Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
خولانه‌وه‌ی بێ ئاکام له‌ بازنه‌ی دین و نه‌ته‌وه‌دا؟!….عوسمان_ م

خولانه‌وه‌ی بێ ئاکام له‌ بازنه‌ی دین و نه‌ته‌وه‌دا؟!….عوسمان_ م

Closed
by March 15, 2008 گشتی

چینه‌ حاکم و ده‌سه‌ڵات داره‌کان و ئوپوزسیونه‌کانی هاوچینیان، که‌ شه‌ری ئه‌وان شه‌ری ده‌سه‌ڵات و به‌شه‌ ده‌سه‌ڵاته‌ و ئازادی و مافی مرۆڤ و دێموکراسییان کردوه‌ته‌ ئامراز و خۆێان پێیدا هه‌ڵواسیوه‌، به‌ درێژایی مێژوو و ئێستاشی له‌سه‌ر بێ، بۆ مانه‌وه‌ی خۆێان له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات! یان گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات! هه‌موو مێتود و خه‌ێانه‌ت و فروفێڵێکیان به‌کار هێناوه‌. جیاواز له‌ داموده‌زگای سه‌رکوت و داپڵۆسینی وه‌ک پۆلیس، سه‌گ، راوه‌دونان، گرتن و زیندان، شکه‌نجه‌ و ئێعدام، به‌رده‌وام ناوه‌نده‌کانی پروپاگانده‌ی دینی، ته‌عه‌سوبی عه‌شیره‌یی و قه‌ومی، ره‌گه‌زی، ئاڵا و سنوریشیان گه‌رم راگرتوه‌ و له‌م دیاردانه‌ باوه‌ر و کولتور و قودسیه‌تی ده‌ستکردیان دروست کردوه‌. هه‌ویه‌ی ئینسانی میله‌تانیان ناوه‌ته‌ ژێر پێ و ئه‌م هه‌وێه‌ کازبانه‌ێان له‌ جێی داناوه‌. به‌م شێوه‌ێه‌ توانیویانه‌ مرۆفه‌کان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ و دینی جۆراوجۆردا دابه‌ش به‌که‌ن. له‌سه‌ر‌ سنوره‌ ده‌ستکرده‌کان و دینه‌ ده‌ستکرده‌کان به‌یه‌کتر به‌ کوشتیان بده‌ن. به‌ هه‌زاران شه‌ری گه‌وره‌ی جیهانی و ناوچه‌یی وه‌رێ بخه‌ن. هه‌زاران شه‌ری نه‌ته‌وه‌یی، مه‌زهه‌بی، عه‌شیره‌یی و حیزبی دارێژن و به‌شه‌ریه‌ت له‌ خوێنی خۆیدا بگه‌وزێنن. به‌ پێی قازانج و به‌رژه‌وه‌ند و حاکمیه‌تی خۆێان هه‌ر کاتێک پێویستی کردبی شریان راگرتوه‌ و دیسان هه‌ڵیان گیرساندوه‌ته‌وه‌. له‌ دۆزه‌خی خودای ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌نددا‌ میله‌تان و خه‌ڵکانی ژێر ده‌ستیان کردوه‌ته‌ سوته‌منیی پاراستنی  خوداکان و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکرده‌کان، رێبه‌رانی دینی و قه‌ومی که‌ ده‌ستیان داوه‌ته‌ ده‌ستی یه‌ک و ته‌واوی هێز و توانای مادی و مه‌عنه‌وی کومه‌ڵگاکانیان بۆ دوژمناێه‌تی و شه‌ر، بۆ خه‌ره‌فاندن و فریودان به‌کار هێناوه‌.
یه‌کێک له‌و میله‌تانه‌ی که‌ گیروده‌ی خودا و سه‌رکرده‌ و باوه‌ره‌‌ ده‌ست کردکانی تری خۆێه‌تی، میلاتی کورده‌ که‌ به‌ هۆی تێنه‌گه‌یشتن و نائاگایی له‌ هۆکاره‌ سروشتی و میکانیزمه‌کانی ژێر ده‌سته‌ بونی، توشی ترس و نا ئه‌میدی هاتوه‌ و یان توشیان کردوه‌. ئه‌م میله‌ته‌ بۆ رزگار بون له‌م ترس و نا ئومیدیه‌ په‌نای بۆ قودسیه‌ته‌ ده‌ستکرده‌کان و باوه‌ره‌ خۆرافیه‌کان برده‌وه‌ که‌ به‌رده‌وام خۆشی له‌ به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ێاندا ده‌ستی هه‌ێه و ده‌ێان په‌ره‌ستێ‌. ئه‌م جۆره‌ باوه‌رانه‌، یانی باوه‌ری ناسیونالیستی و دینی که‌ زاده‌ی عه‌قلیه‌ت و ئامرازی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی ره‌گه‌ز په‌ره‌ستانی دیکتاتۆره‌ فاشیه‌کان و‌ خورافاتی دینییه‌، واته‌ ترس له‌ دیارده‌ نه‌ناسراوه‌کانی سروشت‌‌ که هه‌مان به‌ناو هێزه‌کانی باڵاتر له‌ سروشته‌ به‌ درێژایی سه‌ده‌کان ته‌ڵقین کراوه‌ به‌ به‌شه‌ر، بێجگه‌ له‌ شه‌ر و دۆژمناێه‌تی، خوێرشتن و کاولکاری، نه‌فره‌تی دینی و قه‌ومی هیچ به‌رهه‌م و ده‌سکه‌وتێکیان بۆ به‌شه‌ر نه‌بوه‌.
میله‌تی کورد دینێکی به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌ که‌ ئه‌م دینه‌ نه‌ک هه‌ر هیچ ده‌ستکه‌وتێکی بۆ ئه‌م میله‌ته‌ نه‌بوه‌، به‌ڵکوو به‌ شێوه‌ێه‌ک وروکاسی کردوه‌ و له‌ خۆی نامۆی کردوه‌ . ئه‌م نامۆ بونه‌ش به‌ جۆرێک چه‌سپێندراوه‌ که‌ له‌ دژی خۆی و له‌ پیناو خاوه‌نانی ئه‌م دینه‌دا به‌کار هێنراوه‌ته‌وه‌.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌ دێته‌ گۆری که‌ بۆچی میله‌تی کورد ئه‌م دینه‌ به‌ دینی خۆی ده‌زانێ و ته‌نانه‌ت روناکبیرانی خۆی که‌ تێکۆشاون کورد له‌م وایروسه‌ نه‌جات بده‌ن! ده‌کۆژێ؟ پێشتر باسی ئه‌وه‌م کرد که ده‌سه‌ڵاتدار و ده‌سه‌ڵاتخواز هه‌مێشه‌ هه‌ستی نه‌ته‌ویی و دینییان به‌کار هێناوه‌ بۆ پاراستن و یان گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات. سه‌ران و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد چ پێشتر و چ ئێستاش له‌م رێگاێه‌وه‌ توانیویانه‌ خۆێان بسه‌پێنن. سه‌رانی کورد دینی ئیسلامیان کردوه‌ته‌ دینی ره‌سمیی کورد و به‌رده‌وام به‌رهه‌میان هێناوه‌ته‌وه‌. وتاره‌کان و به‌رنامه‌کانی رادیو و رۆژنامه‌ و ته‌له‌ڤیزیونه‌کانیان به‌ قورئان ده‌ستی پێ کردوه‌‌. له‌ لاێه‌کیتروه‌، نه‌ته‌وه‌ و ئاڵا و نیشتمان لای سه‌رانی ناسیونالست-ئیسلامیستی کورد ته‌نیا بریتیه‌ بوه‌ له‌‌ کورسی ده‌سه‌ڵات و حاکمیه‌تی خۆێان. مێشک و کولتور و کۆمه‌ڵگای کوردیان ئالوده‌ به‌ تاعونی دینی ئیسلام کرد! به‌س له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی خۆێان. هۆه‌که‌شی ئه‌وه‌ێه‌ که‌ دینی ئیسلام‌ باشترین وه‌سیله‌ێه بۆ فریودان و خه‌ڵه‌تاندن و ترساندنی ئینسانه‌کان له‌ دوزه‌خێکی درۆینه‌ و ده‌ستکرد. به‌ حوکمی قورئان‌ که فه‌رمانی خودای ده‌ستکردی عه‌ره‌بی هار و بیماری ئیسلامییه‌،‌ ئینسانه‌کان ده‌بێ به‌ هه‌مو به‌دبه‌ختی و هه‌ژاری و مه‌رگ و میرێک که‌ هه‌ێانه‌ رازی و شاکر بن. هه‌ر به‌ڵاێه‌کیان به‌سه‌ردا بێت‌ کاری خواێه‌ و ئه‌وه‌ی نارازی بێ منافق و کافر و شه‌یتانه‌ و دۆزه‌خ جێگاێه‌تی. ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان خودا پێی داون و نابێ حه‌سودییان پێ ببرێ، هه‌ژاره‌کان خودا هه‌ژاری کردون و ئه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندی و نه‌دارییه‌ بۆ تاقی کردنه‌وه‌ێه‌. ته‌نانه‌ت نه‌ک نارازی بون، باس کدرنیشی کوفره‌.
ئه‌وه‌یکه تا ئێستا به‌ کرده‌وه‌ بۆمان ده‌رکه‌وتوه‌ و سه‌لمێندراوه‌، ئه‌م راستیه‌ێه‌ که‌‌ ئاگایی و هوشیاری پله‌کانی گه‌یشتن به‌ ئازادییه‌! ئازادی به‌ مانای سه‌ربه‌خۆ بیر کردنه‌وه‌ و گیرۆده‌ نه‌بون له‌ بازنه‌ی باوه‌ره‌ خورافی و ده‌ستکرده‌کانه‌.  وه‌رگرتن یان قه‌بوڵ کردنی هه‌ر باوه‌ر و ئایدولوژیاێه‌ک به‌ بێ لێکدانه‌وه‌ی مه‌نتقی و زانستی و ئاگاهانه‌، وه‌ک وایروس و باکته‌ریا له‌ناو مێشک و ده‌رونی ئینسانه‌کاندا هێلانه‌ ده‌کا و ده‌بێته‌ هۆی له‌ کار خستنی عه‌قڵ و هۆش و مێشک. هه‌رکه‌ جێی خۆی له‌ مێشكدا کرده‌وه‌، خێرا‌ باوره‌ خورافی و ده‌ست کرده‌کان له‌ جێگای شعور و فام داده‌نێ و له‌ ئاکامدا ئازادی و بونی تاک و کۆمه‌ڵ له‌ ناو ده‌با.
خه‌ڵکانێک که‌ به‌ ته‌ڵقینات و به‌ بێ لێک دانه‌وه‌ی مه‌عریفه‌تی و زانستی و ئاگایی باوه‌ره‌کیان وه‌ر گرتبێ، یان پێان درابێ، یان له‌ رێگای ئیرسی و بنه‌ماڵه‌ییه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا سه‌پێندرابێ و ته‌عه‌سوبیان پێی په‌یدا کردبێ، ناتوانن ئازادیخواز بن! ناتوانن ئازادی به‌ده‌ست بهێنن! ناتوانن له‌ ژیان له‌زه‌ت به‌رن و ژیان خۆش بکه‌ن! وه‌ ناتوانن رزگار بن! ئه‌م خه‌ڵکانه‌ ئیتر ته‌عه‌سوب رێگاێان پێ نادا چاک و خراپ لێک جیا بکه‌نه‌وه‌. ناتوانن سیاسه‌تی دروست و رێبه‌رانی راسته‌قینه‌ و دڵسۆزی کۆمه‌ڵگای خۆێان بناسن. له‌ کاتی پێویستدا ناتوانن هه‌ڵبژاردنی دروست ئه‌نجام بده‌ن. ئه‌گه‌ر خه‌ڵک ئاگا و هۆشیار و تێگه‌یشتو بن، هیچ پێویستیه‌کیان به‌ رێبه‌ر و رێنوین و شێخ و مه‌لا و مه‌شاێه‌خ نییه‌. هیچ نیازێکیان به‌ سه‌رۆک و سه‌رکرده‌ نییه‌. خه‌ڵکی هۆشیار و پێشکه‌وتنخواز ته‌نیا پێویستیان به‌ به‌رێوه‌به‌ر و خزمه‌تکاری کۆمه‌ڵگا هه‌ێه‌! نه‌ک حاکمان و مشه‌خۆرانی گه‌نده‌ڵ و هه‌لپه‌ره‌ست.
له‌ ته‌واوی ئه‌و کۆمه‌ڵگاێانه‌دا که‌ باوری دینی و ناسیونالیستی و عه‌شره‌یی زاڵه‌، هه‌ڵبژاردنه‌کان، به‌ پێوه‌ری عه‌قڵ و ئاگایی و ویژدانی ئاگا ئه‌نجام نادرێن. له‌و کۆمه‌ڵگاێانه‌دا ئیسلامی، ئیسلامی هه‌ڵده‌بژێرێ، عه‌شایر سه‌رۆکیان هه‌ڵده‌بژێرن و حیزبیه‌کان سه‌رانی حیزبه‌کانیان هه‌ڵده‌بژێرن. خودی هه‌ڵبژارده‌نه‌کانی عێراق و کوردستان زیندوترین نمونه‌ێه‌ بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیانه ‌که‌ ئاماژه‌م پێکردن. هه‌ڵبژێردراوه‌کان ئاوێنه‌ی ئاستی تێگه‌یشتویی کۆمه‌ڵگان. کۆمه‌ڵگای کورده‌واری که‌ ئێستا گیروده‌ی دین و سه‌رانی گه‌نده‌ڵ بوه‌ و نارازیه‌، ده‌بێ ئه‌م راستیه‌ بزانێ که‌ تاوانباری یه‌که‌م خودی خه‌ڵکه‌! ئه‌و به‌دبه‌ختیانه‌ی که‌ تێیدا په‌له‌قاژه‌ ده‌که‌ن، ئاکامی ده‌نگی ته‌عه‌سوبی و ته‌وق کراوی حیزبی و‌ دینی و سیاسیه‌کانی خۆێانه‌! میله‌تێک که‌ شعور وه‌لا ده‌نێ و هه‌ستی دینی و قه‌ومی و تایفه‌گه‌ری و حیزبی به‌کار دێنێ، دیاره‌ خه‌ڵکی نائاگا و هه‌لپه‌ره‌ست و نه‌فام هه‌ڵده‌بژێری. بێگومان سه‌رانی نه‌زان و هه‌لپه‌ره‌ستیش نه‌ خه‌می میله‌ت ده‌خۆن، نه‌ بیر له‌ نیشتمان و وڵات ده‌که‌نه‌وه‌! نه‌ باوه‌ریان به‌ پێشکه‌وتن و ئازادی و عه‌داله‌ت هه‌ێه‌. به‌ڵکو ته‌نیا له‌ بیری خۆێان و پاره‌ که‌ڵه‌که‌ کردندان. له‌ بری زانستمه‌ند و پسپۆر و ئه‌ندازیار، شکه‌نجه‌گه‌ر و خوێریی داپڵۆسێنه‌ر و خۆ فرۆش په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن. له‌ بری ماموستا و شاعێر و هۆنه‌رمه‌ند و ئه‌دیب، مه‌لا و خه‌لیفه‌ و فه‌قێ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن. له‌بری زانست و ئه‌ندێشه‌ی نوێ و ته‌کنۆلۆژیا، که‌س په‌ره‌ستی و قورئان و خورافه‌ی دینی و ئایینی بره‌و پێده‌ده‌ن. له‌بری مه‌کته‌ب و زانکۆ و زانستگه‌، مزگه‌وت و خانه‌قا و ته‌کیه‌ دروست ده‌که‌ن. وه‌ بۆ راگرتنی کۆمه‌ڵگا له‌ دوا که‌وتوییدا و بۆ رێگرتن له‌ گه‌شه‌ی بیری ئازادیخوازی و پێشره‌و و پێشکوتنخواز، ئازادیخوازان و بیرمه‌ندانی پێشکه‌وتنخواز ده‌مکوت و سه‌رکوت و ده‌ربه‌ده‌ر ده‌که‌ن و له‌ نیهاێه‌تدا ده‌ێانکۆژن. کارنامه‌ی سه‌رانی حیزبه و حکومه‌ته‌ ناسیونالیست- ئیسلامیسته‌کانی جیهان به‌ گه‌شتی و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به‌تایبه‌تی، پره‌ له‌ به‌ڵگه‌ی سه‌ڵمێنه‌ری راستیانه‌.
بێگومان سه‌ره‌رای هه‌موی ئه‌م گرفتانه‌ که‌ به‌ره‌وروی میله‌تی کورد بوه‌ته‌وه‌ و به‌ کورتی ئاماژه‌م پێ کردن، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا جمه‌جوڵێکی هیوا به‌خشیش به‌دی دکرێ. بۆ نمونه‌ له‌ بواری دینیدا ده‌بینین پاش کۆشتنی عه‌بدول خاله‌ق مه‌عروف و شاپور و قابیله‌کان به‌ده‌ستی ئیسلامیه‌کان و حاکمانی کۆنه‌په‌ره‌ست، به‌ هه‌زاران عه‌بدول خاله‌ق و شاپور و قابیلیتر هاتونه‌ته‌ مه‌یدان و به‌ ئاماده‌یی و وه‌رێه‌کی به‌رزتره‌وه‌ مه‌یدانیان له‌ دینی ئیسلام و حاکمانی کۆنه‌په‌ره‌ست، خورافه‌ و ناوه‌ندکانی خورافه‌ گرتوه‌. دیاره‌ ئه‌م جموجوڵه‌ پێشکه‌وتنخواز و سکۆلار و ئازادیخوازانانه‌‌ له‌ جیهان و به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتانی ئیسلام لێدراودا به‌ شیوه‌ێه‌کی به‌رین ده‌ستی پێ کردوه‌ و به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌ کردن و به‌رین بونه‌وه‌داێه‌. بۆ خێراتر کردن و کاریگه‌رتر کردنی ئه‌م ره‌وته‌ نوێ و ئینسانییه‌، ده‌بێ تێگه‌یشتن و ناسینی دیارده‌ کۆن و نوێێه‌کان، بیری داهێنه‌ر و هوشیار و پێشره‌ومان بخه‌ینه‌ گه‌ر تا بتوانین خومان و کومه‌ڵگای کورده‌واریمان له‌گه‌ڵ گۆرانکاریه‌ نوێێه‌ جیهانیه‌کان بگونجێنین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ میژو و نیازه‌ ئینسانی و کۆمه‌ڵاێه‌تیه‌کانمان حوکممان پێ ده‌کا که‌ باوه‌ره‌ خورافیه‌ دینی و قه‌ومی و عه‌شایری و حیزبیه‌کانمان فری بده‌ین و پشت به‌ شعور و عه‌قڵ و خۆمان! ریزه‌کانمان یه‌ک بخه‌ین تا بتوانین به‌ ئامانجه‌کانمان بگه‌ین و له‌م خولانه‌وه‌ له‌ بازنه‌ی داخراوی دینی و ناسیونالیستیه‌ماندا‌ رزگارمان بێ.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و به‌ چاوی زانست و شعور و مه‌عریفه‌ بیر و هه‌ست و رابوردومان بخه‌ینه‌ به‌ر لێکدانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رپرسانه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حه‌قیقه‌تی مه‌سه‌له‌کان و ریشه‌ی گرفته‌کان زانیاری به‌ده‌ست بێنین و خومان له‌ قه‌ید و به‌ندی باوره‌ ده‌ستکرده‌ خورافی و دینی و حیزبیه‌ ئالوده‌ کراوه‌کان به‌ ته‌عه‌سوبی جوراجور رزگار بکه‌ین، به‌ ئازادی و رزگاری و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵه‌ێاتی ده‌گه‌ین! به‌م شێوه‌ێه‌ ده‌توانین کۆتایی به‌ ترسه‌ بێ بناغه‌کانی پێک هاتو له‌ نه‌زانی و خورافاتی دینی بێنین و ژیانمان پر بکه‌ین له‌ ته‌بایی و خۆشی و خوشه‌ویستی! ته‌نیا به‌ خۆ ناسی و باوه‌ر به‌ خۆ بون و پشت به‌ستن به‌ شعوره‌ که‌ میله‌ت چیتر فریوی دوکاندارانی دین فرۆش و سه‌رانی هه‌لپه‌ره‌ستی کورسی په‌ره‌ست ناخوا و وه‌دوای خورافاتی ره‌حمی خودا و  سیاستی بێ ئاکام و چه‌واشه‌ ناکه‌وێ. میله‌ت که‌ هۆشیار بێ‌ و ریشه‌ی خورافاته‌ دینیه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارنی سپڵه‌ و هه‌لپه‌ره‌ستی ناسی، پشتی به‌ زانست و مه‌عریفه‌ به‌ست، چیتر دیل و ئه‌سیری وه‌هم و خورافه‌ و رێبه‌ران و شێخ و مه‌لای هه‌لپه‌ره‌ست و کۆنه‌په‌ره‌ست ناخوا!
کلیلی قوفڵکانی باوره‌ دینی و خورافیه‌کان و هه‌سته‌ کوێره‌ ده‌ستکرده‌کان که‌ سه‌دان ساڵه‌ له‌ بازنه‌ی داخروای ته‌عه‌سوبدا ته‌وقمانی کردوه‌‌ و گیژ و ورر به‌ده‌ور خۆماندا ده‌خولێینه‌وه‌، چاوه‌روانین خودای ئیسلام، هه‌مان بکۆژی عه‌قڵ و مه‌عریفه‌ی خۆناسیمان، یان شه‌یادانی سپڵه‌ و ریاکاری سه‌رانمان بێن و رزگارمان بکه‌ن، ته‌نیا چه‌کی ئاگایی و هۆشیاری و باوه‌ر به‌ خۆ بون و یه‌کگرتنه‌! هه‌روه‌ک ئه‌نشته‌ین ده‌ڵێ: خودا ئه‌و که‌ساێه‌تیه‌ی نیه‌ که‌ پشتی پێ ببه‌ستی! .
15/03/2008

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.