
بۆ کۆتایی ره‌نجی وریا مه‌زهه‌ری شاعیر
پاڵدانه‌وه
یه‌ک
مادام یاد یاد و تاک و ته‌نها، زۆر مه‌زه‌دارانه زه‌مزه‌مه‌ی ده‌که‌م
که‌وابێ له‌م لاله‌زاری که‌ونه‌دا، له هیچی وه‌هام که‌م نیه.
که پێده‌چێ چۆڕچۆر چامه‌یه‌کی به‌ده‌م و له‌فزی ، رۆحی نه‌رم نه‌رمی خۆم بێ.
لۆ ده‌بێتن، له‌وه‌ی بترسێم، قوڵپه قوڵپێ، که له ته‌ریقه‌تی گۆمئاوه ته‌زووبه‌خشه‌که‌ی بن دڵم هه‌ڵده‌ستێ، ترپ ترپ، ونی بکه‌م….!؟
ته‌ریک.. ته‌ریک؛ له‌ژێر قوببه‌ی ئه‌و ئاسمانه‌ی
سازگار سازگار له نهێنیه‌کی به ئاین و ئۆیندا سه‌ریهه‌ڵهێناوه
کاکی به کاکی و خامۆش خامۆش له‌سه‌رپشت، وه‌ک گوڵه ئه‌شره‌فیه‌کی شه‌هید، لێی راکشاوم.
له‌و مێرگه مه‌نگ مه‌نگه‌ی، په‌ڕبه‌په‌ڕ.. و پرژه به پرژه،
گوڵه پاتۆنیا و حه‌تحه‌تۆکه‌ی رۆحی تیا په‌ژموورده نابێ،
به سه‌بوورییه‌وه، به‌سمه، گوێیه‌کم، له دوا وه‌سوه‌سه‌کانی خۆرنشین بێ؛ به خاچی ئاوابوونه‌وه!
دوو
پاشان، به په‌ڕو باڵی بایه‌کی نه‌شمیلانه‌ی رازدار، لێوان‌لێو له ره‌نگ و رووی مێرگوزارێکه‌وه، لوتفی هێنابێت
گه‌ره‌کمه، وه‌ک مناڵێکی شیرپاک، جوانخاس جوانخاس بگه‌ڕێمه‌وه بۆ باوه‌شی گه‌رمی ماڵ
گه‌رچی گه‌ردوگوڵی برینه گه‌رم داهاتووه‌کانم، به وێنه‌ی شه‌فه‌قێکی تازه شه‌مزاو،
که ته‌نیا ته‌نیا وه‌سوه‌سه‌ی ده‌کات، و هێشتا پل ده‌دات
به ختوره‌یه‌که‌وه له دایکه له‌بزشیرینه‌که‌م بپرسم:
” ئه‌رێ….. له نێو کوڵفه‌تی کوخه‌کانی خه‌تادا،
په‌یڤ په‌یڤی گزنگ، له چ کڵاورۆژنه‌یه‌که‌وه، خه‌مخوارانه سه‌ڵای هه‌ڵداوه‌و
خۆرنشین له‌سه‌ر سه‌کۆی چ ئاسمانێکی ساودا،چۆڕ چۆر نوێژی ژیاندنه‌وه‌ی دابه‌ستووه”؟
سێ
مینا چه‌شه و چێژی باڵنده‌یه‌کی وێڵگه‌رد، که ده‌نووک له هه‌نجیری گه‌ییووی خۆر بژه‌نێ
به ورشه و پرشه‌ی به‌یانیه‌ک له به‌یانیانه ئاوس به ئاونگه‌کان، خۆ خاترجه‌م ده‌که‌م
ئه‌وجا به زمانێک، که به فێنکایی خه‌مڵابێت، پێی ئێژم:
” په‌کوووو، چ سه‌وداسه‌رێکن ره‌نگه گوڵگوڵی و ژیکه‌ڵه‌کانی خۆر،
ده‌ی خۆئه‌گه‌ر ئاوهاش ژاوه‌ڕۆیانه ساف و روونیش نه‌بان، کێ ده‌رێتن: به‌و دونده‌وه
به قه‌ڵبه‌زه‌ی خۆشڕووییه‌کانیانه‌وه؛ شه‌پ شه‌پ تیشک ده‌بوو به…
شابه‌یتێکی شه‌ڵاڵ؛ بۆ له‌ره بزربووه‌کانی بوون و نه‌بوونی ئێمه؟!
چوار
له‌وه‌ته‌ی مانگ ، به وژه وژژژژی تریفه، حه‌وشه‌وبانه‌که‌مانی ئاورشێن کردووه
من بیرم بێت، هه‌میشه ده‌ستنوێژی به توێی ئاو گرتووه، دڵی دایکم
پاشان شادوشوکور، له میحرابێکدا که هه‌ر بۆنی مێخه‌کبه‌ند و نه‌سیمی رۆحێکی سه‌وداسه‌ری لێهاتبێت
خه‌رامان خه‌رامان، سه‌رپۆشه سپیه‌که‌ی پێچاوه و
بۆنخۆش بۆنخۆش، به‌رماڵه‌که‌ی روو له خوا تاک و ته‌نیاکه‌ی،
بۆ سه‌ما سه‌رمه‌دییه بێ به‌ندوباره‌کانی ناخی ناخی راخستووه، دایکم.
گه‌ر وه‌کو من، له چاوی سپێده‌وه سه‌یری ده‌که‌م، چۆن حه‌یران حه‌یران، ده‌ست بۆ ئاسمان هه‌ڵئه‌بڕێ و
ده‌یه‌وێ وه‌ک باڵنده‌یه‌کی خۆش نه‌غمه، خانه‌دان خانه‌دان شتێک به خوداکه‌ی پێبڵێت.
شتێکی پێ عه‌رز بکات، وه‌کو جه‌زبه‌ی په‌لکه‌زێڕینه‌یه‌ک دلۆڤان بێت. به‌ڵام هیچ ناڵێت….
رۆحی به مروه‌تانه‌ی دایکم،
سڵسڵه و پڵپڵه‌ی ئاسۆ له سه‌رو گه‌ردنی ئاسمانی ئه‌و ئێواره‌وه‌خته‌دا، و
سرته سرتی به سفتوسۆی په‌ره‌سێلکه وێڵگه‌رده‌کان، که به‌ناویه‌کدیدا دێن و ده‌چن سه‌یر ده‌بینێ
گه‌ف گه‌ف ته‌زوو و موچڕکه‌یه‌ک به گیانی گیانیدا دێ و به ده‌م وێردێکی که‌سه‌رباره‌وه …..
” ئه‌رێ خه‌ڵقینه، مه‌عز بۆ خوا، با دوعایه‌ک بکه‌ین،
بۆ ‘ لا زه‌مان و لا مه‌کانی’ ماڵه قاپیه له‌سه‌رپشته‌کانی رۆحمان
هه‌تاوه‌کو بێپه‌روا، با گه‌رده‌شه‌به‌نگێک جه‌فاکاریش بوبێت
یاخوا، له سایه‌سه‌ری تارماییه نه‌ناسه‌کاندا، که‌ساس نه‌بن و له شه‌ققه‌ی باڵێ بده‌ن، و
گومبونێکیش چیه، نه بیانتارێنی.. نه‌بیانشه‌مزێنێ ” ئامین …..
باره‌که‌لڵا، ره‌نگبێ له باخه‌که‌ی دڵی دایکم گه‌ڕابێت،
له ئاودامانی ئه‌م ئێواره نائومێده‌دا هه‌ڵئه‌وه‌رم،
ئێ ئه‌لحه‌ملای، له دێر دێر دێر زه‌مانه‌وه، قسه له رۆحی بزێوی مناڵ نه‌گیراوه و نه‌ئه‌گیرێ.
که ناو‌ناوه‌ی، خۆشخۆش به‌زاریدا هاتبێت:” ئه‌رێ به خوڵای شه‌هید بوون، ده‌ڵێی عه‌ینه‌ن،
ئه‌و هه‌ناره پێگه‌ییوه‌ی هه‌تاوێیه، که به چڵه دره‌ختی بۆشاییه‌وه‌ی شۆڕ بووبێته‌وه” ئه‌رێوه‌ڵای…
جا هه‌ر ئه‌و هه‌ناره نه‌عره‌تیه، بابان شێواوه‌ی، به گوێی خۆرنشینێکی نوورپژێنی تازه‌جه‌واندا چرپاندبێتی: ئه‌گه‌ره‌کو ، مه‌مکه قنج و قیته شه‌هوه‌تاوییه‌که‌م به کامی دڵێ، لۆ نه‌گوشی و کڵوکۆی ئاڵۆشێک که له سه‌وزه‌ڵانی رۆحمه‌وه‌یه، دانه‌مرکێنی، ئه‌رێوه‌ڵای ره‌ببی په‌نجه‌کانت ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕێن،
” رێگه‌ش ده‌رنه‌به‌ی له‌به‌ر شه‌یتانی له‌عینێ”!
ئه‌رێ وه‌خوڵای نازانم چۆن شه‌هیدبوونت بۆ ته‌وسیف بکه‌م،
عه‌رزی جه‌نابت بکه‌م، وه‌کی ژیان به هه‌موو زه‌رق و به‌رق و ویقاری خۆیه‌وه، تیشکێکی جستوجۆلێبڕاو بێت و ،
به دڵه‌کوتێ و ڵاله‌په‌ته‌ییه‌وه، به دیار لوغز و په‌نهانیه‌تی شه‌وه‌زه‌نگێکدا خوول بخوات ؟!
نا.. ئاوه‌هاش ساده‌ی نیه!
با لۆتی بگێڕمه‌وه، که شه‌هید ده‌بی، وه‌ک ئه‌وه‌ی کسپه کسپه و هه‌ڕه‌ت هه‌ڕه‌ت،
له نێو چاڵی چاو و پێچه‌به‌ده‌وره ده‌روونیه‌کانی ئیستشراقدابی!
چچ.. چچ ؟
نا.. گه‌وره‌ی من؛ با هێنده‌ی تر درز نه‌که‌مه گیانی، هه‌ره‌به‌رزی زامه‌کانه‌وه.
که شه‌هید ده‌بی، هه‌ر له خۆته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌کان له رووتکردنه‌وه‌ی هه‌قیقه‌ته‌کانی خۆیاندابن ناشزانی چۆن، سروودێک له خوڵق و نه‌سیمی ئه‌و ته‌نیاییه ره‌نگاوره‌نگانه‌ی ده‌هۆنیه‌وه، که به خۆراپه‌رموونێکه‌وه به چاوی راماوت ده‌رێتن…
پێنج
” مه‌سڵه‌مێ، و به شاباڵه‌کانته‌وه له رووبه‌رووی ته‌ریقه‌تی خۆتدا راوه‌سته.. ئه‌ی سه‌راسیمه‌بوونه‌کانی ته‌نیایی
ئه‌وجا به پێخاوسی و به‌کاوه‌خۆ، به‌سه‌ر دڕکه‌زییه‌کانی خۆتدا رێبکه؛ رابکه.. سه‌ما بکه و ئه‌وجا بێخه‌یاڵ بفففففففففففڕه
مادام برژانگ و چاوی سپێدانێ ته‌لیسمی ئه‌فسانه‌کان، کلڕێژیان کردووه”
سه‌رت نه‌یه‌شێنم، گوڵ و رێحانه‌ی ته‌ڕی ئه‌فسانه‌کانه کۆن و تازه‌کانت لۆ راوه‌شێنم، ئه‌مانه هیچیان نه‌بوون!؟
ئا.. که شه‌هید ده‌بی، نیگای قوڵی ئه‌و ئێواره له خاچدراوانه‌ت بیرناچێته‌وه،
که چه‌نێ به ته‌لیسمی ئه‌ستێره رێلێونبووه کریستاڵیه‌کانیان
مه‌سروور بوون، که به هه‌ڵدێره‌کانی ئاسمانه‌وه خه‌ریکن به‌رده‌بنه‌وه!
هه‌روه‌تر، سانا سانا، قولانجێکی تر نابات
ئه‌و ژیانه، هه‌روهه‌ر بێ سیفه‌ت.. و هه‌روهه‌ر بێباروو.. و هه‌روهه‌ر هه‌زار رووه ده‌بینی
وه‌ک بێ ساحێبێک؛ رووت و قووت، تاسه‌رئێسک سه‌رمه‌ست و که‌یل به گه‌ردوگوڵ، و
ئاقیقی ورده هه‌قیقه‌ته به به‌ره‌که‌ت و بێباکه‌کانی نێو دڵی سه‌ری خۆی!
ئاگات لێیه، چه‌ند شه‌هیدانه شه‌هیدم من؟!
ده‌شێ چ خه‌ڵوه‌تگه‌یه‌کی شوم بێ ئه‌ندێشه‌کانی ته‌نهاییه‌کی هه‌ڵپڕوکێنراو.
که زمانی، به شه‌وکه‌تی خۆیه‌وه بفه‌رموێ
سه‌د حه‌یف.. له نێو ده‌هالیزی بێهوده‌یه‌کی بێ هاوده‌مدا، لقێکی له جه‌سته پسێنراو و هه‌ڵپچڕکێنراوم.
به راست…. دوور له ته‌کبیری مانگ، و موناجاتی ئه‌ستێره‌کان
روئیای شنه‌با شل و مل و ره‌شه‌با شڕشێته‌کان تا هه‌نووکه کێ نووسیبێتنیه‌وه؟!
چ ئیدراکێکی خۆفریوده‌ره، ئه‌دا‌ی رۆژمێره‌کانی ژیان
ئاوها هۆبه به هۆبه تاسه‌خوازبێ، به تکه‌تکی تریقانه‌وه تلیساوه‌کان!
ئه‌م بوونه، ئاخ له یادگارییه پێچ پێچۆکه‌کانی ئه‌م هه‌بوونه!
چه‌نێ لێی جوانه، ئه‌و بێ سیفه‌تیه‌ی، ساتێ به په‌نجه‌کانی خه‌یاڵ
سه‌ما به ئاڵقه‌ڕێزه‌کانی ته‌نیایی، و
رۆحه به مه‌راق، و حولحولیه سه‌ره‌ڕۆکان ده‌کات.
.
ئه‌م بوونه، ئاخ له هه‌ڵخوڵاندنی جه‌نگه‌کانی ئه‌م هه‌بوونه
ئه‌و رێوێڵکه‌یه‌ی، نازانم چۆن دڵی دێنێ، سوک و ئاسان،
وه‌کو بوختانسازێک خه‌تا به دڵی هه‌موومانه‌وه بکات؟
چه‌نێ، به‌و بنه‌تۆوی زامه هه‌ڵچه‌قیوانه‌وه، ته‌نها.. ته‌نها شه‌هیدم من!؟
………………………………………………..
ئێواره: منی به‌جێهێشت، له چرۆسانی ئه‌ستێره‌کاندا. چ نرخێکی هه‌یه، ته‌نیا ته‌نیا زایه‌ڵه‌ی ستران له ده‌هالیزه ده‌نگ ده‌رنه‌هاتووه‌کانی شه‌ودا؟!
شه‌هید: ئه‌وکاته‌ی ده‌بێ تۆ، به‌وپه‌ڕی ئه‌ده‌به‌وه، بیر له حه‌شری برینه‌کانی من، ببوره بڕینی یۆتۆپیاکانی من بکه‌یته‌وه، ناشزانی بۆ!؟
هه‌نار: وه‌جاخزاده‌یه‌کی جوانکیله، و زارخۆش؛ به‌و زامه ته‌ڕوبڕانه‌ی خۆی، قاتوقڕییه رۆنیشتووه‌کانی وشکه‌ساڵیه‌کانی ده‌رونێک سه‌نگ و سوژن ده‌کات، کۆڵنه‌دانێکی سه‌یره!
خاچ: به‌و هه‌موو شکاوییه‌وه، بڵێی هه‌ڵسه‌وه، بانگ و سه‌ڵا له ته‌ریقه‌تێک بده، که نه‌یده‌ناسم و نه پێیدا رۆیشتووم، که‌چی له‌سه‌ردڵم خۆش ده‌بێ، به‌وپه‌ڕی بێهێزییه‌وه له باره‌یه‌وه بئاخفم!
ژیان: نه‌تده‌توانی به به‌رزه‌خه‌کانی نێو خۆت بڵێی، توو برینه ده‌مکراوه‌کانی ده‌روونی خۆت لێم مه‌پرسه، به‌ره‌که‌ت و سه‌ربورده‌ی نهێنی ماناکان له چیدان!؟
ماڵ: چ دێرینن وه‌رزی برینه‌کان، به‌رائه‌تێک به هه‌موو ئاین و ئۆینه‌کانیه‌وه وه‌های گووت.
بۆشایی: ” دیارم ده‌یری عه‌شقه، جێ به سووتن بێ له‌وێ ئه‌گڕم، که من مشتێ چڵوچێوبم، به چی بم که‌ڵکی کێ ده‌گرم”؟
ئه‌فسانه: رێلێوێڵبوویه‌ک، که هه‌ڵوه‌رین به هه‌ڵوه‌رین هه‌ڵده‌نوتێ به‌سه‌ر پیرۆزی لق و پۆپه‌کانی خۆیدا، واته پیرۆزی خه‌یاڵه بابردوو و تازه‌شکۆفه‌کردووه‌کانیدا.
دڵ: سه‌یره، نه رێگای رێسمانی دیاره، نه ده‌رفه‌تێک بۆ ده‌رگای ئاسمان! ئای له‌و مه‌کتوبی ئومێده
هه‌بوون: بووه‌سته له‌ژێر داره‌ڕایه‌ک، که كۆڵه‌که‌ی ئه‌قڵ و دڵ به‌یه‌که‌وه‌ی راگرتبێ.
ئه‌گه‌رچی باران و با هه‌ریه‌ک له باغی خۆیدا، له فامیده‌یی و ئیمانه‌کانی خۆی ده‌ڕنێ!
هه‌قیقه‌ت: ئه‌و زاڵمه، نابوووووووتی، له فه‌رهه‌نگیدا ببا؛ له هه‌موو دیزه‌یه‌کدا نه‌ده‌بووه ئه‌سکوێ!
ئیدراک: گرنگ نیه چه‌نێ سه‌روسیمای ده‌ناسم؛ هێنده‌ی زاکیره‌م رێم پێبدات، دیوارێکی نێرگزیی.. به‌رزه‌فڕێکی خۆجێهێڵه‌ر، خه‌ڵوه‌تگایه‌ک بێده‌نگ.. ئه‌ندێشه‌یه‌ک له ئاونگ، که‌چی باوانێکته به‌ڵێنده‌رێکیشه له خۆترس، ساڵ دانزه‌ی مانگ به‌رۆژووه، به‌ڵام به گلدانه‌وه و روونبوونه‌وه‌ی خۆخوازییه‌کانی خۆی! ئه‌مه چ شه‌قڵێکه، که‌وتۆته به‌ر ئه‌فیونی ژیانه دانه‌هاتووه‌که‌ی خۆی؟