Skip to Content

Tuesday, November 5th, 2024
یاداشته‌كانی په‌یكه‌رێك …. ئه‌مین محه‌مه‌د

یاداشته‌كانی په‌یكه‌رێك …. ئه‌مین محه‌مه‌د

Closed
by June 10, 2011 ئەدەب

 

١- ئه‌م په‌یكه‌ره‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێ  دژه‌بــاوه‌
شـاعیرێكه‌ چـاوی له‌ ئاسۆ بڕیوه‌و
له‌پێناوی ئامانجێكا سه‌ری له‌سه‌ر خاك داناوه‌.

٢- له‌وه‌ ده‌چێ (نالی)یش بڵێ:
ئه‌م په‌یكه‌ره‌ دژه‌بــاوه‌
نه‌وه‌كو خۆی نه‌وه‌ك (كوردی)
نه‌وه‌كو (ســالم) وه‌ستاوه‌.

٣- تێڕامانی ئه‌م په‌یكه‌ره‌
گوزارشتێكه‌ لــه‌ مێژوو
په‌یكه‌رێكه‌ ناونیشانی شـار ده‌گۆڕێ
ده‌یكـات به‌ شــاری ئاوه‌ژوو .

٤- ئه‌م په‌یكه‌ره‌ له‌سه‌ر لابێ یا سه‌ره‌وخوار
ڕێك به‌پێوه‌ ڕاوه‌ستابێ یا ڕاكشاو
له‌م شــاره‌دا بۆ نابینا بوه‌ به‌ چـاو .

٥- په‌یكه‌رتاشی ئه‌م په‌یكه‌ره‌
به‌نهێنی له‌لایه‌وه‌ ڕاوه‌ستاوه‌
ئێمه‌ بۆیه‌ ئه‌و نابینین
دیاره‌ له‌بن شه‌بقه‌كه‌یدا خۆی ماتداوه‌

٦- یاخی بوونی ئه‌م په‌یكه‌ره‌
هه‌موو خه‌ڵكی له‌خاڵێكدا كۆكرده‌وه‌
ناوی (نا) یه‌
ڕێگایه‌كی بۆ كێشاون پرشنگداره‌
تاهه‌تایه‌ .

٧- گه‌ر به‌وردی سه‌رنج بده‌ی
جارجار پێڵوی ده‌جوڵێنێ‌
ده‌ماری ملی لێده‌دا،
به‌ نیگا ده‌مان دوێنێ‌
لاشه‌ی زیندووی ئه‌م په‌یكه‌ره‌

٨- نهێنیی ناو  ئه‌م په‌یكه‌ره‌ پێمان ده‌ڵێ:
شاعیره‌كان یا درۆزن،
یا زۆر بڵێ‌ و چه‌نه‌بازن
ده‌گمه‌ن تاك تاكیان ڕاستگۆیه‌
ئه‌ویش قفڵێ‌ له‌لا شه‌ویلگه‌ی دراوه‌ .

٩-  ئه‌م په‌یكه‌ره‌ لنگه‌وقوچه‌
ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م شاره‌دا
هه‌موو شتێ‌ ئاوه‌ژوه‌
بۆیه‌ ئه‌م وا، سوژده‌ بۆ زه‌وی ده‌بات و
قاچیشی بۆ حه‌وا چوه‌ .

١٠- ئه‌م په‌یكه‌ره‌ له‌ دووره‌وه‌
لاشه‌ی بۆشی شاعیرێكه‌ وه‌ك حه‌قیقه‌ت
وه‌ك ئه‌م زه‌مانه‌ لنگه‌وقوچ .

١١- وردبوونه‌وه‌ له‌م په‌یكه‌ره‌،
گومانم لا دروست ئه‌كات
هه‌موو شار هه‌ڵاوگێڕاوه‌
یان ته‌نها خۆی .

١٢- له‌ هه‌ر هه‌موومان تووڕه‌یه‌
ئه‌م په‌یكه‌ره‌،
نه‌وه‌ك ئه‌و بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و
نه‌وه‌ك ئه‌ویش ڕاده‌وه‌ستین .

١٣-   ئه‌م په‌یكه‌ره‌
نامه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كۆشكه‌كانیان
به‌رز به‌رزن
كه‌چی سه‌ریان زۆر له‌ ئاستی پێڵاوی
ئه‌م نزمتره‌ .

١٤-  ئه‌گه‌ر ڕۆژێ‌ بوومه‌له‌رزه‌
یان ڕووداوێ‌،
ئه‌م په‌یكه‌ره‌ سه‌ره‌و ژێركاو
ڕێك به‌پێوه‌ ڕابوه‌ستێ‌
بێگومانم،
نه‌ ئه‌و به‌وه‌ قایل ده‌بێ و
نه‌ من له‌م شیعره‌م ژێوانم!

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.