
ده‌ستكاریكردنی هه‌ندێك خاڵ … سه‌نگه‌ر زراری
له مانگی نیسانی رابردووه‌وه, كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان راوه‌ستاون، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه هه‌ریه‌كه له‌م لایه‌نانه سوورن له‌سه‌ر داواكانیان, واتا كۆبوونه‌وه‌كان سیفه‌تی (دان) و (ستان)یان تێدا نه‌بووه. دوای دوو مانگ, ئێستا كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستیان پێ كردۆته‌وه, ئه‌گه‌ر هه‌مان سووربوون له‌سه‌ر داواكان هه‌بێ, بێگومان هه‌مان ئه‌نجامیش دووباره ده‌بێته‌وه, واتا كۆبوونه‌وه‌كان دیسان بێ ئه‌نجام راده‌وه‌ستن.
ئه‌گه‌رچی زیادبوونی كۆبوونه‌وه‌كان (ته‌نها به ژماره) هیچ ئیزافه‌یه‌ك ناكات, به‌ڵام هه‌ناسه و جووڵه‌یه‌كیشه له‌و دۆخه قه‌یراناوییه‌ی كوردستان تێی كه‌وتووه و هه‌ر هیچ نه‌بێ بارودۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ناڕوا.
وای ده‌بینم ئه‌وه‌ی زیاتر قه‌یراناویبوونی دۆخی سیاسی كورستان به دیار ده‌خات, ده‌ركردنی ئه‌و هه‌موو به‌یاننامه خاڵ خاڵییه‌یه كه هه‌م ئۆپۆزسیۆن و هه‌م ده‌سه‌ڵات, دوور به دوور ده‌یگرنه یه‌كتر, له‌كاتێكدا مێزێك هه‌یه كه هه‌مووان بتوانن له‌سه‌ری كۆببنه‌وه و یه‌كه یه‌كه خاڵه‌كان دانێنه سه‌ر ئه‌و مێزه بۆ گفتوگۆ.
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بۆ لایه‌نه عێراقییه‌كان كرد, هه‌رچه‌نده تا ئێستا كێشه‌كانی دوای ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه به ته‌واوی چارسه‌ر نه‌كراون, به‌ڵام له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كاندا لایه‌نه عێراقییه‌كان ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه بیر یه‌كتر ده‌هێننه‌وه, ئێستاش موقته‌دا سه‌دری سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در به نیازه ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ كێشه‌ی نێوان لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا و لیستی عێراقییه بكات, ئه‌ویش هه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی بارزانییه, واتا لایه‌نه عه‌ره‌به‌كان سه‌ره‌ڕای ئه‌و كێشانه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ كورد هه‌یانه, رازین به‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی كورد پێك بێن و بگه‌نه ئه‌نجام.
له 10ی نیساندا سه‌رۆكی هه‌رێم له راگه‌یه‌نراوێكدا داوای له هه‌ردوو لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات كرد به له‌به‌رچاوگرتنی “به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان”، درێژه به‌دانوستانه‌كانی نێوانیان بده‌ن.
ئۆپۆزسیۆن وه‌ك چۆن جۆره هه‌ستیارییه‌كی به‌رامبه‌ر حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌یه, له جیاتی ئه‌وه‌ی به ته‌شه‌نووجه‌وه به‌رامبه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێمیش بێته‌گۆ, ده‌توانێ بیخاته هه‌ڵوێستێكی ئه‌وتۆ كه بێلایه‌نانه ببێته داوه‌ری نێوان هه‌ردوولا و به‌گوێره‌ی ئه‌زموونه‌كانیش پێناچێ داوه‌رێكی خراپ بێت.
ئه‌وه‌ی له بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرایه، دروست ئه‌وه‌یه كه به هۆی راگه‌یاندنه‌كان و دزه‌كردنی زانیارییه‌كان لێره و له‌وێ, هه‌م ده‌سه‌ڵات و هه‌م لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش به‌ر له‌وه‌ی بچنه كۆبوونه‌وه‌كان, ده‌زانن چیان ده‌وێ و ده‌یانه‌وێ چی بكه‌ن, بۆیه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی كۆبوونه‌وه‌كان به بێ ئاكامی زیاد نه‌بن, پێویسته ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌كان بكرێ و هه‌ر لایه‌نێكیان هه‌ندێ له‌و خاڵه زۆرانه‌ی به‌رده‌ستیان ده‌ستكاری بكه‌ن و به كه‌مترین ژماره‌ی كۆبوونه‌وه بگه‌نه ئه‌نجام.