Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
مەملەکەتى ئێسکەکان ….. سەمەد ئەحمەد

مەملەکەتى ئێسکەکان ….. سەمەد ئەحمەد

Closed
by June 12, 2011 چیرۆک

چیرۆک 

کاتێک لمەکەیان لەسەر تەوێلڕء دەموچاومء گوێچکەم لابرد، نەمزانى مێروولەء مارو قالۆنچەو قمقمۆکەکان بەکوێدا رایانکردو چۆن خۆیان ونکرد. من لەبەرئەوەى چەند ساڵێک بوو مردبووم، یان راستتر بڵێم زیندەبەچالڕ کرابووم، نەمدەتوانى ببزوێم، بۆیە ئەوانیش بەکەیفەخۆ کەوتبوونە وێزەم.
 من پێش ئەوەى بمرمء ئاوها بمنێننە ژێر لم، لاوێکى کەڵەگەتء بەخۆ بووم، تازە هەڵدەچووم، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم رۆژێک بەمشێوەیە زەلیلء مجرۆ دەبم، دەبم بەخۆراکى مارو مێروو..
(ئاى لەدنیاو مەملەکەتى ژێر لم، بەڕاستى ژیانێکى سەیرى تیا دەگوزەرێت، ژیانێک کەهەرگیز مرۆى سەرزەوى نەیانبینیوەو بڕواش ناکەن کەهەبێت!).
ئەوەى لەهەمووشت زیاتر بۆ من مایەى نیگەرانى بوو، ئەوە بوو کەڕۆژ بەڕۆژ پێستى لەشم وەکو پەڕۆ دەڕزى. هێشتا چەند سەعاتێک بوو خستبوومیانە ژێرلمەوە، لەشم وەکو پفبدرێت، ئاوها ئاوسا، هەر ئەوە نەبوو بتەقم، لەگەلڕ پەنمانیشدا لەشم بۆنێکى ناخۆشى دەردا، بۆنێک مەگەر هەرخۆم بزانم چ بۆنێک بوو، کەبڕواناکەم هیچ کەسێک بتوانێت خۆى لەبەرى رابگرێت. لەڕۆژى سێیەمء چوارەمدا بۆگەنییەکە زیاترى کرد، لەگەڵیشیدا سەرتاپاى لەشم زیجکاوء چەورىء کێمێکى زۆرى دەردا، بەشێوەیەک لمەکەى بانء ژێرو ئەملاو ئەولامى چەورکرد. هەرئەوەندەى لمەکە چەور بوو، خودایە چى ببینم؟ من دەڵێم: سەد، تۆ بڵآ: هەزاران جۆرى مێروو تێمئاڵان، هەریەکەیان لەشوێنێکەوە کەوتنە وێزەم، نەمزانى ئەم هەمووە لەکوێوە پەیدابوون.
بەڕاستى سەیر بوو، ئەم حاڵە بۆمن هەرگیز جێى چاوەڕوانى نەبوو، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووم کە لەژێر ئەو لمە وشکء مردووەدا مەملەکەتێکى ئاوها سەیرو عاجباتى هەبێت. هیوایان هەبوو شاخداربوون، هەیانبوو تووکن بوون، هەبوو بآچاو، هەبوو دان تیژو ژەهراوى. کاتێک گازیان لەلەشم دەگرت، هێندەى جێگازەکەیانء زیاتریش گۆشتیان لەلەشم دەکردەوە. تیایاندا هەبوو قاچء نینۆک درێژ.
مرۆ چۆن بەئاسانى قاچى لەناوبەفرى تازە بارویدا نقوم دەبێت، ئاوها نینۆکیان لەجەستەى رزیوم دەچەقاند، لەگەلڕ خۆڕاپسکاندا گۆشتیان لەلەشم دەکردەوە.
لەهەفتەى یەکەمى زیندەبەچاڵکردنەکەمدا لەشم لەچەند شوێنێکەوە کون کون بوو، بەڵام ئەوەى سەیر بوو ئەوەبوو کونەکان خوێنیان لێنەهات، ئیدى نازانم گۆمى خوێنى لەشم بەستبووى، یان وشکى کردبوو، یان چیتر.. ؟ لەهەموو ئەمانەش ناخۆشتر ئەوەبوو، قاچى کەسێکى تر، کەبەچرچییەکەیدا دیاربوو هى پیرەمێردێک بێت، کەوتبووە سەرسکء سنگم.. بەبۆنەى ئەم قاچەوە چەند ئەوەندەىتر مارو مێروولە تێمئاڵابوون، تەواو هەراسانیان کردبووم، لێ لەبەرئەوەى مردبووم، چ دەسەڵاتێکم نەبوو، نەمدەتوانى هیچ بکەم. بەڵام لەدلڕء لەبیرى خۆمدا زۆر بەقوڵى لەو وەزعەى تێیکەوتبووم رادەمام، تێدەفکرام، سەرەتا بڕوام نەدەهات بەسەرسوڕمانەوە لەخۆم دەپرسى: ئەرآ بەڕاست دەبێت من مردبم؟
بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە دەمویست قامکەکانم ببزوێنم، جوڵەم بۆنەکرا، ئیدى زانیم کار لەکار ترازاوە، تەواو، مردوومەو بڕاوەتەوە، ئەگەر بمتوانیبا ببزوێم، ئەو باسکەم لادەدا کەکەوتبووە سەردەمم، کەنەمدەزانى هى ژنە، یان پیاو..
من لەهەموو تەمەنى خۆمدا بەبیرم نایەت مێروولەیەکم کوشتبێت. نەک هەر ئەمە، لەبیرمە کاتێک لەپۆلى پێنجەمى سەرەتایى مامۆستاى وانەى زانست باسى رێگەکانى قەڵاچۆکردنى مێرووى بۆ دەکردین، من زۆر بەتوندى دژى هەموو ئەو رێگەیانە وەستامەوە. جارێکیان لەکاردانەوەیەکى جەسورانەدا بەمامۆستاى زانستم وت: ئەمە چ زانستێکە بەئێمەى دەڵێنەوە؟ نەنکم دەڵێت: ئەوەى مێروولەیەک بکوژێت، خوا تۆڵەى لێدەسێنێتء دەیخاتە دۆزەخآ، ئێوەش دەتانەوآ بەدەرمانء بەکیمیایى، بەکۆمەلڕ مێروولە بکوژن؟ من نەمزانى قەدرى ئێمە ئاوها دەبێت، بەکۆمەلڕ دەمانکوژنء بەکۆمەڵیش دەماننێژن!
ئەوەى زیاتر بارى جەستەو دەروونمى تێکشکاندابوو، ئەوشایىء گۆڵمەزەبوو کە لەسەر زەوى گەرمکرابوو. خەڵکى وایاندەزانى ئێمە مردووینء ئاگامان لەهیچ نییە، بەڵام، ئەگەرچى من بۆ خۆشم سەیرم لێدەهات کەچۆن مردوومء ئاگام لەهەموو رووداوێک هەیە؟ ئاگام لێبوو لەدواى ئەوەى ئێمەیان زیندەبەچاڵکرد، بۆ شەوەکەى هەموو ئەو پیاوانە لەمەراسیمێکى تایبەتدا خەڵاتکران، مەدالیاى ئازادیەتییان پێبەخشرا!
ئەمە مەسەلەیەک بوو تەواو پەرێشانى کردبووم، مەسەلەیەکىتر کەتاڕادەی شێتى سەرسامى کردبوومء هەرگیز لەیادم ناچێتء خۆشم نازانم چۆن لەو کاتەدا کەوتە یادم ئەوەبوو؛ بەخیلیم بە( ئەخناتون )ء( نەفەرتیتى )ء هەموو فیرعەونێکى میسریدا دەهات، بەڕاستى ئەوان خۆش ژیانء پیرۆز نێژران! فیرعەونەکان هەزاران ساڵە مردوونء نێژراون، بەڵام لاشەکانیان وەکو خۆیان وایەء نەگۆڕاون، وەلێ من لەدواى چەند هەفتەیەک لەزیندەبەچاڵکردنەکەم گۆشتى لەشم لەئێسکەکانم جیابووەوە، وەک بڵێى دوژمنء نەیارى یەکدى بن، ئیدى جگە لەدەیان پارچە ئێسک، کەڕەنگە خۆشم تەواوى ئەندامەکانى خۆم نەناسمەوە، هیچى وام نەماوە..
 لەگەلڕ ئەم تێکەڵاوبوونء بەیەکداچوونەدا هەر ئێسکەو بەزمانى رۆح سەربوردەى ژیانى خۆى بۆ ئەویدى دەگێڕایەوە.. کاتێک لولاقێک، پەراسوویەک، باسکێک، جومجومەیەک، حەکایەتى خۆى دەگێڕایەوە، هەموو مەملەکەتى ئێسکەکان بەعەشقێکى زۆرەوە رۆحیان بۆ رادەدێرا، لەگەلڕ زایەڵەى سەربوردەکاندا پێدەکەنینء دەگریاین..
من بڕواناکەم هیچ کۆڕێکى شیعرى، هێندەى مەراسیمى سەربوردەى ئێسکەکان قەرەباڵغء بەحەماس بووبێت.
ئەوەى لەهەموو شتێک زیاتر لەمەملەکەتى ئێسکەکاندا جێگەى سەرنج بوو ئەوەبوو؛ ئێمە ئەگەرچى هەر چل، پەنجا کەسێکمان لەچاڵێکدا زیندە بەچاڵکرابووینء هەتا چاویش بڕدەکات هەرچالڕ بوو، بەڵام دەیانووت دواین چالڕ لمێکى ئێجگار وشکء سوێرى هەیە، لمێک کە لەسوێریدا تاڵە.. ئەگەر لولاقێک، باسکێک، پەراسویەک، کەلەسەرێک، لەیەکەمین چاڵەوە سەربوردەى خۆى بگێڕایەوە، ئەوە ئێسکى دواین چاڵیش بەڕۆح گوێى لێدەبوو! وابزانم لەسێیەم ساڵى زیندەبەچاڵکردنەکەمدا بوو، نۆرە هاتە سەر من کەسەربوردەى ژیانى خۆم بۆ ئامادەبووان، بۆ مەملەکەتى ئێسکەکان بگێڕمەوە.. من ئاوها دەستم بەگێڕانەوەى سەربوردەى ژیانم کرد:
 ناوم (مەردان)ە، خەڵکى (بانگۆل)ى گەرمیانم، سآ سالڕ لەپێش ئێستا، پێش ئەوەى زیندە بەچاڵبکرێم، تەمەنم (20) سالڕ بوو، دایکم بۆى گێڕاومەتەوە، ئەو رۆژەى منى تیا لەدایک بووم 8ى مانگى شوباتى ساڵى 1968 بوو، رەشەبایەکى ژەهراوى ناوەخت هەڵیکرد، رەشەبایەک زەحمەت بوو کەس خۆى لەبەربگرێت، گەورەو بچووک، ژنء پیاو، پیرو لاوى پێکەوە لول دا، کەس نەیزانى ئەم گەردەلوولە لەکوێوە هەڵیکرد، زەحمەتە، زەحمەتە بتوانرێت باسى کاولکارییەکانى ئەو رەشەبایە، وەک ئەوەى کردى بگێڕدرێتەوە.
دایکم چەند جارێک بەچاوى پڕ لەفرمێسکء دڵى پڕ لەحەسرەتەوە، ئاخى بۆ رۆژانى لاوى خۆى هەڵکێشاوە، بۆیگێڕاومەتەوە کەباوکم هەرچۆنێک بێت توانیویەتى ئێمە لەژەهراوى بوونى ئەو بایە رزگاربکات، لێ خۆى هەر ئەو رۆژە تەمەنى جوانى خۆى کە (22) سالڕ بوو بۆ دایکى (18) ساڵم کرد بەقوربانى..
من کەهێشتا زۆر سەربوردەى ترم مابوو بیگێڕمەوە، نەمتوانى تەواویان بکەم، بەدەم گریانەوە وتم: ئاخ دایە گیان، دایکى جوانء جاهێڵم، دایکى میهرەبانم، دایکى خێر لەخۆ نەدیووم، دەبآ ئێستا لەکوآ بیت؟ ئایا گوێت لەناڵەى رۆحى مەردانى کوڕت هەیە؟ دڵنیام ئێستا بمبینى نامناسیتەوە، چونکە ئێستا نەچاوم ماوە هەتا بەسەوزییەکەیدا بمناسیتەوە، نەخاڵە وردە رەشەکەى چانەکەم، هیچ هیچیان نەماون.. ئێستا جگە لەئێسکە پەیکەرێک، کەڕۆژانە زیاتر نەرم دەبێتء دەڕزێت، هیچى دیم نەماوە.. دایە گیان تۆ لەکوێى؟
لەم کاتەدا دەنگێک لەدوورەوە کەوابزانم نزیکى چاڵە کۆتاییەکان بوو هات بەدەنگ هاوارمەوە، بەدەنگێکى ئێجگار میهرەبان، بەڵام لەرزۆکەوە وتى: مەردان،رۆڵە ئەوەتام، ئەوەتام لێرە، لەم چاڵە، منیش مردووم، منیش زیندە بەچاڵکراوم، ناتوانم ببزوێم، سەرێکء قاچێکء دوو دەست، کەنازانم هى کێن کەوتوون بەسەر لاشەى مردوومدا، هەر بەجارآ هەراسانیان کردووم، بەڵام منیش بەچاوى رۆح دەتبینم، گوێم لەدەنگتە، لەم دوورەو دەتلاوێنم، تازە ئێمە، مەملەکەتى ئێسکەکان هەر لێرە دەمێنینەوە، بڕواناکەم مرۆڤى زیندووى سەرزەوى بزانن ئێمە لێرەین..
 دایکم لەدواڕستەیدا، دەنگى گۆڕاو قسەکەى بۆ تەواونەکراء دایە پرمەى گریان..
بەم شێوەیە منء دایکم، لەدواى چەند سالڕ لەدابڕان، یەکترمان دواند.. لەدواى من، ئەو لولاقە قسەى کرد کە لە یەکەم رۆژى زیندە بەچاڵکردنەکەمەوە کەوتبووە سەر سنگمء هەتا ئەو رۆژەى لمەکەیان لەسەرم لابرد هەر لەسەر سنگم بوو..
دواجاریش کەئێسکەکانمانیان جارێکىتر کۆکردەوەو کردیانە پریاسکەیەکەوە، لەوێشەوە خرامە ناو تابووتێکى گەورەوە، ئینجا بەئاڵایەکى سآ رەنگ، سوورء سپىء سەوز داپۆشرام. ئەو لولاقەشیان خستە ناو تورەکەکەى منەوە.. بەڵام دەستى راستم کە کەوتبووە ژێر سەرى ئەو ژنەى تەنیشتمەوە، لەکاتى دەرهێنانەوەى ئێسکەکانمان لەژێر لمەکە، نەمزانى کەوتە پریاسکەى کێوەء تێکەڵاوى ئێسکى کآ بوو، یا راستر بڵێم، نەمزانى بوو بە بەشێک لەلەشى کآ!؟
من زۆر لەلام سەیر بوو، خزمەکانم، هاوڕێکانم، ئەوانەى (15) ساڵى تەواو عەوداڵى هەوالڕو تەنانەت تەرمى ئێمە بوون، بۆ نەیان پرسىء وردنەبوونەوە بۆچىء چۆن دەبێت مرۆڤێک سآ قاچء یەک دەستى هەبێت؟
من ئێستا کە لەپریاسکەیەکدام، لەناو تابوتێکى  گەورەدام، بریتیم لەجومجومەیەک، چەند پەراسویەک، سآ لولاق، دوانى راستء یەکێک چەپ، لەگەلڕ باسکێکى چەپ.. چەندین سالڕ لەجێیەکى ئێجگار تەنگەبەردا بووم، ئێستا هەرخۆم، بەڵام بەبآ دەستى راستم لەناو تابووتێکى گەورەدام..
 من ئەگەرچى جگە لەچەند پارچە ئیسکێکى وشکء رزێو زیاتر هیچى دى نەبووم، بەڵام وەک مرۆڤێکى کاملڕ، لەدیاردەکان رادەمام، تێدەفکرام، پرسیارم دەکرد، خەونم دەبینى، خەونى زۆر گەورەو جوان، هەندێجار دڵخۆش دەبووم، بەڵام کاتێک یادەوەرى دەستەڕاستم دەکەوتەوە یادم، نیگەرانء دڵتەنگ دەبووم.
فرە دڵخۆش بووم، کاتێک لەدواى یانزە سالڕ لەژێر لم دەریانهێنامەوەو توانیم جارێکى دى ژیانى سەر زەوی ببینمەوە، بەتایبەت ئەوکاتەى گەیاندمیانەوە کەرکوکء بەسەر پردى خاسەدا رەتیان کردم، هەر ئەوەندە نەبووم پێبگرمء لەتابووتەکەوە سەردەربێنمء هاوار بکەم !! بەڵام کاتێک لەخۆم رامام کە دەستى راستم نییە، نیگەرانء دڵتەنگ مامەوە، ئاخر مەحاڵە بتوانم بەبآ یادەوەرى دەستەڕاستم بژیمء بمرم! من لەژیانمدا چەندین چار نامەى دڵداریم بەدەستە راستم بۆ شەونم نووسیوە..
لەمەش ئەستەمتر، کاتێک لەپاین پردەکەى خاسەدا چاوم بەباجى (زارا) کەوت دەڕۆزى دەکرد، بەرى چاوم تاریک بوو، ئیدى هیچم نەدى، بەڵام یادەوەرى چەند رۆژێک لەپێش ئێستا بەرەو قوڵایى خۆى لوشى کردم.. ئەو رۆژەم کەوتەوەیاد کەئێسکە پەیکەرى (کاروان) کوڕە گەورەى باجى (زارا)، باسى دایکى بۆ دەکردین، کەچۆن پێش ئەوەى زیندە بەچالڕ بکرێین، سەربازەکان بەزۆر لەباوەشى دایکیان دەرهێناوە، (کاروان) لەگێڕانەوەى ئەم رووداوەدا، وەک جار یەکەم دەستى بەگریان کردەوە، لەدواى خۆشى، تەواوى مەملکەتى ئێسکەکان دایانە پرمەى گریان..
(کاروان) هەر بەهیوا بوو جارێکى دى لەئامێزى دایکیدا سەرخەوێک بشکێنێتەوە.. نەیزانى باوەشى دایکى وەکو دەستە راستى من ون دەبێتء نادۆزرێتەوە..
لەدواى ئەم دیمەنەى باجى (زارا)، زوو پەشیمان بوومەوە لەوەى جارێکى دى بژیمەوە. لەم کاتەدا زۆرم پەلەبوو، خوا خوام بوو لەو تابووتە رزگارم بێتء تەسلیم بەخاکم بکەنەوە. هەتا گەیاندمیانە گۆڕستان، خۆم دڵنەوایى ئێسکەپەیکەرى خۆمم دەکرد..
ئەى ئێسکى وشکء رزیوم، خوداوەند نەمرى تەنها بەخۆى بەخشى، قەدەرى ئێمەش بەمردن .. بۆیە دەبوو هەرزوو بمانزانیبیا کەژیان جگە لەگەمەیەکى بآ مانا هیچى دى نییە..
کاتێک جارێکىدى، بەڵام بەپێچەوانەى جارى یەکەمەوە، لەمەراسیمێکى شایستەدا بەخاک سپێردرامەوەو گەڕامەوە بۆ ناو مەملەکەتى ئێسکەکان، یەکەمین ئێسکەپەیکەر کە پێشوازى لێکردمء هەواڵى کوردستانء هەواڵى سەرزەوى لێپرسیم ئێسکەپەیکەرى شەریف پاشاى خەندان بوو..

مایسى 2003
*ئەم چیرۆکە خەڵاتى یەکەمى حەوتەمین فیستیڤاڵى گەلاوێژى بەدەست هێنا.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.