
ســوور ….. داستان به‌رزان
هه‌تاكو چه‌ند مانگێك به‌ر له ئێستا به یه‌كێك له پزیشكه قسه خۆش و گاڵته‌بازه‌كانی شار ناوبانگی هه‌بوو، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و نه‌خۆشانه‌ی سه‌ردانیان ده‌كرد بۆ كلینكه تایبه‌تییه‌كه‌ی، به‌جۆرێك هۆگری قسه و كاڵته‌كانی ببوون، پاش هه‌ستانه‌وه و چاكبوونه‌وه‌شیان له نه‌خۆشی، سه‌ردانیان ده‌كرد و گوێیان بۆ قسه و به‌سه‌رهاته پێكه‌نیناوییه‌كانی ڕاده‌دێرا.
به‌رده‌وام له‌و چه‌ند ژوور و هه‌یوانه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه كه ته‌رخانی كردبوو بۆ كاری پزیشكی، ده‌نگی ده‌تریقانه‌وه‌ی پێكه‌نین ده‌گه‌یشته كۆڵان و ڕێبوارانی سه‌رسام ده‌كرد.
پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن هه‌بوو كه له به‌شه ناوخۆییه‌كه‌ی ته‌نیشت ماڵمان كاری ئاماده‌كردنی خواردنبوو بۆ خوێندكارانی ناوخۆیی، ده‌یگوت: (دختۆر پیاوێكی عالم و زانایه و قسه و باسی خۆش و عه‌نتیكه‌ی لایه. بونیام كه ده‌چێته لای حه‌ز ناكه‌ناكات بڕوات، له‌م شاره‌ی ئێمه‌دا سێ چوارێكی ئاوهای تێدابوویایه، ئه‌وه چ پێویستبوو ئه‌م شار و ئه‌و وڵات بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانمان.)
دكتۆر هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه مرۆیه‌كی گاڵته‌بازبووه، ده‌گێڕنه‌وه هه‌میشه حه‌زی به‌و یارییانه‌بووه كه پێكه‌نین و شۆخی دروست ده‌كه‌ن، له‌ته‌مه‌نی لاویشدا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كتێب و كه‌ل و په‌له‌كانی خوێندنیدا ئه‌و كتێب و نوسراوانه ده‌بینران كه تایبه‌تبوون به نوكته‌و قسه‌ی خۆش و هه‌ندێجاریش ڕۆمان و كتێبه سیاسییه قه‌ده‌غه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، له ناویاندا ڕۆمانی (دایك)ی (مه‌كسیم گۆرگی)كه ده‌بوو هه‌ر كه‌سێك خۆی له قه‌ره‌ی سیاسه‌ت و ڕۆشنبیری بدات بیخوێندایه‌ته‌وه،….
دواتریش له قۆناغی خوێندنیدا له زانگۆی به‌غدا كۆلێژی پزیشكی یه‌كێك بووه له‌و خوێندكارانه‌ی كه له زۆرینه‌ی چالاكییه جۆراو جۆره‌كاندا كاتێكیان بۆ ته‌رخان كردووه، تاكو هه‌ندێك به‌سه‌رهات و قسه‌و باسی پێكه‌نیناوی تێدا بگڕێته‌وه .
ده‌ڵێن هه‌ندێك له مامۆستاكانی پێیان وابووه كه ئه‌گه‌ر بێت و له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ی به‌رده‌وابێت ئه‌وا ناتوانێت درێژه به كاری پزیشكی بدات و ڕه‌نگه له داهاتوودا ببێته ئه‌كته‌رێكی نمایشه كۆمیدییه‌كان، به‌ڵام له ناو هه‌موویاندا مامۆستایه‌ك هه‌بووه گوتوێتی به‌شێك له چاره‌سه‌ر بۆ هه‌ر نه‌خۆشێك پێكه‌نین و به‌خشینی شتێك له به‌خته‌وه‌رییه به نه‌خۆش، بۆیه ئه‌و مامۆستایه له‌و بڕوایه‌دابووه بتوانێت له ڕێگه‌ی پێكه‌نینه‌وه نه‌خۆشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات.
له یه‌كێك له یاده‌كانی له‌دایكبوونی سه‌رۆكی ئه‌و ده‌مه‌ی عێراقدا، دكتۆر ده‌ستنیشان ده‌كێرێت بۆ ئه‌وه‌ی بچێته سه‌ر شانۆ و چه‌ند به‌سه‌رهاتێكی گاڵته‌ئامێز بگێڕێته‌وه، ئه‌میش ئه‌گه‌رچی له‌وه دڵنیابووه كه ئه‌گه‌ر بێت داواكارییه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كات ئه‌وا به جۆرێك تووشی كێشه‌ی ده‌كه‌ن جارێكی دیكه چاوی به دونیای ڕۆشن نه‌كه‌وێته‌وه،…
به‌هه‌رحاڵ داواكارییه‌كه جێ به‌جێ ده‌كات، به‌ڵام دواتر به‌هۆی بوونی چه‌ند وشه‌یه‌ك له نێو قسه‌كانیدا كه ئه‌و كات به‌كارهێنانیان قه‌ده‌غه‌بووه، سه‌رانی ئه‌و ڕژێمه ماوه‌ی چه‌ند مانگێگ له یه‌كێك له زیندانه‌كانی خۆیاندا به‌ندی ده‌كه‌ن و دواتر به‌هۆی كوردێكی ده‌سته‌ڵاتداری ڕژێمه‌وه ڕزگاری ده‌بێت.
به‌ر له چه‌ند مانگێك كاتێك به‌هۆی پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كه‌ی دراوسێمانه‌وه چوومه لای، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكبوو تووشی ئه‌و غه‌مگینییه قووڵه ببوو، كه مرۆڤ به ئاسته‌م ده‌یتوانی له نهێنییه‌كه‌ی تێبگات و له به‌رامبه‌ریدا تووشی تێڕامان نه‌بێت، ئاخر ئه‌و وه‌ك باسیان ده‌كرد پیاوێكی زۆر له‌وه ڕووخۆشتربووه كه وێنام ده‌كرد، بۆمن بێئه‌ندازه سه‌رسوڕهێنه‌ربوو، كه ئه‌و پزیشكه‌ی به یه‌كێك له قسه‌خۆشه‌كانی مه‌مله‌كه‌ت باسیان ده‌كرد، به ڕوویه‌كی سارد و ڕووخسارێكی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه پێشوازیمان بكات و له ژێر لێوێكی وشكه‌وه فه‌رموومان لێبكات.
وابزانم هه‌ر به‌هۆی ئه‌و كه‌م دووی و ساردی و بێده‌نگییه‌شیه‌وه‌بوو كه خه‌ڵكی زۆر به كه‌می سه‌ردانی كلینكه‌كه‌یان ده‌كرد، چونكه ئه‌و نه‌خۆشه‌كانی به جۆرێك فێری پێكه‌نین و شۆخی كردبوو كه هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌و غه‌مگیینیه قووڵه‌یدا هه‌ڵنه‌كه‌ن و وه‌ك بۆڵێك ترێ لێكترازابوون و هه‌ر یه‌كه‌یان ڕوویان له پزیشكێك كردبوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌و هه‌ندێكجار ته‌نیا له ڕێگه‌ی پێكه‌نینه‌وه نه‌خۆشه‌كانی چاره‌سه‌ر ده‌كرد، به تایبه‌ت ماوه‌ی جه‌نگی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق كه خه‌ڵكی ترسیان له‌وه هه‌بوو ڕژێمی به‌عس بدات به‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌ماندا، ڕۆژانه خه‌ڵكێكی زۆر تووشی خه‌مۆكی و تۆقین ده‌بوون، ئه‌میش وه‌ك عاده‌تێكی به‌رده‌وامی خۆی دونیای له‌به‌ر چاو ده‌كردن به فیلمێكی پڕ له پێكه‌نین، هه‌میشه نه‌خۆشه‌كانی به ڕوویه‌كی گه‌ش و ئومێدێكی زۆره‌وه ڕه‌وانه ده‌كرد،…
پاش كه‌مێك دانیشتن و هه‌ندێك قسه له باره‌ی نه‌خۆشی پیاوه پیره‌كه‌ی دراوسێمانه‌وه، هه‌ستاینه سه‌ر پێیان به‌و مه‌به‌سته‌ی بڕۆین، له‌م كاته‌دا دكتۆر به ده‌نگێكی بریندار و كه‌مێك توڕه‌ییه‌وه گوتی: (پێكه‌نین هیچ نییه له یارییه‌ك زیاتر كه به ماسولكه‌كانی ده‌مووچاومانی ده‌كه‌ین، هه‌رگیز پێكه‌نین مانای به‌خته‌وه‌ری نییه، چونكه ژیان گه‌شتێكه له تراژیدیایه‌كه‌وه بۆ تراژیدیایه‌كیتر)
له‌م كاته‌دا من و پیاوه پیره‌كه وه‌كئه‌وه‌ی له نمایشێكی شانۆیی ڕامابین ته‌ماشای دكتۆرمان ده‌كرد و جار جاره‌ش سه‌یری نێو چاوی یه‌كترمان ده‌كرد.
دكتۆر به توڕه‌بوونێكی زیاتره‌وه گوتی:( تكایه پێمه‌كه‌نن، پێكه‌نین ته‌نیا ده‌تانكاته قوتوویه‌كی بۆشی توڕدراو، كه چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه كه‌سێك بێت و به پێیه‌كانی پانی بكاته‌وه و له ته‌نه‌كه‌خۆڵێكی بهاوێت).
ئێمه ئه‌و كات زۆر گرنگیمان به قسه‌كانی نه‌داو پیاوه پیره‌كه‌ی دراوسێمان به سه‌ری ئاماژه‌ی ڕۆیشتنی بۆ كردم و ڕۆیشتین، به‌ڵام من وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سێك له ناوه‌وه‌مڕا پێم بڵێت، گه‌ڕامه‌وه و سه‌رێكم به ژووره‌كه‌یدا كردوو پێم گوت: به‌م نزیكانه ده‌گه‌ڕێمه‌وه لات و هه‌ندێك قسه ده‌كه‌ین.
دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند ڕۆژێك به‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی من و پیاوه پیره‌كه‌دا ئێواره‌یه‌ك كت و پڕ بڕیارمدا بچمه لای دكتۆر و هه‌ندێك قسه له باره‌ی پێكه‌نین و غه‌مگیینییه‌وه بكه‌ین، به نزیكبوونه‌وه‌م له ماڵیان و له‌و مه‌ودایه‌وه‌ی كه چاوم ماڵیانی ده‌بینی، ته‌ماشام كرد خه‌ڵكێكی زۆر ده‌ركی ماڵی دكتۆریان گرتووه، له‌به‌ر خۆمه‌وه بزه‌یه‌ك گرتمی گوتم: ده‌شێت دكتۆر بووبێته‌وه به پیاوه‌كه‌ی جاران و خه‌ڵكی بۆ پیرۆزیایی هاتبێتن، یان ڕه‌نگه بووبێته خاوه‌نی دكتۆرایه‌كی تر له باره‌ی پێكه‌نین و غه‌مگیینیه‌وه. به‌ڵام كاتێك گه‌یشتمه ده‌ركی ماڵیان………
له‌سه‌ر قوماشێكی گه‌وره‌ی سوور به ڕه‌نگی سپی نوسرابوو: (پیاوێك پێكه‌نین غه‌مگینی ده‌كات و ده‌مرێت) كه به دیواری نێوان ده‌رگای ماڵیان و كلینكه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵواسرابوو،…
دواتریش هه‌ر له‌سه‌ر دوای خۆی ته‌واوی گۆڕه‌كه‌شی له ڕه‌نگێكی سوور.. سوور..هه‌ڵكێشرا، كه ئه‌گه‌ر به‌پێی سروشتی ڕه‌نگه‌كان لێت بنۆڕییایه هێنده تۆخبوو ده‌چووه‌وه سه‌ر ڕه‌نگی ڕه‌ش،…
له زاری ژنه‌كه‌یه‌وه گوێم لێ‌بوو كه بۆ چه‌ند ژنێكی هاوڕێی ده‌گێڕایه‌وه ده‌یگوت: مێرده‌كه‌م به‌ر له مردنی به چه‌ند مانگێك زۆر بایه‌خی به‌ڕه‌نگی سوور ده‌دا ته‌نانه‌ت دیواری ماڵ و كلینكه‌كه‌شی له ڕه‌نگی سوور هه‌ڵكێشابوو، جل و به‌رگ و پێڵاو ته‌واوی كه‌ل و په‌له‌كانی له ڕه‌نگی سوور ده‌كڕی، چونكه پێی وابوو ڕه‌نگی سوور هێمایه بۆ ئه‌و غه‌مگینییه‌ی كه مرۆڤی تێدایه ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك شوێندا وه‌ك تیۆریستێك له باره‌ی سیمیای ڕه‌نگه‌كانه‌وه ده‌دوا و ده‌یگوت: گومانم له‌وه‌دا نییه مرۆڤ دروستكراوێكه له غه‌مگینی پێكهاتووه، به بۆچوونی منیش سوور هێمایه بۆ غه‌مگینی، له ڕووی فه‌سله‌جیشه‌وه به‌شێكی زۆری له‌شی مرۆڤ له گۆشت و خوێن دروستبووه، گۆشت و خوێنیش سوورن، زۆرینه‌ی كات ده‌وونی مرۆڤ سوور ده‌خوازێت، بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش ته‌ماشاكه مێژووی مرۆڤایه‌تی پڕه له جه‌نگی خوێناوی، ئه‌گه‌ر مرۆڤ ئه‌وه‌نده ئاره‌زووی بۆ سوور نه‌بوایه ئه‌م هه‌موو جه‌نگه نه‌ده‌بوو.
ژنه‌كه‌ی ئه‌مه‌ی ده‌گوت و له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌كه‌وته ورته ورتێكی نائاسایی، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له قسه‌كانی له ناوه‌وه‌ی خۆیدا ته‌واو بكات، هه‌ر به‌ده‌م ئه‌م قسانه‌شه‌وه هۆن هۆن فرمێسكی سوور به چاوانیدا ده‌هاتنه خوارێ.
Dastan.barzan@gmail.com
له ژماره(168)ی گۆڤاری(ڕامان)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.