
ئازادى پێش سەربەخۆیى …..شاخەوان عومەر سلێمان
دەگوترىَ ماف دەسەندرێت نا درێت، ئەم تێگەیشتنە لە رابردوودا بۆ ماناى ئازادیش جێگاى خۆى گرتووە و هەمان شتە، تێكۆشان و بەرگریكردن و وەستانەوە لە روى دەسەڵاتى ستەمكار، چ لە ئێستا، و چ لە رابردوو، لە داهاتووش، ئەو راستییە دەچەسپێنىَ، كە شۆڕشەكان چەندە بۆ دەستخستنى مافەكانى مرۆڤ بەرپاكراون، دەهێندەش لە پێناو شكاندنى كۆتى دیلى و بازوى داگیركەر و هەڵدانى ئاڵاى ئازادى سەریان هەڵداوە، هەرچەندە داننان بە مافەكانى مرۆڤ بۆخۆى بەشێكە لە وەرگرتنەوەى مافە زەوتكراوەكانى مرۆڤ كە ئازادیش ئەو مەبەستەدەگرێتەوە، بەڵام وەكو باسدەكرێت پانتاییەكانى ئازادى رادەربڕین و سەربەستى بیركردنەوە و دەرفەتى تێفكرین ئەوندە فراوان و بەرینن شوێنى چنینەوەى زۆر دەسكەوتى دیكەى كۆمەڵگاى تێدا دەبێتەوە.
لەوەتاى چەمكى ئازادى پەیدابووە، ( مرۆڤ بە ئازادى لە دایك دەبێت) لاپەڕەكانى مێژووى جیهانیش زیاتر بە خوێن و كوشتن و بڕین و یەكترى سڕینەوە، خۆسەپاندنى میر و گەدا و فەرمانڕەواكان رەشكراوەتەوە، ئەو وڵاتانەى بە سەرچاوەى سامانە سروشتیەكان دەوڵەمەندن و خاك و ئاو هەواى بەپیت و بەرەكەتیان هەیە، هەمیشە زۆر ترین ئەو شوێنانە بوون كە لە جوگرافیاى دنیادا مەیدانى بەیەكدا هەڵپژان و روبەڕوبوونەوەى سەخت و وێرانكەر بوونە، كەواتە هیچ سەردەم و چەرخ و زەمانێك بەفەڕى و زەنگینى سروشتى هەر وڵاتێك نەك نەبۆتە مایەى بەرقەراربوونى ژیانێكى ئاسوودە بۆ دانیشتوانەكەى، بەڵكو بەردەوام ئەو هۆكارانە پاڵنەرى سەرەكى هەلپەرستانى سیاسى و سەركردەى چڵێس و چاوبرسی بووە لە زەوتكردن و قۆرغكردنى مافى هەژار و نەداران.
لە فیرعەون و نەمروود و ناپلیۆن و مۆسۆلۆنى….. وە زنجیرەى پێشێلكردنى ئازادى و مافەكانى مرۆڤ دەستی پێكردووە، تاوەكو ئێستاش ئەو فیلمە بىَ كۆتاییە درێژەى هەیە و وەكو (( ئاش)) جەستەو كەرامەتى تاكەكان دەهاڕێت، هەمیشە ئازادى ئەو داواكارییە بەڕەواجە بووە كە دروشمى شۆڕش و راپەڕینەكانى قۆناغەجیاوازەكان بووە و لە ژێر پەرچەمى ئەو دەستەواژە پڕمانایەشدا بە ملیۆنان كەس خوێنیان بەخشیوە و قوربانیان داوە، سەیرەكە لەوەدایە سەركێشى و ملنەدانى دەسەڵاتداران ئەنجامى سەرخواردنى خۆیان و شەرمەزاربوونى مێژووەكەیانى لێكەوتۆتەوە، كەچى ئەوان ئامادەبوونە وڵاتەكەیان بكەنە گەورەترین شانۆگەرى شەڕ و كوشتار و كاولكارى، بەڵام نەیانتوانیوە مافێك سادە بەڕەواى میللەتەكانیان ببینن، كە لە بنەمادا هەر ئەو خەڵكە بوونەتە سوتەمەنى وەگرتنى كورسى دەستەڵاتى ئەوان، لاى ئێمە بەعس كەلەشەقترین و ئینكارترین دەسەڵاتى پیادەدەكرد، كە ئامادەی دروستكردنى ترسناكترین كارەسات و وەیشومە بوو، باكى نەبوو دەست لەگەڵ ناحەزترین وڵات تێكەڵ بكات و یارمەتى لە شەیتانیش بخوازێت، بەتەنیا بۆ لە ناوبردن و لە گۆڕنانى داواكارى كورد، لە كاتێكدا چەندین جار سەركردایەتى شۆڕشەكانى كورد دووپاتیان دەكردەوە كە ئەوان دووژمنى سەدام نین ، بەڵكو بۆ ماف و ئازادى خۆیان چەكیان هەڵگرتووە و لەترسى ئەو چوونەتە شاخ، بەلاى هەندێك سەركردەى بوغراو لێگۆڕا و بەتامو چێژترین كارێك، داگیركردنى ئازادى و رادەربڕینى گەلەكەیتى، واتا گەر لاى خەڵكى چەوساوە و بىَ ماف خۆشترین و ئاسودەترین ئاواتیان وەرگرتنى مافەكانیان و ئازادبوونیان بێت، لاى دەسەڵاتە كەیان پێچەوانەكەى راستە.
راستە دیرۆكى مرۆڤایەتى بە تێكۆشان لە پێناو سەربەخۆى زەخرەفەكراوە، بەڵام گەر تۆ ئازاد نەبیت با هەر سەربەخۆبیت ، ئەو دەسكەوتە چ بەهایەكى هەیە، (( ئێستا زۆربەى وڵاتانى عەرەبى بە پێى یاسا نێودەوڵەتیەكان سەربەخۆن و لەلایەن خەڵكانێك حوكم دەكرێن، كە لە زمان و ئاین و كەلتور و رەچەڵەكیان هاوبەشى گەلەكانیان))، شا عەبدوڵاى ئەردەن خەڵكى ئەمریكانییە، موعەمەر قەزافى عەرەبە خۆ تورك نییە، ئەسەدى كوڕ عەرەبى عەلەویە، كەچى لە دەستورو و رێساكانیان، ئازادیەكان تەنگترین و بەرتەسكترین سنوری نەفەسدانیان پێدراوە.
گەلى ئازاد ئەو گەلەیە بچوكترین مافى دەربڕین و نمایشكردن و بیركردنەوە و رەفتاركردن و هەڵوێست وەرگرتنى رێ لىَ نەگیرابێ و بتوانێت و بوێرىَ ئەوەى دەیەوێت و ویستى پێیەتى بیكات و بیڵێت، بەڵام بەمەرجێك چوارچێوەیەكى یاسایى و دەستورى ئەو مافانە پۆلێن بەندبكات، تائەو ڕادەیەى رێگاى رۆشتنى ئاراستەى ئازادیەكانى تۆ بدات، كە ئەو دەرفەت پێدانە نەبێتە مایەى پێشێلكردى مافى ئەوانى دیكە یان ئەوى تر.