بێ هیوا چۆن بژیم! …. ره‌فیق سابیر
1
بێ هیوا چۆن بژیم!
تۆ نه‌بیت
بێ ئاسمانی ئه‌شقت چۆن بفڕ‌م!
تۆ نه‌بیت
فێرم که چۆن دڵم هه‌ڵبگرم!
2
له دوای تۆ
ئه‌م دڵه شکاوه‌م وه‌ک چرای به‌ر زریان
ده‌خه‌مه سه‌ر ده‌ستم
له یه‌که‌م رێکه‌وتدا
هه‌ر که‌سێک بێته رێم
پیر یان جوان
دڵمی پێ ده‌به‌خشم،
گرنگ نییه هه‌ر که‌س بێت
گرنگ نییه،
تۆ نه‌بیت
من دڵم بۆ چییه؟
3
تۆ نه‌بیت
رۆح سارا، رۆح ته‌نیا
له گه‌رمه‌ی سوتانیا
دامرکاو به‌خۆیدا رۆده‌چێت.
رۆح نه‌بێت
سه‌رداری رۆح نه‌بێت، که خۆتی
من جه‌سته‌م بۆ چییه؟
4
له دوای تۆ
گرنگ نییه گه‌ر جه‌سته‌م باخێک بێت
رووناکی و گوڵ بگرێت،
یان جه‌سته‌م خاکێکی وێران بێت،
ته‌رمێک بێت ئاو بیبات
سه‌گ بیخوات
گرنگ نییه،
تۆ نه‌بیت گوڵه گیان
من جه‌سته‌م بۆ چییه؟
له‌دوای تۆ
هیچ شتێک گرنگ نییه
هیچ شتێک گرنگ نییه.
5
تۆ نه‌بیت
چیمداوه له‌م ناوه
ده‌ڕۆم و
ئه‌م شاره جێ دێڵم
شار بێ تۆ چۆڵستان
شه‌وستان.
له دوای تۆ
به من چی خێڵخانهی ژنکوژان،
ئاوابێت یان وێران؟
بهمن چی گوڵه گیان.
6
پێموتی بێتۆیی مردنه
جێهێشتن توندترین شێوازی کوشتنه.
له‌سه‌رخۆ گوڵه گیان، له‌سه‌رخۆ!
کوشتنیش به‌هانه‌ی خۆی هه‌یه
کوشتنیش رێسای خۆی،
واده‌ی خۆی
ئێتیکی خۆی هه‌یه
وریابه گیانه‌که‌م، وریابه!
ئه‌م گه‌مه‌ی کوشتنه ژانی خۆی
کۆتایی خۆی هه‌یه.
7
له دوای تۆ
ستایلی ژیانم ده‌گۆڕم
ناوی خۆم
ئاینم
زمانم ده‌گۆڕم.
چه‌ند سه‌خته له دوای تۆ
ده‌بێت خۆم به دنیای بیتۆیی رابێنم
ده‌بێت خۆم, به‌بێ تۆ
ژیانم رایی که‌م
خۆم شوێن و
زه‌مانی مردنم دیاری که‌م.
8
له دوای تۆ
له جوانی ده‌ڕه‌نجێم
له شیعر ده‌تۆرێم
شاعیرانه ده‌مرم
شاعیرانه ده‌ژیم و
قه‌ت شیعر نانووسم
تۆ نه‌بیت
رۆح وێران
دڵ وێڵ و سه‌رگه‌ردان
جوانیی چی؟
شیعری چی؟
بۆ شیعر بنووسم گوڵه گیان؟
9
له دوای تۆ
له وڵات زیز ده‌بم
له ژیان، له خۆشم ده‌تۆرێم
گرنگ نییه چۆن ده‌ژیم
گرنگ نییه چۆن ده‌مرم
وه‌ک پیاوێکی بێڕێ
به‌ره‌و کام جێی دوور و لاچهپه
بێ ئامانج سه‌ری خۆم هه‌ڵده‌گرم
خۆم غه‌ریبی شاران،
خۆم نامۆی زه‌مانه
ته‌نیایی ده‌بێته وڵاتم
شێتبوونیش ده‌بێته دوا په‌نا، دوا لانه
وه‌ک میری ئاشقانی دڵشکاو
ده‌بم به دێوانه.
10
له دوای تۆ
چۆن نه‌مرم؟
فێرم که تۆ نه‌بیت
چۆن بژیم؟
چۆن دڵم هه‌ڵبگرم؟
تۆ نه‌بیت
هیچ شتێک گرنگ نییه
له دوای تۆ
ژیانم بۆ چییه؟
سلێمانی- جه‌نیوه‌ری 2011