ئه‌ده‌بی فه‌رمی و ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ن
له نێوان ئه‌ده‌بی ره‌سمی و ئه‌ده‌بی ئاسایی سنوورێک هه‌یه که خه‌سڵه‌تی ئه‌ده‌ب به دووه‌میان و یه‌که‌میان ده‌خاته خانه‌ی نا-ئه‌ده‌به‌وه. ئه‌م لێکجیاکردنه‌وه‌یه، تاکو ئێستا، له سه‌ر مێزگررده ئه‌ده‌بییه کوردییه‌کاندا نه‌بووه‌ته بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه و شیته‌ڵکردن و قسه‌له‌سه‌رکردن، چونکه ده‌یان ساڵ زیاتره به‌رهه‌می ئه‌ده‌ب ته‌نها به هاوته‌ریبیی له گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ کراوه و هه‌ر له‌م دیدهوهش ستایشی بۆ کراوه. ئه‌گه‌ر بێت‌و هه‌موو نۆتهیهکیش له‌گه‌ڵ سه‌مفۆنیای جۆقه هاوئاواز نه‌بووبێت، ئه‌وه به نه‌شاز و لاته‌ریک و نامۆ لێکدراوه‌ته‌وه.
یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌م پشتگوێخستنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خاڵێکی دیاریکراو، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه بووه که واقیعی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به بێبه‌زه‌ییانه سه‌رجه‌م چالاکییه‌کانی خستبووه ژیر چه‌تری خۆیه‌وه، واقیعێکی دژوار و داخراو و ئابڵۆقه‌دراو.
چۆن ده‌کرێت هێڵه گشتییه‌کانی ئه‌ده‌بی ره‌سمی و ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ن لێکجودابکرێنهوه؟ سه‌ره‌رای سه‌روه‌ریی ده‌سه‌ڵاتی چێژ، با بۆ چه‌ند ساتێک لێیگه‌ڕێین، ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بی ره‌سمی کاری ناولێنان بکاته خه‌سڵه‌تی خۆی، ئه‌ده‌بی ئاسایی، یا ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ن، ته‌نها له سنووره‌کانی ئاماژه‌کردنه‌وه ده‌ستپێده‌کات. له‌و ئاقارانه‌وه له توێژی نوێ ده‌گه‌ڕێت و لۆچه تێکچڕژاوه‌کانی ده‌هێنێته زمان. ته‌نهاش له رێگای زمانه‌وه، له رێگای ئاسته‌کان و رێژیستری زمانه‌وه که‌ره‌سه‌کانی رێکده‌خاته‌وه.
گرنگیی شاعیرێکی وه‌کو نالی، بۆ نموونه، ته‌نها هه‌ر ئه‌وه نییه، به حوزنێکی قووڵه‌وه نامه نوستالژیئامێزهکهی بۆ سالمی هاوڕێی ناردبێت و کونوقوژبنی حوجره‌که‌ی پشکنیبێت و پاشان گه‌ڕه‌ک و شاره‌که‌ی به‌سه‌ر کردبێته‌وه! به‌ڵکو گرنگیی نالی له زمانه ئاماژهئامێزهکهی دایه، نه‌ک له ناولێنانهکانی. تاکو حهبیبهکهشی جێی مشتومڕی پیاوانی ئه‌ده‌ب بووه. هه‌ر لێره‌وه توێژه کۆدهلالاتهکانی دێره شیعره‌کانی جێی بایه‌خ و چێژیی شاعیران و توێژه‌ران بوونه.
قه‌سیده‌ی “بادی خۆشمرور” هه‌نده‌ی قه‌سیده‌ی ناولێنانه، هه‌نده قه‌سیده‌ی ئاماژه‌پێکردن نییه، هه‌نده‌ی وه‌رچه‌رخانێکه له بنه‌ما شاراوه‌کانی هه‌ست و نه‌ستی ده‌ربه‌ده‌ربوون، هه‌نده گه‌ڕانه‌وه نییه بۆ ماهییه‌ته‌کانی شیعر. ههندەی له گه‌ڵ وتاری سیاسیی هاوچه‌رخدا هاوته‌ریبه و ئه‌وه‌نده‌ش ئاوردانه‌وه‌یه‌که له بۆ رابردوویه‌کی کۆتایی پێهاتوو، به قه‌د ئه‌مه‌ش رووکردن نییه له ئاسۆی جیهانی شیعری نوێ. ( لێره ده‌بێت نوێ ئاماژه بۆ ماهییه‌تی ده‌ق بکات، نه‌ک فۆرمی ده‌ق.) به‌ڵام نالی ته‌نها هه‌ر ئه‌م قه‌سیده‌یه نییه، به‌ڵکو سه‌دایه‌کی شیعرییه له زه‌مان و مه‌کانێکی دیکه‌وه هاتووه. ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک نییه به‌ره‌و هه‌واری پیرۆز، به‌ڵکو به‌شێکه له جه‌سته‌ی خودی نالی خۆی. نالی ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌یه که پابه‌ندی بوونهوهربوونی خۆیه‌تی زیاتر ؛ هه‌موو ئه‌ده‌بێکی راسته‌قینه‌ش له راستی دا، گه‌ڕانێکه به شوێن “بوونه‌وه‌ر”، وه‌ک گه‌ڕانێک بێت به دوای واقیعێکی دیاریکراودا. هه‌ر له‌م بوونهوهرهشدا، ئاست و ئاراسته‌کانی زمان و بابه‌ت و هه‌ست و نه‌ست و ئینتیباعهکانمان سه‌باره‌ت به ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بۆ که‌شف ده‌بێت، یا که‌شفی ده‌که‌ین.
به‌ڵام خوێنه‌رانی ئه‌ده‌بی ره‌سمی ده‌یانه‌وێت له نامه‌که‌ی نالی دا، خۆشه‌ویستی بۆ نیشتیمان بدۆزنه‌وه و ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی که هاوته‌با له گه‌ڵ هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تییه هاوهچهرخهکه راده‌وستێت. ده‌یانه‌وێت بێ‌ئامان ئه‌مه بدوێنن و بیکه‌نه توێژێکی دیکه و سه‌ر له نوێ به ده‌لالاتی هاوچهخهوه، جارێکی دی بیهێننه‌وه به‌رهه‌م. ئه‌م به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه ده‌چێته خانه‌ی ناولێنانه‌وه. واته ناولێنانی کات و شوێنی ئێستا و ته‌وزیفکردنی.
به‌ڵام به بێ زمانی ئاماژه و پرسیار ورووژاندن، چالاکییه ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌بنه کاری نه‌خشه‌سازی و رازاندنه‌وه، ره‌نگه ببنه مایه‌ی دڵخۆشی و وتاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و “وتاری بنه‌ڕه‌تی” پێ قهبهبکرێت و دواجاریش له پێناو ئامانجێکی دیاریکراو ده‌خرێته پرۆسه‌ی به بهکهرهسهکردن. ئه‌م پرۆسه‌یه له وه‌ڵام ده‌گه‌ڕێت، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ق خۆی بێته زمان، پێش ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌کانی ئاماده کردبێت، رچه‌کانی بۆ ده‌ستنیشان ده‌کرێت. ئه‌ده‌بێکه پێیه‌کانی له سه‌ر سێکوچکه‌ی ستایش و نمایشکردن و دووباره‌بوونه‌وه به‌نده تا ده‌بێته سروودێکی رهتیب و ده‌ئاخنرێته نێو پرۆگرامه‌کانی په‌روه‌رده و فێرکار و قوتابیان هان ده‌درێت بۆ دووپاتکردنه‌وه و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی هه‌ر وه‌کو خۆی هه‌یه. ئیتر ئه‌ده‌ب له پانتاییه عه‌جوول و بزێوه‌کانی خۆی به‌ره‌و لێژاییه‌کانی ده‌قی تاکڕه‌هه‌ند، لێژدهکرێتهوه. هه‌موو وریاییه‌ک له قووتابی ده‌سێنرێته‌وه، هه‌موو ئاماژه‌کانی کپ ده‌کرێت.
ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه کورت ده‌هێنێت، چونکه هه‌موو به‌رهه‌مێکی کۆک، واقیع به‌سه‌ر چه‌ندین توێژ شیته‌ڵ ده‌کات و تێکهه‌ڵکێشی یه‌کتریان ده‌کات و ده‌بێته کاری کیمیایی، واته رۆح له‌به‌رکردنی ئه‌و مێتالانهی که پێشوه‌خت بێده‌نگ و لاڵ بوونه، بۆ ئه‌وه‌ی بیانخاته نێو جووله‌یه‌کی سهرمهدییهوه.
ئه‌رکی ئه‌ده‌بی ره‌سمی، وێناکردنی واقیعێکی دیاریکراوه، گه‌ڕانه به دوای یه‌ک حه‌قیقه‌تدا. حه‌قیقه‌تێکی به‌رجه‌سته‌کراو و خاوه‌ن مه‌ودا. راسته، گۆڕانکاریی به سه‌ر جه‌وهه‌ری ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌دا دێت، به‌ڵام که‌ره‌سه‌کان هه‌مان که‌ره‌سه‌ن و فه‌زای زیهنی هه‌مان فه‌زان. گرنگیش نییه ئه‌م حه‌قیقه‌ته سه‌ر به چ سه‌رچاوه‌یه‌که ( مێتافیزیک-ئاینی، نه‌ته‌وایه‌تی، سۆسیالیستی…)، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی گرنگه ته‌وزیفکردنی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه. له‌م دیده‌وه، ئه‌ده‌ب وه‌کو پرۆژه‌یه‌ک دهڕمێته سه‌ر خۆی. چونکه دهرخهستن و به‌یانکردنی ئه‌م حه‌قیقه‌ته، ده‌بێته به‌رهه‌مێکی ماددی واقیعێکی دیاریکراو ؛ که‌چی ئه‌ده‌بی ره‌سه‌ن، به شوێن ناوچه قووڵ و پهنهانهکاندا ده‌گه‌ڕێت، ده‌یه‌وێت ناوچه تاریک و بێکۆتاییه‌کان بهێنێته زمان، ده‌گه‌ڕێت له سه‌رجه‌م ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی که له نێو لۆچه شاراوه‌کانی واقیع خۆیان حه‌شارداوه. توێژی یه‌که‌می واقیع به‌جێده‌هێڵێت و رۆ ده‌چێته نێو شته بێده‌نگه‌کانه‌وه و ئه‌و راستییه‌ش ده‌زانێت که ده‌ستگرتن به سه‌ر واقیعدا کارێکی مه‌حاڵه و ناولێنانی به زمانی ئه‌ده‌ب کارێکی مومکین نییه و دواجاریش چوارچێوهرێژکردنیەتی به ئایدیۆلۆژیکردنی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی. گه‌رای ئه‌و هێزه داده‌نێت که له سه‌رده‌م و قۆناغه جیاجاکاندا، له گه‌ڵ خوێنه‌ری ئاست جیاواز هه‌ڵبکات و هه‌موو کاتێکیش نوێبوونی خۆی ده‌رخات و ئه‌و کۆ-واتایانه‌ی که له گه‌ڵ خۆی هه‌ڵیگرتوون، کۆتای‌یان نه‌یه‌ت و هیشک نه‌که‌ن.
شکستیی ئه‌ده‌بی ره‌سمی له‌وه‌دایه که زمان راده‌هێنێت که وێنای واقیعمان بۆ بکات و سه‌رجه‌م دژواریی و دژایه‌تییه‌کان بهێنێته یه‌ک ئاست و ئه‌وجا بۆمانی بنووسێته‌وه. ئه‌و جۆره ئه‌ده‌به عه‌وداڵی واتایه، هه‌موو واتایه‌کیش نا، به‌ڵکو ئه‌و واتایانه‌ی که هاوته‌ریب له گه‌ڵ گوتاری ره‌سمیدا بگونجێت. به واتایه‌کی دی، ئه‌ده‌بی ره‌سمی مه‌کینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی واتایه. به‌ڵام گرفتی ئه‌م ئه‌ده‌به له‌وه‌دایه، هه‌موو کاتێک له پرۆژه‌ی نووسینه‌وه‌ی واقیعدا شکست ده‌هێنێت، چونکه زمان له توانای دا نییه تێکڕایی واقیعمان بۆ چوارچێوهرێژ بکات. به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌ده‌بی ئاسایی، تمووحی ئه‌وه‌ی نییه، ئه‌م واقیعه بگوازێته‌وه، به‌ڵکو رووناکییه‌ک دروست ده‌کات، هه‌ر به خه‌رمانه‌ی مانگ ده‌کات : به بێ مانگ دروست نابێت و ناشتوانێت جێگای مانگ بگرێته‌وه.
زمانی ئاماژه له هه‌وڵه‌کانیدا له پێناو دهستبهسهرگرتنی واقیع خۆی ئه‌فسووناوی ده‌کات و ره‌نگه له دوا پێناسهشدا، به هه‌وڵێکی ناته‌واو و به‌ڵکو شکستخواردوو بچوێندرێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌مه‌نده به کۆواتا و ئاوسه به کۆخوێندنهوه، هه‌روه‌ها ده‌بێته سه‌فه‌رێکی بێ‌کۆتایی لەگه‌ڵ خوێنه‌ره بلیمه‌ته‌کانی. لێره، ده‌بێت جه‌خت له سه‌ر ئه‌و حه‌قیقه‌ته بکه‌ین که کرده‌ی ئه‌ده‌ب، چالاکییه‌کی ئاسایی نییه و هه‌نده‌ی خوێنه‌ر دروستی ده‌کات، ئەوهنده هه‌وڵی دروستکردنی خوێنه‌ر نادات!
ئه‌م بابه‌ته له ژماره‌ی 13 لۆمۆندی دیپلۆماتیک-کوردی بڵاوبۆته‌وه.