ئه‌گه‌ر قسه زیوبێت ، بێده‌نگی زێره
ئه‌گه‌رچی ده‌قی شانۆیی لای ئێمه‌ی میلله‌تی كورد وه‌كو پێویست بایه‌خی پێنه‌دراوه و له‌هه‌مان كاتیش‌دا شانۆنووسی به‌تواناو به‌سه‌لیقه‌شمان كه‌مه ،دنیای شانۆ ،دنیایه‌كی هه‌ستیاره و زۆرجار ته‌واوی بابه‌ته‌كانی سیاسی و كولتوور و ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌خۆیدا كۆده‌كاته‌وه .
شانۆنامه‌ی (هه‌ره‌سی به‌فر)ی نووسه‌ری توركی تونجه رجویجه نئۆغڵو كه شانۆنامه‌یه‌كی پرله ترسه ، ترس له سروست ، ترس له به‌فر ، ترس له داب ونه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ،چۆن به‌بارینی به‌فرێكی زۆر و كه‌ڵكه‌ڵه‌بوونی به‌سه‌ریه‌كه‌وه زۆرجار هه‌ره‌س به‌به‌فره‌كه ده‌هێنێت و داده‌رمێت ، واته به‌فره‌كه ره‌نووده‌كات و وه‌ك كاره‌ساتێكی سروشتی هه‌ره‌شه ده‌كات . له‌م شانۆنامه‌یه‌دا گوندێكی خامۆشی به‌شاخ ده‌وره‌دراوی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ هه‌یه و به‌هۆی به‌فر بارینه‌وه خه‌ڵكی ئه‌و گونده له‌ماوه‌ی ساڵێكدا نۆ مانگ خامۆش وگۆشه‌گیرده‌بن و ناتوانن هاواربكه‌ن ، ته‌قه بكه‌ن ، به‌ده‌نگی به‌رز و به‌و په‌ری ئازادانه قسه بكه‌ن ، ژنه گه‌نجه كان منداڵیان ببێت ، هه‌ڵبه‌ت له ترسی هه‌ره‌سی به‌فره‌وه ، واته ته‌نیا ده‌توانن له سێ مانگی داهاتوودا ژن بهێنن و زه‌ماوه‌ند بكه‌ن و هاواربكه‌ن و ژنه‌گه‌نجه‌كان منداڵیا ببێت و ته‌قه بكه‌ن و هاواربكه‌ن . نووسه‌ری شانۆنامه‌كه سێ نه‌وه‌ی له ماڵێكدا كۆكردۆته‌وه ، واته (پیره مێرد و پیره ژن ، پیاو و ژن ، پیاوی گه‌نج و ژنی گه‌نج ) ، شوێنی نمایشبوونی شانۆنامه‌كه ناوه‌وه‌ی ماڵێكی یه‌ك نهۆمی له گوندێكی به‌شاخ ده‌وره دراو و به به‌فر داپۆشراو ، له‌لای چه‌پی ژووره‌كه‌وه ژوورێكی تر هه‌یه ، له‌ناوه‌راستیشدا هۆڵێكی گه‌وره ، له‌لای راستیشه‌وه ده‌رگایه‌ك هه‌یه به‌سه‌ر ژووره‌كانی تر ده‌روانێت ، ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ش له‌ناوه‌راستی خانووه‌كه‌وه هه‌ڵكه‌وتووه ، له‌ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌كه‌ش ئاو ده‌ستێك هه‌یه .
به‌درێژایی شانۆنامه‌كه ترسێك هه‌یه و باڵی به‌سه‌ر هه‌موو شتێكه‌وه داكێشاوه ، چونكه هه‌ڵبرینی ده‌نگ وهه‌ر جۆره ده‌نگێكی به‌رز ئه‌گه‌ری له‌ناو چوونی هه‌موویان ده‌دات ومه‌ترسی خستنه سه‌ر مه‌رگی هه‌موویانه ،لێره‌دا ده‌شێت شانۆنامه‌كه سیمایه‌كی سیاسی و كولتووریشی له پشتدا بێت ، له‌و دیدگایه‌وه سه‌یری گه‌لانی ژێر ده‌سته و مافخوراو بكه‌ین ، به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌پی زۆرداری و سه‌ركوتكردنی گه‌لانی ژێرده‌سته (ده‌شێت ئه‌م گه‌له‌ش كوردبێت ) ، هه‌ربۆیه نووسه‌ری شانۆنامه‌كه دان به‌وه داده‌نێت و ده‌ڵێت (( هه‌ره‌سی به‌فر به‌ته‌نیا رووداوێكی سروشتی نییه )) . ئه‌گه‌ر له رووی كولتووری و فه‌رهه‌نگیشه‌وه له هه‌ره‌سی به‌فر بروانین هه‌مان روانین خۆی راڤه ده‌كات ، ئه‌مه‌ش به روونی به‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو شانۆنامه‌كه‌وه دیاره ، كه‌سایه‌تی پیره مێرد زۆر جیاواز كه‌وتۆته‌وه و هه‌میشه ده‌ڵێت (( ترس له ناومان ده‌بات )) ، وه‌لێ پیره مێرد هه‌میشه به‌ده‌م قسه كردنه‌وه داوای حه‌ق ده‌كات و ئه‌و بێده‌نگ نابێت ، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه ئه‌نجوومه‌نی پیرانی گوند دێنه ماڵه‌كه‌یانه‌وه ، من پێم وایه كه‌سایه‌تی پیره‌مێرد چێژی زیاتری به شانۆنامه‌كه به‌خشیوه‌وه ده‌شیت نووسه‌ریش ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ی بۆ ره‌چاو كردنی ( هونه‌ری چێژ ) به كارهێنابێت ، كه زۆر جار ده‌چێته خانه‌ی به‌زمه‌ستانه‌وه . خوێنه‌ر زوو هه‌ست به‌وه ده‌كات كه پیره مێرد له‌پاڵ داب و نه‌ریته‌كانه‌وه رێچكهكان ده‌شكێنێت و به‌رده‌وام قسه‌ی خۆی ده‌كات ، ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ كردن و پرسیاره ئه و شتانه‌ی كه‌وا له ژووره‌كه‌دا بوونیان هه‌یه وه‌ك ( سۆپایه‌ك ، برێك پارچه دار‌و ته‌خته ، ده‌هۆڵ ، كتری به‌سه‌ر سۆپاكه‌وه ، چه‌كۆش ، تفه‌نگ ، ته‌پڵه جگه‌ره ) ئه‌وانه هه‌ست ده‌كه‌ی ته‌نیا بوونیان هه‌یه و به‌س ، واته هیچ ئه‌ركێكیان له شانۆنامه‌كه‌دا نه‌بینیوه‌و هیچ جوڵه‌یه‌كی هونه‌ری و ته‌كنیكێكیان نییه . ته‌نیا تفه‌نگه‌كه نه‌بێت كه دواجار بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت ، ئه‌گه‌رچی تفه‌نگه‌كه هه‌تا كۆتایی شانۆیه‌كه به دیواره‌وه هه‌ڵواسرابوو .بربره‌ی پشتی شانۆنامه‌كه‌و كۆڵه‌كه‌ی ژووره‌كان ترسانه له‌به‌رده‌م داب و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ، ئه‌م خووه‌ی داب و نه‌ریته په‌ریوه‌ته نێو دوعاكانیشایه‌وه كاتێك دوعا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن (( خوا كورێكی خرپن و چاو گه‌شت بداتێ ، یاخوا ده‌ست بۆ هه‌ر شتێك ببه‌ی ببێت به زێر )) .
كێشه‌كانی شانۆ نامه‌كه له‌و كاته‌وه ده‌ست پێده‌كه‌ن كه ژنی گه‌نج ژانی منداڵبوون ده‌گرێت ومامان و پاسه‌وانه‌كان دێن بۆ ماڵیان ، دوایی دڵنیا بوونی مامان له ژانی منداڵبوونی ژنه گه‌نجه‌كه ئه‌نجوومه‌نی پیرانی گوند دێنن و بریاری به زیندووی له گۆرنانی ژنی گه‌نج ده‌رده‌كه‌ن ، دیاره وه‌ك نه‌ریتیكی ئه‌و گونده وه‌هایه كه به‌ر له توانه‌وه‌ی به‌فری ترسانی له هه‌ره‌سی به‌فر ژن منداڵی ببێت له زیندووی له گۆری ده‌نێن ( لێره‌شدا سیاسه‌تی سه‌ركوتكردن و زینده به چاڵكردنی ئه‌رمه‌نیه‌كان و كورده‌كان به ده‌ستی توركه‌كانمان دێته‌وه بیر )، له‌م گونده‌دا تا پربوونی حه‌وزی ئاو هیچ ژنێك نابێت منداڵ ببێت ، ئه‌و كاته‌ی حه‌وزی ئاویش پربوو ئاساییه ده‌نگیان هه‌ڵبرن و پیاوه‌كان ته‌قه بكه‌ن و ژنه‌كان منداڵیان ببێت .
پیاوی گه‌نج له‌تاوی ژنه‌كه‌ی ( ژنی گه‌نج ) و عه‌شقه‌كه‌ی و له ده‌ست دانی منداڵه‌كه‌یه‌وه ده‌ست ده‌داته تفه‌نگه‌كه‌و هه‌ره‌شه‌ی ته‌قه كردن له بریاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی گوند ده‌كات ، كه ته‌قه كرد به واتای له ناو چوونی هه‌موویان و نغرۆبوونی گونده‌كه دێت . له و كاته‌دا هێدی هێدی حه‌وزی ئاوه‌كه پر ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی له ده‌ره‌وه ده‌نگی ته‌قه‌ی خۆشی و نه‌مانی ترس له هه‌ره‌سهێنانی هه‌ره‌سی به‌فر دێت . ئه‌وی جێگای هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه له‌م شانۆنامه‌یه‌دا ئه‌گه‌رچی رێسا و یاسا و داب و نه‌ریته‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌شكێنرێن و سنووره‌كانیان ده‌به‌زێنرێن ، وه‌لێ هه‌میشه له‌م شانۆیه‌دا هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه كێشه‌كان به‌ره‌و چاره سه‌ركردن ده‌رۆن ، نه‌ك كێشه‌كان ئاڵۆزكاوتربن و له پرسیار‌و به‌دگومانی بمێننه‌وه .
په‌راوێز و سه‌رچاوه:
* سه‌ر دێره‌كه له وتوێژی ناو ئه‌كته‌ره‌كانه‌وه وه‌رگیراوه .
* هه‌ره‌سی به‌فر- شانۆ نامه ، نووسینی تونجه‌ر جویجه نئۆغڵو ، وه‌رگێرانی له توركییه‌وه : به‌كر شوانی / له‌بڵاو كراوه‌كانی ده‌زگای ئاراس ، ژماره 955 چاپی یه‌كه‌م 2010 هه‌ولێر .