
پێگه‌ی ژن له نێوان بیری فه‌لسه‌فه‌ی لیبڕاڵیه‌ت و ماركسیه‌تدا
بیری فه‌لسه‌فی به‌هه‌ردوو قوتابخانه‌كه‌یه‌وه – لیبڕالیه‌ت و ماركسیه‌ت – به هه‌موو بواره‌كانی سیاسی، ئابووری ، رۆشنبیری ، كۆمه‌ڵایه‌تی، سایكۆلۆژی، مرۆڤ ناسی ، كه‌م تا زۆر گرنگی به دۆزی ژن داوه، هه‌رچه‌ند له واقیع دا جیاوازێكی ڕون و ئاشكرا له نێوان سروشت و ئاڕاسته‌ی ئه‌م دوو فكره‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه!
گه‌ر ته‌ماشه‌ی كۆماری ئه‌فلاتون بكه‌ین ده‌بینین پێگه‌و حاڵی ژن له خوار پله‌ی كۆیله‌بوون دایه،چونكه لای ئه‌و ژن مرۆڤێكی ناته‌واو و ناقیسه. ئه‌فڵاتون ده‌ڵێت: سروشتی ژنیه‌تی له‌ژن دا چه‌سپاو و نهلهخشاوه به‌و مانایه‌ی خامۆشه له باره‌ی هه‌موو ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له كۆمه‌ڵگادا دێنه كایه‌وه، ئهمهپێش سه‌رهه‌ڵدانی ئاینه‌كان دواتر كلتوری ئاینیش به‌هه‌مان شێوه ژنیان به ناته‌واو و ناقیس له‌قه‌ڵه‌م دا، چونكه به بڕوای ئایینی ژنان له‌په‌راسوی خوار دروست كراون و جه‌سته‌یان سنبولی خه‌تاو تاوانه، دیاره فكری فه‌لسه‌فه له‌باره‌ی ژنان قۆناغ به قۆناغی مێژوو گۆڕانی به‌سه‌رداهات و گه‌شه‌ی سه‌ند، فكری ئاینیش بۆ هه‌ر چاخێكی نوێ ته‌ئویل و راڤه‌ی جۆر به‌جۆری بۆ كرا‌و له‌م باره‌وه به‌ره‌و پێش هه‌نگاوی نا.
خوێنه‌ری به‌ڕێز: ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌رده‌ستت كه له مه‌ڕ پێگه‌ی ژنانه له فكری فه‌لسه‌فه‌دا له‌سه‌ر دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌كی فه‌لسه‌فی هاوچه‌رخ ده‌وه‌ستێت: ئه‌وانیش برتین له قوتابخانه‌ی لیبڕاڵیه‌ت و قوتابخانه‌ی ماركسیه‌ت.
وه‌ك ئاشكرایه فه‌لسه‌فه سه‌رقاڵی دۆز‌و كاره ریشهیهكانی خۆی بووه كه په‌یوه‌ستن به بوونی مرۆڤ ،وه‌ك هۆشیاری، ماهیه‌ت، كۆمه‌ڵ و په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان. له‌په‌راوێزی ئه‌م كارگهلهش كۆمه‌ڵێك گریمانی له‌باره‌ی سروشتی ژن و پیاو و جیاوازیه‌كانی نێوانیان وروژاندوه، جیاوزێك كه ناكرێ له كۆمه‌ڵگادا هه‌روا سانا به‌سه‌ری دا گوزه‌ر به‌كه‌ین.
ژن له‌ڕوانگه‌ی لیبڕالیه‌ت
لهلیبڕاڵیهتدا جیاوازی له نێوان ژین و پیاو نه‌كراوه، به‌ڕه‌نگێك خودی ژن هاوڕه‌نگ و هه‌ماهه‌نگه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بیر‌و به‌هایانه‌ی ئاڕاسته‌ی مه‌عریفی و ئه‌خلاقی و میتافیزكی تاكی مرۆڤ هه‌ڵگریه‌تی، ئه‌و مرۆڤه‌ی له كۆمه‌ڵگادا له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی تری مرۆڤ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و داخوازیه‌كانی له‌كۆشش دایه. تاك له بیری لیبڕاڵیه‌ت دا مرۆڤه چوون یه‌كه ئه‌و مرۆڤه پیاو بێت یان ژن، وه‌ك ئاشكرایه لیبڕاڵیه‌ت له‌گه‌ڵ سه‌ر هه‌ڵدانی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری هاته كایه‌وه، بانگه‌شه‌ی پاراستنی ئازادی گشتی و مه‌ده‌نیه‌تی كرد، وه‌ك ئازادی را ده‌ربڕین به‌بێ هیچ كۆت و به‌ندێك، له‌گۆشه‌نیگای لیبڕالیه‌ت وجودیه‌تی تاك پێش وجودیه‌تی كۆمه‌ڵكایه، چونكه كۆمه‌ڵگا پێكهاته‌ی تاكه ئازاده‌كانه، تاك به‌سروشتی خۆڕسكی خۆی بونه‌وه‌رێكی ئازاد‌و سه‌ر به‌خۆیه، هه‌میشه ده‌یه‌وێت گاریگه‌ر بێت به‌سه‌ر ئاوانی تر، به‌دوای به‌رژه‌وندی و سوودی تایبه‌ت دا ده‌گه‌ڕێت، ئازادی خۆی تا ئه‌و په‌ڕی پیاده ده‌كا، به‌مه‌رجێك له‌گه‌ڵ ئازادی خه‌ڵكی تر تێك نه‌گیرێ و گۆبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی لێ نه‌كه‌وێته‌وه.
لیبڕالیه‌ت له پێناسه‌كه‌ی دا متافیزكی یه، تاك لهجوغزی دا كائینێكی سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆیه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بنچینه‌و بناغه‌ی كۆمه‌ڵگایه، هه‌روه‌ها له ڕوانگه‌ی مه‌عریفه تاك بونه‌وه‌رێكی عه‌قڵانی یه، له ڕوانگه‌ی سیاسیشه‌وه پاپه‌ند به‌ده‌سته‌ڵاته به‌مه‌رجێك ئه‌م ده‌سته‌ڵاته به ئارزومهندانه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درابێ .
لیبڕاڵیه‌ت له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ڕێبازه‌ی كهدایناوه عه‌قڵی مرۆڤ ئازاد ده‌كات، له‌هه‌مان كات دا دژی بیر‌و باوڕه جیاوه‌زه‌كان ناوه‌ستێته‌وه.
بزاڤی ژنانی لیبڕاڵی له‌پاڵ ئه‌م سه‌ین و به‌ینه‌دا له‌دایك ده‌بن، كاتێك هه‌ست ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵێك خاڵی لاواز سه‌باره‌ت به‌ژنان له رێكخستنی فكری لیبڕالیه‌ت دا به‌رچاو ده‌كه‌ون ، به‌ڕاده‌یه‌ك هێندێك له ژنانی ڕادیكاڵ قوتابخانه‌ی لیبڕالیهتیان به بهپیاوسالاری تۆمه‌تبار ده‌كرد.
لێره پرسیارێك دێته ئاراوه، گه‌ر لیبڕالیه‌ت له‌باس و خواسی ژن دا ڕۆشن و بوایه بۆ خواست و پێداویستی یه‌كانیان روون و ئاشكرابووایه؟ یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر پاپهندوبوونی مه‌بده‌ئی ژنان به لیبڕالیهتهوه كارێكی خراپ و دژوار بووایه؟، واته: گه‌ر هه‌ریه‌ك له‌م دوو ڕه‌وته به‌رجه‌سته بوایه هه‌رگیز ته‌وژمێكی فكری به‌ناوی ( بزاڤی ژنانی لیبڕاڵ) دروست نه‌ده‌بوو.
ده‌توانین لێره‌دا ده‌سكه‌وتی بزاڤی ژنانی لیبڕاڵی بۆ فكری شۆڕشی نههزهوی پیاوانی بیریار بگه‌ڕێنینه‌وه، كه له‌چاخی بیسته مدا بایه‌خێكی زۆریان به‌دۆزی ژنان داوه، له‌گه‌ڵ بوونی هه‌مه‌جۆری فكرگهلێك لێره‌و له‌وێ، له (زینب فواز) وه بۆ (محمد عه‌بده) و (ملیك حفنی ناصیف) له (قاسم ئه‌مین) وه تاكو (پێغه‌مبه‌رایه‌تی موسی) له (می زیاده) تا (دریه شفیق). له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م بزاڤه‌ش له چه‌قی ژنانی لیبڕاڵ مه‌یلێكی به‌هێزتر ده‌رده‌كه‌وێ بۆ ڕامان له‌جیاوازیه بایهلۆژیهكان، له سۆنگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی نێوان ژن و پیاو ، كه گوایه ژن له‌دواوه‌یه له‌دروستكردنی كه‌ش و زروفی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڕه‌نگێك ئه‌م تێڕمانه هیچ له بایه‌خی ژن كه‌م ناكاته‌وه، هیچ خۆی له جیاوازیه عه‌قڵی و ئه‌خلاقیه‌كان ناگه‌ێنێت.
ئه‌م مه‌یله له‌مه‌ودوا به‌ڵگه‌ێكی به‌هێزه بۆ ڕه‌خنه‌گرتن له لیبڕڵیهت و به‌له‌رزه خستنی بنچینهێكی به‌هێزی لیبڕاڵی كه‌ده‌ڵێت: ” تاك سهنترو ناوه‌نده، تاكه‌كان هه‌موویان به‌ژن و پیاوه‌وه یه‌كسانن” كه‌چی بار‌و زروفی كۆمه‌ڵایه‌تی- ئابووری سیاسی، تاكه‌كانی په‌راوێز خستووه، ڕاسته‌وخۆ به‌دووری گرتوون له‌جیهانی كێبڕكێ و ئازادی فه‌ردیه‌ت و دونیای یه‌كسانی،
بابای لیبڕالیست زۆرنه‌ی ژنان له‌كار دوور ده‌خاته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامی ئه‌و بار‌و زروفه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی تێیكه‌وتووه- واته: قه‌یرانی ئابووری سیاسی.
توێژه‌رێكی عه‌ره‌بی ڕه‌خنه له‌چه‌مكی فه‌ردیه‌ت ده‌گرێ و ده‌ڵێ: ((نێرسالاری به‌خه‌تێكی پان له‌سه‌ر فردیهت نوسراوه)) یه‌كێكی تر ده‌لێت: (( چه‌مكی تاكی سه‌ربه‌خۆ كلتووری نێرینه‌یه)) هه‌ر بۆیه چه‌مكی سه‌ربه‌خۆیی مه‌ترسێكی گه‌وره به‌رامبه‌ر ژنان درووست ده‌كات، چونكهئهم چه‌مكه هه‌ڵقوڵاوی قۆناغه‌كانی ژیانی پیاوه، له سیاقی ژیانی پیاو گه‌شه‌ی كردووه، ژن له‌سووده‌كانی بێ به‌شه. لێره‌وه ده‌گه‌ینه ڕه‌خنه‌گرتن له ئیشتڕاكیهتی لیبڕاڵی، ژنان وهه‌ژاران و چینه‌كانی تری كۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام كۆت و به‌ند كراون، له هه‌موو بواره‌كانی ژیانیان ده‌ست به‌سه‌ر ئازادیه‌كانیان گیراوه.
فه‌لسه‌فه‌ی لیبڕالیه‌ت دوای هه‌ره‌س هێنانی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت و داڕوخانی عه‌سكه‌رتاریه‌تی ئیشتیڕاكیهت و سیس‌بوونی ده‌وڵه‌تی ڕه‌فاهیه‌ت هاته كایه‌وه، زانا پێشكه‌وتوه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری، لیبڕالیه‌تی نوێیان به كێوی و هه‌مه‌جیه‌ت وه‌سف كردوه، كه‌ته‌نها له‌سه‌ر په‌رستنی بازاڕ‌و تاكگهرای له‌نگه‌ر ده‌گرێت.
لیبڕاڵیه‌ت تاك نه‌ك كۆمه‌ڵگا به‌به‌ر پرسی سه‌ره‌كی ده‌زانێت له‌باره‌ی هه‌موو هه‌ل و مه‌رج پێشهاته‌كانی ژیانی خۆی، له بارودۆخی هه‌ژاری ئه‌گه‌ر هه‌ژاربێ،له بارودۆخی دوڵه‌مه‌ندی ئه‌گه‌ر دوڵه‌مه‌ند بێ…
ئه‌م لیبڕالیهته نوێ یه هاوده‌نگه له‌گه‌ڵ بیردۆزه‌ی (داروین) سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی سروشت، ده‌رنجامی سه‌ره‌تایی ئه‌م لیبڕاڵیه ده‌ركه‌وتنی دیارده‌ی هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری ژنان بوو به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان، (خدیجه صفوت) بهژنۆ قڕات (نسوقرات) ناوی ده‌بات، ده‌سته‌یه‌ك له لیبڕالیستهكان ئه‌م هه‌له‌یان قۆستوه‌ته‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك: بانقی نێوده‌ڵه‌تی و ، سندوقی دراوی نێو ده‌ڵه‌تی و..تاد سودیان وه‌رگرتووه، ئه‌م ده‌سته‌یه بۆ سیاسه‌تی لیبڕالیه‌ت به تاكگهرای و ئازادیه بهرتهسكهكهیان له‌هه‌موو كه‌س خوێن گه‌رم و دهروێشانهترن، كۆمه‌ڵێك له‌ژنانی نه‌ناسراو ده‌خه‌نه شوێن هه‌موو ژنان، بۆ ڕكه‌به‌رایه‌تی و دوژمنایه‌تی كردنی هه‌موو پیاوانی جیهان. ئه‌م ژنۆقڕاتی یه هه‌ر لهحهفتاكانهوه له‌باره‌ی كه‌مه ژنانێكی مومتازو تایبه‌ت ڕێبازێَكی تایبه‌ت به‌خۆی گرتوه‌ته‌به‌ر، ئه‌م كه‌مه
ژنه تایبه‌ت و مومتازانهش ڕه‌فتاریان وایه ته‌نها له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌و گروپه مومتازهكان به‌شداری ده‌كه‌ن، ڕێڕه‌و و به‌رنامه‌ی ئه‌م ژنۆقڕاتانه دروشمكردنی ژن سالاری یه، ئه‌مه‌ش به‌پاڵپشتی ده‌سته‌ڵات و سه‌رمایه‌و شێوازی ژیان گوزه‌ران و به‌خشینی پول و سامان به كهمایهتێكی كه‌م له ژن و پیاوان.
ژن له‌ڕوانگه‌ی ماركسیه‌ت
كتێبێك كه گرنگ و جێگه‌ی بایه‌خ پێدان بێت بۆئه‌م باسه، نووسراو و تیۆره ڕێكخه‌ره‌كانی ماركسی له‌خۆگرتبێ، كتێبه‌كه‌ی “لفرید ریك إنجلز”ه به‌ناوی (بنچینه‌ی خێزان و پاشایه‌تی تایبه‌ت و ده‌وڵه‌ت) ئه‌م توێژینه‌وه‌ی ئێمه پشت به‌م كتێبه ده‌به‌ستی بۆ ده‌رخستنی بنه‌ما گشتیه‌كان له باسی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان و مل پێ كه‌چ كردنیان، ئه‌م ته‌وژمه ماركسیه له‌گه‌ڵ پاشایه‌تی تایبه‌ت و دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگا بۆسه‌ر چه‌ند چینێك هاته گۆڕه‌پانی ژیان و هه‌ره‌سی به‌دۆزی ژنان هێنا.
ماركسیه‌ت له‌میانه‌ی كرده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی گشتیر بۆ زه‌روره‌تی ژیان، له ژێر سایه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و كرده‌ی وه‌به‌رهێنان ، هاته‌كایه‌وه، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه له‌كاتێكدا مرۆڤایه‌تی خۆی نوێ ده‌كاته‌وه،هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی خۆی دوو باره ده‌كاته‌وه جۆرێكی تره،واته: (بانێكه‌و دوو هه‌وایه) ئه‌وان ده‌ڵێن له‌دایك بوونی منداڵ و گه‌ش ونما پێ كردنیان كارێكی تایبه‌ته و خێزان پێ یه‌وه هه‌ڵده‌ستێت، له‌ژێر سێبه‌ری ئه‌م بیرۆكه‌یه مل پێكهچكردنی ژنان ده‌س پێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی ئه‌م دوو فاقیهو هاودژیه كه له‌نێوان ئه‌م دوو شێوازه بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌رده‌كه‌وێت.
بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌م شێوازه ڕاسته‌و خۆ گوزارشتهله ماركسیه‌ت: كه ناتوانن له پێناو ئازادی ژنان له‌كۆت و زنجیری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌س به‌رداری سه‌رمایه‌ی خۆیان بن، سه‌رباری ئه‌مه‌ش ده‌بێ دان به‌وه دابنێین كه ماركسیه‌ت ته‌نها به‌ته‌فسیری زاناێك ڕون نابێته‌وه، به‌ڵكو ماركسیه‌ت له‌میانه‌ی ئه‌و كێبڕكی و دژایه‌تیه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌دار تیایدا ده‌ژێت، هه‌روه‌ها له‌ڕێگای هۆكارو مه‌رجه‌كانی بۆ گۆڕانكاری زێده‌تر ڕۆشه‌ن ده‌بێته‌وه، ئه‌و شێوه گۆڕانكاریه‌ی وه‌ك زه‌روره‌تێك خۆی ده‌رده‌خات، بێگومان هه‌رقۆناغێك هاوتا بێ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیالیكتیكی ماددی مێژوویی، قۆناغێكه ده‌ڕوات و به‌سه‌رده‌چێت، با هه‌رچه‌ند زه‌مه‌نیشی درێژ خایه‌ن بێت، له‌مه‌ودوا چینی كریكارو هاوپه‌یمانانیان تیۆر به موماره‌سه‌كردنی ژیانیان به‌راود ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش بۆ ده‌س به‌سه‌را گرتن و دهستهمۆكرنی مرۆڤ بۆ براكه‌ی و پیاو بۆ ژنه‌كه‌ی، به بیانوی ئه‌وان ئه‌مه چه‌وساندنه‌وه نیه، هه‌روه‌ها پێویست ناكات له‌پێناو ئازادی ژنان ڕاپه‌ڕین سازكه‌ین! به‌م جۆره ژنانیان چه‌وسانده‌وه و وبڵاوه‌یان پێكردن، له‌نێو چوارچێوه‌ی ماڵه‌كانیان زیندانی كران، زۆربه‌ی كات بێ چاره‌و مهفهڕ مانه‌وه‌و سه‌ریان كه‌چ كرد، ته‌نها مه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌ژنان هێزێكی كرێكاری دروست كه‌ن، ئه‌وسا ده‌توانن متمانه به ده‌ست بهێنن و دژ به سه‌رمایه‌داری ڕاپه‌ڕن، ئه‌وكاته ده‌بنه كۆمه‌لێكی هێزدار بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه‌و سته‌م، هه‌رچه‌ند هێندێك پێیان وایه ژنانی كرێكاریش وه‌ك كۆمهڵًهو گروپه‌كانی تری ژنان به‌ر ڕه‌حمه‌تی چه‌وسانه‌وه و داپڵۆسین كه‌وتوون، زۆربه‌ی جاران له‌كاتی هه‌بوونی قه‌یرانی ئابووری ئه‌وان زۆر شۆڕشگێڕ‌و بهتاسهترن له‌پیاوان! به‌هه‌رحاڵ ڕاپه‌رینی كرێكاران دژ بهئیستیغلالكردن و ده‌س به‌سه‌راگرتن، كلیلی سه‌ركه‌وتنه به‌سه‌ر هه‌موو جۆره‌كانی چه‌وساندنه‌وه ، بۆیه پێویسته یه‌كه‌م هه‌نگاو كه ژنانی كریكار له پێناو ئازادی دا هه‌ڵی بگرن فڕێدانی به‌رگی گۆشه گیری بێ له‌ماڵه‌كانیان، به‌شدار بوونیان بێت له‌بواره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ كار‌و وه‌به‌رهێنان.
ئه‌وه‌ی كه‌لێره‌دا تێبینی ده‌كرێ ماركسیه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ی لیبڕاڵیه‌ت ئه‌وه‌لیه‌ت ده‌داته كۆمه‌ڵگا، تاكیش به‌شێكه له په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
فرید ریك إنجلیز له‌كتێبه‌كه‌یدا ده‌لێت ” به ئه‌ندازه‌ی گه‌شه‌كرنی سه‌رمایه، پێگه‌ی پیاو له‌به‌رامبه‌ر ژنه‌كی به هێزتر ده‌بێت، له‌لاێكی تر ته‌قه‌لاو كۆشش ده‌كرێ لهلایهنپیاوان بۆ سود وه‌رگرتن له‌م پێگه‌یه،ئه‌مه‌ش بۆ گۆڕینی ئه‌م سیسته‌مه تهقلیدگهرایهی له‌به‌رژه‌وه‌ندی منداڵ دایه، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانه ناكرێ و ناشێ ماده‌م ڕه‌چه‌ڵه‌ك بۆلای دایك پاڵ ده‌درێ، بۆیه ده‌بێ ئه‌م مافه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، هه‌روه‌ك ههڵیشان وه‌شانده‌وه…”
” سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌م مافه له‌دایك زیان و نسكۆێكی مێژووی یه بۆ ژنانی جیهان، پیاو ڕكێفی ده‌سته‌ڵاتی له‌ماڵ گرته ده‌ست، ژن له‌پایه‌ی به‌رزی خۆی مه‌حروم كرا، زه‌لیل و ژێر ده‌ست بوو، كرا به‌كۆیله‌ی ئاره‌زوه‌كانی مێرده‌كه‌ی، ده‌ره‌نجام بوو به ئاداتێكی ساده‌و ساكار بۆ دروستكردن و خستنه‌وه‌ی منداڵ…”
یه‌كه‌م جیاكاری له‌مێژوودا جیاكاری بوو له كاروباری ژن و پیاو ، له‌پێناو به‌رهه‌م هێنانی منداڵ، واته یه‌كه‌م رێكه‌و تی ڕكه‌به‌رایه‌تی له‌مێژوو له‌نێوان چینه‌كان دا له ناكۆكی نێوان ژن و مێرد ده‌ستی پێ كردووه، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م بهرواریشه بۆ به‌كۆیله‌كردنی ژنان له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه، ئه‌م هه‌وڵه‌ش له‌لایه‌ن پیاوه‌وه بۆ ئه‌وه بوو كۆیله‌كردنی ژنان بكاته یاساێكی گشتی بۆ كۆمه‌ڵگا.
پوخته‌ی قسان: هاوسه‌رگیری پرولیتار هاوسهرگیرێكی تاكایه‌تی یه به‌مانا بنچینه‌كه‌ی نه‌ك به‌واتا مێژوه‌كه‌ی.
لێره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت مه‌رجی یه‌كه‌م بۆ ئازادی ژن ته‌نها گه‌ڕانه‌وه‌ی خودی ژنه بۆ به‌رهه‌م هێنانی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ئایه وێنای ماركسیه‌ت چۆنه بۆ ئایندهی هاوسه‌ر گیری كه كۆمه‌ڵێك به‌هاو چه‌مكی فه‌لسه‌فی و فكری نوێ ترازاونه نێوی ؟
ئنجلز ده‌ڵێ: (( ده‌كرێ ئێستا كۆمه‌ڵێك شتی جۆر به‌جۆر به‌هۆی ده‌س كه‌وتی سه‌رمایه‌داری له نێو په‌یوه‌ندی ژن و پیاودا بسه‌پێنین ، كه‌ئه‌مه‌ش له‌لای زۆرینه‌ی خه‌ڵك به‌شتێكی خراپ لێك ده‌درێته‌وه و نزیكه له‌ئاوابوون ، به‌ڵام ئایه چ شتێك جێگه‌ی ئه‌م توخمه سه‌پێنراوانه ده‌گرێته‌وه؟ بێگومان له داهاتوودا جیلی نوێ بریارلهسهر ئه‌مه ده‌دات، واته جیلێك له‌پیاوان دێن كه ناتوانن هه‌رگیز ژن به‌سه‌رمایه‌و هۆكاره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رمانڕه‌وایی مامه‌ڵه‌و سه‌ودا بكه‌ن، جیلێك له‌ژنان دێن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دهستهمۆو ته‌سلیمی پیاوان نابن به ئه‌گه‌ری بوونی هیچ پاساو پاڵنه‌رێك، ته‌نها ملكه‌چی خۆشه‌ویستی هه‌قیقی ده‌بن ، ئه‌وسا ئیتر ژن ناتوانێ لوتفی خۆشه‌ویستی بنوێنێت له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی له‌ترسی ده‌ره‌نجامی سامان و گوزه‌رانی، كاتێك ئه‌وان دێن هیچ كارێك به‌گوێره‌ی نه‌خشه‌ی ئێستا ئه‌نجام ناده‌ن…))
لێره‌دا هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له‌سه‌ر ماركسی بنیاتنه‌ر (بیربوردیو) ده‌كه‌ین كه پێش مردنی یه‌كێك له كتێبه‌كانی تایبه‌ت كرد به ( زاڵبوونی نێرینه) لهداهێنانهكهی دا دوو چه‌مكی زیاد كرد، یه‌كه‌م: سه‌رمایه‌ی رۆتینی. دووه‌م: تووندوتیژی ڕواڵه‌تی. له‌كتێبه‌كه‌ی زۆر به‌ڕاشكاوی باس له ده‌سته‌ڵاتی زاڵبوون ده‌كات له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه، ده‌ڵێت: ” ئه‌و سیسته‌مه بهرقرارهی كه‌باس له زاڵبوونی پیاو ده‌كات به‌سه‌ر ژن دا به‌هه‌موو ئیمتیازات و جه‌ورو ستهمێكهوه مافێكی ڕه‌واو دروستی پیاوانه ، به‌بێ هێچ كێشمهكێشمێك، هه‌رچه‌ند هێزوبازوی توندڕه‌وانه فه‌زاحه‌ته به‌ڵام هێندێكجار قبوڵه به‌ڵكو سروشتی شه.
من ئه‌م توند‌و تیژیه ناو ده‌به‌م به ڕۆتین و نه‌رم و نیان، هه‌ست پێنه‌كراو، نه‌بینراو، له ڕوانگه‌ی جوههریهوه به‌چه‌ند ڕێگه‌یه‌كی ڕه‌مزی بۆ به‌یه‌كگه‌یشتن و ئاشنا بوون به‌كار دێت ”
سه‌رمایه‌ی ڕه‌مزی تیۆرێكی تره (بوردیو) ئیشی له‌سه‌رده‌كات بنچینه‌یه‌كی ماددی یه بۆ مامه‌له‌یه‌كی ڕواڵه‌تی، واته: خزاندنی ئافره‌ته بۆ جیهانی مامه‌ڵه‌یه‌كی ڕۆتینی ئابووری. بردیو ئه‌و فكره ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه داڕوخێنهری پردی په‌یوه‌ندی نێوان مادده و ڕۆحه، واته: ماركسیه‌ت . ئه‌و ماركسیهتهی جیاوازی نێوان ژن و مێرد به مه‌رجی هه‌بوونی به‌رهه‌می ئابووری ته‌فسیر ده‌كات،
به‌كورتی شكڵ و شێوازه‌كانی پیاوسالاری به‌نهێنی زۆرتر‌و گاریگهرترن له‌جیهانی ڕواڵه‌ت، ئه‌م پیاو سالاریه له رژێمی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر وڵاتێك نه‌خشی به‌ستووه‌و كار ده‌كات بۆ داپڵۆسینی جه‌سته‌ی ژنان.
(بوردیو) داوا له توێژه‌رو لێكۆڵه‌ران ده‌كات به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ی كه‌و ئه‌و ده‌ستی پێ كردوه،واته دوباره بنیاتنانه‌وه‌ی مێژوو بۆ كرده‌ی وه‌به‌رهێنانی به‌رده‌وام و بنیاتنانه‌وه‌یه‌كی بابهتیانهبۆ زاڵبوونی پیاو به‌سه‌ر ژن دا، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای خێزان و كڵێسا‌و قوتابخانه‌و حیزب و ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانی كۆمه‌ڵایه‌تی پیاده‌ده‌كرێ، ئه‌م سیسته‌مه به‌م شێوه‌یه گه‌شه ده‌كات و قوڵ دا ده‌چێت كه من ناوی ده‌به‌م به‌سیسته‌می باوك سالاری گشتی.
له كۆتای دا (بوردیو) سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی خیزان ده‌گاته ده‌ره‌نجامێكی هاوشێوه‌ی (ئینجلز) له كۆمهڵگاێكی ئازاد له‌ده‌ستی پاشایه‌تی و ئیستیغلالكردن. وه‌ك ده‌ڵێت: ((خۆشه‌ویستی بێگه‌رد، هۆنه‌ره بۆ هۆنه‌ری خۆشه‌ویستی، داهێنراوێكی ڕێژه‌یی نوێ یه له‌مێژوودا، دانهێنانی هه‌ر یه‌ك بۆ ئه‌وی تره، گه‌واهی و متمانهداریه به‌یه‌كتر له‌سه‌ر بنچینه‌ی عه‌شق و ئه‌وین…))
لێره‌دا پێویسته ئه‌وه له‌بیر نه‌كه‌ین شوڕشی ڕۆشنبیری لاوان كه له كۆتایی شه‌سته‌كان هه‌ڵگیرسا هه‌موو بیر‌و تیۆره ئه‌وروپیه‌كانیان سه‌ر به‌ره‌و ژور كرد، كۆمه‌ڵه جیلێك له گه‌نجانی نوێخواز سه‌ریان هه‌ڵدا بیر‌و بۆچونیان له‌ریشه‌وه به‌رامبه‌ر ژنان گۆڕا، ئه‌م شۆڕشه بۆوه مایه‌ی نما كردنی بزاڤی ژنان له‌هه‌موو جیهان به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو، ئه‌م شۆڕشه زیاتر به‌هیز بوو كاتێك خه‌ڵك زانی ئه‌مه سه‌ركه‌وتنی تاكه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، یاخود كاتێك زانیان كۆسپه‌كانی به‌رده‌م تاكبوون و نه‌سیجی كۆمه‌ڵایه‌تی ورد‌و خاش بوون.
سه‌رچاوه: المرأه وتحولات عصر جدید