له هه‌ڵه‌بجه سێ‌و ئه‌بارێت
که‌ژاڵ ئیسماعیل
ئه‌و به‌یانییه وه‌ک به‌یانییه‌کانی که خۆم ئاماده‌کرد و بههیلاکییهکی زۆر وه‌ک ڕۆژانی دیکه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک مامۆستا گه‌یشتینه قوتابخانه‌ی ( بلکیان ) له کۆمه‌ڵگه‌ی زۆره‌ملێێ باریکه ، وێڕای ناخۆشی ڕێگاکه و نه‌بوونی هۆیه‌کانی هاتو چۆ و که‌م وکوڕی قوتابخانه و زۆری ژماره‌ی خوێندکاران بێ ئاگابووین له‌وه‌ی غه‌مێکی گه‌وره‌تر چاوه‌ڕێمان ئه‌کات ، ئه‌و به‌یانیه هه‌موو شتێ گوڕابوو ، هه‌ر له‌دووره‌وه غه‌مێک به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌وه دیار بوو ، له‌وه نه‌ئه‌چوو سروشت چاوه‌ڕیی به‌هار بکات ، شپرزه‌ییه‌ک له جوڵه‌و هاتوچۆدا ئه‌بینرا ، بهگهێشتنمان بۆ ناو قوتابخانه‌که کارمه‌نده‌کان به‌گریان هاتن به‌رو ڕوومان ، ووتیان مامۆستا هیچت بیستووه ، ووتم شتێکم بیستووه خوایه راست نه‌بێت ، هه‌نسکێکی گه‌رم گه‌روی هه‌مومانی گرتبوو ، وتیان راسته‌و صه‌دامی مه‌لعون دوێنێ کیمیای کردوه به‌سه‌ر ههڵهبجهیا و مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بۆخۆی ئاگادار بێت چی‌یان به‌سه‌ر هاتووه ، رۆژێ پێشتر مناڵانمان زو نارده‌وه ماڵ له‌ترسی تۆپ باران که ئه‌و ناوجانه‌ی گرتبوه‌وه و هه‌تا دره‌نگ گوێمان له‌ده‌نگی ئه‌و تۆپانه بوو له‌دوره‌وه و هه‌رگیز بیری ئه‌وه‌مان نه‌ئه‌کرده‌وه که ڕۆژێک له‌ڕۆژان چه‌کی کیمیایی به‌کار بهێنرێت دژی کورد و خه‌ڵکانی ئه‌و ناوچه‌یه ، به‌تایبه‌ت ترسی ئه‌وه‌شمان هه‌بوو که ئه‌یانوت له‌شکری ئێران هاتونه‌ته ئه‌م دیو سنوور به‌تایبه‌ت شاری هه‌ڵه‌بجه ، له‌م قسانه‌دا بووین پیاوێک خۆی کرد بهقوتابخانهکهدا زۆر ماندوو شپرزه دیار بوو ، پرسیاری کارمه‌ندێکی کرد که خزمی بوو ، کاتێک یه‌کیان بینی پیاوه‌که به‌گریانه‌وه ده‌ستی کرده ملی .. ئای له‌و فرمێسکانه ، له‌و دیمه‌نه تراژیدیه‌ی که هه‌رگیز له یادم ناچیت .. ئه‌و تازه له له هه‌ڵه‌نجه گه‌ڕابوه‌وه و کاره‌ساته‌که‌ی به‌چاوی خۆی بینیبو هه‌ڵبه‌ت دوای ڕوداوه‌که چوبوه ناو هه‌ڵه‌بجه ، به‌ده‌م گریان و فرمێسکی وه‌ک بارانه‌وه باسی له و کاره‌ساته کرد‌و چی بینیبو ، ئه‌و زیاتر سه‌رنجی منی ڕاکێشا و تووشی شۆکی کردم ، چیرۆکی ئه‌و مناڵه زیندووهبوو که ده‌می به‌گۆی مه‌مکی دایکێکی لاشه ساردوسڕهبووه ، ئه‌مه‌م چه‌ند جارێک ئه‌هێنایه‌وه به‌رچاوی خۆم ، لاشه‌یه‌کی سارده‌وه بوو ژیان ئه‌به‌خشێت ، باوه‌ڕناکه‌م گریان قه‌ره‌بووی دیمه‌نێکی وا بکات .
شارێکی جوان وه‌ک به‌هه‌شتێکی بچکۆله‌ی زیندوو ، ده‌مه‌و به‌یانیه‌ک هێشتا پڕ نه‌بوو بو له‌ده‌نگی مناڵان و چرپه‌ی ژووان ، هه‌زاران دڵ و هه‌زاران راز‌و خواز ، هه‌ر بن دیوارێک و سه‌دان یاده‌وه‌ری ، هه‌ر بن دارێک و خه‌روارێک ژوانی جێ ما‌و ، ئهلف وبێێ مامۆستا‌و ده‌فته‌رو قه‌ڵه‌می سه‌وزو سوور ، ده‌نگی زه‌نگ و هاری ویاری مناڵان ، ژیان تازه ده‌ست پێ ئه‌کات ، هێشتا سفری ڕۆژه و خۆر پرچی شانه ئه‌کات ، کانی خهواڵوهو ماچی شۆڕه‌بی ئه‌ڕژێته نێو ده‌می به‌یانه‌وه ، که‌س چاوه‌ڕێێ مه‌رگ نیه ، که‌س بیر له هه‌لمژینی بۆنی سێ‌و ناکاته‌وه ، له‌پڕ ، ئه‌وه سێوێک ئه‌وه دوو سێ‌و ، ئه‌وه سێ سێ‌و ،، سێوه‌کان زیاد ئه‌که‌ن ، نه‌سرین ئه‌شێوێت و دارا باوه‌ڕناکات هێشتا له‌ناو کتێبێکدایه ، سێ‌و ئه‌بارێت ، بۆنی سێ‌و شار بڕ ئه‌کات ، تێکه‌ڵ بهنمهی باران ئه‌بێت ، سروه‌یه‌ک به‌ره‌و خواری ئه‌بات ، بۆ نی سێ‌و ئه‌گاته هه‌موو کۆڵانه‌کان ، خۆی ئه‌کا به‌ده‌رگا کراوه‌کاندا ، سێ‌و هه‌ر ئه‌بارێت ، بۆنی سێ‌و شارێک مه‌ست ئه‌کات ، ئه‌و کچانه‌ی بۆ ته‌نها جارێک شه‌رابیان نه‌ناوه‌ته سه‌رلێویان به بۆنی شه‌رابی سێ‌و مه‌ست ئه‌بن ، ئه‌و کوڕانه‌ی له‌شه‌رمی گه‌وره‌بوون خۆیان له‌باوکیان شاردبۆوه هێن شه‌رابی سێ‌و تێکه‌ڵ هه‌ناسه‌یان ئه‌بێت به‌ملاولادا ئه‌که‌ون ، نه‌سرین : به‌سه دارا سێ‌و .. دارا : به‌سه ئاسمان سێ‌و .. ئاسمان : به‌سه ئه‌ی خوا سێ‌و ….
شارێک غه‌رقی سێ‌و بوو ، داروبه‌ردی مه‌ستی بۆنی سێ‌و بوو ، ئه‌م سێوانه نه له به هه‌شته‌وه هاتن و نه له‌سکی په‌ڵه هه‌ورێکه‌وه هاتنه ده‌ر و نه‌خوا ناردنی ،، خوا به‌خشنده‌یه ، هه‌وڕ ئاوسه به‌باران و ئاسمان هێن دڵی ڕق نییه حیشمهتێک غه‌رقی سێ‌و کات …
هه‌ڵه‌بجه ئه‌ی شه‌هیدی ده‌ستی شه‌یتانه دوو پێکان و ئه‌ی گووڵی ژاکاوی سه‌ر په‌رچه‌می بووکه کوردستان ، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به تاوانی بۆنکردنی سێ‌و بویته شه‌فیعی حه‌واکان و جارێکی که ده‌رگای به‌هه‌شتت واڵا کرده‌وه بۆ ئاده‌مه‌کان ، بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێنج هه‌زار په‌پووله‌و گووڵت نارده حزوری خوا و پێنج هه‌زار ئایه‌تی سوورت باران به‌سه‌ر مزگه‌وته روخاوه‌کاندا ، بوویته یاده‌وه‌ری ، یادێکی تاڵ و له‌یاد نه‌چوو به بووکه شووشه‌و که‌وای پوله‌که‌و کوڵه‌باڵ کۆشکێکت بۆ مرۆڤایه‌تی چێکرد له‌ناوه‌راستی چه‌قی زه‌ویدا ، ڕهشماڵێکت له‌ئاسمان بۆ عومه‌ری خاوه‌رو کۆرپه نازداره‌که‌ی هه‌ڵدا تا بۆ ئه‌به‌د بیکه‌نه مه‌مله‌که‌تی باوک وکوڕێک به‌وا نه‌گه‌یشتن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی دوای سه‌فه‌رێک بۆنی شان وملی یه‌کتر بکه‌ن ، هه‌ڵه‌بجه‌ی ئێستاش په‌راوێزکراو ، ئێستاش هه‌موو به‌یانیه‌ک پێنج هه‌زار گه‌ڵای زه‌یتون بهقوڕوچڵپاوی کۆڵانه بێنازهکانتا بۆ ده‌نکه مووری و شین و مه‌مکه مژه‌ی تۆراو ئه‌گه‌ڕێن ، هه‌موو به‌یانیه‌ک به‌ده‌م شنه‌ی نه‌سیمه‌وه حه‌بیبه‌یه‌ک به‌دوای نالیه وون بوهکهیدا وێڵهوقهصیدهیهکی غه‌مگین ئه‌خوێنێته‌وه .
بیست هه‌زار نه‌فره‌ت له دیکتاتۆرییه‌ت ، بیست هه‌زار چه‌پکه غه‌م بۆ شاره گووڵێکی هه‌ڵوه‌ریو ، بیست هه‌زار سڵاو له گیانی هه‌موو نالی حه‌بیبه‌کان .
15-3 2008
هۆڵه‌ندا