
(غه‌مگین) شاعیرێكی كلاسیكیی له‌بیر كراوی ناوچه‌ی شه‌قڵاوه
(غه‌مگین) شاعیرێكی كلاسیكیی له‌بیر كراوی ناوچه‌ی شه‌قڵاوه
(1924- 1993)ز
هێمن عومه‌ر خۆشناو(شه‌قلاوه)*
شاعیرانی كلاسیكیی كوردیمان ره‌نگه زۆربه‌یان ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌یان بۆ نه‌ڕه‌خسا بێ، كه بۆ هه‌ندێك له شاعیرانی ئه‌وسا سازێنرابوو، جا چ له‌به‌ر جۆر و نرخی شیعره‌كان بووبێ، یا بارودۆخی تایبه‌تی خودی شاعیره‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له‌باره بۆ بڵاوكردنه‌وه‌و ناساندنی شاعیرانی ئێستامان ئه‌گه‌ر بۆ شاعیرانی كلاسیكیمیان و سه‌رده‌می زیندوویه‌تی ئه‌وان ره‌خسابایه، ره‌نگبوو داهێنانی زیاتر له‌مه‌و هه‌ریه‌كه‌یان جگه له دیوانێك خاوه‌نی چه‌ند قاتی به‌رهه‌می بڵاوكراوه ده‌بوون و زیاتر هان ده‌دران بۆ نووسینی به‌رزو، زۆر به‌رهه‌میش له فه‌وتان رزگار ده‌بوون. به‌ڵام داخه‌كه‌م بریاو سه‌د بریا دادی نادا‌و داری بریاش بێ به‌رهه‌مه. بۆیه ئه‌گه‌ر چاومان به هه‌ر ده‌ستنووس و به‌یازێكی شاعیرانمان بكه‌وێت پێویسته هه‌رچی زووه ئه‌گه‌ر كه‌م و كوڕی و ناته‌واویشی له هه‌گبه دابێ، په‌له‌ی نوووسینه‌وه‌و ساغكردنه‌وه‌ی لێ بكرێ و به چاوی ئه‌و كاته‌وه شه‌ن و كه‌و بكرێ و ره‌گه‌ڵ تۆماری شاعیرانی دیكه‌مان بخرێ و به‌رهه‌می ماندووبونی شاعیره‌كه بخرێته به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران.
له سۆنگه‌ی ئه‌مه‌وه‌و ده‌مێك بوو هه‌ستی هه‌ڵوه‌دای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌ستنووس و شیعری شاعیران له مێشكم دنه‌ی ده‌دا، دوو ساڵ له‌مه‌و به‌ر به‌هۆی چه‌ند هاوڕێیه‌كمه‌وه زانیم كه شاعیرێكی به شێوه كلاسیكیی له ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی و به‌تایبه‌ت شه‌قڵاوه هه‌بووه‌و تاكوئێستا كه‌س ئاوڕی لێنه‌داوه‌ته‌وه‌و دیوانه‌كه‌شی هه‌ر به ده‌ستنووس ماوه‌ته‌وه. ئه‌و شاعیره‌ش ( عه‌بدوڵڵا جه‌وهه‌ری- غه‌مگین)ـه، خۆشبه‌ختانه سه‌ردانی به‌ڕێز مامۆستا محه‌مه‌دی كوڕی ئه‌و شاعیره‌مان كرد و ئه‌ویش به سینگێكی فراوانه‌وه به مه‌به‌ستی ساغكردنه‌وه‌ی، دیوانه‌كه‌ی خسته به‌رده‌ستم و له‌گه‌ڵ ده‌فته‌رێك كه بیره‌وه‌ری و ژیاننامه‌ی شاعیری لێ نووسرابوویه‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی مامۆستا محه‌مه‌د جێگای سوپاس‌و پێزانینه، چونكه بنه‌ماڵه‌ی گه‌لێك له شاعیرانمان ده‌ستنووسه‌كان وه‌ها ته‌قه‌ت ده‌كه‌ن ده‌ستی توێژینه‌وه‌ی نه‌گاتێ‌و سه‌ره‌نجام ده‌بێته خۆراكی مێروو‌و مشك‌و مۆرانه، ئاخۆ ده‌بێ چه‌ند به‌رهه‌می مه‌لا‌و زانا‌و شاعیرانی كورد وه‌ها فه‌وتابن، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی كه مه‌ڵبه‌ندی حوجره‌و زانست‌و زانستپه‌روه‌ری بووه، به‌ڵام له‌چاو ناوچه‌كانی تری كوردستان كه‌مترین به‌رهه‌م‌و، كه‌شكۆڵی ئه‌و ناوچه‌یه كوانێ؟ چش!!
ئه‌م شاعیره وه‌ك ئه‌وه‌ی له ناسنامه‌كه‌ی و ده‌فته‌ره ده‌سنووسه‌كه‌ی نووسراوه، ناوی ( عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل مه‌لا فه‌تحوڵڵا )یه و له ساڵی 1924 له گه‌ڕه‌كی خانه‌قای شاری هه‌ولێر چاوی به دونیا هه‌ڵهێناوه. له ته‌مه‌نی ده ساڵیدا باوكی خستویه‌تیه به‌ر خوێندن له مزگه‌وتی قه‌ڵاتی هه‌ولێر لای مه‌لا سه‌ید حوسێن. پاش خوێندنی سیپاره ره‌وانه‌ی مزگه‌وتی خانه‌قای شێخ مه‌زهه‌ره‌دین كراوه‌و لای مه‌لا عه‌بدولحه‌كیم، هه‌تاوه‌كو قورئان و هه‌ندێك كتێبی سه‌ره‌تایی ته‌واو كردووه، پاشان چه‌ند شوێنی تر گه‌ڕاوه بۆ خوێندن و دواتر له‌به‌ر بژێوی ژیان ده‌ستی به كاركردن كردووه‌و له‌وانه كرێكاری رۆژانه‌و چه‌خماغچییه‌تی و سه‌پانی و دروێنه‌و كه‌بابچیه‌تی…..هتد
له سه‌ره‌تای په‌نجاكان و هه‌تا كۆچی دوایی، ژیانی له شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه به‌سه‌ر بردووه‌و له18ی ته‌ممووزی ساڵی 1993 كۆچی دوایی كردووه‌و له گۆڕستانی گردی زه‌یتوون له شه‌قڵاوه نێژراوه.
ئه‌م شاعیره‌مان وه‌كو له ناسنامه‌كه‌شی ده‌رده‌كه‌وێت ، نازناوی خێزانییان (جه‌وهه‌ری) بووه، به‌ڵام كه تێبینی ده‌كه‌ین، له شیعره‌كانیدا ته‌خه‌للوسی (غه‌مگین) ی بۆ شیعره‌كانی خۆی هه‌ڵبژاردووه. غه‌مگین وێڕای نووسینی بیره‌وه‌ری و سه‌ربرده‌ی ژیانی خۆی كه نموونه‌ی مرۆڤێكی زه‌حمه‌تكێش وسته‌م دیده‌مان نیشان ده‌دات و له‌تاو ئازار‌و ژانی ژیاندا كۆڵینه‌داوه‌و ده‌ردو مه‌ینه‌تیه‌كانی به شێوازێكی جوان و ناوازه خستۆته سه‌ر كاغه‌ز و هه‌وڵیداوه به ڕاناوی كه‌سی سێیه‌می تاك سه‌رجه‌می به‌سه‌رهاتی ژیانی بنووسێته‌وه‌و له‌م ڕوه‌وه مرۆ به خوێندنه‌وه‌ی شاره‌زاییه‌كی ته‌واوی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌وشاعیره ده‌بێت و هه‌ست ده‌كات نووسه‌ر راستگۆیانه واقیع و سه‌ربرده‌و به‌سه‌رهاتی ژیانی نووسیوه‌ته‌وه‌و بۆ ئێمه‌مانان تۆماری كردووه. جگه له‌م بیره‌وه‌رییانه ده‌فته‌رێكی شیعریشی نووسیوه كه نزیكه‌ی 25 شیعر له‌خۆ ده‌گرێت و ئه‌میش به هه‌مان شێوه ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و به تێكهه‌ڵكێش له‌گه‌ڵ شیعری ئه‌وینداری و به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ نازناوه‌كه‌ی كه به‌ڕاستی له به‌شی ژینی خۆیدا غه‌مگین وغه‌مبار بووه‌و سه‌راپای شیعره‌كانیشی به ته‌م و هه‌وری غه‌م و نیگه‌رانی داپۆشراون.
غه‌مگین، كاریگه‌ری شاعیرانی كلاسیكی به گشتی و به تایبه‌ت میسباح ولدیوانی ئه‌ده‌ب و وه‌فایی و صافی و عه‌ونی و وافی له‌سه‌ر بووه‌و ته‌خمیس و تێكهه‌ڵكێشی له‌گه‌ڵ شیعری زۆرێك له‌و شاعیرانه‌ی ناومان هێنان، نووسیوه.
ئه‌و له شاری مووصل بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ له لای یه‌كێك له خه‌لیفه‌كانی صافی، به ناوی مامه‌ند كاری كردووه. له هه‌ولێر زۆر براده‌ری مامۆستا گیوی موكریانی بووه‌و هه‌رجارێك هاتبایه هه‌ولێر سه‌ردانی ده‌كرد(1).
سه‌رجه‌می شیعره‌كانی غه‌مگین، به شێوازی كلاسیكیی نووسراون و په‌یڕه‌وی یه‌كێتی قافیه‌یان كردووه‌و به‌ڵام له ڕووی كێشه‌وه ناته‌واوییه‌ك له كێشه‌كان ده‌بینرێت‌و جار جار له‌نگی تێده‌كه‌وێت، له‌مه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كه شاعیر به ته‌واوی شاره‌زایی به‌حره عه‌رووزییه‌كانی شیعر نه‌بووه. به‌ڵام هه‌رچۆنێك بن شیعری ته‌ڕو پاراون و پڕن له وێنه‌ی جوان و حاڵی ده‌ردی مرۆڤێكی غه‌مبار و مه‌ینه‌تبار به كه‌ش و هه‌وایه‌كی كلاسیكییانه نیشان ده‌دات .
غه‌مگین به بێزارییه‌وه ده‌ڕوانێته ژیان وهه‌ست ده‌كا سته‌م و سته‌مكاری گه‌یشتۆته ئه‌وپه‌ڕی و ته‌ختی گه‌ردوون خه‌ریكه سه‌ره‌نگون بێت و له‌به‌رئه‌وه داوا ده‌كات، كه عیسای مه‌سیح بۆ له‌ناوبردنی ده‌جال بێته‌وه. چونكه ئه‌و پێی وایه ده‌جال هه‌موو دونیای گرتووه‌و دره‌نگه و چاوه‌ڕوانی عیسایه‌كی فریادڕه‌سه:
ناله‌باره چه‌رخی گه‌ردوون، وه‌خته ته‌ختی وه‌رگه‌ڕێ
وا ده‌جال ڕووی زه‌مینی گرت، كه‌ی عیسا دێته ده‌رێ؟
هه‌ژاری و سته‌می ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له هه‌ژاران، غه‌مگینی وا لێكردووه، هه‌ست به نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بكات و له‌م ڕوه‌وه وا حسێب ده‌كات، كه شانه‌كه هه‌ر له سه‌ری هه‌ژاران ده‌شكێته‌وه‌و به‌ندیخانه‌كان جمه‌یان دێت له هه‌ژارو بێده‌سه‌ڵاتان، ئه‌م پێوانه‌یه ده‌خاته قالبی په‌یڕه‌وانی ده‌جال و پێی وایه جگه له كافرو بێ بڕوا، هه‌ر ته‌نها له ناو موسڵماناندا چه‌ندین هه‌زار له په‌یڕه‌وانی ده‌جال هه‌ن و له كۆتاییش پێی وایه ئه‌مه حیساب ناكرێ و ناتوانرێ هه‌مووی تۆمار بكرێ:
بۆی حیساب ناكرێ غه‌مگین، تابیعه‌ی ئه‌هلی ده‌جال
سه‌د ئه‌وه‌نده‌ت بۆ به‌یانكه‌م، پاك نایه‌ته ده‌فته‌رێ
غه‌مگین، پێی وایه هه‌ژاری له‌به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانی ئاوات و هیوایه‌كان ڕێگره و، هه‌موو شته جوان و پڕ به‌هاكان چه‌شنی گه‌وهه‌رن و هه‌ژاری‌و مه‌ینه‌تباری غه‌مگین ناتوانێ تخوونی بكه‌وێ، له‌به‌ر ئه‌وه شاعیر لێره‌شه‌وه هه‌ستی داغداری كێشه‌ی چینایه‌تی و به‌رز و نزمی چینه‌كانی نێو كۆمه‌ڵ و به‌ركه‌وتنی پشكی شێر بۆ ده‌ست ڕۆیشتووو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان لای شاعیر دووباره به نشوستی خۆی وه‌ك بابایه‌كی هه‌ژار راده‌گه‌یه‌نێت. به‌م شێوه‌یه دڵ له‌نێو ئه‌و چاوه‌ڕوانییه ئازار باره‌دا، بێده‌نگ و شكاو ده‌مێنێته‌وه:
ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌مجاره شه‌ربه‌تی وه‌صڵی هه‌بێت
غه‌مگین ده‌رئه‌چێ له غه‌م ئه‌كه‌وێته نیعمه‌تێ
دواجار ئه‌گاته ئه‌و هه‌ست و بڕوایه‌ی كه:
دوو چاوی گه‌وهه‌ری ئه‌مڕۆ كه‌وتۆته ده‌ستی توجاڕ
زه‌حمه‌ته كڕینی گه‌وهه‌ر گرانه به قیمه‌تێ
هه‌موو هیوایه‌كان له كۆتاییدا ده‌كه‌ونه به‌ر سه‌رزه‌نشتی خودی خۆی و به بێ ئومێدێكی ناچارییه‌وه ده‌ڵێت:
تا به‌كه‌ی غه‌مگین ئه‌ناڵی تۆ له ده‌ست فه‌رمانی یار
نایه‌ته سه‌ر ڕێی هیدایه‌ت پێت بكا مه‌رحه‌مه‌تێ
له شوێنێكی دیكه به‌هه‌مان نووزانه‌وه‌و ناڵین له ده‌ست نه‌هه‌ماتییه‌كان و بێزار بوون له ژیان به‌وه‌ی كه دڵی له‌گه‌ڵ خوێن و برینداریی دایه‌و برین و كێم كه‌وتۆته ناوی و به خه‌نجه‌رو تیری ئه‌وین دڵی شه‌ق شه‌ق و سوتاوه، به‌و حاڵه‌ش پێی وایه گریان‌و شین چاره‌ی ئه‌و ده‌رده‌ی ناكات و تازه كار له كار ترازاوه:
بێ فائیده كه بیكه‌م شین، نه‌ماوه هیچ سه‌مه‌ر بۆ ژین
شكاوه قیمه‌تی سه‌نگین، سوتا رۆح و دڵی شیرین
چاره ناكا شین و گرین، به‌ده‌ن پڕه له ده‌ردو برین
قیمه كرا دڵی خورین، به دانه دانه‌ی خه‌نجه‌ری.
له‌م شیعره‌ی سه‌ره‌وه‌دا شاعیر سه‌روای ناوه‌وه‌وی له شیعره‌كه به‌كارهێناوه‌و ریتمێكی مۆسیقایی به ته‌واوی ده‌قه‌كه به‌خشیوه.
له شیعرێكی ره‌نگاڵه (موله‌ممه‌ع)یشدا به كاریگه‌ری وه‌فایی شاعیر، وێنه‌یه‌كی جوان ده‌كێشێت و به نووسینی نیوه دێرێكی كوردی له‌گه‌ڵ نیوه دێرێكی عه‌ره‌بی، ئاواز و ریتمێكی مۆسیقایی ده‌به‌خشێته شیعره‌كه‌و دایه‌لۆگێك له نێوان خۆی و دولبه‌ره‌كه‌ی ده‌سازێنێ، كه بۆن و به‌رامه‌ی غه‌مگینیی خۆی پێ ناشاردرێته‌وه‌و تێكه‌ڵی هه‌موو وشه‌و هه‌ناسه شیعرییه‌كانی بووه:
……..
…….
چوومه لای پێم گوت به روخسه‌ت، به غه‌زه‌ب هاته جه‌واب
لا عفاك الله عنك انك من الڤالمین
پێم گوت ئه‌برۆی چاوه‌كه‌ت وه‌ك نه‌جمه‌و قه‌مه‌ر گوتی:
زین الله السما‌و بنجم العاشقین
ئه‌گه‌رچی من موسته‌حه‌قی ئاگرم فه‌رموی ئه‌توو:
مالك الفكر والعقل تصبح بالنادمین
له ته‌واوی شیعره‌كانی غه‌مگین، وشه‌كانی غه‌م، هه‌ژار، زیندان، فرمێسك، فیراق……..تاد، به زۆری دووباره ده‌بنه‌وه‌و شوێنی زۆریان له ته‌واوی ده‌قه‌كان داگیر كردووه، هاوكات له‌گه‌ڵ ره‌شبینیه‌كی له راده‌به‌ده‌ر كه مرۆڤ به رامان له ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی سه‌رنجی چاوی له‌سه‌ریان ده‌سه‌نگرێته‌وه.
له شیعرێكدا له باسی فیرقه‌ته‌وه به ده‌ردێكی بێ ده‌رمانی داده‌نێ و هه‌موو چاره‌سه‌رێكیش به وه‌سڵ و گه‌یشتنه دولبه‌ر ده‌زانێ:
ده‌ردی فیرقه‌ت نیه ده‌رمانی به غه‌یری ئیتیصال
به یاری بێ وه‌فا پڕ له جه‌فا پڕ له عیتاب
فرمێسكی چاوی غه‌مگین وه‌ستا وه‌كو گه‌وهه‌رات
ئاره‌قه‌ی گۆنه خاڵداری قه‌تره‌یه‌كه صه‌د حیباب
له ناو ده‌ریای غه‌میشدا شاعیر له چه‌ندشوێنێ دونیا به ده‌ریای غه‌م ده‌چوێنێ و خۆشی نقوومی ئه‌و ده‌ریایه‌یه‌و له دواییشدا ئه‌وه ده‌رك ده‌كا كه هه‌موو ژیانی دونیای رابوارد كه‌چی خۆشی و خۆشگوزه‌رانی نه‌بینی، جگه له غه‌م و ده‌رد و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیان:
هه‌موو عومرم به‌سه‌ر چوو خۆشیم نه‌دی له جیهان
به غه‌یری غه‌م و غوصصه بۆ ئه‌و دڵی داغدار.
ئه‌م كورته نووسینه ته‌نیا ده‌رخستنی نموونه‌یه‌ك له شیعره‌كان و خستنه ڕووی كورته‌یه‌ك له ژیانی ئه‌و شاعیره له بیر كراوه‌ی كورد بوو، كه ده‌كرێ زیاتر له‌باره‌یه‌وه بنووسرێت و نێوی بخرێته پاڵ شاعیره‌كانی كوردمان و له به‌شه‌كانی دیكه‌ی هونه‌ری شیعریدا قسه‌و باس سه‌باره‌ت به شیعره‌كانی بكرێت.
لێره‌وه ده‌مه‌وێ رایبگه‌یه‌نم كه ته‌واوی شیعره‌كانی به چاوپۆشین له راده‌ی به‌هێزی‌و بێهێزی ده‌قه شیعرییه‌كان، (به مه‌به‌ستی پاراستنیان وه‌ك ئه‌رشیفێك) له‌گه‌ڵ كورته‌ی بیره‌وه‌ری‌و ژیاننامه‌ی شاعیر به خه‌تی خۆی، له لایه‌ن به‌نده‌وه ساغكراونه‌ته‌وه‌و له شێوه‌ی كتێبێكی قشتیله‌دا، دوو ساڵه چاوه‌ڕێیه كه خه‌مخۆرێك، ده‌زگایه‌كی چاپه‌مه‌نی، روو بنێ‌و بخرێته به‌ر رووانی، تا رووی هه‌تاوی چاپیان تێ بكا.