رۆشنبیر له تۆڕی شۆڕش و پرسیاری رۆشنبیری‌دا
په‌یوه‌ندی (شۆڕش و رۆشنبیر) نهێنیه‌كی دوانی به‌ر جه‌سته ده‌كات وه‌ك هه‌نگ و كوره، ئایا رۆشنبیر چی شوناس و رۆڵ و كاریگه‌ری و به‌رهه‌مهێنانێكی له‌سه‌ر شۆڕش هه‌یه؟ چۆن عه‌قلانیه‌تی سیاسی و رۆشنبیری جیا بكه‌ینه‌وه؟ كامه‌یه ستراتیژ و په‌یام و ئه‌ركه‌كانیان؟ئاڕاسته و په‌یوه‌ندی و پانتاییه‌كانی كاركردن؟
په‌یوه‌ندی نیوان رۆشنبیر و سیاسی له هه‌مو كاتێكدا ئایدۆلۆژیه، و زیاتر دورخستنه‌وه‌ی روشنبیره له‌و پێگه ئه‌ندامێتیه‌ی خۆی، كه هه‌ڵگری بیری پارێزگاریه له بون و شوناس و په‌یوه‌ندیه‌كی زیندوه به ژینگه و رای گشتی و هێزی ره‌مزی و شێوه‌كانی شوناس و مێژو ده‌سه‌لات و سه‌ربه‌ستی و ماف و په‌یوه‌ندی و ئه‌وانی تر. لای (ئیدوارد سه‌عید) گڕی هیچ شۆڕشێكی سه‌ره‌كی له مێژوی نوێ‌دا به‌بێ رۆشنبیر داناگیرسێت، بگره به دایك و باوكی شۆڕشه‌كانی ده‌زانێت.. زۆر له تیئورزانان رۆشنبیر به چینێكی نوێ ده‌زانن، چینێك كه توانای گۆڕانی ریشه‌یی هه‌یه، له هه‌مو بواره‌كانه‌وه له فه‌زای داهێنان و گۆڕاندا كۆ ده‌بنه‌وه، ئه‌وكاته به‌رهه‌مهێنان له پانتاییه به‌تاڵه‌كاندا ده‌كه‌ن و په‌نجه‌ره‌ی نوێ ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش لای (غرامشی) ریشه‌ی گرت، شۆڕشیش مانای گۆڕان، لابردنی سیسته‌می باو و هێنانه كایه‌ی سیسته‌می نوێ، مانای كردنه‌وه‌ی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی تازه، كه له‌وه‌و به‌ر نه‌بینرابێت، گۆڕینی زمان له جوینه‌وه‌وه بۆ داهێنان، ئه‌مه‌ش كاری رۆشنبیرانه كه له هه‌مو بوارێكه‌وه كار بۆ خستنه سه‌ر و داهێنانی نوێ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ش شۆڕش له‌و هۆشیاریه‌وه دروست ده‌بێت كه رۆشنبیران به‌رپای ده‌كه‌ن، له رێی میدیا و بواری رۆشنبیری گشتی (پزیشك، مامۆستا، پیاوانی ئاینی، پیشه‌ییه‌كان، رۆژنامه‌نوس، نوسه‌ران، رێكخراوه جه‌ماوه‌ریه‌كان توێژه‌كان، تاد….
به‌م پێیه‌ش هه‌ر ده‌سته‌یه‌كی رۆشنبیری كاری خۆی ده‌كات، ئه‌مه‌ش مانای شۆڕش، كه ره‌گ و ریشاڵی به مه‌عریفه ئاو ده‌درێت، كه ئه‌ویش به‌رهه‌مهێنانی ده‌سته‌ی رۆشنبیرانه، ئه‌مه‌ش ئه‌ركی رۆشنبیر گراندهكات له‌و ئه‌ركه‌ی خۆیه‌وه بۆ هۆشیاری نه‌ته‌وایه‌تی، ئایا چۆن گۆڕانكاریه‌كان ده‌كات؟ كامه‌یه ئاراسته و خاڵه‌كانی وه‌رچه‌رخان؟ مانا و واتا و ده‌سته‌واژه‌كانی چین؟ ئه‌و په‌نجه‌ره و ده‌رگایانه‌ی كه ده‌یانكاته‌وه چی رۆشناییه‌ك ده‌به‌خشن؟ چونكه ئه‌و له زهریایهكدایه ده‌زانێت كه‌شتی ته‌نیا پرسیار و گومانه بۆیه ناچارین پرسیار بكه‌ین، هه‌تا به تۆڕی سه‌ره داوی پرسیارهكانمانهوه خاڵه ئاسۆییه‌كان بدۆزینه‌وه، بێگومان ئه‌م كاره‌ش كه كار كردنه له ناو فیكردا ده‌بێته مایه‌ی روبه‌ڕو بونه‌وه‌ی دژه لێكچونهكان، هه‌مو ئه‌وانه‌ی ناچنه ناو تۆڕی بیركردنه‌وه‌ی بیركه‌ره‌وه‌وه، كه كار كردنه بۆ به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه
بۆیه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له پرسیاره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین؟ ئه‌و پرسیارانه‌ی كه ده‌مانخه‌نه ناو بیر‌و تێڕامان و گومانی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه، ئه‌مانه‌ش به‌رده‌وام جێگه‌ی تێڕامان و دو دڵی و كه‌وتنه خواره‌وه‌یه، له ناو گه‌رده‌لولی گۆڕانكاریه‌كاندا گێژمان ده‌دات، له‌سه‌ر ئاستی ده‌خستنی پرسیار و ره‌نگدانه‌وه‌ی، ئه‌وانی تر ده‌خاته به‌ر پرۆسه‌ی ئه‌گه‌ره‌كان، له‌م نێوه‌نده‌شدا سه‌رسوڕمان و گومان و دو دڵی و رارایی فه‌زای روانین ده‌گرێته‌وه، كه‌سی پرسیاركهریش مه‌ترسی له چۆنیه‌تی به‌رجه‌سته‌كردن و كردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی هه‌یه به تایبه‌تی له‌و كاتانه‌دا كه ته‌واو مه‌ترسیدار ده‌بێت، ئه‌و بارودۆخانه‌ی به‌ره و خوێناوێكی سه‌رتاسه‌ری ده‌چن، ئه‌وه‌یش له‌و پرسیارانه‌وه ده‌ست پێده‌كات كه چاره‌سه‌ری بار‌و دۆخ چۆن ده‌كرێت، ئه‌وه كاری كێیه؟ كام چین و توێژ ئه‌و شۆڕشه ده‌كه‌ن؟ كامه‌یه جیاوازی چینایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاڵ‌و گۆڕ و خستنه سه‌ر؟ یاخود بپرسین ده‌رباره‌ی شۆڕش و پۆلینكاری له نێوان شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی و چینایه‌تی؟ یاخود كام ململانێ و دژه فیكر و روانینێكه جیاوازیه‌كان ده‌رده‌خات؟ ئه‌م جیاوازیانه له چی چاوگه‌یه‌كی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێن؟ له قۆناغ و ئاستی ده‌رخستنی جیاكاری فیكر و مه‌عریفه‌یه. ئه‌مڕۆ باری سیاسی كوردی شۆڕش و مانگرتن و دژه وه‌ستانه، وه هه‌وڵدانی هۆشی ئه‌وانی تره بۆ شۆرش و نزیك بونه‌وه له جوڵاندنی جه‌ماوه‌ری. ئه‌مه‌ش به رابه‌رایه‌تی ده‌سته و گروپه جۆراو جۆره‌كان. پرسیار و جیاكاریهكهیش ئه‌وه‌یه، لێره‌دا ده‌كه‌وینه ناو تۆڕی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه، ئایا چۆن بیر بكه‌ینه‌وه؟ كام شۆڕشه بكه‌ین؟ چی تیورێكی جێگره‌وه‌مان هه‌یه؟ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه رابه‌رایه‌تی شۆڕش و راپه‌ڕین ده‌كه‌ن كێن، ئایا ئه‌وانه‌ن كه ده‌توانن هۆشیاری شۆڕش بنوسنه‌وه و له به‌رده‌م ناونیشانه‌كانی شۆڕشدا بوه‌ستن بۆ هه‌ستكردن به‌و روانین و جیهانبینی و پێدراو و ئه‌ركانه‌ی كه هه‌ڵی گرتوه؟ یان ئه‌وانه‌ن كه هه‌ر له رابردودا رۆڵیان هه‌بوه و گێڕه‌ره‌وه‌ی روداوی شۆڕشن كه جه‌سته‌ی شۆڕش ده‌نوسنه‌وه، پرسیاره‌كانی مه‌عریفه به‌ناو پانتاییه‌كانی ئه‌و هێڵانه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئێمه‌یان كه‌ڕ و لاڵ كردووه.
شۆڕش مانای چیه؟ جگه له گۆڕانكاری جێگرتنه‌وه‌ی مه‌عریفه باوه‌كان؟ له‌و شتانه‌ی كه تیۆری مه‌عریفیان له بواری فیكر و ئازادی و سه‌ربه‌ستی و كۆمه‌ڵایه‌تی شارستانیدا له‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا نیه.
دیكارت كه گوتی: من بیر ده‌كه‌مه‌وه كه‌واته من هه‌م، دایه‌لۆگێكی كرده‌وه بۆ فیكر، بۆ ڕوانینه جیاوازه‌كان كه بو به‌تۆڕێكی بێ كۆتایی له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا. ئه‌مه شۆڕش بو، له مێژوی فیكر و روانیندا، تێكشكاندنی سیسته باوه‌كانی خوێن رشتنه له شۆڕشدا..ئه‌مه‌ش ئه‌و گرنگی و جیاوازیه‌مان نیشانده‌دات كه كه‌سی به‌رهه‌مهێن به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شداری شۆڕش بكات به بیری ئاوس و پڕ شۆڕش ده‌كات،
ئێمه سه‌ره‌تا بزانین لهگروگاڵی مه‌عریفه‌دا چۆن زمان بكه‌ینه‌وه؟ ئه‌م دایهلۆگهمان گرنگه، ئایا راپه‌ڕین له پاشخانێكی فیكری به هێزه‌وه‌یه كه زه‌مینه‌یه‌كی فیكری هه‌یه كه هه‌رگیز كپی ناكاته‌وه و وزه به‌خشیه‌تی، یان قۆستنه‌وه‌ی هه‌ل و هاندانی خۆبه‌خۆیی؟ ئه‌مه پرسیارێكی گرنگه كه شۆڕش مانای پڕ بونه‌وه‌ی به تاڵاییهكان و گۆڕینی با و و له كه‌ڵك كهوتوهكانه، ئه‌مه‌ش كاری كێیه؟ كه وزه له دینامیكیه‌تی هێزێكی مه‌عریفی گۆڕانكهرهوه وه‌رده‌گرێت، كه له پانتاییه‌كاندا خوێندنه‌وه‌ی بۆ به‌هاكان كردوه؟ بۆ دارشتنی سیسته‌م و جیهانبینیه‌كی نوێیه كه له‌وه و به‌ر نه‌بینراوه، گۆڕینی ئه‌م سیسته‌مانه‌ش به كه‌سانی بیرمه‌ند ده‌كرێت كه هیچ كێشه‌یه‌كی نیه بۆ خودی خۆی، كێشه‌ی دۆگمایی و دژه لێكچون و روانینی نیه كێشه‌ی له‌گه‌ڵ فیكری خۆیدایه و به فیكره‌كه‌ی ئێمه و ئه‌وان ده‌گۆڕێت، له‌م كاته‌شدا نوسینه‌كانی زۆرینه ملكه‌چ ده‌كات كه په‌یڕه‌وی بكه‌ن، چونكه ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌ل به مه‌عریفه پێشده‌خات، بۆیه هۆشیاری گۆڕانكاری زۆر گرنگه كه لایه‌نی چاك و خراپی هه‌یه، ئه‌گه‌ر له كه‌ناره‌كانی فیكری به‌رهه‌مهێنه‌وه سه‌رچاوه نه‌گرێت بێگومان ده‌بێته مایه‌ی كاره‌سات، ئه‌وه‌ی گرنگه بار‌و دۆخی ئیًستای كورده، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێستای ئه‌و شێوازه‌یه كه ده‌بێت ئاینده بڕیاری له سه‌ر بدات، چی ناو نانێكی بۆ بكرێت؟ یاخود ده‌بێته چی خاڵێكی وه‌رچه‌رخاندن چاك یان خراپ؟ چونكه ئێمه له ڕوی زانست و فه‌لسه‌فه‌وه پێویستیمان به‌و پرسیارانه هه‌یه كه كه‌ڕو لاڵمان ده‌كه‌ن، چیان هه‌یه له زانسته‌كان و فه‌لسه‌فه؟ ئه‌ی كه‌واته چۆن بیر بكه‌ینه‌وه؟ چی بكه‌ین؟ چۆن ده‌ست پێبكه‌ین؟ یان ده‌بێت خوێندنه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین؟ خۆ توانا‌مان نیه هیچ زانستێك دابمه‌زرێنین كه هه‌مویان هه‌ن، كه واته ده‌بێت چۆن پانتایه مهعریفیهكانمان پڕ بكه‌ینه‌وه؟ ئه‌مه پرسیارێكه ڕۆشنبیری كوردی له‌ئاستیدا ئیفلیجه، ته‌نیا وتراوه‌كان ده‌ڵێنه‌وه، چونكه ناتوانن له‌و وتراوانه كار لههێلێكی مه‌عریفه‌دا بكه‌ن چۆن (عه‌لی حه‌رب) له‌سه‌ر كلتوری عه‌ره‌ب ده‌یكات. پرسیارێكی جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه ئایا كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌بێ زانست و فه‌لسه‌فه یاخود به‌بێ پۆلین كردنی ئه‌و پانتاییانه بۆ ناو كلتوری خۆی له‌چ خاڵێكه‌وه ده‌ست پێده‌كات؟ئه‌ی كه‌واته كامه‌یه خاڵ و هێڵی جیاواز و، له كوێوه خستنه سه‌ر و پێدراوه‌كان ده‌رده‌كه‌ون ؟ كه‌واته مانای گۆڕانكاری و جیاوازیه‌كان چیه؟ لێره‌یشه‌وه ده‌توانین به‌راوردكاری بكه‌ین، له‌لای بیریارانی جیهان، به تایبه‌ت (دوبریه و غرامشی).
غرامشی به ته‌نیا ئامانجی ئه‌وه نه‌بو كه بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دابڕێژێت بۆ ئیتالیا، به‌ڵكو دیسانه‌وه بونیه‌یه‌كی رۆشنبیری ته‌واوی بۆ دروست بكات، كه په‌یوه‌ند بێت به‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه هه‌یه. دیسانه‌وه بو به پرۆژه‌یه‌ك بۆ رۆشنبیری، لێره‌شدا هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه توانای ئه‌وانه پۆلین بكات كه ئه‌ركی فیكری له كۆمه‌ڵگادا ده‌گه‌یه‌نن، كه یه‌كه‌میان به رۆشنبیری ته‌قلیدی ناو ده‌برێن، وه‌ك مامۆستا و پیاوانی ئاینی و به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان و كه له نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر یه‌ك ئیدا ده‌گه‌یه‌نن، دوه‌میشیان رۆشنبیرانی ئه‌ندامیه عچوی كه به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندن به چینه‌كان یان ده‌زگا بازرگانیه‌كان، به‌م چه‌شنه‌یش ئه‌م ده‌سته‌یه جیاوازن له‌و ده‌ستانه‌ی تر كه به‌رده‌وام ئه‌و شتانه ئه‌ڵێنه‌وه، كه پێشتر ووتویانه لێره‌شدا ده‌سته‌یه‌كی تر له ڕۆشنبیران دێنه كایه‌وه دیسان ووتراوهكان ئه‌ڵێنه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانن گۆڕانێك دروست بكه‌ن. غرامشی رۆشنبیری ئه‌ندامی به‌و كه‌سه ده‌زانێت كه له هه‌ر پانتاییهكدا كار بكات كه په‌یوه‌ندی به به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه یان بڵاو كردنه‌وه‌یه‌وه هه‌بێت، ئه‌ركی ڕۆشنبیر لێره‌دا جیاوازی له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌سته ڕۆشنبیریه‌كانی تردا دروست ده‌كات به داهێنان و خستنه سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رگا و په‌نجه‌رانه‌ی كه له‌وه‌و به‌ر نه‌بینراون، ئه‌م ستراتیژه‌ش له شۆڕشی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌دا جیاوازه له‌وه‌ی له شۆڕشه‌كانی تردا ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش ده‌سته ڕۆشنبیره‌كان ئه‌و هێڵه ئاسۆییانه ده‌كێشن.
ئه‌وه‌ی كه جێگه‌ی مشت‌و مڕ و سه‌رسوڕمانی گه‌وره‌یه وشه‌ی رۆشنبیر بۆته ئیمپریالیه‌تی هه‌مو كێشه‌كان، به‌بێ پۆڵینكردن، كه رۆشنبیر چیه و كێیه، جیاوازیه‌كان چین. رۆشنبیر ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆ خوێنه‌رێكی به‌ر فراوان ده‌كات، لای ئیدوارد سه‌عید خه‌ڵكی هه‌مو رۆشنبیرن، به‌ڵام هه‌مویان ئه‌و توانایه‌یان نیه، كه ئه‌ركی رۆشنبیر له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بگه‌یه‌نن. بڕوانه(صور المپقف) ل21.
بۆیه پرسیاره‌كانی ئێمه له ونبونی فیكر و پۆلین نه‌كردنی رۆشنبیره‌وه ده‌ست پێده‌كات ،گه‌ڕانه به‌دوای ئه‌و ههڵكۆڵینانهی، كه پێویسته بكرێن، بۆیه خوێندنه‌وه‌كانی ئێمه جیاوازن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكمان لهگڕوگاڵهوهیه، ده‌بێت بۆ چه‌مكی شۆڕشی ڕاسته‌قینه گه‌ڕانێكی قوڵ بكه‌ین، بۆ گه‌ڕان به دوای شوناسێكا كه به‌ره‌و شوناسمان ببات ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت لهكوێوهوه ده‌ست پێبكه‌ین؟ واته خاڵی سه‌ره‌تا؟ ئه‌مه‌ش دایه‌لۆگێكی فراوانی ده‌وێت، ئیتر كار له‌وه‌دا نیه كه ته‌نیا باسی گه‌نده‌ڵی بكه‌ین؟ به‌ڵكو پێویسته پرسیار له‌سه‌ر جیگرتنه‌وه‌ی شۆڕش و تیئوری و پرنسیپی شۆڕش و باس له چۆنێتی و ئاكامه‌كانی بكه‌ین؟ ئایا كۆمه‌ڵگه له چی ئاستێكدایه؟ كامه‌یه به‌رهه‌مه گهشهكردوهكانی؟ چۆن گۆڕنكاری و به‌ره و پێشچونی بۆ ده‌كرێت؟ كامه‌یه ئاست و خۆدۆزینه‌وه‌ی تاك له فه‌زای روانینی ئێستایدا، كۆمه‌ڵگه له چی پێگه‌یه‌كی ناوخۆیی و جیهانیدا خۆی ده‌دۆزێته‌وه؟… به‌راوردی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ رابردو، ئه‌مه‌ش جیاكاری ده‌وێت له‌وه‌ی ته‌نیا له دیكتاتۆری و دیموكراسیه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ گۆڕانی ریشه‌یی له یاسادا، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌و رابردوه جیا ده‌كاته‌وه گۆڕینی نوسراوه‌كانی ده‌سه‌ڵاته نه‌ك مهركهبهكهی، ئه‌مانه و ده‌یه‌ها پرسیاری تر.. ئه‌وسا سیسته‌م ئۆتۆماتیكی ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مه‌ش كاركردنێكی ڕیشه‌یی له ناو زانسته‌كاندا هه‌یه كه ئێمه نیمانن، به‌ڵكو ده‌بێت خاڵێكی ریشه‌یی دابنێین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه گڕوگاڵ له سفره‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، سه‌ره‌تا به تێكدانی سیسته‌مه باوه‌كان، به‌و تیۆره‌ی كه ده‌بێته جێگره‌وه، كه كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌یه‌تی، ده‌كرێت ئێمه له زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانه‌وه سود له‌تیۆری جیهانی وه‌ربگرین، كه پێویسته له‌روی مه‌عریفیه‌وه به‌رجه‌سته ببن، واتا مه‌عریفه له نامهعریفه جیا بكه‌ینه‌وه، گرنگه له بێده‌نگیه‌وه بۆ دایه‌لۆگ بچین، كه كه‌سانی تایبه‌تمه‌ند به‌و بواره كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆیه پێویستیمان به‌وه هه‌یه، كه هه‌موومان به ڕوانینێكی نوێوه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چه‌مكی ڕۆشنبیری ڕاسته‌قینه، كه كاری هه‌ڵبژارده‌ی ڕۆشنبیریه دوور له ده‌مارگرژی حیزبه‌كان كار بكه‌ین، جیا بونه‌وه‌ی رۆشنبیری و به‌رهه‌مه‌كانی له ده‌نگی حیزب، ئه‌وسا هێلێك بۆكورد به‌رجه‌سته ده‌بێت، كه شۆڕشی ڕۆشنبیری له‌هه‌موو شۆڕشه‌كان گرنگ تره چونكه كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خاوه‌نی ئه‌و وتووێژه ڕۆشنبیره نه‌بێت جگه له‌خوێن ڕشتن چرایه‌كیش نابینێت. ئه‌مه‌ش له‌و هێڵه‌وه ده‌ست پێده‌كات، كه رۆشنبیر خۆی بدۆزێته‌وه، له نێوان كاری حیزبی و رۆشنبیری و داهێناندا، له لایه‌كی تر فه‌زای رۆشنبیری به روی یاخی و هه‌ڵبژارده‌ی رۆشنبیری‌دا بكرێته‌وه، نه‌ك ئه‌م داگیركاریه‌ی ئێستا كه ره‌مزه‌كانی رۆشنبیری كه هه‌مو پێگه ترسناكه‌كانیان گرتوه، ترسناكی گه‌وره‌یش لێره‌وه‌یه، كه ئه‌م ره‌مزانه توانیویانه حیزبه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بقۆزنه‌وه، ته‌نانه‌ت به ده‌مامكی جۆراو جۆره‌وه ده‌بنه پاڵه‌وانی ڤیستیڤاڵا و كار و چالاكی و چاپه‌مه‌نیه‌كان، بۆیه ئه‌وه‌ی كه گرنگه ئه‌م رهمزانهن كه فه‌زای رۆشنبیری كوردیان گرتوه، كه به پێچه‌وانه‌وه پاداشتی رۆشنبیری بریتیه له داهێنان و دروست بونی جیاكاری، زۆر له‌وانه توشی(ئاوبه‌ندی)(شرب الهیم)بون هه‌مو سامانی جیهان تێریان ناكات.
پارتی سیاسی كوردی ئه‌م گۆڕانه‌ی بۆ ناكرێت، ئه‌ی كاری نه‌وه‌ی نۆێ چیه كه نه‌توانێت، په‌رده له‌سه‌ر ئه‌مانه لابدات، ئه‌و شانۆگه‌ریه‌یان كۆتایی پێبهێنێت، ئه‌وسا جیاكاری و خستنه سه‌ریان هه‌بێت. هه‌نگاو به‌ره‌و شۆڕش بنێن.
شۆڕش له كوردستاندا مانای خوێن رێژی نیه، شێوازی نوێ هه‌یه كه بكرێت، زهمینهیشی ره‌خساندوه بۆ شۆڕش، له گه‌ڵای دره‌خته‌وه هه‌تا به‌رگ و سێبه‌ر دوای گۆڕانكاری و شۆڕش ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش به‌و كاركردنه ده‌كرێت كه نه‌وه‌ی نوێ به عه‌قڵێكی نوێوه بیكه‌ن، نه‌ك به‌و شێوازه‌ی كه هیچ ئاسۆیه‌كی بۆ دامه‌زراندنی زه‌وی شۆڕش تیا نه‌بێت.
دیسانه‌وه ده‌پرسینه‌وه، ئێستا پرسیاره‌كان له‌گه‌نده‌ڵیه‌وه دروست ده‌بن، ده‌كرێت چی ناونانێكی بۆ بكرێت؟ یان چی ئاینده‌یه‌كی هه‌بێت؟ كه له‌و تێكه‌ڵی و فره هه‌ژاریه‌ی له كلتور و پانتاییه جیاوازهكانماندا هه‌یه و دروست بوه، یان راپه‌رینێك كه ستراتیژێكی نادیاره و به ڕاو بۆچون و ده‌ست تێوه‌ردان و پرنسیپ‌و پرۆسیسی وروژێنه‌ر و ده‌مارگیریه‌وه، هه‌رگیز ناكرێت له كوردستانێكدا كه هه‌ڵگری خوێندنه‌وه‌ی جیاواز جیاوازه، به‌بێ تیوری گۆڕانكهر و جێگره‌وه‌ی سه‌رده‌م گۆڕانكاری بكرێت ، ئه‌م هه‌وڵانه‌ش له هه‌مو بارێكدا كه‌شه‌ی هه‌ورێكی تاڵه و له ئاسماندا كۆ ده‌بێته‌وه بۆ شۆڕشێك له ئاینده‌دا، مانای ده‌بێته پاشخانێك كه رۆژ به رۆژ خه‌رمانه‌ی گۆڕانكاری كۆده‌كاته‌وه، بۆیه ئه‌ركی گرانه و پێویسته به جۆرێك ریشه‌ی مه‌عریفی دابڕێژێت كه ئایندهی گه‌ش بێت، نه‌ك ببێته كاره‌سات بۆ كورد.
ئه‌گه‌ر دیسان پرسیار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چۆنیه‌تی پرسیاره‌كانمان بزانین، ئه‌م گۆڕانكاریه شۆڕشێكه كه به‌مانای گۆڕان كۆمه‌ڵگه بگرێته‌وه، ئه‌مه‌ش پێویستی به كردنه‌وه هه‌یه، شۆڕشی راسته‌قینه هه‌مو یاساكانی گۆڕیوه، كاری تێكدان و دروستبونهوهیه، توانای گۆڕینی هه‌یه له كایه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی دی، له شێوازێكهوه بۆ شێوازێكی تر، شۆڕش مانای گۆڕانی ریشه‌ییه كه بتوانێت سه‌رخان و ژێرخانی كۆمه‌ڵگا بگۆڕێت له چه‌مكی سواوه‌وه بۆ چه‌مكی نوێ.
لێره‌دا ده‌یان پرسیاری جه‌وهه‌ری دروست ده‌بن كه بۆچی كوردستان چه‌قی گه‌نده‌ڵی و به‌ستووییه؟ بۆچی گۆڕانكاری ناكرێت؟ ئه‌مه ده‌كرێت له ده‌یان ده‌لاقه‌وه تێڕوانینی له‌سه‌ر بكرێت، به داخه‌وه له ڕۆشنبیری كوردیدا خوێندنه‌وه‌كان به‌و ئاقاره‌دا ناچن كه ئه‌و چه‌مك و مانایانه هه‌ڵبگرن، نه‌یان توانیوه له خۆبه‌ستنه‌وه به لایه‌نێكی تایبه‌تیه‌وه بچنه ناو بواره‌كانی فیكر، ئه‌مه‌ش ونبونی فیكره تایبه‌ته به ستراتیژی شۆڕشه‌كان ئه‌و ستراتیژه‌ی كه ڕاپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری له كوردستان ئه‌یكات جیاوازه له ناكۆكیه‌كانی نێوان (لینین و پلیخانۆف) یاخود صین و بولغاریا، ستراتیژی هه‌ر شۆڕشه تایبه‌تمه‌ندیه‌كی زه‌مینی و زه‌مانی هه‌بووه كه له ناكۆكیه قوڵه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه و كێشه فیكری و سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه، هه‌ر به‌م پێیه‌ش ستراتیژی (جۆز جۆز تیتۆ) جیاواز بوو له (ماوتسیتۆنگ)، به‌م شێوه‌ش پرسیاره‌كان ئه‌وه‌نده زۆرن بۆ ئێمه كه خاڵی كۆتاییان نییه، ده‌كرێت بپرسین تیوری ئه‌م ستراتیژه چییه كه بۆ نه‌وه‌ی ئاینده ده‌بێته هۆكاری گۆڕانكاری، شكاندنی به‌ربه‌سته‌كانی فیكر و زانیاریه هه‌واڵگریه‌كان، سیسته‌می ئابوری و بواره‌كانی ته‌كنه‌لوژیا و په‌یوه‌ندیه جیهانیه‌كان. جگه له‌وه ئایا ئه‌ركه‌كانی ڕۆشنبیر له‌م قه‌یرانه‌دا له پڕكردنه‌وه‌ی پانتاییه‌كانی مه‌عریفه‌دا چی بوون؟! ناكرێت ڕۆشنبیر ته‌نیا بانگه‌وازی ئه‌وه بكات خه‌ڵك ڕابپه‌ڕێت، له كاتێكدا ستراتیژی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه نه‌زانرێت و تیورێكی جێگره‌وه نه‌بێت كه ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌و شته باوانه‌ی كه دیومانن ، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تا پێویستی به هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی یاسا هه‌یه كه هه‌تا ئێستا مێژووی ئێمه به خۆیه‌وه نه‌بینیوه‌و كه ته‌نیا له‌سه‌ر یاسا باوه كۆنه وه‌رگیراوه‌كه كاری كردووه، كه ناكرێت تۆ یاسایه‌كی تایبه‌تت نه‌بێت ئه‌مه‌ش كاری كێیه؟! جگه له كه‌سه‌كانی فیكر كه هه‌ریه‌كه له بواری تایبه‌تمه‌ندێتی خۆیه‌وه تیئورێزهی بواره یاساییه‌كان بكه‌ن. جگه له‌وه‌ش جیاكردنه‌وه و پۆلینی ئاست و قۆناغه جیا جیاكان له زه‌مه‌نی مۆدیرنیته و پۆست مۆدێنیتهو دوای ئه‌وان، ئێستا ئایا ده‌كرێت بپرسین چی زه‌مه‌نێك شوناسی كورد دیاری ده‌كات كه له پرۆژه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كوردیدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ كرابێت؟ ئایا ئێمه له چی قۆناغێكی پێشكهوتهنهكانداین؟ جگه له‌وه‌ش چۆنیه‌تی سیسته‌م و به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سه‌ڵاتدا كه ڕه‌گی گه‌نده‌ڵی چییه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟ به‌ر له 12 ساڵ هۆشیاریم به دادگاییكردنی سیاسی و ڕۆشنبیران كرد، ئێستاش ئه‌و خاڵه ده‌ست نیشان ده‌كه‌مه‌وه، كه پێویسته لێپرسینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ رۆشنبیراندا بكرێت، چونكه مه‌ترسی گه‌نده‌ڵی رۆشنبیری له گه‌نده‌ڵی سیاسی گرانتر و ئاڵۆز تر و مه‌ترسیدارتره، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خاوه‌نی چینی رۆشنبیری راسته‌قینه بێت به واتای غرامشی ئه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش راست نه‌كاته‌وه ره‌گ و ریشاڵی ده‌هێنێته ده‌ره‌وه، ده‌شێت بپرسین، بڵاوكراوه و راوێژ و كاره گرنگه‌كان جگه له رۆشنبیران كێ بون؟ له‌كاتی ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش بۆ ناو شار جگه له نه‌بونی رۆڵی رۆشنبیر چیتر هه‌بو؟ كه بۆ ناو پارته‌كان جێگه‌یان خۆشده‌كرد، ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی نایه‌وه و پۆڵین نه‌كردنی سهنتهریالیزمی دیموكراتی شار و شاخ بناغه‌ی گه‌نده‌ڵی دروست كرد، ڤێتنام دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ شۆڕشگێڕاندا كرد، پاڵه‌وانیان نه‌هێشت و به‌رێوه‌بردن درایه ده‌ست نه‌وه‌ی نوێ، نه‌كو وه‌ك كوردستان كه پڕ بوو له پاڵه‌وانی شاخ و هه‌موو جێگه ترسناكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان گرت، كه ئه‌مه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی مێژوویی ئێمه بوو، له‌بری ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بدرێته ده‌ست نه‌وه‌ی نوێ، له لایه‌كی تر چۆنیه‌تی كاركردنی ئۆپۆزسوێنه كه ڕووبه‌ڕووی ده‌یه‌ها پرسیاری سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌بنه‌وه، له‌و ستراتیژه‌ی كه له به‌رده‌میاندایه ڕوون نییه، جگه له بانگه‌شه‌ی گه‌نده‌ڵی هیچ نامه‌یه‌كی تیوری گۆڕانكاریه‌كان نابینینه‌وه، پرسیاره‌كانیش له ئیسلامی سیاسی و ڕه‌وته عه‌لمانیه‌كه زۆره كه ته‌نیا له‌سه‌ر ستراتیژێكی سیاسی تێكه‌ڵاو بوون، كه ئه‌ویش گه‌نده‌ڵییه، له كاتێكدا ستراتیژی شۆڕشی جه‌ماوه‌ری جیاوازه له‌مه, شێوازێكی تر وه‌رده‌گرێت له‌وه‌ی كه جه‌ماوه‌ر ده‌یه‌وێت لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی به داوا و حه‌زه‌كانی پڕ بكاته‌وه، نه‌ك بكه‌وێته‌وه ناو ئه‌و تراژیدیایه‌ی كه به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه. ئه‌مه پرسیارێكه ترسناك و سه‌رسوڕهێنه‌ر له‌وه‌ی كه به‌رده‌وام ئه‌و ناكۆكیانه‌ی كه هه‌بوون له شه‌ڕی براكوژیدا دووباره ئه‌بنه‌وه و هێزو ده‌سه‌ڵات بۆ لایه‌نه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌بێته‌وه به شه‌ڕی به‌ره‌كانی جه‌نگ. لێره‌شدا رۆشنبیرانیش ئه‌و جه‌نگه له سه‌نگه‌ره جیاوازه‌كانه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كاره سات لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات ده‌بینیت چینی سه‌ربه‌خۆی رۆشنبیری بونی نیه، ئه‌ی كه‌واته چۆن له‌و ره‌وته كۆنه ده‌ربچین و به‌ره‌و هێڵی ئاسۆیی بچین، نه‌هێشتنی به ره‌مز بو پاڵه‌وانه‌كانی سیاسی و رۆشنبیری خاڵی گرنگ و ئامانجی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌یه، كه ئێستا پێگه‌یه‌كیان بۆ تاكی كوردی نه هێشتۆته‌وه، بۆیه پێویسته بپه‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا پرسیاره‌كانمان له رهمزبوهكانهوه ده‌ست پێبكه‌ین، كه نه گوێی پرسیار و نه مه‌نتیقی پرسیاریان هه‌یه، ئه‌مانه هه‌ره پێگه ترسناكه‌كانیان پۆڵین كردوه بۆ به‌ره‌مز بونی خۆیان، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه پێویستی به به‌سه‌را چونه‌وه‌یه‌كی گشتگیری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی هه‌یه له هه‌مو بواره‌كاندا، ئه‌مه‌ش كاری شۆڕشێكی نوێیه كه ئێستا له توانایدا نیه ئه‌و شۆڕشه بكات، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌نگاوی بۆ بنێت، به‌رده‌وام نه‌وه‌ی نوێ هه‌ڵده‌ستێت به گۆڕانكاری له‌به‌ر تیشكی ئه‌و بواره رۆشنبیریهی كه ئاستی كۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه، ئه‌مه‌ش توانای كلتوری نه‌ته‌وه‌یه، ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م ده‌یه‌ها پرسیاری سه‌رسوڕهینه‌ر!!
له‌ژماره(329له27/6/2011 )له رۆژنامه‌ی چاو‌دێر بڵاوبۆته‌وه.