چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە لەسەر پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” / 3
*24ی سێپتەمبەری 2010
بەشی سێیەم -3/10-
چەوسانەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی.
چهوسانهوهی نهتهوهیی و نیشتیمانی واته پێشێلكردنی مافه نهتهوهیی و نیشتیمانییهكانی تێكڕای میللهتێک یان نهتهوهیهک یان كۆمهڵه نهتهوهیهک به چینه چهوساوه و چهوسێنهرهكانیهوه له لایهن چینه چهوسێنهرهكانی میللهتێک یان نهتهوهیهک یان كۆمهڵه نهتهوهیهكی دی؛ ل25
من ناکۆکیم لەتەك ئەم پێناسەدا هەیە، چونکە هیچکات لە سایەی داگیرکەردا بەرژەوەندی مشەخۆران و بۆرجواکانی نەتەوەی ژێردەست پێشێڵ ناکرێن و بەڵکو یەکانگیر دەبن و ئەمەش لە قۆناخی دەرەبەگایەتیشدا هەر وابووە و هەر بۆیە ئاخاکانی کوردستان بوونەتە نوێنەر و دەستوپەیوەندی داگیرکەرانی ئیمپراتۆری ئوسمانی و ئێرانی و لەشکری ئیمپراتۆرییە ئەوروپییەکان. هەرواش وەك بەخۆمان بینیمان سەرۆکهۆز و دەرەبەگ و دەوڵەمەندەکان لە هەموو سەردەمەکان و لەتەك هەموو ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عیراق و کودەتاکانیان دەگونجان و بەرژەوەندیییان دەپارێزرا و دەکرانە کوتەك بەسەر چین و توێژە نەدار و بندەستەکانەوە. لێرەدا گرفت لە نەبینی هاوبەرژەوەندیی چینی مشەخۆر [بۆرجواز]ی نەتەوەی ژێردەست لەتەك چینی [مشەخۆری] سەروەری نەتەوەکانی دیکە، بەڵکو ئاشکرا هاوبۆچوونی لەتەك پاگەندەی ناسیونالیستەکاندا هەیە. بۆ نموونە ئەگەر سەرنجی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی ئەندامانی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی نەتەوەکان لەلایەك و ئەندامان و توێژەکانی چینە مشەخۆرەکان لەلایەکی دیکەوە بدەین، زۆر بە ئاسانای بە سەرەنجامێکی پێچەوانەی هاوبەرژەوەندیی و هاودەریی چینەکان [چەوساوان و مشەخۆران]ی نەتەوەی ژێردەست یا نەتەوەکانی دیکە، دەگەین. بۆ نموونە بە درێژایی جەنگی ڕزگاری لە داگیرکاری ڕژێمەکانی عیراق، سەرمایەداران و سەرۆکخێلان بەردەوام لەتەك ئەو ڕژێمانەدا لە ئاشتی و سەوداومامەڵەدا بوون، لە بەرامبەردا تاکە چەوساوەکانی [ژێردەستان چ کورد و چ عەرەب] لە هەردوولاوە بەکوشت دراون و بوونەتە قوربانی کێشمەکێشی دەسەڵاتخوازیی مشەخۆرانی عەرەب و کورد. باشترین نموونە لەو کاتەدا [1992 -2003] کە دانیشتوانە کوردەکانی کەرکووك لەلایەن ڕژێمی بۆرجوازی بەعسەوە دەردەکران، هاوکات ژوورەکانی بازرگانی بەغداد و سلێمانی لە هاتووچۆ و مامەڵەدا بوون، لە کاتێکدا کە ناڕازییانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس [بە دیرایکراوی کوردەکان] سەرکوت دەکران، دەسەڵاتدارانی کورد لە جەنگی ناوخۆیاندا [31ی ئابی 1996]پێشلەشکریی (ڕژێمی بۆرجوازیی بەعس)یان دەکرد. بەو جۆرە دەبین بە ئێستاشەوە کە بیست ساڵە بۆرجوازی کورد لە هەرێمی کوردستاندا سەروەرە، پرسی نەتەوەیی تاکەکانی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان چارەسەر بووە و نە خەونەکانی تاکی کورد، کە لە ناهوشیاریدا بە بەدەسەڵاتگەیشتنی چەند پارتێکەوە گرێی دابوون، نەهاتوونەتە دی و بەردەوام لە خەباتی ڕۆژانەدا قوربانی بۆ هاتنەدییان دەدات، هەروەك چۆن لە سەردەمی زاڵی دەسەڵاتی بۆرجوازی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا، قوربانی بۆ دەدان.
ئایا ئەو کەتوارانە، ناڕاستی چەوساوەیی چینە داراکانی نەتەوەی ژێردەست لە سایەتی سەروەری بۆرجوازی نەتەوەکانی دیکەدا و هاوخەباتی چینی چەوساوە و مشەخۆری نەتەوەی ژێردەست، ناخەنە ڕوو؟
ئەم بۆچوونەی نووسەر ئەگەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوودا، لە کاتێکدا نە پارتە چەکدارەکانی بۆرجوازی کورد پێشلەشکری سوپای ئێران و تورکیە و عیراقیان کردبوو و نە بەدەسەلات گەییشتبوون و نە ڕژێمی داگیرگەری بەعس ڕاماڵرا و ڕووخێنرابوو، بە هۆی هەژموونی بۆچوونەکانی لێنین و ماوتسی تۆنگ و هۆشی مینە و ئەوانی دوای ئەوانەوە لەمەڕ قۆناخی ڕزگاریی نیشتمانییەوە، پاساو درابن و دەنگە نەیارەکانیان سەرکوتکرابن و گوێگریان هەبووبێت، ئەوا ئێستا پاش ئەو ڕووداوە، نەك ئەو بۆچوونانە دروست نەبوون و نین، بەڵکو پێچەوانەکەیان ڕاستییەکی سەلمێنراوی بەڵگەنەویستە.
دووهم – ئهو كێشهیه كێشهی نێوان دوو چینی چهوساوه و چهوسێنهر نییه.. چونكه ههردووكیان له لایهن كۆمهڵێكی دیكهوه مهبهست له چینه چهوسێنهرهكانیهتی – دهچهوسێندرێنهوه.. بۆیه چارهسهرهكهشی – ئهگهرچی چارهسهرهرێكی كاتیی یان دیاریكراو دهبێ – به راپهڕینی تێكڕای كۆمهڵ و بهسهرپهرشتیی بۆرجوا نیشتیمانیی و نهتهوهییهكان دهبێ، ههرچهنده كرێكاران و زهحمهتكێشان سووتهمهنیی یهكهمی ئهو راپهڕینهن.. بهڵام ههر لهژێر سهرپهرشتیی بۆرجواكان دهبێ و ههر ئهوانیش دهسهڵاتی نهتهوهیی و نیشتیمانیی بهدهستهوه دهگرن. ل25
لێرەشدا هەمان بۆچوون بە زاقی خۆی نیشان دەدات، ڕاستە چینی مشەخۆری نەتەوەی ژێردەست بۆ کۆمەڵێك بەرتەری زیاتر ململانێی مشەخۆرانی داگیرگەر دەکات، بەڵام هەم بە پێی یاساکانی سەروەری سیستەمی چینایەتی، بۆرجوازی نەتەوەی ژێردەست شانبەشانی بۆرجوازی داگیرگەر تاکەکانی کۆمەڵگە دەچەوسێنێتەوە و هەم دیسانەوە چەوساوانی نەتەوەی بندەست وەك سووتەمەنی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەکار دەبات و هەم وەك دەبینین و بینیمان، نوێنەرانی رامیاریی مشەخۆرانی نەتەوەی داگیرکراو، واتە پارتە بۆرجواکان، دژایەتی هەر ڕێکخستنێکی سەربەخۆی چینایەتی چین و توێژە بندەستەکان دەکەن، ئیدی ئەو ڕێکخستنانە ئابووریی بن یا ڕامیاریی یا کۆمەڵایەتی… دەتوانن سەرنجی مێژووی بزاڤی چەکداری کورد بدەن، کە وەك هێزی جەنگی بەرژەوەندی و بەرتەریخوازی بۆرجوازی وڵاتی داگیرکراو بەرامبەر بۆرجوازی داگیرگەر… کە هەم لە لادێکاندا هەم لە شارەکاندا، هەم لە کارگە و خوێندنگەکاندا بەشداریی سەرکوتکردنی جەماوەرییان کردووە. وابزانم نموونە پێویست نییە و ئەو ڕووداوانە لە ژیانی خودی ئێمەدا ڕوویانداوە و دەدەن.
بەداخەوە، بەپێی ئەو تێزەی نووسەر بێت، وەك بۆرجواکان خۆیان دەیانوت و دەیڵێنەوە، دەبێت چین و توێژە بندەستەکان واز لە خەبات بۆ لەنابردنی ستەمی چینایەتی تا دوای چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی و بەدەسەلاتگەیشتنی بۆرجوازی (ئەوەی نووسەر نێوی ناوە بۆرجوا نیشتمانی، کە لە ڕاستیدا بێنیشتمانترین چین، بۆرجوازییە و نیشتمان تەنیا دێوجامەیەکە، کە چینە بندەستەکانی پێ فریودەدات و نیشتمان هەمان موڵك و سەرمایەیە کە هەیەتی و بەس). باشە چۆن دەبێت هەروا مل بەوە بدەین، کە کرێکاران و زەحمەتکێسان سووتەمەنی شتێك بن، کە بەرژەوەندی چەوسێنەرانی خۆیانی تێدایە؟
ئەگەر سەردەم و قۆناخێکی وا [بەدەسەڵاتگەیشتنی بۆرجوازی نەتەوەی ژێردەست] ناچاری و بێ چەندوچوون بێت و وەك پردێك بۆ پەڕینەوە ناچار بین بەسەریدا تێپەڕین، بە بۆچوونی من لەبری هاندانی کرێکاران و زەحمەتکیسان بۆ بەشداری لەو ڕاپەڕینە تێکڕاییەدا و بوونە سووتەمەنی. باشترە، کە بۆ ئەوە بانگەوازییان بکەین، کە ببنە سەیرگەری بێلایەن و با بۆرجوازی نەتەوە و دەسەڵاتخوازانی لەتەك بۆرجوازی داگیرگەر وەك جانەوەری دڕندە یەکدی شندڕ شندڕ بکەن و کێشەی خۆیان یەکلایی بکەنەوە؟
بە بۆچوونی من، نەك ئەمە ناکۆکییە، بەڵکو گواستنەوەی هزر و ئایدیای بۆرجواییە بۆ ناو چین و توێژە چەوساوەکان بەنێوی سۆسیالیستبوون و کۆمونیستبوونەوە، واتە دەکاتە فڕیودانیان. ئەمە نەك پێچەوانەی بنەماکانی مارکیسزم، کە نووسەر پێداگرییان لەسەر دەکاتەوە، بەڵکو پێچەوانەی بنەماکانی ئازادیخوازییە، چونکە ڕێز و سەربەخۆیی مرۆڤ وەك تاك، ڕێگەمان پێنادات، خۆمان بکەینە قوربانی بەسەروەربوونی چەوسێنەرانمان. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، ئەو دەستکەوتانە کامانەن، کە چینە ناسەرمایەدار و چەوساوەکان لە بەدەسەڵاتگەییشتنی چینی سەروەری هاوزمانیاندا بەدەستییان دەهێنن و ئەو بەدەسەلاتگەییشتنەی بۆرجوازی هاوزمان چ بەهایەکی بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تاکە پڕۆلیتێرەکان هەیە، تاوەکو ئامادە بن قوربانی بۆ بدەن و خۆیان بکەنە سوتەمەنی؟ ئەو دەستکەوت و ئامانجانە کامانەن، کە چین و تاك و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە نەتوانن بە خۆیان بەدەستیان بهێنن یا بەخۆیان کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن؟
لەوێدا ئەگەر مەبەست لە بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی چینایەتی بۆرجوازییە، ئەوا کوتەك بدەیتە دەست هەر کەس، بەبێ دوودڵی لە پسپۆڕەکانی ناو پارلەمان باشتر بەڕێوەی دەبات. چونکە کۆمەڵگەی چینایەتی لۆجیك و ڕەوایی و ماف، بنەماکانی پێك ناهێنێت، بەڵکو زۆرداری و بەرتەری و هەڵاوارن و ستەم و بەهرەکێشی و زیندان و کوشتوکوشتار و سەپاندن، بنەما و ڕێساکانی پێكدەهێنن و کارێکی واش لە ئاستی توانایی هەر تاکێکی دڕەندا دەبێت و ئەگەر بمانتوانیایە بە تەواوی دەستمان بە پەروەندەی پێشینە و بەسەرهاتی ژیانی سەرۆکان و ڕامیارەکان ڕابگات، بەدڵنیاییەوە لەتەك زانیاری لەمەڕ کۆمەڵیك سیخوڕ و ساختەچی و بەرتیلخۆر و دارودەستە و مافیا ڕووبەڕوو دەبووین.
بۆیە ئەگەر توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگە (پڕۆلیتاریا) نەتوانن کۆمەڵگە بەو جۆرەی ئێستای بۆرجواکان ڕێك بخەن، ئەوە لەبەر لێنەهاتووی و بێتوانایی تاکەکانی ئەو چینە نییە، بەڵکو لەبەر نامرۆییبوونی سیستەمی بۆرجوازی و ئامانجەکانییەتی، کە تەنیا مرۆڤە دڕندەکان، ئەوانەی کە هێشتا بوونە دڕندەییەکەی چەند هەزار ساڵ لەوەوپێشیان لە خۆیاندا پاراستووە و هەڵگری هەمان توخمی دڕندانەی سەرەتان، دەتوانن شانازی پێوە بکەن و ببنە پارێزەری.
بزاڤی کۆمونیستی رابردوو پێێ وابوو لهبهرئهوهی ئهو چهوسانهوه نهتهوهیی نیشتیمانییه له بنهڕهتدا
چهوسانهوهیهكی چینایهتییه بۆیه دهكرێ لهگهڵ بهرهوپێشهوهچوونی كێشه چینایهتییهكان و بڵاوبوونهوهی هزری کۆمونیستی هوورده هوورده ئامانجه نهتهوهیی و نیشتیمانییهكان بخرێنه نێو بهرنامهی خهباتی چینه چهوساوهكان و به پێی باره نهتهوهیی و نیشتیمانییهكان دروشمی ئازادیی و رزگاریی و سهربهخۆییان بهرزبكرێتهوه و به مافی چارهنووسی خوازیاری خۆیان بگهن تهنانهت ئهگهر وهدهستهێنانی ئهو مافانه ببنه هۆی تێكدانی نهخشهی وڵاتان و جیابوونهوه و دروستبوونی قهوارهی نوێش، هاوكاتیش چهندهی پتر ئهو چهوسانهوهیه بهرتهسكتر بكرێتهوه هێندهش پتر بهردهمی خهباتی چینایهتیی واڵاتر دهبێتهوه. ل 26
ئەگەر لە ڕابوردوودا ئەمە بۆچوونی بزاڤی کۆمونیستی بووبێت، لای من پەسەندی و ئاوەزگیری زۆرتری تێدایە، لەوەی کە ” کۆمونیزمی نوێ” ئەوەی نووسەر پێشنیاری دەکات. چونکە ئاراستەکردنی خەباتی دژی ستەمی نەتەوەیی و جێندەری و ئاییینی و نەژادی و هتد بەرەو خەباتی چینایەتی بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەری ناچینایەتی گەلێك لۆجیکی و دروستترە. بەڵام ئەگەر ئامانج ئەوە بێت، کە کرێکاران و زەحمەتکیشان دەوڵەتی نەتەوەیی دروست بکەن و بە بۆرجواکان بلێن فەرموون ئەوە تەختی فەرمانرەوایی کۆیلەتی ئێمە، ئەوا دیسانەوە هەر دەکاتەوە بۆچوونەکەی ” هزری نوێی کۆمونیستی”. ئەمەش هەمان پاگەندەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانە کە دەیوت ”ئەرکی کرێکاران و زەحمەتکیشانە دژی داگیرگەران شانبەشانی بۆرجوازی نیشتمانی بجەنگن و دواتر خەباتی خۆیان دژی بۆرجوازی نیشتمانی، سەرلەنوێ دەست پێبکەنەوە”.
لەو بۆچوونەدا من تڕکەڵەکێکی ڕامیاریی دەستەبژێرێك دەبینم، کە دەڵێت “وەرن با پێکەوە جەنگی داگیرگەر بکەین و سەروەرییەك دروست بکەین، کە جێگەی چەوسێنەرەکانی ئێستاتان دەگرێتەوە و کەی سەرکەوتین و میرییە ساواکەمان تەواو ڕیشەی داکوتا، ئەوا لە چوارچێوەی یاسای ئەو سەروەرییەدا خەبات بۆ ڕوخاندنی ئێمە [سەروەران] بکەن و دەوڵەتێکی سۆشیالیستی لە ڕێگەی پارلەمان یا کودەتاوە دامەزرێنن و کۆمەلێكی دیکە بەنێوی ڕابەر و پێشڕەو دامەزرێنن، بەڵام بە مەرجێك لەبیرتان نەچێت، دەبێت هەموو شتێك لە چوارچێوەی یاسا بێت و با یاسا سەروەر بێت“.
بە بۆچوونی من، چینە بندەستەکان یەك ئەرکییان هەیە، ئەویش خەباتە دژی چەوسانەوەی مرۆڤ بە هەموو شێوەکانییەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازادی و یەکسان و دادپەروەر، دوژمنانیشیان هەموو چینە داراکان و چەوسێنەرانن چ داگیرگەربن و چ ناوخۆیی، چ دێمۆکراتی پارلەمانی بن یا دیکتاتۆری تاکپارتیی، چ مەزهەبی بن یا سکیولار! ئەو ئەرکەش خواستی ئازادبوونی خۆیان خستوویەتییە سەر شانیان، نەك بیردۆزەی زانایان و فیلۆسۆفان و حەزی ئێمە.
من لە بۆچوونی کۆمونیستەکانی پێش ١٩٩٠ واتە هەرەسی ئیمپراتۆری بۆلشەڤیکیدا، ئەوە دەبینم کە هاوکاری و کۆمەکی بۆرجوازی نەتەوەکەیان ئەرکی چینە چەوساوەکانە و دەبێت ببنە سووتەمەنی بۆ بە دەسەلاتگەیشتنی بۆرجواکانی نەتەوەکەیان. بەدەسەڵاتگەیشتنی بۆرجوازی نەتەوەی ژێردەست قۆناخێکی بێ ئەملاو ئەولایە، هەر ئەوەی کە نووسەر خوازیار و پێداگرییەتی.
لە کۆمونیزـیکیشدا کە نووسەر باسی لێ دەکات، هەمان تێڕوانینی هەیە و بە هەمان شێوە کرێکاران و زەحمەتکێشتان و توێژە نەدار و چەوساوەکان بۆ سووتەمەنیبوون لە پێناو بەدەسەڵاتگەیشتنی بۆرجوازی هاوزمان بانگەواز دەکات. بەڵام کەتوار پێچەوانەی ئەمەمان نیشاندەدات و ئاوەز بەرەنجامێکی دیکەمان دەخاتە بەردەست، کە ئەویش پێداویستنەبوونی ئەو قوربانەییە و لە بەرامبەریدا قوربانیدانە بۆ ئامانجێکی بالاتر، کە هەم چارەسەری ستەمی نەتەوەیی دەکات و هەم کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان دەستەبەر دەکات. [ بۆ ئەوەی خوێنەر خەیاڵی بۆ چارەسەری ئاراستە دەسەڵاتخوازەکانی وەك لێنینیزم و مائۆئیزم و حیکمەتیزم نەچێت، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان کە من بە ئەڵتەراتیڤی دەزانم، لەسەر بنەمای خۆبەرێوەبەرایەتی لۆکاڵی هەرەوەزییەکان و یەکگرتنەوەیان لە یەکێتی ئازادانەی فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنەکان، پێك دێت و نەك تەنیا ڕەتکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بۆرجوازییە، بەڵکو ڕەتگەرەوەی میرایەتی پارتە پێشڕەوەکان ناوەندێتی و تەنانەت دێمۆکراتی نوێنەرایەتیشە].
هەروەها بە پێچەوانەوە، لە هیچ یەك لەو ولاتەناشدا خەباتی چینایەتی بە واتای سەربەخۆ و شۆڕشگێڕانە دژی داگیرگەر و هاوکات دژی دەسەڵاتخوازانی ناو بزاڤە بەرهەلستکارەکە، هاوڕا و تەبا لەتەك بۆرجوازی نیشتمانی بوونی نەبوو و ئەوانەی کە بۆچوون و ئاراستەیەکی دیکەیان هەبوو، تیرۆر دەکران و ناچار بە هەڵاتن و بەجێهیشتن دەکران، کە ڕزگاریشیان بوو، ئەوەی هەبوو، سەرکەوتنی ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی بوو بۆ دەسەلاتی بۆرجوازی نەتەوەی ژیردەست لەژێر نێوی چینایەتیدا، ئەمەش پەیوەندی بە مۆدی ڕۆژەوە هەبوو، نەك خەباتی چینایەتی. ئەوەی ماوتسی تۆنگ و کاسترۆ و هۆشی مینە و ئەوانی دیکە پێیهەستان و خەباتییان بۆ کرد، هیچ سروشت و سیما و ماکێکی چینایەتی نەبوو، تەنیا بەرگێکی چینایەتی گاڵتەجارییانەی بەبەردا کرابوو. ئەگەر کۆمەڵەکەی لای «نەوشیروان و جەلال تالەبانی»ش لە کاتی شەڕی ساردا بەدەسەڵات بگەیشتایە، هەمان شت دەبوو و ئەگەر لە پۆلپۆت خراپتریان نەکردایە، کەمتریان نەدەکرد.
بەپێچەوانەشەوە خەباتی ڕزگاری نیشتمانی لە سایەی ئەو پارتانە و ئەو جیهانبییە مۆدەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو، نەك بە ڕێچکەیەکی ئازادیخوازانەدا تیپەڕ نەبوو، بەڵکو ئەو پارتانە بەخۆیان لە داگیرگەران فرەتر سەرکوتی ئازادیخوازانیان کرد. هەروەها لابردنی ستەم (هەر ستەمێك) هیچ کات و سەردەمێك کاری بۆرجوازی نەبووە و نییە و بۆرجوازی ئامانجی لابردنی ستەم نەبووە و نییە، بەڵکو وەك دێوجامەیەك بۆ بە ئامانجگەیشتنی و بەدەسەڵاتگەیشتنی خۆی و بەشی زیاتر، بەکاری دەبات.
دەکرێت و پێویستە چینە بندەستەکانیش (کرێکاران و زحەمەتکیشان، چونکە بۆرجواکان هیچ کات ژێردەست نین) بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەك کە خۆیان دەیخوازن و لە بەرژەوەندییانە، خەباتی چینایەتی خۆیان جۆش بدەن و هاوکاتی شەڕی داگیرگەر، شەڕی دەسەلاتخوازان و دەسەلاتدارانی نێوخۆش بکەن. وەك ئەوەی کە ماخنۆڤیستەکان هەم دژی داگیرگەرانی نەمساوی و ئاڵمانی، هەم دژی سەرکوتگەرانی بۆلشەڤیك و دژە-شۆڕشانی سپی جەنگین و کۆمونە ئازادەکانی خۆیان پێکهێنانن و کۆمونیزمییان لەوەش تێپەڕاند، کە مارکسیستەکانی نێوئینتەرناسیونالی یەکەم خەونیان پێوە دەبینی، واتە کۆمونیزمی نادەوڵەتی [وەك کرۆپۆکتین نێوی دەنێت]. بەڵام هیچ کات جەنگ و تێکۆشانی بۆرجوازی بۆ ئازادی نەبووە و تەنیا لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا بووە، لەبەر ئەوەش هیچ کات بۆرجوازی شۆڕشگێڕ نەبووە. ئەو بیریارانەی کە بەنێوی سۆشیالیزمخوازییەوە ئەو خۆشباوەڕییەیان لای چینە چەوساوەکان دروست کرد و وەهایان لێکدایەوە، کە بۆرجوازی شۆڕشی کردووە و شۆڕشگێڕبووە و بەدەسەڵاتگەیشتنیان قۆناخێکی پێویستە بۆ گەییشتن بە سۆشیالیزم، تەنیا ئاویان بە ئاشی تازە سەروەراندا کرد و دوو سەدەیە کرێکاران و زەحمەتکێشان بەو خۆشباوەڕییە ژاراوخوارد دەکرێن.
هۆکاری وەها خۆشباوەڕییەك لەوەدایە، کە بێیت و سەردەمەکانی مێژوو قۆناخبەندی بکەی و کۆتایی هەر قۆناخێکی چینایەتیش بە دەرچوون لە بازنەی چینایەتی دابنێیت و لێرەوە سەروەرانی نوێ، بە شۆڕشگێڕ و بگۆڕ و کۆتاییهێنەری قۆناخی پێشوو بناسێنیت. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، کە لە بری ئەوەی کۆتایی سەردەمی کۆیلایەتی بە شۆڕش و تێکۆشانی کۆیلان خۆیانەوە، یا کۆتایی سەردەمی فیئۆدالی بە خەباتی جوتیاران و تێکۆشانی ئەوان خۆیانەوە، یا کۆتایی ستەمی نەتەوەیی بە خەبات و تێکۆشانی تاکی چین و توێژە بندەستەکانی خوارەوە ببەستیتەوە، بێیت و بیکەیتە شۆشگێڕی چینێکی هەلپەرست و دەسەڵاتخوازی نوێ. بەڵام هەروا کە لە سەردەمی خەباتی نەتەوەییدا دیتومانە، زۆرینەی خەباتکاران و قوربانیان ڕۆڵەی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوون. هەرواش لە قۆناخەکانی کۆیلایەتی و فیئۆدالیدا خەباتکاران و قوربانیان چینە نەدار و ژێردەستەکان بوون، بەڵام لەبەر نائامادەییان لە بەرامبەر مڵاسگرتووانی دەسەلاتی تازە، نەیانتوانیوە ئەو کۆمەڵگەیە بنیات بنێن، کە خەونیان پێوە دیتووە. لێرەدا ئەوەندە بەسە هەر یەکە لە ئێمە چ بەشدارانی خەباتی چەکداری بۆ ڕزگاری لە داگیرکەر چ هەر تاکێکی کورد کە خەونی بە ڕزگارییەوە دیتوە، لە خۆمان بپرسین؛ ئایا ئێمە خەونمان بە ڕزگارییەکەوە دەبینی و لە پێناویدا تێدەکۆشاین، کە لە سایەیدا هەمووان ئازاد و یەکسان بن و دادپەروەری هەبێت، یا ئەوەی کۆمەڵگە و سامان و داهاتی لە چنگی داگیرگەر دەربهێنین و بیکەینە سەرمایەی چەند کۆمپانییەکی پارتەکان و تەڕاتێنی بۆرجواکان لە ژیان و بوونماندا، وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت، ئەو پێشمەرگانەی کە گیانیان بەختکرد، خوازیاری چی بوون؛ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بۆ هەمووان یا مشەخۆری و گەندەڵی و ڕاووڕووتی کەمینەی سەروەری ئەمڕۆ؟
بێگۆمان خەون و خەباتی کۆیلان و جوتیارانیش دژی کۆیلەداران و فیئۆداڵەکان هەر بە هەمان شێوە بووە و فیئۆداڵەکان و بۆرجواکانیش وەك دەسەلاتدارانی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان یا باشووری ئەفریکا، لە نائامادەیی کۆمەڵایەتی و هوشیاریی چەوساواندا توانیویانە ببنە سەروەری نوێ و درێژە بە سەروەری چینایەتی بدەن و دەسەلات لە چینێکی تەمەن بەسەرچووەوە بۆ چینێکی نوێ بگوازنەوە. بەڵام ئەمە بەرهەمی شۆڕشگێری چینە سەروەرە نوێیەکان نەبووە، بەڵکو بەرهەمی شکستی شۆڕش یا بەسەرکەوتنی یەکجاری نەگەیشتنی شۆڕشی چەوساوانی سەردەمەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی بووە.
لهبهرئهوهی ئهو چهوسانهوهیه كهس هاوێر ناكا بۆیه كۆششكردن بۆ چارهسهری كێشهی نهتهوهیی و نیشتیمانیی ئهركی گشگیری ههموو كهسێكی كۆمهڵه جا کۆمونیست بێ یان نا……… دیاره ئهوهش ئهوه ناگهیهنێ كه کۆمونیستهكان تا ههڵگیرسانی شۆڕشی سۆشیالیستیی هیچ جۆره كۆشش و ههڵوێستێكیان نهبێ و فهرامۆشی ئهو كێشهیه بكهن.. بهڵكه پێویسته ههردهم له بهرخۆداندا بن و به رێگهچارهی رۆشن و پهنجهدانان لهسهر ههڵه و كهموكوڕییهكان بزاڤهكه بخهنه سهر راستهڕێی خۆی و ههروا به خستنهڕووی رێگهی ئاسانتر و گونجاوتر بۆرجواكان ناچار بكهن كێشهكه خێراتر و پێشكهوتووخوازانهتر بچێته پێش و زۆرترین ماف و ئازادیی وهدهستبهێندرێن و نههێڵن بۆ بهرژهوهندیی چهند سهرمایهدارێك دوا بخرێ و بازرگانی پێوهبكرێ و قوربانیدانی گهل بهفیڕۆ بچووێندرێ و دووچاری شكست ببێ.. بهڵام ههرگیز كێشه چینایهتییهكه كه بوونیان بهنده به كۆششكردن بۆ گهیشتن به یهكسانیی – به قوربانی ئهو كێشه نهتهوهیی نیشتیمانییه ناكهن كه كێشهی ههموو چینهكانی كۆمهڵه. ل27
خۆم بە ناچار دەبینم، کە فرەتر لەمەڕ ئەم پرسە بنووسم، چونکە، ئەوەی کە نووسەر یا “کۆمونیزمی نوێ“ دەیکاتە ئەرکی گشت چینەکان، لەوانەش چینە بێدەسەڵات و بندەستەکان، هەمان ئایدیۆلۆجی ناسیونالسیتییە بۆ گەیشتن بە دەوڵەت. ئەگەر مەبەست لە ڕزگاربوون لە ستەم، دروستکردنی دەوڵەتی بۆرجوازی نەتەوەی داگیرکراوە، ئەوا هیچ ئەرکی کرێکاران و زەحمەتکیشان نییە، چونکە لەو دەوڵەتەشدا وەك دەوڵەتە داگیرگەرەکە دەچەوسێننەوە و بندەست دەبن. ئیدی ئەو دڵنیابوون و پاساو و بریاردانە بۆ قوربانیدانی توێژە پڕۆلیتێرەکان بۆ بەسەروەربوونی بۆرجوازی نەتەوەی ژێردەست، لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟
نووسەر بیەوێت یا نەیەوێت، ئەوەی کە لێرەدا ڕەخنەی لێ دەگرێت، هەر بەخۆیشی بانگەوازی بۆ دەکاتەوە. ئەویش جیاکردنەوەی دەستەبژێری کۆمونیستە لە چەوساوان و فرمانی بە سووتەمەنیبوونی کرێکاران و زەحمەتکیشان لە پێناو بەدەسەڵاتگەیستنی بۆژروازی دەدات، بەڵام کۆمونیستەکان لەوە ئاگادار دەکاتەوە، کە ئەوان ئەرکێکی دیکەیان هەیە، ئەویش ڕێنوێنی و ئامۆژگاری بۆرجوازی و ڕێنیشاندانییەتی و هاندانییەتی بە پێشکەوتنخوازی، کە ئەمەش خۆشباوەڕییە بە بۆرجوازی، کە بەرژەوەندی لە مانەوەی سیستەمی چینایەتیدایە. ئایا بەو پێوەرە (حزبی شیوعی عیراق) ئەو کۆمونیستە نوێیە نییە، کە نووسەر بانگەوازی بۆ دەکات. وەك دەزانین ئەو پارتە و ئەندامەکانی لە (عەبدولکریم قاسم) وە تا دوا کابینەی ینک و پدک، هەر ئەوە کاریان بووە و زۆیش بەدڵسۆزییەوە ئەنجامیان داوە.
لێرەدا نووسەر وەك مارکسیستەکانی پێش خۆی تەنیا باوەڕی بەوە نییە، کە کرێکاران و چین و توێژە پرۆلیتێرەکانی دیکە پێویستیان بە مامۆستایی کۆمونیستەکان و فریادڕەسی ئەوان هەیە، بەڵکو ئەرکی ڕێنیشاندان و تەتەری بۆ بۆرجواکانیش بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت.
زۆرترین ماف و ئازادیی وهدهستبهێندرێن و نههێڵن بۆ بهرژهوهندیی چهند سهرمایهدارێك دوا بخرێ و بازرگانی پێوهبكرێ و قوربانیدانی گهل بهفیڕۆ بچووێندرێ و دووچاری شكست ببێ.. بهڵام ههرگیز كێشه چینایهتییهكه كه بوونیان بهنده به كۆششكردن بۆ گهیشتن به یهكسانیی – به قوربانی ئهو كێشه نهتهوهیی نیشتیمانییه ناكهن كه كێشهی ههموو چینهكانی كۆمهڵه. ل27
نووسەر دەخوازێت ئەم بۆچوونە لە چ خانەیەکدا ڕیز بکات؟ ئایا چ جیاوازی لەتەك بۆچوونی ڕۆژنامە بۆرجوازییەکانی وەك هاووڵاتی و ئاوێنە و کوردستانی نوێ و خەبات هەیە؟ هەروەها وەك وتم بەشی دووەمی، چ جیاوزییەکی لەتەك پەیڕەوپرۆگرامەکەی (کۆڕەك)ی هەڵوەشاوەدا هەیە؟
ئەو بەشانەی هێڵیان بەژێردا کێشراوە، لە پەرتووکی “گۆڕان و وەرگۆران” وەرگیراون و بۆ ئاسانکاری و جیاکردنەوەیان، من هێڵم بەژێردا کێشاون.