هاوڕێی نیپاڵیم …. سیروان ره‌حیم
ئێواره‌ی 28.5.2011 له هه‌ولێره‌وه به‌ره‌و ئیستانبوڵ ده‌چووم. له ئاوده‌ستخانه‌كانی فڕگه‌ی هه‌ولێری نێوده‌وڵه‌تی كوڕێكی نیپاڵیم بینی. كوڕێك له‌و ده‌مه‌دا هیچ كارێكی نه‌ده‌كرد، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت، كاتێك هه‌ر كه‌سێك له ده‌ستشۆرین ده‌بۆوه، ئه‌و ده‌ستماڵی كاغه‌زی ده‌دایه ده‌ستی. كوڕێك به چاوی ره‌ش و گه‌شه‌وه سه‌رنجی منی راده‌كێشا و دیاره بوو هه‌ردووكمان ده‌مانه‌وێ پێكه‌وه قسه بكه‌ین. به‌ڵام به داخه‌وه زمان به هانامانه‌وه نه‌ده‌هات. زمان، له‌و هه‌لومه‌رجانه‌دا زۆرتر گرنگی و هێزی زمانمان بۆ ئاشكرا ده‌بێت. كوڕێك به وه‌ڵاتی من نامۆیه و منیش به‌و ره‌وشه‌ی ئه‌و نامۆم. ده‌پرسم، له ژێر لێوه‌وه ده‌پرسم، ئایا چی تۆی له باشوری ئاسیاوه هێناوه تا له‌و ئاوده‌سته‌خانه‌یه‌ی فڕگه‌یه‌كی نیشتمانه‌كه‌ی ئێمه ئه‌و “خزمه‌ته!” بكه‌یت؟ به هیوام له پرسیاره‌كه‌م به هه‌ڵه تێنه‌گه‌یت. هاوڕێی من، پرسیاره‌كه‌ی من له خۆشه‌ویستی تۆوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.
راستییه‌كه‌ی هه‌ر به نیگا كۆمه‌ڵێ هه‌ستی غه‌مگینمان گۆڕییه‌وه. هه‌رچه‌نده غه‌مگینی ئه‌و كوڕه گه‌نجه له‌گه‌ڵ غه‌مگینی مندا به‌راورد ناكرێت، ئاخر باره قورسه‌كه به سه‌ر شانی ئه‌وه‌وه‌یه، به‌ڵام هه‌ستی منیش نوقمی غه‌مگینییه بۆ نیشتمانێك كه ببێت به رووبه‌ری مرۆڤی كۆیله. نیشتمانێك زۆر شتی ماوه بیكات. زۆر له‌سه‌ره‌تای رێ دایه، زۆر شتی پێویست و ژیاری هه‌یه بیكات و نایكات، كه‌چی ده‌چن له باشوری ئاسیاوه، له‌نیپاله‌وه، له بانگلادیشه‌وه، مرۆڤی برسی دێنن و لێره له هه‌لومه‌رجی خراپ و ناجۆردا ده‌یانكه‌ن به خزمه‌تكار. نیشتمانێك چه‌ند جوانی خۆی بزر ده‌كات، كاتێك مرۆڤه‌كانی خۆی له بێكاریدا نوقوم ده‌بن و له سه‌رزه‌وینه دووره‌كانیشه‌وه “خزمه‌تكار” هاورده ده‌كه‌ن!
كاتێك ئه‌و كوڕه نیپالییه به جێده‌هێڵم و لێی دوور ده‌كه‌ومه‌وه، هه‌سته غه‌مگینه‌كه‌م زۆرتر لێم نزیك ده‌بێته‌وه. ده‌چم سۆراخێكی وه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌م و زانیاری له‌سه‌ر كۆده‌كه‌مه‌وه. ته‌ماشا ده‌كه‌م، ئێمه‌ی هێشتا ئازاد نه‌بوو، ئێمه‌ی هێشتا ناسه‌ربه‌خۆ، ئێمه‌ی به‌له‌نگاز و به مه‌نزڵ نه‌گه‌یشتوو كه هێشتا نه‌بووین به خاوه‌نی شتێكی ئه‌وتۆی شایسته‌ی باس، به‌ڵام نیپال، نیشتمانی ئه‌و كوڕه، له‌ساڵی 1869-ه‌وه سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتووه. له ئێسته‌دا نیپال 142 ساڵه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیه. ئه‌ی كوردستان؟ ئه‌و نیشتمانه‌ی ئه‌و كوڕه‌ی كردووه به خزمه‌تكار. كوڕێك خاوه‌نی زێدی سه‌ربه‌خۆیه.
هاوڕێی نیپالی بمانبوره، له وه‌ڵاتی ئێمه‌ی سه‌رمایه و كار كه‌وتونه‌ته ده‌ستی كه‌سانێك تۆزقاڵێك هونه‌ری مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ سه‌رمایه له كن نییه. من نازانم ئێمه خۆمان چی دروست ده‌كه‌ین و چی به‌رهه‌م دێنن كه ئه‌وه‌نده بێ كاتین تۆمان له نیپاله‌وه بۆ خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوده‌سته‌كانمان هێناوه. هاوڕێی من، با شتێكت بۆ باس بكه‌م و له بواری ئه‌و باسكردنه‌وه شتێك به بیری میلله‌ته‌كه‌م بهێنمه‌وه، “له نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا میلله‌ته‌كه‌ی ئێمه له هه‌لومه‌رجێكی دژواری ئابوری‌دا ده‌ژیا. پاشتر شه‌ڕی براكانمان ئه‌وه‌نده‌ی تر ره‌وشی ئابوری وێران كرد. ئه‌و رۆژانه و تا ده ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر بارێكی ناله‌باری ئابوری ئه‌م وه‌ڵاته‌ی له گه‌شه خستبوو. زۆربه‌ی كوردی ئه‌وروپا له سۆنگه‌ی هاوكاری و دابینكردنی بژێوی كه‌س و كاریاندا، له ئه‌وروپا ئه‌و كاره‌ی ئێستای تۆیان ده‌كرد. دیاره نه‌ك نه‌نگی نییه ئه‌و كاره‌ی تۆ و كاری ئه‌و كوردانه‌ی ئه‌وروپا، به‌ڵكو سه‌ربه‌رزی و كۆمه‌كێكی گه‌وره‌یه بۆ بێ ده‌ره‌تان و كه‌م ده‌ستتان. به‌ڵام هاوڕێی نیپالی من، نه‌نگی ئه‌وه‌یه، هه‌مان میلله‌تی برسی و په‌رێشان ده‌ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر، پاش به‌رزكردنه‌وه‌ی چوار دیواری بلۆك و دوای وه‌ده‌ستخستنی هه‌ندێ پاره، خۆی لێبگۆڕێت و هه‌زارانی وه‌كو تۆ، به ئامانجی خاوێنكردنه‌وه‌ی ماڵ، شه‌قام و ئاوده‌سته‌كانی هاورده بكات.
هاوڕێی نیپالی، دڵم له لاته، رێیه‌كی دوورت بڕیوه تا بۆ كاركردن و دابینكردنی داهات بێیته وه‌ڵاتی ئێمه. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌و ماندووبوونه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئه‌و كۆڵنه‌ده‌رییه‌ت بۆ وه‌ده‌ستخستنی كار، له‌وما دڵم له لاته چونكه ده‌ترسم رێزی خۆت و كاره‌كه‌ت نه‌گرن. سیمای وه‌ڵاتێك به‌وه دزێو ده‌بێت رێز له كاری كه‌سانی وه‌كو تۆ نه‌گرێت. یان ئاشنا نه‌بێت به‌و كولتوری رێزگرتنه له نامۆی وه‌كو تۆ. یاخود سوكایه‌تی به خۆت و هاورێكانت بكرێت. له كوردستان ئه‌ركی هه‌موو كه‌سێكه له‌گه‌ڵ پاراستن و شكۆراگرتنی ئێوه‌ی غه‌ریبی زه‌حمه‌تكێشدا بێت.
هاوڕێی نیپالی، به مه‌به‌ستی سۆزداری و دلڤینی قسه ناكه‌م. به‌مه‌به‌ستی خۆشه‌ویستی و رێزگرتنی تۆ ئه‌م دێڕانه ده‌نووسم. بمانبوره.. تۆ به‌و جۆره به نیشتمانی ئێمه ئاشنا بوویت.