دیمانه‌له‌گه‌ڵ دکتۆر مارف خه‌زنه‌دار.. شه‌ش مانگ پێش کۆچکردنی
پڕۆفیسۆر دكتۆر مارف خه‌زنه‌دا:
ئه‌وه‌ی ناوی كتێب بێ ده‌یخوێنمه‌وه، زیاتر ئه‌وكتێبانه‌ی پێچه‌وانه‌و دژی بیروباوه‌ڕی منیان گرتۆته خۆ
شه‌ش مانگ پێش كۆچكردنی:
سه‌ر له ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ بۆ یه‌كه‌مینجار به‌دیده‌نی پڕۆفیسۆر دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار شادبووم، كه‌بینیم هه‌رچوارده‌وری به‌كتێب گیرابوو، زۆر به‌زه‌حمه‌ت له نێو ئه‌م هه‌موو كتێبه جێگه‌یه‌كم بۆ دانیشتن كرده‌وه، خاتوو “سه‌عدیه”ی خێزانی وتی: ماڵ و خزم و كه‌س و نان و ئاو و هه‌ناسه‌مان بووه به كتێب، ئه‌وه ده‌بینن مهتبهخهكهشمان هه‌مووی بووه به كتێب (كتێب، كتێب، كتێب). زۆر لام سه‌یر بوو كه‌سێك دوای نووسینی نزیكه‌ی (60) كتێب و سه‌ده‌ها لێكۆڵینه‌وه‌و وتار، دوای ته‌مه‌نێكی دوور ودرێژ كه‌چی ئه‌و هه‌ر ده‌خوێنێته‌وه، دڵم كه‌وته خورپه وترپه، شه‌رم دایگرتم و به‌زه‌ییم به‌خۆم داهاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی هێندێك له‌م شهرمهزاریهم قه‌ره‌بوو بكه‌مه‌وه ده‌مم كرده‌وه‌و وتم: مامۆستا ده‌مه‌وێت دیمانه‌یه‌كت له‌مه‌ڕ گه‌وره‌یی كتێب و نووسین و خوێندنه‌وه له‌گه‌ڵ دا سازبده‌م. به‌ڵام ئه‌و به‌پاساوی سه‌رقاڵی ویستی خۆی له‌م باسه بدزێته‌وه ، وه‌لێ منجڕی من وای كرد دكتۆر داواكه‌م قه‌بووڵ بكات، به‌ڵام به‌مه‌رجێ پرسیاره‌كانی بۆ بنووسم و دوای ماوه‌یه‌ك وه‌ڵامم بداته‌وه.
پاش وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سنووسی وه‌ڵامه‌كان بۆم ده‌ركه‌وت دكتۆر به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر بایه‌خی بهپرسیارهكانداوه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: هه‌ر له‌به‌ره به‌یانی مێژوو كتێب وه‌ك موقهددهسێك ده‌رده‌كه‌وێت، خه‌ڵك پیرۆزی ده‌گرن و خوێنه‌ران به‌چاوی عیشق و ویقاره‌وه بۆی ده‌ڕوانن، هه‌موو ژاوه ژاوهكانی ژیان وئایدۆلۆژیا و ته‌كنه‌لۆژیای هاوچه‌رخ نه‌یانتوانیوه به‌های كتێب كه‌م بكه‌نه‌وه. جه‌نابت وه‌ك كه‌سێكی مودمین به‌خوێندنه‌وه‌ی كتێب، چۆن باسی مه‌زنی و گه‌وره‌یی كتێبمان بۆ ده‌كه‌ی؟
مارف خه‌زنه‌دار: كتێب كۆنترین ویه‌كه‌مین پریاسكهیێكه كرده‌وه‌و ڕوداو و فیكر‌و خه‌یاڵ و ویستی ئاده‌میزاد ده‌پارێزێ له‌و ڕۆژه‌وه‌ی دروست بووه تا ئێستا.
شتی تریش په‌یدابووه بۆ ئه‌م پاراستنه، به‌ڵام نرخی كتێب نههاتۆتهخوارهوهو سوودی له‌جێی خۆیه‌تی، چونكه له‌ماوه‌ی هه‌زاران ساڵ ئه‌و پیرۆزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌كتێب درووست بووه وه‌ك په‌یكه‌رێك ته‌نیا ناوه‌رۆكی بووه بهڕهمزێكی كردگاری. كه‌چاوت به‌تاكه كتێبێك ده‌كه‌وی یان كۆمه‌ڵێك كتێب واده‌زانی چاوت بهكردگار كه‌وتووه، له‌و ژووره‌ی كه‌تێیدا پارێزراوه خۆت له‌عه‌رشی كردگاردا ده‌بینی. بیگومان ئه‌مه له‌وێنه‌ی كتێبه پیرۆزه‌كانی گوته‌ی خودایان پاراستووه به‌رجه‌سته ده‌بێ، واته هه‌ركتێبێك به‌وێنه له‌قوڕئان وئینجیل و ته‌وڕات ده‌كا، به‌م ڕه‌نگه ههرئادهمیزادێك هه‌مووجۆره كتێبێك به‌هاوڕێی ئه‌و كتێبه پیرۆزانه‌ی ئایینی ده‌زانێ. ئه‌وه‌ی گوتم بڕێكه له‌ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌و بینینی خۆم به‌رامبه‌ر به‌كتێب به‌گشتی، به‌ڵام مهسهلهیێكی گرنگ له‌م بابهتهوهوه، ئایا كتێب لای هه‌موو ڕۆشنبیر وخوێندهوارێك پیرۆزه؟ به وه‌رامی به‌ڵێ ، یان نا ناگه‌ینه ئه‌نجام.
خوێنده‌واری هه‌میشه كتێب به‌ده‌ست هه‌یه ئه‌وكتێبه‌ی له‌لا پیرۆز نییه، هی دیكه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ش ده‌كه‌وێته به‌رچاو.
من لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌سه‌رهات وتاقی كردنه‌وه‌ی خۆم له‌م بابه‌ته‌وه بگێڕمه‌وه مانای ئه‌وه نییه هه‌موو كه‌سێكی وه‌كو من كتێبی خۆش ده‌وێ. كوڕه هه‌ژاری لادێی وا هه‌یه له‌ژیانی خۆیدا چاوی به‌كتێب نه‌كه‌وتووه، له‌وانه‌یه له‌ماوه‌ی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌كتێبی قوتابخانه به‌ولاوه چاوی به‌هیچ جۆره چاپهمهنیهكی دیكه نه‌كه‌وتبێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ده‌بێ بهعاشقی كتێب و ناوی ده‌چێته ناو تۆماری سۆفیزمه‌وه.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: به بۆ چوونی تۆ ئه‌و كتێبانه‌ی ڕه‌وڕه‌وه‌ی ژیان و ژیاری مرۆڤ ده‌گۆڕن و بونیاتی پاشخانی فیكری مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن چ ته‌رز و جۆره كتێبێكن؟ به‌گوزارشتێكی تر چ كتێبێك بخوێنینه‌وه؟
مارف خه‌زنه‌دار: پێش ئه‌وه‌ی بیروڕای من بزانی له‌بابه‌ت ئهوكتێبانهوه پێویسته خوێنه‌ر ئاشنایه‌تیان له‌گه‌ڵ په‌یدا بكا، ده‌ڵێم مێژووی ڕۆشنبیری لای ئینسان به‌درێژایی ژیانی له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌وه تا ئێستا هێندێ كتێبی ده‌ست نیشان كردووه، ئه‌مانه بوون بهبنیادی زانین و مه‌عریفه‌ت له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی، له‌مانه ده‌توانین په‌نجه بۆهه‌موو كتێبه پیرۆزه‌كانی ئایینی جووله‌كه و مه‌سیحی وئیسلام درێژ بكه‌ین. هه‌روه‌ها كتێبی تری ئایینهجیاوهزهكانی وه‌كو ڤیداو ئاڤێستاو ئامۆژگاریه‌كانی كۆنفۆشیۆس و هی دیكه. جگه له‌مه كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می تریش بوون بهسهرچاوهیێكی بنچینه‌یی بۆزانیاری و مه‌عریفه‌تی گشتی وه‌كو مهلحهمهكانی گلگامێش و ئه‌لیاده‌و ئۆدێسیاو ئهنیادهو تۆماری فه‌لسه‌فه‌ی گریكی وئیسلامی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا بزوتنه‌وه‌ی سۆفیزمی كه‌ونی كولتووری ڕۆژهه‌ڵاتی كۆن ده‌وری هه‌بوو له‌دروست كردنی سه‌رچاوه‌ی بنچینه‌یی بۆ مه‌عریفه‌ت له‌وانه كلیله ودیمنه و هه‌زار و یه‌ك شه‌و و چوارینه‌كانی عومه‌ری خه‌یام وكتێبی دیكه.
به‌گشتی ئه‌وكتێبانه‌ی ئینسانی ئه‌مڕۆی سه‌ر ڕووی زه‌وی پێویسته بایه‌خی پێ بدا دووجۆره: یه‌كمیان به‌رهه‌می داهێنراوی ئه‌ده‌بی، وه‌كو شیعر‌و وتار و چیرۆك و ڕۆمان، ئه‌مه‌یان بۆ هه‌مووچین وتوێژه‌كانی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تیه. دووه‌میان زانستی و ته‌كنیك ئه‌مه‌یان بۆ پسپۆڕی وهه‌موو ئه‌و زانستانه‌یه كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ده‌كه‌ونه به‌ر چاو.
بهههمووجۆرێكیش هه‌ركه‌سه به‌پێ ی ویست وئاره‌زووی خۆی ده‌توانێ ئهوجۆرهكتێبانه بۆخوێندنه‌وه هه‌ڵبژێرێ كه‌له‌گه‌ڵ چێژ‌و میزاج و ویستی خۆی ده‌گونجێن.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: ده‌ڵێن خوێندنه‌وه له‌ڕوانگه‌ی پێویستی بۆ مرۆڤ چه‌شنی خۆراكه، ئایا ده‌شێ وه‌ك كه‌سی بهدخۆراكمان هه‌یه، كه‌سی به‌د خوێنه‌ریشمان هه‌بێت، واته وه‌ك ئه‌و خواردن هه‌رس ناكات ئه‌ویش خوێندنه‌وه سوودی پێ نه‌گه‌ێنێت ؟
مارف خه‌زنه‌دار: ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یڵێی په‌ندێكه له ناوخه‌ڵكی ((له‌وكاته‌ی خواردمه‌نی خۆراكی له‌ش بێ، خوێندنه‌وه یا كتێب خۆراكی ژیانه)). لێره‌دا من تێناگه‌م كه‌سی به‌دخۆراك یانی چی؟! به‌ڵام چۆڕێك له‌كه‌سی بهدخوێنهر ده‌گه‌م، ئه‌گه‌رچی بۆیه‌كه‌م جاریشه ئه‌م ته‌عبیره ده‌بیستم.
هه‌رچۆنی بێ ئه‌مه هه‌یه، من وای لێكده‌ده‌مه‌وه: كه‌سێك سینگ ده‌رده‌په‌ڕێنێ و شانازی به‌وه‌ده‌كا كهخوێندهوار و ڕۆشنبیره، كتێبی خۆش ده‌وێ، له‌ماڵه‌وه نامهخانهیێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه، كه‌چی ئه‌وكه‌سه دوورترین كه‌سانێكه له‌ڕۆشنبیری. له‌هه‌موو ژیانی دا تاكه كتێبێكی له‌سه‌ره‌تاوه تا ئه‌نجام نه‌خوێندۆته‌وه، له‌ناوه‌رۆكی كتێب ته‌نیا ئاگاداری له‌هه‌ندێ له‌به‌شه‌كانی هه‌یه، كه‌چی له‌م كه‌سه نیمچه خوێنده‌وارانه نهخوێندهواریشی له‌ناوه‌وه هه‌یه. له‌ناو ئه‌م بێسهوادانهدا كه‌سی وا هه‌یه بۆدیكۆر بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌گه‌وره‌ی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن ، له‌ماڵی خۆی نامهخانهیێك دروست ده‌كا، هه‌وڵ ده‌دا به‌كتێبی ئه‌ستوور و گه‌وره و به‌رگاوی جوان نامهخانهكهی بڕازێنێته‌وه. دیارده‌یه‌كی تریش لهبهدخوێنهر ده‌كه‌وێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی به‌ته‌نگ دانه‌ری كتێبهكهوهیه ئه‌وه‌نده به‌ته‌نگ كتێبهكهوهنیه. له‌ناوه‌رۆك دا بۆههنجهت ده‌گه‌ڕێ خاوه‌نه‌كه‌ی پێ سووك بكا، بۆئه‌وه‌ی بڵێ ((ترێی ڕه‌ش)) هه‌ڵه‌یه، ده‌بێ بڵێی ((ترێ ڕه‌شه‌كه)) . هه‌موو زانیارییه‌ك به‌ته‌رازووی بیروباوه‌ڕی خۆی ده‌پێوێ ، هێندێ جاریش به‌پێچه‌وانه‌وه له‌مانای نووسینه‌كه ده‌گا، ئه‌مه هه‌موو به‌شێكه له‌كرده‌وه‌ی بهدخوێنهر.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: بۆ ئه‌زموون وه‌رگرتن و جیهانبینی سه‌فه‌ر سوودی زیاتره یان خوێندنه‌وه‌ی كتێب، ئه‌كرێ بڵێین ته‌واوكه‌ری یه‌كترن یان جیاوازیان هه‌یه له‌ڕوی به‌هره و چیژ وه‌رگرتن؟
مارف خه‌زنه‌دار: ئه‌م پرسیاره گرنگه، به‌ڵام زۆریش وه‌رامی دراوه‌ته‌وه. من ناتوانم بڕیاربده‌م كامیان گرنگترن سه‌فه‌ر یاخود خوێندنه‌وه! وابزانم هه‌ردووكیان گرنگن. ئه‌مه به‌وكه‌سه ده‌گۆڕێ كهبهپراكتیك له‌ناو هه‌ردووكیان دا ده‌ژی. بۆ ڕوون كردنه‌وه‌ی ئه‌مه هه‌ندێ به‌ڵگه‌ت بۆده‌هێنمه‌وه.
(أ) له‌بابه‌ت خۆمه‌وه ئه‌گه‌رچی ئه‌و زانیارییه‌ی له‌ڕێگه‌ی كتێبه‌وه وه‌رمگرتووه، هه‌ندێك له‌و زانیاریانه زیاتره كهلهسهفهردا به‌بینینی ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵیانا په‌یداكردوه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كتێب ڕێگه‌ی بۆخۆش كردووم له‌زۆر شت بگه‌م كه‌م نیه. جگه‌له‌وه‌ی هه‌ندێ جاری دیكه سه‌فه‌ر گه‌لێ شتی بۆم ڕوون كردوه‌ته‌وه كه‌كتێب له هه‌قی نه‌هاتووه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه سه‌فه‌ره‌كانی من درێژ خایه‌ن بوون، له‌وڵاتانی ئه‌ورپاو ئه‌فریقا، له‌ناو كۆمه‌ڵانی هه‌مه‌ڕه‌نگ بوو له‌ڕووی پێشكه‌وتن و وه‌زعی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه . ئه‌م سه‌فه‌رانه‌ی من به‌ڕوونی لهیادداشتهكانم دا ((ڕۆژگاری من )) ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه.
(ب) كه‌سی وا لهناوكۆمهڵ به‌رچاوده‌كه‌وێ وه‌كو رۆشنبیرێكی پڕ زانیاری، كه‌چی له‌ڕوی سه‌فه‌ر و بینینی كۆمه‌ڵانی جیاوازه‌وه تاقی كردنه‌وه‌ی نه‌بووه، ته‌نیا به‌خوێندن بووه بهڕۆشنبیرێكی ئهنسكلۆپیدی، له‌وانه جه‌وده‌ت ئه‌حمه‌د ناجی براده‌ری سه‌رده‌می منداڵیم تا كۆچی دوایی.
جه‌وده‌ت به‌ڕاستی عاشقی كتێب بوو، له‌خوێندنه‌وه‌دا هاوتای نه‌بوو، به‌ڵام ده‌ستی نووسینی نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له هه‌موو بابه‌تێكی زانستی و ئه‌ده‌بی وهونه‌ری به‌ده‌م وپل پڕ زانیاری بوو.
(ج) هێندێ جاری دیكه‌ش كه‌سانی واههڵدهكهون ڕۆمان له میلله‌تانی دیكه‌ی گه‌لێ دوور له‌میلله‌ته‌كه‌ی خۆی ده‌نووسن، یه‌كێ له‌وانه نووسه‌ری ئه‌ڵمان ((كارل مایا) یه. ئه‌م نووسه‌ره به‌بێ ئه‌وه‌ی چاوی به‌كوردستان بكه‌وێت یاسهفهری لایه‌نێكی ئه‌فریقیا بكا، هه‌ندێ ڕۆمانی به‌زمانی ئه‌ڵمانی لهسهركورد وئه‌وانه‌ی ئه‌فریقا نووسیوه، لێره‌دا بێ گومان نووسه‌ر ته‌نیا به‌هۆی كتێبی مێژوو وجوگرافیاو بیستنی زانیاری په‌یدا كردووه، ئه‌و زانیاری و شاره‌زاییه‌ی له‌بابه‌ت میلله‌تی كورد‌و خاكی كوردستانه‌وه دیاره گه‌یشتوه‌ته پله‌یێك بتوانێ ڕۆمانێكی لێ‌دروست بكا به‌ناوی ((له‌وڵاتی دلێران دا)) ، له‌پاشانا ڕۆمانه‌كه كراوه به‌فیلمی سینه‌ما.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: تاچه‌ند بڕوانامه‌ی ئه‌كادیمی مه‌رجه بۆئه‌وه‌ی نووسه‌رێكی باش و سهركهتووت لێ ده‌رچی، ده‌شێ مرۆڤ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌كادیمیا خۆی پێبگه‌ێنێت و بگاته ئاستێكی به‌رزو مه‌زن به(تایبه‌ت) له‌م سه‌رده‌مه‌دا؟
مارف خه‌زنه‌دار: پێش ئه‌وه‌ی وه‌رامی پرسیاره‌كه‌ت بده‌مه‌وه، ئاره‌زوو ده‌كه‌م قسه‌یێك له‌بابه‌ت وشه‌ی ((ئه‌كادیمی)) یه‌وه بكه‌م. ئه‌مه یه‌كێكه له وشانه‌ی به‌زۆری له‌چاپه‌مه‌نی سه‌رده‌م به‌كار ده‌هێنرێت، خه‌ڵكه‌كه به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ئه‌ورووپا ده‌ژین به‌كاری ده‌هێنن، به‌گشتی شێوازه‌كه‌ی ڕاست نییه‌و له‌جێی خۆی به‌كار ناهێنرێ.
ئه‌كادیمیه له‌وشه‌ی گریكی كۆنه‌وه‌یه ((ئهكادیمۆس)). ئه‌مه ڕه‌مزی ئه‌فسانه‌یی زانستی بوو، له‌پاشانا بووه به‌ناوی جێگه بۆ ده‌سگای زانستی به‌كار هێنرا. ئه‌م ده‌سگایه له‌سه‌رووی زانستگاوهیه. ئه‌كادیمی به‌وكه‌سانه ده‌گوترێ كهمامۆستان یان قوتابی خوێندنی باڵان لهزانستگا، به‌م جۆره هه‌موو ئه‌كادیمییه‌ك قۆناغه‌كانی زانستگای ته‌واو كردووه، كه‌چی هه‌موو مامۆستا یه‌ك یان قوتابیه‌كی زانستگا مه‌رج نیه په‌یوه‌ندی بهئهكادیمیاوه هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو سیفه‌تێك ده‌كرێ بۆ خوێنده‌وار و ڕۆشنبیرێكی گه‌وره‌و دیار به‌كاربهێنرێ نه‌ك وه‌كو ئهوفهوزایه و خوم شێوانه‌ی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌و كۆواره كوردیهكانا ده‌كه‌ونه به‌رچاو. هه‌ركه‌سێكیش سه‌ره واوێك له‌ناو ورگی دا هه‌بێ و به‌مه‌رجێ له‌ئه‌ورووپا گه‌ڕابێته‌وه ((ئه‌كادیمی)) پێ ده‌ڵێن. وه‌ك سیفه‌تیش من ئه‌گه‌ر ببیستم بۆ كه‌سانێكی وه‌ك تۆفیق وه‌هبی و جه‌میل ڕۆژبه‌یانی و عه‌لائه‌دین سه‌جادی و شێخ محمدی خاڵ و هی دیكه به‌كار هێنراوه، ده‌سخۆشی لهنووسهرهكه ده‌كه‌م. به‌گشتی بڕوانامه‌ی زانستگا مه‌رج نیه بۆ نووسه‌ری داهێنه‌ری تێكستی شیعر‌و په‌خشان به‌هه‌موو بابه‌ته‌كانیه‌وه، بڕوانامه زیاتر بهلێكۆلینهوهی ئه‌ده‌ب وڕه‌خنه‌و به‌راوردكاری ئهوزانستانهی له‌ئه‌نجامی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی دا داهێنراو دروست بوون وه‌كو زمان وزانسته‌كانی، عهرووزو كێش وقافیه، ڕه‌وانبێژی به‌هه‌موو بابه‌ته‌كانیه‌وه.
ئێمه بۆپێگهیاندنی خوێنده‌وارو ڕۆشنبیری به‌دیمه‌ن حوجرهشمان هه‌یه، ئه‌م حوجره‌یه مه‌لای گه‌وره‌ی بۆدهركردوینهتهوه، به‌شی زۆری شیعری كلاسیكیمان خاوه‌ن ئه‌م بڕوانامه‌یه دروستیان كردوه، به‌ڵام ئه‌وه هه‌یه له‌سه‌رده‌می ئێستا ئه‌و بڕوانامه‌یه به‌ته‌نیا ڕۆشنبیری مۆدێرنی سه‌رده‌م دروست ناكا. خۆئه‌گه‌ر ڕێك بكه‌وێ له‌گه‌ڵ بڕوانامه‌ی حوجره له‌قوتابخانه‌ی ڕسمی تازه‌ش بخوێندرێ و ئه‌م فه‌زا زانستیانه تێكه‌ڵ به یه‌كتری بكرێن له‌ئه‌نجام دا ڕۆشنبیری گه‌وره له‌كۆمه‌ڵ دا په‌یدا ده‌بێ.
به‌ڵگه‌ی ئه‌م دیارده‌یه له‌میسر ده‌ست ده‌كه‌وێ. هه‌ندێ له زانایانی ئایینی ئیسلام كه زانستگای ئه‌زهه‌ر ته‌واو ده‌كه‌ن، له‌پاش ئه‌مه دوا پله‌ی خوێندنی زانستی لهزانسگاكانی ئه‌وروپا ده‌به‌نه‌سه‌ر، ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، ئه‌ڵمانی، یا ئه‌وانی دیكه. ئه‌مه‌و به‌هه‌موو جۆرێكیش ناكرێ بێ ده‌نگ بوه‌ستین به‌رامبه‌ر مامۆستایێكی زانستگا كه ده‌گاته پله‌ی پڕۆفیسۆری له‌كوردی به‌ولاوه هیچ زمانێكی تر نازانێ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر زمانی عه‌ره‌بی بزانێ پێی شه‌رم نابێ زمانێكی ئه‌ورپایی نه‌زانێ ! یاخود هه‌ر بیر له‌وزمانه ناكاته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو بیر‌و ڕاوبۆچوونانهش، نه‌ك ته‌نیا له‌ده‌ره‌وه‌ی زانستگا به‌ڵكو له‌دوای خوێندنی دووسێ پۆلی قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی ڕۆشنبیرو خوێنده‌واری واهه‌یه خۆی پێگه‌یاندووه تاگهیشتوهته لوتكه‌ی به‌رزی داهێنان. به‌ڵگه بۆئه‌م قسه‌یه هه‌ردوو نووسه‌ری گه‌وره‌ی میسرییه ته‌ها حسێن و عه‌باس مه‌حمود عه‌قاد، له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م دا یه‌كه‌میان بڕوانامه‌ی هه‌ره‌به‌رزی زانستگای ئهزههرو زانستگای پاریسی وه‌رگرت، كه‌چی عه‌قاد له‌پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تاییه‌وه وازی له‌خوێندن هێنا، به‌ڵام به‌ناوباگترین نووسه‌رو ڕۆشنبیری میسری بوو، جائه‌گه‌ر ته‌ها حسێن له‌فه‌ڕه‌نسا فێری زمانی فڕه‌نسی بووبێ، عه‌قاد له‌قاهیره به‌بێ مامۆستا خۆی فێری زمانی ئینگلیزی كردبوو.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: چاپه‌مه‌نی ئێستای كوردی شێواو و شپرزه‌یه شاڵاوێكی زۆری كتێب و ڕۆژنامه و گۆڤار ده‌رده‌چن، زۆركه‌م لا به‌لای مه‌عریفه‌و ڕۆشنبیری ده‌كه‌نه‌وه، له‌ڕوانگه‌ی زمان و رێنووسی كوردیش لاوازن، تۆ وه‌ك كه‌سێكی نووسه‌رو ڕۆشنبیر ئه‌م دیارده‌یه بۆچی ده‌گێڕیه‌وه؟
مارف خه‌زنه‌دار: هۆی شێواوی و شپرزه‌یی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جۆری بۆچوون و بینینی ده‌سته‌ڵاته. ده‌سته‌ڵات واته ئیداره، به‌ڕێوه‌به‌ر، كاربه‌ده‌ست، یابهواتاێكی ڕوونتر حكوومه‌ت، ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر كۆمه‌ڵێك (موجتهمهعێك) وه‌زیفه بدرێته لێزان و شاره‌زای كاره‌كه، به‌مه‌رجێ ئه‌و كه‌سه ئازاد‌و سه‌ربه‌ست بێ له‌كرده‌وه‌و ئیداره ئاژاوه له‌نێو كۆمه‌ڵ دا نامێنێ. ئاژاوه‌ی ئێمه ته‌نیا له‌چاپه‌مه‌نی و ڕۆژنامه‌گه‌ری دا نییه، به‌ڵكو له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی ئابووری كۆمه‌ڵایه‌تی.
ڕێگه به‌م هه‌موو ڕۆژنامه‌و كۆوارانه ده‌درێ به‌ناوی دیموكراتی و سه‌ربه‌ستیه‌وه، كه‌چی له‌م لایه‌نه‌وه مه‌رج هه‌یه بووه به‌قانوون و نه‌ریت. له‌هه‌موو دنیا سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌و كۆوار پێویسته خوێنده‌وار بێ. خاوه‌ن ئیمتیاز پارهداربێ، ئه‌گه‌ر خوێنده‌واریشی نه‌بێ مه‌سه‌له نیه، كه‌چی زۆرجار ده‌نووسن خاوه‌ن ئیمتیاز هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرایه، به‌ڵام سه‌رنووسه‌ر سه‌ره واوێك له‌ورگی دا نییه.
به‌گشتی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی كه‌وتۆته ده‌ست ناشاره‌زایان له‌م پیشه‌یه. زۆربه‌یان پێش هه‌مووشتێك ئاگاداری مێژووی سهنعهتهكهی خۆیان نین، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و ووشه‌و زاراوه‌و ته‌عبیرو لێكسیكۆنهی به‌هۆی زانا‌و ڕۆشنبیری كورد له‌ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه درووست بوو به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی كۆواری ((گه‌لاوێژ)) (1939- 1949) و(( ده‌نگی گێتی تازه)) ( 1943- 1947) ڕۆژی ئه‌مڕۆ له‌كار كه‌وتن، له‌باتی ئه‌وه‌ی پارێزگاری بكرێن، به‌ربه‌ره‌كانی كران و له‌جێی ئه‌وانه ووشه‌ی بێ مانای ناقوڵای ناكوردی كه‌وتنه ناوه‌وه، لێره‌دا ماوه‌ی باس كردنیان نییه.
پێویسته لایه‌نێكی زانستی هه‌بێ سه‌رپه‌رشتی ئه‌م كاره بكا، به‌مه‌رجێ به‌قانوون ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ موحاسه‌به‌ی هه‌موو كه‌سانێك بكا كه‌زمانی نووسین ده‌شێوێنن، پێوست ناكا موحاسه‌به ته‌نیا له‌مه‌جالی بیروڕاو بۆچوونی فیكری و سیاسی بێ، تێكدانی زمان زیانی له‌وه زیاتره.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا:حه‌زده‌كه‌ین به جۆر و شێوازی نووسین و خوێندنه‌وه‌ی تۆ ئاشنابین، چۆن ده‌خوێنیه‌وه؟ كه‌ی ده‌خوێنیه‌وه؟ كاتی ده‌نووسی هه‌ست به‌چی ده‌كه‌ی؟
مارف خه‌زنه‌دار: ئه‌وه‌ی ناوی كتێب بێ ده‌یخوێنمه‌وه، زیاتر ئه‌وكتێبانه‌ی پێچه‌وانه‌و دژی بیروباوه‌ڕی منیان گرتۆته خۆ. كتێبی سیحر‌و جادوو وئه‌فسانه‌و هه‌موو شتێكی باوه‌ڕمان پێیان نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هۆشیاری ده‌یانخوێنمه‌وه سوودیان لێ وه‌رده‌گرم و شتی تازه‌م فێرده‌كه‌ن. له‌بیرو باوه‌ڕی هه‌ڵه له‌ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه قازانجم زۆره. له‌سه‌رچاوه‌و نووسینی ناڕاست و بیری غه‌یبی ده‌ستكه‌وتم زۆر بووه.له‌نووسینه‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی سه‌ركه‌وتنم له‌وه‌دابوو فێری ئه‌وه بووم ئه‌م هه‌ڵانه نه‌كه‌م. نووسین بۆمنداڵان عیشقی هه‌میشه‌ییمه. ژنم زۆر خۆش ده‌وێ، هه‌رچی له‌سه‌ری بنووسرێ ده‌یخوێنمه‌وه ته‌نیا یه‌ك شت نه‌بێ ((به‌رگری كردن له‌مافی ئافره‌ت )) چونكه وا ده‌زانم ئه‌و ئاده‌مزاده نازداره بۆ جوانی و دڵداری درووست كراوه.
هه‌رچی جۆری نووسینیشه ئه‌مه‌یان تۆ ده‌یزانی من چی ده‌نووسم! چونكه تۆ ده‌یانخوێنیه‌وه. به‌كورتی ئه‌مه‌یان بابه‌ته. یه‌كه‌میان من خۆم زیاتر به‌نووسه‌ر ده‌زانم: ووتاری ئه‌ده‌بی و چیرۆكی كوردیاده و نالی له‌ده‌فته‌ری نه‌مری دا‌و هی دیكه. ئینجا خۆم به‌مامۆستای زانستگا ده‌زانم و له‌گه‌ڵ لێكۆلێنه‌وه ده‌ژیم.
له‌هه‌موو شوێنێك و كاتێك دا ده‌خوێنمه‌وه. له‌ناو ماڵ، له جێگه‌ی كار، له‌ناو پاپۆڕو شهمهندهفهڕو فڕۆكه، به‌شه‌و به‌ڕۆژ، به‌مه‌رجێك كه‌س نه‌بێ قسه‌ی له‌گه‌ل داَ بكه‌م. ئیتر ناچار ده‌بم گوێ له‌وه بگرم ئه‌وه‌ی له‌نێو كتێب نووسراوه ، واته ده‌می من سێ شته: بیركردنه‌وه، خوێندنه‌وه، نووسین. له‌مه‌به‌ولا هیچی تر نیه. كه‌ده‌ست به‌نووسین ده‌كه‌م واده‌زانم ئه‌وه‌ی له‌خه‌یاڵ و مێشكم دایه وه‌كو خۆم ده‌مه‌وێ ناچێته سه‌ركاغه‌ز، ئه‌مه‌یان له‌كاتی نووسینی به‌رهه‌می داهێنراوی ئه‌ده‌بی، به‌ڵام كه‌ده‌ست به‌نووسین ده‌كه‌م به‌پێچه‌وانه‌وه بیروڕای زۆر جوانم بۆدێ و دڵم خۆش ده‌بێ، ئیتر نازانم باوه‌ڕ به‌تیۆری ئه‌فلاتوون و مهلایكهتهكه بكه‌م یا به‌شوێن شه‌یتانه‌كانی دۆڵی عه‌بقه‌ری عه‌ره‌بی بگه‌ڕێم!
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: حه‌زده‌كه‌ی چی بهنووسهره نوێیه‌كان بڵێی كه هه‌ڵپه و په‌له‌یانه له‌خۆ ده‌رخستن و بڵاو كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان؟
مارف خه‌زنه‌دار: بهونووسهرانه ده‌ڵێم زۆر بخوێننه‌وه‌و كه‌م بنووسن، چونكه نووسین پێویستی به‌زانیاری هه‌یه، زانیاریش به‌خوێندن ده‌ست ده‌كه‌وێ . هه‌ر چه‌نده ناتوانم موعاده‌له یاتیۆرێ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه دابنێم، به‌ڵام ئه‌وه ده‌ڵێم له‌سه‌ره‌تادا نووسه‌ری گه‌نج پێویسته زۆر بخوێنێته‌وه. له‌ناوه‌ڕاستی ژیانی دا ده‌توانێ ماوه‌ی نووسین و خوێندنه‌وه وه‌ك یه‌ك بن، به‌ڵام كهبهساڵاچوو ده‌توانێ نووسینی له‌خوێندنه‌وه زیاتر بێ، چونكه زانیاری گشتی زۆر ده‌بێ. من خۆم ئه‌م بیر‌و ڕایه‌م نه‌خستۆته پراكتیكه‌وه، ئێستا‌و ئه‌وساش كاتی خوێندنه‌وه‌م لهنووسینهوهم زیاتره.
حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا: دوا وتهوپهیامت بۆ خوێنه‌ر و نووسه‌ران؟
مارف خه‌زنه‌دار: خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی چی ده‌خوێنێته‌وه، دیاره مه‌به‌ستم به‌رهه‌می داهێنراوه: شیعر، چیرۆك، ڕۆمان..هتد.. پێویسته بیروڕای خاوه‌ن كتێب به‌هێند هه‌ڵبگرێ، واته ڕایێكی به‌دڵ نه‌بوو به‌قوربانی ئه‌و بیره‌ی خۆی نه‌كا كه به‌دڵیه‌تی. شته‌كان تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ نه‌كا. ئه‌گه‌ر بۆچوونێكی دیاركراوی خاوه‌ن كتێبێك به‌دڵی نه‌بوو، نابێ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانی ڕهفزبكا. ئه‌مه له‌نێوه‌ندی خوێنده‌واری ئێمه‌دا باوه، هه‌رچی نووسه‌ریشه پێویسته به‌رهه‌می داهێنراوی سهرچاوهبێ بۆ مشتوماڵ كردنی عه‌قڵ و خه‌یاڵ وچێژی خوێنه‌ر له‌چوارچێوه‌ی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی لهكۆمهڵهكهی خۆی دا . به‌مه‌ش دیاره ناتوانێ هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵا ڕازی بكا، ئه‌و كاته‌ی ئه‌وانه‌ی ڕازی نابن له‌خانه‌ی مرۆڤی ئاسایی ده‌چنه ده‌ره‌وه.