تورکیا: به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان و گوشاره‌کانی خۆگونجاندن،…
تورکیا: به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان و گوشاره‌کانی خۆگونجاندن، په‌یوه‌ندی گه‌دایانه‌ی ده‌سه‌لاتی هه‌رێم له‌په‌راوێزدا
مه‌به‌ستی ئه‌و وتاره سه‌رنجدانه له به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی تورکیا و رۆلی له ناوچه‌که‌دا، ئۆ‌ردۆگان و هه‌ولی به‌هێزکردن و درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی له تورکیادا، هه‌ولی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ره‌وشی نوێی رۆژه‌هه‌ڵاتی ناوه‌راست دوای رووخانی سه‌دام، هۆکاری وه‌رچه‌رخان و نزیکبوونه‌وه له ولاتانی ناوچه‌که، وه په‌یوه‌ندی نێوان بنه‌ماڵه و پارته ده‌سه‌لاتداره‌کانی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا، جۆری په‌یوه‌ندیه‌که و کیشه‌کانی ئه‌و جۆره په‌یوه‌ندییه.
ئاکه‌په (AKP) له ساڵی 2002 وه‌وه ده‌سه‌ڵاتی تورکیای به‌ده‌سته، له‌و ماوه‌یه‌دا پێگه‌ی خۆی له کۆمه‌ڵگه‌ی تورکیدا چه‌سپاندووه هۆکه‌شی به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه که ئاکه‌په توانیوویه‌تی ئابورییه‌کی لیبرال و کۆنسه‌رڤه‌تیڤی ئایینی له‌گه‌ڵ یه‌کدا بگونجێنێ، ئابوری تورکیا بباته ئاستێکی باشتر، بێ‌کاری که‌متر بکاته‌وه و ئاستی خستنه‌کار به‌رزکاته‌وه. ئاکه‌په له‌و هه‌لبژاردنه‌ی رۆژی یه‌کشه‌مه 12ی ژونی 2011 دا کرا سه‌دا 50 ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێناوه، 326 شوێنی پارله‌مانی بردۆته‌وه (7 شوێن که‌متر له هه‌لبژاردنی رابردوو) ، به‌مجۆره ئۆ‌ردۆگان بۆ خولی سێیه‌م له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێنێته‌وه. ئاکه‌په باناگشهی دیموکراسی زیاتر و ئازادی زیاتری که‌سی له هه‌لبژاردندا ده‌کرد ئه‌وه‌ش بۆ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ره‌های شوێنه‌کان 367 ده‌نگ له‌م هه‌لبژاردنه‌دا بباته‌وه، به‌مجۆره گۆرانکاری زیاتر به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژیه‌کانی ئاکه‌په له ده‌ستوری تورکیادا بکات. ئاکه‌په هه‌ندێ گۆڕانکاری بچوکی له ده‌ستوردا پێشتر له پارله‌ماندا تێپه‌راند، وادیاره سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ده‌ستکارییه‌ی یه‌که‌می ده‌ستور وای له ئاکه‌په کردووه که بروای به گۆڕانی گه‌وره‌تر بێت. ئه‌و گۆرانکاریانه‌ی ئاکه‌په ده‌یه‌وێ له ده‌ستوردا بیکات، دیارنین چین و چی له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌هێنن. هه‌وڵه‌کانی ئاکه‌په و جموجۆڵه‌کانی ئۆ‌ردۆگان به‌ر له هه‌لبژاردن په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به هه‌لبژاردنی تورکیا هه‌بوو. ئاکه‌په له‌لایه‌ن ناسیونالیسته سیکۆلاره‌کان و ئه‌فسه‌ره‌کانه‌وه دژایه‌تی ده‌کرێت. ژه‌نه‌رال و ئه‌فسه‌ره‌کان مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه که ستاتوسی باڵای خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن، ناسیونالیسته‌کانیش هه‌مان ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان هه‌یه، جگه‌له‌وه‌ی ئاره‌زووی ره‌وتی ئیسلامی و کۆنسێروهتیڤانهی ئاکاپه ناکه‌ن. ئاکه‌په به هه‌نگاو به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی دیسپۆتیانه و تاکڕه‌وی تاوانبار ده‌کرێت.
کورده‌کان له‌و هه‌لبژاردنه‌دا سه‌رکه‌وتنی گونجاویان به‌ده‌ست هێناوه 5.8 له‌سه‌دای ده‌نگه‌کانیان بردۆته‌وه، 36 شوێنی پارله‌مانیان ده‌ستکه‌وتووه. ئه‌وه ستاتوسی کورده‌کان له هه‌وله‌کانیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئازادی زیاتر و ئۆتۆنۆمی به‌هێز ده‌کات.
له‌به‌رئه‌وه‌ی تورکیا ده‌یه‌وێ له یه‌کێتی ئه‌وروپادا ببێته ئه‌ندام، تورکیا هه‌میشه له‌ژێر گوشاری رۆژئاوادایه و داوای دیموکراتیزه‌کردن و کراوه‌یی لێده‌کرێت، داوای لێده‌کرێت که رێز له مافه‌کانی مرۆڤ بگرێت، داوای لێده‌کرێت رێز له ئازادی ده‌ربڕین بگرێت. چونکه سیسته‌می رامیاری له تورکیادا له‌ژێر کۆنترۆلی ده‌سه‌ڵاتی میلیتاری ولاتدایه و به بیروباوه‌ری رگهزپهرستانهی که‌مالیزم ده‌وره‌دراوه، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ به‌به‌رفراوانی هه‌یه، پشووته‌نگی به‌رامبه‌ر ئازادی ده‌ربڕین درێژه‌ی هه‌یه، مافی نه‌ته‌وه‌ی کورد له باکوری کوردستانی ژێرده‌ستی تورکیادا بێبه‌زه‌ییانه پیشێل ده‌کرێت. ئه‌و سیسته‌مه دیموکراسییه لاوازه‌ی که هه‌یه کورده‌کانی کوشندانه پهراوێزکردووه.
جگه له گوشاری داواکاریه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌سه‌ر تورکیا، گۆرانه ناوچه‌یی و جیهانیهکان و به‌هێزبوونی به‌ها دیموکراسیه‌کان گوشارێکی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ ده‌خه‌نه‌سه‌ر تورکیا که ورده ورده خۆی له‌گه‌ڵ به‌ها دیموکراسیه‌کان ئاشنا بکات و واز له پشووته‌نگی و هه‌ندێ تابو که بهکهمالیزمهوه به‌ندن بهێنێت. له‌بیرمان نه‌چێت ئه‌و سیسته‌مه ڕامیارییه‌ی له ئێراقدا ئێستا هه‌یه گۆرانێکه تورکیا ناچاره ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ په‌یدا بکات و تێیبگات. ئه‌وه گوشارێکی نزیک و راسته‌وخۆیه له‌سه‌ر تورکیا.
خه‌باتی چه‌کداری شۆڕشگێڕه کورده‌کان له ژێر سه‌رپه‌رشتی پ.ک.ک دا گوشاری راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر تورکیا له هه‌موو لایه‌نه رامیاری، ئابوری و کهلتوریهکانهوه هه‌یه. تورکیای ناچار کردووه بیر له رێگه‌ی ده‌رچوون له‌م ته‌نگژه هه‌میشه‌ییه بکاته‌وه، له‌کاتێکدا که تورکیا له‌ژێر گوشاری ئه‌ورپادایه بۆ رێزگرتن له مافه‌کانی مرۆڤ. ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌کانی تورکیا ته‌نها سه‌رکوتکردن و په‌راوێزکردنی کورده‌کان بێت، دیاره تورکیا زیاتر له ئه‌وروپا دوور ده‌خه‌نه‌وه. بۆیه تورکیا لێره له ته‌نگژه‌دایه و ناچاره به‌ره‌ورووی پره‌نسیپه بنچینه‌ییه‌کانی دامه‌زراندنی ستاتی تورکیا ببێته‌وه و هه‌نگاوی ناته‌با له‌گه‌ڵ ئه‌و پره‌نسیپانه بنێت که که‌مالیزم دایڕشتوون. بێگومان به‌هێزتربوونی کورده‌کان له پارله‌مانی تورکیا ئه‌و گوشاره زۆرتر ده‌که‌ن، هه‌روه‌کو خه‌باتی شۆرشگێڕه‌کان و پارله‌مانتاران بۆ ئازادی کورده له کوردستانی بنده‌ستی تورکیادا.
ئێستا له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا شۆرشێکی به‌رفراوان دژی رژێمه دیکتاتۆره‌کان، سیسته‌می یه‌ک پارت و سیسته‌می بنه‌ماڵه‌ییه دیکتاتۆره‌کان له ئارادایه. زۆر له وڵاته عه‌ربیه‌کانی گرتۆته‌وه و تائێستا ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی له تونس و میسردا راماڵیووه، ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆری بنه‌ماله‌یی لیبیا و یه‌مه‌ن له که‌ناری مه‌رگدان و زۆری نه‌ماوه ببنه مێژوو. له سوریادا راپه‌رین درێژه‌ی هه‌یه و به‌هه‌زاران که‌س له ترسی هێزه‌کانی رژێمی به‌عس ماڵه‌کانیان جێهێشتووه. له‌بیرمان نه‌چێت له ئێراقدا گۆڕانی بنه‌ره‌تی سیسته‌م و جۆرێک له دیموکراسی له 2003 وه به‌کرده‌وه هه‌یه، که کاریگه‌ری گرنگی له سه‌ر گۆڕانه‌کانی ئه‌و دواییه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا هه‌بووه و هه‌یه. ئه‌وه‌ی له ئێراقدا روویدا راسته‌خۆ گوشاره بۆسه‌ر تورکیا، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به کێشه‌ی کورد و ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ره‌کانی.
سه‌باره‌ت به گۆران له سیسته‌می پشووته‌نگی و بێ‌تۆ لهرانسی له تورکیادا هه‌نگاوی که‌م که‌مه و لاواز له دوو ده‌یه‌ی دوایدا بیندراون، هه‌ندێ خاڵی ره‌گه‌زپه‌رستانه له ده‌ستوردا ده‌رهێندراون، به‌ڵام هێشتا رێگه‌ی تورکیا بۆ دیموکراسی و کراوه‌یی گونجاو واپێده‌چێ دوورودرێژه ئه‌گه‌ر پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی تێدا نه‌کرێت. تورکیا تاکو ئێستا دان به مافی که‌لتوری و رامیاری نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌کوردستانی ژێرده‌ستی تورکیادا نانێت، ده‌رگه‌ی دایه‌لۆگ و دانوستان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد داخراوه، شۆڕشی کورده‌کان بۆ رزگاری و ئازادی وه‌کو تیرۆریزم سه‌یر ده‌کرێت، ئازادی ده‌ربرین زۆر به لاوازی هه‌یه و خه‌ڵک له سه‌ر ده‌ربڕینی بیروباوه‌ری جودا ده‌کرێ سزا بدرێن، بۆنمونه له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ئۆرهان پامۆک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گوتبووی تورکیا ژینۆسایدی ئه‌رمه‌نیه‌کان و کورده‌کانی له ساڵی 1915 دا کردووه سزا درا و دادگا ئه‌و ده‌ربرینه‌ی وه‌کو زیانگه‌یاندن و سوکایه‌تیکردن به تورکیا دانا. بۆیه ئه‌و گۆڕانکاریانه‌ی له ده‌ستوردا کراون هه‌نگاوی بچوکن و زۆر له ئاستی پێویست دوورن. جگه‌له‌وه‌ی گۆرانه ده‌ستوریه‌کان له بواری جێبه‌جێکردندا کۆسپیان بۆ دروست ده‌کرێت و به‌لاوه ده‌نرێن.
له کاتێکدا رۆژه‌هه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی گه‌وره‌دایه ئێستا تورکیا له ژێر سه‌رپه‌رشتی ئۆردۆگاندا هه‌وڵ ده‌دات سوود له‌م باره وه‌ربگرێت و رۆڵی زیاتر له گه‌مه رامیاریه‌کانی ناوچه‌که‌دا ببینێت. به‌خه‌ستی به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کان سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی ولاته کێشهئامێزهکان ده‌کات و سیسته‌می فه‌رمانره‌وایی تورکیا وه‌کو مۆدێلێک بۆ گۆڕان له وڵاته عه‌ره‌بیه‌کان پیشان ده‌دات. له‌به‌رئه‌وه‌ی تورکیا ئه‌ندامی به‌ره‌ی ناتۆیه، هاوپه‌یمانی له‌مێژینه‌ی ئه‌مه‌ریکا و رۆژئاوایه، تورکیا واتای خۆی هه‌یه، گوێی لێده‌گیریت و ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌کرێت. به‌ڵام کاریگه‌ری تورکیا له‌سه‌ر ئهگێندهی ناوچه‌که و به‌هێزتربوونی ستاتوسی تورکیا لای به‌تایبه‌تی ئه‌وروپا تاراده‌یه‌کی زۆر به ئاستی کرانه‌وه و په‌سندکردنی مافه‌کانی مرۆڤ له تورکیادا به‌نده. تورکیا له‌مباره‌یه‌وه هێشتا ته‌واو له پاشه.
دیاره له‌ماوه‌ی چه‌ندساڵی رابردوودا تورکیا په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی موسوڵمانی ناوچه‌که به‌هێزترکردووه و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی کاریگه‌ری زیاتر له ناوچه‌که‌دا ده‌دات. ئه‌وه‌ی له گۆرانی ئه‌م ئاراسته‌یه‌دا به‌دی ده‌کرێت ده‌کرێ هۆکه‌ی له‌لایه‌ک بۆ داخرانی ده‌رگه‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌رووی تورکیادا بگه‌رێندرێته‌وه له‌لایه‌کیتر بۆ بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه میانره‌وه‌کان له تورکیادا بگه‌ڕێندرێته‌وه هه‌روه‌کو ئیسلامیه‌کانی تورکیا سۆزداریان بۆ ولاته موسوڵمانه‌کانی دیکه له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستدا هه‌یه، ناسیونالیسته راستره‌وه‌کان ئه‌و سۆزدارییه‌ی ئه‌وانیان پێشتر نه‌بووه. تورکیا له‌لایه‌ک ده‌یه‌وێ درێژه به په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکادا بدات و کار بۆ ئه‌ندامبوون له یه‌کێتی ئه‌وروپادا ده‌کات، له‌لایه‌کیتر هه‌وڵ بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌نێو وڵاته موسوڵمانه‌کاندا ده‌دات. تورکیا له ره‌قی ولاتانی رۆژئاوا و سه‌ختی داواکاریه‌کانیان سه‌باره‌ت به کێشه‌ی ئه‌ندامبوون له یه‌کێتی ئه‌وروپادا ته‌واو بێزاره، بۆیه واپێده‌چێ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤ بۆ ئه‌روپا و خێروبێره‌که‌ی ئه‌وروپا له به‌رنامه‌ی تورکیادایه. تورکیا بۆ به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له نێو ولاته موسوڵمانه‌کاندا هه‌نگاوی نائاسایی ئاماده‌بووه بنێت بۆنمونه ناردنی که‌شتی هاوکاری خۆراک بۆ فه‌له‌ستینیه‌کان له غه‌زه و وه‌ستان دژی یه‌کێ له دۆسته دێرینه‌کانی (ئیسرائیل) کرده‌یه‌کی نائاسایی بوو که پیش‌تر له تورکیا نه‌بیندراوه. تورکیا وه‌کو ده‌روازه‌ی نیوان ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌روه‌ها نیوان جیهانی کریستیان و موسوڵمان هه‌وڵ ده‌دات ببێته ناوه‌ندێکی ده‌سه‌ڵاتداری گرنگ له ناوچه‌که‌دا، واپێده‌چێ به‌جۆرێ له جۆره‌کان هه‌وڵ بۆ دروستکردنه‌وه‌ی جۆرێک له‌و پێگه‌یه ده‌دات که تورک دوای نه‌مانی عوسمانیه‌کان له‌ده‌ستیاندا. له‌بیرمان نه‌چێت هه‌نگاوه‌کانی تورکیا له‌سه‌ر بنچینه‌ی ڕه‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی تورکیایه وه‌کو پیشوو. ئاکه‌په پێیوایه به دیهێنانی سیسته‌مێکی به‌هێزی سه‌رۆکایه‌تی، به‌مجۆره به‌هێزکردنی ستاتوسی سه‌رۆک و بوونی جۆریک له ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها، تورکیا به‌هێز ده‌کات و ده‌توانێ به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی ببات.
تورکیا و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان
باشوری کوردستان که له ساڵی 1991 ـه‌وه له‌لایه‌ن پ.د.ک و ی.ن.ک ـه‌وه فه‌رمانره‌وایی ده‌کرێت، له‌و کاته‌وه تا ئێستا که شهر و ئاشتی له نێوان ئه‌و دوو پارته‌دا هه‌بووه، هه‌ردوولا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانیان دژی یه‌کتر په‌نایان بردۆته‌به‌ر وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان به‌تایبه‌تی تورکیا. هه‌روه‌ها ئه‌وان هه‌ردوولایان دژی پ.ک.ک په‌نایان بۆ تورکیا بردووه. پارتی چ دژی پ.ک.ک. یا ی.ن.ک په‌نای بۆ تورکیا بردووه. تورکیاش که به‌رژه‌وه‌ندی به‌هێزی ئابوری و رامیاری له باشوری کوردستاندا هه‌یه ئه‌و دووبه‌ره‌کی و ناکۆکیه‌ی نێوان لایه‌نه کورده‌کانی بۆخۆی قۆستۆته‌وه، سوودی له‌م لاوازییه‌ی کورده‌کان وه‌رگرتووه، مه‌رجی خۆی له‌به‌رامبه‌ر یارمه‌تی و هاوکاری ئه‌واندا دیاره هه‌بووه. له‌مباره‌یه‌وه رێککه‌وتن له نیوان تورکیا و ئه‌و دوو پارته‌دا هه‌بووه، به‌لام چی بووین، ئه‌وه ئاشکرا نه‌کراوه و هه‌ر خۆیان ده‌یزانن. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین په‌ی پێ ببه‌ین ئه‌وه‌یه، که تورکیا له هاوکێشه‌که‌دا ده‌سه‌ڵاته و داواکانی ده‌سه‌پێنێ، ئه‌و سه‌پاندنه‌ش له به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی تورکیادایه. تورکیا له‌وساوه هه‌میشه هێزی سه‌ربازی له باشوری کوردستاندا هه‌بووه، که‌سانی سه‌ر به ده‌زگای هه‌واڵگری یا ده‌زگای دیکه‌ی ستاتیی تورکی له باشوری کوردستاندا هه‌بووه و هه‌یه. له‌گه‌ڵ تێپه‌ربوونی کاتدا هه‌ردوو پارتی ده‌سه‌لاتدار پ.د.ک و ی.ن.ک هه‌وڵی به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ تورکیادا داوه و ده‌ده‌ن، هاوکاری تورکیا بۆ لێدان و لاوازکردنی پ.ک.ک که‌م یا زۆر به‌شیوه‌ی جۆراوجۆر درێژه‌ی هه‌یه، ئه‌و باره تا ئێستا به‌رده‌وامه. بۆنمونه گه‌ماڕۆی سه‌ر چیاکانی قه‌ندیل، قه‌ده‌غه‌کردنی پ.چ.د.ک له ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی هتد.
په‌یوه‌ندی پ.د.ک و ی.ن.ک له‌گه‌ڵ تورکیادا 15 ساڵ زیاتره چۆته بواری بازرگانی و باشوری کوردستان بۆ تورکه‌کان ده‌رگه‌ی واڵاکراوه، تورکه‌کان له ده‌رهێنانی نه‌وتی کوردستان و کۆنترۆلکردنی پاڵاوگه‌دا رۆلی گرنگیان دراوه‌تێ و پشکی دیاریان به‌رکه‌وتووه. له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا مه‌رجه‌کانی تورک بالاده‌ستن و ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی کوردی له ئاستیدا ملکه‌چن. بۆنمونه نه‌وتی شیواشۆک له‌سه‌ره‌تاوه له‌لایه‌ن تورک ده‌رده‌هێندرێت و کۆترۆل ده‌کرێت، کورد وه‌کو ته‌ماشاکه‌ره و ملکه‌چی داواکاری تورکه‌کانه، بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ش رێگه به که‌سانی کورد ناده‌ن توخنیان بکه‌وێت هتد. تورک سودیان له‌لاوازی و هه‌ژاری کورد له‌مباره‌یه‌وه وه‌رگرتووه. جگه‌له‌وه کۆمپانیای تورکی پری کوردستان بووین و له‌گه‌ڵ به‌رپرسه بازرگانه‌کانی سه‌ر به پارتی ده‌سه‌ڵاتدار خه‌ریکی پرۆژه‌ی تایبه‌تن. بازراگانی له‌گه‌ڵ کۆمپانیا تورکیه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌ر دوو پارتهکهوهن. له‌کوردستاندا بازاڕی ئازاد و پێشبڕکێ له‌سه‌ر بنچینه‌ی توانا و گونجاویدا بوونی نییه، بنه‌ماله و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌ستیان به‌سه‌ر بازاردا گرتووه، پاوانیان کردووه و سنوریان بۆ داناوه و مافیایانه به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن. بۆنموهنه ئه‌گه‌ر خۆیان خاوه‌نی پرۆژه و کۆنتراکت نه‌بن، ده‌بێ خاوه‌نی پرۆژه خاوه بدات، تاکو رێگه‌ی کاری پێ‌بدریت، که ملی بۆ که‌چکردن و پشکی دایه ئه‌وان وه‌کو بلێی به‌جۆریک له جۆره‌کان ده‌ستی والادهکرێت. له‌م بازرگانیانه‌دا گه‌نده‌ڵی زۆر له ئارادایه و بازرگانه تورک و کورده‌کان، یا عه‌ره‌ب و هیدیکه لێی به‌شدارن. ئه‌و بازرگانیه‌ی که ده‌کرێت هه‌وڵ بۆ سوود و سه‌رمایه‌ی وشکی کورتخایه‌ن ده‌دات و زیاتر له‌ده‌رهاویشته‌ی ئاوسانی پاره‌ی وشکه، سپیکردنه‌وه‌ی پاره‌ی گه‌نده‌ڵی و په‌رته‌وازه‌یی پرۆژه تایبه‌ته‌کان خۆیان ده‌دۆزنه‌وه. کوردستان خۆی پێ ناژیێ، چونکه ژێرخانی ئابوری داته‌پیووه، ناتوانێ هیچ که‌رسته‌یه‌ک بۆ ده‌ره‌وه یا بۆ تورکیا بنێرێت، بۆیه وابه‌سته‌ی هاورده‌یه. تورکیا قازانجی زۆری له باشوری کوردستان به‌گشتی له رووی ئابوریه‌وه پێده‌بڕێت، بێئه‌وه‌ی شتێکی ئه‌وتۆ ببه‌خشێت.
جگه‌له بازرگانیکردن تورکیا له ده‌ستوه‌ردان له‌کاروباری ناوخۆی کوردستاندا ده‌ستی تاراده‌یکی زۆر واڵایه، تورکیا به‌رنامه‌ی تایبه‌تی هه‌یه و پیاده‌ی ده‌کات. لایه‌نه‌کانی سه‌ر به تورکیا وه‌کو به‌ره‌ی تورکمانی یا رێکخراوی دیکه هاوکاری تورکیا له‌مباره‌یه‌وه ده‌که‌ن. به‌رنامه‌ی بهتورکردنی که‌م یا زۆر لێره‌و له‌وێ هه‌یه و پیاده‌ده‌کرێت. خوێندگه‌ی تورکی به مه‌نتالی تورکیانه‌ی که‌مالیستانه له هه‌ولێردا بوونی هه‌یه. به‌هاوکاری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم کار بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌ها که‌لتورییه تورکیه‌کان و توانای تورک له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستاندا ده‌کرێت. جگه له چاوپۆشی به‌ڵکو ده‌سه‌لات هاوکاری تورکیا و رێکخراوه تورکیه‌کان راسته‌وخۆ له‌بواری جیاجیادا ده‌کات، بۆنمونه خوێندگه‌ی تیشک له گه‌ره‌کی رۆناکی له هه‌ولێر له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتی پارتی له‌ژێربیانوی نۆژه‌نکردنه‌وه‌دا داخراو و منداله‌کانی خویندگهکه ناچاری گواستنه‌وه کران، له‌جیاتی ئه‌وه خوێندگه‌یه‌کی تورکی له‌ناو جه‌رگه‌ی گه‌ره‌کێکی کوردی‌دا کرایه‌وه. ئه‌وه به‌بێ پرسی خه‌ڵکی رۆناکی و خوێندگه‌که ئه‌نجام درا، پرۆتستۆی خه‌ڵکی رۆناکیش گوێی لی نه‌گیرا و ئه‌م باره‌یان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
ئۆ‌ردۆگان له فرگه‌ی هه‌ولێر
فرگه‌ی نوێی هه‌ولێر یه‌کێ له‌و پرۆژه و کۆنتراکته بازرگانیانه‌یه که له‌نێوان بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌لاتدار و تورکیادا به‌ستراوه و ئه‌نجام دراوه. وه‌کو له وڵاته ئازاده‌کاندا که پیاده‌ی بازاڕی ئازاد ده‌کرێت ئه‌و پرۆژه‌یه وه‌کو پرۆژیه‌کی بازرگانی گه‌وره نه‌خرایه رۆژنامه‌کان، ریکلامی بۆ نه‌کرا و داوای کۆمپانیای جیهانی بۆ پێشبڕکێ له‌سه‌ر پرۆژه‌که‌دا نه‌کرا. گونجاوترین کۆمپانیا به گونجاوترین نرخ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه هه‌ڵنه‌بژێردرا. به‌ر له‌وه پرۆژه‌که له چوارچێوه‌یه‌کی کراوه‌دا ئاماژه‌ی بۆ نه‌کراوه و گفتوگۆی کراوه‌ی له‌سه‌ر نه‌کراوه. به‌ڵکو پرۆژه‌که له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی ده‌سه‌لاتدار خۆیانه‌وه دروستکرا و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه راسته‌وخۆ درایه ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا گونجاوه، ئه‌ویش کۆمپانیایه‌کی تورکی بوو. پێویسته بگوترێت که هه‌موو ئه‌و کۆمپانیا گه‌ورانه‌ی پرۆژه‌ی گه‌وره له کوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن به ئاگاداری ده‌سه‌ڵاتی تورکیا و مینسته‌ری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا کاره‌کانیان ده‌که‌ن، بۆیه ئه‌و پرۆژانه له ده‌ستێوه‌ردانی رامیاری بێبه‌ری نیین. بازرگانه ده‌سه‌لاتداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌نده‌ڵیدا که‌موێنه‌ن، له‌مباره‌یه‌وه هاوکار و مامۆستای خۆیان له تورکیادا دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌روه‌کو تورک له گه‌نده‌لیدا مێژوویه‌کی دوررودرێژیان هه‌یه. به‌مجۆره هه‌ردوولا ده‌توانن ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ له پرۆژه‌یه‌کی ئه‌وهادا بۆخۆیانی ببه‌ن و شتێکیش پیشان بده‌ن که ده‌کرێ بتوانێ گهندهلیهکهیان تاڕاده‌یه‌ک دابپۆشێ. له‌رستیدا که‌س نازانێ چه‌ند له‌و پرۆژه‌یه خه‌رج کراوه و چه‌ندی لێ دزراوه. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش وه‌کو پرۆژه گه‌وره‌کانی دیکه گه‌لێ لایه‌نی نادیاری هه‌یه.
شایانی گوتنه نه‌مبیستووه له هیچ وڵاتێکی ئه‌وروپادا پرۆژه‌ی گه‌وره درابێته تورک. له ئه‌وروپادا کاری کۆمپانیای تورکی به گومانه‌وه سه‌یری ده‌کرێت، کۆمپانیای تورکی سه‌خته بتوانن له ئاستی مه‌رجه‌کانی ستانداردی ئه‌وروپیدا بن. جگه‌له‌وه‌ی مۆرکی گه‌نده‌ڵیان به‌سه‌ره‌وه‌یه. که‌چی له کوردستان کار و به‌رهه‌می تورکی له خانه‌ی باشترین و پهسندترینن!
ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێمی کوردستان پاره‌یان زۆره و داهاتی نه‌ته‌وه‌یان له‌به‌ر ده‌ستدایه، که‌سه دهسهلاتدراهکانی بازنه‌ی سه‌روو به‌بێ کێشه‌ی زۆر ده‌توانن زۆرترین بڕی پاره بۆ پرۆژه‌یه‌ک به‌ده‌ستبهێنن. به‌و پاره‌یه‌ی ئه‌وان هه‌یانه ده‌توانن باشترین کۆمپانیای ئه‌ورپی، ئه‌مه‌ریکی، ژاپۆنی یا کۆریایی بهێننه کوردستان و پرۆژه‌ی له‌م شێوه‌یه‌ی به کوالیتیه‌کی زۆر به‌رزتره‌وه پێ ئه‌نجام بده‌ن. به‌ڵام دیاره ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لاتداره بازرگانه‌کانی کورد ده‌یخوازن له تورکه‌کانیان باشتر ده‌ست ده‌که‌وێت. له کوردستاندا سیسته‌مێک نییه ئه‌و پرۆژانه په‌سند بکات و هه‌وڵی په‌یداکردنی پاره بۆیان له‌رێگه‌ی پرۆسه‌یه‌کی ستاتیهوه مسۆگه‌ر بکات، به‌ڵکو که‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان خێڵه‌کیانه ده‌توانن پرۆژه دروست بکه‌ن، پاره‌ی لێ خهرجکهن و لێشی لاده‌ن.
ئۆ‌ردۆگان بۆنه‌ی کردنه‌وه‌ی فرگه‌ی هه‌ولێری بۆ بانگاشه‌ی هه‌لبژاردن له‌راستیدا به‌کارهێنا، ئۆ‌ردۆگان مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی سۆزداری کورده‌کانی ژێرده‌ستی تورکیا بوو، له‌لایه‌کیتر پیشاندانی گۆڕان به جیهانی رۆژئاوا و ناوچه‌که سه‌باره‌ت به دیدی تورک سه‌باره‌ت به پرسه کانی ناوچه‌که بوو.
ده‌سه‌ڵاتی پارتی هه‌رچی شه‌قام به ئارسته‌ی فرگه بوو هه‌مووی گرت و خستییه ژێر چاودێری، به‌سه‌دان ئاڵای تورکیا له شه‌قامه‌کاندا به‌رزکرانه‌وه. شه‌و سه‌رۆکی پ.د.ک و برازاکه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆ‌ردۆگان به گۆرانی تورکی شه‌ویان ئاواکرد. هه‌ر ئه‌و ئۆردۆگانه له سه‌ردانی بۆ دیاربه‌کر بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پشتگیری کورده‌کان، له‌لایه‌ن کورده‌کانی باکوره‌وه خۆپیشاندانی له دژ کرا، به‌ردباران کرا و که‌سێك گیانی له‌ده‌ستدا. ئۆ‌ردۆگان پێشتر کۆمه‌ڵێ به‌ڵێنی بهکوردهکاندا به‌ڵام هیچیان لی شین نه‌بوو.
له‌به‌رئه‌وه‌ی هاتنی سه‌رۆکی وه‌زیرانی تورکیا بۆ ناوچه‌یه‌کی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری کوردی پێشتر له مێژوودا نه‌بیندراوه، ده‌کرێ ئه‌و هاتنه گه‌لێ لیکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت. سه‌رۆکی تورکیا جیا له ترادیسیۆنی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ی تورکیا هاته لای ده‌سه‌ڵاتێکی ناوچه‌یی کوردی، ئاماژه‌ی به گۆڕانکاریه‌کانی ده‌ستور و دوورکه‌وتنه‌وه له کانونه رهگهزپهرستانهکان له ده‌ستوری تورکیادا کرد. ئه‌و له وته‌که‌یدا دانی به مافی کورد له ئازادی‌دا نه‌نا و گوتنی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌کرد، له‌جیاتی ئه‌وه ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ئێراق و ئه‌م هه‌رێمه (هه‌رێمی کوردستان له ئێراق) کرد، ئاماژه‌ی به گرنگی به‌هێزی ئێراق و یه‌کێتی ئێراق کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌و خۆلادانهنی ئۆ‌ردۆگان ده‌کرێ ئه‌وه وه‌کو دانپێنانێکی مهرجئامێز به ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی کورده‌کان سه‌یربکرێت و وه‌کو وه‌رچه‌رخان له نکۆڵیکردن بۆ په‌سندکردنی سنوردار له ئاستی بازرگانیدا سه‌یر بکرێت. له ئاستی رامیاریدا تورکیا جوڵه‌یه‌کی ئه‌وتۆی سه‌باره‌ت به کورد نه‌کردووه.
کورد ده‌بێ ره‌خنه‌گرانه له‌م هاتنه بڕوانێت، چونکه ئه‌و هاتنه له‌به‌ر چاوی کاڵی کورد نییه، به‌ڵکو کۆمه‌ڵی فاکته‌ر هه‌ن که له‌پێشدا ئاماژه‌مان بۆ کردن رۆڵی خۆیان له‌م وه‌رچه‌رخانه‌دا بینیووه. به‌تایبه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی تورکیا و پێویستبوونی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ره‌وشی نوێی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و جیهان وایکردووه که تورکیا به‌خۆیدا بچێته‌وه و ده‌ست به گۆڕانکاری بچوک بکات وه هه‌نگاوی ناترادیسیۆنالانه بنێت. تورکیا خه‌ریکه ئاماده‌یه دان به ئازادی که‌س ئه‌گه‌ر کوردیش بێت سنوردارانه له روانگه‌ی بازرگانیه‌وه بنێت، به‌ڵام دژی مافی ئازدی نه‌ته‌وه‌یی کورده، دژی ئه‌وه‌یه کورده‌کان ناوچه‌ی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بیت، تورکیا ئه‌وه به مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی خۆی ده‌بینێت. هه‌روه‌کو ئۆ‌ردۆگان له گونتهکهیدا جه‌ختی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی بازرگانی کرده‌وه و خۆی له مافی کوردان گێل کرد. ئۆ‌ردۆگان بۆ فه‌له‌ستین ده‌گری و داوای ستاتی سه‌ربه‌خۆیان بۆ ده‌کات، که‌چی ته‌نانه‌ت ئۆتۆنۆمیش بۆ کوردی باکوری کوردستانی ژێرده‌ستی تورکیا به‌ڕه‌وا نابینێ.
هاتنی ئۆ‌ردۆگان نرخه‌که‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان زۆر گران وه‌ستاوه. په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم په‌یوه‌ندی یه‌کسانی نێوان دوو ده‌سه‌ڵات نییه که ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی هه‌ردولا بکرێت و رێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا وه‌کو یه‌ک بگیرێت، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیه‌که لاسه‌نگه و له په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا و گه‌دا ده‌چێت. ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییه‌ی که ئێستا هه‌یه زۆرجار هه‌رێمی کوردستان وه‌کو ئیماراته کۆنه‌کانی سه‌ر به سوڵتانی عوسمانی وێنه ده‌کات. دیاره ئێستا خراپتره، چونکه ئه‌وسا ئیماراته کوردیه‌کان له‌ژێر ده‌ستی راسته‌وخۆی ئهستهمبۆلدا بوون و فه‌رمانیان له سوڵتانه‌وه بۆ ده‌هات، هه‌رچی ئێستایه هه‌رێمی کوردستان له‌بن ده‌ستی تورکیادا نییه و له ده‌ره‌وه‌ی سنوری تورکیایه، که‌چی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم خۆی ده‌چێت و خۆی ده‌خاته ژێر مه‌رجه‌کانی تورکیا.
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم زۆر له تورکیا چۆته پێش و به‌جۆرێک که بۆ تورکیا رووخاوه، تورکیا ئه‌وه‌ی گه‌ره‌کیه‌تی له کوردستان ده‌ستی ده‌که‌وێت و به خه‌ستی ده‌ست له کاروباری ناوخۆی کوردستان وه‌رده‌دات. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان هاوکاری پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی تورکیا ده‌که‌ن و ئه‌وه ده‌که‌ن که تورکیا ده‌یخوازێ. له‌به‌رامبه‌ردا تورکیا جگه له ده‌ستێوه‌ردان و زیان گه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کوردستان هیچی ئه‌وتۆی بۆ کورد پێ نییه.
ئه‌و گۆڕانه‌ی له تورکیا ده‌بیندرێت هۆکه‌ی وه‌کو پێشتر گوترا خۆدانه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له باشوری کوردستاندا نییه. ئه‌وه‌ی له روانگه‌ی بازرگانیه‌وه له‌لایه‌ن تورکیاوه هاتووه، جگه له زیانه‌کان که له‌م بواره‌دا هه‌ن، کۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می خراپن به کوردی به‌خشیووه، ئه‌و کار و پرۆژانه خه‌ڵکیتر بێ ئه‌و رووخان و ماستاوساردکردنهوهیهی ده‌سه‌لاتدارانی هه‌رێم له‌وان زۆر چاکتری ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی زیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کورد بده‌ن. جگه‌له‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه و کۆنتراکتانه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی گونجاو و وریادا، به‌ئه‌گه‌ری زۆر ڕه‌تده‌کرانه‌وه وه‌کو زیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان سه‌یر ده‌کران. ئه‌وه‌ی له کوردستان له بواری بازرگانیدا رووده‌ده‌ن بێسیستهم و بێ تاوتویی ئابوری زانستیانه ئه‌نجام ده‌درێن.
ئه‌و پرۆژانه‌ی رامیاره ده‌سه‌لاتداره بازرگانه‌کان له‌گه‌ڵ بازرگانه‌کانی تورکیا ده‌یکه‌ن به مه‌به‌ستی به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ یا کارگه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان یا به‌رزکرنده‌وه داهاتی نه‌ته‌وه‌یی نین، به‌لکو بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانجی وشکه‌ی زووبهزووه له ریگه‌ی دروستکردنی هوتێل، گه‌ره‌ک و هتد. ئه‌وه دهستوالایی بازراگانه پهرتگهراکانه که بۆشایی نێوان خه‌ڵکه هه‌ژاره‌که و دهوهلهمهنده نهقۆڵاکان به‌رفراوانتر ده‌کات.
تورکیا تا ئێستا دان به ئازای کورد نانێت، ئه‌گه‌ر تورکیا باره‌که‌ی که‌مێ به دڵ نه‌بێت ئه‌وه ده‌ست به هه‌ڕه‌شه له کورد ده‌کات. ئه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی به رووخانهکهیان بۆ تورکیا له تورکیایان ده‌ستکه‌وتووه پاراستی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تیه‌کانی ئه‌وانه، ده‌وله‌مه‌ندبوون و خۆشگوزه‌رانیانه له‌سه‌ر پشتی به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کوردستان به‌گشتی.
تورکیا وه‌کو پێشوو به هه‌موو شێوه‌یه‌ک کار بۆ رێکڕاگری ئاسایشی ناوچه‌که له‌سه‌ر بنچینه‌ی راگرتنی باری ستاتوس کۆ کار ده‌کات، هه‌وڵ ده‌دات یه‌کێتی خاکی وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان زیانیان پێ نه‌گات، ئه‌گه‌ر نه‌توانێ به‌ر به مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ناوچه‌یی بگرێت وه‌کو له باشوری کوردستان نه‌یتوانی، ئه‌وه کار بۆ ئه‌وه ده‌کات ئازادی کورده‌کان له‌م سنوره تێنه‌په‌ڕێت. تورکیا له‌سه‌ر پۆلیتیکی نکۆلیکردن سه‌باره‌ت به ئازادی کوردان تائێستا به‌رده‌وامه. کاتێک ده‌کرێ بگوترێت تورکیا ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی جێهێشتووه، ئه‌گه‌ر راکشاوانه دان به ئازادی نه‌ته‌وه‌یی کورد بنێت.
شۆڕشی کورد بۆ ئازادی له باکوری کوردستان، گۆڕانی سیسته‌می رمیاری له ئێراقدا، گۆڕانه ناوچه‌یی و جیهانیهکان و به‌هێزبوونی ره‌وشی دیموکراسی، هه‌وله‌کانی تورکیا بۆ ئه‌ندام بوون له یه‌کێتی ئه‌وروپا و ده‌ستکه‌وتنی یارمه‌تی و هاوکاری ئابوری له‌م ڕێگه‌یه‌وه، به‌خۆداچونه‌وه و هه‌وڵی چاککردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی له‌گه‌ل جیهانی موسوڵمانی ناوچه‌که به‌مجۆره به‌ده‌ستهێنانی ستاتوسێکی رامیاری و ئابوری به‌هێز له ناوچه‌که‌دا هه‌موو ئه‌وانه ئه‌و فاکته‌ره سه‌ره‌کیانه‌ن که هۆکاری ئه‌و جولانه ناترادیسیۆنالانهن که له تورکیادا به‌دی ده‌کرێت.
په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی کوردی پ.د.ک و ی.ن.ک له‌گه‌ل تورکیا به‌مجۆره نابه‌رابه‌ره‌ی که هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌نهای تورکیادایه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه‌یتوانیوه به‌شیوه‌یه‌کی به‌رابه‌ر یا په‌یوه‌ندی نێوان دوو نه‌ته‌وه به ریزگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان به شێوه‌یه‌کی به‌رابه‌ر بنیادی په‌یوه‌ندی بنێت.
له‌راستیدا نه‌ته‌وه‌ی کورد پێویستی به‌وه نییه له تورکیا بپاڕێته‌وه یا خۆی بداته ده‌ست تورکیا، نه‌وتی خۆی بۆ تورکیا هه‌راج بکات، هاوکاری به‌تورککردن له کوردستاندا بکات، ده‌رگه بۆ بازرگانه گه‌نده‌ڵه تورکه‌کان بخاته‌سه‌ر پشت، ببێته مه‌قاشی ده‌ستی ئه‌و، تاکو تورکیا به خێراخۆی خۆراکی به‌سه‌ر چوو بنێرێته کوردستان، خانوو و گه‌ره‌کی جه‌له‌بی له کوردستان دروست بکات، یا سه‌رۆکه‌که‌ی بێت و سوکایه‌تی له‌ناو ماڵی کورد خۆیدا به کورد بکات.
په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنچینه‌ی دانپێنانی به‌رابه‌ر، له‌سه‌ر بنچینه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌بێ زیان گه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندی کورد له هیچ لایه‌نێکه‌وه، په‌یوه‌ندی دروست و گونجاوه له نێوان دوو نه‌ته‌وه‌دا، له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌کرێ نه‌ته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار له ماف و ئه‌رکه‌کانی خۆی و به‌رامبه‌ره‌که‌ی بگات، له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌کرێ کار بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تیانه‌ی کێشه رامیاریه‌کان بکرێت، پاشان ده‌کرێ ئاشتی و ئارامی پۆزه‌تیڤانه له ناوچه‌که هه‌نگاوی گونجاوی بۆ بنرێت.
شاخه‌وان شۆڕش