عه‌تری ئه‌و عاشقانه‌ی مردن
*
بخوێنه‌وه .. مه‌خوێنه‌وه :
ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ كه شه‌هوه‌تی نوسینت لا به‌رپا ده‌كا .
*
له‌ش و لاری هات .. له‌ش و لاری رۆیشت :
هه‌ندێ ئه‌ندامی ، شایه‌تن بۆ من .
هه‌ندێ ئه‌ندامی ، شایه‌تن له‌سه‌رم .
*
له دابونه‌ریتی میلله‌ته كۆنه‌كان ، روخساری هه‌ندێ خواوه‌ند ماسكی ئاژه‌ڵیان هه‌بوو !
ئایا ئه‌مه ده‌ربڕینێك بوو بۆ یه‌كانگیری له‌گه‌ڵ غه‌یبدا ،
یان یه‌كانگیری له‌گه‌ڵ واقیع ؟
له‌وه ده‌چێت ، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و میلله‌تانه ته‌نیا ئه‌و شتانه‌یان داده‌هێنا
كه لێی ده‌ترسان !
*
باوك ..
ئه‌و ره‌گه‌یه ، كه هیچ ره‌گێكی نییه .
*
له‌به‌رچی ره‌ش ده‌پۆشێت ؟
بۆ زمانی عه‌ره‌بی ؟ بۆ عروبه‌ت ؟ بۆ عه‌ره‌بان ؟
به‌هه‌ر حاڵ ..
ئه‌م سه‌رده‌مه ، ته‌نیا ره‌شی لێ ده‌وه‌شێته‌وه .
*
ئه‌وه‌ی من گوتوه‌مه ئابڵۆقه‌ی نه‌داوی ،
ئه‌وه‌ی تۆ نه‌تگوتووه ، ئابڵۆقه‌ت ده‌دا !
بیڵێ .. با بزانین چی ده‌بێ ،
بۆ له‌مڕۆدا خۆت له شتێك‌دا ده‌شاریته‌وه ،
كه سبه‌ینێ ، دێت و ئاشكرای ده‌كا ؟
*
كه‌ی جورئه‌ت ده‌كه‌ی پووچی له‌و قه‌بره ده‌ربێنیت ،
كه خۆشه‌ویستی هه‌ڵیكه‌ندووه ؟
*
له ژیانیدا ، زۆر شتی له ناخی خۆیدا به‌ند كردبوو ، كه ببوونه له‌مپه‌ری نێوانی خۆی و ئازادی . ماوه‌یه‌كه یه‌ك له دوای یه‌ك ئازادیان ده‌كا . ئه‌مڕۆ له ئازادكردنی به‌شێكیان په‌شیمان بوویه‌وه ، بۆ نمونه : په‌شیمانه له ئازاد كردنی ناسینی كه‌سانێك ، به براده‌ری له قه‌ڵه‌مدابوون .
*
ئه‌وه‌تا ، ئه‌و كه‌سه‌ی كار بۆ ئازاد كردنی خه‌ڵك ده‌كا ،
تاوه‌كو به هۆیه‌وه خۆی له ئازاد كردنی خۆی بدزێته‌وه !
*
چه‌ندی زانینی له‌باره‌ی ژیانه‌وه زۆرتر ده‌بێ ، ژیان سه‌ختتر و ئاڵۆزتر دێته به‌رچاو ،
ئه‌و نهێنیه چییه وا ده‌كات مرۆڤ خه‌یاڵ بكات ، كه زانین جۆرێكه له نه‌زانین ؟
*
كات لێره ، له ژیانی عه‌ره‌بدا
مه‌یلێكی زۆری هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته شوێن !
*
ئه‌رێ هیچ به‌ختێك هه‌یه
بۆ خودی ئه‌و زاره ئاڵۆزه‌ی ، به‌خت ده‌خوێنێته‌وه و دابه‌شی ده‌كا ؟
*
هه‌میشه بیر له مردن ده‌كاته‌وه /
بۆ ئامانجێك :
تا قسه له‌باره‌ی ژیانه‌وه تازه‌كاته‌وه .
*
به‌رده‌وام بڵێ : نه‌خێر .
ره‌نگه وشه‌ی ( به‌ڵێ ) ته‌نیا له دوایین میوان بوه‌شێته‌وه :
مردن .
*
ده‌سته و كۆمه‌ڵ هیچ مانایه‌كیان نییه ،
ته‌نیا به وه‌سفی تاك نه‌بێت .
*
له‌وه‌ته‌ی له خه‌ڵك دوور كه‌وتۆته‌وه ،
هه‌ست ده‌كا نزیكتره لێیانه‌وه و باشتریان ده‌ناسێت .
*
له‌ناو خوێنی‌دا ، سه‌فه‌ر هێرشی بۆ دێنێ ،
له هه‌نگاوه‌كانیدا ، هێرشی بۆ دێنێ ، گه‌ڕانه‌وه !
*
هه‌ر له باره‌ی ( گۆڕان ) ه‌وه قسه ده‌كا ،
ته‌نیا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ( وه‌ستان ) یش ده‌كا ،
هه‌ر هیچ نه‌بێ با دڵسۆز بێت ، بۆ ئه‌و وشه‌یه‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریه‌تی !
*
زۆر جار لێكتێنه‌گه‌یشتن ،
قووڵبونه‌وه‌ی تێگه‌یشتنه ، له باره‌ی شته خراپه‌كانه‌وه .
*
خۆی پێ سه‌رۆكه ،
ناشتوانێت بڕوات ، ته‌نیا به پێی خه‌ڵك نه‌بێت !
*
شاعیرێكه به‌س به غوباری رق ده‌ژیت ،
به‌م شێوه‌یه هه‌ر كاتێك ده‌ڕوا ، زمانی له‌به‌ر پێیه‌كانیه‌تی .
*
ده‌بوایه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بمرێت ، یان هیوای وابوو .
ئایا ئه‌مه‌یه وا ده‌كا له‌مڕۆدا هه‌ستبكات له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا نیشته‌جێ نییه ؟
هه‌ستبكات تیایدا بوونی نییه ، ته‌نیا وه‌ك په‌ڕاگه‌نده‌یه‌ك نه‌بێت ؟
*
كاتێك ماوه‌یه‌كی درێژ شیعر نانوسێت ،
هه‌ست ده‌كا موسافیرێكی شه‌كه‌ته و خه‌ریكه له تینوێتیدا بخنكێت .
*
هه‌ر كاتێك .. چووه سه‌ر چرپا بۆ خه‌وتن ،
پێی خۆشه بۆ خۆی ، به خۆی بڵێت :
خۆشه‌ویستی له‌ش و لاری روناكییه و
سێكس ده‌مارێكه له جه‌سته‌ی شه‌و .
*
مرۆڤ قامیشێكی ده‌گمه‌ن و به‌رزه ، بۆ نوسینه‌وه‌ی زه‌وی .
به چ عه‌قڵێك ده‌یانه‌وه‌ێت بگۆڕێت بۆ مه‌ركه‌بێك
له مه‌ره‌كه‌به‌كانی غه‌یب ؟
*
پرسیاره‌كانت بكه ،
له هه‌موو شوێنێكیش به شوێن وه‌ڵامدا بگه‌ڕێ :
ته‌نیا له‌ناو كتێبان نه‌بێ .
*
ئه‌و منداڵه‌ی له ناخمدایه ،
هه‌میشه ئاره‌زووی یاخیبونی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و پیره‌مێرده‌ی كه خۆمم ،
ئه‌مه و گرفتێكیش هه‌یه :
ئه‌و منداڵه پێی وایه جیهانیش وه‌ك خۆیه‌تی و
له قۆناخه‌كانی یه‌كه‌می منداڵییه !
*
جیهان / له‌م ساته‌دا لای ئه‌و .. له‌وه ده‌چێت :
كه گالیسكه‌یه‌كه و ئه‌سپه‌كانی په‌ستی رایده‌كێشن ،
گالیسكه‌یه‌ك : پڕه له عه‌تری ئه‌و عاشقانه‌ی مردن .
*
دوێنێ چرایه‌كی داهێنا .
ئه‌مڕۆ به روناكیه‌كه‌ی په‌ست ده‌بێ !
*
پۆلێك نه‌وره‌س ، له‌سه‌ر شه‌پۆلدا پاڵكه‌وتوون :
ده‌بێ چ نامه‌یه‌ك بۆ كه‌نار بنوسن ؟