Skip to Content

Friday, April 26th, 2024
کورد پێویستی بە دیموکراسیە نەک دەوڵەت

کورد پێویستی بە دیموکراسیە نەک دەوڵەت

Closed
by July 2, 2011 گشتی

دوای دەرچونم لە هاوینی ساڵی ١٩٩٨ لە کوردستان ، لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە دەرفەتم بۆ ڕەخسا کە ناوبەناو بگەڕێمەوە ( لێرەدا مەبەستم کوردستان تەنیا باشوری کوردستان نیە چونکە هەندێ پێیان وایە کە کوردستان تەنیا سێ پارێزگای دهۆک ، هەولێر و سلێمانی) ە . سەرەتا تەنیا لە رێی پرۆگرامی تیڤیەوە هەوڵم دا کە پرسیار بکەم کە داخۆ لە کوردستان چ باسە  ، خەڵک و هاوڕێکانی سەردەمی خوێندنم چۆن بیر دەکەنەوە . تەنانەت زۆر کۆمێنتم لەسەر قسەکان نەدەدا لەبەرئەوەی کە نەبا هەستێک بەوە هەبێ کە تێڕوانینی دەرەوە بۆ ناوخۆی کوردستان زۆر بابەتیانە نەبێ وێرای بچوک بونەوەی دونیا لە ئاست پێشكەوتنی تەکنەلۆژیا و ئاسانبونی پەیوەندی و بێ کاریگەربونی ڕەهەندە جوگرافیەکان . بەردەوام هاتوچۆم بۆ کوردستان وای لێکردم کە لە نزیکەوە لە زەمینەی مەیدانی دا نەک تەنیا لە ڕووی تیۆریەوە زۆر شتم لا گەڵاڵە ببێ لە سەر پرۆسەی سیاسی لەو بەشەی کوردستان ، بۆ ئەوەی مەبەستی نوسینەکەشم بپێکم نمویەک دێنمەوە لەسەر گفتوگۆیەکی خۆم و هاوڕێیەکی سەردەمی خوێندنی زانکۆم کە زۆر بە پەرۆشی گٶڕانکاریە لە کوردستان ، کە بێ گومان منیش وا بیر دەکەمەوە و زۆر لە مێژەوە وا بیرم کردۆتەوە و دەرچونیشم لە بازنەی بیرکردنەوەی ئەو سیستەمە بە هەمان ئامانج بووە . گفتوگۆکەمان بە ئاراستەیەک دا چوو کە من زۆر ڕەخنەم لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە ، تیروانینی هەندێ رۆشەنبیر و ئاراستەی ڕووداوەکان گرت ، ئەو زۆر سادە بە منی وت کە داخۆ تۆ داکۆکی لە دەستەڵات دەکەی کە ئەوەندە ڕەخنە دەگری ؟ ئەسڵی مەسەلە لەم پرسیارەدایە . بەڵام دیارە لەو گفتوگۆیەدا من شتێکی ئەوتۆم لە سەر دەستەڵات نەگوت ، لە سەر ئەو پرسیارە سادەیە تەنیا وتم چەند بە ئومێدی ئەوەم داپیرەم لە قەبرەکەی هەستێتەوە ، ئەوەندەش بە ئومێدم کە دەستەلات گۆڕانکاری و چاکسازی بکات کە لە ڕاستی دا تەنیا لە مەیدانی واقیعی دا نا بەڵکو من پرەنسیپیانەش وا بیر دەکەمەوە.
بێمە سەر تێڕوانینی سەرەکیەکەی خۆم ، من قسەم لەسەر دەستەڵات نیە چونکە ئەوەی دەگوزەرێ لە هەندێ ڕاگەیاندن و چاپەمەنی بەسە بۆ ئەوەی کە بزانین دەستەڵات چ وێرانەیەکی لە کەسایەتی مرۆڤی کورد و جوگرافیای کوردستان دا دروست کردووە ، کە لە بازاڕی ئەو سێ شارەی ژێر دەستەڵاتی کورد بڕوانی دەزانی کە لە ڕووی ئابوری چ هەرێمێكی داگیرکراوە . کە لە دۆخی کەرکوک بڕوانی دەزانی ئەوەی لە رۆژەڤی سیاسەتی هەرێمی کوردستان دا نیە بە ئۆپۆزیسیۆنی ناو پەرلەمان و شەقامیشیەوە پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانە ، لەگەڵ ئەوەی کە زۆر قسە دەکەن بەڵام هیچ ناڵێن و هیچ ناکەن . کە لە ئاماری کوشتنی ژنان و خۆکوشتنی ژنان دەڕوانی دەزانی کە یاسای گوایە یەکسانی و دیموکراسی جگە لە درۆیەکی گەورە شتێکی تر نیە ، کە لە لێدوانی بەرپرسانی کورد لە بەغداد دەڕوانی تێدەگەی کە هیچ نوێنەری گەلێک لە مێژوودا ئەوەندە دژی خۆی قسەی نەکردووە ( تاک و تەرایان نەبێ کە ئەویش بە پەنجەی دەستێک دەژمێردرێن ) چی تر ؟ خۆ ئەوەندە زۆرن کاری ئێمە هەر بۆتە ژماردنی ووردەکاریەکانی نەبونی ستراتیژیەکی نەتەوەیی و دیموکراسی بۆ ئەم گەلەی کە خۆی کردە پرد بۆ چونە سەر دەستەڵاتی ئەوانە و هەر ئێستاش ئەو گەلەیە کە مێژووی ستەم بۆی دووپاتە دەبێتەوە ، بۆ ئەوەیە کە من باوەڕم نەکردووە و نایکەم کە دەستەڵات گۆڕانکاری بکات چونکە کارێکتەری دەستەڵات و جەوهەرەکەی نوێ نیە ، داشۆراوە لە نرخی مەعنەوی و ویژدانی و ، تەمەنێکی هەزاران ساڵەی هەیە چ بە فۆرمی دەوڵەت بێ یان دەوڵەتۆکە . من بە پێچەوانەی هەندێ رۆشەنبیر بیر دەکەمەوە کە داخ و کەسەر بۆ ئەوە دەخۆن کە کۆمەڵگەی کورد نەبۆتە دەوڵەت ، من پێم وایە کە گەلی کورد پێدەچێ بەشانسترین گەل بێ کە ئاشنا نیە بە دەوڵەت و کراوە ترە بۆ دیموکراسی ئەگەر خاوەن فەلسەفەیەکی ژیان و ئایدۆلۆژیا بێ ، چونکە دەوڵەت بە دەزگابونێکی داگیرکاری ڕەنجە لە سەرووشیانەوە ڕەنجی ژن و دەوڵەتی ئێستاش هەم ڤەرسیۆنی ئەو دەوڵەتەیە کە ئێمە لە لاپەڕەکانی وانەی مێژوودا بە بێ ئاگاییەوە دەمانخوێند و ئێستاش منداڵانی کورد هەر دەیخوێنن ، ڤەرسیۆنی ئەو دەوڵەتی سۆمەر ، ئەکەد ، بابل و ئور و هتد.. کاتێ هێندە دڵڕەق و بێ ڕەحمانە بێ سڵ کردنەوە یاسای چاو بە چاو  ددان بە ددانی بۆ تۆڵە و سەرکوت و ڕەنجخۆری دەکردە نۆرمی مامەڵە کردنی لەگەڵ کۆمەڵگە و هەرچی لەبەرامبەری رادەوەستێ  . دەوڵەت یان دەوڵەتۆکەی ئێستا بە هەموو فۆرەمەکانیەوە هەمان ناوەرۆکە و بە کراسی جیاوازەوە خۆی نیشانی کۆمەڵگە دەدات . ئەوانەی نوێنەری دەستەڵات دەکەن کەمینەیەکن کۆنترۆڵی هەموو نرخە مادی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگە دەکەن و کۆمەڵگەش وەک مێگەل دەڕوانن.
ئەوەی من ڕەخنەی دەکەم و دەبێ بگۆڕێ زهنیەتی ئەوانەیە کە بانگەشەی گۆڕانکاری و چاکسازی دەکەن و ، ئەوەی من نائامادەی دەبینم ، نەبونی فەلسەفەیەکی ژیانە ، چونکە ئەوەی بە پەرۆشی ئەوە بێ  سنوری دەستەڵات بەرتەسک بکاتەوە و بێکاریگەری بکات  دەبێ خۆی بکاتە هێزی فشار بۆ ئەوەی کە ئەو ئەرکە بە دەستەڵات جێبەجێ بکات کە بانگەشەی بۆ دەکات و بێ گومان ئەلتەرناتیڤی خۆشی ئاوا بکات.
پێدەچێ بگوترێ کێ دەلێ ئەلتەرناتیڤمان نیە ؟ مشتومڕێکی جدی نیە کە داخۆ هەیە یان نا ئەوەی هەیە لە بازنەی دەستەڵات و چەمکی دەستەڵات ، کورسی ، پارە ، دەستڕۆیی نەهاتۆتە دەرەوە تا ئەلتەرناتیڤی جدی بێنێ. شێوەنەکە بۆ حسێن نیە ، بۆ هەریسەکەیە ، منداڵێکی خەڵکی گەڤەر کە کاتێ پاڵێوراوێکی ئاکەپە مەعكەرۆنی بۆ بردن پێی وت لەجێی ماکەرۆنەکەی تۆ قوزەلەقورت دەخۆین. ( ئەو منداڵە دەیویست بڵێ ژەهر دەخۆین بەڵام پرەنیسپیمان هەیە و نایدۆڕێنین ) . لەسەر پێداگری کوردەکانی باکور لەسەر مافەکانیان ، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی مەهەپە بە کوردەکانی دەگوت وا زمانی زگماکی سەربەست بوو بەڵام سکیان تێر دەکات ؟ من ئەم نمونانە دێنمەوە چونکە بونی فەلسەفەیەکی ژیان ، پارادایم و جیهانبینی بۆ ژیان لە نرخە مادییەکان گرنگترن ، کە فەلسەفەی ژیان هەبێ ، دەکرێ بە دەزگابونی ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، رێکخستنی و سیاسیشی لەسەر بونیاد بنرێ بەلام کە فەلسەفەی ژیان نەبوو ، هەر هێز و دەستەڵاتێک دەتوانێ نرخە مادی و مەعنەویەکان بێ کاردانەوە زەوت بکات .
بۆ من ڕەخنە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە دەکەم ؟ (بەڵام پشتگیریشی لێ دەکەم ) لە بەر ئەوەی لە ئامانج و بەرنامەی دا نەبوو مرۆڤی کورد لە ڕووی زهنی و فکریەوە  بونیاد بنێتەوە ، لەبەرئەوەی یەکێک ، گروپێک مەبەستی بێ شۆڕش بکات و ، لانی کەم ئەو دۆخە بە ئاراستەی پرۆسەی دیموکراسی دا بگۆڕێ دەبێ زۆر جدی بێ لەو کارە و کە دەستی پێکرد نەفەسی درێژ بێ . دەبێ تەنیا کاردانەوە و پەرچە کرداری نەبێ لە هەموو شتێکی کە دەستەلات دەیڵێ و دەیکا چونکە بۆ ئەوەی تۆ لەو گۆماوە دەرنەچی چەمکی دەستەڵات هەمیشە خوازیارێتی دژەکەی خۆی بەرهەم بێنێ. ئێمە چ ئومێدێکمان بەو دەستەلات و ئۆپۆزیسۆنە هەبێ کە لە چەند دانیشتنی خۆی دا تاکە ژنێک نابینی و هیچ بەرنامەیەکیشی بۆ چارەسەری پرسە کۆمەلایەتیەکان نیە . کە ژنە پەرلەمانتارێكی پێشوو بۆ ئۆرگانێکی ڕاگەیاندنی دەستەڵات لێدوانی دا کە کاتێ داوایان کردووە ژنان بەشداری گفتوگۆ پێنج قۆڵیەکە بن بەڵام ئەوان هەر وەڵامیشیان نەداونەتەوە ، ئیدی ئەوە چ دیالۆگ و چ مۆدێلێکی دیموکراسیە کە ژنی تیا نەبێ. خۆ دەبوو ئەو ژنانەی کە داوای بەشداری دەکەن لانی کەم هەزاران لایەنگریان ( ئەگەر هەبن ) بهێنایە بەردەم پەرلەمان و گوشاریان بۆ بهێنابان کە بەشداری بکەن.
لە کاتی خۆپیشاندانەکان دا تەنیا وتاری سەر مینبەرەکان رەنگدانەوەی داخوازی نین بە هێندەی ئەوەی کە لە نێو خەڵکەکەدا چ دەگوزەرێ ، چۆن بیر دەکەنەوە ، چی دەلێن ، داخۆ کار دەکرێ بۆ هێنانە کایەی نۆرمی کۆمەڵایەتی و سیاسی نوێ ، چەمکی نوێی بیرکردنەوەی تاک و کۆمەڵگە؟  من گومانم نیە لەوەی کە ویستێک و ئیرادەیەکی بەهێز بۆ گۆرانکاری هەیە بەڵام ئاراستە کردنی ئەو ویستە بە رێچێکی تەندروست دا گرنگە ، بەکامە پێوەر ؟ نە پێوەری رۆژئاوایی و نە پێوەری عەرەبی و نە پێوەری تورکی و نە ئێرانی ؟ دەبێ پێوەری نوێ بخولقێنرێ ، چونکە ئەوەی نەکراوە لە ماوەی ئەو ٢٠ ساڵەدا ئەوەیە ، من چی بکەم لە بینا شوشە ئەوەی لە ناوی دا کار دەکات تا بینەقاقای گەندەڵیە ، من چی بکەم لە شەقامی دوو ساید بۆ زۆربونی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەلام تاکە پاسێکی (شارەداری) نیە خەڵکەکە کەڵکی لێ وەرگرن ، من چی بکەم لەم هەموو ( مۆڵ )ەی کراوەتەوە کە زۆرێک لە خەڵکەکە تەنیا لە جامەکانەوە دەتوانن شتومەکی ناو دوکانەکان ببینن ، من چی بکەم لەو هەموو تیڤیە کە نزیکەی هەمووی ژەهر دەرێژێ بۆ تێکدانی کەسایەتی مرۆڤی کورد و هتد .
ئەوەی نەکراوە چیە ؟ دەکرا لەو ئاپۆرایەی جەماوەر دەیان ئاکادیمیای گەرۆک ، گروپی کاری جدی و ، دەسپێشخەری کارا دروست بکرانایە کە شەو و رۆژ گفتوگۆ بکەن و فکر بەرهەم بێنن ، نەک خۆ و مێژوو دووپات کردنەوە ، ئەو کۆمەڵگەیەی ئێمە پێویستی بە گوێ گرتنە لە یەکتر نەک گوێ گرتن لە دەرەوە.  دەبێ لانی کەم جدیەت بوون لەکار کردن دا هەبێ ، خۆ ئەو خەڵکە فەرمانبەر نیە کە لە سەعاتی دیاری کراودا دەهێنران بۆ خۆپیشاندان ، ئەم کەلتوری فەرمانبەریە ناتوانێ شۆرش دروست بکات . شۆڕش بە زهنیەتی چینی ناوین بەرپا نابێ کە لەمیش دەخوا و لەویش دەخوا ، هەر ئەوەشە کە هێزی بە چەمکی دەستەڵات داوە چونکە دەستەڵات تەنیا چەند کەسێک نیە کە حوکمی سیستەمێک بکەن یان سیستەمێک بەریوەبەرن ، بەڵکو دەستەڵات لە هەموو کونجێک خۆی حەشارداوە و بە فۆرمی جیاواز لە زۆر جێدا بونی هەیە ، دەبێ نەفسی مرۆڤەکان پەروەردە بکرێ تا دەمرین دەبێ پەروەردە ببین ، دەبێ بۆشاییەک نەهێلنەوە کە دەستەڵات دزەی تێدا بکات بۆ رۆحمان ، کە ڕۆحمان ڕادەست بوو جەستەمان نرخێکی ئەوتۆی نیە. ئێمە پێمان وایە کە تەنیا منداڵان دەکرێ بچن پەروەردە ببینن بەڵام کەسایەتی مرۆڤی کورد بۆ بەرەنگاربونەوە و خۆبونیادنانەوە  پێویستی بە بەردەوام خۆپەروەردە کردن هەیە. لەسەر چی پەروەردە سەرەتا لەسەر دەرچوون لەو تێڕانینەی کە دەستەڵات نەیکات نابێ  ، دەستەڵات نەبێ ناچێ بەرێوە ، هەموو شتێک بە دەستەڵات بەستنەوە ، ئیفلیج بونە . دوای ئەوهەموو خۆپیشاندانە و خوێن ڕشتن و قوربانیدانە هەندێ داوا دەکەن کە ئەو هەرێمە سەربەخۆیی خۆی هەبێ و ببینە دەوڵەت ، ئێمە نەبوینە دەولەت ئەو هەموو نەهامەتیەمان هەیە ببینە دەوڵەت دەبێ ئەوەشی ماوەتەوە لە کوردستان لە تاو دەستەلاتی دەوڵەت – نەتەوەی کورد هەڵبێ ، ١٠٠ ساڵە کورد لە دەستی هێزی نێودەوڵەتی و مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوین قڕدەکرێ ، کە لە جیهان ئەو مۆدێلەی چارەسەری بەسەر دەچێ ئەمجارە کوردی بێ چارە و کلاسیک دەست دەداتە ئەو مۆدێلەی کە ئیدی لە بەرەوە دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە . ئەگەر لەم گۆی زەویەدا لەجێیەک دا دەوڵەت نەتەوەیەکی نوێ سنوری بۆ دەکێشرێ و دادەمەزرێ با ( ڕۆشەنبیر و ، لێکۆڵەرەوەکانمان ) بە دوای دا بچن ئەگەر لە بنی دا هێزی سەرمایەی نێودەوڵەتی خۆی حەشار نەدابێ ، ئەوە با لە جێی یەک دەوڵەت نەتەوە هەقمانە ئێمەش لەو جانەوەرە بەشمان هەبێ چونکە ئەگەر ئەوەندە بێ چارە بین لە مۆدێلی چارەسەری دا ئەوە شایانی ئەوەین کە توێژێکی مشەخۆر بکەینە مۆتەکە بەسەرمانەوە . کۆمەڵگەی کورد پێویستی بە دیموکراسیە نەک دەولەت. دیموکراسی و دەوڵەت دوو هێڵن ناگەنە یەک . دیموکراسی دەکرێ ببێتە فشار بۆ سەر دەستەڵات و دەوڵەت بۆ سنوردار کردن و بچوک کردنەوەی بەڵام هەرگیز دەوڵەت و دیموکراسی ئاوێتەی یەک نابن.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.